Telegram Web Link
لێم گەڕێن




تیغی ناکەس پێست و ئێسقانی جنیوم لێم گەڕێن
دەردی ژین تەنگی لە ژین پێ هەڵچنیوم لێم گەڕێن

هێندە پللاری نەیاری دا لە گورچووی من زەمان
دەرکی خۆشبەختی بە حەسرەت ئاخنیوم لێم گەڕێن

دێوی مەینەت سێبەری شوومی لە سەر من لانەبرد
شاکلیلی شادمانی لێ دزیوم لێم گەڕێن

بووکی شادی قەت بە ڕێبواری بە ماڵم دانەهات
من لە ژێر لۆمەی نەیاران دا چەمیوم لێم گەڕێن

سازی ناسازی زەمان ساتێک بە دڵخوازم نەبوو
دایەنم نێوکی به بەدبەختی بڕیوم لێم گەڕێن

خەنجەری دەستی نەیارانم له پشتی ڕاچووە
چەشنی بەرگی زەردی داران هەڵوەریوم لێم گەڕێن

پیرە زریانی زەمان بەربۆ لە باغی ئارەزووم
دەفتەری شێعر و وتاری لێ دڕیوم لێم گەڕێن

هەڵبڕاوم من له خزم و ئاشنایانم گەلۆ
خۆم له سووچی بێکەسی خۆم دا خزیوم لێم گەڕێن

ڕازی دڵ بۆ کەس نەڵێم چون کەس لە کەس حاڵی نیە
بێ پەناهێکم منی تینوو هەتیوم لێم گەڕێن


#ئەیوب_ئەحمەدی_تینوو



🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃
@AuoobAhmadiTinoo
بەڪاتی چاوەڕوانی



شەو درەنگانە و بە کاتی ئاشقی
تا بفەرمووی ئینتزارم چێشتووە

بوونەوەر نووستون سکوتێکی بە سام
خۆی له سەر عەرزی خودا ڕاخستووە

چرکەکان پابەندی دیواری خەمن
کاتژمێری کامەرانیم نووستووە

شەو درەنگانە و بە کاتی بێکەسی
وێنەکانی تۆم لە ئامێز گرتووە

ڕەنگی ژانی گرتووە پێنووسەکەم
چاوی لێنووسی بە ماتەم ڕشتووە

چاوی ئەستێران تەواو نوقمی خەون
خۆم لە ئامێزی سڕی شەو خستووە

نوقمی ئازاران هەموو کۆڵانەکان
ماڵی بێتۆییم بە خەم داڕشتووە

نووری هیوایەک بەدی ناکەم لەشار
ڕووحی تینووی ئارەزووی خۆم ناشتووە

زۆر له ڕێگای چاوەڕوانیت دا گوڵم
تامی ژەهری ئینتزارم چێشتووە



#ئەیوب_ئەحمەدی_تینوو



🍃🍂🍃🍂🍃🍃🍂
@AuoobAhmadiTinoo
تامەزرۆ



چەندە شەیدایی بزەی ئەو لێوەتم
عاشقی خولیای وشەی ئەو نێوەتم

ئەی گوڵی خاوەن شکۆی کۆشک و تەلار
دڵ بە تاسەی دیتنی ئەو شێوەتم

تۆ لە قەندیلی وەتەن پەروەرده بووی
شاخەوانی پڕ ورەی ئەو کێوەتم

سێوی مەمنووعەن بەهەشتی سینەکەت
چەندە تامەزرۆی مەزەی ئەو سێوەتم

حەڵقەکەی زێوینی دەستت گەوهەرە
پاسەوانی دڵ بە سۆی ئەو زێوەتم

بەژنەکەت داری ڕەزی چەند ساڵەیە
چاوەڕێی پێگەیشتنی ئەو مێوەتم

تا لە کانی ناو دمت #تینوو نەخوا
هەر بە تاسەی خواردنی ئەو لێوەتم

تۆ کچی شاری گوڵی هیوا, منیش
کۆخ نشینی بێکەسی نێو خێوەتم



#ئەیوب_ئەحمەدی_تینوو



🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂
@AuoobAhmadiTinoo
بە پێی چوونە سەری تەمەن ئاوات و ئارەزۆکان گەورە دەبن؟؟

کاتی منداڵی لە دێ هەمیشە پێڵاوی جیری دڕاوی چەند جار پینەکراوم لە پێ دا بوو هەمیشە بە ئاواتەوە بووم جووتێک کەوشی ئادیداسم بێت
تا خودا وای کرد لەو ساڵەی لە گوندەوه بۆ درێژە پێدان بە خوێندن هاتمە شار و بە ئاواته لە مێژینەم گەیشتم
دووهەمین ئارەزووم دووچەرخە بوو
کە دوای سێ چوار ساڵ توانیم بە ئاواتەش بگەم بەڵام چ دووچەرخەیەک!!!
دووچەرخەیەک بوو کە ئەوەندەی کە من سواری دەبووم چەند ئەوەندە ئەو بە کۆڵی منەوە بوو
کەم کەم تەمەن ڕۆیشتە سەرتر ئاواتەکانی منیش کەمێک گەورەتر بوو
ئەو جارە تەواوی ئاواتم ئەوە بوو کە ماتۆڕێکی سواریم بێت
کە بەو ئاواتەشم گەیشتم
وای لێهات که پاش چەند ساڵ لەویش وەڕەز بووم
ئەو کەڕەت هەوای کڕینی ماشێن له سەری دام
کە توانیم پاش چەند ساڵ تامەزرۆیی بەو هیوا و ئاواتەشم بگەم
بەڵام هەمیشە ئەو داخەم لەسەر دڵە کە بە هیچ یەک لە ئارەزۆکانم لە کاتی خۆی دا نەگەیشتم
کەچی ئێستا وام لێهاتووە که بە هیچی ئەو شتانەی که ڕۆژێک ئاخم بۆ هەڵدەکێشان ئێستا هەمن دڵخۆش نیم

ئەلحانیش زۆرتر ئاخ و حەسرەت هەڵدەکێشم بۆو نیعمەتانەی کە خودا پێی دابووم و ئەودەم قەدرم نەدەزانین

زۆر جار چاومان نیعمەتە گەورەکانی خودا نابینێ و تەنیا شتی چکۆلەمان لەبەر چاوە
ئەلحان حازرم پێڵاوم نەبێ جلکی بەرم شڕ بێ ماڵ و ماشێنم نەبێ تەنانەت دەست و لاقێکم نەبێ تەنیا و تەنیا سێبەری بابم لەسەر بایە و بەس
بەڵام هەزار مەخابن



#ئەیوب_ئەحمەدی_تینوو



🍃🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂
@AuoobAhmadiTinoo
تۆم دەوێ



لەو کەلاوەی ژینی سەختی پڕ هەرادا تۆم دەوێ
لەو ژیانەی پڕ هەرایەی بێ سەفادا تۆم دەوێ

تا هەناسەم تێکەڵی ڕووحی ئەوینی تۆ دەبێ
خۆم وەبەر ژانی زەمی تیری خودادا تۆم دەوێ

زۆر لە مێژە ئاشنامی گەرچی بێگانەی لە من
تا لە سینەم بۆ دەمێکی دڵ هەدادا تۆم دەوێ

هێندە بێ حاڵم له تاوت ڕوو بە مردن ڕادەکەم
با خودا زام و برینی من شەفادا تۆم دەوێ

تا دەمی ئاخر هەوێنی شیعر و ئاواتی منی
تا فەلەک جەستەم وەبەر بادی فەنادا تۆم دەوێ

تۆ چرای ڕووناک دەکەی ڕێگای ژیانم دیدەڪەم
تا هەتاوی ڕووت له ماڵی ئێمە لادا تۆم دەوێ

جەرگی تینوویان جنیوە کێردی لۆمەی ناحەزان
خۆم وەبەر لۆمەی هەزاران ئاشنادا تۆم دەوێ


#ئەیوب_ئەحمەدی_تینوو



🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂
@AuoobAhmadiTinoo
خاوەن جەماڵ



فریشتەی جوانی خێڵی چاوکەژاڵان
دزی هەستم دڵی بردم بەتاڵان

غەزەل کەم دێ قەسیدەی بۆ دەنووسم
برووسکەی شێعرە بۆ ناسک خەیاڵان

بە ئیلهامێک له چاوی بوومه شاعیر
خودای جوانین لە لای خاوەن جەماڵان

بەڵێنی زۆری داوەو دەیشکێنێ
بە شاهید بن هەموو دۆست و هەڤاڵان

دەترسم ئاهی من داوێنی بگرێ
جەلێک نەیدا زەکاتی وردەخاڵان

بڵێی ڕۆژێکی تووشم بێ بە تووشی
لە داوێنی کەژ و کێو و نەواڵان

بە تاسەی ئەو دڵەی خۆم ڕایبمووسم
هەتاکەی چاوەڕێ بم چەندە ساڵان؟


لە پیری ژیری ئاشق زۆر دەبیستم
دەڵێن زۆر خۆشە ماچی کرچ و کاڵان

منی کردۆتە ئاوارەی کەژ و کێو
خەمی ئەشقی منی خستۆتە یاڵان

هەتا ڕۆژی حەشر شەیدایە تینوو
گڕووی گرتۆ لە تاوی وەک مناڵان



#ئەیوب_ئەحمەدی_تینوو



🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃
@AuoobAhmadiTinoo
جاری وایە هێندە بیری چاوەڪانی تۆ دەڪەم
خاکی بەرپێڪەت له سەر گۆڕی غەریبیم ڕۆ دەڪەم

ئافەتێک ڪەوتۆتە خرمانی ژیانم چاوەڪەم
ژینی بێتۆیی مەحاڵەو بیر لە مەرگی خۆ دەڪەم

#ئەیوب_ئەحمەدی_تینوو


🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂
@AuoobAhmadiTinoo
تاقەدار



لە ژێر ڕڪێفی تەنیایی
دوور لە زێد و لە ئاوایی
دەڕوانمە تاقەدارێ
ئەو تاقەدارەی ڪە لەبۆم
بۆتە ڕووگەی ئەوینداری
بۆتە مەڪۆی دیدە مەستێک
نیسێ دەداتە ڕوخساری
هاوار بڪەم
بە کێ بڵێم؟
دەردی سەختی بێقەراری
زۆرم چێشتۆ ئینتزاری

شەماڵم دێوە بە هاوڕاز
واچاکە بیڪەم بە هاواڵ
هاوارم کرد
شەماڵ شەماڵ

بێنە بۆنی تاقەدارێ
لەوێ نووستۆ
تاقە یارێ
پەخش و پەرێشانی کردۆ
زولف و ئەگریجەکەی جوانی
بێنە نەچی بۆم نەهێنی
نەچی حەز بەدی نەهێنی
بۆنی خۆشی وەک ڕیحانی
بێنە کە دڵ بۆتە عەوداڵ

نەچی یەگجار بە تووندی بێی
لە خەوی نازی هەستێنی
نەچی ئەگریجەڪەی جوانی
بەدەم باوە بژاکێنی
نەچی وەدەر خەی ڕەشە خاڵ

ئەم جار دەڵێم
هەزار خۆزگە
هەزار بریا
بە تاقەدار
هەزار خۆزگه بە گەڵاکەی
بە ڕیشەکەی
بە شاخەسار

ئەمجار دەڵێم
بریا منیش گەڵایەک بام
لە سەر لقێک
لە ئاسمانی جوانی دارا
دەمڕوانی له زولف و نیگار
هەڵمدەمژی شنەی شەوبۆ
بۆن و بەرامەی تاقەیار


خرمانانی 79 هەتاوی
ڪۆکە(شیرازی موکریان)


#ئەیوب_ئەحمەدی_تینوو




🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂
@AuoobAhmadiTinoo
2024/09/30 21:29:38
Back to Top
HTML Embed Code: