Telegram Web Link
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

ــــــــــــــــــــــ
[6]
        "چاوم تاریکە"


چاوم تاریکە، دڵم بێخولیا
لێم گەڕێن بۆ خۆم تەنیا بم، تەنیا
وەکوو بیرێکی فەرامۆشکراو
کە یەک پشکەئاو نەبێ لە بنیا.

نیشتمانی من شانیشتمان بوو،
ئاخ، سەدەی پیتڕۆڵ
ئاخ، گاز و کیمیا!
ئاخ چییان لێ کرد:
تەرەسی عۆجە و
گای بنەی خۆیی و
گەوادی دنیا!

ترووسکەگڕێک هێشتا هەر ماوە
لە ئاگردانی گیانی پڕ بریا...
هەر فووی لێ دەکەم،
بەڵکوو ڕۆژێک بێ
بەربێتە سەدەی گێبڵز و بێریا!

وا تەپەی پێ دێ،
گوێ هەڵخە، دڵە
ئەی بزنەکێویی چاوماری وریا!

کێیە؟ـــ کوردستان!
توونی گەرماوی
مافی مرۆڤ و پڕۆلیتاریا

وەرە ژوورەوە!
ئەی ئەو چاوانەی
لەگەڵ گریانیان کەسێک نەگریا؛
ئەی ئەو ماسییەی دەریاش ڕاوکەرتە،
ئەی ئایەتەکەی لە قورئان ڕەمیا؛
وەرە ژوورەوە،
خۆشەویستەکەم!
وەرە بن باڵم، بنوو دڵنیا
ئەوەی دەیدوورم یەکێ لە دووانە:
"کفن یا ئاڵای ترۆپکی چیا"

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
📚فەرهەنگۆک:

🔸تەرەس: بێنرخ، پەست
🔸تەرسی عۆجە: عۆجە،گوندێک لە شاری تکریت، زێدی سەددام

🔸گای بنە: مەبەست کەسێک کە دەستی لە کارێکدا دیار بێ.
🔸جۆزێف گێبڵز: یەکێک بووە لە ناسراوترین کەسایەتییەکانی سەردەمی حکوومەتی هیتلەر

🔸بێریا: لاورێنتی بێریا، ئەندامی ئەمنییەتی و سەربازی سەردەمی ئستالین لە شۆڕەوی بووە و دەساڵاتێکی گەورەی بەدەستەوە بووە

🔸پڕۆلیتاریا: چینی کرێکار
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓(مارتی 1990-تەرابلوس)
📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۷]
ــــــــــــــــــــــ

"زیندان"

هەردوو دەستی
وەک پەلی شێر بەند کرابوون
گورگی کەڵبە و چنگ خوێناوی
لە چوارلاوە تێی ئاڵابوون

لە سووچێکدا
زەردشەمامەیەکی گوشراو
تووڕ درابوو
وەک نیشانەی
پرسی بوون و نەبوونی خوا
هەڵکورمابوو

- "سەرەتایەتی...
هێشتا لە عومری خونچەگوڵدایە
دەسنێژی خۆمە،
هەر کوردستان و خوای لە دڵدایە

فەریکەگەنمی قەندەهارییە،
چۆن ڕێژنەی کوللە داکاتە سەری!
قەتێی چاوڕەشی دەشتی گەرمێنە،
چۆن سیسارک و قەل ببنە چەمبەری!"

ڕووی کردە گورگێک، لە هەمووان بۆرتر،
تنۆکەخوێنی سەر شانەکانی
لەناو ڕەوەدا لە گشتیان زۆرتر:
- "تکایەکم لەسەر زارە...
ئەگەر بۆمی جێبەجێ کەن،
ڕازی گڕکان دەدرکێنم،
گەر نەمدرکاند، سەرم ژێ کەن"

چەند گورگێکی هار تێی ڕووبوون
پەلکێشیان کرد بۆ دەرەوە
ئێستا دوو بوون
تەنیا خۆی و ئەفسەرەکە
(ورگنە شان سێ پشکەخوێن لەسەرەکە)

+ "دەی، ئێستاکە هەر من و تۆین...
قارەمان بی یا ترسنۆک،
من نەبم کێ ئاگای لێیە؟
مخابنە تۆش بکوژرێی،
بڵێ! بزانم چیت پێیە!"

- "بەڵێ، قوربان!"
لە هەر جێیەک سووتمان هەبێ،
دەزانم... کێ... دەستەچیلەکە پێ دەکا
ئاگام لێیە...
کێ ڕەشەبای ژینهەڵوەرێن
بۆ شار و دێ بەڕێ دەکا

بەڵام گەورەم!
هەزار بریا دەتانزانی
خەمەکەی من چ خەمێکە!
ئەم خوشکە ئاگرپارەی من
لەگەڵ چەتان تەبا و ڕێکە
با هەزارجار ئەو خوشک بێ و من برا بم،
ترسێک هەیە و بەرم نادا...
لێ ناگەڕێ خاترجەم و دڵنیا بم...

ناهەقیش نیم...
ژین جارێکە...
گیان هەر گیانە...
من دەزانم... لێم عەیانە...
هەر ئەو ڕۆژەی ڕەها دەکرێم
چزووی تیژی دەردەکێشێ
ئەو دووپشکە بێئامانە...

لەگەڵتاندام
لە ئێستاوە هەتا ماوم
مەرج ئەمەیە:
خوشکم بکوژن لە بەر چاوم"

ئەفسەرەکە
(ورگنە شان سێ پشکەخوێن لەسەرەکە)
چەند چرکەیەک بەجێیهێشت و گەڕایەوە...
هێندەی نەبرد
دەسڕێژێک دەنگی دایەوە
زریکەیەک بازرەقەی بەست لە پڕێکا:
- "خودا، ئاسمان، شەمامەکەی منیان پێکا!"

لاشەیان هێنا بەردەمی!
قەدی داری بورکان لە بن
بەسەر لکە بڕاوەکەی خۆیدا چەمی،
تەوێڵی زەردی ڕامووسی و هەڵسایەوە!
ڕاست ڕاوەستا،
پێی داچەقاند وەک داربەڕوو؛
شریخاندی:
"ئێستا لە با باڵسووکترم!
دە بمکوژن، تەرەسینە،
قاڵبەکانی ژەنگ و کەڕوو!
با هەر کەسە و هی خۆی ببا
ئێوە خوێن و ئێمە ئابڕوو!"
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓(۱۹۹۰/۳/۲۱ - تەرابلوس)

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

ــــــــــــــــــــــ
[8]
"بۆ هادی عەلەوی"


تۆ، لە سەردەمی کورتەباڵایان
باڵای بەرزی خۆت لە کوێ هێناوە؟
تۆ، لە سەردەمی قاتی و نەهاتا
وەرزی سەوزی خۆت لە کوێ هێناوە؟

لەبەر خرینگەی
شیر و .... زرینگەی
ئاڵتوونی قورەیش
چۆن گوێت لە ناڵە و نرکەی عەلی بوو؟

چۆن لەبەر ژاوەی ئایشە و حەفسان
گوێت لە سکاڵای ماریەی قیبتی بوو؟

خۆ سەدەکانی ئێمە هەموویان
لکی درەختی چاخی جاهیلین:
کڵێسە و مزگەوت
شوورا و پەرلەمان
بارەگا و دیوان
هەموو بازاڕی گەرمی عوکازن...

نابیغەکانیش هەمان نابیغەن:
خودایان ورگە...نەوەی بەرازن،
لەملا بەرزگی شای غەساسینە باوەشێن دەکەن
لەولا بۆ بنپێی شای مەنازیرە وەک بەردەبازن.

لە ڕۆژهەڵاتی ڕۆژ لەبن پێدا،
لە ڕۆژهەڵاتی
دەستنوێژ هەڵگرتن بە خوێن و پێترۆل،
لە ڕۆژهەڵاتی
مارەبەجاش و ڕشک و ئەسپێدا،
لەو ڕۆژهەڵاتەی
نامووس فیرارە و
پەنابەرێکە لەناو دەرپێدا:

سەرم سوڕماوە
چۆن توانیت گەورەم!
بێدەنگی قانگ دەی؟
تۆ چۆن زاتت کرد
ئەو کوولەکەیە بدەی به عەردا و
پڕ بە دەنگ بانگ دەی!

ئەی ڕۆژهەڵاتی کورتەباڵایان،
ئەم باڵا بەرزەت سەدجار پیرۆز بێ.
ئەی چاخی قاتی و ساڵانی نەهات،
ئەم وەرزە سەوزەت سەدجار پیرۆز بێ!

             ****
فەرهەنگۆ
ک:

🔸هادی عەلەوی: بیرمەندێکی عیراقییە و یەکێکە لەو نووسەرە دەگمەنانەی عەرەب، کە لە هەژمەتی شەهیدکردنی هەڵەبجە حاشای لە ناسنامەی عەرەبایەتیی خۆی کرد و سەربەخۆیی کوردستانی بە ڕەوا زانی.

🔸ئایشە: کچی ئەبوبەکر، خێزانی پێغەمبەر (د). حەفسە: کچی عومەری خەتتاب، خێزانی پێغەمبەر (د).

🔸مارییەی قیبتی: کچێکی کۆیلە بوو، لە میسرەوە بە دیاری بۆ پێغەمبەر هات و کردییە هاوسەری خۆی.

🔸عوکاز: بازاڕێکی عەرەبان بوو، سەکۆیەکیش بوو بۆ پێشبڕکێی شاعیران.

🔸نابیغەی زوبیانی: شاعیرێکی عەرەبی سەردەمی جاهیلی بوو، کێ زێتری دابا، بەویدا هەڵدەگوت.
لە نێوان شای مەنازیرە و شای غەساسینەدا، کە دوژمن بوون، لە هاتووچۆدا بوو. ڕەمزی شاعیری خوێڕی و فرە ئاخوڕە.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓(2\12\1990_مۆسکۆ _ستارەمینسکایا)
📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹
🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۹]
ــــــــــــــــــــــ

"ماچ"

ئەوەی تۆ گوشیت دەست نەبوو
ئەژدیهایەکی پێنجسەر بوو

ئەوەی ماچت کرد ڕوو نەبوو
تۆماری قانوونی جەنگەڵ،
شوورەی بەرلین، سمی کەر بوو

ئەوەی پێکەنی دەم نەبوو
گەڵی قەحپە،
بنکلکی سەگ،
کوورەگازێکی هیتلەر بوو

ئەوەی خواردت خۆراک نەبوو
گۆشتی زارۆ،
خوێنی داوێن، کاسەسەر بوو

ئەوەی شەوێ تێیدا ڕازای
پێخەو نەبوو
خۆڵەمێشی وڵاتێکی
لە ئەتڵەسان دەربەدەر بوو

ئەوە چیت کرد؟
دەستیت گوشی؟
بڕۆ، چارەی دەستی خۆت کە هەتا زووە،
دوای تەوقەکە
تووشی گولی و ئاڵۆش بووە!

ئەوە چیت کرد؟
هەناسەی ئەوت هەڵمژی؟
بڕۆ، چارەی سیپەلکت کە هەتا زووە،
دوای ماچەکە
گازی سیانیدی تێ چووە!
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓(نیسانی ۱۹۹۱ - مۆسکۆ)

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[10]
ــــــــــــــــــــــ

"ئێرە و ئەوێ"

هەموو شەوێ
لەسەر گازی پشت ڕادەکشێم،
بۆ بێدەنگی گوێ هەڵدەخەم:
(ئارام بگرە!
بەیانی زوو گزنگی هەتاو دەتگاتێ،
هەسپێکی شێت بۆ زین دەکا و تێشووی سەفەرت دەداتێ.)
ئیتر هەتا خۆر دەکەوێ،
لەشم لێرە کۆتەرەیە و
تەڕاتێنی گیانە لەوێ

کاتێ خۆریش
هێلکەی ئاسۆ دەترووکێنێ و
دەست دەنێتە هەوکی چرام
یەکەم تیرێژ ڕادەسپێرێ،
وەکوو پەیکێک بگاتە لام:

(بۆ کوێ دەچیت، ئەی ئازارە باڵسووکەکە؟!
ئەی نازانیت،
میرغەزەبی سنوورەکان
ڕێگەکانیان خڕ تەنیوە و
نیشتمانت جەنگەڵی ڕم و کێردانە؟
پەلە مەکە!
چاوەڕوانی تاریکی بە،
تاریکی_قەڵای مێردانە!)

هەژدە ساڵە
(هەژدە بەهار،
هەژدە هاوین،
هەژدە پایز،
هەژدە زستان،
هەژدە عومری بێ کوردستان)
شەو دەمداتە دەست گزنگ و
گزنگ دەڵێ:

'پەلەی چیتە!
ئارام بگرە هەتا شەوێ...'
هەژدە ساڵە
خۆشم سەرم لێ شێواوەــ
نازانم...لێرەم..یان لەوێ!

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓(16\7\1991_ستارەمینسکایا_مینسک)

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۱۱]
ــــــــــــــــــــــ

"خەنجەر"

من خەنجەرێکی ڕووتم،
نیشتمانی من و زام - کالانێکی دزراوە
کەس نەڵێ بە خوێن تینووم!
یەخەی کالاندز بگرن،
ئەو منی هەڵکێشاوە!
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓(‌۱۹۹۱/۷/۱٦ - ستارەمینسکایا - مینسک)

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
ئەندامانی کەناڵ ئاگادار دەکەینەوە کە هەر وشەیەک لە واتاکەی تێنەگەیشتن لەو ماڵپەڕە وشەکەی سێرچ بکەن

https://lex.vejin.net
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew


[12]
ــــــــــــــــــــــــــ

"وەڵام"

چۆن چک دەکەم ؟
تەماشام کەن:
ئاسۆی گیانم بێشەڵانی شۆر و نوورە.
گوێتان هەڵخەن:
سەراپام گوڵبانگی داک و
سرتەی خاک و
گرفەی گڕی خوار و ژوورە.

                 ***

چۆن چک دەکەم ؟
لە بیابانا من زۆزانم لە خوێندایە ،
تا هەنیشکان دەستم لەناو بەفری بەدەنتەزێندایە...

لە قوتبیشا
ترسم نییە ، جێم گەرمێنە،
پێم تا چۆکان
نوقمی ئاوی شلەتێنە...

                                  ***

لە هەر کوێ بم وەکوو یەکە:
قەڵەمەکەم
جارێک چڵی گوڵەباخە،
جارێک سێرەی سەر تفەنگە!

بەری دەستم
ساتێک هۆبەی دڵدارانە،
ساتێک شوورە و قەڵای جەنگە!
چ لەوێ بم ، چ لێرانە،
کەمەربەندی ئەم زەمینە
بە ناوقەدی عەشقم تەنگە؟!
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓( 1991/7/17-ستارە مینسکایا_مینسک)

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯
Ébduĺĺa peşêw pinned «ئەندامانی کەناڵ ئاگادار دەکەینەوە کە هەر وشەیەک لە واتاکەی تێنەگەیشتن لەو ماڵپەڕە وشەکەی سێرچ بکەن https://lex.vejin.net»
Audio
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[13]
ــــــــــــــــــــــــــــــ

"ساردبوونەوە"

بەڵێ، گوتم:
"لەگەڵ تۆدا شەپۆلێکی بێ کەنارم،
پەڵەهەورێکی بێ ئۆقرەم،
لەسەر بارینم و نابارم! "

شێتییەک بوو
هات و ڕۆیشت.
بەڵام تۆ چۆن بڕوات پێم کرد؟
بۆچی هێندە بە ئاسانی
داگیرسایت و پشتت تێم کرد؟

چما نەتدی، کە ئەمەم گوت،
چۆن ڕەنگم هەڵبزڕکابوو؟
چۆن گلێنەی دامرکاوم
فرمێسکی تیا قەتیس مابوو؟

چما نەتدی، لە هەژمەتان...
چۆن زمانم هەڵدەلەرزی
وەک چۆلەکەی بەر کڕێوەی لانەوێران ؟!
ئەی نەتبینی، پەیڤەکانم،
کارمامزی پێکراو ئاسا،
نووچیان دەدا و هەڵدەدێران؟!

                     ***

با گەورەییم هی دەریاش بێ،
دەریا هەیە بێ گەرداو و پێلی لێوە؟
با سەنگینیم هی چیاش بێ،
چیا هەیە بێ هەرەس و بێ کڕێوە؟

                           ***

من نازانم،
شیرینەکەم،
دڵێک شۆر و سەودای تیا بێ،
دڵێک چاوگەی نەرمەپێلی نوورەی خوا بێ
چۆن وا کەڕ و مجرۆ دەبێ؟
چۆن لە نیگا حاڵی نابێ و گوێلەمستی زمانێکی بەدگۆ دەبێ؟!

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓( 1991_مۆسکۆ)

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ
خوێندنەوەی، ڕێزان عەلیپوور

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[14]
ــــــــــــــــــــــــــــــ

"لە پرسەی هەڵبەستێکدا"

سەرم چەشنی زەریایەک بوو.
وەکوو ماسی
سەراو دەبوون،
بناو دەبوون بیری ورد ورد.

تا بەیانی تۆڕم هاوێشت:
ماسییەکم وەگیر هێنا،
دوای چەند گەوزێک ئەویشم مرد!

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓( 1991_مۆسکۆ)

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[15]
ــــــــــــــــــــــــــــــ
"خۆتەفرەدان"

هەر جارێک بوو ،
نیگاکانمان
لێک گیربوون وەک چنگی بازان.
هەر تاوێک بوو
پشتمان تێک کرد،
ڕێگەکانمان لێک ترازان.

لەو ڕۆژەوە
بە دار مێوی خەیاڵمەوە ئاوێزانی وەک جوانترین هێشوەترێ.
پەیتا پەیتا...
تەرزی بیرم تێت دەئاڵێ و لە دەورت دەبێتە گرێ.

               ***

ماوەیەکە
ڕێی جارانی خۆم گۆڕیوە،
نەوەک ڕۆژێک ...
تووشت بێم و شێوەم نەکەی؛
نەوەک ئێستا...
لە گێژەنی یادی تۆدا
ونتر بم لە بەردی بن گۆم؛
ئاخ! دەترسم ئێوارەیەک
بە زریانی نیگای ساردت
هەڵوەرینی گۆپکە و چرۆم؛
لەو بەهەشتەم وەدەر بنێی
کە دەزانم هی من نییە،
بەڵام کردوومە بە هی خۆم!
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓(1991/12/27_مۆسکۆ)

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[16]
ــــــــــــــــــــــــــــــ

      "جاران و ئێستا"

جاران...شیعر،
بە تەماشای کەپکەشاخێک،
وەکوو کانی، لە پەنجەکانم دەردەبوو!

جاران...شیعر،
کە داغ دەکرام،
وەکوو زیڕەی کۆرپەڵەیەک
لە بێدەنگی شەو بەردەبوو!

جاران...شیعر،
دوای ماچێکی کۆڵانی تار،
وەکوو گزنگ،
بە هەموو دنیا وەردەبوو.

ئێستا شیعر
شنەشنی بە ئاستەمی
ترووسکەی ئەولای تونێلە.

ئێستا شیعر
لایەلایەی خەواندنی
بڵێسە و برووسکە و پێلە.
هەلاجێکە،
ژین و مەرگ پەڕە دەکا:
هەم بۆ بێشکە دەسرازەیە،
هەم قانەگیای دەوری کێلە!
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓( 17\1\1992_مۆسکۆ)

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯
پڕۆژەی بەهێزی تەپ سواپ(TapSwap) هاوشێوەی ناتکۆینە(Notcoin)
که بە پەنجە لێدان دراو کۆ دەکرێتەوە.

هەر یەک مانگ جارێک ئێردراپ دەدات کە بەهاکەی50$

بەستەری ڕۆبۆتەکە
https://www.tg-me.com/tapswap_bot?start=r_249099269
🎁 +2.5k Shares as a first-time gift
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[17]
ــــــــــــــــــــــــــــــ

        "نەخشە"٭

مناڵەکان،
کتێبەکانتان وەلانێن!
کاغەزێک و هەندێک قەڵەم
لە بەردەمی خۆتان دانێن.
وێنەی پەڵەهەورێک بکەن،
ڕەنگاوڕەنگ بێ.

با لە سەری هەسپێک بکا،
مووگزنگ و چاوپەرەنگ بێ،
پەڵەهەورەکەم نیشان دەن!
لە چی دەچێ؟
سەری هەسپێ؟
تا شل دەبن تەماشای کەن،
با لە مێشک و خوێن بچەسپێ.

*نەخشەی ئیتالیا بە جزمەیەک(چەکمە) دەچوێنرێ، هی فینلاند بە کچێکی سەماکەری یەکدەست، ئێرانییەکانیش بە پشیلە،
ئێمەی کوردیش نەخشەی وڵاتمان بە هەسپ دەشوبهێنین.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓( 1992_/3/20_مۆسکۆ)

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹
🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[18]
ـــــــــــــــــــــــــــــــ

       "گرەو"

هاوین بوو، هاوینی کوردستان
هەیوەشەو، ساماڵ بوو
لەسەر گازی پشت بووین،
ڕایەخ گیای لاپاڵ بوو

ئاسمان پڕ ئەستێرە
سەر کەیلی خەیاڵ بوو.
لەناکاو پرسێک بە بیرمدا هات:

(ئەرێ ئەستێرەی ئێرە و هەندەران
هەمان ئەستێرەن؟
من دەڵێم جودان!
گەرنا چۆن هاوکات لەوێن و لێرەن!؟)

هەموویان گوتیان:
(نەخێر جودا نین
هی ئێرە و ئەوێ
هەمان پەنگر و ژیلەی پڕژاوی
لە خۆر جێماون،
دەنکی بڵاوی
هەمان تەسبێحی دەزووبچڕاون)

گرەومان کرد و کەوتینە سۆراخ:
چووینە بەر شنەی دەم و نەفەسی شێخ و مەلایان
خێوەتمان هەڵدا لە بەر تریفەی هزری زانایان
لێرەمان پرسی،
لەوێمان پرسی...

هەموویان گوتیان:
(ئەوانەی لەوێن، ئەمانەی لێرەن
شکی تیا نییە هەمان ئەستێرەن!)...

لە هەنگیڕا
عومرێک بەسەر ئەو شەوەدا تێپەڕیوە....
دیسان لەسەر گازی پشتم،
چاوم لە ئاسمان بڕیوە.
گومانی ئەوسام، ئێستا یەقینە:

ئەستێرەناسی هەموو جیهانیش
بە گژمدا چن،
ئەستێرەکانی دنیای هەندەران
قەت لە ئەستێرەی کوردستان ناچن!
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🗓( 1\‌3\1992_مۆسکۆ)

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯
پڕۆژەی بەهێزی تەپ سواپ(TapSwap) هاوشێوەی ناتکۆینە(Notcoin)
که بە پەنجە لێدان دراو کۆ دەکرێتەوە.

هەر یەک مانگ جارێک ئێردراپ دەدات کە بەهاکەی50$

بەستەری ڕۆبۆتەکە
https://www.tg-me.com/tapswap_bot?start=r_249099269
🎁 +2.5k Shares as a first-time gift
(19)
"بێهوودەیی"

من لەخۆڕا دەتشارمەوە
کەسێک دیار بێ ناتدوێنم:
هەرچی ڕازە و نادرکێنرێ،
زوو یا درەنگ
لە شیعرێکدا دەیدرکێنم!

#عەبدوڵڵا_پەشێو
دیوانی بەرەو زەردەپەڕ
🆔 @Abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۲۰]
ــــــــــــــــــــــ

"پێزانین"

دەستم گوتیە پەنجەکانم:
"با لە مەیدان بتانبڕن
بەڵام هەرگیز نەتانکڕن!"

دەمیشم گوتیە زمانم:
"من بە درێژیی تۆ دەخوڕم،
مەپرینگێوە، بئەنگێوە!
سەروبەر بکەی دەتبڕم."

***

گەڕام، سووڕام بە دنیادا...
چەند شار ویستیان،
کچ ئاسایی، بێنە دەستم
بەڵام بووکی دیلی ئاسیا
نەیهێشت شایی لەگەڵ هیچیان داببەستم!

‌***

ڕۆژباش، پەنجەکانم، ڕۆژباش!
سوپاس، پەنجەکانم، سوپاس!
هەتا ئەمڕۆ
ئێوە چەند جار چوونە مەیدان،
درانە بەر شیر و تیران،
بریندار بوون، گلانە خوار،
بەڵام بە دیل قەت نەگیران!

ڕۆژباش، زمانەکەم، ڕۆژباش!
سوپاس، زمانەکەم، سوپاس!

تا ئێستا چەند جارت بەزاند
کەوشەنی پاوانی گەوران!
چەند جار بە ناو کێردەڵانا ڕچەت شکاند،
کەوتیتە کەمینی تەوران!
چەند جار دەرزیئاژن کرای،
لە خاچی ڕاست و چەپ درای!

بەڵام... سوپاس...
سوپاس کە تۆ هەر زمانی و
دەستت نەدا کارێکی تر
هەر کلیلی سەری خۆمی و
نەچوویتە ناو زارێکی تر

سوپاس کە تۆ،
لەناو سەنگەری دەممدا،
چەکی "نا"ت هەر لەسەرپێیە
لە کاتێکدا دەست بۆ چەپڵە و
دەمیش تەنیا بۆ "بەڵێ"یە!

                     ****

🔸خوڕین: شانازی کردن
🔸ئەنگاوتن: هنگافتن، پێکان -
بئەنگێوە: بپێکە
🔸کێردەڵان: زەویی چەقۆڕێژ، عەردێ بە کێرد و چەقۆ داچێندراو(بیخەڵان، بەردەڵان، قامیشەڵان و...)

🔸ڕچە: باریکەڕێ، ڕێچکە،بزنەڕێ
🔸دەرزیئاژن: دەرزی کوت، بە دەرزی کون کون
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

(۱۹۹۲/۵/۱۰ - هەولێر)

📚 #دیوانی_بەرەو_زەردەپەڕ

#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶

🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯🇹🇯
2024/06/28 19:36:27
Back to Top
HTML Embed Code: