Telegram Web Link
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۲۱]
ــــــــــــــــــــــ

"ڕامان"

سەرەتا بوو
شەبەق گڕی لە شاقەلی ئاسمان بەردا،
کونچەکانی گیانمی پڕ کرد
لە گرفەگرف و نێڵەنێڵ...
بە گزنگی نۆبەرەیدا تۆشەی بۆم نارد،
پەنجەی ڕاداشت
بۆ ڕێیەکی چەوت و چەوێڵ

هەنووکانەش...
ئێوارەیە و ماندووی ڕێگەم،
تیشکی ساردی زەردەی بنێس
خۆی هەڵدەسوێ لە تەوێڵم!
ترپەترپی پێی ئەستێران
دەگاتە گوێم،
نوقمی ئارەقە و بوڵیڵم!

هەورازێکم ماوە و لەودیو
تەمێکی چڕ دایپۆشیوە
دوا کەوێڵم...
هەورازێکە و هەڵگەڕانێک...
نشێوێکە و داگەڕانێک...
لێ... چۆن بڕۆم؟

نە تۆشەکەی شەبەق ماوە،
نە هاڵاو و نێڵەنێڵم
زەویش هەردوو لینگی گرتووم،
دیاریی دەوێ!
خوایە، چبکەم؟
چ بۆ زەوی جێبهێڵم!
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓(۱۹۹۲/۷/۱۳ - مۆسکۆ)

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۲۲]
ــــــــــــــــــــــ

"شەهید"

دوێنێ شەو خەوم زڕا،
چوومە دەرێ بە کڕی
سەری برووسکاوێژم
بەرەو ئاسمان هەڵبڕی

ئەستێرەم دین، ڕووتوقووت،
پۆل پۆل هەزاران هەزار،
بە دەوری قووی کورکدا
پەرت بوون وەک دەنکەهەنار...

هاتمەوە و پرسەم دانا
بۆ ئەوان ئەستێرانەی،
باڵئەنگێوراو، گەردنلار،
لە هەڕەتی ورشەدا
داکشان سەر بەرەو خوار!
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

(۱۹۹۲/۷/۱۳ - مۆسکۆ)

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۲۳]
ـــــــــــــــــــــــــــ

"بزڕکاندن"

کەوێڵێکی داوێنی چیا،
ترپەترپی بەئاستەمی نمەی باران،
ئاگردانێک،
قرچوهۆڕی چیلکە و داران،
تاقچکەیەکی پڕ کتێب،
زارۆیەکی خەپەتۆڵەی ئاگرپارە،

ئازیزێکی زەردئەسمەری
کەزی و بسک تا کەمەری
گوێ بە گوارە

ملە قوتەی تەنکەخەمێک،
هاژەهاژی لەدوورەوەی
لێڕێک، چەمێک،

کترییەک چای بە دووکەڵی
چڕ دەمکراو،
کۆتکەدۆیەکی کوندەڵان،
دووسێ نانی گەرمی تیری،
یەک بەرچنەی پڕ هەنار و
ترێی بۆنخۆشی ڕەشمیری!

                   **

🔸ب
زڕکاندن: قسەپەڕاندن، وڕێنەکردن.
🔸کەوێڵ: کوختە، کۆخ، زنج، خانووچکەی یەکچاوە (بەتایبەت لەناو ڕەز و باخدا)

🔸خەپەتۆڵە: مناڵ یا بێچووی گیانداری گۆشتن و خڕکەڵە.
🔸ملەقوتە: سەرەتاتکێکردن

🔸لێڕ: دارستان، لێڕەوار، مێشە
🔸ڕەشمیری: جۆرە ترێیەکی ڕەشی تام و بۆنخۆشە.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓(19\7\1992_ڕووسیا_گوندی شوکینە )

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۲٤]
ــــــــــــــــــــــ

    "سووسەکردن‌"

پەنجەرە دەکەمەوە
مۆمێک دادەگیرسێنم.
بە چەپکێک گوڵی کێوی
گوڵدانێک دەخەمڵێنم.

بە دەوری سەرینمدا
زوڵاڵترین شیعری خۆم دەپرژێنم وەک شەونم،
شەو درەنگە و دەزانم:
گوڵبەژنێک دێتە خەونم!

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓(2\7\1992_گوندی شوکینا)

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۲۵]
ــــــــــــــــــــــ

"تەمەن"

تا تۆم هەبێ، ئازیزم،
من چیم لە مانگ و ساڵە؟
هێشتا زەڕنەقووتە بووم
ڕیشی خەمم سپی بوو،

دەمگوت شادی مەحاڵە
ئێستاش لە سای ئەڤینتا،
وا بە کۆڵێ ساڵەوە
تازە پێڕەوکە دەبم،
دەمم پڕ گڕوگاڵە!
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓(۱۲/٦/۱۹۹۳ - ڕووسیا - گوندی تشیریکۆڤە)

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۲٦]
ــــــــــــــــــــــ

"بەراورد"

نیوەشەو بوو،
سروشت مات و دنیا بێهەست...
تۆ نووستبووی،
ڕوومەتت لەسەر پشتی دەست

لە ئادگارت ورد بوومەوە
پێلی شەوبۆ هەڵیگرتم،
ڕایهەژاندم ئاوازێکی جاویدانی،

کتێبەکەی دەستم داخست،
خۆم ڕەها کرد لە زیندانی
ڕووی پیرۆزی تۆم خوێندەوە،
نەرمەنەرمە،
ئایەت ئایەت، تا بەیانی!
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓(۱۳/٦/۱۹۹۳ - تشیریکەڤە)

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۲۷ ]
ــــــــــــــــــــــ

" ڕەشنووس"

ڕەشنووسێکم ،
ڕۆژگار وەکوو نەخشبەندێک
هەر دەمنووسێ و نەخشم دەکا!

ڕۆژێک دادێ:
تاتەشۆر ــ چاپ،
گۆڕ ـــ جزووبەند ،
کۆڕی پرسەش ــ پەخشم دەکا!

             ٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭

🔸تاتەشۆر: ئەو بەردەی کە مردووی لەسەر دەشۆن
🔸جزووبەندکردن: لەبەرگگرتن
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓(‌  ۴؍۷؍۱۹۹۳ ــ مۆسکۆ)

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۲۸]
ــــــــــــــــــــــــــــــــ
"تۆ پێت وایە"

تۆ پێت وایە
شیعرەکانم
وەکوو بەردی لاڕێ سادەن؟

تۆ پێت وایە
پەیڤەکانم
ئاسمانگەڕ نین، زەویزادەن؟

ئاخر...چبکەم، دڵێژگەکەم!
وێنە و هزری وردیلانە
چرکەیەک دەبریسکێنەوە و
دەکشێن وەکوو گوڵەستێرەی
شەوەزەنگی باخ و ڕەزان،

هەر ئەوانەم پێ وەگیر دێن،
کە ماندوون و دادەوەرن
وەکوو گەڵای وەختی خەزان!
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓(14\7\1993_مۆسکۆ)

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew
[29]
ــــــــــــــــــــــــــــــ

"ڕۆژباش کچانی..."

ڕۆژباش،
کچانی سەد ساڵ لەمەوپاش!
ڕۆژباش،
کوڕانی سەدساڵ لەمەوپاش:
چاوەڕێم کەن،
وا تێنەگەن هێندە دوورم...
ئەو بەڵێنەی بە ئێوەم دا،
هەنووکەش لەسەری سوورم!

چاوەڕێم کەن ،
نابێ، ناشێ نەتانبینم!
مەپرسن کەی
مەپرسن چۆن
گومان مەکەن لە زڤرینم!

لەوانەیە،
ڕۆژی نەوڕۆز،
وەک پنجێک گیا
لەسەر گردی مەلا مەروان بژیێمەوە!
ڕەنگە شەوێک
لەگەڵ تیشکی برووسکەدا
داپەڕمە خوار و بێمەوە،
بێنێک وەکوو تاپۆی ئاڵا
لەبەر چاوان بشنێمەوه!


لەوانەیە
هەر دوای ڕێژنە بارانێکی سەربەکڵاوە،
لە داوێنی ئەسپیندارێک
وەکوو کارگێک هەڵبتۆقم.
یا لە دەشتی کاولەقەراج
شین بم وەکوو گوڵەجۆیەک،
یا لە گەرمەی ڕەشبەڵەکدا
بترنجێمە ناو ئاپۆرە و
لە پڕ بێمە دەستی دۆیەک!

          ***

ڕۆژباش!
کچانی سەد ساڵ لەمەوپاش...
ڕۆژباش!
کوڕانی سەدساڵ لەمەوپاش:
کە منتان دی،
بانگم بکەن
بۆ سەر سفرەی پڕی خۆتان!
من دڵنیام
نانی ئێوە تامی خوێن و ڕۆندک نادا.

با شەوێکیش بەئارامی
بنووم لەناو پێخەوتانا
لەم ژینەدا هەرچەند گەڕام بە دنیادا،
پێخەوی من
یا کەڵەکی سەر شەپۆل بوو،
یا لکێک دار لە بەردەمی ڕەشەبادا!

لێم گەڕێن، جارێک،
لە چەقی ڕێگە،
بە ڕۆژی ڕووناک،
بێ فتوای مەلا و ئیزنی عەشیرەت،
لە ترس ڕەها، لە تانە بێباک
تێر ئاوێزانی کچەکوردێک بم
هەناسەی بۆنی نێرگزی لێ بێ،
بەری دەستیشی تام و بۆنی خاک
       
             ***

ڕۆژباش،
کچانی سەدساڵ لەمەوپاش!
ڕۆژباش،
کوڕانی سەدساڵ لەمەوپاش:
تکا دەکەم،
بۆ ئەو ڕۆژە
ڕۆژی زڤرین یا داپەڕین،
ڕۆژی شینبوون یا هەڵتۆقین
پەساپۆرتێک بۆ من دانێن!

گرینگ نییە!
با ئەستوور بێ یا تەنکۆکە...
با لاکێش بێ یا چوار گۆشە...
گرینگ نییە!
چۆنی دەڵێن با ئاوا بێ:
زەرد بێ ، سوور بێ،
شین بێ، مۆر بێ،
یا ڕەشێکی وەک قەتران بێ...

لەم ژینەدا بە حەسرەت بووم،
تەنیا ڕۆژێک
پێناسێکی زێدی خۆمم لە گیرفان بێ!

ڕۆژباش،
کچانی سەدساڵ لەمەوپاش،
ڕۆژباش ،
کوڕانی سەدساڵ لەمەوپاش!

               ٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭

🔸زڤرین: گەڕانەوە، ڤەگەڕ
🔸مەلا مەروان: گوندێکی نێزیکی گوندی بێرکۆت(زێدی شاعیر) بەهاران لەوەڕگەی بەرخەل و کانگەی پیفۆک و شیلمشاق و قێزبەلە و قوڕادە و شتی تر بووە

🔸قەراج: بە پیتترین زەویی باشووری کوردستانە.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓(1993/‌8/14_تشیریکۆڤە )

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
☀️دەسەڵات☀️ [30]

قەڵەمەکەم چەکوچە و
هەر پەڤێکیشم ، بزمار
ستەم لە هەر جێیەک بێ
دەیسمم وەک تەختەدار!

#عەبدوڵڵا_پەشێو
#دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

  🆔 @Abdulla_Pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۳۱]
ــــــــــــــــــــــ

"مۆنۆلۆگ"

کازێوەیە
سەرینی تۆ باسکی منە،
سەری منیش لەسەر باڵی کڕێوەیە

کازێوەیه
پۆلێک پرسیار بەڕێ دەکەم،
پۆلێکی تر بەڕێوەیە

کازێوەیە
گا ئازیزێک، کە زیندووە،
لەناو تابووت ڕاکشاوە و
شەڵاڵی زەردەچێوەیە
گا هاوڕێیەک، کە نێژراوە
چاوی زەق زەق تێم بڕیوە و
بەپێوەیە!
***

هەنووکانە چاو لێک دەنێم...
ئەو دەلاقەیە دادەخەم
کە ڕابردووی لێوە دیارە،
شاباڵی ئەو بازەش دەکەم
کە لە فەزای ئایندەدا
سەرگەرمی ڕاو و شکارە
***

من تێدەگەم
ئەوەی ڕابرد، وەگیر نایێ،
ئەوەی دادێ، هەر مردنە...
هێندەم بەسە، کە تۆ... ئێستا...
سەرت لەسەر باسکی منە
***

دەڵێم،
گەر دایەحەوا گوێڕایەڵی خودا با،
بەری حەرامی دیبا و...
قەپاڵی لێ نەدابا...
کوا، کێ دەڵێ من و تۆ
لەوێش من و تۆ دەبووین؟

کێ دەڵێ گەمیەی بازووم
سەرتی لەسەر پێلی شەو ڕادەژەنی هەنووکە؟

کێ دەڵێ لەو بەهەشتا
بەهشتۆکەیەک دەبوو،
هەر من و تۆی تێدا بێ،
وەک ئەم لانە بچووکە؟!
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓(۱۹۹۳/۱۰/۸ - مۆسکۆ)

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[32]
ــــــــــــــــــــــ
"دوودڵی"

نیوەشەوێ
لەبن ڕێژنەی
هەوای تەزوو و برووسکەدا ژوانم هەیە.

کە دەیگەمێ؛
لەپی دەستێک بۆ ناو تۆفان گەمیەم دەبێ،
بەژنێک شیعر و تریفە و بۆن تێم دەئاڵێ
کۆشێک داڵدەی هەنیەم دەبێ.

بۆ دوودڵم؟
ئەگەر نەچم،
کێ دەزانێ،
لەم عومرە کورتەی کە ماوە،
کەنگی دیسان ژوانم دەبێ؟!
کێ دەزانێ
کەی شێتی باڵم پێ دەگرێ و
جارێکی تر دەرفەتی سووتانم دەبێ؟!


ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓(‌  13\10\1993 ــ مۆسکۆ )

📚#دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
دوو پڕۆژەی بەهێز، دوای ناتکۆین

Hamster

https://www.tg-me.com/hamster_kOmbat_bot/start?startapp=kentId249099269
___
TapSwap

https://www.tg-me.com/tapswap_bot?start=r_249099269 🎁 +2.5k Shares as a first-time gift
___
بە پەنجە لێدان دراو کۆ دەکرێتەوە!
یاسا و چۆنێتی کارکردن لە یووتیوب بەردەستن.
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[33]
ــــــــــــــــــــــ

" لێکدابڕان"


ئێوارە بێ یا کازێوە،
خۆرەتاو بێ یا شڵێوە ؛
لە هەر کوێ بیت:
لەناو کونە ئەشکەوتێکا
یا شارێکی پڕ هاتە هات؛
لە کونجێکی تاراوگەدا
یازنجێکی کاولەوڵات؛
هەرکاتێکی مەیلت لێ بێ،
من دەبمەوە با و بە چرکەیەک دەگەمە لات.

تۆ هیچ نا، هەر هێندە بکە،
بڕۆ، درختێک ڕاسپێرە
چۆلەکە دەوریان دابێ.
بڕۆ جۆگەیێک ڕاسپێرە
پەیکی پێلی بە ئاگابێ.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓(‌ 13\1\1993 ــ مۆسکۆ )

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[34]
ــــــــــــــــــــــ
"خەڵوەت"

خوایە، بارم سووکتر کە!
پشتم شکا، دەرنابەم...
ئەوەی هەستی پێ دەکەم
بۆ بەندەیەک زۆرە، زۆر:

لە جەرگەی تاریکیدا
گەردی ڕاستی دەبینم
وەک بەفری بەر تیشکی خۆر؛

وەکو پەڕەسێلکەیەک
تا بکرێ نزم دەفڕم
بەر لە باران و تەرزە؛

وەک هەسپێک لەسەر هەستم،
ئارامم لێ هەڵدەگرێ
پێشبینیی بوومەلەرزە.

خوایە، بارم سووکتر کە!
پشتم شکا، دەرنابەم...
یا وا بکە زمانم
لێی تێکچێ کۆدی سەرم،
یا زاتێکم وەبەر نێ،
هەر شیعرێکی کە دەیڵێم
کفنێک بێ پڕ بە بەرم.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓(‌ 8\5\1994 ــ مۆسکۆ )

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[35 ]
ــــــــــــــــــــــ
"پرێسکە"

ئەنگوستیلەی کامەرانیم
لەناو پرێسکەیەکدایە.

پێیان گوتووم،
تەنیا جارێک تووشی دەبم،
هەر جارێک و ئیتر تەواو.

بۆیە، بگەمە هەر جوانێک،
بەو پرێسکە ئەفسووناوییەم
دێتە بەرچاو!

🔸پرێسکە: بوخچۆکە بۆ شت تیاهەڵگرتن
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓(‌1\3\1995 ــ مۆسکۆ )

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[36]
ــــــــــــــــــــــــــــــ

"دوگمە یا لە قاوەخانەیەکدا"

وەک گورگی باراندیدە
ئارەزووی لە شەوڕاوە نیگای دڵی چاوچنۆک-
له لانی وەدەرناوم،
بۆ جوانێکی گەردنکێل
دایر ماندووم بۆ سەر چۆک!

دوورگەیەکی نەبینراو...
گازم دەکا بۆ سەفەر،
بەڵام ڕێگەی لێ گرتووم
تەلیسمی دوگمەی بەرۆک!

                ٭ ٭ ٭

ئەو دوگمە بچووکانە
دەڵێی چاوی بازانن هێند
لاسار و نەترسن،
ناترووکێن و ناترووکێن:
کلیلداری گەنجینەن،
وەڵامی هەزار پرسن!

                             * * *

دەدوێن و حاڵی نابم
دوگمەن یا لوغمی ڕێگە؟
ڕێگرن یا ڕێنوێنم؟
هەڵمەت دەبەم ناگیرێن،
بۆڕ دەخۆم و کۆڵ دەدەم
ئەوان دەکەونە شوێنم!

چیبکەم! هێدی و ئارام بم،
یا کودەتا بەرپا کەم؟
ئاخرەکە خامۆش کەم،
یا بڵێسەی ڕەها کەم؟

چۆن لەگەڵیان بسازێم؟
چۆن گڕ نەسێنێ خوێنم؟
چۆن هۆش لەسەر نەترازێ
ئەگەر نەیان ترازێنم؟!

شەوە و دەدرەوشێنەوە،
وەکوو چرای کەوشەنان،
منیش لەوەتی دەژیم...
شەوبای کەوشەنبەزێنم!

               **

🔸گەرد
نکێل: گەردن بڵند، گەردن جوان و شوش
🔸دوڕگە: گراڤ، جەزیرە
🔸گازکردن: بانگ کردن

🔸بەرۆک: یەخە
🔸لوغم؛ مین
🔸بۆڕخواردن: تێشکان، بەزین، دۆڕاندن لە ململانێدا
🔸کەوشەن: سنوور، سەرحەد
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓(1995/10/14_کۆرسۆ )

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[37]
ــــــــــــــــــــــــــــــ
"ئاشتی"

تاکوو چەمێک نهێنیی خۆی
بە چەمێکی تر بسپێرێ ،
تاکوو شاخێک
لەبەر شاخێک دابێتەوە،
تەور بە دار...گرمە بە چرپە نەوێرێ پێشنیازێکم هەیە بۆ خوا...
خوایە، تۆبە!
پێشنیاز ناکەم!
لەبەرت دەپاڕێمەوە...
دەپاڕێمەوە تا مردن:
تۆ وا بکەی نێریش وەک مێ
بکەوێتە زاوزێ کردن!

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓( 1995/10/17_کۆرسۆ)

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۳۸]
ــــــــــــــــــــــ

"گازاندە"

سوپاست دەکەم، خوایە:
جووتێک چاوت پێ بەخشیم
لە چاوی باز بیناتر

لە سنگما دڵێکت چاند
وەکوو هەور بەخشندە،
چەشنی چیا خۆڕاگر
ڕەنگم لە نووری خۆتە،
خوێنم لە شیلەی ئاگر

سوپاست دەکەم، خوایە:
بۆ پژانی زمانم
لە هەر ژێیەکی بەهەشت
ئاوازێکت بۆم چنی

بۆ خەملی نیشتمانم
نەخشینترین نیگارت
لە بەر بەهەشت داڕنی

سوپاست دەکەم، خوایە:
شەپاڵت کرد بە زارۆم،
پەریت خستە ئامێزم
بەڵام بۆچی، خودایە،
هۆشێکی وات نەدامێ،
خەڵاتان بپارێزم؟

             ٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭

🔸گازاندە: گلەیی،گلە، گازن
🔸ژێ: تەل، وەتەری ئامێری موزیک
🔸شەپاڵ: بەچکەشێر
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓[هاوینی ۱۹۹۵ - کۆرسۆ (فینلاند)]

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۳۹]
ــــــــــــــــــــــ

"پایز"

پێش ئەوەی وەکوو دەنکێک زەردەلووی تەنیاجێماوی
چڵۆپکی دارێ،
بای پایز لێم دا،
لەپڕ ترپەم بێ و بکەومە خوارێ

ڕەخشی خەیاڵی مەودابەزێنم،
وەک با، تاو دەدەم،
سەر لە لانەی باز،
لە لووتکەی قیتی بەر هەتاو دەدەم،
ڕێ لە زریان و برووسکە دەگرم،
دەچمە بەر ڕێژنە و
شۆڕابەی نەوی

لێیان دەپرسم:
ئاخۆ لە کوێ بم،
کاتێ ترپەم دێ و
دەکەومە زەوی!

***
📚فەرهەنگۆک:

🔸زەردەلوو: قەیسی
🔸چڵۆپک: ترۆپک، چڵەپۆپە، بڵندترین چڵی دار
🔸ڕەخش: هەسپە بەناوبانگەکەی ڕۆستەمی زاڵ

🔸ڕێژنە: لێشاوی باران، ڕەگباری باران
🔸شۆڕابە: ئاوی باران کە لە بانی ماڵ و بەرزاییەکانەوە دەڕژێتە خوار
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓(هاوینی ۱۹۹۵ - کۆرسۆ)

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
2024/06/25 06:34:55
Back to Top
HTML Embed Code: