Telegram Web Link
Şêrko_bêkes
#چەخماخە بۆ هەموو هاوڕێ ئازیزەکانم و شیعر دۆستانم و گیانی قوربانییەکانمان لەوێ، بۆ کوردستانە ڕاپەڕیوەکەی "جگەرخوێن" پێشکەشە..! ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ بەشی "۳" 🎀 @Sherko_bekas من ڕۆژێکیان، لە عامودا، چاوم لێبوو کەلەپچەیان کردە دەستی…
#چەخماخە
بۆ هەموو هاوڕێ ئازیزەکانم و شیعر دۆستانم و گیانی قوربانییەکانمان لەوێ، بۆ کوردستانە ڕاپەڕیوەکەی "جگەرخوێن" پێشکەشە..!
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی "۴" کۆتایی
🎀 @Sherko_bekas

دارزەیتوونی ماڵەکەتان...مەلکۆ!
ئەگەر ڕۆژێ دەست لە ئەژنۆ
دابنیشێ و دەنکە فرمێسکی ڕەشی خۆی
لەلای خەمێکی دراوسێ هەڵبڕێژێ
هەر ئەو ڕۆژە منیش لێرە
بەر پەنجەرەم، لاواندنەوەی
لاولاوێکی خوشک کوژراو
ئەیگرێت و...

گەر ڕێش کەوێ
ئەو گریانە ساماڵ بکا و
لەدوای بارانێ پێکەنێ
من لێرەوە سەرم بۆی ئەبێ بە ئاسۆ
لەوێ گوڵەبەڕۆژەی ناو کێڵگەت...مەمۆ!
چاوەڕوانیی، زەرد و سپی، عەشقی منە.

کە باڵا کات باڵا ئەکەم
لار بێتەوە، ملم لارە و
گەر لەسەر ئەرزیش بکەوێ
منیش ئەوساکە لێرەوە
ئەستێرەیەکی نەخۆشی
کەوتووی ناو جێم!

گوارەکانی گوێچکەت...خەجۆ!
گوارەی حەیرانەکەی منن
کە بێواز و بێتاقەت و بێ لەنجە بوون
من لێرەوە تەم ئەمگرێ و
ئیتر منیش سیامەندی
بێ لاوک و بێ شمشاڵم و
هەوارێکی بێتاقەتم!

عەرەبانە دەسگێڕەکەت...ئاپۆ چەتۆ!
جەستەی منە و هێواش هێواش تۆ ئەیگێڕی.
ئەگەر ڕۆژێ ئەو برسی بێ و تا ئێوارە
پوونگە و نەعنا و تەڕەپیازی
دۆشداماوی، کەس نەیکڕی،

ئەوسا ئیتر من لێرەوە
دەمم وشکە و
دەسم خاڵیی و
وەکو پێچکەی عەرەبانە قاچم دێشێ و
بەختم ئەگری!...

تۆ هەر خۆت نیت، کاکە مستۆ!
لەسەر جادە و لەم ئاپوورە گەورەیەدا
وەختێ ئاوڕ لە پیاوێکی تەنیشتی خۆت ئەدەیتەوە
نە ئەزانی ناوی چییە و نە قەت دیوتە و
نە ئەیناسی:

بەڵام ئاخر کاکە مستۆ!
با پێت بڵێم...ئەوە مچەی توور فرۆشی
ژێر پردەکەی لای ئێمەیە و
لە تەکتاندا کەوتۆتە ڕێ.
هەر خۆتان نین، ئەرخەوانە و، دار گێلاسە و
مانگی سوورە و، چەخماخەیە و هەموومانین..

🎀 @Sherko_bekas

شێرکۆ بێکەس
ـــــــــــــــــــــــ
لە کتێبی" #ئێوە_بە_خۆشەویستیم_ئەسپێرن "
.
Forwarded from اتچ بات
#دەنکە_زیخێ

تاڵە قژی کچێکی جوان
لەسەر شانم بەجێ مابوو
لەدواییدا تاڵە قژم
کرد بە پەتی دیلانێ بۆ
هەڵبەستێکی پێنج شەش ساڵم.
دەنکە زیخێکی کوردستان
لە کەیەوە؟ چۆن؟ نازانم؟
پەڕیبووە لۆچی گیرفانی چاکەتێکم
ئەمڕۆ ڕێکەوت دۆزیمەوە
دەرم هێنا و ماچم کرد و
کردم بە بەردی کەعبەی گشت
شیعرەکانم!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#ئاوێنە_بچکۆلەکان
.
#دیدەنی
"بۆ شەهید فوئاد سوڵتانی"

🎀 @Sherko_bekas

وەکوو نێرگز ساڵی جارێ
بەسەردانێ
ئەو دێتەوە
بە زرێباردا دێتەوە
خەونە و لەپڕ پەیدا ئەبێ
ئەگاتە جێ و ورد چاوێکمان پیا ئەگێڕێ.
لەو وەختەدا
ئێمە ئەڵێی دارستانی بنارین و
ئەویش لە لووتکەی سەر ئەچێ.

وەکوو ساڵانی ڕابوردوو
دیسانەوە ئێمە هەموو
وەک ڕەنگ و ڕوو
مۆرانەی ساڵ یەک یەک بەڕەی
پێستی خواردوین
گڵۆڵە بەنی قژیشی یەک یەک خواردوین
عومری خواردوین
تیاشماندایە
لە نێوانی دوو سەردان و
سێ سەردانی کاک "فوئاد"دا
سەعاتی دڵی زەنگ ئەگرێ

وەک بورغوی کۆن بیری ئەسۆی
ئەبێ بە قەڵەمی زڕ و
لە حەرف و وشە دائەبڕێ
ئەبێ بە هەوری نەزۆک و
یەک دڵۆپ بارانی نابێ!
وەکوو کەفە ژیکلەی سەر ئاو
هەر ساتێکە و ئیتر ئەوسا بزر ئەبێ.

ساڵی جارێ ئەو دێتەوە
بەڵام ئەو کاتەی دێتەوە
چۆنمان دیبوو
هەر وەکوو خۆی
سەعاتی دڵی وەکوو خۆی
قەد و ڕەگی
پێست و بەرگی
هەر وەکوو خۆی
بیری، قژی، عومری، چاوی
دەنگی، ڕەنگی، سمێڵەکەی هەر وەکوو خۆی!

ساڵی جارێ ئەو دێتەوە
لە ناکاوێکدا.. دێتەوە
ئێمە هەموو، هەر هەموومان
شەپۆلمان و کەفە ژیکلەیش
بارانمان و شێرە کولـلەیش
هەر لە دوور ڕا بە سێبەریا بەدی ئەکەن ئەیناسنەوە.

بەڵام کاک "فوئاد" بە تەنها
ئەو.. بەتەنها
هەموو ساڵێ
لەسەرانسەری نەخشەدا
دوو تاقممان ئەبینێت و
دوو تاقممان ئەناسێت و
یەک یەک دەستیان ئەگووشێت و
لەگەڵیاندا ئەدوێ و ئەخوا و پێئەکەنێ و
ئەڕوات و..
ئەوانەی وەختی خۆی نەیدیبوون و ئیستە لێرەن
ئەوانەیشمان کە وەکوو ئەو
ماونەتەوە و هەر برووسکەی خێرای ڕێگەن!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#شایی_شەهید
.
هۆدەیەکی ڕووت و ڕەجاڵ
پیرێژنێ.
پشیلەیەک.
تۆزێکی تر پیرێژن چاوی لێک ئەنێ و
بە ڕێی "با"دا
ئەچێتەوە بۆ لای خوای خۆی.
تۆزێکی تر پشیلەکەیش
تا مڕ ئەبێ
دەم ئەنێتە ڕزقی خوای خۆی!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
Şêrko_bêkes
#ئەو_ڕۆژەی_لە_سەهۆڵبەنداندا #مەهاباد_پاڵتۆکەی_فڕێدا! "پەخشانە شیعر" ـــــــــــــــــــــــــــــــ بەشی "۳" 🎀 @Sherko_bakes لە ڕۆژێکی بە ڕۆژژمێر وەکوو ئەمڕۆ و بەڵام بە ڕۆح وەک ئەمڕۆ نا! ئەمڕۆ لەوێ مۆسیقا سەرتاپای ڕەش و کتێب بێ مێزەری سورەت و جوانیی بێ لەچکی…
#ئەو_ڕۆژەی_لە_سەهۆڵبەنداندا
#مەهاباد_پاڵتۆکەی_فڕێدا!
"پەخشانە شیعر"
ـــــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی "۴"
🎀 @Sherko_bakes

لە ڕۆژێکی بە ڕۆژژمێر وەکوو ئەمڕۆ و
بەڵام بە هەڵفڕین و بە شەقژن وەک ئەمڕۆ نا!
لەوێ ئێستا باڵ نییە بۆ فڕین
دەنووک نییە بۆ خوێندن
ئاسمان نییە بۆ بینین..
ڕەنگەکان نین بۆ جیاوازی
جگە لە ڕەنگی قەترانی.

لە شەست ساڵ زیاتری کازیوەیەک لەمەوبەر
لە شەست ساڵ زیاتری بەستەڵانێک لەمەبەر
لەوێ چایخانەیەکی پیر و کەنەفت
گەنج بۆوە و بوو بە دڵدار
ئیتر وشە شەپۆلی دا و بوو بە ڕووبار.

هەموو ساڵێ لەم ڕۆژە کەسکەدا..
قوربانییەکان لە هەر کوێ بن پەرەم پەرەم
بە دەم هۆرەی سوورەوە بە سواری ئەسپی سپی
بە ڕەو ئەچنەوە بۆ ئەوێ.
لە هەر کوێ بن. ئەگەڕێنەوە لای خانووی
قوڕ و ئەسپە هەژارەکانی ئەوێ.
لەوێش هەر لەم ڕۆژە کەسکەدا و هەموو ساڵێ
پیاوێکی باریکەلە وەکوو تاژان یان وەکوو
خەمی ناوقەدباریکی بێوەژنانی ئەوێ.

پیاوێکی خوێن شیرینی وەکوو خوێنی گێلاس ئێسک سووک
وەکوو گوڵی دار هەرمێ. لە بەردەم چرای هەڵکراوی سەر بەفری مەهاباددا ئەوەستێ و چاوەڕوانیانە و گوڵاوپرژێنێ بە دەستەوە هەتا یەک یەک لەم گوڵاوەی ئەمڕۆیان بەسەردا بپرژێنێ.

هەموو ساڵێ لە یادی ڕۆژی
لەدایکبوونی ئەم مانگەشەوەدا
هەموو شیعرە جوانەکانمان،
هەموو چیرۆکە کەڵەگەتەکانمان،
خۆیان بە ڕایەڵی تریفەدا هەڵئەواسن و
هەموو زەنگۆڵەکانی گەردن زمانی کوردی
ڕائەوەشێنن و زرنگە زرنگی وشە
ئەیکا بە شەوی زرنگانەوەی ڕووناکیی و
بە ڕەنگدانی بۆن و گوڵدانی دەنگ لەوێ.

ساڵێ دواتر پڵنگە پیاوێ ئەیتوانی
بە بازرەقەی مەودای درێژی خۆی،
قەفەز بشکێنێ و ئابڵووقەی نێزەکان ببڕێ و
لە کاولاشێکدا مردن بەجێ بێڵێ.
ئەیتوانی چارەنووس لە بەردەمی خۆیدا گرمۆڵە کا و
ببێ بە هەتاو و ببێ بە ڕەشەبا و نەگیرێ.
بەڵام پڵنگ بەڵێنی بە ئاسکەکان و
بە سمۆرە بچکۆلەکان و بە بێچووی بەورەکان و
بەڵێنی بە بەردی سەرەڕێ و داری بەرماڵان و
بە شیعری ساوا و بەڵێنی بە خانی و وەفایی و
بەڵێنی بە شەرەفخان و هەروەها بەڵێنی
بە سێوی سەردەشت و بە هێشووە ترێی مەریوان و
بە ڕێواسی کەلیخان دابوو.
سوێندی بە هەر چوارچراکە خواردبوو..

ئەوێ،
ئەوێ، ئەوێ جێنەهێڵێ
لەو ڕۆژەدا، سەرما بووبوو بە گڕە.
گڕە بووبوو بە چریکە و
چریکەیش بووبوو بە هەڵۆ و
هەڵۆیش بووبوو بە پێشەوا..!!

🎀 @Sherko_bakes
شێرکۆ بێکەس
#زێ_و_زنه
.
hevpeyvîn legell ŕanc sengawî
√ @Sherko_bekas
هەڤپەیڤینی ڕەنج سەنگاوی لەگەڵ مامۆستا شێرکۆ بێکەس سەبارەت بە زمانی کوردی.

🎀 @Sherko_bekas

ڕۆژی جیهانی
زمانی دایکی
پیرۆز بێ💐

کوردین و به کوردی دەنووسین✌️
هاوڕێیان سڵاو و کات باش

بێ ته‌عارف ده‌ڵێم؛
جوانترین، به‌هێزترین، ڕازاوه‌ترین، به‌نرخترین، کاناڵی کوردی بێ گوومان کاناڵی (تاپوی نووسراوه @tapuynusrawe) یه،
له‌ بواری نیشتمانی، ڕامیاری، نه‌ته‌وایه‌تی، کتێب، ڕۆمان، شیعر، وتەی ناوداران، ڕۆژمێری کوردی و زۆر بواری دیکه چالاکه.
کاناڵێکی جیاواز که‌ به‌ لیژنه‌ و به‌ هاوفکری چه‌ند مامۆستا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

ئه‌مه‌ ڕای من به‌ڕێوه‌به‌ری کاناڵی شێرکۆی مەزنە، نه‌ک (ته‌بادوڵ و تەبلیغ)

لینکی به‌هێزترین کاناڵی کوردی تێلێگرام

🇯‌🇴‌🇮‌🇳👇
http://www.tg-me.com/joinchat-BRd9Rjws1NxX8VUTYMkomA
کاناڵی (تاپوی نووسراوە)👆👆👆
.
Şêrko_bêkes
#بنەماڵەیەک_لە_گوڵی_شەستپەڕ ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ بەشی"۲" 🎀 @Sherko_bekas میقدادێ لە گوڵەگەنم وەختی کەروێشکەکردن. سمێڵێ لە وردە پەپوولەی قەترانیی. دوو چاو لە هەڵووژە ڕەشەی ئامەد و شان و ملێ لە تاڤگه و دە پەنجە لە ژیەکانی سروەی سەربەفری…
#بنەماڵەیەک_لە_گوڵی_شەستپەڕ
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی"۳"
🎀 @Sherko_bekas

ماڵباتێ لە قولـلەی پیرۆزەیی ڕەنگی شەرەفنامە
ئەو وەختەی شەرەفخان
لەناو دەربەندی نووری کێوانەوە
کتێب لە بن هەنگڵدا و گوڵاڵە بە دەستەوت
دێتە دەرێ...!

ئەی پەیامبەرەکانی باران و ڕۆشنایی..!
کە ئێوە هاتن، شاخ خەبەری بۆوە و هەردوو چاوی گڵۆفت و چووە بەر ڕێژنەی تازە..!
کە ئێوە هاتن زەنگ هات و خۆی بە ملی
دەیجووردا هەڵواسی و لەناو بێدەنگیدا زرنگایەوە و
ئیتر زمانەکەمان شەبەقێکی ئاڵی تازەی تێکەوت و

چوون شەقژنی کۆترە باریکەی
ناو شیعرەکانی "خانی"ش
بەرزەفڕ لە ئاسماندا کەوتە سەما..!

کە ئێوە هاتن، ئایندە لە چاوتاندا بوو.
کۆتر لە باخەڵتاندا و بە هەردوو مشت ڕووناکیتان
ڕشتە ناو ماڵەکانمانەوە و پەنجەرەی بیری نوێتان
بۆ دیوارە نابیناکانمان دانا..!

پرژە پرژە فوارەیەکی تازە لە حەوشەی مێژووماندا
شکۆدار کەوتە هەڵچوون.
ئیتر لەو کولتوورە جیابوونەوە کە خەنجەری تۆڵە و
تیرەگەرییان لەسەر جەستەمان لە هەسان ئەدا.
لەو نەریتە ڕاپەڕین کە کانییەکانی ژنی تێدا
ئەکوژرا چرای تیا خاکەسەر ئەکرا...!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
ـــــــــــــــــــــــ
" #ئێوە_بە_خۆشەویستیم_ئەسپێرن "
.
#خلیسکان
"ئیرۆتیکا"

بە ڕووتی لەبەر ئاوێنەی
ژوورەکەدا ڕاوەستاوی.
پرچەکانت تەنها سایەن بۆ شان و مل.

پرچەکانت دوو پلووسکی ئاوی ڕەشن.
دوورگەیەکی بلورینە و شەپۆل ئەداتەوە لەشت.
چ بەهارێکی سپییە و
بریقە ئەدا لە چاوم.
چ ئاوێکی برۆنزییە و
لێم ئەپرژێ!

"تاق"ی مەمکت و "تاق"ی سمت و
پێچ خواردنەوەی کەوانەیی
لە کەمەرەوە بۆ ڕانی لووس و سفت.
خێرا.. خێرا پێچ بە چاوم ئەکەنەوە و
لە پڕێکدا..
لەسەر شووشەی پێستی بەر سک
بەخلیسکێم و بۆ پژوێنێ شۆڕ ئەبمەوە.

لەناوەندا، گیای سیحراویی، دەوری زنە
هەردوو نیگام شێت ئەکەن و
پەنجەکانم یاخی ئەبن و
لە مەچەکم جۆی ئەبنەوە..

ئیستە ڕووبەڕووی ئاوێنەین
بۆ یەکتری!

🎀 @Sherko_bakas
شێرکۆ بێکەس
#دەیان_پۆله_باڵندەی_وشە
.
#پەنجەرەی_نەوەکان

ئەی پەنجەرەی باڵەخانەی ڕەنگاوڕەنگی عەقڵی نوێ!
من دوێنێم و لە پەنجەرەی کۆن و نزمی خۆمەوەیە، سەر هەڵئەبڕم بۆ لای تۆ!.

تۆ ئیستاکە لە گەردوونی بێ کۆتایی زانستا
پەرچووی سەدەی ئەنتەڕنێتی و لە پەنجەوە
لەسەر کیبۆرد ئەجووڵێیت و هەڵئەفڕیت و جێی سەرسامی و ڕامانی.

تۆ هەموو ڕۆژ کتێبێکی بیری تازەی پڕ شەبەنگی ناو هزری.
تۆ سبەینێی، ئەوەی باوکت، بە ساڵانێ بە دوو باڵی هیلاکەوە ئەیبڕی
تۆ ئیستاکە بە دوو باڵی پرشنگەوە وشە و ڕستەی تیژڕەویت و بە چرکەیەک ئەیبڕی!.

وا نۆرەمە، ئیتر منیش، سەربەرەو خوار، داچم و وەک دوا تیشکی خۆرنشینی، دەم ئاسۆ ئاوابم و، بۆ عەقڵی تۆ و، بۆ بەهرەی تۆ، پیرێتیم زۆر باشترە، چۆڵی بکات، سەرشانۆ!.
من باوکتم، خەوش نییە، کە نەزانی چۆن ژیام
تۆ ئەو دەمە، لە خەیاڵدانی مندا
گەرایش نەبوویت، هێمایەکی نادیار بووی
چون نەهێنی نەدۆزراوە لە هەناوی وجوددا.

تۆ نازانی، لەو دیرۆکە پڕ عەزیایەی ئێمەدا
خوێن چۆن ئەبوو، بە باران و بە ڕهێڵە و چەخماخە
تۆ نازانی چۆن ئەچووینه ڕۆژمێری لەناوچوون و فەناوە و
تۆ نازانی بە ناچاری ئاگرمان چۆن ئەکرد بە ڕێگا!

تۆ نازانی، مردن چۆن ئەبوو، بە تامار
یەکەیەکیش، بەسەر کێڵگە و سەر شەقام و باخچەکان و ناو ماڵاندا ئەگەڕا!
تۆ نەت دیبوو ئەژدیهاکان، لە چوار لاوە، بە ڕەوە شیعر و ساوا و، کارمامز و، خۆزگەی سەوز و، ئەستێرەیان، بە یەکەوه، قووت ئەدا!

خەوش نییە و تۆ نازانی
لەو وەرزانەی ئێمەدا
گوڵ چۆن ئەبوو بە چیرۆکی سووتەمەرۆ و خۆڵەمێش.
دارسنەوبەر بە تابووتی نەغمەی سپی و بەفر کفن و، ماڵ بە گۆڕ!.

تۆ نازانی، سەعات ئەوسا، لە کسپە و هەناسەدا ڕەنگی چۆن بوو، چۆن ئەهات و چۆن ئەڕۆی؟!
تۆ نەت دیبوو، تۆ نازانی، لە لای باوکت لە کێوان مانگی هیلال، چۆن شەوانە، لەبەر چاوی ئەبوو بە قەراغی نان!

پلە گۆشتێ، چۆن چۆنی ئەبوو بە خەونی، ناو ئەشکەوت و بە خۆزگەیەکی مەحاڵ!
خەوش نییە و، نەتان دییوە
لەو شاخانە، چۆن بەرد ئەکرا، بە بالیف و گەڵای وەریو بە پێخەف و.. کادان بە خۆشترین ژوور و هەندێ جاریش لە هەکاردا مار و مێرو چۆن ئەخورا!

نەتان دیبوو.. لەو لایشەوە
شیعریش چۆن ئەبوو بە قاچی دارو بەرد و
ڕۆژانە شەهید چۆن ئەبوو بە تاڤگە و بە چلوورەی گەورە گەورەی ناو دەربەند و بە حیکایەتی شەوانە و به دووکانی ڕەزی سووتاو.

لێرە و لەوێ
لە ئەمڕۆدا سەرنج بدەن
یەکە یەکە
هاتوونەوە و، هەموو ڕیزه درەختێکی ناو زانکۆکان
ئەوە باڵای سەوزی قوربانییەکانی کێوانن.. گەڕانەوە و لێرە و ڕووان، سەرنج بدەن.
لەناو پارکی ئازادیدا، لێرەوە لەوێ ئەوە گوڵی برینەکانی ئەوانن، لەباوەشی پەرژینەوە چاویان بڕیوەتە ئێوە!

هەموو حەرفی چاپخانەکانی ئەمڕۆمان ئەوە دڵۆپی خوێنی ئەوانن ڕیزیان بەست و بە قەتارە لە شاخەوە هاتنە ئێرە!.

ئەو کۆترانەی هەموو ڕۆژێ لە کۆشتاندا هێور هێور، چینە ئەکەن، دەنووک ئەدەن لە ساماڵی خەونەکانتان، ئەو کۆترانە، ئەوانە سەری ناوپەتی سەر سێدارەن، لە ئەبوغرێب و موسڵەوە.
هاتوونەوە و لە ئیستەدا بوون بە نیشانەی ئەڤین و بەنێرگز و بە ئاگرەکەی نەورۆز لێرە.

ئەوە برینی ئەوان بوون
بوون بە شمشاڵ و بە پیانۆ...
لەسەر شانۆ، بوون بە ملوانکەی کچان و بوون بە پوولەکەی کراس و بە جریوەی وشە و شیعر و بوون بە دار گێلاسی حیکایەت هەموو لێرە.

ڕیزە کورسی ناو فڕۆکە
ڕیزە گڵۆپی سەرشەقام
ڕیزە ئینجانەکەی باخچەکان
ڕیزە پەنجەرەی ئەپارتمان
ڕیزی.. ڕیزی.. ڕیزی
ئەوانە ڕیزی سەرومل، ڕیزی دەفەی شان و ڕیزی پەراسووی ئەوان بوون، بوون بە ڕیزی ئەو شتانە و جارێکی دی هاتوونەتەوە بۆ ئێرە!.

ئەو هەموو پۆلە ڕۆژنامە و گۆڤارانە
ئەوە پێستی داماڵراوی لەشی هەزاران ئەستێرەی ژووری مەرگە
هاتوونەوە و بوون بە کاغەز.
ئەو پەڕانە
ئەوە "با"ی سووری هەناسەی شەهیدانە
هەڵیگرتوون و هێناونی و دوایی کردوونی بە توحفەی سەدان گۆڤار و ڕۆژنامەی هەتاو لێرە.

خەوش نییەو نەتان دیوە لە دواییدا لەگەڵ مندا مانگێکی سووری یەک شەوەیش ئەیوت: ئەوەی خەوشە نەگەڕێن بە شوێن خوێنێکدا لەبەر ئێوە، لەبەر بەرد و لەبەر گڵ و لەبەر ئەو باخچانە ڕۆیی.

ئەوەی خەوشە نەگەڕێن بە شوێن ئازادی دیرۆکێکدا لەبەر ئێوە گینگڵی داو لەبەر ئێوە بە بەیانیان هەڵ ئەوەری
نەگەڕێن بە شوێن زایەڵەی وشە و ڕستەی قەسیدەیەکی دوێنێدا، لەسەر ئێوە، درا لە دار.
ئەوەی خەوشە نەگەڕێن بە شوێن ئەو هەموو حیکایەتەی، لەبەر ئێوە، سەربڕران و لەسەر ئێوە بوون بە هەواری خۆڵەمێش.

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#هەست_و_نەست
.
#دڵۆپ

دڵۆپێ خەریکە
بتکێتە سەر پەلکێ
پەلکەکە ئەوەندە تێر ئاوە
دڵۆپی ناوێت و
دەستی خۆی ئەداتە
دەست سروە و
سەریشی ئەباتە ئەولاوە!

🎀 @sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#زێ_و_زنه
Forwarded from اتچ بات
#سی_و_سێ
#پاییزه_میوانی_بچکۆلە!
ــــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی "۷"
🎀 @Sherko_bekas

۱۹.
لەمبەرەوە من چەند دەنکێ
لە برووسکی سەرنجدانم
گرتە بەژنی ژنە هەورێ
بەری کەوت و
لە پاش تۆزێ لەناو هۆڵدا بوو بە باران!
لەوبەرەوە ئەو چەند تیلماسکێ لە تەم و
چەند گەڵایە لە هەناسەی زەردباوی خۆی تێگرتم و
بەرم کەوت و ئەمجارەیان هەر ئان و سات
لەناو هۆڵدا بوو بە خەزان!

۲۰.
خەریک بوو، شیعرێکم، خەوێکم، گۆمێگم
ئەنووسی بۆ پاییز..
لەناکاو، لەوەوە، پۆستێکم پێگەیشت
پۆستەکە زەرفێکی لاکێشی خۆڵین بوو
بە باڵا هەر بەقەد لاسکە گیای گەردنی
کورتترین چیرۆک و
بە قووڵییش هەر هێندەی قووڵایی
گیرفانی منداڵیی خۆم ئەبوو!

بە سەروو زەرفەوە، دوو گەڵا، دوو پوولی خوێناویی
برینی، ژنێکی ماردینی پێوەبوو!
ئەو وەختەی بە نووکی مەراقێ، بێ تاقەت
زەرفەکەم هەڵپچڕی
چیم بینی؟..
هەورێکی بچکۆلە ئەوەندەی سەری خۆم
گرماندی و داباری و هەر یەکسەر
ژوورەکەی پڕکردم لە بۆنی مەولەوی!

یەک گوڵدان پڕ لە تەم..
کت و مت بە شێوەی کەرکووکیی!
دوو پەیڤی حەرام و بریندار.. دوو ڕەنگی
قەدەغە و دوو ئاگری پیرۆزی
مەسحەفی ئێزیدی!
دوو پیاڵە سەر ڕێژبوون..
لە زەردەی خوێندنی دوو سوێسکی
بن سوخمەی کچێکی سنەیی!

پەرداخێک لێوان لێو لە بادەی مەراق و
نامۆیی شەوانەی بێکەس و
هەروەها.. دوو تاڵیش لە قژە زەردەکەی،
بووکەکەی پاییزی گۆران و
دوو هەودای چریکەیش لە دەنگی دیلان و
دوا شتیش لە شووشە عەترێکی خاڵیدا
دوو ماچی قەتیسی دایکم بوون..

بە خۆم وت
کە پاییز ئەم هەموو ژانانە و
ئەم هەموو جوانیانە و ئەم هەموو
شیعرانەی ناردبێ..
تازە من شیعری چی و خەمی چی و
گۆمی چی بنووسم بۆ پاییز
ببوورن من هاتم بۆ ئێرە و
شیعریشم نەنووسی!

۲۱.
هەریەک جار ڕەنگێکی بەهارە کە هاتە چاومەوە
من ئیتر ناسیومە و دووبارە لە هەرکوێ بیبینم
بۆ چاوم هەر هەمان ڕەنگەکەی جارانە
جارێکیان دوای دە ساڵ.. لێرە نا.. لە دەرێ
پەلێکی نیسانم بینیەوە.. من پێم وت
ئەوە نیت من ڕۆژێ لە شایی قەشقۆڵی
تۆم بینی لە ئاودا و بە سواری کەڵەکێ.. وتی با..

جارێکیان دوای بیست ساڵ لێرە نا.. لە دەرێ
گوڵێکی بەهارەی چاوڕەشم بینیەوە من پێم وت
ئەوە نیت من ڕۆژێ بینیمی ئەچوویتە
سەیرانی بێخاڵ کوڕێکی موو زەردت
لەگەڵ بوو، شێت بووبوو بۆ چاوت و گۆرانیی
"ماملێ".. وتی با..
کەسک کەسکە و هیچیتر
سوور سوورە و هیچیتر
یەک ڕەهەند لە وەرز و
یەک ڕەهەند لە بینین!

نەهێنیی ڕەنگی تۆ پاییز ئەوەیە..
لە ئاسۆی یەک ڕەنگتا.. خەرمانێ لە ڕەنگی
جیاواز و لەیەک دێڕ ماناتا.. چەند ڕووبار
لە مانا ئەبینم
"ئەو وەختەی کۆچ ئەکەیت
نازانم کۆچ بۆ کوێ؟!
ئەو وەختەی ئەپژێیت
نازانم پژانی گریانە یان خەندە؟!

لە بیرتە تشرین بوو، بەیانی بینیمی،
زەردباو بوویت
ئێوارە هاتیت و بە ڕەنگی بڕۆنزیی گۆڕابوویت؟!
نەمناسیت!
لە بیرمە لە کەنار گۆمەکەی دوکان بوو..
جارێکیان باگژە تۆی هێنا و خۆڵاویی و پەشۆکا و
لەپڕێ ئەوەندەی تروکەی چاوانی شەپۆلێ،
بینیمیت بە سواری گەواڵەی شەرابی بارانێ..

لە پێشدا نەمناسیت تۆ ئەوی.. تا نەمدی
لە کۆڵتا کۆڵوانەی پەپووله و خەزانێ..
سەوز سەوزە و زەردیشە و مۆریشە لە تۆدا..
قژی کورت لە ڕۆژتا.. چیرۆکی کورتمە و
هۆنراوەی کورتمە و..
ئەو قژە درێژەی شەویشت..
قەسیدەی درێژم و.. پاییزم..!

من بۆیە ئاوێنەی ڕۆحتم خۆش ئەوێ
لە ناویا من کۆچی ئازیز و.. سەفەری
ئەبەدیی ئەوان و.. من سیمای دایکم و
دیرۆکێ لە ئازار.. دیرۆکی
ئازاری باڵندەی کوژراوم ئەبینم!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
ــــــــــــــــــــــ
لە کتێبی " #پاییزه_میوان "
بە دەنگی پڕ سۆزی ئیمپراتۆری شیعری جیهان
"شێرکۆ بێکەس"
.
Şêrko_bêkes
#بنەماڵەیەک_لە_گوڵی_شەستپەڕ ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ بەشی"۳" 🎀 @Sherko_bekas ماڵباتێ لە قولـلەی پیرۆزەیی ڕەنگی شەرەفنامە ئەو وەختەی شەرەفخان لەناو دەربەندی نووری کێوانەوە کتێب لە بن هەنگڵدا و گوڵاڵە بە دەستەوت دێتە دەرێ...! ئەی پەیامبەرەکانی…
#بنەماڵەیەک_لە_گوڵی_شەستپەڕ
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی"۴"
🎀 @Sherko_bekas

ئەی قەڵەمە بانگدەرەکانی سەر منارەی شارستانی:
پەنجەکانی ئێوە بوون، بۆ یەکەمجار، لە کێڵگەی وشەدا
گوڵەبەڕۆژەی ئەم زەمانەیان چاند و
گوڵەبەڕۆژەش بوو بە ڕۆژنامە و ڕوو لە خۆرەی درەخشان باڵای کرد و ئاوێزانی بوو: کوردستان...!

پەنجەکانی ئێوە بوون، دەستەکانی ئێوە بوون، بۆ یەکەمجار لە دڵۆپی ئازار حەرفیان چێکرد و وشەیان چنی و
هەر چاوەکانی ئێوەش بوو...
بۆ یەکەمجار لە شەوی نامۆیی و لە ژووری تازه زاوای چاپخانەدا
بوون بە نەورۆزی نیشتمان...!

باپیرانێ لە سنۆبەر
باپیرانێ لە گڵۆپ و
باپیرانێ لە پاندان و
باپیرانێ لە جاویدان...!

ئەی چراکان!
ئێمە هەموومان لەژێر فێستەکانی ئێوەوە هاتووین...!
ئێمە هەموومان لە ڕەچەڵەکی قەڵەم و قەڵەمدان و
پەڕەکاغەزی ڕۆژنامەکەی ئێوەوە هاتووین

ئێمە هەموومان بە نەژادی شارستانی ئەچینەوە
سەر شەقامە جوانەکانی ئێوە
ئێوە باپیرە پەنجەرە و
باپیرە گوڵدان و باپیرە چاپخانە و
باپیرە غەزەتەی ئێمە بوون...!

ماڵباتێ لە شەوی ئاوارە بوون
وەختێ کە سایەقە غوربەتی تیا ئەپڕژێ و
مانگەشەو ڕووتە و لەناو بەفرا هەڵئەلەرزێ و
میقدادێکیش بە تریفە
یەکەم سەروتار ئەنووسێ...!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
ـــــــــــــــــــــــ
" #ئێوە_بە_خۆشەویستیم_ئەسپێرن "
.
من بۆیە ئاوێنەی ڕۆحتم خۆش ئەوێ
لە ناویا من کۆچی ئازیز و..
سەفەری ئەبەدیی ئەوان و..
من سیمای دایکم و دیرۆکێ لە ئازار..
دیرۆکی ئازاری باڵندەی کوژراوم ئەبینم!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
Şêrko_bêkes
#دوو_هەزار_وشە_بۆ_ساڵی_دوو_هەزار ــــــــــــــــــــــــــــــ بەشی "٦" 🎀 @Sherko_bekas لەو دەمەوە تێکەڵ بە شەوی ون بوونی ڕەنگی خۆم بووم، من ڕەژوو بووم خرامه ناو کوورەکانی وەزەنەوە.. لەو دەمەوە هەتا ئێستا گەر لەسەر ڕا بۆم بڕوانی، لەسەرەوە من تووناوتوونی…
#دوو_هەزار_وشە_بۆ_ساڵی_دوو_هەزار
ــــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی "۷"
🎀 @Sherko_bekas

شەڕی نێوان بوون و نەبوون منیان لە ژێر ژیلەمۆوە کرد بە کڵپە و
منیان لەناو دۆڵەکانی خۆڵەمێش و سەرابەوە هەستانەوە
ڕیزە چراخانی وشە لە جزیرە و بۆتانەوە بەسەر بەفرا بازیان ئەدا و
بە وێنەی عەشقی مەم و زین ئەبوون بە خەیاڵی "خانی" و ئەبوون
بە خۆشەویستی زمان و بە ئەوینی دار و بەرد و بە ڕەنگەکانی سروشت و
بە لاوک و بە داستان و بە شەونمی کەنار دیجله و بە سروودی ئازادیم و
لەناو ناخما ئەتوانەوە.

ساڵ ئەڕژێتە ساڵەوە و بیر ئەڕژێتە بیرەوە و
لە دوورەوە لەناو گەرووی فەڕەنساوە،
لە شۆڕشی نانی برسی و ئاوی تینووی هاوینەوە،
پرشنگەکانی ئازادیی لە پەیامی سێگۆشەدا
بەرەو دنیا ئەپەڕنەوە و منیش ڕووناکتر ئەبمەوە.
ئەمە قسەی خاک و خۆڵە وەختێ ئیتر ڕائەپەڕێ و
پێی بەچەکمەی شەوەزەنگ و غەوارەکان قوبوڵ ناکا.

ئەمە قسەی داربەڕووە، قسەی دەشتە،
قسەی خوێنە و قسەی عەشقە و
قسەی کۆترە باریکەیە و قسەی تاوێرەکانی کێوانە و قسەی جادەکانی شارە،
قسەی باڵای یاخیی بوونی ساڵانێکە بەسەر ئاسمان کون ئەکەن و لەناو بریندا هەڵئەکەن.

قسەی هەقە و خوایش لەگەڵیا هاوار ئەکات.
ئەمە قسەی قوربانییە وەختێ وشەی ئەبنە یاقووت.
مەمکی ژنە لەو دەمەدا ئەقریشکێنن.
ئەمە پەیڤی ئازادییە وەختێ ئەبێ بە درەختی ڕۆژەکانم و سێوی دڵو ڕۆحم ئەگرێ.
پەیڤی ڕووناکییە وەختێ شەهید ئەبێ.

هەورێ دێت و هەورێ ئەڕوا.
وەرزێ ئەمرێ و وەرزێ ئەزێ و
من ئێستاکە بووم بە ڕیزە مەشخەڵانی درەیاچەی "وان"
سەرانسەری چەوسانەوەم داگیرساوە.
سەرانسەری نەخشە و باڵام بووە بە قەڵبەزەی سوور و
سەرانسەری نائومێدیم پڕ هەتاوە.

زەمان کاژ فڕێ ئەدات و
زەمان باڵی تازەی لێ ئەڕوێت و
زەمان چڕتر ئەبێتەوە و
زەمان زەنگم بۆ لێ ئەدات..!

چاوی "ئامەد" بوو بە چرای گەڕۆک و قەڵای هەولێر بووە بە قەڵای تەمەنی حەیرانی من.
لە ڕۆژهەڵاتدا "ئەردەڵان" هەڵۆیەکە چاوی تیژی بڕیوەتە ئایندەی دوور. بۆ یەکەم جار "شەرەفخان" مێژووی هاوار و بن و بنەچەی ئازارم تۆمار ئەکا و کڵۆڵیم ئەگێڕێتەوە.

بەردەوامە خوکوژی وەرزەکانی من.
بەردەوامە خۆکوژی ڕۆژەکانی من.
هەموو جارێ ئەبم بە بڵێسەی یاخی و
هەر جۆگەی خۆم ئەمخنکێنێ
بەردەوامە مەرگی من و بەردەوامە هەستانەوەم.

خۆم یەکێکم و هەموو ڕۆژ سێجار ئەکوژرێم.
بەردەوامە سەربڕینم و بەردەوامە ژیانەوەم.
سۆران بووە بە پشکۆی ناو خەوی سوڵتان.
سلەیمانی لە شیعرا ئەدرەوشێتەوە و
"نالی" بووە بە منارەی ئەم زەمانە و،
"مەولانە" نامۆی ماڵی باو و باپیری خۆیەتی و
سنەوبەری خۆی هەڵئەکەنێ و
سەرهەڵئەگرێ بۆ هەندەران..

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#ژن_و_باران
.
مەستم بە گوناهـ
مەستم بە تۆبه
مەستم
کە نەمزانی
بۆچی گوناهـ و تۆبەم کرد!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#زنەی_شیعر
Forwarded from اتچ بات
#بە_پلیکانەدا_هەتا_ژوورەکەی_ئەو!
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی "۱"
🎀 @Sherko_bekas

هەموو یەکشەممەیەک لەوێ
وەک کڵێسەیەکی گەڕۆکی بچکۆلە بم
لەبەر "دیا" و
عەشقی "دیا"
ئەبووم بە تاڵە موویەکی ڕیشی عیسا،
ئەبووم بە خاچ..

لەبەر "دیا"
ئەبووم بە پەلکی ڕووخۆشی
سنەوبەری "کریسمس" و
بە "ئەیقوون"ی خۆشەویستی پاکیزەیی و
مۆمێکی نیوە سووتاوی بەر پێی "عەزرا"

هەموو یەکشەممەیەک لەبەر دیا.
بە زستانان، تەم و مژی کۆنە شارم
لە غەریبی و لە باڵامەوە ئەپێچا.
بەفر بە خرچەخرچەوە، لە ژێر پێمدا و
بە پاڵتۆیەکی ڕەشەوە

ملیوانەی هەڵبڕدراوی لە پشتەوە بۆ سەرەوە،
قوپچەی زل زل
لە خوار ئەژنۆوە بۆ سەرێ،
هەتاکوو بەر بینەقاقا داخراو و
چەمکێکی ملپێچی سوورم بە دەرەوە و
ئەکەوتمەڕێ، بۆلای دیا.

هەموو، هەموو یەکشەممەیەک
ئەتوت تارمایی شیعرێکی بێ ئیقامەم،
وام ئەزانی لە سیلەی هەر
جادەیەک و کۆڵانێکدا،

ترسێکی زلی چوارشانە
وەک پۆلیسی سوور و سپی و کەڵەگەتی
جلی بەر قەرەباڵغی
شاری ئەوێ،
یەکێکیانم بۆ وەستاوە و بانگم ئەکا و
داوای پێناسەم لێئەکا!

هەموو یەکشەممەیەک بە ئێواران،
زڕەی زەنگێک لە سەعات شەشی تەواودا،
لە ناوەوەمدا لێی ئەدا...
نەمئەزانی
دەستی مەسیحە لێی ئەدا؟

یاخود ئەوە جەستەی
ئەو بوو کە لەبەر چاوی من ئەبوو بە خاچ؟
یاخود وەهمی
ئەو مەراق و ترسانە بوون
کە لەگەڵ خۆم، وەکوو چاو و دەست و پەنجەم
هێنابوومن، بۆ ئەوروپا؟

لە ئێستەیشدا بوونەتە نامۆیی سپی و
ساردی ئێرە و
ناوبەناوێ لە بوولێڵێکی چەپەکدا،
خۆیان نیشانی من ئەدا؟!

"کە نامۆبوویت و تەناییت لەباتی خۆت کەوتە وڕێنەکردن و سەریشت بوو بە کونەبا،
ئیتر تۆ ئاگات لێ نییە و هەر نایشزانی
کە چارەنووس وەک پەڕێکی ناو گەرداوی کەنار زەریا،
بۆ کوێت ئەبا؟!

لە ساعەت شەشی تەواودا، بۆلای "دیا"
بۆ یەکەمجار لە مانگی گوڵاندا بینیم لە هۆڵێکدا، کە "هەڵەبجە" دەرگای گەورەی
هاتنە ژوورەوەی خەڵکی بوو، لەوێ ناسیم.

دیا لە خۆشەویستی ژنێکی ئەفریقاوە،
بۆ منداڵێکی ئاسیا و بۆ کۆترێکی لاتین و تا ورچێکی ئەو قوتبانە و تا دارتوویەکی ئۆگەندا و هەتا ئەگاتە سەر خەمی کەنگەرێکی ئوسترالیا...
هەموویانی لەناو دڵیا ڕیزکردبوو
"ئەو" ژنێ بوو هەموو دنیای لەناودابوو،
"دیا" وابوو!

دیا نووکی قەڵەمە زەردەکەی هەنگ بوو
لەسەر هەموو گوڵێکی گۆی زەوی ئەنیشتەوە و
بەیەکەوە،
هیوا و ئازاری ئەمژی و
لەدواییدا ئەیکردن بە شانەی وتار،

شانەی ستوونی ڕۆژنامە و شانەی شانۆ و بەسەر خۆشەویستیی بێداڵدەدا،
بەسەر لێوی منداڵاندا و
بەسەر هەتاوی ئاوارە و
شیعری بێ چەتر و چیرۆکی بێ پێڵاودا،
چونیەک دابەشی ئەکردن.

بۆ یەکەمجار لە مانگی گوڵاندا بینیم،
بەڵام لە مانگی خەزاندا،
لە ژوورە بەرزەکەی خۆیدا و
لەبەر چاوی پشیلەکەی،
تێکەڵ بوون و باوەشیان کرد بەیەکتردا.

لە ساعەت شەشی تەواودا
بەسەر هەشتا پلیکانەی تەسکا
بەسەر هەشتا پلیکانەی عەشقا
بەسەر هەشتا ئارەزوودا
بەسەر هەشتا پلەی خەونا،
سەرئەکەوم بۆلای دیا.

"لە یەک وەختا دیا چەپ و عیساییش بوو، لە چەپیاندا بۆ ڕۆژنامە
هەر خەریکی کۆکردنەوەی
فرمێسکی وەک هەڵەبجە بوو،
بۆ دوومیش ئازاری پێغەمبەرێکی
پەرەوازەی، وەکوو ڕاستی و
وەکوو خاچ دابوو بە کۆڵدا"

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
لە کتێبی "
#خێراکە_مردن_خەریکە_بگات "
بە دەنگی پڕ سۆزی ئیمپراتۆری شیعری جیهان
"شێرکۆ بێکەس"
.
من بەقەت چەند، خۆشم ئەوێی؟
ئازیزەکەم، وەک چۆن بەهار
ئاسمانی شینی خۆش ئەوێ
یان پەپوولەی هەردە و نزار
هەنگی دڵدار
گوڵ باخی، ژینی خۆش ئەوێ
شیلەی شیرینی خۆش ئەوێ
خۆشم ئەوێی!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
Şêrko_bêkes
#وەختێ_کۆتایی_ئەبێتە_سەرەتا ـــــــــــــــــــــــــــــــ بەشی "۱٦" 🎀 @Sherko_bekas ئەو چەند ڕۆژەی لە ماڵەوە بووین، دەرفەتێکی باش لەبەردەمی مندا ڕەخسا بۆ ئەوەی ئەو دەستە خۆشکانەی ناو جانتاکە باشتر بناسم. جگە لە گوارە زۆر بڵێکە کە هەر خۆی قسە ئەکات و گوێ…
#وەختێ_کۆتایی_ئەبێتە_سەرەتا
ـــــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی "۱۷"
🎀 @Sherko_bekas

عەسرێکیان، خانمی نازدار، دەنک دەنک دەسەسڕی پیا هێنام و لەبەر ئاوێنەی دیواردا کردمیە ملی. لەگەڵ گوارە و ئەموستیلە و گوڵی قژ و دوو بازندا چووینە دەرێ. لەبەر دەرگا فڵچەی ڕیش تاشینی باوک، تووکی سەربژ، هێشتا بەر سمێڵ کەفاوی، بە تووڕەیی هاتە بەردەمی خانم و وتی: زوو وەرەوە بە ڕووناکی، تێگەیشتی؟!

خانم سەرێکی بۆ لەقان هیچی نەوت. بەڵام من لە دڵی خۆمدا وتم "لەبەر ئەوەی فڵچەی ڕیش تاشین پیاوە، ئازادە کەی بڕوات و کەی بێتەوە، هەروەها سەبیلەکان و خەنجەر و گۆرەوی پووزوانە و هەرچی نێرە لەم ماڵەدا پرسی ناوێ کەی بڕۆن و کەی بێنەوە!"

ڕۆژێکی هەتاو و خۆش بوو. یەکەمجار بوو هەوای وا پاک پڕ بە سینەی دەنکەکانم هەڵمژی. لەسەر سنگی سپی و سۆڵی خانم دانیشتبووم. سەرنجی جادە و ڕێبوار و باڵەخانە و دەوربەری خۆمم ئەدا. ژنە عەبا و ژنە پەچە و ژنە چارشێوم ئەبینی. لە پۆلە باڵندەی ڕەش ئەچوون، لە بوخچەی گرێدراو. لە قوماتەی شەوەزەنگ و بەزەییم پیا ئەهاتنەوە ئەوەتا هەتاو لە قژی خۆیان و لە گەردەن و قاچ و قولیان دائەماڵن و سەری خۆیان ئەدەنە دەست مێزەری دووکەڵ و عەمامەکانی تاریکیی.

بەزەییم پیا ئەهاتنەوە کە دەستەمۆی کوێربوون و عەقڵی ماڵین. بەزەییم پیا ئەهاتنەوە کە ئەوان هێشتا نازانن هەر جارییەی دوورگەکانی لمی جاران و مەسینەی پیاون. ئەوان هێشتا هەر سێیەکی ژیانن و ڕازین بەوەی هەموو ڕۆژێ و هەتا ئەبەد پێیان بڵێن: عەقڵی نوقسان و ناتەواو. گەیشتینە بەردەم کۆگای گوڵە مێلاقەی جارانم هەناسەیەکم بۆ یادگارەکان هەڵکێشا.

بەرەو خوارتر چووینە بەردەمی ئەو ژنە پەیکەرەی کە زەنجیری مەچەکی ئەپچڕێنێ و باڵ لێکئەدا بەرەو ئاسمان
باڵ لێکدە با لەشی یاخیت
ببێ بە باڵندەی دەم "با"
بە باسکی خوا و
باوەش بکا بە مەحاڵدا.
باڵ لێکدە با هەوری یاخیت
ببارێ وەک شەستەی تووڕە
بەسەر زوڵم و بەسەر غەدر و
بەسەر سەرزەمینی پیاودا!

تۆ چیت هەیە لە دەستیدەی!؟
جگە لە قیژەی ئەشکەنجە و
جگە لە پۆشاکی برین!
تۆ چیت هەیە بیدۆڕێنی؟!
جگە لە پووشووی بێبەشی و
گەڵاکانی وەرزی وەرین.
تۆ چیت هەیە لەکیست چی؟!
جگه لە مووروی ئەسرین و
لە پارچە ئاوێنەی خەم و
جگە لە هەندێ کراسی غەمگین غەمگین!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
کتێبی " #ملوانکە"
.
هاوڕێیان سڵاو و کات باش

بێ ته‌عارف ده‌ڵێم؛
جوانترین، به‌هێزترین، ڕازاوه‌ترین، به‌نرخترین، کاناڵی کوردی بێ گوومان کاناڵی (تاپوی نووسراوه @tapuynusrawe) یه،
له‌ بواری نیشتمانی، ڕامیاری، نه‌ته‌وایه‌تی، کتێب، ڕۆمان، شیعر، وتەی ناوداران، ڕۆژمێری کوردی و زۆر بواری دیکه چالاکه.
کاناڵێکی جیاواز که‌ به‌ لیژنه‌ و به‌ هاوفکری چه‌ند مامۆستا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

ئه‌مه‌ ڕای من به‌ڕێوه‌به‌ری کاناڵی شێرکۆی مەزنە، نه‌ک (ته‌بادوڵ و تەبلیغ)

لینکی به‌هێزترین کاناڵی کوردی تێلێگرام

🇯‌🇴‌🇮‌🇳👇
http://www.tg-me.com/joinchat-BRd9Rjws1NxX8VUTYMkomA
کاناڵی (تاپوی نووسراوە)👆👆👆
.
2024/09/25 19:27:48
Back to Top
HTML Embed Code: