Telegram Web Link
📚✔️

بەدواى كۆچتا
من شيعرێكی لانەوازی
ڕەش و ڕووت بووم...
لە باوەشتا هەڵ ئەلەرزيم.
ساوا بووم و دار بەدەستيش!
بە دواى كۆچتا
من شۆڕەبى غەمگينی سەر
كەنارت بووم
كە ئەگريام هاژەت لەگەڵما ئەگريا.
ئەبووين بەیەك.
هەموو گۆپكەكانم چاو بوون
ئەوەی من ديم
چاوي مەولانە ديوێتی و
كەسي دی نا
گەڵاكانم هەمووی گوێ بوون
ئەوەی بيستم
هەر گوێی مەولانە بيستوێتي و
كەسي دي نا!
بەدوای كۆچتا
هەر ئەستێرەی نيگا تەڕ بوو
هۆن هۆن جريوەيان ئەڕشت!
لە ئاسماندا
من جريوەی چاوم ئەسڕی و
لە زەويشدا
شوێن پێی هەتاوم هەڵئەگرت!
ئەی كۆچەرە مەزنەكەی
سەرقافڵەی خەمی ياران
چاو هي خۆتە
ناخ هی خۆتە
لە ناو تۆدا من ئێستاكە
گوڵ خەندەرانی بەيانيم
تۆ بڕوانە
زەردەخەنەم بەڵام ئەگريم!

🖊#شێرکۆ_بێکەس

☑️@ShpolDarya

https://www.tg-me.com/joinchat-AAAAAFGbCt_oYZSqxGLqlA

@ShpolDarya

📖#بـراکـوژی

با کەس ڕەخنەیان لێ نەگرێ!
هەرچی دەیکەن، پاکە وەک نوێژ،
هەرچی دەیڵێن، وەک گەوهەرە!
دیالێکتیک..."سەرمایە"ی مارکس
فەرموودەی "ماو"یان لەبەرە!
ئەوروپایان هەموو دیوە
کە دێنە گۆ بۆ ڕۆژنامان،
پەیڤێک زێڕە، یەکێک زیوە!
لەندەن، پاریس، ئەنقەرە، شام...
یەکە یەکە پایتەختەکانی هەندەران
شارەزاترن لە شێخەڵڵا و
سابوونکەران چاک دەزانن،
کە ئەورووپا
بۆیاخچیی پسپۆڕی دەوێ؛
بۆ مەیخانان
پیاڵە و هیرباشۆری دەوێ؛
بۆ کۆڵکێشی
بازووی زۆر بەتینی دەوێ؛
کوردی چیایی ناولەپ زبر و
شان و پیل بەردینی دەوێ!
با کەس ڕەخنەیان لێ نەگرێ!
دەیانناسم:
لە پاکیدا، چاک و پیرن...
لە ژیریدا،
ئەنیشتاین شاگردیانە، هێندە ژیرن!
شارەزای مێژووی جیهانن،
کون بە کون، کەلێن بە کەلێن...
ستراتیژی دوژمن تەقەی بێ،
جبەخانەی تاکتیک پڕە،
مەخزەنێکی پێوە دەنێن!
دەیانناسم:
لە پاکیدا، چاک و پیرن...
لە ژیریدا،
ئەنیشتاین شاگردیانە، هێندە ژیرن!
بیانبینن!
بزانن لە پێناو ئێمە چەند بێتووکن؛
چەند پەڕپووت و ڕووت و گەدان؛
چۆن شەو و ڕۆژ تەنیا لە بیری ئێمە دان!
باوەڕ بکەن،
هەرچی دەیکەن، بۆ ئێمەیە!
هەرچی دەیڵێن، بۆ ئێمەیە!
هەر بۆ ئەوەی لەم ئازارە ڕزگارمان بێ و
خۆشاوی شەهادەت فڕ کەین:
هەر بۆ ئەوەی خوێن وەکوو نان گران نەبێ و هەموو جێیەکی لێ پڕ کەین:
یەکێک دێنن قڕمان بکا.
ئەگەر نەهات؟
فێرمان دەکەن یەکتر قڕ کەین!
با کەس ڕەخنەیان لێ نەگرێ!
شوان هەر شوانە...
پەز هەر پەزە... هەتا دەمرێ!
با کەس ڕەخنەیان لێ نەگرێ!

🖊#عەبدوڵڵا_پەشێو

☑️@ShpolDarya

https://www.tg-me.com/joinchat-AAAAAFGbCt_oYZSqxGLqlA
📚📚📚📚📚📚📚
🖊@ShpolDarya🖊

تا دوێنێ وامدەزانی ئەوەیکە
پیاوەکان ناتوانن دووگیان بن
بۆیان قازانجە،
بەڵام ئێستا ئەرخەیانم کە وانییە. هەستێکی زۆر خۆشە کە مرۆڤ،
هەست بە بوونی مرۆڤێکی تر
لە زگیدا بکات و
بزانێت کە لە جیات یه‌ک کەس،
دوو کەسە!
کاتێک دووگیان دەبی،
جاریوایە هەست دەکەی کە
دونیات لە چنگ دایە.
سوکناییەکت لە دڵ دایە
کە نە زامەکانت و نە گیرۆدەییەک کە زگی پڕ بۆت بەدی دێنێ،
ناتوانن لێت بستێنن...

#ئۆرییانا_فالاچی
📖 نامە بۆ زارۆکێک
کە قەت لە دایک نەبوو...

🖇فەرهەنگۆک

دووگیان،زگ‌پڕ: حاملە
قازانج: مزیت
سوکنایی: آرامش
زام (برین): زخم
گێرۆدەیی: گرفتاری
زارۆک: کودک

☑️@ShpolDarya

https://www.tg-me.com/joinchat-AAAAAFGbCt_oYZSqxGLqlA
📚ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ

📖#وتـەی_نـاوداران

عادەتەکان ئەتوانن مڕۆڤ لاواز بکەن...
هەر ئەوە بەسە مڕۆڤ بە برسیەتی و ئازار کێشان عادەت بکات...
بە لە ژێر ستەم ژیان کردن
تاکو ئیتر هەرگیز‌ بیر لە ئازادیی نەکاتەوە...
و بڕیار بدات کە لە ناو بەندی خۆی بمینێتەوە...

🖊#هێرتا_مولیر

☑️@ShpolDarya

https://www.tg-me.com/joinchat-AAAAAFGbCt_oYZSqxGLqlA

@ShpolDarya

📖#لە_دەستم_دێ

لە دەستم دێ
کاتژمێری کامەرانیت بوەستێنم.
لە دەستم دێ
ئەڵقەی پەنجەت پێ فڕێ دەم،
نامەی بەختت بسووتێنم...

لە دەستم دێ
هەموو شتێک ئاشکرا کەم
کام شەوت گەش و ڕووناکە
ئەو شەوی فوو لە چرا کەم...

لە دەستم دێ، بە دوو وشە
دڵی زاوای نووستووت ڕەش کەم
لە خۆشاوی شەوی پەردەتان بێبەش کەم...

نامەکانت یەک یەک ماون
دیارییە سادەکانت یەک یەک ماون
چاویان شۆڕە،
دەست لەسەر سنگ بۆم وەستاون.
لە تاوی ئەو کارەساتەم
ئارەقەی شەرم دەتکێنن
مۆری حەزێکی ئاگرین
بە ناو چاوتەوە دەلکێنن

تاڵێکی پرچت نەماوە تێر تێر بۆنم نەکردبێ
جێ دەرزییەک لە سنگی برسیت نەماوە
پەنجەم پەی پێ نەبردبێ..
گەواهی دەدەن لەسەرت
دارتێلەکانی سەر شەقام
گەواهی دەدەن ئەوانەی
نامەی تۆیان بۆ دەهێنام.

بەڵێ گیانە!
گەر بمەوێ کاتژمێری کامەرانیت بوەستێنم
گەر بمەوێ ئاڵقەی پەنجەت پێ فڕێ دەم،
نامەی بەختت بسووتێنم،
بەڵگەم پێیە...
هەزار بەڵگەی ئاشکرا و ڕوون
بەڵگەی چوار ساڵ پێکەوە بوون...
بەڵام چبکەم!
خۆشەویستیت، نەهەنگێکە؛
خوێنی هەڵچووم دەخواتەوە
خۆشەویستیت ڕووبارێكە؛
قینی ڕەشم دەشواتەوە!

🖊#عەبدوڵڵا_پەشێو

☑️@ShpolDarya

https://www.tg-me.com/joinchat-AAAAAFGbCt_oYZSqxGLqlA
📚ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ

لە باراندا
شیعرم ئەبێ بە چەترەکەت
لە هەتاودا
شیعرم ئەبێ بە شەماڵ و
بەسێبەرو
لە سەرمادا بە ئاگرو
لە شەواندا بە چراکەت...
هەر وەختێکیش
چەتر و شەماڵ و
سێبەر و ئاگر و چرای
من لات نەبوون
تۆ بزانە ئیتر شیعرم ئاوا بووە
منیش مردووم!

🖊#شێرکۆ_بێکەس

☑️@ShpolDarya

https://www.tg-me.com/joinchat-AAAAAFGbCt_oYZSqxGLqlA
✌️ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ

📖«تفەنگ و خوێن و چیا»

وتیان:كاكە
وشەی تفەنگ ڕەقە، زەقە، ناھەموارە
بەرھەڵستی گەشە و نەشەی شیعرەكانتە
شانی شیعرت بەو بۆنەوە بریندارە!
ئەی من چبكەم؟
نەخشەی گەورەی وڵاتەكەم
تفەنگێكە و بتانەوێ و نەتانەوێ
لە ناو ھەموو نووسراوەكانمدا دیارە!

وتیان:چیا زۆر سەركەشە
لا ناو شیعرێكی بەسەند و ڕێك و پێكدا
ناشرینە قوت بێتەوە
ئەی من چبكەم؟
نیشتمانم كوێستانێكە و
ھەرچەن ئەكەن
وشەی چیا لە ناو دێڕ و كرت و ڕستی شیعرەكانما ناچێتەوە!

وتیان:ئەی خوێن؟
خۆ ئیتر خوێن پێویست ناكا
لە ناو شیعرا خۆی بنوێنێ
ئەی من چبكەم؟
نیشتمانم دەریای خوێنە
ڕەنگی خوێن لە دڵۆپی خوێن بسڕمەوە
چی دەمێنێ؟
بتانەوێ و نەتانەوێ وشەی شیعری من ھەر خوێنە.

پێتان دەڵێم
شاعیرانی وڵاتەكەم، پێتان دەڵێم
سەری شیعری بێ چەك دەبڕن
شیعری بێ خوێن زەرد و بێ ھێز و لاوازە
شیعرێ چیای تێدا نەبێ
زگی دەدڕن!
پێتان دەڵێم
بۆیە شیعرم خوێناویە و سوورەڕەنگم
من شاعیری نیشتمانی خوێن و كوێستان و تفەنگم!

🖊#جەلال_مەلەكشا

☑️@ShpolDarya

https://www.tg-me.com/joinchat-AAAAAFGbCt_oYZSqxGLqlA
✌️ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ

پەنجەکانت بدە بە مانگ
ئەو بە شەودا
هەرچی ئەستێرەی خۆیەتی
یەکە یەکە ئەیکا بەگوڵ
ئەیدا لە قژی "شەنگاڵ" و
ئەیدا لە گۆنای "سرکانی"

تۆ چاوت بدە بە هەتاو،
ئیتر جیهان سەرسام ئەبێ و
لەو ڕۆژەوە دوو خۆر دەبن لە ئاسمان...
خۆری "عەفرین"ی قژ زەرد و
خۆری کچانی "کۆبانی"

خوێنڕێژەکان.،
داگیرکەرانی شەوەزەنگ،..
بە هەر ناوێک رووت تێ بکەن
بۆ بەیانی
کە دوو خۆری کوردان هەڵدێ...
چەن کەلاکێکی بۆن گڵاو،
نوقمن لە دەریای مردنا...

تەماشا کەن...،
چەن پەپوولەیێکی دڵدار..،
کە قژیان کردوە بە پەلکە و
دەم و چاویان دا بە هەتاو
هێدی هێدی هەڵئەفرن لە جێژوانی ئازادی دا

لەو دیوی سەنگەری عەشق یش،
کچێک چەکی لە شان ناوەو
قژی کاڵی کۆرپەی بەیان
بە "ئەی رەقیب" پەلکە ئەکا...

🖊#بـەهـا_فـەیـزی

☑️@ShpolDarya

https://www.tg-me.com/joinchat-AAAAAFGbCt_oYZSqxGLqlA
✌️ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ

☑️@ShpolDarya

کچی " #ئێرنێستۆ_چێگوارا "
لە سەفەری باوکی بۆ ناوچە کوردنشینەکانی سووریا باس دەکا!

کچی کەسایەتییە شۆڕشگێڕەکەی وڵاتی "ئارژانتین" دەڵێ: ئەگەر باوکم زیندوو بوایە دەکەوتە فریای کوردەکانی سووریا.
بەهەڤاڵی گۆڤاری کوردی Rudaw، وت و وێژێک لەگەڵ "ئالیداگوارا"، لە لایان ئەو گۆڤارەوە بەڕێوە چووە.
کچی "چێ" ڕایگەیاند کە باوکی لە سەفەری خۆی بۆ خۆرهەڵاتی‌ناوەڕاست، لە سەردانی وڵاتانی میسر، فلستین، لوبنان و سووریا، بۆ ماوەیەکی درێژ خەریکی باس و لێدوان لەگەڵ کەسایەتییە شۆڕشگێڕەکان و خەڵکی سڤیلی ئەو ناوچانە بووە.

"ئالیداگوارا" وتی:باوکم سەردانی ناوچە کوردنشینەکانی سووریای کرد و لە وێ بە وڵاتێکی جوان و دڵڕفێن یادی کردووە. ئەو لە "حەلەب" و "دەمێشق"ـیش چەند بنەماڵەی کوردی پێ ناسێنراوە و لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا، لە میوانداری بێ‌وێنەی ئەوان جەختی کردووە.
دڵنیام ئەگەر باوکم لە ژیاندا بوایە، ئەوڕۆ شان بە شانی شەڕڤانانی کورد لە مەتەڕێزەکانی شەڕ دەبوو.
بەڵێ باوکی من "ئارژانتین"ـی بوو بەڵام ئەگەر زیندوو بوایە، هەر وەک چۆن ڕۆژگارێک بۆ ئازادی وڵاتی "کووبا" دەستی دا چەک، ئێستاش پێ بە پێی کوردەکان، بۆ گەیشتن بە ئازادی یارمەتیدەریان دەبوو.》
کچی "چێ" لە کۆتاییدا، لە تەبایی و هێونی بە نێعمەتێکی گەورەی مرۆڤ بیری کردەوە و داوای لە کوردەکان کرد تا گەیشتن بە "ئازادی"،لە تێکۆشان دەست‌نەکێشن!

لە ڕاستەوە:
"چێگوارا"
"ئالیداگوارا"
"فیدێل کاسترۆ"

☑️@ShpolDarya

https://www.tg-me.com/joinchat-AAAAAFGbCt_oYZSqxGLqlA
🖊ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ

+ چ‌ گوناحه...
ــ بەڵام ئەو یەک هەرزە بوو!
+ بەڵام لە هەمان کاتدا مرۆڤێک بوو!

♦️هەمیشە ئەوەت لەبیر بێ
کە تەنانەت پیس‌ترین مرۆڤیش
مافی ئەوەی هەیە بۆ گەیشتن
بە بەختەوەری بژی...

🎬بێگانەکان لە ناو شەمەندەفەر
📆 ساڵی 1951

☑️@ShpolDarya

https://www.tg-me.com/joinchat-AAAAAFGbCt_oYZSqxGLqlA
📚ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ

📖#شێوە

من و پایز
وەکوو یەکین
تا دوا گەڵا
لەم خاکە دا هەڵدەوەرین!

🖊#ک_د_ئازاد

☑️@ShpolDarya

https://www.tg-me.com/joinchat-AAAAAFGbCt_oYZSqxGLqlA
‌‌‌‌



✌️ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ

☑️@ShpolDarya

نامەیەک بۆ #مەزلوم_کوبانی

دەزانم باش بوون لەم ساتەدا بۆتۆ
لە درۆی شیرینی ئەم شەڕڤانە دەچێت کە پێی کەوتووە بە سەر مینێک دا.
لەو کاتەدا
لە وڵامی زەنگی هاوسەرەکەیدا دەڵێ:
من باشم ئازیزەکەم، باشم!
لە دوێینێوە تێڕامانی وێنەکانت سڕیان کردووم لە چاوانتا خەمێکم لێوە دیار.هێندەی خەمی سێدارەکەی قازی تەنیایی نیشتیمانی تێدا دەبینم.
وای چ ئازارێکی مەزنە
لەو خەونەی نیشتمان
خەریکە دەیبینێت بە ئازادیەوە...
بە دەنگی تۆپ بێداری بکەنەوە
سەختە.
...
ژنڕاڵی ئازیز
مەزلوومی کوردان.
پێویست نیە تۆ خۆتمان پێ بناسێنیت
هەر ناوەکەت بەسە تا تۆ کێیت؟
تۆ گادفازێڕی[باوەگەورە]ئێمەیت
مرۆڤێکیت خۆڕاگریت لە کێوان دزیوە
کەرامەتت لە باڵی هەڵۆکان دەرهێناوە
بەڵام چی دەڵێیت...
کە ئەم سەرزەمینە پڕ بووە
لە قەلە ڕەشی خوێڕی
هەر کە زانیان بە پێوەیت
دێن لە کاسە سەرت ئەخۆن
کاتێ دەفڕیت...
پەلاماری بێچووەکانت دەدەن.
هاوڕێم مەزلووم
ئێمە گەلێکین
مرۆڤایەتی نامانناسێت...
" خودا "
هەر بۆ ئەوەی درۆست کردووین
گوزارشت لە تەنیایی ئەو بکەین
بۆیە نەکەس دمانناسێت
نەکەسیش باوەڕی بە بونمان هەیە.
ئیتر گەیشتمە ئەو باوەڕەی ئازادی ئێمە بە لوولەی تفەنگەکان نایەتە بوون.
بەو هەموو خوێنەی دەیڕێژین
تەنیا ڕەنگی سرووشت دەگۆڕین
هەر بۆیە بەهار لە نیشتمانەکەی ئێمەدا هەمیشە جوانترە.
...
شەڕڤانێک بۆی گێڕامەوە:
لە گەرمەی شەڕدا
هاوسەرەکەم هەواڵی پێدام
خودا کوڕێکی پێبەخشیوین
چی ناو بنێم؟
گوتم: ئازادی...
تا گەڕامەوە
هەردووکیان شەهید کرابوون...
...
ئاوایە؟ هاوڕێ
ئازادی لە نیشتیمانەکەی ئێمەدا
هەرگیز گەورە نابێت.
لە ماوەی چەندین ساڵی تەمەنم دا
ئەوڕۆ زانیم ناچاری واتای چیە
دەزانیت هەندێک بڕیار هەن
تا جارێک دەیدەیت
ئەو سەد جار دەتکوژێت.
لە قووڵی ئازارەکەت تێدەگەم پیاو
بەڵام ناچارێن هەموان بچێژین
ئەمەی تۆش کردت
هەرگیز فرۆشتن نیە هەرگیز...
بەڵکو ڕێگری بوو
لە سڕینەوەی نەژادی نەتەوەیەک.
سوپاس جەنگاوەر
سوپاس

🖊#عەبدوڵڵا_پەشێو

☑️@ShpolDarya

https://www.tg-me.com/joinchat-AAAAAFGbCt_oYZSqxGLqlA
✌️ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ

لەمێژە من
دەبمە زەریا و دەم وشکێنن
لەمێژە من
دەبمە چیا و دەم سووتێنن
لەمێژە من
دەبمە خۆر و دەم ڕووشێنن
لەمێژە من
دەبمە وڵات و دەم خنکێنن
من لە مردن قەد ناترسم
گەر لە خاکی خۆمدا بمرم
دەبمۆ بە خاک بۆ خاکەکەم
گەر لە خاکی تۆیشدا بمرم
دەبمە هێما بۆ بەرخۆدان
من ژیلەمۆم
بە کام شنەبا زۆر لاوازە
سەرلەنوێ دەبمە بڵێسە
من کۆتەی داربەڕووم
لەکام شوێنا زۆر بێ ئاوە
سەر لەنوێ دەڕوێمەوە
من چی ڕەگ و ڕیشەم هەیە
تاسەرپشتی گاڕەش چووە
باڵای مێژوم هێندە بەرزە
لەگەل کەشکەڵان جووت بووە
من دەسپێکم بۆ داهاتوو
من هەستێکم قەد نەمردوو

🖊#سەباح_مەریوان

☑️@ShpolDarya

https://www.tg-me.com/joinchat-AAAAAFGbCt_oYZSqxGLqlA
ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ

☑️@ShpolDarya

📖#بـراکـوژی

لەم نیشتمانە چارەڕەشەدا،
چیتان هێشتووە
دابەشی نەکەن وەک ڕەزی خۆتان؟
هەر بە شەهیدان سەرمان بڵند بوو،
ئەوانیشتان کرد بە پەزی خۆتان!

ناوێرم قەڵەمێک هەڵگرم.
ناوێرم کراسێک لەبەر کەم.
ڕووتان ڕەش بێ!
خۆ ڕەنگەکانیشتان بەش کرد.
بڵێم: خوێندکار یا قوتابی؟
ژن یا ئافرەت؟
ڕووتان ڕەش بێ،
تا وشەی ناو
فەرهەنگەکانیشتان بەش کرد!
دوو کەناری زێی جاویدانی،
خانی و حاجی قادرتان بەش کرد.
خاک و ئاو و ئاگرتان بەش کرد.
کوا؟ چیتان هێشت؟
کوا؟ کێتان هێشت؟
بگرە...
قەحبە و دز و ڕێگریان بەش کرد.

وەک زڕتەکی گاکوژ بەدەست،
نیشتمانێکتان کرد بە دوو...
شار بە شار، گوند بە گوند گەڕان،
لە هەر ماڵێک
ئاگردانێکتان کرد بە دوو!

خەڵک مێژوویەکی هەیە،
ئێمە دوو مێژوومان هەیە.
هەموو دنیا
یەک سەرکردەی لێ بەڵایە
ئێمە لەویش دوومان هەیە!

🖊#عەبدوڵڵا_پەشێو

☑️@ShpolDarya

https://www.tg-me.com/joinchat-AAAAAFGbCt_oYZSqxGLqlA
📚‌ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ

📖#ئه‌ی_گه‌له‌که‌م!

هه‌رچی گێلاسی شیعرمه‌
بیگوشمه‌ ناو ده‌رونته‌وه‌
به‌قه‌ده‌ر خوێنی شه‌هیدێک
گۆنات سوور هه‌ڵناگه‌ڕێنێ!
هه‌رچی ڕووباری شیعریشمه‌
بیخه‌مه‌ سه‌ر ده‌شتی له‌شت
به‌قه‌ده‌ر خوێنی شه‌هیدێک
تینوێتی ڕێگه‌ت ناشکێنێ!
ئه‌ی شه‌هیدانی وڵاتم!
هه‌رچی وشه‌ی
جوان و نازداریشم هه‌یه‌...
هه‌ڵیان چنم چه‌ند به‌رزبن
هه‌ر له‌خوار ئه‌ژنۆتانه‌وه‌ن
بۆیه‌ ئه‌ڵێم چاکتر وایه‌
ئێوه‌یان دی سه‌ر دابخه‌ن!

🖊#شێرکۆ_بێکه‌س

☑️@ShpolDarya

https://www.tg-me.com/joinchat-AAAAAFGbCt_oYZSqxGLqlA
📚ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ

📌#وتـەی_نـاوداران

کاتێک ژنێک لەگەڵ ئێوە
قسە دەکات،
گوێ لە قسەکانی مەگرن...

سەیری چاوەکانی بکەن،
بزانن چی دەڵێت...

🖊#ڤیکتۆر_هۆگۆ

☑️@ShpolDarya

https://www.tg-me.com/joinchat-AAAAAFGbCt_oYZSqxGLqlA
2024/09/29 03:33:37
Back to Top
HTML Embed Code: