Telegram Web Link
#ئاماژه

لە واگۆنی نامۆیی دا
سێ قەڵەم بووین
پێک گەیشتین
لە دوای ئەوەی، وشەکانمان
باوەشیان کرد بە یەکتردا و
زامەکانمان یەکیان ماچ کرد
یەک کابینەیش بوو بە قەڵەم دانی ئێمە و
تیا دانیشتین
٭شیلی.
٭فەلەستین.
٭کوردستان.
لەناو سەنگەری هەواڵ و ناڵەوگرمەی دەنگ و باسدا
هاتینە سەر سێ ڕیانی
ژمارەی قۆچی قوربانیی
شیلی لەسەر
پشتی بلیتەکەی نووسی:
هەزاران هەزار قوربانیی
فەلەستینیش لیستەی ئامارێکی پێ بوو
لەو ژمارەیەی تێپەڕان.
من ژمارەم بۆ نەنووسین
لیستەیشم بۆ دەرنەهێنان!
لە پەنجەرەی واگۆنەوە
بە ئاماژەی پەنجەکانم
لق و پۆپ و گەڵاوچڵی
بێشەیەکم پێ نیشاندان

تشرینی یەکەم 1987

🎀 @Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_bekas

شێرکۆ بێکەس
#ئاوێنە_بچکۆلەکان
Şêrko_bêkes
#ئاوابوون_و_بوومەلەرزە "بەشی4" دەست ئەخەینە ناو دەستی ژان و خولیای یەکترەوە. مەگەر بە ھەندێ نیشانەی ساڵدا لە یەکتر جوێ بکرێینەوە ئەگینا ھەر: یەک سەرمان ھەیە و یەک چاومان ھەیە و یەک پەرسگایش. شەوانە لە باڵکۆنی ھەورە بەرزەکەی خۆمدا پێکەوە ئەیکەین بە شاییی…
#ئاوابوون_و_بوومەلەرزە
"بەشی5"

دیسانەوە ئاوابوونە
ئەی«ناھید»ی ئەو دیو پەنجەرەی غوربەت و ساماڵی ڕۆح!
ئاوابوونە.. دیسانەوە خۆرنشینی
سەری من و.. دابڕان و جوێ بوونەوەی
نێوان جەستە و گیانی منە.

پێک گەیشتنەوەی مەرگ و دووکەڵ و زریکە و خۆڵەمێشی
ناو ئەنفالی یەکەمین و دەیەمین و سەدەمینە..
پێک گەیشتنەوەی خاچەکانە.
پێک گەیشتنەوەی ماچ و مووچی زامەکانە.
پێک گەیشتنەوەی دووڕییانی ھەموو ھەموو مەزدەکانە.
تێک ئاڵانی پرچی ژان دارک و کاکۆڵی عیساکانە.
تێک ئاڵانی ڕیشی حەللاج و مام وەیسی گەرمیانە.

ئاوا بوونە!
«١٩٨٨»ی میلادی
بەرامبەر«٢٦٩٣»ی ئەنفالی!
١٩٨٨ ھەزار ھاوار.. دوای لە دایک بوونی کوڕی خاچ و کوڕی ئازار
١٩٨٨ ھەزار برین.. دوای خوێنی ژان و وێڵاشی مریەم.
١٩٨٨ ھەزار قولاپ.. دوای لە دایک بونی تۆڕی یەھوودا.
١٩٨٨ ھەزار تۆفان و ١٩٨٨ ھەزار بورکان و
١٩٨٨ ھەزار ئاخ لە چرکەیەکدا
ئاخ ١٩٨٨!

ئەی کێلە ساڵی، گۆڕی شیعر و ئەستێران
گۆڕی زەردەخەنە و
گۆڕی گژ و گیا و
گۆڕی چاوانم.
ئەی بەرزترین دەنگی نائومێدیم و
ئەی جوانترین شیوەنی شاخانم!
ئاوابوون بوو.
سەد بێشە (خوودە) ئەجووڵێ و دێتە پێشێ
سەد بێشە پۆستاڵ، سەد بێشە تفەنگ
سەد بێشە بەڵا و
سەد بێشە تاوان ئەجووڵێ و دێتە پێشێ.

ئەمێستاکە بەغدا
دۆڵپای ھەشتا و ھەشتی ئاسنینە، پێیەکی
لەسەر زاخۆیە و
ئەویتریان لەسەر بەسرە و مێژووی کۆن و
مێژووی تازە قووت ئەدات و تاعوونێکی نێودەوڵەتیی
خۆشەویستیی سەرزەمینە.
پەتایەکی سپیی جوانە.
ئایەتێکی ژەھراوییە و
شەرەفێکی پان و پۆڕی ناو کەنداوە و
درۆیەکی عەرەبانی پۆڵایینە.

ئەمێستاکە بەغدا غەرقی
سیحری نەوتە و
کەمەندکێشی گشت جیھان و سەرزەمینە.
ئاوابوون بوو. دیسانەوە ڕۆح نشینی باخچە و بەفر و
ئاوابوونی زەردەخەنەی دەشت و شاخ و سەربڕینی
کێڵگە و ھەرد بوو. دیسانەوە غەزای جەستەی
من و بەرد بوو. غەزای تازە. غەزای ڕاگوێزانی لەشم.
غەزای شیعر و غەزای جەستەم.
ڕاگوێزانی دەست و پەنجەم.

ھەڵکێشانی لاسکی خەون و سەر و ملی حەرفەکانم و
دەرھێنانی چاوی گوڵ و کوێر کردنی مەلەکانم و
کوشتنی ئاو و منداڵ و ھەڵواسینی یادگارم و
بڕینەوەی بەژنی ھیوا و قەدی خاک و کوژانەوەی
یەک بە یەکی چراکانی ناو دەربەندی ژیانم بوو.

سەد بێشە دووکەڵ ئەجووڵێ و دێتە پێشێ.
سەد بێشە ڕق، سەد بێشە عەفلەق،
سەد بێشە سەددام، سەد بێشە ژەھر و
سەد بێشە ئاسن ئەجووڵێ و دێتە پێشێ،
لێشاو بوو، لێشاو بوو، لێشاو
دیسانەوە لێشاوی پێکەنینی لم..

قاقای تانک و قاقای تۆپ و قاقای مێک و
قاقای مووشەکی زەمین بە زەمین..
قاقای کریملنی مۆسکۆ و
قاقای پەیکەری ئازادیی ئەمریکا و
قاقای ڕیشی فیدل کاسترۆ و
قاقای مەمکی ھاوسەرەکەی کیم ئیل سۆنگ و
قاقای کتێبە سوورەکەی چین و ماچین..

«ئەوەی بیستتان: ئەوە دەنگی برینەکەی سنگی من بوو.
ئەوە ھاواری پەیامە یاخی بووەکەی سەری من بوو.
ئەوەی بیستتان: دەنگدانەوەی قەڵای وشە و
قەڵای ڕستەی جەستەی من بوو
ئەوەی بیستتان: ئەوە بوومەلەرزەی خوێن و
دەنگدانەوەی ئەشکەوتەکانی برینم و شریخەی
ھەردوو نیگام و چەخماخەی ئاسۆی گەردن و
تەوێڵم بوو»

🎀 @Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_bekas

شێرکۆ بێکەس
#ئافات
#نەهێنی

ڕەنگە ئیتر بۆ لەمەودوا
قەڵەمەکەم بەمە دەست "با"
ئەو لە جێی من شیعر دانێ
هەر تەنها "با"
ناونیشانی
بەفر و
باران و
بڵێسەی
عیشقی تازەم پێ بزانێ!

🎀 @Sherko_bekas
#شێرکۆ_بێکەس
#ژن_و_باران
Şêrko_bêkes
#بۆننامە ـــــــــــــــــــــــــــــــــــ بەشی "۲۱" 🎀 @Sherko_bekas تۆ زمانی خۆرەتاوی دەربەدەری هەموو ڕۆژێ بە ژێر عەردا ئەچی بۆلای حەرف و وشەی زمانێکی دیکەی خوێن سارد... فێری ببی. لە ویستگەکەی "ڕۆدماس گاتان"٭ وشەیەکی بێ تاقەتی و ڕستەیەکی لەش داهێزراو.…
#بۆننامە
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی "۲۲"
🎀 @Sherko_bekas

مەنفا ئەڵێ...
لەناو پۆلدا...
بەدەوری گەورە مێزێکی هێلکەییدا بوون بە ئەڵقە
دە زمانی سەرگەردانی کاکۆڵ ڕەشن.
ژنە مامۆستای سەر زەردیش هەر وەکوو گوڵەبەڕۆژە دێت و ئەچێ. ئەیەوێ ئەم زمانە سەرکەشەی ئێرە تۆزێ ڕامکەن. سوارتان ئەکا. دەستێکی وا پێتانەوە. سەرەتایە، بەڵام هەر کە دەستی بەردا
لە خلیسکایی زماندا یەکە یەکە ئەکەونە خوار
بە یەکتری پێ ئەکەنن.
ئیستە بۆنی ڕێزمانێکی ڕەقەڵە و
بۆنی کردار، ئاوەڵ کردار
بۆنی تەباشیرت لێدێ.

مەنفا ئەڵێ..
بە دیواری ناو پۆلەوە
نەخشەیەکی ئەم جیهانەیە..
بە زەمین و بە بەحرەوە هەڵواسراوە..
نەخشەیەکی ئەم جیهانە و سەدان ئاڵا
لە ڕەشبەڵەکی سەمادان.

بەدەوری گەورە مێزێکی هێلکەییدا دانیشتوون و
بوون بە ئەڵقەی حەرف و وشە
ئەمڕۆ ڕۆژی قسە کردنی ئاڵایە
ڕۆژی پەیڤینی سونبولە لە هەوادا.
ئەمڕۆ لەنێوان دە خاکدا
لە مابەینی دە ئاسماندا
ڕۆژی گفتوگۆی نێوانی شاخ و زەریا و
بیابان و دوورگە و نیمچە دوورگەی ناو دنیایە.

لە خانەکانی جانتاوە
نۆ دەست نۆ سونبول دێننە دەرەوە
سونبولەکان ئەبن بە باڵندەی ناو ژوور
لە دواییشدا بەسەر سەری گوڵەبەڕۆژە و
پۆلەوە یەکە یەکە ئەنیشنەوە.
نۆ دەست هەژدە چاوی خۆیان لەسەر مێزەکە دائەنێن.
چاوەکان ئەبن بە چرای بچکۆلانە و هەڵئەسن و لەسەر تەختە دیرۆکی گوڵ و باران و خۆڵ و خوێن و لانکەی خۆیان ئەنوسنەوە.

تەنها دەستێ، دەستی تۆیە
نە سونبول و نه باڵدار و نه گۆرانی و نە بارانی ئاڵای تیایه.
دوو دەستی چۆڵ.. چۆن پێدەشتی دەوری کەرکووک.
دە پەنجەی چاو گریاناوی لە گیرفاندا.
ئەڵێی منداڵی ئەنفالن.. لە گیرفاندا.
دە پەنجەی ناو گەردەلوولێ.. لەتاو ئازا
کڵاوی نینۆک تووڕ ئەدەن.. لە گیرفاندا.

دە پەنجەی لاڵی زمانم
وەک دە وشەم لەبەردەمی ئەنقەرەدا
دە پەنجەی ماتی ژێر چارشێو.. لە گیرفاندا
وەک دە کیژم لە سنەدا.
لەم پۆلەیشدا تاقە جانتا، جانتای تۆیە
کە نیشتمانێکی سیس و کە ئاسمانێکی لەت لەت و
کە ئاوێنەی ساماڵێکی ورد و خاشی لە بندایە.

لەم ساتەدا
بۆنی نوشوستیت گرتووە
بۆنی شەڕی بەرد و بەردی شاخت
بۆنی مۆمێکی کوژاوە
لەم ساتەدا..
بۆنی چاڵدێران و لۆزان لە لەشت دێ.

لە شەڕی بەرد و بەردەوە
بۆنێکی نوێ بڵاوبۆوە
بۆنی ئاو وەختێ ئەکوژرێ.
بۆنی کۆست وەختێ ئەکوترێ.
لە ماچی دەنگ و ڕەنگەوە
بۆنێکی نوێ بڵاوبۆوە
بۆنی باران ئەو وەختەی ئاڵ هەڵئەگەڕێ و
بۆنی شەهیدیش ئەو وەختەی کە باڵ ئەگرێ.

لە تێکەڵبوونی منداڵیی و وشەیشەوە
بۆنێکی نوێ بڵاوبۆوە...
بۆنی بێگەردیی ئەو وەختەی لە باوەشی خوادا ئەنوێ و
بۆنی مانایش وەختێ ئەبێ بە یاقووت و
لە قوڵایی سەمایەکدا ئەجریوێنێ.

لە ڕامووسانی نێوانی
جەستەی من و غەریبییشدا
بۆنێکی نوێ بڵاوبۆوە
بۆنی شیعر ئەو وەختەی هەڵم ئەیگرێ و
بۆنی بێزاریش ئەو وەختەی
ئەبێ بە نووکە توتڕک و
ئەبێ بە دەمە گوێزان و
لەناو گیانی مندا ئەڕوێ.

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#بۆننامە
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
#توانەوە

کە تۆ ڕۆیشتی.. کورسیەکەت و
تەڵێ گوڵ و
پەرداخەکەت
لام مانەوە
یەکەمیانم کرد بە تەختی شاشیعرێکم.
دووەمیانم
لە کەنار ڕۆحما ڕووانەوە
سێهەمیشم
پڕ کرد لە ماچی ئەو دەمە و
هەڵم بڕی بیخۆمەوە
کەچی من خۆم
تیا توامەوە..!
🎀 @Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#زنەی_شیعر
#ئەشکەوتە_پیرۆزەکە
"بیرەوەریی"
بەشی 1

کە ئەشکەوتەکەی "سەردێمان"
بوو بە "شانە"م
من تەمەنم
بیست و پێنج هەنگ و بیست و پێنج
گیزەگیزی هەرزەکاریی و
بیست و پێنج گوڵی دارچوالەی
دەوروبەری "گەڵاڵە" بوو!

من ئەوساکە
زەڕنەقووتەی
ناو دارستانی زمان بووم
تا سەرئەکەوتمە سەرشانی شیعرێ و
تا ئەچوومە ئەستێرکێکی پەخشانەوە
سەد جار ئەکەوتمە خوارەوە و
لە بیریشمە
چەند جار خەریکبوو بخنکێم!

من ئەوساکە
هێشتا هەر لە خەودا ئەفڕیم
ئاوازم نوستووی ناو پووش و
خەیاڵم بێ پەڕوباڵ و
سنووری جووکە جووکیشم
تا لێواری هێلانە بوو!

ئێمە عەشقی ڕووت و قووتی
"سەکری سەکران" و بای "هەڵگورد"
بردبووینی بۆ لای بەفر و بۆ لای ئاگر.
وەرزێ بەفرمان ئەکردە بەری شیعر و
وەرزێکی تر گڕمان ئەکرد
بە جامانەی سەری سروود!

لەو دەمەدا
ئێمە سەروملمان مۆم و
مۆمدانیشمان دۆڵی چڕ و
ئەو شەوانەی دائەگیرساین
قوربانیەکان لە چوار لاوە
سوور سوور بە ڕێز
دەس بە چرای یادەوەری و
دەم بە خەندەی بارانەوە
هەموو ئەهاتن بۆ لامان.

لەوێ جاران
دەمێ ئەبووین
بە هاژەی ژێر پردی "زەرد" و
دەمێکی تر
بە مانگەشەوی خەواڵووی
"گەلی بەدران"

لە سایەقەی سەردێماندا
ئاسمان وەک چاوی ساوایان
پاک و ڕوون بوون.
ئەستێران هێند نزم بوون
ئەتوت هاتوون بێنە خوارێ و
لەو گوێ چەمە تا بەربەیان
لەگەڵ شەپۆلان هەڵپەڕان!

"باڵەکایەتی" شۆخێکی
هێندە جوان بوو، هێندە جوان بوو
کاتێ شیعر لە بەردەمیا ڕائەوەستا
وەکوو مانگەشەوی ناو گۆم
چۆن لاڵ ئەبێ و چۆن ئەوق ئەبێ
ئەویش هەروا..!

"بەیانییەک چاوم لێبوو
لە کەلێکدا، لایەکی مەمکۆڵەی سپی
لەژێر بەفرە تەنکۆڵەکەی کراسەوە
بە حاڵ دەرکەوت..!
من ئیتر شێت بووم و هەستام
وتم ئەچم بۆ لای "هەڵگورد"
تا بیخوازم!
کە گەیشتم
دەستی "هەڵگورد"م ماچ کردوو
وتم: قوربان! من شاعیر کوڕی شاعیرم و
هاتووم بمکەیت بە کوڕی خۆت
"باڵەکێ خان"م بدەیتێ!

هەڵگورد پێکەنی و پێی وتم:
تۆ نەزان کوڕی نەزانی!
باڵەکێ کچی من نییە و
هی یەزدانە و
یەزدانیش هەرگیز کچی خۆی
نادا بە تۆ؟!!

تا سنووری هەرە دووری
هەتەری چاو
شین خۆی ئەکرد بەناو سەوزا و
زەرد خۆی ئەکرد بەناو ئاڵدا و
سوور ئەچووە ناو سپییەوە و
کاڵ و تۆخیش.. نێرومێ بوون
بە ناویەکدا ئەشکانەوە.!
لەوێ ڕەنگ ڕەنگێکی تر بوو
لەوێ بۆن بۆنێکی تر بوو
لەوێ ئاو ئاوێکی تر بوو
جوانیش جوانیەکی تر بوو!

بەڵام من خەونی ڕۆمانسیم
لە نیوە شەوی شیعردا
لێ ئەڕزا و
هەژاریی ئەیهێنامەوە
لای برسێتیی ئەم خانمە!

بەناو کێڵگەی دەردەداردا
ئەیبردمەوە بەردەم هەتاوی نەخۆشی
ناو ماڵان و
بەردەم گوڵی سیلاویی ناو باخەکان و
لە بەردەمی زەردەخەنەی پاییزانەی
ئافرەتان و منداڵاندا ڕایئەگرتم!

هەموو جارێ لە نیوە شەوی شیعردا
خەونی ناسکم وەک تەونی جاڵجاڵۆکە
بە هەناسەی ساردی ئەوان
ئەپەشۆکا و ئەئاڵۆزکا و تێک ئەچۆوە و
بۆ بەیانیی خۆم و شیعرم
ئەبووینەوە
بە پووش و پەڵاش و چیلکە و
بە هەرزن و
بە قوڵینەی گریاوی نان..!

🎀 @Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#تەون
#وردبوونەوە

ئەوەندە زۆر
لەو کانیە ورد بوومەوە
هەتا
بوومەوە بە منداڵ!.

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#هەست_و_نەست
Şêrko_bêkes
#ئەشکەوتە_پیرۆزەکە "بیرەوەریی" بەشی 1 کە ئەشکەوتەکەی "سەردێمان" بوو بە "شانە"م من تەمەنم بیست و پێنج هەنگ و بیست و پێنج گیزەگیزی هەرزەکاریی و بیست و پێنج گوڵی دارچوالەی دەوروبەری "گەڵاڵە" بوو! من ئەوساکە زەڕنەقووتەی ناو دارستانی زمان بووم تا سەرئەکەوتمە…
#ئەشکەوتە_پیرۆزەکە
"بیرەوەریی"
بەشی 2

لە زەمانی ئەو ئەوشکەوتە پیرۆزەدا
ئێمە بیست حیلەی "ئەیلول" بووین
یاڵمان هەوری ئەرخەوانیی
سەر "زۆزک" و
ناوچەوانمان تاشەبەردی
هەرە بەرزی
"هەندرێن" بوو!

لە زەمانی ئەو ئەشکەوتە نەمرەدا
ئێمە بیست ژێی گەرووی وشەی
ڕادیۆیەکی تاقانە بووین.
"صالح یوسفی" باوکمان و
باوەشی گردێ دایکمان و
"مامە ڕووتە"یش باپیرمان بوو!

هەموو ڕۆژێ ئێمە سەد جار
ماچی ڕادیۆکەمان ئەکرد.
لە دەوری سەری ئەگەڕاین.
دەستمان بە قژیا ئەهێنا
بە ساقەی زاری ئەبووین و
لەمسەرەوە هەتا ئەوسەر
لە سەرپەنجەی ئەمانگێڕا!

هەر بۆ ئەوەی
خۆی لەوەڕینی سەگەلی
"هانی هانی" لابدات و
لاڕێ بگرێ هەرچۆنێ بێ
گەر بە هەنگەشەلێش بووە
بگاتە شار!

لە زەمانی نووزەی نان و
قۆڕەی سکی وشە و ڕستە و
تلۆقی بن پێی ئازادیی و
لە زەمانی کێچ و ئەسپێ و خۆدۆزین و
"دی. دی. تیدا".

لە زەمانی بەرەگی شڕی
پیناوی بەر "ئەی ڕەقیب"دا
ئێمە لەوێ لە تەکیەکەی
ئەو ئەشکەوتە سۆفیەدا
بیست دەروێشی
سەربەستیی بووین
وەختێ کە حاڵمان لێئەهات
هیچ شتێکمان نەئەبینی
جگە لە ڕۆحی باڵگرتووی شەهیدان و
جگە لە خوا و لە شاخ و داخ!

لە زەمانی بێ گیرفاندا
وەختێ کە سەری مانگانیش
بەدەم چەقەنەلێدانی
سی یان سی و یەکەوە ئەهات
"ڕۆژی مووچە"
وەرمئەگرت، ئەچوومەوە
ژووی برسیی
هەر خۆم تەنیا
لەسەر دۆشەکی چڵکنی
بە حەیاتی هەڵنەگیراو
دائەنیشتم و پشتم ئەکردە دەرگاکە.

جگە لە چوارپێنج مشکی ناسیاو و
دوو سێ شەوگەردی ئەبڵەق بووی
سەر دیواری بەرامبەرم
کەسێکی تر نەیئەبینیم
"سێ سەد و پەنجا فلسەکەم"
سەد جار ئەژمارد
ئەوسا ئیتر
"سابوون، تووتن، سیغار، گوێزان
دوو سێ پیل و نوقڵ و لفکەیەکی تازە و
دەفتەرێک و دوو قەڵەم و
مێوژە ڕەشکە و چەند باسووقێ
پڕیان ئەکردم لە خۆزگە و
ئەیانبردم
بۆ بازاڕەکەی "گەڵاڵە"!

🎀 @Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_bekas

شێرکۆ بێکەس
#تەون
#گوڵدان

هەموو گوڵدانێکی بەتاڵ
وەختێ من بگەمە لایان
ئیتر بۆ خۆیان پڕ ئەبەن
لەو شیعرانەی ئەبنە گوڵی
خۆشەویستی چوار وەرزی ساڵ!.

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#هەست_و_نەست
#ئینجانە

چاوت.. ئاو و
دەستەکانت "با" و، ئەوینت
تۆوی گوڵی هۆنراوەمە
ئەی کچەکە!
ئەوەی هەمە و بۆم هێناوی و
لەبەردەمتا ڕامگرتووە:
تاقە ئینجانەکەی "سەر"مە!

شام/1987

🎀 @Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_bekas

شێرکۆ بێکەس
#ئاوێنە_بچکۆلەکان
Şêrko_bêkes
#ئەشکەوتە_پیرۆزەکە "بیرەوەریی" بەشی 2 لە زەمانی ئەو ئەوشکەوتە پیرۆزەدا ئێمە بیست حیلەی "ئەیلول" بووین یاڵمان هەوری ئەرخەوانیی سەر "زۆزک" و ناوچەوانمان تاشەبەردی هەرە بەرزی "هەندرێن" بوو! لە زەمانی ئەو ئەشکەوتە نەمرەدا ئێمە بیست ژێی گەرووی وشەی ڕادیۆیەکی…
#ئەشکەوتە_پیرۆزەکە
"بیرەوەریی"
بەشی 3؛ کۆتایی

ئێمە لەوێ
لەو زەمانی ئەشکەوتەدا
"یوسفی" فریشتەیەک بوو لە پەمووی خوا.
ئاو پێی ئەوت:
تۆ نەرمتری یاخود من؟!
نان پێی ئەوت
من برسیمە و بەڵام ئەی تو
برسیت نەبوو؟!

"عەبدوالخالق" ئەنتێنە هەرە بەرزەکەی
سەر ئەشکەوت بوو.
وەختێ ئەدوا و پێئەکەنی
گوڵ خەندەران سیمای ئەو بوو
ئەکرایەوە و
لە گۆنەوە سوور ئەبۆوە و
دائەگیرسا!

"ئەمجەد" هێواش، نەرم نەرم
سەوزە گیابوو.
کاسە دۆیەکی سادە بوو
بە قەد نانی تازەی سەر ساج
خۆشەویست بوو!

"غالب" دەنگی داروبەرد بوو بە ئینگلیزیی.
بەو ڕۆژگارە بە پێی پەتیی
عاشق، عاشق
ئەچووە کێڵگەی فەرهەنگەوە و
بە شوێن وشەدا ئەگەڕا!!
"ناکام" هەمیشە چوارمشقی
لە داڵانی ڕۆمانێکدا دانیشتبوو
هەر ئەینووسی و هەر ئەڕۆیشت و
ڕێی ڕۆمان تەواو نەئەبوو.

"عوزەیری" پەڕەسێلکە بوو
چاوی شین بوو
ڕۆژێ بردیان نەهاتەوە و
تا ساڵێکیش ئەشکەوتەکە بۆی ئەگریا!
"عوسمان" بەرد بوو نەڕەی ئەهات
کە هەواڵی ئەخوێندەوە و
وەکوو تاپڕ ڕستەیشی دائەگرتەوە
یەک لە دوای یەک وەک تەرەقە و
دەمارقاچان وشەکان ئەتەقینەوە و
ئەشکەوتەکە دائەچڵەکی..!

"جەلال" درەختی گردەڵەی
ناو کەرکووک بوو
هەمیشە بۆنی بابەگوڕگوڕ و بۆنی
خەم و لیمۆی ئەوی و بۆنی
"ئیمام قاسم"ی لێئەهات!
"دڵشاد" شمشاڵێ بوو سەرخۆش.
نوکتەیەک بوو لە داماویدا ڕسکابوو..!

"هێدی" بەردەوام وەفایی و
حاجی ۆ حافیزی شیرازی و
خانی و نالی میوانی بوون
بەردەوامیش یەک لەسەریەک
شیعری دیژلەمەی ئەدانێ!
"جەلیل" خورمای خەستەوی بوو
بە سواری پشتی فەیلیەکان
لە پایتەختەوە هاتبوو..!

لە زەمانی سەردێماندا
لەو ڕۆژگارە نسرمەدا
کە گۆرانیی گەنجێتیمان
لەسەرمادا ڕووت و ڕەجاڵ و
زەردەخەنەمان ئەتەزی و
بە شەوگاریش
خەونەکانمان
چون چلوورەی درەبەند ئەیبەست!

لەو زەمانە بێکەسەدا
ئێمە کۆمەڵێ شمشاڵ بووین
لێومان ئەنا بە کونی زامی جەستەوە و
فوومان ئەکرد بە خەماندا و
ئازادییمان پێلێئێەدا.

لەو دەمەدا
"دوور لە ئێستا"
ئێمە و ئەشکەوتی سەردێمان
هیچیمان لە دنیا نەئەویست
جگە لە پەیڤێکی جوان و
لەتێ نان و
یاخود گوڵێکی کێویلە
بیدەین لە یەخەی نیشتمان!
.............

٭ڕوونکردنەوەیەکی کورت و پێویست بۆ ئەم شیعرە:

وەختێ ڕوومکردە شاخ و ناو شۆڕشی ئەیلول تەمەنم بیست و پێنج ساڵ بوو. تا ئەو کاتەیش هێشتا شیعرم لە سەرەتای ڕێگەدا بوو. لەوێ چوومە ناوچەی باڵەکایەتی و ئەشکەوتی سەردێمان بەرامبەر چیای مامە ڕووتە. ئامێرەکانی ڕادیۆی شۆڕش لەم ئەشکەوتەدا بوون. بە چوار دەوریشدا ژوورە قوڕینەکانی ئێمە. بەهەشتیی پیاوی فریشتە ئاسا "صالح یوسفی" بەڕێوەبەری گشتی ڕادیۆ بوو. کۆمەڵە کەسێک بووین بە پەنجەی دەست ئەژمێردراین. من و کاک "جەلیل فەیلی" بە تەمەن لە هەموومان منداڵتر بووین. لە نێو ئەم دەستەیەدا، خوالێخۆشبوو "عوسمان سەعید" بێژەری یەکەم بوو بە زمانی کوردی.

شەهید "عبدالخالق معروف" ئەندازیاری یەکەمی ڕادیۆکە بوو. هەروەها کاک ئەمجەدی ئەندازیار یاریدەدەری بوو. شەهید عوسمان عوزێری بەرنامەیەکی هەفتانەی خۆی هەبوو. خوالێخۆشبوو کاک "غالب" بە تەنها خۆی بەشە ئینگلیزیەکەی بەڕێوە ئەبرد. خوالێخۆشبوو کاک "جەلال عبدالرحمن" ژن برای مامۆستا خالید دلێر ئەویش لەوێ و هەر لە هەمان ئەو ژوورەی ئێمەدا بوو.

خوالێخۆشبوو دڵشاد مەسرەف ئەویش هەر لەوێ بێژەر بوو. هەروەها مامۆستا حسامی شاعیر "هێدی" و هەروەها مامۆستا سەعید ناکام ئەوانیش هەر لەوێ بوون. من لەم قەسیدەیەدا بە تەنها ناوێ ئەوانەم بردووە کە لە نزیکەوە ئەمناسین و یان تێکەڵیان بووم و لە یادەوەریمدا ماونەتەوە.

سلەیمانی/ 2008.3.27

🎀 @Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_bekas

شێرکۆ بێکەس
#تەون
لە ئاسماندا عەقڵی نوقسانه مانگەشەو
چۆنکە مێیە!
لەسەر زەوی عەقڵی نوقسانە گوڵەباخ
چونکە مێیە!
لە ڕەنگا عەقڵی نوقسانە وەنەوەشەیی
چونکە مێیە!
لە دەنگا عەقڵی نوقسانە کزەبا
چونکە مێیە!
بەڵام لەناو دەنگ و ڕەنگ و بۆنی شمشێر و
شیر و ڕم و مەنجەنیق و خوێندا
هەر هەموویان عەقڵیان ساغە و
تەواو تەواو
چونکە نێرن!

🎀 @Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_bekas

شێرکۆ بێکەس
#ملوانکە
Şêrko_bêkes
#وەختێ_کۆتایی_ئەبێتە_سەرەتا ـــــــــــــــــــــــــــــــ بەشی "۲۰" 🎀 @Sherko_bekas گوڵباخە کچەکان بەموبارەکەی خواوەندە گچکەکان، گوناهـ له نێوان دوو لەپی دەستی زبردا، پەڕەپەڕەیان ئەکات و بێدەنگییش، پادشای ئەم مەملەکەتە دێرینەیە. لێرە هەواڵی ڕاوەماسی میرێکی…
#وەختێ_کۆتایی_ئەبێتە_سەرەتا
بەشی "۲۱"
🎀 @Sherko_bekas

دە دەقیقە درەنگتر گەیشتینەوە ماڵەوە. لەبەردەمی درەگای حەوشەدا، گوێزان و فڵچەی ڕیش تاشین و پشتوێنی قایش و زنجیر و پۆستاڵ و ڕانک و چۆغە و هەر هەموو بنەماڵەی نێرینە، ڕاوەستابوون و چاویان سوور سوور و غەزەبیان لێئەباری. گوێزانەکەی وتی: خواخوام بوو چەند دەقیقەیەکی تر دواکەون بۆ ئەوەی خۆم بتاندەمە دەست ئەومنارەیە! فڵچەی ڕیش تاشینەکە وتی: عەقڵی نوقسان چۆن ئەبێ جڵەری بەدەست خۆیەوەبێ!

لە ئاسماندا عەقڵی نوقسانه مانگەشەو
چۆنکە مێیە!
لەسەر زەوی عەقڵی نوقسانە گوڵەباخ
چونکە مێیە!
لە ڕەنگا عەقڵی نوقسانە وەنەوەشەیی
چونکە مێیە!
لە دەنگا عەقڵی نوقسانە کزەبا
چونکە مێیە!
بەڵام لەناو دەنگ و ڕەنگ و بۆنی شمشێر و
شیر و ڕم و مەنجەنیق و خوێندا
هەر هەموویان عەقڵیان ساغە و
تەواو تەواو
چونکە نێرن!

ئەو شەوە غەمباریی هەموومانی بە توێژاڵێکی خۆڵەمێشیی داپۆشی. لەبەردەمی باڵا ئاوێنەکەدا من و گۆارەکان و بازنەکان و ئاوێنە بچکۆلەکە و قەڵەمەکە و شانەکە، لە دەوری یەک کۆبووینەوە. سەرمان نابوو بە سەریی یەکەوە و بە ئەسپایی ڕازەکانی خۆمان بۆ یەکتری هەڵئەڕشت. خانمەکەیشمان لە داخی ئەو شەڕ پێفرۆشتنەی سەر لە ئێوارە خۆیدا بە ئەرزا و خەوی لێکەوت. ئاوێنە بچکۆلەکە وتی: فڵچەی ڕیش تاشینی وا بەدو نەگریسم نەدیوە. ئەوە جارێکی تریش پەلاماری تەم سوراوەی خەریکبوو لەت و پەتی بکات، چونکە لێوەکانی خانمی تۆزێ تۆخ سوور کردبوو.

شانەکەیش وتی: بەس نەبوو شانەی ئەو سەرە پووت و ناشیرینە نەبووم.! تاکە گوارەی لای ڕاست وتی: لەم شارە گەورەیدا تووشمان بووە بە تووشی ئەم ماڵەوە. ئەمە بەدبەختی نییە؟! بازنێکیش وتی: من حەز ئەکەم وردوخاش بم و بەڵام چڕوچاوی ئەو گوێزانە نەبینم..! ماستاراکەیش وتی: ئەرێ بەڕاست هەرچی پیاوە وەک نێرینەکانی ئەم ماڵەن؟!

قەڵەمی سوراوەکەیش هەڵیدایە: نا، نا، من قەڵەمێکی نێرینەی باریکەلەی سەر ڕووتاوەم ئەناسی لەسەر مافی ملوانکە ژنێ دوو ساڵ کەوتە زیندانەوە. لەدواییشدا ئاوێنە بچکۆلەکە وتی: وەرن با ئەو گۆرانیە غەمگینەی چەند شەوێ لەمەوبەر بۆ خانمە دڵتەنگەکەی خۆمان وت. دیسانەوە بۆی بڵێینەوە:

خەوتووە. خانمی پاییزە. خەوتووە مانگی زیز.
خەوتووە توێژاڵێ لە تەمیش نیشتۆتە سەر پێڵوی.
خەوی خێر. ئەی پەری! خەوی خۆش ئەی ئازیز!
دەتوخوا بابنووێ و هیچ نەبێ لە خەویا ئازادی ببینێ.
لە خەویا هەڵفڕێ و هیچ نەبێ لە خەویا یارەکەی ببینێ.
دەتوخوا لێیگەڕێن، با دووربێ لەچاوی باوکی خۆی.
با دووربێ لەم ماڵەو، لە تانە و دارکاریی برای خۆی
خەوتووە خانمی پاییزە. خەوتووە مانگی زیز.
خەوی خێر. بۆ پەری. خەوی خۆش بۆ ئازیز.

ملوانکەکە ئەیوت: لەو ڕۆژە ناجۆرانەدا، کە ئاو و هەوای ئەم ماڵە و کەشی ئەم ژوورە بە تەواوی ئەگۆڕڕێ و هێمنی و ڕووناکیی ون ئەبن و جۆرە شپرزەییەکی مەڵاس لە شێوەی قەوزەیەکدا لە دەروونەوە بۆ ڕوخسار پێمانەوە ئەنووسێ. ئەو ڕۆژانەی کە گوشاری چنگ بەدەرزی ئاژنی نێرینە بۆ سەر جەستەی خانمەکەم شاڵاویان زیاد ئەکا و ئەویش دوای زنجیرەیەک هاوار و زریکەی تیژ و پەلەقاژێیەکی بێ ئەنجام ناچار ئەبێ مت بێ و بێدەنگییەک لە شێوەی مۆتەیەکی خوێن سارددا سواری سنگی ئەبێ و لەسەر چرپاکەی هەردوو ئەژنۆی ئەنووسێنێ و بەسکییەوە و گرمۆڵە ئەبێ و سەرینەکەی ئەخاتە سەر دەم و چاوی بۆ ئەوەی چاوی لە هیچ شتێ نەبێ و کەس نەیبنێ.

من ئیتر بۆ شەوێ بەچاوی دەنکەکانم ئەو خەوانە ئەبینم کە ئەو ئەیانبینێ: دوێنێ شەو سەعات دووی دوای نیوەشەو خانمەکەم بووبوو بە ئاسکێکی تەنیای دابڕاو لە ڕەوەکەی. لە پێدەشتێکی بەریندا کە گژوگیای پرتەقاڵی و گردۆڵکە نزمەکانی وەک لەگەڵ یەکتردا جێگۆڕکێ بکەن بەیەکدا ئەهاتن و دەنگێکیان لێوە ئەهات کە لە دەنگی لرخەلرخی گای قوربانیی ئەچوون لەوەختی سەربڕیندا.

لەو پێدەشتەدا ئاسکەکەمان شەڵەژاو و شپرزە بە هەرچوار دەوری خۆیدا، هەڵیئەڕوانی وەک ئەوەی چاو بۆ جووتەکەی بگێڕێ. بەڵام ڕوانینەکانی پەرت پەرت ئەبوون و وەختێ ئەگەیشتە دامێنی گردۆڵکەکان ئیتر لەوێدا ون ئەبوون.

🎀 @Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#ملوانکە"
#ئێوارەیەک

ھەزار ڕێکەوت، بوون بە ھەزار
شەوی مقەست
باڵیان کردم.
ھەزار ڕێکەوت، بوون بە ھەزار
دەستی کۆست و
قفڵیان کردم
ھەزار ڕێکەوت، بوون بە ھەزار
دارە مەیت و
ھەڵیان گرتم.
بەڵام تاقە ڕێکەوتەکەی تۆ بوو
ئێوارەیەک
بوو بە ئاسمان
بوو بە کلیل
بوو بە لانکە و
بووم بە شیعرێکی نوێ تر و
دەم بە گۆرانیی ھاتمەوە!
1995

🎀 @Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#زنەی_شیعر
#چواردە_پۆرتەرێتی_شیعریی

10. #هێمن

ئەگەر بێت و قاپێ بادە و
لەگەڵ بیست سی قول جگەرە و
لەگەڵ دیوانەکەی "حافظ"
لەسەر گۆڕی و لە ژوور سەریەوە دابنێن!
ئەگەر بێت و "خەج" یان "ستێ"
کچە بێری و پەریخانێ
دوو سێ جارێ بانگی بکەن..
لەوانەیە هەستێتەوە و
جارێکی دی بچێتەوە جێ‌ژوانێ..!

🎀 @Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#دەیان_پۆله_باڵندەی_وشە "
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
#بێ_وەفاکان

ئاو وتی: مەگەر من کەم شەڕم
لە سەر تۆ کردووە ئەی سێوی بێ وەفا!
وا ئیستە خەریکی بە قسەی
"با"یەکی بێگانە
هەر هەموو ڕابوردووم لە بیر ئەکەی!
مەل وتی مەگەر من لە بەر تۆ
ئاسمانم تەی نەکرد؟ کەم فڕیم بە شوێنتا
ئەی جووتی بێ وەفا!
وا ئیستە خەریکی بە قسەی
باخێکی دووزمان
هەر هەموو ڕابوردووم لە یادکەی!
خەم وتی: مەگەر من
لە بەر تۆ شاعیری بێ وەفا
هەزار جار نەسووتام
بۆت نەبووم بە هەور و هەزار جار
بە سەرتا نەگریام
وا ئیسته خەریکی بە قسەی
یەک بزەی درۆزن،
یەک نەشئەی تەمەن کورت،
یەک ماچی سەرەڕۆی بەهارێ،
هەر هەموو تەنیایی و نامۆییم لە یادکەی
ئەی وشەی بێ وەفا!

🎀 @Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس #تۆ_ئەتوانی_بە_قومێ_ماچ
#بمخەیتەوە_هەڵقوڵین
Şêrko_bêkes
#ئاوابوون_و_بوومەلەرزە "بەشی5" دیسانەوە ئاوابوونە ئەی«ناھید»ی ئەو دیو پەنجەرەی غوربەت و ساماڵی ڕۆح! ئاوابوونە.. دیسانەوە خۆرنشینی سەری من و.. دابڕان و جوێ بوونەوەی نێوان جەستە و گیانی منە. پێک گەیشتنەوەی مەرگ و دووکەڵ و زریکە و خۆڵەمێشی ناو ئەنفالی یەکەمین…
#ئاوابوون_و_بوومەلەرزە
"بەشی6" کۆتایی

من کوڕە چاو مەیلە و سەوزێکی ھەولێریم
ناوم «عبدولخالق»ە
کوڕی سەفینی کوڕی مەتینی کوڕی ھەڵگوردم..
لە ڕەگەزی ئاگرم.
ئەو بەیانییەی لە دایک بووم
دایەنە یەزیدیەکەم
لە پەڕە گوڵاڵەیەوە پێچام و
بردمی بۆ دەربەندی بازییان و
حەوت جار بە دەوری بەردە قارەماندا گێڕامی
حەوت جار لە ئاوباریکی ھەڵکێشام.

ئەو بەیانییەی لە دایک بووم
جەمال عیرفان حەوت جار سەری ماچ کردم و
بە قەڵەمە پیرۆزەکەی خۆیشی
حەوت خەتی لەسەر تەختی تەوێڵم کێشا
«بێکەس»یش حەوت سروودی بەسەردا خوێندم.
حەوت پەپوولەی باڵ نارنجیش..
لە سنگی«حەللاج»ەوە ھەڵفڕین و
لەسەر دەم و لێوم نیشتنەوە،
من لە ڕەوگەی ئەسپە سوورەکانی ئەیلوول بووم
کوڕژنی چیام گەیاندە گوێی دنیا.

من ناوە کۆنەکەی خۆم فڕێ دایە ئاگرەوە..
ئاگریش ناوی نام پشکۆ..
تۆڕی یەقینم چەواشە کرد..
لە ھەموو گەشتێکی بەگەرداو و تووشدا
ئەستێرەکانی «مصحەفی ڕەش» پێشم ئەکەوتن..

مەلەک تاوس بە ھانامەوە ئەھات.
گومانی جوان ھاودەمی تەنیاییم بوو
کەشتییەکەم شپرزەیی بوو..
چارۆکەم دوودڵی بوو..
من سەری خۆم پێشکەش بە دوا کتێبی خۆم کرد..
بەو جۆرە بووم بە نووسەری تۆفانێکی نوێ
بووم بە کەڵەگەتترین قەڵەمی ئازار
بووم بە زەنگ و
بووم بە گوێچکەی دار و بەرد و
بووم بە ھاواری سەردەم و
بووم بە شەقام و بە ڕووبار.

ئیتر لەو ساتە زیوینەوە
من «مەردۆخ»م
عاشقی چاوە سەوزەکانی «ناھید»ی کچە میدیم
شەیدای باڵای کڵپەی ئەوم..
ھەموو ڕۆژ لە باڵکۆنی ھەورە بەرزەکانی خۆماندا
ئەچینە بەر بارانێکی سوور..

ھەموو شەو ژان ئەگۆڕینەوە.
ھەموو شەو مێژوو ئەگۆڕینەوە.
ھەموو شەو خۆڵەمێشی جەستەمان ئەگۆڕینەوە.
ئاوێتەی دەنگی یەک ئەبین و
لە یەکتر جوێ ناکرێینەوە.
ئێمە دەرگای ئایندەی ساماڵ و بارانین.

عەشقی سەوزی لە ئەشکەنجەدا ھەڵھاتووین.
ئێمە گەردنمان شاخە و
ڕۆحمان زەریایە و
پەیاممان «ڕەشەبای» بڵێسە.
ئێمە شمشێر لە خوێنماندا خنکا.

ئێمە ئەو تاقمە سوورپۆشەین
ئەو تاقمە کڵپە و تاقمە سروود و
تاقمە زەردەشتەین
بە مەرگ ژیانمان نووسیەوە.
لە تراویلکەدا ئاومان ھەڵھێنجا و
لە«عەدەم»دا «بوون»مان خوێندەوە و
بە نوشوستیدا پشکووتین و
لە وەرزی ھەڵوەریندا پشکووتین.

ھەموو درەختێک،
نیشانەی خوێنی ئێمەی پێوەیە و
ھەموو خاکێک
بە خاچی لەشی ئێمە نەخشاوە و
ھەموو زەمانێک پێکەنینی سێدارەکانی ئێمەیان
تێدا دەنگ ئەداتەوە و ھەموو پەلکە گیایەکی کوژراو
سینەمان نواڵەیەتی و ھەموو چرایەکی کوژراویش
شەوقی باڵگرتووی ناو چاوی کتێبەکانمانن.

منیش.. ئەی مەلەک تاوسی پیرۆز!
سەر ئەکەمەوە بە ژێر باڵە ڕەنگینەکانی تۆدا
لەسەر بەردەنوێژی گاتای نوێ
نوێژی گوناھ و یاخیبوونم دائەبەستم!
چ چارەنووسێکی جوان و نازدارە و
چ مردنێکی مەزنە..
چ مەرگێکی ئاڵ و واڵا..
کڵاوکووڕڕەی شیعرێکی بچکۆلانە.. بتوانێ
ئەو ھەموو شمشێری بیابانە تووڕە بکا و
خەلیفەکان ھەراسان کا و..
دۆڵپای مێژووی عەبدەکانیان بترسێنێ.
ئەی مەلەک تاوسی پیرۆز!
تازە ئەوەڵی شیعرمە!

1993/06
ھەولێر

🎀 @Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_bekas

شێرکۆ بێکەس
#ئافات
ھەموو درەختێک،
نیشانەی خوێنی ئێمەی پێوەیە و
ھەموو خاکێک
بە خاچی لەشی ئێمە نەخشاوە و
ھەموو زەمانێک پێکەنینی سێدارەکانی ئێمەیان
تێدا دەنگ ئەداتەوە و
ھەموو پەلکە گیایەکی کوژراو
سینەمان نواڵەیەتی و
ھەموو چرایەکی کوژراویش
شەوقی باڵگرتووی ناو چاوی کتێبەکانمانن.

🎀 @Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_bekas

شێرکۆ بێکەس
#ئافات
Şêrko_bêkes
#بۆننامە ـــــــــــــــــــــــــــــــــــ بەشی "۲۲" 🎀 @Sherko_bekas مەنفا ئەڵێ... لەناو پۆلدا... بەدەوری گەورە مێزێکی هێلکەییدا بوون بە ئەڵقە دە زمانی سەرگەردانی کاکۆڵ ڕەشن. ژنە مامۆستای سەر زەردیش هەر وەکوو گوڵەبەڕۆژە دێت و ئەچێ. ئەیەوێ ئەم زمانە سەرکەشەی…
#بۆننامە
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی "۲۳"
🎀 @Sherko_bekas

"لەشەڕی بەردە و بەردەوە، کامێرای شاراوە نەما. ئەم دیمەنەی خوارەوە، ساتە وەختێکی "میران" ئەخاتە ڕوو، کە شەڕی جەستەی خۆی، گەورەی کرد و پۆشتەی کردەوە و بە پلیکانەی شەڕدا بەرەو ژوور هەڵکشاو، ئیستە "میران" مێژوومە"

ئەمڕۆ "میران" لە شەڕی بەرد و بەردەوە هاتۆتەوە.
بزەیەکی خۆڵەمێشیی و تەپ و تۆزی قارەمانیی و
وردە گەردیلەی شانازیی لێ نیشتووە.
ئەمڕۆ "میران" لە شەڕگەی شاخ و شاخەوە هاتۆتەوە.
بەرەو ئاسمانی بارەگا پێکەنین و جامانەکەی
بەیەکەوە هەڵئەدات و چەند ساڵێکیش
تفەنگەکەی گەنج بۆتەوە.

ئەمڕۆ "میران" لە بەیانیی خوێناویدا..
جەنگێکی نوێی لە جەستەی خۆی بردۆتەوە..
کەپکی کەلـلەی خۆی گرتووە
بەرزایی سەر شان و ملی کۆستەکانی خۆی گرتووە.
ئەمڕۆ "میران" لە شەڕگەدا سەرکەوتووە
بە "گەچاوی" باییبوونێ برینەکان سواغ ئەدات و
بە قریوە شەقامەکان دائەپۆشێ و سەرکەوتووە.
وڵات دەهۆڵە و لێی ئەدات..
وڵات زوڕنایە و ئەیژەنێ، سەرکەوتووە
پەنجەکانی دەستی ڕاستی
بەسەر پەنجەکانی دەستی چەپیا سەرکەوتووە.
قاچی ڕاستی قاچی چەپی خۆی ڕاوناوە.

ئەمڕۆ "میران" لە نەبەردی خۆی و خۆیدا، دیلی هەیە
چاوی خۆی و برۆی خۆی و کەپووی خۆی و
گوێچکەکانی خۆی گرتووە.

ئیستە "میران" قسەکانی بۆچڕوکی لەشی هەردوو
مەزرا و ڕێ و بانیان لێوەدێ.
ئەمڕۆ میران هەموومانە و
بۆنی سەدان ساڵ پێش ئەمڕۆ و
بۆنی پەیڤ و بۆنی ستوونی ڕۆژنامە و
ژووری کۆنترۆڵی تێ ڤێ و
بۆنی مایکرۆفۆنی ڕادیۆ و
بۆنی گشتمان لێوەدێ..

مەنفا ئەڵێ:
پەنا ئەبەیتە بەر باڕ و
کەفی بیرە ئەکەی بە کڵاوی خەیاڵ
مەراقێک دائەگیرسێنی و ئەیکەی بە مۆمی سەرمێز و
لەنێوانی شەوقی تەڕ و پەرت پەرت بوونی دووکەڵەوە
ئەڕوانیتە کۆتایی ساڵ...
بە لێژایی هەورەکانی خۆرئاوادا
گۆرانیت ئەچۆڕێتەوە و
ئەبی بە دوورە هاڵاوی زەریا و کەنار.

پەنا ئەبەیتە بەر بۆنی کچی سەر باڕ
قژی ئەکەی بە کەپرەکەی "هەڵەدن" و
چاوی ئەکەی بە کانیەکانی "مێرگەپان"
تاڵەمۆکان ئەکەی بەڕێی گەڕانەوە و
ئەچیتەوە کۆنە هەوار.

پەنا ئەبەیتە بەر گەردن، پەنا ئەبەیتە بەر مەمان
لە گەردندا ئەچیتەوە بەر قەڵبەزەی بەفراوان و
لە مەماندا ئەچیتەوە لای ڕنۆکانی هەورامان.
پەنا ئەبەیتە بەر دەنگی گڕ و قرتاوی سەرخۆشی لەولاتەوە

پەنا ئەبەیتە بەر ڕستەی هەڵوەشاو و حەرفی نیوە بەخەبەر و
چاوی تەپی نیوە نوقاو، بەلاپلا و چاڵ و چۆڵیی،
کۆڵانی دەنگی سەرخۆشدا، بەڕێ و بانی بۆنی مەیدا،
ئەچیتەوە سەرچنار و، قاچی شیعرت تێکەڵ و پێکەڵ
ئەبێت و بەملا و بەولادا ئەکەوی و هەتا باهۆزێکی کەتە
قۆڵت ئەگرێ و ئەتباتەوە لای سەرخۆشانی شارەکەت.

ئەچیتەوە لای بەرسیلەی قسەکانیان
ئەچیتەوە ناو گیرفانی ستارخانی و
ئەبی بە دەنکە قەزوانی سوێر و
ئەبی بە شووشە چارەکی نیوە خاڵیی
بەر باخەڵی مراخانی و
بەیەک جگەرەی پەناگوێ و
ئەبی بە دەنکە کولەکە و... ئەبی بە قاشە خەیار و
قاشە لیمۆ و.. قاشە ترۆزیی ناوسووری سەر
دەسڕێکی ڕاخراو..!

من ئێستاکە بۆنی بادەی سەرچنار و
بۆنی شەقامی سەرخۆشی شەستەکان و
بۆنی ئێوارەی سەرخۆشی حەفتاکان و
بۆنی نوکتەی عەرەق پیاڕژاوی ئەوسای
"عیزەت یەکپارچە"م لێوەدێ!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#بۆننامە
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
ئەوەی یەک قسەی کردبێ
بۆ ئەم هۆڵۆکۆستی غەدرە
من سەد پەیڤی خۆشەویستی
بۆ ئەنێرم
بەڵام ئەگەر خوداوەند و پێغەمبەر و
یەزدانیش بێ
خۆی لادابێ لە بینینم
نە ئەیبینم و
نە من گوێشی بۆ ڕائەگرم!

لەو دنیا
کە قوربانیەکانی ئێمە هەڵئەسنەوە و
ئەچنە بەر بارەگای خودا و
بە یەکەوە هەموو خۆیان ئەتەکێنن
ئەو تۆزەی لەوان هەڵئەسێ
سەراپای عەرشی خواوەند و
پەروەردگار دائەپۆشێ!

🎀 @Sherko_bekas
#شێرکۆ_بێکەس
#بوومەلەرزەی_کرماشان
2024/09/23 13:22:44
Back to Top
HTML Embed Code: