Telegram Web Link
(کامێرای ڕۆح)

ڕۆحم
کامێرای ڕووتە و
چرکەچرکە
وێنەی شازت لێهەڵدەگرم
پڕپڕ دەبم
لە جوانیت
لە شیرینیت
لە ئەوێنت
ئەوسا جوانی دیتوو
بێ خەم دەمرم
کاتێ
پۆلێ فریشتەی خودا
دەورم دەدەن
لێم دەپرسن لە ئیمانم
لە خۆشەویستی دەستکردی ئەو
دەیخەمە سەر سەفحەی ڕۆحم
با بیبینن
سەدان وێنەت نیشتمانم !

     شــــــــــەماڵ ئیسماعیل‌پوور

@taqetirega
Forwarded from لکێنەر بات
(کاتێک مامۆستایەک زیندانی دەکرێت )

کاتێک مامۆستایەک زیندانی دەکرێت ، زانستیش دەچێتە زیندانەوە. چونکە مامۆستا خاوەن زانستە و تاکی کۆمەڵگا بە هۆی مامۆستاوە فێرە زانست دەبێت و دەبێتە کەسێکی زانستی .
کاتێک مامۆستایەک زیندانی دەکرێت، هەموو منداڵانی ئەو کۆمەڵگایەش زیندانی دەکرێن. چونکە مامۆستا پێشەنگ و سەرچەشن و تاقانە مرۆڤێکە وا بەشێوەی فەرمی و زانستی لەگەڵ بیر و هزری منداڵاندا دەژیەت و دەبێتە چرای بیر و هزر و تێگەیشتوویی ئەوان.
کاتێک مامۆستایەک زیندانی دەکرێت،هەموو بیرەجوانەکانیش زیندانی دەکرێن. چونکە مامۆستا سەرچاوەی هەموو بیرەجوانەکانی کۆمەڵگایە و هەر ئەویش بیری فەیلەسووف و زاناکان شی دەکاتەوە و تێکەڵ بە بیر و هزر و خوێنی کۆمەڵگای دەکات.
کاتێک مامۆستایەک زیندانی دەکرێت، ئازادی قۆرغ دەکرێت و دەچێتە بەندەوە. چونکە مامۆستا بیری ئازادیخوازی و بەئازادی ژیان فێری منداڵان و تازەلاوان و  بەرەی داهاتوو دەکات.
کاتێک مامۆستایەک زیندانی دەکرێت ، کتێب دەچێتە بەندەوە. چونکە یەکەم هاوڕێ و یار و دڵداری کتێب مامۆستایە و هەر ئەویش تام و چێژی خوێندنەوە دەخاتە ڕۆح و مێشکی منداڵانەوە.
کاتێک مامۆستایەک زیندانی دەکرێت، هەموو جوانی و ئاکارە جوانەکان دەخرێنە بەندەوە. چونکە مامۆستا نوێنەری ئاکاری جوان و مامۆستای تاکی کۆمەڵگایە بۆ ئەخلاق جوانی.
کاتێک مامۆستایەک زیندانی دەکرێت، هەموو قوتابخانەکان دەبنە زیندان. چونکە قوتابخانە تەنیا جێگایەکە تێیدا مامۆستا و قوتابی ڕاهێنانی ژیانی سەربەست و پڕکەرامەتی تێدا دەکەن و ژیان تەنیا لەوێ بۆنی پاکی و جوانی و زانایی دەدا.
کاتێک مامۆستایەک زیندانی دەکرێت، زیندان بۆنی ژیان و قوتابخانە و جوانی لێدێ و دەبێ ئەو هیوایەمان لەدڵدا بێت کەوا هەموو زیندانەکان ڕۆژێک بکرێنە قوتابخانە.
کاتێک مامۆستایەک زیندانی دەکرێت،........
       

شـــــــــەماڵ ئیسماعیل پوور
@taqetirega
Media is too big
VIEW IN TELEGRAM
قۆزاخەیەك له خەون و بۆنی فیراق   


مەڕۆ هاوڕێم

 لەم قۆزاخه  تەریكەدا
 خەونەكانم
 جینگڵی
 زامدارێكی نێو پێخەف و
 قەتماخەی
 زامێكی دەمداپچڕاوی
 چێشتەنگاوێكی كرمنن
 تەنیا به سروەی سووكی هەناسەت
 پەپوولەی هەستی قەتیسم
 بای باڵ  دەدا و
 بۆ شكانێ دێته جۆش
مەڕۆ هاوڕێم
 تۆ شەكەت و من لەپێكەوتوو
 بەرەو نەمانه ئەم ڕێیه
 به لقی بێگیانی داری گوێڕێوه
 چلووره هەناسەی بێخاوەن و
 سەدان ئەوینی سەرما بردووه

مەڕۆ هاوڕێم
 خۆ له ئامێزی زستان خستن
 سووتانی هەناوی ئاگره و
 شایلۆغانی تابۆكان
 بۆ سەما كردن لەبەر دەم 
 روخسارێكی دزێودا
 پێملبوونه پێملبوون

مەڕۆ هاڕێم
ئەم زستانه
 دەیان چلەی گۆپاڵ بەدەستی
 چاوشینیشی بێت
 بەهارێكی گەش بەڕێوەیه
 پیرەزریان
چەند شێتانه
 له سەر جەمسەری كۆتایی
 كورسی زستانا
 ڕۆمانی فیراق دەنووسێ
 وا له حەنجەرەی
شەماڵا
 له سەر شوستەی وەسڵ
 جووتێ قومری عاشق  سەما دەكەن
 له پەنجەرەی
 دیوانی پیرەئەویندارەكەی موكریانەوه
 رۆحی شاعێر
ئاوێتەی
 چریكەی ئەهوورایی "ماملێ‌"یه و
 هەناسەكەم:
 « وەرەوه به شەرتی جاران
 رۆژێ سەد جارت فیدا بم»


  ‌               شەماڵ ئیسماعیل پوور

@taqetirega
خاک و هونەر لە پەنجەکانی«خاتووزین» دا

                              شەماڵ ئیسماعیل پوور

ناوچەی تورجان بەشێک لە موکریانە و خاوەنی گەلێک ئاوایی ناودارە کە هەرکامیان بە بۆنەی کەسایەتییەک یاخۆ چەندین کەسایەتی خاوەنی ناو و ناوبانگێکی کوردستانین. تورجان وەکوو دارولعیلم و ناوەندی زانین چەندین کەسایەتی سیاسی و ئەدەبی و هونەری گەورەی لە خۆیدا پەروەردە کردووە کە شوێن پەنجەیان بەسەر مێژووی ئەم گەلەدا دیارە. زەمبیل وەکوو ناوەندی تەریقەی قادری خاوەن چەندین کەسایەتی ئەم بوارە بووە و هەر وەها شاعێر و هونەرمەندی ناوداریش لەو ئاواییەوە سەریان هەڵداوە . قاقڵاوای ئاوات و شێعریش وەکوو ئەستێرەیەکی پرشنگدار لە نێو ئەو کۆمەڵە گوندەدا دەدرەوشێتەوە. قەرەگوێزیش خاوەنی پرشنگی خۆیەتی و بە خێڵی پیرەشاهۆ و سوارەوە خاوەن ناوە. گەردیگلان و جەمیان و شیلاناویش هەرکام خۆیان بە کەسایەتی ئەدەبی و نووسەری چالاکەوە دەناسێنن و هەرکامیان بێشکەی کەسایەتی ناوداری ئەم نیشتمانەن. لە پەنا ئەم ئاواییە پرشنگدارانەدا بۆگەبەسی خاوەن قەڵا و مێژووی کۆنیش بە بۆنەی خاتووزینی هونەرمەندەوە پرشنگ داوێ و سەرێکە لە نێو سەراندا. با بزانیین خاتووزین کێیە و چۆن بە پلەی هونەرمەندی گەیشتووە؟ 

بە پێی ڕێکەوتی سەر پێناسەکەی خاتووزین ساڵی ١٣٠٠ لە ئاوایی بۆگەبەسی لە دایکبووە، بەڵام بنەماڵەکەی دەڵێن گوایە زەمانی قاجارەکانی لە بیربووە. وەکوو هەموو کچانی ئەو کاتی گوندەکەی گەورە دەبێ ونەخوێندەواری و بەشخوراوی پێناسەی سەرەکی و تایبەتییان دەبێت. لە زستانی دوور و درێژی کوردستاندا و لە بن کورسی و لە دەوری تەندووردا ڕۆحی لە گەڵ ئەدەبی زارەکی ئاشنا دەبێت و ڕەنگە ئەوەش سەرەتا بووبێت بۆ دروست بوونی خەیاڵات و بیری فانتازیای خاتووزین. لە ڕێی ئامۆژنییەوە لە گەڵ هەوڕگەری ئاشنا دەبێت و پەنجەکانی بە قوڕە سوورە دەسپێرێ و قاپ وقاچاغی گڵین دروست دەکات.

بە تەنیا مانەوە و ناچاربوون بۆ بژیو پەیدا کردنی ژیان، مەجبووری دەکات بۆ فرۆشتن گڵینە و گۆزە وشتی قوڕین دروست بکات. هەر ئەوە دەبێتە هۆی کارامە بوون و لێهاتوویی و دەست ڕەنگینی خاتووزین. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ شارەزاتر و لێزانتر یاری هونەرمەندانە بە قوڕ دەکات و وردە وردە دەچێتە حەوزەی هونەر و ئافراندنەوە. 

خاتووزین بە گشتی خاوەنی بەهرەی هونەری بووە. گۆرەوی بەنی بە نەخش و نیگاری تایبەتەوە دروست کردووە . کڵاوی گوڵینگداری مەرەزی پیاوانەی جیاواز لە حاڵەتی ئاسایی چنیوە. بەداخەوە بۆ ماوەیەک مەجبوور دەبن ماڵیان بەجێ بێڵن و بچنە ئاوایی قڕوچای گەورک و لەم ماوەیەدا هەمووشتەکانی لە بۆگەبەسی دەدزرێ. خاتووزین بە زەوقی خۆی کە تەواو هونەرمەندانە بووە، کاری جیاوازی بە ئەنجام گەیاندووە و دەفری زۆر تایبەتی درووست کردووە. دەڵێن جاروبار شێعریشی هۆنیوەتەوە و لەو مەیدانەشدا چالاکی بووە و بە داخەوە کەس نەبووە شتێکی لێ تۆمار کردبێت یاخۆ شتێکی لێ لەبیرمابێت. خاتووزین جوانپەرەست بووە، هەرکەسێکی جوانی دیتبێ لێی چۆتە پێشێ و بەجۆرێک پێی گوتوە کە جوانە و جوانی یەکەی سەرنجی ئەوی بۆلای خۆی ڕاکێشاوە. بۆخۆشی خاتوونێکی جوان و لەبەردڵان و ڕەزا شیرین و بەژن و باڵا جوان بووە.

خاتووزین لە فیناڵی پەیکەرتاشانی ئێراندا ساڵی 73ی هەتاوی لە تاران بەشداری دەکات و پلەی یەکەمی ئەو فیناڵە بەدەست دێنێ. نموونەی کارەکانی ئەم هونەرمەندە لە خانەی کورد لە شاری سنە هەڵگیراوە و خراوەتە بەر دیدی بینەران. 

کارەکانی خاتووزین لە بەشی پەیکەرتاشیدا دووبەشن: یەکێک ئەو ئاژەڵانەن کە بە جۆرێک لە جوگرافیای ژیانی هونەرمەند دا هەن و ڕۆژانە دەیان بینێ و لە گەڵیاندا دەژی و دووهەم بوونەوەری ئەفسانەیین کە هەرکامیان لە چەند ئاژەڵ دروست بوون کە وێنەی ئەم بوونەوەرانە لە پەیکەرەکانی ئیلامی کۆنینەدا زۆر دەبینرێ و نموونەی زۆر بەرچاوی ئەم بوونەوەرانە پەیکەری شێرداڵە کە شێرێکی باڵدارە. 

پرسیاری جەوهەری لێرەدا ئەوەیە کە خاتوونێکی هونەرمەندی نەخوێندەوار لە ساڵانی چل و پەنجا و شەستی هەتاویدا و لە گوندێکی کوردستاندا چۆن توانیویەتی ئەم ئاسەوارە بخولقێنێ و ئەو مامەڵە هونەرمەندانە لە گەڵ هونەر و پەیکەرسازیدا بکات؟
تەنیا دوو وڵام بە زەین دەگات: یەکەم ئەوەیە کە بۆگەبەسی گوندێکی کۆن و پڕ لە ئاسەواری کۆنینەیە و خاوەنی قەڵایەکی دەسکردە و وێدەچێ خاتووزین ئاسەواری مێژوویی لەم چەشنەی بە چاو دیتبێ و لە دیتنی ئەو ئاسەوارە بەهرەی وەرگرتبێ و ئەو پەیکەرە تایبەتانەی سازکردبێ و پەیکەری گریۆفێنی خستبێتە دونیای هونەرەوە و نەتەوەی کوردی لەم پەیکەرە ناوازانە بێ بەش نەکردبێ. بەڕای نووسەر ئەمە زۆر ڕێتێدەچێ و زۆر لە ڕاستەقینەوە نزیکە.
دیسان لێرەدا پرسیاری دیکە دێنە ئاراوە و ئەویش ئەوەیە کە ئەو هەموو ئاسەوارە تایبەتی یە چیان لێدێ و سەر لە کوێ دەردێنن و بە کام خەرەند دا ڕۆدەچن و چۆن بێ سەر و شۆێن دەکرێن؟ مەگەر دەکرێ گوندێکی وەکوو بۆگەبەسی هیچ شتێکی لێ نەدۆزرابێتەوە؟ کێن ئەوانەی هەموو ئەو شتانە بە ئاسایی بێ سەروشوێن دەکەن و سووک وئاسان دەیان توێننەوە؟ ئاسەوار و شتی بە نرخی ئەم گەلە چی لێدێ؟ 

دووهەم وڵام ڕەنگە ئەوەبێ کە خاتووزین بە بیستنی چیرۆک و حەکایەتی ئەفسانەیی و ئوستوورەیی وەها نەخش و حاڵەتگەلێکی لە زەیندا خولقابێت و ئەو پەیکەرە فانتازیا و خەیاڵاویانەی دروست کردبێ کە بەڕای نووسەری ئەم دێڕانە کەمتر ڕێی تێدەچێ و لەوەناچێت وەها بووبێت.

ژیانی خاتووزین وەکوو دیکەی هونەرمەندانی کورد پڕە لە دەرد و ژان و بێکەسی و تەنیایی. بەداخەوە تا زیندوو بوو کەس ئاوڕی لێنەداوە و کەس بە هونەرمەندی نەناسی! پاش مەرگی ناو و ناوبانگ دەردەکات و بە قەولی موفتی پێنجوێنی قەبرەکەی دەکرێ بە باغچە و بە گوڵ! 

شایانی باسە کە کەسوکار و بنەماڵەکەی هاوکاری دەبن و گڵی بۆ دێنن و قوڕی لە گەڵ دەگرنەوە وخۆشی دەکەن و کارەکەی بەهێند وەردەگرن و گوایە یەکێک لە بووکەکانی وەکوو قوتابییەکی باش هونەرەکە فێر بووە و دەتوانێ کاری هونەری ئەوتۆ بکات. بەڵام بەداخەوە نایکات و هیچ ناوەند و شوێنێکیش نییە ئەو خاتوونە هونەرمەندە بۆ کاری هونەری هان بدات و پشتیوانی بێت. 

کۆتا قسە ئەوەیە کە خاتووزین هونەرمەندێکی گەورەی کوردە وکارەکانی لە گەڵ ئەوەدا پێناسەی ئاکادمیکیان نییە، جێگە و پێگەیەکی تایبەتیان هەیە و دەبێ بەهای تایبەتیان پێ بدرێن. لە ڕاستیدا هونەری مودێڕن قەرزداری ئەو کارانەن و دەبنە سەرچاوەیەک بۆ کاری جوان و ڕیشەداری هونەری.
شتێکی تریش کە دەبێتە هۆی حەسرەتێکی ئەبەدی بۆ ئەم گەلە، ئەوەیە کە بەداخەوە دەیان و سەدان کەسی خاوەن بەهرەی هونەری وەک خاتووزین ژیاون و هەلیان بۆ نەڕەخساوە و هونەرەکەیان لە گەڵ خۆیان بردۆتە گۆڕەوە.دەیان هوەرمەند بە ناوی تەنەکەساز و هەوڕگەر و عەڕابەساز و تەختەتاش وئاشەوان و بەردکونکەر و بیرهەڵکەن و هتد لەم وڵاتەدا ژیاون و خاوەنی بەهرەی ناوازەی هونەری بوون و کەس کاری بەهێند وەرنەگرتوون و کەس سەرنجی نەداونەتێ و بەداخەوە مۆمی هەست و خوڵقێنەرییان کوژاوەتەوە وهونەرەکەیان لە گەڵ خۆیان بردۆتە ژێر خاک.

ئێساش  ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە چی‌تر خەمسارد نەبین و ئەو کەسانە بناسین و هەلی کار و چالاکی هونەرییان بۆ بڕەخسێنین و دەستیان بگرین. نەتەوەی بێ هونەر بوونی نییە و هونەر بە هەموو لقەکانییەوە دەبێتە پێناسەی گەل.
«پەرتەو» غەریبەکەی نێو ماڵی خۆی
د.شەماڵ ئیسماعیل پوور_سەقز

بە هاتنە سەرکاری حکومەتی پەهلەوی یەکەم و دروست بوونی حکوومەتێکی مۆدێڕن لە ئێراندا، کۆمەڵگای سوننەتی ئێران ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی بەسەردا هات. جیا لە چەندین لایەنی پۆزتیڤی بەرچاو و ڕۆشنبیرانە، بەداخەوە بۆ گەلانی نافارسی ئێرانی کۆمەڵێک ئاریشە و کێشەی تایبەتی زمانی و کلتووری بەدیاری هێنا. لە سەرەتاکانی دەیەی ١٩٢٠ی زایینیدا حکوومەت سیستمێکی سەقامگیری هەمەلایەنەی پەروەردەی بە زمانی فارسی دامەزراند و پەرەی زمانی بە فارسی دا و کەڵک وەرگرتن لە زمانەکانی تری بە یاساغ لە قەڵەم دا. بۆ باش بەڕێوە چوونی ئەم سیاسەتە کۆمەڵێک کاری تایبەتیان کرد کە ڕۆشنبیرانی ئەوکات لایان وابوو بەم کارانە دەتوانن یەکییەتی نەتەوەیی و یەکپارچەیی سیاسی وڵات دەستەبەر بکەن. بۆ لابردنی هەموو جیاوازییەکانی زمانی و کلتووری قۆڵیان لێهەڵماڵی و دامودەزگایەکی مەعریفی تایبەتیان دامەزراند و مامۆستای ناخۆ جێیی و فارسی زمانیان کردە مامۆستای قوتابیانی غەیرە فارس. بۆ دروستکردنی مەعریفەی نوێ کەسانێکی وەکوو" ڕەشیدیاسمی" یان کردە پێشەنگی ڕۆشنبێری و گۆڕانکاری، تا بتوانن بە پواز داری بە هێزی زمان بقەڵەشێنن و بە سانایی زمانی فارسی بکەنە تاقە زمانی سیستمی پەروەردە و هەموو ئاخاوتن و نووسینە فەرمییەکان. هەر لەو ساڵانەدا پەرە پێدانی زمانی فارسی لە کرماشان حاڵەتێکی سیستماتیکی بە خۆیەوە گرت و دواتر بە دامەزراندنی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و سینەما ئەو زمانە بە سەر خەڵکی ناوچەکەدا سەپێندرا. ئەو داسەپانی زمانی یە، زمانێکی سەیر و سەمەرەی بە ناوی زمانی فارسی کرماشانی لێکەوتەوە. زمانێک وەکوو چێشتی مجێور و تێکەڵێک لە یاسا زمانییەکانی هەردوو زمانی کوردی و فارسی. ئەم زمانە دەسکردە لە ڕاستیدا نە کوردی یە و نە فارسی. بەم کارە کرماشانی لانەکەی ئەساتیر و پاڵەوان و مەڵبەندی چاونەترسی و کەڵەنووسەران و گەورەشاری کوردان زمان غەریب دەکەوێ و هەمووشتێک دەبێتە فارسی. دەردی سەرباری دەردان، کرماشان پڕ دەبێ لە بازرگانی ناکورد و زمانی کار و بازاڕ و بازرگانیش بە کوردی نامێنێ . ئەمە لە حاڵەتێکدایە کە کرماشان پڕە لە یارسان و جوولەکە و فەلە و سوننە و شیعە و هەروەها لە باری زمانی و زاراوەییەوە ، ناوەندێکە بۆ زاراوە کوردییەکانی گۆرانی و لەکی و کەلهوڕی و …
یە کێک لە سیاسەتەکانی حکوومەتی پاشایەتی جیاوازی دروستکردن و ئاژاوە نانەوە لە نێوان دانیشتوانی کرماشان و دەوروبەریدا دەبێت. لەم بارودۆخە ناسک و هەستیارەدا شاعیری مەزنی کورد پەرتەو کرماشانی لە دایک دەبێت و بەم ئازارانەوە بای باڵ ئەدات و لە نیو چینی خەڵکانی دژ بە سیاسەتی حکوومەتی پەهلەویدا پێدەگات و بە بەربەرەکانی خەڵکانی دەروەست و ئاوەژووکاری سیاسەتەکە، کۆمەڵێک شاعیر و نووسەر و هونەرمەند پێدەگەن و شۆڕشێکی هزری و ئەدەبی و هونەری لە کرماشاندا وەڕێدەخەن و پەرتەویش یەکێک لەم شۆڕەسوارانە دەبێت. خەباتی ئەم کەسانە بۆ زیندووڕاگرتنی زمانی کوردی بە هۆی چەند هۆکاری گەورەوە زۆر دژوار دەبێت کە ئاماژە بە چەندین خاڵیان دەکەین :
یەکەم، بە هۆی شەڕی ماڵوێرانکەری ئێران و ئێراقەوە نائەمنی دروست دەبێت و ناهومێدی و ترس وشەڕ و بۆمب و توپباران مەودای کار و چالاکی بە دڵسۆزان نادات و تەنانەت وێژەی زاڵی ناوچەکەش دەبێتە وێژەی بەرگری و شەڕ و حیماسەی بەرەوانی .
دووهەم ، دروست بوونی ئاڵۆژی ئایینزایی ڕۆشنبیران و نووسەران و خەمخۆران بە خۆیەوە خەریک دەکات و بە داخەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە نەپڕژێنە سەرکاری زمانی و کلتووری و….
سێهەم : خەمساردی ناسیونالیزمی کورد لە عاست کرماشان هۆیەکی تری ئاڵۆزی و بێ برنامە بوون و خەمسارد بوون لە بەرانبەر زمان و کلتووری کوردیدا بوو تاڕادەیەک کە کەسانێکی بەڕەواڵەت ئاکادێمیکی کورد ڕەوتەکەی ڕەشیدیاسمی یان دووپات کردەوە و بە کەیفی خۆیان تابووتیان بۆ زمانی کوردی دروست کرد و بە هیوا بوون ئاخر بزمارەکانی لێدەن و زمانی فارسی کرماشانییان زەق کردەوە و بە ئاشکرا گوتیان، تەنیا لادێ نشینەکان کوردن و خەڵکانی ئەسڵە شاری لە کرماشان خاوەنی ئەم فارسییەن. هەر ئەوە بوو بە هۆی ئەوەی کە خەڵکانی ئەسڵە شاری پێیان شوورەیی بێت بە زمانی دایک و بابیان بدوێن و لە کوردی دوور بکەونەوە .
بەم پێودانگە پەرتەو کرماشانی دەبێتە هێمای مانەوەی زمانی کوردی بە زاراوەکانی گۆرانی و کەلهوڕی. پەرتەو بە ڕواڵەت و بە پێی فوڕمی شێعری کلاسیک نووسە. بەڵام لە ڕاستیدا شێعرەکانی سەردەمیانە و تەواو نوێن و داڵغەی ئەمڕۆی کۆمەڵگایان بە کۆڵەوە ناوە. پەرتەو بە بێ ئەوەی سەر بە هیچ ڕەوتێکی کۆمەڵگا بێت، شارەزای هەمووشتێکی کۆمەڵگایە. بە پێی ئەو شارەزاییە و دەرکی ساتەوەختی هەستیاری کرماشان، شێعری کوردی دەنووسێ و شوناسێکی دووربارە بە شاعیرانی کرماشان دەداتەوە.
پێش بە پەرەسەندنی ئەو سیخورمە گورچووبڕە دەگرێ کە نووسەرانی کوردی فارسی نووسی کرماشان لە گورچووی زمان و کلتووری کوردییان دا. ئەو کەسانەی کە فۆلکلۆری کوردی و گێڕانەوەی کوردییان کردە فارسی و بە زمانی فارسی دەرخواردی خەڵکی خۆیان داوە. پەرتەو بە دڵنیاییەوە لە گەڵ زمانی کوردی تێکەڵ بووە و هەرئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە بتوانێ ئاوا جوان و بێگرێ و کوردانە بنووسێ.
نووسین و شێعری پەرتەو ڕەسەنە، چونکە خاوەنی پاشخانێکی دەوڵەمەندی کوردییە. خاوەنی ئەندێشەیەکی ساحێب جەسارەتە و وەکوو کێو لە بەرانبەر ئەندێشەی زاڵدا ڕادەوەستێ و بە دڵنیاییەوە سەردەکەوێ. یەکێک لە شاکارەکانی پەرتەو شێعری ئەرمەنییە. مەی و ئەرمەنی دوو هێمای تایبەتن کە پەرتەو شارەزایانە لەو شێعرەدا گونجاندوونی. بە شارەزایی خۆی سەر بە هیچ دینێک نیشان نادا و دەیەوێ بڵێ کرماشان گەورە شارێکی فرە دین و فرە ئاینیزایە و دەبێ هەموان بە ئاشتی و خۆشەویستیەوە پێکەوە بژین. لەم شێعرەدا ئەرمەنی هێمای کەسێکی شادیهێنەرە و شاعیر بۆ دەربازبوون لە خەمە قورسەکانی پەنای بۆ دەبا.ئەرمەنی دەبێتە کەسێکی بێ لایەنی نیشتمان خۆشەویست کە هەموو بیر و بۆچوونەکان دەخاتە بن چەتری خۆیەوە . شاعیرلەم شێعرەدا بە وردی کۆمەڵگای کرماشان وێنا دەکات.کۆمەڵگایەکی لەسەر باڕووت خەوتوو ، ئەگەر یەکتری نەناسن و بەحورمەتەوە لە هەمبەر یەکدا نەجووڵێنەوە ، گڕکانێک شارەکە و ناوچەکە دەکاتە کۆڵوو. بەراشکاوی باس لە نائومێدییەکانی دەکات و ڕۆژ و شەوی وەکوو دوودانە دوالیزمی بەرچاوی کۆمەڵگای کوردی، وەکوو یەکە و بۆ پسانی جەرگی شەو پەنا بۆ مەی و ئەرمەنی دەبات. لە ماڵی خۆیدا خۆی بە بێخانمان دەزانێ و دژ بوونی خۆی لە هەمبەر زمانفرۆشان و بێ شۆناسان نیشان دەدات. بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە سەر زاڵکردنی زمانی نەخوازراو بەسەر خەڵکی زمان‌پاراوی شارەکەیدا ئەم دێڕە شێعرە دەنووسێ و بەئاشکرا دەڵێ : ئەگەر لە ماڵی خۆمدا و لەشاری خۆمدا بە زمانی خۆم نەدوێم ، غەریب و غەوارە و بێخانمانم. لە کۆتاییدا بڕوایەکی قووڵی بە کاری هونەری هەیە و دەچێتەوە خەڵوەتی خۆی و درێژە بە کارەکانی دەدات. کۆتا قسەم ئەوەیە کە پەرتەو تا زیندوو بوو پاڵەوانی پاراستنی زمانەکەی بوو و بە مردنیشی ئەدەبی کرماشان زیندوو بۆوە و جارێکی تر شوناسی ڕاستەقینەی خۆی پێناسە کردەوە. شێعرەکانی لە دووتوێی کتێبی«کوچە باغی ها» دا بە هیمەتی دوکتور موحەمەد عەلی سوڵتانی چاپ کراون و چاو و دڵی خوێنەری کوردی پێ ڕوون بۆتەوە. با لە گەڵ دەست خۆشی کردن لە دکتور سوڵتانی ئەم گلەییەشی لە خزمەتدا بکەین کە لە نووسینەوە و چاپی شێعرەکاندا ڕێنووسی کوردی ڕەچاو نەکردووە.
سەرچاوەکان:
١- نەوبەتی - عەلی ئەشرەف - کوچە باغی ها - تاران - سۆها ( ١٣٨٩)
٢- وتاری( سیاست های زبانی پهلوی اول در کردستان و پیامدهای آن)- نووسەران حسەین ڕەسووڵی- ڕەزا دێهقانی- عەلی رەزا کەریمی - گۆڤاری اطلاعات تاریخ فرهنگی، زستانی ۱۳۹۵- ژماره
@taqetirega
Forwarded from ژیلەمۆ
4_5775978083878178538.ogg
1.6 MB
شێعر:شەماڵ ئیسماعیل پوور خوێندنەوە:ژیلەمۆ https://www.tg-me.com/zhilamo_kurd
Media is too big
VIEW IN TELEGRAM
خوێندنەوەی شێعرێکی مامۆستا هێمن و شێعرێکی خۆم بۆ خوێندکارەکانم لە زانکۆ

تار: شاهۆ شوکروڵڵایی

@taqetirega
(خاک و چیا)

تۆ
بڵێ چیا
من دەڵێم
دەفەی شان و سینگی باوک
دەروازەی پڕ متمانەی باوان
دەبمە نەرمەشنەی کوێستان و
ساڵ و وەرزان
بۆ وی دەشنێم
تۆ
بڵێ خاک
من دەڵێم
باوەشی پڕ لە سێحری دایک
هەرێمێک لە مێخەکبەند و
بۆنی مان و ڕازی ئەوین
ئەوەی ئامێزی بەرنادەم و
منداڵانە
بۆی دەدوێم

شـــــــەماڵ ئیسماعیل پوور
@taqetirega
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
(کامێرای ڕۆح)

ڕۆحم
کامێرای ڕووتە و
چرکەچرکە
وێنەی شازت لێهەڵدەگرم
پڕپڕ دەبم
لە جوانیت
لە شیرینیت
لە ئەوێنت
ئەوسا جوانی دیتوو
بێ خەم دەمرم
کاتێ
پۆلێ فریشتەی خودا
دەورم دەدەن
لێم دەپرسن لە ئیمانم
لە خۆشەویستی دەستکردی ئەو
دەیخەمە سەر سەفحەی ڕۆحم
با بیبینن
سەدان وێنەت نیشتمانم !

     شــــــــــەماڵ ئیسماعیل‌پوور

@taqetirega
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
سنوور

(بۆ مامۆستا حەسەن زیرەک)

بۆ وڵاتم
کە دەکێشن
مەودا و سنوور
نە چیاکان
نە ڕووبار و
نە جی پی ئێس
نە میتر و نە گوریس و کڕ
ئاڵای کوردی لێ‌ هەڵدەدەم
تا ئەو جێیەی
شاباڵەکەی دەنگی زیرەک تیژ دەکا بڕ

           شــــــــەماڵ ئیسماعیل پوور

@taqetirega
Media is too big
VIEW IN TELEGRAM
وتاری شەماڵ ئیسماعیل‌پوور بۆ کۆڕی ڕێزلێنان لە خاتوو موفیدە مەزهەر ، ڕۆژی 31ی پووشپەڕی 2723ی کوردی لە سەقز

@taqetirega
2025/02/23 20:21:18
Back to Top
HTML Embed Code: