Telegram Web Link
#نیشتمانی_ئاگر

دەروونم دارستانێ بوو
هێندەی شەوانی تەنیاییم پان و بەرین
وەک مەراقیشم چروپڕ
ئێوارەیەک.. لە پەناوە
تیلەی چاوی شۆڕەژنێ
پریشکێکی تێهاویشت و
من لەوساوە
بەهەشتێکم ئەسووتێم و
بووم بە نیشتمانی ئاگر!

شێرکۆ بێکەس
#زنەی_شیعر
🎀 @Sherko_bekas
.
#سوورەتی_ئەوین

لەسەر بەردەنوێژی لەشت
من نوێژی شیعر و شەراب و
بارانەماچ، دائەبەستم
کە سوجدەم برد بۆ قوببەی مەمانت
دەم گەیشتە کەوسەری بەرگەردنت
من ئەزانم هەڵناسمەوە و
بە دەم خوێندنی سوورەتی ئەوینەوە، ئیتر ئەمرم!

شێرکۆ بێکەس
#زنەی_شیعر
🎀 @Sherko_bekas
.
#خەم_و_خەم

- بەیانیت باش بەفری ھاوڕێ!
بۆ تەنیاییم چیت ھێناوە؟!
- خەمێک سپی!

- نیوەڕۆت باش نمەی بارانی غەریبی!
بۆ تەنیاییم چیت ھێناوە؟!
- خەمێکی تەڕ.

ئێوارەت باش؛ "با"ی بێ داڵدە!
بۆ تەنیاییم چیت ھێناوە؟!
خەمێکی تیژ.

- شەو باش؛ باڵندەی تاریکی!
بۆ تەنیاییم چیت ھێناوە؟!
- خەونێ، نە بەفری تیا ئەنوێ و
نە باران و نە "با" و
نە تەنیایی و
نە چاوەکانی شاعیرێ!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#زنەی_شیعر
.
🎀 @Sherko_bekas

کە جێمهێشتی
بۆنی خۆشی، دەست و پەنجە و تەوقەتم گرت.
هەر لە دوای تۆیش
ڕێگەم کەوتە باخێکەوه.
گوڵی سەر لقێ پێی وتم:
ئەمە بۆنی چ گوڵێکە و ناوی چییە؟!
وتم: ئەم بۆنە بۆنی گوڵ نییە
هی دەست و پەنجەی کچێکە!..

لێمببوورە
ناتوانم ناویت پێبڵێم!
بەڵام یەکەم حەرفی "ڤـ"ە
بۆ ئەپرسیی؟!
وتی: پێناچێ ئەم بۆنە
کە لە بۆنی من خۆشترە
تا یەک دوو ڕۆژێ تر بڕوا!

وتم: جارێ چاوەڕێبە، تۆ لە کوێتە!
با ئەمجارەیان بێمەوە
بۆنی قژ و بۆنی لامل و مەمانیت بۆ ئەهێنم
بۆنی ئیتر لەم باخەدا و لەم شارەدا
جێنیشتەبێ و هەرگیز نەڕوا!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#لە_گوڵەوە_هەتا_سووتوو
.
#چارەنووس

شەوقێک و
مێشێک و
مێژوویەک...
شەوقەکە کەوتۆتە پێش حەرفی منداڵێ و منداڵیش "مەولەوی" و "هەورامان" ئەنووسێ!

مێشەکە ئەیەوێ
ڕێ بگرێ لە حەرف و
لە پەنجەی منداڵ و
بە عەبا بەژنی شەوق داپۆشێ.

جارێک و دوو جار و سێ جار و...
ئەم جارە مێژووەکە هەڵئەسێ و
دەس ئەبا لە تاقی ژوورسەری چرادا
مێش کوژێ دائەگرێ و مێشەکە ئەکوژێ!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#ئێوە_بە_خۆشەویستیم_ئەسپێرن "
.
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
گۆڕستانی چراکان
هۆنراوەی مامۆستا شێرکۆ بێکەس
له کتێبی #گۆڕستانی_چراکان
بە دەنگی مامۆستا ناسر ڕەزازی

🎀 @Sherko_bekas
Şêrko_bêkes
#به‌یتی_ئاگر "چیرۆکه شیعر بۆ نه‌ورۆز" ــــــــــــــــــــــــــــــ بەشی "۸" 🎀 @Sherko_bekas به‌یانی که شاری گریاوی قژ ئاڵۆز ئه‌ستێرکی خوێنینی چاوانی هه‌ڵ هێنا دوو سه‌ری، بڕڕاوی خۆی بینی. به‌یانی که هه‌تاو ڕێی که‌وته ناو شار و چووە سه‌ر سه‌کۆکه‌ی گۆڕەپان…
#به‌یتی_ئاگر
"چیرۆکه شیعر بۆ نه‌ورۆز"
ــــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی "۹"
🎀 @Sherko_bekas

ڕۆژ هات و چوو
کارەساتی جەژنی کوژراو
سیمای پیرباڵ و کاکە لاو
ون نەئەبوون لە خەیاڵدا و..
جێیان نەهێشت سۆمایی چاو
لەناو ژووردا
لە هەیوان و حەوشەدا

ئەبینران ئەهاتن ئەچوون
لە کێڵگەدا
تۆویان ئەچاند..
ئاوی جۆگەیان هەڵئەگرت
لەگەڵ منداڵی گەڕەکدا..
ڕایان ئەکرد.. بازیان ئەدا.. پێ ئەکەنین.

شەوی هاوین
لەنێو پەل و نێوان گەڵای درەختەوە
مانگ.. دەم و چاوی ئەوان بوو
لێو بە خەندە.. دەرئەکەوتن.
شەوی پاییزیش.. لە خەونی
ئاشنا و ڕۆشنا و هاوڕێدا.

گەلێ جار ئەبوون بە دوو مەل
باڵیان سوور و بەر سنگ سەوز و
لەسەر بەفری دوورە لووتکەی،
بە زەردەپەڕ.. هەڵئەنیشتن.

ئەگەرچی ئەو ساڵە
هەڕەشەی ئاگر و ئاسنی ژەندرمە
بە پەت و مێخ کێشان
بە زمان لە بندا بڕین و..
بە سونگی و بە قەمە
مۆتەکەی ژیان سەرسنگی
خەڵکی بوون؟

تاقیبی بەردەوام..
چیتان کرد؟ لە کوێ بوون؟!
بۆچی، چۆن؟
ئەگەرچی هەندێ کەس..
بۆ پاشا بوون بە ورچ،
بە مەیمون.. بە سەگی چوارچاو و
لە شەودا.. خۆیان کرد..
بە خێو و.. جنۆکه.. بە درنج.

بەڵام ڕێی هەتاوی
پیرباڵ و کاکە لاو..
ئەو زەنگەی پار نەورۆز،
لێیان دا.
تاریکی نەیتوانی قووتی دا و
هەڕەشە نەیتوانی کپی کا!

بەرداشتی ساڵ سوڕا
وا نەورۆز خەریکە جارێ تر
سەر بات و بێتەوە
نزیکە.. کراسی گوڵاڵە لەبەرکا
نزیکە دەسماڵی وەنەوشە،
بەشانیا بدات و
کڵاوی نێرگز و گەزیزە،
لەسەرکا..

نزیکە و بە سەردان
جووت برا دێنەوە
ماڵ بە ماڵ ئەگەڕێن تا چەژن
ئەڕوات و ئەوساکە
ناوەستن.. ئەچنەوە!
🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
ــــــــــــــــــــــــــــــــــ
لە کتێبی #ڕووبار
.
#شیعر

شیعر، گمەی
ئەوینێکی سپی و، باڵی
پەپوولەی وشەیە و
چاوی باران.
شیعر تۆوی ئەستێرەیە و
لە دەشتی ساماڵدا ئەڕوێ
شیعر پەنجەی منداڵانە و
لە دۆزەخی کوردستان و ڕواندەدا
چی لە دەست دێ؟!

شێرکۆ بێکەس
#زنەی_شیعر

.........................................
شعر

شعر
آوای کبوتر است به وقت عشق
شعر
بال پروانه است به وقت باران
شعر
غبار ستاره‌ایست
که بر دشت‌ها و دامنه‌ها می‌بارد

و شعر
سر انگشتان کودکان است
در دوزخ کوردستان
و در گورهای بی نشان رواندا.

🎀 @Sherko_bekas
#شیرکو_بیکس
ترجمه: #سید_علی_صالحی
#پێکەوە

ئەو وەختەی شووشە شەرابێ شکا،
دڵی هێشوویەک
بە دار مێوەوە
لە تاودا وەستا...!
من چاوم لێبوو
کەمانچەیەک مرد
وەختێ لە گەرووی باڵندەیەکدا
نەغمەیەک کوژرا!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#ئێوە_بە_خۆشەویستیم_ئەسپێرن
.
Şêrko_bêkes
#به‌یتی_ئاگر "چیرۆکه شیعر بۆ نه‌ورۆز" ــــــــــــــــــــــــــــــ بەشی "۹" 🎀 @Sherko_bekas ڕۆژ هات و چوو کارەساتی جەژنی کوژراو سیمای پیرباڵ و کاکە لاو ون نەئەبوون لە خەیاڵدا و.. جێیان نەهێشت سۆمایی چاو لەناو ژووردا لە هەیوان و حەوشەدا ئەبینران ئەهاتن…
#به‌یتی_ئاگر
"چیرۆکه شیعر بۆ نه‌ورۆز"
ــــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی "۱۰" و کۆتایی
🎀 @Sherko_bekas

بە دوو ڕۆژ پێش ئەوەی
کە نەورۆز بێتەوە..
لە شاردا.. ماڵە و ماڵ..
بانگێکی نەهێنیی.. دەماغ و
دەمامک.. هەڵبەستوو.. ئەگەڕا
بانگ وەکوو هەرێز و پەڵە هەور
تەنێوە..

بانگ ئەی وت:
بۆ ئەوەی کە نەورۆز
بڵێسەی بەرزتر بێتەوە و.. نەکوژرێ
با چاوگی ئەو گڕە "بیرمان" بێ
بۆ ئەوەی درەختێ کە ناوی کاوەی
لەسەر بێ و بمێنێ.. با ڕەگی ئەو دارە
بنج بەستی.. دڵمان بێ..
بۆ ئەوەی.. کە گیانی پیرباڵ و کاکە لاو
شاد بکەین
با هەموو.. هەر هەموو
ببینە هەزاران پیرباڵ و کاکە لاو
تا بچین بە باوەش
هەتاو و نان و گوڵ بێنین و
بیدەین بە، هەژاری ڕەنج خوراو.

کەژاوەی ئێوارەی نەورۆز
سەوز هات
هێشتا خۆر چەند ڕمێ
بەرزتر لە کەنار خۆرنشین،
وەک دەمی تەندوورێ ئەسووتا

شار گڕ بوو.. بێدەنگی گۆمێک بوو
زۆر سامناک
هەر کە خۆر یەک دوو ڕم
چووە خوار
ئەنگۆرە دەرکەوت و تاریکی،
حوچێ بوو بازی دا و بە گوڕ هات.

ئەو ساڵە بێدەنگی تەقێوە..
لەناکاو.. لەجیاتی دوو ئاگر
هەزاران ئەستێرەی ئاگر و
مانگ لە سەر، سەربانی
شار هەڵهات..
بانێژەی ماڵ نەما..
هەورەبان.. سەرقەڵا.. سەرگومەز
گۆڕەپان.. ناوکۆڵان.. گردەکەی سەر قەبران،
قوتکەکان.. نزم و بەرز..
شوێن نەما
کە کڵپەی ئەم ئاگرە پیرۆزە
بۆی نەبێ.. بەچرا

لە شاردا.. قەدێکی درەخت و دار نەما
گەورە بێ.. یان پچووک
باریک بێ.. یان ئەستوور
چنار و.. دارەبەن.. دار بەڕوو
دار مازوو
شۆڕە بێ.. گوێز و توو
بەنووسین.. یان وەکوو نیشانە
بۆ کاوە.. بۆ نەورزۆ
نەبێ بەو مژدەیەی
پێش وەخت نێرگزی
ئەم ڕۆژەی میوانە!

جا ئیتر.. پاشا و بەگ
ژەندرمە.. چی ئەکەن؟ کێ ئەگرن؟
چەند ئاگر خامۆشکەن؟
چەند درەخت لە بندا هەڵکەنن؟
ئەوەتا وا لەپاڵ هەزاران ئاگردا
هەزاران پیرباڵ و کاکە لاو
ئەو ئاگری نەورۆزە خۆش ئەکا.
...................................

بەیتی ئاگر: ڕووداوەکانی ناو ئەم چیرۆکە شیعرییە و بەسەرهاتەکانی لە زادەی خەیاڵ و بیری شاعیرن.. دەقی چیرۆکە شیعرییە بۆ یەکەم جار لە ژمارە "۵۷۹"ی ڕۆژنامەی هاوکاری ژمارەی تایبەتی نەورۆزی ۱۹۸۱دا بڵاو کرایەوە. دوای ئەوە بۆ جاری دووەم بە تەواوی لە گۆڤاری نووسەری کوردا لە ژمارەی "۸"ی خولی دووەمی حوزەیرانی ۱۹۸۲دا بڵاو کرایەوە.

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
ــــــــــــــــــــــــــــــــــ
لە کتێبی #ڕووبار
.
#تەنیایی

"تەنیایی"یەک
ساردتر، لە کڕێوە خوێنی ئێوارانی
ئێستەی وڵات دەوری داوم...
تەنیاییەک جارێک ئەمکا
بەو گەڵایەی، چڵەکەی خۆی:
فڕێی بداتە بەر قاچی گەردەلوول و
جارێکی تر بەو باڵدارەی
لە شەوێکی بەفرانباردا
هێلانەکەی خۆی دەریکا!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#زنەی_شیعر
.
Forwarded from عکس نگار
.
لە (۳۰)ی مارسدا فرمێسک ئەکەین بە گڵۆپ.
خەم ئەکەین بە ڕێگای هەتاو،
ئازار ئەکەین بە گوڵەبەڕۆژەی ژیان،
سێدارە ئەکەین بە پەیژەی تێکۆشان.
پەت ئەکەین بە پردی پەڕینەوە لە تاریکی.

سەری پێشەوایش بەو خۆرەی کە هەرگیز
ئاوا نابێ بەهارێکیان کوشتین و کەچی هەر لەو ساڵەدا سەدان بەهاری ترمان لە دایکبوونەوە ئێمە لە خەزاندا چرۆمان کردەوە لە مردنا ژیاینەوە.

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
ــــــــــــــــــــــــــ
لە کتێبی " #تۆ_ئەتوانی_بە_قومێ_ماچ
#بمخەیتەوە_هەڵقوڵین "

۳۰ی مارس ڕۆژی لە سێدارە دانی پێشەوا قازی محەممەدی نەمرە

"یادیان بەرز و ڕێگایان پڕ ڕێبورا"
.
@Sherko_bekas.pdf
261.4 KB
شەست ساڵ لە گوڵ و خۆڵەمێش و
سومبولیش لە هەورە بروسکە!

" #پەخشان "
بۆ ڕۆژی شەهیدانی کوردستان "۳۰"ی مارس

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#تۆ_ئەتوانی_بە_قومێ_ماچ
#بمخەیتەوە_هەڵقوڵین "
.
#پەرتبوون

خەیاڵم ڕایکرد
بەرەو بنارێ
لە ڕێگە خۆیدا، لە دار هەنارێ
خەیاڵم پەرتبوو.. خەیاڵم وەریی.
هەناریش پەرتبوو.. هەناریش وەریی.

هەر دوو پێکەوە بوون بەو دەنکانەی
هەڵبەزینەوە و دابەزینەوە و
پەڕینە کەل و بوونە دوا ڕەنگی
دەمەو ئێوارێ!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#ئێوە_بە_خۆشەویستیم_ئەسپێرن
.
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
#clip

#ئێمە_و_مردن
"پەخشان"

تیرۆر کردن و لە سێدارەدان دوو مەدالیا و پێناسەی هەره دیاری ئەمڕۆی ڕووناکبیران و گەنجانی ئەم کوردستانەن..

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#جوانترین_گوڵ
🎀 @Sherko_bekas

لەبەر هەیوانی هەورەوە
کە خۆر دەرکەوت و پێکەنی.
ئیتر پایتەختەکەی بەفر لە خۆشیاندا
بەسەر شەقامی هەتاودا بە پێی پەتی
ڕای ئەکرد و پارچە پارچە
بەرگی بەری دائەکەنی!

لەو ڕۆژەدا پێشبڕکێ بوو
پێشبڕکێی جوانترین گوڵ بوو
ستۆکهۆڵم
بۆ ئەم ئاهەنگی هەتاوە.

کام گوڵەیان هەڵ ئەبژێرێ و
لەبەر ئاوێنەی ڕووباردا
ئەیدا لە ئەگریجە و قژی؟!
کام گوڵەیان؟
هی کام باخچە؟! هی کام دوورگە؟!
هی کام کۆگا؟!
هی کام ماڵ و کام پێشانگە؟!

دوورگە وتی: گوڵی کەنار ئاوی زۆرم
ئەو... یەکەمە!
مەیدان وتی: گوڵی بەر پرشەی فوارەکەم
ئەو... یەکەمە!
نهۆم وتی: گوڵی ئینجانەی باڵقۆنی هەرە بەرزم
ئەو... یەکەمە!

لەبەر بەرۆچکەی هەتاوا
پێشبڕکێ بوو
پێشبڕکێی جوانترین گوڵ بوو
ئەی کێ ئەبێتە سەرپشکی هەڵبژاردن؟!
جووتێ کۆتر
دوو دار زەیتوون و دوو منداڵ
لە داڵانێکی نارنجیی خۆرنشیندا
کۆبوونەوە و بڕیاریان دا و ڕایانگەیان

ئەو گوڵانەی لە باوەش ئەم شارەدا
لەوان جوانتر هەرگیز نەبێ
ئەو گوڵانەن
لەسەر شۆسەی "سڤێ ڤێگن"
خراونەتە
سەر خوێنەکەی "ئۆڵف پاڵمێ"!
.......................

ئۆڵف پاڵمێ "Olof Palme": سەرۆک وەزیرانی سۆسیال دیموکراتی سوید، لە فێورییەی ۱۹۸٦ تیرۆر کرا

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#ئاوێنە_بچکۆلەکان
.
#خەوێکی_خۆش
ـــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی "۱"
🎀 @Sherko_bekas

دوێشەو
کە هاتیتە خەوم، دایە!
پڕت کردم لە ئاونگ و لە پەپوولە و
لە شەبەنگێکی بە ورشەی ڕەنگاوڕەنگ و
بەڵام دایە...
لەو خەوەدا وەک زەردەپەڕ بەنگ نەبوویت و
زۆر زوو ڕۆیشتی!

بە درێژایی ئەمڕۆ من دایە؛
لە شاری خۆشەویستیدا
پێکەنینی قەسیدە بووم لەسەر مێزم و
لەسەر جادە دڵخۆشتر بووم
لەو بارانەی هەتاو باوەشی پیا ئەکرد.

دڵشادتر بووم لەو منداڵەی
بۆ یەکەمجار لەگەڵ بووکەشووشەکەی
باوەشی قسەی ئەکرد!
بە کەیفتر لەو پاسارییە بزێوانەی هاتبوونەوە
نێو باخچە و لەگەڵ گەڵا تەڕەکاندا
گەمەی دوای بارانیان ئەکرد...

دڵخۆشتریش
لەو دوو دڵدارەی بە دزی شەقامەوە
کۆڵانێک داڵدەی دابوون و هەندێ قسە و هەندێ پسکەپسک و چرپە و نامەیەکیان تیا وەرئەگرت!

دوێشەو کە هاتیتە خەوم دایە...
پڕت کردم لە منداڵی و
لە بۆنی پیشۆک و نەعنا و
لە بۆنی بەڕووی تەقیوی ناو ئاگردان!
لێوانلێو بووم
لە گۆرانیی سەر دیلانێ و
لە تامی بەفر و دۆشاو و
هەموو ژوورەکەت پڕ کردم
لە دانوولە و لە گێلاخ و
لە مانگەشەوی ناو چیغ و
لە ئاوی کۆزەی سەر سەربان!
ئەمشەو من زوو ئەنووم دایە...

🎀 @Sherko_bekas

شێرکۆ بێکەس
#ئێوە_بە_خۆشەویستیم_ئەسپێرن
.
Şêrko_bêkes
#خەوێکی_خۆش ـــــــــــــــــــــــــــــ بەشی "۱" 🎀 @Sherko_bekas دوێشەو کە هاتیتە خەوم، دایە! پڕت کردم لە ئاونگ و لە پەپوولە و لە شەبەنگێکی بە ورشەی ڕەنگاوڕەنگ و بەڵام دایە... لەو خەوەدا وەک زەردەپەڕ بەنگ نەبوویت و زۆر زوو ڕۆیشتی! بە درێژایی ئەمڕۆ من دایە؛…
#خەوێکی_خۆش
ــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی "۲" کۆتایی
🎀 @Sherko_bekas

خەوم چاوەڕێی هاتنتە
دە وەرەوە
بەڵام توخوا وەختێ هاتی
بۆ خەوێکی کورت و کەمی وەک تەمەنی "بێکەس" مەبە!
بۆ خەوێکی درێژی وەک غەریبیت و کۆچت وەرە و
بیرت نەچێ ئەم شتانە لەگەڵ خۆتا بۆ بهێنە
_هەتا ئەم شیعرە تەواو کەم_

ئەو قامیشەی سواری ئەبووم.
سدارەکەی کەشافەم و نان و هێلکەی سەیرانێکی "هۆڵبە"م و
جووتێ لەو قۆندەرانەی لە جەژنا پێی ئەگرتم و مزراحێک و عانەیەکی ڕۆژانەم و
یەک کۆلارە و دوو ماجومی و
یەک مارمارۆکەی پێچ خواردووی سەر تەندوور و
کەفی سەر جامی حەمام و ئەو پشتێنەی هەموو جارێ لێم ئەکەوت و

پەپوولەیەکی پاییزی ناو هەیوان و
تۆپەوانەی سەر گۆزەیەک کە هەموو جارێ ئەمکرد بە تۆپ و
لەگەڵ یەک بوخچەی نەکراوەی قسەی خۆشی پوورە حەلاو...

ئاخر شتیش، یەک شلکێنە و یەک کەلانە
کە ساڵی جارێ ئەمانخوارد...

هەموویانم بۆ بهێنە
_هەتا ئەم شیعرە تەواو کەم_
ئەمشەو من زوو ئەنووم دایە...

(کانوونی دووەمی ۲۰۰۴)

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#ئێوە_بە_خۆشەویستیم_ئەسپێرن
.
#وریاکردنەوە

بە پێی پەتی بەناو ئەم شیعرەدا نەڕۆی!
هەمووی هەر وردە شوشەیە!
بەر لە تۆزێ ئاوێنەیەکی مەراقم
بە دەست خەیاڵمەوە شکا و
کەوتە خوارێ و
چون نامۆییم ورد و خاش بوو!

بە دەستی ڕووت پەلکی ئەم شیعرانە نەگریت!
هەمووی دڕکە، هێندە نابێ،
من بنچکێکی مەراقم..
لەم پێدەشتی پەیڤانەدا..
چقڵی حەرف و ژانی دەرکرد..!

بێ چەتر نەچیتە دەرێ، تەماشاکە:
لە باشووری خەفەتەوە
پەڵە دەنگێکی ڕەشتاڵە بەڕێوەیە
وەختێ بگاتە سەر ئێرە.. من ئەزانم
زۆر بە خوڕڕەم لاواندنەوەی دائەکات و دا ئەبارێ!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆب بێکەس
#دەیان_پۆله_باڵندەی_وشە
.
2024/09/25 11:18:56
Back to Top
HTML Embed Code: