Telegram Web Link
ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ

☑️@ShpolDarya

خۆشەویستم...
بیستووتە ئاسمان چەن دوورە؟
من بارتەقای دووری ئاسمان
خۆشم دەوێی...
بیستووتە دەریا چەن قووڵە؟
بەقەد قووڵی گشت دەریاکان
خۆشم دەوێی...

گیانەکەم تۆ نووسراوێکی
دێڕت بەقەد تاڵی پەرچەم
من چەن ساڵە دەتخوێنمەوە
چەن باڵی بیرم لێک دەدەم
نە تێر دەبم،
نە تێت دەگەم

زۆر دەترسێم
لە ناو دێڕی شێعرەکانما
شار بتناسێ،
کامێرەی چاوی مەرگەوەڕ
وێنەت بگرێ و هەڵیواسێ
زۆر دەترسێم گەر بتناسن
پەنجەکانم هەڵوەرێنن
شابسکی تۆش بسووتێنن

بەڵام هێشتاش من دەربەست نیم
هەرچیم دیوە
هەرچیم بۆ چاوت نووسیوە
نایشارمەوە،
تا چۆک بدا لە دەروونتا
دێوی گومان
تا گەورە و بچووک بزانن
خۆشم دەوێی
خۆشم دەوێی
سەد بارتەقای دووری ئاسمان...

🖊#عەبدوڵڵا_پەشێو

☑️@ShpolDarya

https://www.tg-me.com/joinchat-AAAAAFGbCt_oYZSqxGLqlA
📚ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ

کاتێ وتت "خۆشم ئەوێی"
ئیتر وشەی "خۆشم ئەوێی"
لەبەر چاوم...
جارێک ئەبوو بە پەپوولە و
لەسەر دەستم ئەنیشتەوە...
جارێکی تر ئەبوو بە
پرژەی قەڵبەزە و
تنۆک تنۆک لێی ئەدام و...
جارێکی دی ئەبوو بە
پەنجەرەی هەور و
من بە مانگ و هەڵ‌ ئەهاتم و...
لەپڕێک‌دا ئەبوو بە
شەقامی بەفر و
من بە چرایێکی سوور و
ئیتر وشەی "خۆشم ئەوێی"
هەتا ئەهات، گەورە ئەبوو...
تا وای لێ هات؛ ئێوارەیەک
بوو بە خەرمەنی هەڵاڵە و
بە ژوور و ماڵ و شیعرەوە
دای‌ پۆشیم و تیا نوقم بووم...

🖊#شێرکۆ_بێکەس

☑️@ShpolDarya
ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ

☑️@ShpolDarya

📖#بـراکـوژی

گەورەینە! لەسایەتان
بەعس لە ناو دەمماندا...
زمانێکە و دەگەڕێ
بەعس: کەڵەگایەکە،
سبەینە و ئێواران...
لە ئاوەزمان دەپەڕێ!

کێ بێ بەعس نەناسێ؟
تا دوێنێ هەتیوێک بوو،
زەلامکوژ، زلحۆرت، جرپن.
لە سای سەرتان هاتەوە...
هاتەوە و کەس نایبینێ
وەکوو تارمایی مردن.

لێمان بوو بە "تی‌ئێن‌تی"،
چووە ناو سەفتەی دینار،
لەگەڵمان دێتە سەر خوان،
جێمان لەگەڵ بەش دەکا و
لەگەڵمان دەچێتە ژوان!

لە ناو مانشێتی ڕۆژنامەکاندا،
بەعس دەبینم.
لە ناو مەوکیبی سەرکردەکاندا،
بەعس دەبینم.
لە فیفتی فیفتی ناو پەڕلەماندا،
بەعس دەبینم،
لە دیل کوشتن و بەڕائەت پیدان،
لە زەنگ‌لێدانی نیوەشەواندا،
بەعس دەبینم.

لە سایەی ئێوە
ئەوا چاوێکم شایی دەگێڕێ، چونکە چاوەکەی ترم ڕژاوە.
وا دەمارێکم شاگەشکە بووە،
چونکە دەماری برای بڕاوە.

لە سایەتان
ئەمڕۆ لە شارە دیلەکەم
جەمەدانیی پێشمەرگەیەک،
ساڵەهای ساڵ تاج لەسەرێک،
زۆر نەماوە، لەبەر چاوم
ببێ بە خوودەی عەسکەرێک!

🖊#عەبدوڵڵا_پەشێو

☑️@ShpolDarya

https://www.tg-me.com/joinchat-AAAAAFGbCt_oYZSqxGLqlA
📚ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ

لە نێو
ژوورە تاکەکەسیە تەنگەکەمدا هەڵکوورماوم.
کارەساتێ بە ڕێوەیە
لەو دێو دیوار
وەرگێڕانەکەم ڕاوەستاوە
دەلاقەیەکی بیچکۆلانە
لە سەر سینگی
دەرکەکەیەو داخراوە

کۆترەباریکەی خەیاڵم
تامەزرۆیە هەڵفرێ
تا ئاسمانی کاکی بەکاکی،
وەرگێڕانەکەم جار بە جارێ
دەلاقەکە دەکاتەوە
لێم دەڕوانێ

ئەو تاریکی دەبینێ
من ڕووناکی..

🖊#مامۆستا_مەلەکشا

☑️@ShpolDarya

https://www.tg-me.com/joinchat-AAAAAFGbCt_oYZSqxGLqlA
‌ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ

☑️@ShpolDarya

📖#دوا_مەنزڵ

تۆ هەر بڕۆ هەر بڕۆ
هەتاکوو ئەگەیتە "ئەستەموڵ"
لە کەنار "بسفۆر"دا
ژنێکی سیحراوی
لە شێوەی شەهرەزاد ئەبینی...
کەمەندێ هەڵئەدا و
خۆت لادە نەتگرێ و
نەتخاتە ناو داوی لەشیەوە...
دەرباز بەو هەر بڕۆ و هەر بڕۆ.
هەتاکوو ئەگەیتە ئەسیناو لە چەقی
سەنتەردا "ئەفرۆدیت" ئەبینی و
ئەیەوێ بتباتە ماڵەوە.
بەهێز بەو لا مەدە.

هەر بڕۆ هەتاکوو
ئەگەیتە "پاریس" و
لەم شارە شۆخەیشدا
تۆ "ئەلیزا" ئەبینی و
ئەیەوێ بە شیعری
ئاراگۆن مەستت کا و
لا بدەی. لا مەدە و هەر بڕۆ
هەتاکوو ئەگەیتە
شاجوانی شارێکی گوێ زەریا.
پۆلێ کچی نیوە ڕووت،
دێنە سەر ڕێگاکەت.
باوەشت پیا ئەکەن...
حەز ئەکەن بۆ شەوێ
بتخەنە ناو سنگ و بەرۆکیانەوە.
بەهێز بەو لامەدە و هەر بڕۆ.

ئەچیتە زەریاوە.
تۆ ئەبی بە ماسی و هەر بڕۆ.
هەفتەیەک و
دوو هەفتە و زیاتریش
نە لەلای مرواری و
نە لەلای مەرجان و
نە لەلای ئەستێرەی
ناو بەحریش لامەدە.
هەتاکوو ئەگەیتە وشکانیەکان U.S.A،
هەر بڕۆ هەر بڕۆ و
لامەدە تا "فێرفاکس"،
ئەچیتە بەردەمی
خانوویەک دوو نهۆم.

لێرەدا لابدە و سەرکەوە،
خۆت ئەکەیت بە ماڵدا.
نە لە ژوور نە لە هۆڵ لامەدە.
ئەمجارە لابدە و ئەچیتە موبەقێ،
خۆیەتی ژنێکی لاوازی
سەر لەرزۆک وەک پاییز
پێست چرچ و چاوکزی فەقیانە
هەڵکراو ئەبینی.
"شەفیقە سەعید"ە و خۆیەتی و
ماچی کە و ماچی کە و
ئەمجارە دانیشە و
هەڵمەسە و قەت مەڕۆ!

🖊#شێرکۆ_بێکەس

📓#زێ_و_زنه

☑️@ShpolDarya

https://www.tg-me.com/joinchat-AAAAAFGbCt_oYZSqxGLqlA
📚ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ

مرۆڤ بەدرێژایی مێژوو
باوەڕی بە جوانی و
هەقانییەتی خۆی هەبووە،
مێژووی مرۆڤ هیچ نییە
جگە لە مێژووی باوەڕهێنان
بە جوانی خۆی،
دین چییە جگە لە هەوڵی
هەمیشەیی مرۆڤ تا
بە برای مرۆڤی بڵێت من
لە دینەکانی تر لە خودا نزیکترم،
من لە تۆ جوانترم چونکە
من خودا لە تۆ زیاتر
ڕاستی پێبەخشیوم...
مێژووی دین بەسەریەکەوە،
بە هەموو خودا جیاواز و
باوەڕە جیاوازەکانییەوە،
هەوڵی بەردەوامی مرۆڤە
بۆ خۆجوانکردن،
خۆجیاکردنەوە،
خۆ بە باشتر زانین...
هەمیشە دینێکی تری
دروستکردوە تا باوەڕی
بە خۆی و جیاوازی خۆی و
هەقانییەتی خۆی زیاتر بێت،
هەمیشە
خودایەکی تری گەورەتر و
بەهێزتر و نادیارتری
لە خودای ئەوانی تر دروستکردوە
تا باوەڕی بە هێزی نادیاری
خۆی گەورەتر بێت...
وەهمی ئەوەی
هەمیشە لەسەر هەقین،
وەهمی ئەوەی
هەمیشە خودا لەگەڵ ئێمەیە،
وەهمی ئەوەی
کە ئێمە جوانترینین و
ڕاسترینین هیچ کات
لە ئێمە جیانەبۆتەوە...

🖊#بەختیار_عەلی
📚#کەشتیی_فریشتەکان1

☑️@ShpolDarya

https://www.tg-me.com/joinchat-AAAAAFGbCt_oYZSqxGLqlA
📚ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ

کە دڵ وەیلان و
هەر ساتێ بە حاڵێ
چ چاوێک و چ ڵێوێک و چ خاڵێ...

کەخەم هێلانەی لەوێ ببەستێ
چ ڕۆژێک و چ مانگێک و چ ساڵێ...

کە بشکێ باڵی مەل
نەفڕێ بەرەوسەر
چ فەرقێکە چ دوو باڵ و چ باڵێ...

ئەوین کاتێ بتارێ و
ڕووم نەداتێ
بە من چی ڕوو،
چ ڕەشتاڵ و چ کاڵێ...

ئەگەر گەردوون
بەمەیلی من نەسووڕا
دەبا شین بێت،
چ بژوێن و چ پاڵێ...

کە نەمبینی
سەمای زوڵفی پەرێشان
لەسەر لادان
چ تارای سوور
چ شاڵێ...

ژیانی کۆیلەیی بەسەر سەپێندرێ
چ لای تازی،
و چ تورکی زەڕەتاڵێ...

ناسۆری دڵ نەبیسراو ناخی خنکا
بگاتە گوێی،
چ کاڵێک و چ جاڵێ...

ئومێدی ژین لە دڵ گەر پەڕ بکێشێ
شوێنی جەستەم،
چ پاڵێک و چ چاڵێ...

🖊#م_کۆنەپۆشی

☑️@ShpolDarya

https://www.tg-me.com/joinchat-AAAAAFGbCt_oYZSqxGLqlA
📚ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ

" تـابـۆ "

ئەمەوێت قەڵای تابۆکان،
هەک کەم بەڵکوو
بوونی نەبووی خۆم بدۆزمەوە...

وڕ و گێژ لەنێو
شەپۆلانی دەریایەکی
بێ سەر و بەر
کە ئەو پەڕی نادیارە
هەر دەڕەخسێت
دەرفەتێک بۆ بێدەنگی...

ئەها ئەوا
زایەڵەیەکم دێته گوێ
بەڵام لێی تێناگەم...
شڵەژێنەر ورووژێنەر
وێنەی ئەوین سەرپشک دەبم...
لەنێوان دووڕیانێکدا

دڵ بشکێنم یان تابۆکان...

🖊#م_کۆنەپۆشی

☑️@ShpolDarya

https://www.tg-me.com/joinchat-AAAAAFGbCt_oYZSqxGLqlA
📚ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ

📖#نـاخ

من لە ناخما،
شمشاڵێکی تیایە غەمبار...
هەموو ساڵێ کە پاییز دێ و
ئەینێ بە لێوی خۆیەوە...
"با" ئەشڵەژێ و
تەنیایی چاوی تەر ئەبێ و
چاوەڕوانیم هەڵئەوەرێ و
حەوشەی شیعریشم
پڕ ئەبێ لە گەڵای دار!

🖊#شێرکۆ_بێکەس

☑️@ShpolDarya

https://www.tg-me.com/joinchat-AAAAAFGbCt_oYZSqxGLqlA
📚ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ

📖#شێعرەکانت

شێعرەکانت؛
هاووڵاتی دونیایەکی
نەناسراو و نەدیتراون!

لە دەمی عیسا دەمتر...
لە لەشی "حەوا" ڕووتتر...
لە"زەردەشت" پێغەمبەرتر و
لە وینووس و
"کچی نیشتمانت" جوانتر...
بڕێ جار لەخۆت" بێکەس" تر...

🖊#م_کۆنەپۆشی

☑️@ShpolDarya

https://www.tg-me.com/joinchat-AAAAAFGbCt_oYZSqxGLqlA
ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ

☑️@ShpolDarya


📖#کۆتایی_چیرۆکێک

خۆشەویستەکەم!
ڕاستە حەز دەکەم،ساڵانی تەمەن،
چرکە بە چرکە هەر لە تەکت بم...
لە جیاتی کۆرپەی
خوێنشیرین وەک خۆت...
من پەنجەمژی سەر مەچەکت بم....

ڕاستە حەز دەکەم لە نیزیک چاوت
دڵی هەڵبەستم لە خورپەدا بێ
هەر دیاری و نامە بگۆڕینەوە،
وەکوو لە ژینمان هیچ ڕووی نەدابێ...

ڕاستە حەز دەکەم پەپوولەی نیگام هەموو ڕۆژ بفڕێ،تا لە هەلێکا
درزی پەنجەرە یا دەرگە ببڕێ،
ماچێک لە نیگای چاوت بسێنێ،
تینوێتیی گەرووی دڵم بشکێنێ.
بەڵام، گیانەکەم،تاکە یادگارم!
ناچارم... ناچار کە تۆ لە یاد کەم
لە ژێر دارکاریی ویژدانی هارم
بحەسێمەوە و زوو خۆم ئازاد کەم،

ناچارم، دەبێ گۆڕێک هەڵکەنم
بۆ هەر یادگارێک بۆنی تۆی لێ بێ.
دەبێ گوێم کەڕ کەم،زمانم لاڵ کەم،
لە لای هەر کەسێک باسی تۆی پێ بێ!

دەبێ هەر ئەمڕۆ
وێنەی دووقۆڵی و نامەی بە دەرزن
لە گەرووی گڕدا ببنە خۆڵەمێش،
هەرچەند لە ناخی دڵمدا بەرزن.

دەبێ، هەر ئەمڕۆ،
بمرێ لە یادم دڵکێشترین چاو.
بمرێ لە یادم
ناسکترین دەنگ، شیرینترین ناو...
دەبێ هەر ئەمڕۆ
بڕووخێ لە یاد پەیکەری باڵا.
سڕ بێت لەسەر زار
ئاگرینترین وشەی سکاڵا...

ئەو سنگە نەرمەی
کاڵ و گۆشتن بوو،
بەهەشتی مەلی
ئارەزووی من بوو،
ئەمڕۆ تاوانە،نە زۆر و نە کەم،
وەک گەنجینەی خۆم
پەنجەی بۆ ببەم:
چونکە بێگانەم،تۆ بە هەڵە چووی،
هی پیاوەکەتە و
کۆرپەی تازەبووی!

ئەو قژە ڕەشەی کە پار و پێرار
بۆنی سەرمەستی دەکردم جار جار،
ببوو بە داڵدەی چاوی شەرماویم،
ڕەنگی پەڕیوم،لێوانی بە بار.
ئەمڕۆ دەبێ دڵ،ئەویش لەبیر کا،
تا تەنیا کۆرپەت دەستی لێ گیر کا!

🖊#عەبدوڵڵا_پەشێو
📆 #١٩٦٨_هەولێر

☑️@ShpolDarya

https://www.tg-me.com/joinchat-AAAAAFGbCt_oYZSqxGLqlA
📚ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ

ئەگەر خەرمانی عومرم
ئێستەکانێ پاکی با بیبا
بەمەرگی تۆ مچوڕکیشم
بەدڵدا نایە با بیبا
هونەر گەر خۆی پەرێشانی نەبایە
لەم وڵاتەیدا
بەشی من بۆ دەبوو
چارەڕەشی و خانەخەرابی با
لە کوێ حاڵی من و تۆ وا دەبوو
ئەی خۆپەرست ئێستا
ئەگەر دنیا ئوسوول و قاعیدە و
نەزم و حیسابی با
بە جامێ بادە تێر نابم،
گەر مەیلت هەیە ساقی
گلێنەی خۆم دەنێرمە خزمەتت
بۆم تێ کە تا بیبا
وەبەر من نایەڵێ لێرەش مەی و
ساقی جەنابی شێخ
دەنا لەولا شەراب و حۆری با
هەر بۆ جەنابی با
هەموو عومری ئەبەد
تێیدا نییە خۆشی دەمێک مەستی
خدر ئاوی حەیاتی بۆ چ بوو
فێری شەرابی با

🖊#مامۆستا_ھێمن

☑️@ShpolDarya

https://www.tg-me.com/joinchat-AAAAAFGbCt_oYZSqxGLqlA
📚ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ

من دارێکی باڵابەرزم
گەرچی تووشی
مەرگەساتی وەرزی ڕەشم
بەڵام هەرگیز سەرم
بۆ چیی دارکونکەرەی دنیا هەیه
دانانوێنم...

🖊#جەلال_مەلەکشا

☑️@ShpolDarya
2024/09/29 01:35:18
Back to Top
HTML Embed Code: