Telegram Web Link
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
ئەی کچانی ڕەنگ ئاوریشمین
ئاگاتان لەم پاییزەم بێ!
ئەگەر شەوێکی شەختە بەند لەگەڵ تریفەی
تەزیودا، لەگەڵ خەیاڵی تەزیودا..
شیعرێکی دەم گۆنەکردووم
هاتە لاتان..
وەک بای سەر شاخ دەری مەکەن
چون تارمایی نەناسراوی سیلەی کۆڵان
یان تەمێکی دەمامکدار لێی مەترسن!

لەبەر دەرگا با نەوستێ و
بێتە ژوورێ
ئەی کچەکانی ڕەنگ ئاوریشمین
لە وەرزی پاییزی مندا
تەنها باڵا، باڵای کچ و گەڵای کچ و
ڕەنگی کچە.. هەڵناوەرێ!

🎀 @Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#پاییزه_میوان "
#پییا
"لەش با هەردەی بەهاریش بێ ئارایشتی
ئاسمانێکی ئەوێ فەڕ با بە گشتی..!"
گۆران
"بەشی1"

ئەو شەوە، لە دەرێ، شەوێکی سپیی بوو.
شاقوڵییش: بۆ سەرێ، هاڵاوێ
لە سنگی خشت ڕێژی شەقام و
لە زاری پەیکەری شاعیرێ.. هەڵئەسا
هاڵاوێ، هەڵچوونی خەماوی و
هەناوی تەنک و
ڕەنگەکەی شیری بوو.

ئەو شەوە، لە دەرێ، ڕووناکیی سەرمای بوو.
شاعیری سەر سەکۆیش، تەنیای ناو، گۆڕەپان
دەستێکی وا لەبەر پشتێندا و
سەر شەپقە و، ناوشان و تۆزێکی بەر سمێڵ
بەفراوی و.. چاوەڕوان:
وەک ئەوەی چاو لە ڕێی هاتنی
دولبەری خەونی بێ و یان پەری ناو شیعری
شپرزە، بەرە و خوار، تا بەری ئەوبەری
پردەکە ئەیڕوانی..
بەڵام کوا؟! ئەوەتا دوا دانەی گڵۆپی
ژوور سەری داگیرساو..
وا ئێستەیش، بە پەلە، بەر لە خۆی، سێبەری
گەیشتە پردەکە و..
بەڵام کوا؟! بە پردا نە پەری و نە دولبەر
نە خەون و کەس نایە!

ئەو شەوە، لە دەرێ، تەنیایی سەرمای بوو!
بەرامبەر پردەکەیش: دارێکی پیرەمێرد
یەک قاچ و شانی کووڕ
بێ وەی و بە تەنها لە قەراغ جادەکە وەستابوو
کراسی لق و پۆپ دڕاو و کڵاوی کون کون و
چاویشی لە ئێمە و لە ژووری ئاپوورە بڕیبوو!

ئەمبینی، لە دەرێ، ئەمبینی..
"با"یەکی بێ ئیشی شەڕانی
دەم و چاو خۆڵاویی
ناو بە ناو لە ناکاو ئەهات و بە ئەنقەست
شانێکی ڕقاویی لێ ئەدا و
پیرەمێرد لە قژی ڕووتاوەی ئەوەری و
لەسەرلا ڕەتێکی ئەبرد و نەیشئەکەوت
پیرەمێرد، قاچەکەی، بە قوڵیی
بە جەستەی زستان و بە شەوی سپیدا ڕۆچوو بوو.

ئەو شەوە، لە ژوورێ
شەوێکی شەرابیی ئاڵ ئاڵ بوو
ئەو شەوە، لە ژوورێ
ئارەزوویش وەک فۆدگا گەرمای بوو.
لە چوارلاو، بۆ سەر ڕاو، ئەڵقاو ئەڵق
پرتە پرت، قەتارەی، گڵۆپی داگیرساو
بریسکەی ڕەنگاوڕەنگ
جار بە جار وەک بنوون زۆر کز و خامۆش و
لە پڕیش هاتنەوەی شەوقی تیژ
تەماشای ئەشڵەژان!

ئەو شەوەی لە ژوورێ
شەوێکی پشکۆیی ئاڵ ئاڵ بوو
جەستەمان پەنگر و
هۆڵەکە مقەڵی و..
بە سروەی موزیکی ڕۆمانسیش، باوەشێن،
سەرەتای لەسەر خۆی هەڵبوونی شەماڵ بوو

ئەو شەوەی لە ژوورێ
شەوێکی شەرابیی ئاڵ ئاڵ بوو
لە پڕدا
مقەڵی تاوی سەند
مۆسیقای بە کڵپەی ڕەشتاڵەی زنجیەکان
جۆشیخوارد...
مۆسیقار: پایەیەک لە خەڵووز..
لە وەختی ژەنیندا..
دوو چاوی کراوە سێ بەشی سپێنە
دوو گوپی هەڵاوساو تابن گۆێ پڕ لە فوو

"سەکسیفۆن" "ترامپێت":
هەندێ جار بە نزیکەی درێژی وەکوو موو باریک و
چون ئەڵماس تیژەوە..
تیسکەبوون، دەرئەچوون..
هەندێ جار
دەنگەکان تەمەڵ و پان و پۆڕ
یان قەبە و قەڵەو و گڕ ئەبوون
ئەمبینی لە وەختی ژەنیندا
زەنگیانەی ورد وردی ئارەقیان
بە تەختی تەوێڵ و سەرکەپوو،
لاجانگی مۆسیقار دەرئەدا و
باند دوور و لەو سەرە و
سی ئەوان بۆ نیوگوپ هەوای زیاد
ئەگەڕا و کەچی من
لە جێگەی خۆمەوە هەناسەم سوار ئەبوو!
لە ژوورێ ئەوینیش وەک موزیک گەرمای بوو!

یەک مێز و
چوار دەست و
دوو شووشە شەراب و
دوو کاسی مل درێژ لە شێوەی زەڕافە
"مێزەکە پەمەیی و خاڵ خاڵی سپیی تیشک
کەروێشکەی تیا ئەکرد!"

دوو دەستی توکن و
دوو دەستی ناسکۆڵە و
دووای دوو "نۆش"
پێنج پەنجەم، پێنج پەنجەی..
ئەچوونە مابێنی یەکەوە..
هەمان سات
دە پەنجەیش، تا لای چاو
دوو پەرداخ هەڵئەبڕن پێکەوە..!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#خۆم... #ئەو_وەختەی_باڵندەم
ئیستە باوکم لەو گردەدا
لە ژێرەوە
بووە بە خۆڵی شێدار و
ڕەنگە هەر کاسە سەرێ بێ و
لەگەڵ دوو لۆلاقی ڕزیو!
بەڵام باوکم هەتا ئەمڕۆیش
لە سەرەوە
هەموو ڕۆژێ بە بەیانیان
سروودی قوتابخانەیە و
ئێوارانیش
پەرداخی بادەی بەردەمی
گۆیژە و ئەزمڕ!

🎀 @Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
لە کتێبی #تەون "بەشێک لە شیعری #ئەلبووم"
#یەکانە
"بەشی1"

پرسەی زیندووانە و، عومری ژنە دیرۆکێکی نەزۆک!.
ئەوەتا لەم گۆڕستانە بە بژوێن و جوانەدا
تاک تاک و بە کۆمەڵ لەسەر گازی پشت پاڵکەوتووین و
چاومان بڕیوەتە چاوی ئەستێرە بەدبەختەکان.
ئەستێرە خۆڵەمێشییەکانی ئاسمان..
ڕەنگمان، دەنگمان، بوونمان: وەک پۆشاکمان
تۆز و گەردی ھەزار ساڵەی
بەھەشتێکی ڕووخاو و تاڵانکراوی
ئەبەدیی لێ نیشتووە!.

لەم گۆڕستانە بە گوڵزار و جوانەدا
کەس خەون نابینێ!.
کەس لە پێستی بۆگەنکردووی ھەڵناگەڕێتەوە.. کەس.
کەس مێش و مەگەزی سەر برینەکانی خۆی
دەرناکات.. کەس!.
تەنانەت کەسیش وڕێنەیەک چییە
بە ئایندەوە.. ناکات!.
ئایندە نییە. نییە، نی!.
قات و قڕیی خەون و، قات و قڕیی خۆشەویستییە!.

حەسرەتمان.. ئاخ.. حەسرەتمان
لە کوێرێکی زەلیلی دەروەزەکەر ئەچێ
لە نابینایەکی بێ ماڵ،
ئێمە لەگەڵ باپووسکەی «ڕێککەوت»دا
پەیمانێکی تا ھەتاییمان بەستووە!.
چۆن ھات و لە کوێوە؟.. ئێمە لێرەین.. لە ڕۆژھەڵات
یان لە ڕۆژئاواوە.. ئێمە ھەر لێرەین!
دێت و وەک پووش و پەڵاشی دەم گەردەلوولێکی شێت
وەک تووکەسەری ئاوبردوو
وەک لاپەڕەی ڕۆژنامەیەکی دڕاو
وەک تاکە گۆرەوییەکی کۆن
وەک دووکەڵی جگەرە
ئەمانفڕێنێ و ئەمانبات و تێکەڵ بە بزربوونمان ئەکات.

ئای لەم گەمە شێتانەیە
ئێمە خۆمان بە لقی شکاوی مێژوویەکەوە ھەڵواسیوە
ئەوەتا لەرەلەرمانە و ھەر ساتە ناساتێکیش
لقەکە قرچەیەکی لێوە دێ!.

وای لەم سەمای ئێسقانە قرچۆکانە
وای لەم ژیلەمۆ سارد و
وای لەم بەستەڵەکە گەرمانە!.
من سەرلەبەری ئازارەکانی خۆم پشکنی.
من سەرلەبەری شانازییەکانی خۆم ھەڵدایەوە.
من تەواوی مردنەکانی خۆم ژمارد.

بەڵام لە ھیچیاندا خۆمم نەدۆزییەوە
لە ھیچیاندا سێبەر و ھەتاوێکی ڕاستەقینەم نەبوو
قەت... قەت.. قەت
نە سەرەڕمی شەڕی خۆم بووم و
نە دەنووکی کۆتری خۆم.
نە ئەسپ بووم و
نە حیلە بووم و
نە قریوە قریوی سوار
من پاشبەندێکی بێ سەر بووم، پاشبەندێکی گرمۆڵەی
بەر نووکەشەقی قەشەکانی ڕۆژئاوا و مەلاکانی ڕۆژھەڵات.

🎀 @Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#مێرگی_زام_مێرگی_هەتاو
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
بەیانیت باش!
من نام دیوارە
کەوتوومە سەر شەقامێکی گشتی
بە درێژایی بێزاری درێژم و
بە بەرزی تووڕە بوونیش بەرز!

هەرچی دروشمەکانە
بە مندا هەڵئەواسرێن
هەرچی پۆستەرەکانە لە من ئەدرێن.
لە سەد دروشم یەکێکی تیا نییە
شتێکم فێر بکات!
لە سەد پۆستەر یەکێکی تیا نییە
دڵم خۆش کات!

هەر دوێنێ بوو
لە "سەر"مەوە تا کەڵەموستی پێم
دروشمێکیان پیا هەڵواسیم
کە خوێندمەوە
شەرم تەرێقی کردمەوە
من دیواری وڵاتێ بم
درۆی کەتە و گەورەی وەهای
پیا هەڵواسرێ!

🎀 @Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#ئێستا_کچێک_نیشتمانمە
Şêrko_bêkes
#یەکانە "بەشی1" پرسەی زیندووانە و، عومری ژنە دیرۆکێکی نەزۆک!. ئەوەتا لەم گۆڕستانە بە بژوێن و جوانەدا تاک تاک و بە کۆمەڵ لەسەر گازی پشت پاڵکەوتووین و چاومان بڕیوەتە چاوی ئەستێرە بەدبەختەکان. ئەستێرە خۆڵەمێشییەکانی ئاسمان.. ڕەنگمان، دەنگمان، بوونمان: وەک پۆشاکمان…
#یەکانە
"بەشی2"کۆتایی

من ئەو دەوەنەم
ئەو دەوەنە گرگنە خۆھەڵکێشەی
کە نەبووم بە دار و
نەبووم بە دار و، نەبووم بە دار!.
بڕواننە ئەم پێستە کەوڵکراوەم، ئاڵای شەق و پەق بووی
شانازی و سەروەریم
چارۆگەی شیتاڵشیتاڵی بەلەمە سەرگەردانەکەم
ئەو گەمیەیەی کە وەکوو ئەستێرەیەکی خوێن لەبەر چۆڕاوی
مەرگ. گەیشتە سەدان بەندەری تەماویی بە ترس
داپۆشراوی، دوای شەڕوشۆڕی بێئامانی پادشاھان و
سوڵتانان و دوای بە ھەپروون بوونی خۆم. ئەو بەلەمەی
گەیشتە چین و ماچین و گەیشتە دوا لێواری بە مردن
ڕازاوەی سەرزەمین.

ئەو گەمیەیەی بارکرا لە کەلـلەسەر و بارکرا
لە خۆڵەمێشی لەشی عاشقان و بارکرا لە ئێسک و پروسکی
سترانەکان و بارکرا لە زێڕ و لە گۆی مەمکی کچان و
لە ئەڵماس و لە گەوھەر و بردمەوە بۆ ئاستانەکان،
بۆ تاران و بۆ بابی عالی و.. ئەو بەلەمەی
مێژووی چڕوپڕی شەپۆلە ڕووزەردە بە ھەڵپەکانم
ئەگێڕێتەوە. ناو و ناوبانگی گەورە و بریقەداری سەرکەوتنم
بەسەر ژن و منداڵ و پیرەمێرددا پێئەبەخشێ!.

ئاوڕ بدەنەوە ئاوڕ لە جوامێریم
من شمشێری ھەڵکێشراوی ڕیزی پێشی پێشەوەی
بەھەشتییەکان بووم. لە ژێر ئاسمانی مسینی
ھەزاران شارو شارۆچکەدا، وەک یەکانە دڕەکان
جەنگیم. من دەستێکم لەسەر شوورەی چین و
قاچێکم لەسەر پاردەکانی ئیسپانیا جێمان.
لەویانەوە: چەندین مشت، پڕ بە سکم، پڕ بە
گیرفانە گەورە و پان و پۆڕەکانی شەڕواڵەکەم:
دوڕ و یاقووت و گەوھەرم بردەوە بۆ خەلیفەی ئاخر زەمان.
لەمیشیانەوە: پڕ بە ئاوەڵکراسی ژنەکەم:
بۆنخۆشترین شووشە عەتر و، مرواری و مەرجان و
زومردیش بۆ خەلیفەژن!.

من ھەمیشە کۆیلەی تاجە خوێناوییە
پرشنگدارەکانی دراوسێ ئازیزەکانم بووم.
لایەنگری چەقۆی سەرگەردنی شاخە ڕووتەڵەکانم..
من ھەمیشە
درێژترین باوێشک بووم لە زاری ئەم سەر زەمینەدا!.
ئاخ! من تەنیایەکی بە نەعلەتکراوم لە ژێر
ئەم قوببە سامناکەدا و لەبەر ھەتاوی سووری
سزای ئەبەدییم، بەردەوام و بەردەوام بە زمانی
چون پەڵاسم زامەکانی خۆم ئەلێسمەوە.
من کوت و مت لە قەلەباچکەیەکی ڕەشی شەل ئەچم.
قەلەباچکەیەکی بەسزمان و تەمەڵ. ھێزی قیڕاندنم
تێدا نەماوە. ھەموو جار ملم ئەکەم بە ژێر
باڵە ڕووتاوەکانمەوە و بۆ سەدەیەک و دووان و
سیان ئەنووم. من تەلیسمی بێھودەیی،
جادووی بێ ھۆش و گۆشیی، ڕێ نوماییم ئەکەن!.

من ئاوەزم
لەسەر مەشقکردنێکی سەختی
بیرنەکردنەوەی درێژخایەن ڕاھێناوە.
بە سەبری تەوەزەللی.
بە چاوەڕوانیی بێکۆتایی.
بە پێشوازیی کوتوپڕی مردنی ھەمەچەشن
ھەمەڕەنگ.. ڕاھاتووم.

خوویەکی نەگۆڕم بە دروونی کفن و،
داتاشینی تاتەشۆر و، ھەڵکەندنی
گۆڕی خۆمەوە گرتووە!.
خوویەکی نەگۆڕم بە لەسەر پشت پاڵکەوتن و
ئەبڵەق بوون و تێڕامانی ھیچەوە گرتووە.
من ئەتوانم ئەو چاوەی دامخست
سەدەیەک ھەڵینەبڕم!.
ئەو قوڕوقەپەی کردم تا دوو سەدەیش
دەم نەکەمەوە..ئاخ
من تاکە کەسم گوێم لە پرخە پرخی تاسەنەی
خۆمە و خەبەریشم نابێتەوە!

من ئەم ھەموو داب و نەریتە پیرۆزانەیشم
لە باپیرە ھەرە گەورەکانمەوە بۆ ماوەتەوە
لە و باو و باپیرە سمێڵ بابڕ و کەلـلەشەکەکانەوە
کەلـلە بەرانانەوە،..
کە جگەرەی دەم باسقەنە درێژەکانیان
بە ئاگری ماڵە سووتاوەکانیان دائەگیرساند و
ھەرگیزاو ھەرگیزیش
چاویان نەئەکزایەوە!
من بێباکێکی مەزنم!.

1993/07
ھەولێر
🎀 @Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#مێرگی_زام_مێرگی_هەتاو
ژیان، دوو چاوی ئەڵوەندی #ڕۆزانایە.
یاخود سروەی سەر دوو باسکی
دەستە نەرم و نۆڵەکانی لە یەکەمیاندا
تۆ گەمیەی سەرخۆشیت و
لە دووهەمیاندا تۆ ئەبی بە ژێی تاری
نێوان سیحری پەنجەکانی!

شێرکۆ بێکەس

کاناڵی #ڕۆزانا

دەلاقەیەک بۆ چاوەڕوانییە جوانەکان
ڕۆچنەیەک بۆ خۆشەویستی و ئەوین


❣️ @rozana_kurdistan ❣️❣️

☝️☝️☝️☝️
@Sherko_bekas.mp3
15.5 MB
#بەسەر_لووتکەی_جەستەوە
بەشی "۱۱"

گەیشووینەتە دەربەندێ
وژە وەژێ لە دەروونی
بەردەوە دێ!
وژە وژێ... ژمانێکە یەکەمجارە
شیعرێکی شاریی بیبیسێ.
گەیشتووینەتە دەربەندێ
ئەوەتەی هەیە ئازادی
خواوەندێتی و
ئاگرێکی جاویدانی
لە دوندی هەرە سەرکەشیا هەر ئەسووتێ!

🎀 @Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس

#ئەسپێک_لە_پەڕەی_گوڵاڵە "
بە دەنگی "شێرکۆ بێکەس"
#کلێتە

هەندێ قوتکە
بەفر زووتر کلێتەیان بۆ ئەچنێ.
ئەو کلێتەیەی دوێنێ شەو کڕدیە سەری
ئەو قوتکەیەی بەرامبەرم
بەڕرەبەیان
ڕەشەبا هات هەڵیوەشاندەوە و داو...داو
لە قاچی شاخەوەی ئاڵان!

(1988)
🎀 @Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_bekas
#شێرکۆ_بێکەس
#ئاوێنە_بچکۆلەکان
دوێنێ شەوێ
دە جار گڵۆپی سەرمێزم
چاوی داخست، دە جاری تر
هەڵیبڕی.
دە جار خەونی پچڕپچڕ
دە جار تیشکی قرتاو قرتاو
بۆیە دواجار
کە تەماشای شیعرەکەم کرد
دە دێڕ کوێر و نابینا بوون
دە دێڕ بووبوون
بە شەمشەمەکوێرەی ژوورم
منیش ئیتر لە داخاندا
شیعرەکەیشم وەک خەیاڵم
کوژاندەوە و
ئینجا نووستم!

🎀 @Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
لە کتێبی #تەون "بەشێک لە شیعری #ئەلبووم"
Şêrko_bêkes
#پییا "لەش با هەردەی بەهاریش بێ ئارایشتی ئاسمانێکی ئەوێ فەڕ با بە گشتی..!" گۆران "بەشی1" ئەو شەوە، لە دەرێ، شەوێکی سپیی بوو. شاقوڵییش: بۆ سەرێ، هاڵاوێ لە سنگی خشت ڕێژی شەقام و لە زاری پەیکەری شاعیرێ.. هەڵئەسا هاڵاوێ، هەڵچوونی خەماوی و هەناوی تەنک و ڕەنگەکەی…
#پییا
"بەشی2"

ئەو ناوی "پییا"یە
باڵندە ژنێکی پەڕ زەردی سویدە و
هێلانەی سپیشی ڕۆژنامەی ڕۆژانە و
بەرایی فڕینی ئاسمانی سەر هەموو دنیایە..
ژنێکە، یان بڵێم، ئاوێکە بێ شڵپە و بێ خوڕە و
سووک ئەدوێ وەک شنە و
کەم ئەدوێ چون نمە و
کە ئەیشدوێ لە بنی ئەم ئاوە ڕوونەدا:
لە مانای داگیرسا و پەڕەکەی ماسییەک
ئەبینی سەرسامکەر خوێن شیرین لە دڵا.

یان گەرای وردیلە بن بەردی
قوڵایی ئەبینی، ئەو دەمەی کە شانەی
پاشەڕۆژ دائەنێن لە عەقڵا
یان گزنگ ئەبینی ئەو ساتەی ئەنووسێ.
یان خەندە ئەو کاتەی وەک گوڵێک
لە ئاودا ئەبزوێ و لەرەی دێ!

خوێندنەوە، سەفەری هەمیشەی "پییا"یە
خوێندنەوە، نوقمبوون، لە ئاوی کتێبدا
"پییا"یە...
بە پێ بێ و
بە وشەی ئوتومبیل
بە ڕستەی قیتار بێ و
بە گەمیەی کەوانە و
بە سواری فڕۆکەی ناونیشان...
ئەو ئەڕوا و ناوەستێ..

"خوێندنەوەی زامی ڕەش
لە قاڕەی ئازادا.
شەوێکیان ئەو لەگەڵ
شیعرێکی پێست ڕەشا
دەستیانکرد بە سەما
زەرد و ڕەش تێکەڵ بوون
لە ڕەنگی موتوربەی ئەو دانە
ڕەنگێک زا
وەکوو خۆر بێ سنوور
گشت جیهان ئەگەڕا!"

خوێندنەوەی برسێتی
لە گوڵی گەنم و جۆی کوژراودا
"ئەو ڕۆژە "پییا"م دی
دوو مەمکی ژنێکی سوماڵی
لەگەڵ خۆی ئەگێڕا
مەمکێکیان دەغیلە و
ئەوی تر کۆترێکی مردوو بوو
بە یەکەم یەک بە یەک
لە دەرگای بەفرینی پایتەختی خۆی ئەدا و
بە دووەم... باڵندەی
جیهانی ئەوروژان".

ئەو شەوەی، پییا بوو، بە مۆمم
من هێشتا قەسیدەی تاریک و نووتەکی
باخچەکەی دایکم و دوو چاوی کوژاوەی
"مەولەوی"م لەگەڵ بوو!
ئەو شەوەی، پییا بوو، بە ئاوم
من هێشتا تینویەتی دوا ساتی هەناسەی
کڕووزەی سەمەلی گەنم و جۆم لەگەڵ بوو..

ئەو شەوەی پییا بوو بە بۆنی ئالودەی غەریبیم
من هێشتا هەر بۆنی، دووکەڵی، کەزیەکەی "مەنیچ" و
من هێشتا هەر بۆنی مسکەکەی ئاسکێکی کوژراوی شێروانە و
من هێشتا هەر بۆنی خەنەکەی دەست و پێی
بووکێکی یەک شەوەی "گوڵان"م پێوە بوو..

ئەو ڕۆژە پییا هات
لە مشکیی کەزیەکەی مەنیج و
لە مسکی مامز و
لە خەنە و دووکەڵ و خۆڵەمێش
مۆمێکی درووستکرد کەڵەگەت
هەڵیگرت بردیە ناو کاولاشی یادمەوە و
لەوێدا هەڵیکرد..!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#خۆم... #ئەو_وەختەی_باڵندەم
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
#دیسانەوە_باوکم

مردن ئێجگار
بەو شێوەیە ترسناک و خەتەر نییە
وەکوو خەڵکی باسی ئەکەن!
من بە باوکمدا ئەزانم
شەست ساڵ لە لای مردنە
و دوێنێ کە هاتەوە ماڵێ
گۆڕانی وا نەگۆڕابوو
کە ئێمە نەیناسینەوە!
ڕاستە مردن ... دەم‌وچاوی هەندێ شیعری تا ڕادەیەک پیر کردبوو!
ڕاستە مردن ... هەندێ چرچ و لۆچی تازەی خستبووە نێو قسەیەوە!
کەمێک ڕەنگی هیواکانی زەرد کردبوو!
بەڵام هەرگیز نەوەریبوون!
لەبیر ساڵ نەچووبوونەوە!
باوکم دوێنێ وەختێ گەڕایەوە ماڵێ
قەڵەم و کاغەز و گوڵ و دڵی منداڵ و باڵندە
هەموویان چوون بە پیریەوە
ئاخر ئەگەر، وەکوو ئەڵێن
مردن ئەوەندە دڕندە و خەتەر بوایە
ئەوی ئەخوارد و نەئەماو
لەبیری شیعریش ئەچۆوە!
بەڵام ئایا ئەم مردنە بۆ هەموو کەسێ هەر وایە؟!
یان بە تەنها بۆ ئەوانەی کە هەرگیز لێی نەترساون
و وەکوو باوکم
سەریان داوە بە ئازادیی
و دڵیان کردووە بە چرا
و چرایشیان داوەتە دەستی خۆشەویستی ئەم دنیایە!

🎀 @Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#تەون
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
#میوانداری

میوانداری بارانم کرد
بۆ ژوورەکەم
وەختێ کە ڕۆی
گوڵێکی بۆ بەجێ هێشتم.
میوانداری هەتاوم کرد
بۆ ژوورەکەم
وەختێ کە ڕۆی
ئاوێنەیەکی بچکۆلەی بۆ جێ هێشتم.
میوانداری درەختم کرد
بۆ ژوورەکەم
کاتێ کە ڕۆی
شانەیەکی بۆ جێ هێشتم.

بەڵام وەختێ ئەی کچی جوان!
تۆ بوویتە میوانی ژوورم
کاتێ ڕۆیشتی
لەگەڵ خۆتدا
گوڵ و ئاوێنە و شانەت برد.
بەڵام دوای خۆت
شیعرێکی ئێجگار نازدارت
بۆ جێ هێشتم.

🎀 @Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#ئاوێنە_بچکۆلەکان
ئەم شیعرە لە زۆربەی کاناڵەکان و پەیجەکانی ئینستاگرام بە ناو مامۆستا #شێرکۆ_بێکەس بڵاو ئەبێتەو

بەڵام شیعری مامۆستا #ئەمین_گەردیگلانییه
Şêrko_bêkes
#پییا "بەشی2" ئەو ناوی "پییا"یە باڵندە ژنێکی پەڕ زەردی سویدە و هێلانەی سپیشی ڕۆژنامەی ڕۆژانە و بەرایی فڕینی ئاسمانی سەر هەموو دنیایە.. ژنێکە، یان بڵێم، ئاوێکە بێ شڵپە و بێ خوڕە و سووک ئەدوێ وەک شنە و کەم ئەدوێ چون نمە و کە ئەیشدوێ لە بنی ئەم ئاوە ڕوونەدا:…
#پییا
"بەشی3"کۆتایی

ئەو ئەیوت:
لە هەر جێ و هەر ئاسۆ و هەر گەلێ
تا هەوای ژەهراویی بۆسەی خۆی
بۆ ڕەنگ و بۆ تیشک و بۆ فڕین دابنێ
قەڵەم مەلێکە و
نەفەسی تەنگ ئەبێ و
ڕۆژنامەم باخێکە و
هەناسەی ئەگیرێ!

"بڕوانە ئەو هەموو
خەزانی مرۆڤ و خەزانی باڵدار و
وەرینی ئەو هەموو چاوانە
بڕوانە پێدەشتی ئەو هەموو
ئەستێرە مردووانە!"

ئەو ئەیوت:
ئاوێنە و نیشتمان لە کۆڵمان
شێوەی عەشق لە کوێ بێ ئاوێنەم لەوێیە!
ڕووبەری یەک وڵات...
بۆ سەمای، گەردونیم، زۆر تەنگە
من جیهان جەستەمە و
پێناسەم تەیرێکە هەڵ ئەفڕێ و
هەر ڕۆژەی ئەچێتە سەر لقی وڵاتێ و
ڕەگەزم شەبەنگی سەد ڕەنگە.

هەفتەیەک من بەفری سویدم و
هەفتەیەک درەختی کوبیم و
هەفتەیەک من خەڵکی ڕواندام و
هەفتەیەک گۆرانیی هیندیم و
هەفتەیەک کەوێکی کوردستان!

پییا بوو
ژنێک و دوو باڵا
"باڵایەک بۆ گەرمیی ئەو لەشەی
لە زوقم و شەختەدا ئارەزووی جووتبوونی
گڕ ئەدا و
باڵایەک بۆ جوانیی ئەو هزرەی
بەرەو ژوور، بە پەیژەی ئەستێرە و پرشنگا،
هەڵئەکشا!"

ژنێک و دوو دڵیش
دڵێکیان هەر بۆ خۆم لێی ئەدا و
دڵێکیان بۆ زەریا.
ژنێک و سەد سەما:
سەمایەک بە ڕووتی بۆ عەشقم و سەمای تر:
بۆ خەمی باڵندە و بۆ ژانی درەخت و بۆ کۆستی
ئاوێک و بۆ نووزەی نانێک و بۆ جەژنی پەپوولە و
چۆلەکە و بۆ جەژنی منداڵ و کەروێشک و بۆ شانۆی
پێست ڕەش و بۆ یادی دوو ئاسکی دڵدار و بۆ
دەغڵی بەر باران..!
سەمای تر... بۆ کۆتری بێوەژن
بۆ کانیی و بۆ کچ و بۆ گوڵی بۆن خۆش و هوزاران
بەردەوام سەمای تر بەردەوام!

"پییا" بوو، مۆمە ژن!
ئەو بە ڕۆژ ستوونی ڕۆژنامە بەژنی بوو
شەوانیش ئەگەڕاو
لە هەر شوێن تاریکیی بدیایە
ئەو لەوێ ئەسووتا و
ئەسووتا و
ئەسووتا..!

سلێمانی /ئەیلولی 2001

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#خۆم... #ئەو_وەختەی_باڵندەم
لە کافتریای "کۆستە"دا
"وەختێ بۆنی ژن و قاوە
تێکەڵ ئەبن
ئیتر تۆیش ئەبی به کوپێ و
ئەو مێزانە جێناهێڵی"
ڕاوەستابووم، کە "ئەو" هەستا
من لە جێگەکەی دانیشتم
سەرنجمدا، لەسەر مێزەکەی بەردەمی
چاوی سەوزی
شیعرێکی سەوزی بیرچووبوو.
"شیعر هێندەی گەڵای ئورز و
دەنگی سەوزەڵەی فەیروز و
ڕۆحی "جوبران" گەش و جوان بوو"
ئیتر بێ ئەوەی گوێ بەمە
قسەی خەڵکی و شەرم و دزیی
یەکسەر شیعرەکەم نووسیەوە و
بە ناوی دووانەی خۆمەوە
"شێرکۆ بێکەس"
بە درەختێکی بەردەمی کافیەکەدا
ناردم بۆ ڕۆژنامەی "بیرۆت"!

🎀 @Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
لە کتێبی #تەون "بەشێک لە شیعری #ئەلبووم"
تۆ یەکەم قوربانی بەسزمانی هەموو
جەژنە پیرۆزەکانی نێر بوویت.
تۆ یەکەم جۆگەلە خوێنی لەبەر
ڕۆیشتووی ڕاستی بوویت.
تۆ یەکەم قیژەی جیهان بوویت و
یەکەم ڕەشپۆشی ژیانی خۆیشت!

لە دوای غوربەتی تۆوە سروشت جوانتر
لە غوربەتی خۆی گەیشت و
خودایش جوانتر لە نهێنیی ئازارەکان.
هەر تۆیش یەکەم پەڵەت بە ئەشکەنجە دا و
هەر تۆیش یەکەمین تەتەری ئەو نامانە بوویت،
کە تەنیایی ئەیناردن بۆ مەرگ و عەدەم!

تا چاوی تیژی هەڵقرچان بڕ ئەکا
تۆ هەر گۆشت و
ئێسقانەکەی جەستەی خۆت و
ئەوانیش داری حەدد و قامچی و
"کوڵەوژی" جەهەننەم بوون.

هەتا دەنگی خوێن بڕ ئەکا
تۆ هەر بێ‌دەنگییەکی کوژراو و
هەر خەڵتانی شەوەزەنگ بووی.
نە جارێک بووی بە پەیامبەر و
نە ڕۆژێک بووی بە بڵندگۆی ئاسمان و
نە بۆ سەعاتێک بووی بە کورسی شەرع و
نە بۆ دەقیقەیەکیش بووی
بە سوورەتی دەسەڵات و
نە بۆ چرکەیەکیش بووی بە نووسەری
فەرمان و قانون!

ئاخر تۆ ژن بوویت ژن!
"عەقڵێکی نوقسان"!!
"سێیەکی ژیان"!!
ئاخر تۆ ژن بوویت ژن.. بۆیە!

شێرکۆ بێکەس
#تۆ_ئەتوانی_بە_قومێ_ماچ
#بمخەیتەوە_هەڵقوڵین

@Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_beks
25ی نۆڤامبر
ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان
مامۆستا شێرکۆ بێکەس.mp3
13.4 MB
#ئەشکەوتە_پیرۆزەکە

کە ئەشکەوتەکەی "سەردێمان"
بوو بە "شانە"م
من تەمەنم
بیست و پێنج هەنگ و بیست و پێنج
گیزەگیزی هەرزەکاریی و
بیست و پێنج گوڵی دارچوالەی
دەوروبەری "گەڵاڵە" بوو!
من ئەوساکە
زەڕنەقووتەی
ناو دارستانی زمان بووم
تا سەرئەکەوتمە سەرشانی شیعرێ و
تا ئەچوومە ئەستێرکێکی پەخشانەوە
سەد جار ئەکەوتمە خوارەوە و
لە بیریشمە
چەند جار خەریکبوو بخنکێم!

🎀 @Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#تەون
بە دەنگی مامۆستا شێرکۆ بێکەس
Forwarded from اتچ بات
#دەربەندی_پەپوولە
ــــــــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی "۲٦"
🎀 @Sherko_bekas

بێ کەسیم ڕووت نییە
تا ئەمرێ پۆشاکی ڕەشتانی بەش ئەکات.
تینوێتیم بێ کانی و ئاو نییە
تا ئەمرێ سیروانی چاوتانی بەش ئەکات.
تەنیاییم بێ دەنگ و کپ نییە
تا ئەمرێ ھاواری ماڵتانی بەش ئەکات.
دۆزەخم بێ کزەی با نییە
تا ئەمرێ ھەناسەی ساردتانی بەش ئەکات.

نیشتمان! من ناوت لێ ئەنێم گڵمتکێ
ئەوەندەی لە مشتی شیعرێکما تۆ جێگەت بێتەوە
وا خۆیشم ناو ئەنێم قومێ ئاو
ئەوەندەی لە پێڵووی بەردێکتا
من جێگەم بێتەوە.
لە پێشدا ئەتھێنم ئەتخەمە ناو دەستی سۆزێکم
ھەتاکوو وەک خەونم ورد ئەبی
دواتریش لە چاڵی چاوانما –ھەمووت نا-
تۆزێکت ڕۆئەکەم.
لەسەرت ئەوەستم
ھەتاکوو لەڕەنی گوێ خوێنما
شین ئەبی.

ئەوەستم تۆزێکیش بە سەرتا ئەبارێم یان ئەگریم
ھەتاکوو ھەڵئەچێ باڵای سەوز
درێژە.. درێژە.. ئەم وەرزی غوربەتە و غەریبیم
ئەوەستم، ئەوەستم، ئەوەستم
ھەتاکو ئەبیتە سنەوبەر.
گیانەکەم سنەوبەر!

تۆ ئیستە ھی خۆمی
من بۆیە ئەمەم کرد
گەر لێرە من مردم
بۆم ببی بە تابووت!
-تەماشات ھەر ئەڵێی چۆلەکەی
ترساو و سەرسامی ناو چنگی منداڵی لاسارە.
ھەورێکیت کەڕولاڵ دێی.. ئەچی
دڵۆپە بارانی زۆر قسەی ناو ناخت
دیلن و گیر خواردوو؛ ناتوانن داڕژێن.. دابکەن

تۆ ئیستا کە ئەدوێی
بە تەنھا پەیکەری شەقام و باخچەکان تێت ئەگەن.
ھەمیشە تۆ بۆ خۆت دووکەسی، دووبەشی
یەکێکیان ئەوەیە کە لێرە
دوو قاچە و ڕائەکا و
شوێن سەری ونبووی خۆی کەوتووە.
ئەویتر لەو دوورە ژەرەژی ڕۆحێکە و
باڵی خۆی بە پرچی دایکتەوە بەستووە.

ھەموو ڕۆژ.. ھەموو ڕۆژ.. ھەموو ڕۆژ
تەمومژ خەیاڵتە و
ئاسمانت ھەر وەکوو کراسی ئاودامان ئەیپۆشێت.
ھەنگاوت پڕگاڵی جەستەتە و بست بە بست
خەم بە خەم، زام بە زام
خەریتەی وێڵ بوونت ئەپێوێت.
سستەکە زەمینی ژێر قاچی ھۆنراوەت
قیژەیان ڕۆئەچێ.

دەستی تۆ کلیلی ون بووە
دەرگاکان سەرابن، ھەر ئەڕۆیت
ماشێن و واگۆن و فڕۆکە
ژواری تەنیاییت سوار ئەکەن
بەستەکی ئەشکەنجەت بار ئەکەن، ھەر ئەڕۆیت
ئەم خەون و ھیوایە سێبەری درێژی پێش خۆتن.
سوار ئەبی
پەنجەرە ئەبێتە
ئاوێنەی ھەڵماویی چارەنووس
بە پەنجە «کوردستان» لەسەر ئەو ئەنووسیت.

پسۆکە دەزووی چاو
لەوێوە تەماشای کۆلارەی
ژیانی پچڕاوی خۆت ئەکەیت
تۆ ئیستا چکچکەی دەراڵی زەمانی و
لەشەوی غوربەتا دائەدەیت
بەرەو کوێ ئەڕۆیت و بەرەو کوێ ڕائەکەیت؟
ھەموو شەو.. ھەموو شەو.. ھەموو شەو
ڕابوردوو: مۆمێکە پرتەپرت وەک نیگات
لەگەڵ خۆت ئەیگێڕی.
ڕابوردوو: بەرکاوی خەونێکە زەرد و سوور
بە پێڵوو ئەیکێڵێ و ئەیکێڵیت
ڕابوردوو: بای وەشتە و لەڕۆحتا ھەڵئەکات

بارانی منداڵی و ڕێژنەی دڵداری و
پژپژەی گۆرانی و
نم نمەی جریوەی چاوانی گۆیژەیە و
سەرتاپای خەمانت تەڕ ئەکات.
ھەموو شەو شارەکەت سەرێکت لێ ئەدا
بە گوڵی ژاڵەوە شەلەشەل
خۆی ئەکا بە ژوورتا و ئەوەستێ
گوڵێکی سەر سنگیت ئەداتێ و
تۆیش تاڵێ وەنەوشەی ئەوینی نامۆییی ئەدەیتێ.

ھەر شەوەی بەردێکی کۆڵانی دێتە لات.
ھەر جارە و درەختی ماڵێکی باوەشت پیا ئەکات.
ھەر شەوەی باخەڵت پڕ ئەبێ لە بۆنی گەڕەکێ.
ئەڕۆیت و بازنەی سێبەری خەیاڵت
نانێکی سەرساجی دایکتی لەسەرە
ئەڕۆیت و باوێزەی ھەناسەت
کەروێشکەی دەغڵێکی بناری وڵاتی لەگەڵە.

خۆڵی دوای بۆردومان، سیماتە و ڕەنگ و ڕووت
بۆ کوێ چووی تیزماڵکی دووکەڵی گوندێکت لەگەڵە
گلێنەت ئەزمڕە و ئەڕوانیت.
دەربەندی سەگرمە و بازیان گوێچکەتن، گوێ ئەگری
تۆ تەنھا بە بەژنی ئازاری سیروانت
قوڵایی ڕووبار و دەریاچە و
تا زەریای جیھانیش ئەپێوێت!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس

بە دەنگی پڕ سۆزی ئیمپراتۆری شیعری جیهان
"شێرکۆ بێکەس"
پزیشکێک مرد
دەرمان گریا!
دەرمانیان ڕشت
ئازار گریا!
ئازاریان کوشت
دادیش گریا!
دادیان خنکان
ئەمجارەیان
خودا گریا و
ئەوەی کە قاقایش پێکەنی
"زۆرداریی" بوو!

🎀 @Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
لە کتێبی #تەون "بەشێک لە شیعری #ئەلبووم"
2024/09/23 11:29:07
Back to Top
HTML Embed Code: