Telegram Web Link
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[٦۴]
ــــــــــــــــــــــ

"پاکانە"

خۆر تا ئێوارە ئاسمان تەی دەکا،
کەچی ڕێی ئاسۆی قەت لێ تێکناچێ
ڕووبار هەزاران پەنا و پێچ دەکا،
کەچی هەر دەبێ بەرەو دەریا چێ

لە ڕێگەی نێوان
لێکدابڕان و
پێکگەیشتنی من و تۆش، گیانە
گەلێک باوەش هەن
بەڵام، هەموویان
ڕێی باوەشی تۆم پێ نیشان دەدەن
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓(۱۹۷۹/۱/۲ - مۆسکۆ)
📚 #شەو_نییە_خەونتان_پێوە_نەبینم
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[٦۵]
ــــــــــــــــــــــ

"هارمۆنیا"

بێ تۆ
نوختەیەکەم،
چەرخە دەدەم... لەناو جەغزێکی مەزندا
لەگەڵ تۆدا
جەغزی دنیا وێکدێتەوە و
دەبێتە ئەنگوستیلەیەک
لە پەنجەی پیتێکی مندا
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓(۱۹۷۹/۲/۱۰ - مۆسکۆ)
📚 #شەو_نییە_خەونتان_پێوە_نەبینم
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[٦٦]
ــــــــــــــــــــــ

"هەم تۆم خۆشدەوێ... هەم ئەویش"

کە من تەنیا جارێک بژیم
هەم تۆم خۆشدەوێ، هەم ئەویش
کە من تەنیا جارێک بژیم
نە تیشکی ڕۆژ دەتۆرێنم،
نە تریفەی مانگەشەویش
* * *

ئەگەر دوو جار ژیابام
خۆشەویستم هەر تۆ دەبووی لەمەیانا
لەویتردا
ئەوم دەکرد بە تاقانە
بەڵام... چبکەم!

کە من تەنیا جارێک بژیم،
چارەم نییە،
هەم تۆم خۆشدەوێ، هەم ئەویش
هەم تیشکی ڕۆژ دەپەرستم،
هەم تریفەی مانگەشەویش!
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓(۱۹۷۹/۳/۱٦ - مۆسکۆ)
📚 #شەو_نییە_خەونتان_پێوە_نەبینم
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[٦۷]
ــــــــــــــــــــــ

"نەورۆزی ۱۹۷۹"

ﺋﻪمساڵ بێ ﭼﯿﺎ ﻧﻪﻭﺭۆﺯ ﻧﺎﮐﻪﻡ
بێ بۆﻧﯽ ﮔﯿﺎ ﻧﻪﻭﺭۆﺯ ﻧﺎﮐﻪﻡ
ﻧﻪﻭﺭۆﺯ ﻧﺎﮐﻪﻡ بێ بڵێسەﯼ ﺳﻮﻭﺭﯼ ﺋﺎﮔﺮ
ﻧﻪﻭﺭۆﺯ ﻧﺎﮐﻪﻡ،
ﮔﻪﺭ ڕﻩﺷﺒﻪڵەﮎ تۆﺯ ﻧﻪکات ﻭ
بە خۆﻡ ﻧﻪبمە ﺳﻪﺭچۆپیگر!

ﮐﺰﻩﯼ ﺟﻪﺭﮔﻢ
ﺑﻪﯾﺎﻧﯽ ﺯﻭﻭ ﻫﻪڵمسێنە!
ﺯۆﺭ ﺩﻩﺗﺮﺳﻢ
ﮐﻪﻭێک، ﮐﺎﺭێک
ﮔﻮﻧﺪێک، ﺷﺎﺭێک
ﭼﻪمێک، ﭼﯿﺎیێک
ﻟﻪ ﺑﯿﺮ ﺑﮑﻪﻡ!

ﺯۆﺭ ﺩﻩﺗﺮﺳﻢ
ﺩﺍرێک، ﺑﻪﺭدێک
کۆختێک، ﮔﻪﺭﺩێک
پنجە ﮔﯿﺎیێک
ﻟﻪ ﺑﯿﺮ ﺑﮑﻪﻡ!
                   * * *

ﺑﻪﯾﺎﻧﯽ ﺯﻭﻭ ﻫﻪڵمسێنە!
ﺩﯾﺴﺎﻥ ﻣﻪڵێ،
"ﺑﺎ تێرﺧﻪﻭ بێ"
ﺳﻮێندﻡ ﺑﻪ ﭼﯿﺎ ﺧﻮﺍﺭﺩﻭوﻩ
ﮐﻪ ﮐﻮﺭﺩﺳﺘﺎﻧﻪ ﺩﻭﻭﺭﻩﮐﻪﻡ
ﺑﻪ ﮔﻪﺭمێن ﻭ ﮐﻮێستاﻧﻪﻭﻩ،
ﺑﮕﻮﺍﺯﻣﻪﻭﻩ بۆ ﻏﻪﺭﯾﺒﯽ،
بۆ ﮊﻭﻭﺭﻩﮐﻪﻡ!

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓(۱۹۷۹/۳/۲۰ - مۆسکۆ)
📚 #شەو_نییە_خەونتان_پێوە_نەبینم
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[٦۸]
ــــــــــــــــــــــ

"ئاوێتەبوون"

نازانم چۆن ئاوێتەت بم؟!
ئەگەر بەهەشتی، پێم بڵێ،
تا کڕنووش بەم بۆ گشت خواکان.
ئەگەر دۆزەخی، پێم بڵێ،
تا زەمین پڕکەم لە تاوان
* * *

نازانم چۆن ئاوێتەت بم؟!
گەر خاکێکی داگیرکراوی، پێم بڵێ،
تا پێستم بکەم بە ئاڵات.
گەر وەک منیش قەرەجێکی،
سنوورێکم بۆ بکێشە،
بۆ خۆت من بکە بە وڵات.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓(۱۹۷۹/۴/۲ - مۆسکۆ)
📚 #شەو_نییە_خەونتان_پێوە_نەبینم
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[٦۹]
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

"ئەو ساتە خۆشەم هێشتا لە بیره#"

ئەو ساتە خۆشەم هێشتا لە بیرە
کە تۆی نەونەمام.
وەک تاپۆیەکی باڵداری تیژڕەو،
وەک ئیدیاڵێکی ئاسمانی و بێگەرد،
خۆت پێ نیشان دام.
لەناو دوودڵی و سەرقاڵیی ژینا،
دڵ پڕ ئێش و ژان، پڕ نائومێدی،
ماوەیەکی زۆر
دەنگی ناسکت زرینگایەوە و
خەونم بە شێوەی شیرینتەوه دی...

ساڵان هاتن و ساڵان ڕابردوون،
گەلێک گەرداوی سەرکەش هەڵیانکرد،
دەنگ و شێوەتیان لەبیر بردەوە،
هەر خەونێکمیان بۆ ئاقارێک برد.

لە تەنیاییدا،
لە بەندیخانەی ئەنگوستەچاوا
ڕۆژانی ژینم بێدەنگ تێپەڕین.
نە خواپەرستی و سرووشیان تیا بوو،
نە دڵداخورپان، نە ئەشک و ئەڤین.

***
دڵم لێدەدا،
ئاوازی گەرمی لێوە هەڵدەڕژێ،
دیسان سەرلەنوێ، بن ساباتی ژین
پڕاوپڕ بۆوە:
لە خواپەرستی،
لە ئەشک و سرووش،
لە سیحر و ئەڤین.
ـــــــــــــــــــ
*تانوپۆی ئەم هۆنراوە هی پوشکینە و
چنین و نەخشەکانیش هی خۆم.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
📚 #شەو_نییە_خەونتان_پێوە_نەبینم
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۷۰]
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

"لە یەکەم ڕۆژی شەڕی دژواردا"#

لە یەکەم ڕۆژی شەڕی دژواردا،
پێش چوونە مەیدان،
نامەکانی تۆم
گشت کۆکردنەوە و گڕم تێ بەردان،
مەبادا دوژمن
وشەی پیرۆز و بەرزی دڵداری
بهاوێتە ژێر پۆستاڵی چڵکن،
***

ئێستاکەش کاتێ
ڕووی خۆم بۆ دواوە وەردەچەرخێنم،
لە ئاسۆی دووردا،
لە هەمان جێدا دووکەڵ دەبینم.
وام دێتە بەر چاو
نامەکانی تۆ ئێستایش هەر ماون.
ئێستایش بڵێسە بەری نەداون!
ـــــــــــ
# بیرۆکەی ئەم شیعرە لە کایسین کولێڤ وەرگیراوه و دەسکاری کراوە.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
📚 #شەو_نییە_خەونتان_پێوە_نەبینم
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۷۱]
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

"مۆسکۆ"

تا ئەمڕۆ چەند جار
دڵی بێلانەم، بۆ شۆڕەشیعرێ،
داخورپا، لێی دا،
وەک زەنگی دێرێک بۆ نوێژ لێ بدرێ.

"ئەمڕۆ نا، سبەی.."
"ئەمڕۆ نا، سبەی.."

ئەی زمانەکەم!
خۆ ئەتۆ پەیکی بەستە و بڵێسەی،
کەی لە داوێنی پەیکەری پوشکین
مۆمێک پێ دەکەی؟
ئێ دە کەی؟
کەی؟

کەی لە کڵێسەی
شۆر و ئەوینی ئەم نازدارەدا
زەنگێک لێ دەدەی؟
لێدە، دەی!
دەی!
*

ئەی مۆسکۆی جوان،*
ئەی مەڵبەندی
گوڵ و بەفر و هەمیشە ژوان!

لە ئامێزی نەرمی تۆدا،
بۆ یەکەم جار، بە ئاشکرا،
بەسەرهاتی ئاڵایەکەم گێڕایەوە،
کە هەڵنەکرا،
بۆ یەکەم جار، بە ئاشکرا،
نەخشەیەکم لە دیوار دا
"ئەوەی بەڕۆژ، لە ئەتڵەسی دنیا دزرا"

بۆ یەکەم جار، بە ئاشکرا،
مزی هەڵبەست:
دەست و کوڵم،
لێو و گوڵم
پێشکەش کرا.

بۆ یەکەم جار لە ژیانا،
چاوم شەرمی لە خۆر شکا،
بۆ ئافرەتان،
جێی ژوانم
له شوێنێکی ڕووناک دانا.
*

ئەی مۆسکۆی جوان،
ئەی مەڵبەندی گوڵ و بەفر و هەمیشە ژوان!
دەگێڕنەوە،
دەڵێن،گۆران
بە بینینی
دوو چاوی "پڕ لە هەستی جوان"*
لێوە سیس بووەکانی،
ترۆپکێک بوو،
ژانی گرد، هەژا، خرۆشا،
پڕی کردی لە گۆرانی!

من گۆران نیم،
بەڵام... ڕەگم
چۆڕێک خەم و داخورپانی
گیانی ماندووی ئەوی تیایە.

من لوتکە نیم،
بەڵام... دەشێ...
کڵاوی سەوزی گردێک بم،
کە لە سایەی لوتکەدایە.

ئەی نازانم،
تاکوو ئەمڕۆ
چەند دڵۆپە زەردەخەنە و فرمێسکی گەش
"هی چاوی کاڵ،
هی چاوی شین،
هی چاوی ڕەش..."
له گێژەنی شەوەزنگی غەریبیمدا
سووتان وەک مۆم،
درەوشانەوە وەک چرا...

ئەی نازانم...
بۆچی لە بەر ڕووناکینن
شیعرێکم بۆت پێ نەنووسرا؟!
ئەی مۆسکۆی جوان،
ئەی مەڵبەندی
گوڵ و بەفر و هەمیشە ژوان!
ــــــــــــ
*دەربڕینێکی گۆرانە لە هۆنراوەی "مۆسکۆی جوان"دا.
*دەربڕینێکی گۆرانە لە هۆنراوەی "وەڵامی پرس"دا.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓(۱۹۷۹/۱/۱۸- مۆسکۆ)
📚 #شەو_نییە_خەونتان_پێوە_نەبینم
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
پەیام و نەورۆزانەی پەشێو بەبۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆزی 2723

🔻🔻🔻
ئازیزانم، نەورۆزی ئێوە و هەموو گەلی کوردستان پیرۆز و نیشتمانمان ئازاد، ئاوەدان، گەشاوە و بەختەوەر بێ.
نەورۆز لە پانتاییەکی هەراوی جیهان یاد دەکرێتەوە، بەڵام لە هەمووان پتر بە جەژنی گەلی کوردستان ناسراوە و بە مۆرک و بەهایەکی سیاسیش نەخشاوە. هەر ئەمەشە داگیرکەرانی تەنگەتاو کردووە. ئەوان چاویان بەرایی نادا لە ساڵێکدا ڕۆژێکی وا هەبێ کوردی هەموو بەشەکانی کوردستان و ئەوروپا و جیهان لە دەوری مەشخەڵێک کۆ بکاتەوە.
ناحەزان دەیانەوێ لە لایەک تایبەتمەندییە کوردستانییەکان لە نەورۆز دابماڵن، لە لایەکی دیکە، باسی دین و دیرۆک بۆ سادەدڵان دەکەن، هەوڵ دەدەن دوای لەکەدارکردنی ئاڵا و سروودی نیشتمانی ئەم جەژنەشمان لەبەر چاو ڕەش بکەن، کە هەزاران ساڵە کۆمان دەکاتەوە و مەلای جزیری گۆتەنی " دڵمان بە چرا "سراج" و ئاگری خۆی مشتوماڵ "صقل" دەکا، وەک بڵێی ئەوان لە حەزرەتی خانی و مەلای جزیری و مەولەوی و مەلای گەورەی کۆیێ و عەللامەی گەورە شێخ عەبدولکەریمی مودەڕیس و پیرەمێرد ئیماندارتر و موسوڵمانتر بن!
نێزیکەی ٤٠٠ ساڵ پێش ئەمڕۆ حەزرەتی شێخ ئەحمەدی خانی باسی نەورۆزی کردووە.

دانایێ موعەممەرێ کوهەن سال
ئەڤ ڕەنگە هە گۆ ژ بۆ مە ئەحوال
گۆ عادەتێ پێشی یێ زەمانان
ئەڤ بوو لە هەموو جێه و مەکانان
...
یەعنی کو دهاتە برجێ سەرساڵ
قەت کەس نەدما د مەسکەن و ماڵ
بیلجوملە دەچوونە دەر ژ مالان
حەتتا دگەهیشتە پیر و کالان
ڕۆژا کو دەبوویە عیدێ نەورۆز
تەعزیم ژ بۆ مە دەما دلئەفرۆز

لەم چەند دێڕەدا حەزرەتی خانی باسی پیرێکی دنیادیتە "موعەممەرێکی کوهنسال" دەکا، کە گوتوویە لەمێژە بووە بە عادەت خەڵک تێکڕا " بیلجوملە" ، تەنانەت پیر و کالیش، لە "عیدێ" سەری ساڵ لە ماڵ دەردەچوون و ڕوویان لە دەشتودەر دەکرد.
خانی لە "مەم و زین"ە شاکارەکەیدا مانایەکی قووڵ و پڕ لە هێمای بە ڕۆژی نەورۆز بەخشیوە و کردوویە بەو ڕۆژەی، کە عیشقێکی ئاگرینی پەتی کڵپە دەکا، چاکە و جوانی و ڕاستگۆیی لە خراپە و دزێوی و درۆ دێنە دەست و مەیدانیان لێ دەخوازن. لە ڕۆژی نەورۆزدا، لە کاتێکدا گەورە و بچووک، ژن و پیاو ڕژابوونە مێرگ و مێرغوزاران، گۆڤەندیان دەگێڕا و چاویان بە جوانیی سروشتی کوردستان دەڕشت، (مەم) و (تاژدین)ی هاوڕێی چاویان بە (زین) و (ستی) دەکەوێ و دڵبەندیان دەبن.
هەوەنتە نییە شاعیر و زانا و خواناسێکی گەورەی وەک خانی لە سێسەدوشەست و چەند ڕۆژێکی ساڵدا ئەو ڕۆژە هەڵدەبژێرێ بۆ ململانێی پاکی و جوانی و ئەڤین لەگەڵ گەماری و دزێوی و ڕک.
نەورۆز لە کوردستان و جیهان پیرۆز بێ.

عەبدوڵڵا پەشێو
21/3/2023
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۷۲]
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

"جیهان"

جیهان_ قەحپەیەکی کەڕە.
جیهان _قەحپەیەکی لاڵە.
هەر کەسێکی بە چۆڕێ نەوت
بەندەخوێنی نەکاتەوە،
فەرهادێکی ڕەنجبەتاڵە!
***

جیهان _ قەحپەیەکی کەڕە
جیهان _ قەحپەیەکی لاڵە.
ئەمڕۆ نییە، دەیان ساڵە،
ئەشکی چاوم
زەنگوڵ زەنگوڵ، دانە دانە،
خوێنی دڵم
دڵۆپ دڵۆپ، دانە دانە،
بۆ گەردنی شووشەنەوتێک
دەکاتە مۆریی گەردانە!

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
(۱۹۷۹_مۆسکۆ)
📚 #شەو_نییە_خەونتان_پێوە_نەبینم
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۷۳]
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

"کەڕەنای جەنگ"

گوێتان لێمە،
من کەڕەنای جەنگ لێ دەدەم،
جەنگێکی پیرۆز و نەمر.

گوێتان لێمە؟
من مژدەی جەنگێکم پێیە،
لە هەموو جەنگێ گەورەتر!

گوێتان لێمە؟
من کەڕەنای جەنگ لێ دەدەم.
بێ ئەو جەنگە پەست و سووکین.
بێ ئەو جەنگە،
هەڵۆی چیا نین: نێرەمووکین.
بێ ئەو جەنگە،
ئەگەر مێژوو زەڕەبینیش لە چاو بکا
نامانبینێ، هێند بچووکین!

***
گوێتان لێمە؟
من کەڕەنای جەنگ لێ دەدەم.
جەنگێکی وا کە بۆنی ئاهەنگی لێ بێ
من نەفرەت لە جەنگێک دەکەم،
بۆ ئەوە بێ،
دنیا وەک پێش جەنگی لێ بێ!

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓(۱۹۷۹/۳/۱۵ - مۆسکۆ)
📚 #شەو_نییە_خەونتان_پێوە_نەبینم
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۷۴]
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

"ژیانەوە"

جارجارە خەم تا هەوکم دێ
ئازار دەگاتە ڕادەیەک،
ژینم بدەم بە بەردێکدا،
وردی بکەم وەک بادەیەک!

کەچی، لەپڕ:
ورشەی هەودای هزرێکی نوێ،
سەرەتاتکەی کەڵکەڵەیێ،
ژیانەوەی پنجەگیایێ،
زەردەخەنەی کۆرپەڵەیێ،
بەژن و باڵای شۆڕەژنێ،
سنگی سەرکێشی خرپنێ

وام لێ دەکەن
لە خۆشییان لێم بڕوێ باڵ،
لە ئاسمان بپاڕێمەوە
پردی ژینم وا درێژکا
نەپەڕمەوە بە هەزار ساڵ!

ــــــ
🔸هەوک: قوڕگ، گەروو، حەفک

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓(۱۹۷۹/۵/۹ - مۆسکۆ)
📚 #شەو_نییە_خەونتان_پێوە_نەبینم
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۷۵]
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

"دایک"

بۆ جەمیلە، سەر دادەخەم
بۆ ژان دارک و ترێشکۆڤە،* سەر دادەخەم
بەڵام ژنێک، لە خاکی پڕ مەرگی مندا،
پێ لە جەرگی خۆی بنێت و ببێ بە داک،
لە بەرپێیدا کڕنووش دەبەم،
ناوچەوانم دەسووم لە خاک!

ــــــــــــــ
*جەمیلە بوحەیرەد: کچە فیداکاری جەزائیری.
ژان دارک: کچە قارەمانی فەرەنسی.
ترێشکۆڤە: یەکەم ژنە کۆسمۆناوت (گەردوونگەڕ.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓(۱۹۷۹/۸/۳۰ - پۆتسدام)
📚 #شەو_نییە_خەونتان_پێوە_نەبینم
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
[۷٦]
"مەرج"

من قەت دژی ئەوە نیم
دکتاتۆر جیهان بگرن،
سێبەری خوا بن، زۆر بن
بەڵام مەرجێکم هەیە:
مناڵان دکتاتۆر بن!
ــــــــــــــــــــ

#شەو_نییە_خەونتان_پێوە_نەبینم
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۷۷]
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

" ناونیشان"

تا هەڵبەستێک تەواو دەبێ،
من ڕۆحی خۆم پەڕە دەکەم
وەکوو هەلاج.
کە تەواو بوو،
خاڵێک دەکەم بە عەرش بۆی،
ناونیشانێک دەکەم بە تاج.

*

هەر قورینگێک
جارێک باڵی لە دەریاچەی
ئەڤینی من هەڵکێشابێ،
بۆتە وشه بۆ هەڵبەستێک،
کە عومرێکە دەینووسم و تەواو نابێ!

*

هاوڕێم، ماندووم!
وا هەست دەکەم،
هەڵبەستەکەم هێندە درێژدادەڕ بووە،
دیوانی بوون لێی پڕ بووە...
ئاگام لێیە، لە یادمدا
جێگۆڕکێ دەکەن پەیڤەکان.
ڕێگەم بدە خاڵێک دانێم،
تۆی بۆ بکەم بە ناونیشان!

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓 (۱۹۷۹/۱۱/۹ - مۆسکۆ)
📚#شەو_نییە_خەونتان_پێوە_نەبینم
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۷۸]
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

"شپرزەیی"

ئەو ڕۆژەی ژوانمان هەیە،
هەرچی دەستی بۆ دەبەم:
پیاڵەی چا، کتێب، قەڵەم...
هەموو گوڵاو دەردەدەن.

ئەو ڕۆژەی ژوانمان هەیە،
هێشتا زووە و تۆ دووری،
ئەندامەکانی لەشم
نۆبەتبڕی لێک دەکەن:
چاو - ڕەزی لەشت دەڕنێ،
دەست - بە دەنگتا هەڵدەزنێ،
گوێ - نوقمی بۆنت دەبێ و 
مەودای دووریت دەپێوێ...

بریا دەتزانی، گیانە،
ئەو ڕۆژەی ژوانمان هەیە،
چۆن سەرم لێ دەشێوێ...

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓 (۱۹۷۹/۱۱/۲۲ - مۆسکۆ)
📚#شەو_نییە_خەونتان_پێوە_نەبینم
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔶🔶🔸🔸🔸🔶🔶
@tapuynusrawe

#شیعر
ــــــــــــــــــــــــــــــ

"کـوردم ئەمن"

گەرچی تووشی ڕەنجەوەری و
حەسرەت و دەردم ئەمن
قەت لە دەس ئەم چەرخە سپڵە
نابەزم مەردم ئەمن

ئاشقی چاوی کەژاڵ و
گەردنی پڕ خاڵ نیم
ئاشقی کێو و تەڵان و
بەندەن و بەردم ئەمن

گەر لەبرسان و لە بەر بێبەرگی
ئیمڕۆ ڕەق هەڵێنم
نۆکەری بێگانە ناکەم
تا لەسەر هەردم ئەمن

من لە زنجیر و تەناف و
دار و بەند باکم نییە
لەت لەتم کەن، بمکوژن
هێشتا دەڵێم کــوردم ئەمن

ــــــــــــــــــــــــــــــ

مامۆستا #هێمن
#تاپوی_نووسراوە

@tapuynusrawe
🔶🔶🔸🔸🔸🔶🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۷۹]
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ


"شەونوێژی نامۆیان"

(۱)

لە هەرجێیەک چیا ببینم-
دڵم،
وەک لە ژوانی یەکەممدا،
دادەخورپێ، ڕادەچڵەکێ،
سەرسام دەوەستم لە بنیا...
وا تێدەگەم،
لە چیای منڕا دەست پێ دەکەن
چیایەکانی هەموو دنیا!

(۲)

لە هەر کوێ کانی ببینم-
دڵم،
وەک لە ژوانی یەکەممدا،
دادەخورپێ، ڕادەچڵەکێ،
پێش ئەوەی بینی پێوە نێم،
لە بەردەمیا بەهێمنی چۆک دادەدەم،
قەوزەی سەری
وەک شابسکی شۆڕەژنێک شانە دەکەم،
چونکە من وام بەبیردا دێ،
کە شیرناوی گشت کانییەکان
لە نیشتمانی منڕا دێ!

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓(۱۹۷۹/۱۱/۲۹ - مۆسکۆ)
📚#شەو_نییە_خەونتان_پێوە_نەبینم
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
2024/11/16 13:53:03
Back to Top
HTML Embed Code: