Telegram Web Link
بە نێوی خودای هەست و شعور

🟢هاوارێک له زاری نووسەرانەوە


وێڕای سڵاو و ڕێز بۆ خۆشەویستان

ئازیزان هەر نووسراوەیەک بۆ نووسەرەکەی وەک گەوهەرێکی پڕ بایەخە,جا ئەو نووسراوەیە شێعر بێ پەخشان بێ یا چیرۆک,کە نووسەر لە دونیای بێ باوەڕ و بێ دەروپەیکەری مەجازی دا دەیخاتە بەر چاوی بەردەنگ
تا بەم جۆرە نووسراوەکەی بگاتە دەستی کۆمەڵگا و خەڵک چێژی لێوەرگرێ

بەڵام مەخابن و هەزار مەخابن ,تاقمێکی ناحەز و نالەباری دونیای مەجازی دێن ناوی نووسەر له سەر بابەت دەسڕنەوە و لەوش خراپتر ئەوەی کە جاری وایە نێوی خۆشیانی له سەر دەنووسن

له ناو تۆڕە کۆمەڵایەتێکان و کاناڵە جۆراوجۆرەکان بێ نێو یا بە نێوی خۆیان بڵاوی دەکەنەوە
کە ئەو کاره قێزەونە نە تەنیا دزی ئەدەبیه و جەفا لە ئاستی نووسەرە بەڵکوو خەیانەت لە ئەمانەتیشە و غەدر لە ئەدەبیاتە
زوڵم و جەفا لە نووسەرە کە خودا دەزانێ چەندی زەحمەت کێشاوە تا ئەو بابەتە ئامادەکا و بیخاتە بەر چاوی بەردەنگ
ئێمەی کورد ئەگەریش بایەخ بۆ نووسەرانمان دانەنێین و ڕێزیشیان لێنەگرین و پشتیوانیان لێنەکەین ,لانی کەم با ئەم خەیانەتە دەرحەقیان نەکەین و ئەمانەتدارێکی باش بین


🔵سپاس بۆ ئەوانەی ئەو بانگەوازە ڕادەگەیێنن



🖊برای بچووکتان
#ئەیوب_ئەحمەدی(تینوو)



🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃
@auoobahmaditinoo
دڵنیام زۆری نەماوە عومری بێ مایە و بەهام
خاترت جەم بێ کە بەرگەی بێ وەفاییت ناگرم

سەر بە فیدای تۆ, دەزانم قەستی کوشتنمت هەیە
حازرم بمرم هەتاکوو خاتری تۆ ڕاگرم


🖊#ئەیوب_ئەحمەدی (تینوو)



🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃
@auoobahmaditinoo
بیری مناڵیم کردوه



بیری دەورانی مناڵیم کردوه
یادی کاتی کرچوکاڵیم کردوە

بیری بابۆڵەی پەنیر و خاکە قەند
بیری نانی ویشک و خاڵیم کردوه

پڕ بە دڵ مەزراقی ژینم تین دەدا
بیری کاتی بێخەیاڵیم کردوە

باوەشی دایکم بەهشتێک بوو لەبۆم
بیری ماچی کوڵمی ئاڵیم کردوە

پڕ بە دڵ کۆڵان بە کۆڵان ڕام دەکرد
بیری ژینی دوور لە تاڵیم کردوە

بیری لادێ و هاروهاجی وێ دەکەم
بیری کاتی بێهەواڵیم کردوە

ئەسپی ژینم پڕ بە هیوا تاو دەدا
بیری ساتی ئاش بە تاڵیم کردوە

بیری کورسی و پێخەفی گەرمی دەکەم
بیری تەون و داری قاڵیم کردوە

بیری ژووری پڕ له قورمی ڕەش دەکەم
بیری سفرە و هەوروهاڵیم کردوە

یادی چیرۆک و حەقایەت کاتی شەو
بیری تامی شێعری ناڵیم کردوە

چەندە تینووی کاتی منداڵیم گەلۆ
بیری عۆمرێکی خەیاڵیم کردوە

بیری هەوراز و نۺێوی دێ دەکەم
بیری شاخی بەرز و یاڵیم کردوه


#ئەیوب_ئەحمەدی(#تینووکۆکەیی)



سپاس بۆ هاوڕێیتان 👇👇👇

🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂
@auoobahmaditinoo
Media is too big
VIEW IN TELEGRAM
بیری مناڵیم کردوە


هۆنراوە و خوێندنەوه
#ئەیوب_ئەحمەدی(تینوو)



🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂
@auoobahmaditinoo
کۆنە دیوانم له تاقەی بێکەسی دا نیشتەجێم
یەک وشەی بەرگی دڵم ناخوێننەوه هەرچی دەڵێم

بەرگی خەمباری بە باڵای من بڕیوە ڕۆژگار
ڕەنگی سەوزی شادمانی و بەختەوەر بوون نایە لێم


🖊#ئەیوب_ئەحمەدی
#تینووکۆکەیی



🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂
@auoobahmaditinoo
شەوانی بێقەراری



ئەگەر نوێژی ئەوینم ڕوو بە ماڵی تۆ نەکەم, چبکەم؟
لە سەر بەڕماڵی دڵ یادێک لە حاڵی تۆ نەکەم ,چبکەم؟

خەیاڵت بەزمی چەن ساڵەی شەوانی بێقەرایمە
لە دووری چاوەکانی تۆ خەیاڵی تۆ نەکەم, چبکەم؟

وەگیانی تۆ لە گیانی خۆم گەڵێ خۆشتر دەوێی نازێ
بە بێحاڵی ئەگەر تاسەی جەماڵی تۆ نەکەم, چبکەم؟

هەناوی من بە چەشنی خاڵی سەر ڕووتە لە هیجرانت
لە شێعرم دا ئەگەر یادێک لە خاڵی تۆ نەکەم, چبکەم؟

لە شەوگاری تەمەندا خەو حەرامی دیدەکەی من بوو
لە تاوی تۆ ئەگەر زیکری کەماڵی تۆ نەکەم, چبکەم؟

مەحاڵاتێکی نایابی ,چلۆنت من بە دەس بێنم؟
ئەگەر فیکری ویسالی زۆر مەحاڵی تۆ نەکەم, چبکەم؟

چلۆن مەستی بکا تینوو, بەخۆشی ڕابرێ تاوێ
ئەگەر ماچێ لە لێوی سوور و ئاڵی تۆ نەکەم, چبکەم؟

وەتەن قوربانی خاکت بم که ژینگەی دیدەمەستانی
ئەگەر تەعزیم لە بەر سروەی شەماڵی تۆ نەکەم, چبکەم؟


🖊#ئەیوب_ئەحمەدی(تینوو)



کاناڵی شێعرەکانی تینوو 👇👇👇👇
🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃
@auoobahmaditinoo
Forwarded from اتچ بات
"سەلاح داودە"

ئەو مریەمی چاوی جوانە






🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃
@auoobahmaditinoo
چەواشە



بە گەواهی پەڕەی مێژوو
بە شاهیدی چیاکانی خۆڕاگری
تا بە ئێستا
له شۆڕشی چەندین
ساڵەی کوردەواری
کۆڵی نەداوه گەلی کورد
بە زۆرەملی و بە زۆرداری
تەنیا بە پیلان و سیاسەت
بە دووڕوویی و بە خەیانەت
بە چەواشە و براکوژی
خوێنی گەلی کوردیان مژی
با یەکێتی بگرینە بەر
دەبا بە خۆدا بێینەوه
هەڵەی ئاوا نەکەینەوه



🖊#ئەیوب_ئەحمەدی(تینوو)




🍂🍃🍃🍂🍃🍂🍃🍂
@auoobahmaditinoo
لەو وڵاتەی
که بایەخی مرۆڤەکان
بە پارە هەڵدەسەنگێنن

ویژدانەکان نوقمی شەون
ئینسانیت لە خەو دایه
دونیا بە کەیفی گەمژەیە
زانا لەژێر ستەم دایە


#ئەیوب_ئەحمەدی(تینوو)


🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃
@auoobahmaditinoo
نایەڵێ دووریت کە ساتێ بەرگی مێحنەت دادڕم
بێهەواڵیت بۆتە گڕکانی دەروونی پڕگڕم


خۆزگە دەتزانی کە لێرە من لە تاوت چی دەکەم
هەر خەریکم کێوی دووری تۆ بە نینۆک دابڕم


#ئەیوب_ئەحمەدی
#تینووکۆکەیی



🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂
@auoobahmaditinoo
شەوانی بێقەراری
Auoobahmaditinoo
شەوانی بێقەراری

هۆنراوە و خوێندنەوە
#ئەیوب_ئەحمەدی(تینوو)


🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃
@auoobahmaditinoo
#شێعر


شێعر گڕە
شێعر سۆزه
شێعر ئیلهامی جوانیە
هەڵوێستێکی ئینسانیە
زایەڵەی سۆزی ئەوینە
هەوای سەوزی بارانیە
سکاڵای دەروونی کەیلە
چەخماخەی دستپێکی عەشقە
ناوەڕۆکی گۆرانیە
برووسکەی یادی هەرمانه
هاژەی ڕووبار وکانیە
جمووجۆڵی مێشکی ژیرە
نەوای بلوێری شوانیە
کۆنە شەڕابێکی خەستە
لێوڕێژ بوونی جامی هەستە
هاواری کامەرانیە
گەردەلوولی سەربزێوه
گڕووگاڵی دڵی کەیلە
ئاوێنەی جوانی سرووشتە
کازیوەی دەم بەیانیە
بەهار و سەوزەڵانیە
سەرهەڵدانی باوەڕێکی ئاسمانیە
بە وتەی حەزرەتی هێمن
بانگەوازی یەکسانیە


#ئەیوب_ئەحمەدی(تینوو)




🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂
@auoobahmaditinoo
قار و ئاشتی



سەرم سووڕما چ پڕ ڕاز و نەهێنی
لە بۆ من هەم خەمی هەم خەم ڕەوێنی

بە ئایێک مەست و مەسروورم هەتا بێی
بە نایێک دەمتەزێنی دەمهەژێنی

دەمێ شادی دەبخشی پێم چ سەیره
دەمێکیش تا دەتوانی دەمگرێنی

بە گوفتوگۆ دەڵێی قارم له گەڵتا
بە ئیشارە و بە ئیما دەمدوێنی

دەمێ نازی دڵی کەیلم دەکێشی
دەمێ چەشنی جەفاکار دەیشکێنی

له زارت هەر وشەی نانا دەبیستم
بە چاوانت دەدرکێنی بەڵێنی

دەمێ وادەی ویسالم بۆ دەنێری
دەمێ یاسینی مەرگم بۆ دەخوێنی

دەمێ نامەی بەڵێنیم بۆ دەنووسی
دەمێ بێ هیچ وەڵامێ دەیدڕێنی

دەمی مەرهەم دەمێ دەرد و دەمێ خەم
دەمێ بۆ شێعر و هەڵبەستم هەوێنی

منی تینووی جەرگ سووتاو چ کەردەن ؟
بە شێلاقی وشەی نا دەمتەزێنی


#ئەیوب_ئەحمەدی(#تینووکۆکەیی)



🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂
@auoobahmaditinoo
هەواری پێکەنین



ئەگەر خودا بدا تەمەن دەچینە شاری پێکەنین
بە کامی دڵ بە نۆتی حەز دەدەین لە تاری پێکەنین

لە گوڵشەنێ سەما دەکەین خەمی زەمان بە بادەدەین
دەبینه خوێنی سووری گەش له نێو دەماری پێکەنین

بزەی ئەوین که قاتیە له عەهدی بێ بەڵێنی دا
دەخەینە ناخی شێعرەوه چرۆی بەهاری پێکەنین

بە دووبەدوو بەچەشنی زوو شنەی وەفا دەخەینە ڕوو
دەبینه گوڵوشەی ئەوین لە سەر وتاری پێکەنین

کەسەر دەخەینه نارەوە, بزەش دەخەینە زارەوە
لە نەخشی یەک نیگارەدا چ جوانە زاری پێکەنین

سەفەر دەکەین بەرەو بەهار بەرەو بەهار و لالەزار
لەوێ خەفەت دەبەین بە بووک دەبینە یاری پێکەنین

چ تینووە دڵم گوڵم کە بێیتە لام بە خەندەوە
لە باوەشی حەزت گرم لە دەم هەواری پێکەنین



#ئەیوب_ئەحمەدی
(#تینووکۆکەیی)



🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂
@auoobahmaditinoo
2024/10/01 02:39:25
Back to Top
HTML Embed Code: