Telegram Web Link
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۱]
ــــــــــــــــــــــ

"تابلۆیەکی زستانی"

ئەمشەو دەستم
بۆ فەرهەنگی نیوەشەو برد
وشەکانی مێروولە بوون،
له بەردەمما ڕایاندەکرد
* * *

ئەو مناڵەی ئێوارێ دیم
لە سێبەری مزگەوتێکا
برسێتی لە خۆی لوول دابوو
داوەڵی خوای خۆی دەپێکا
ئەمشەو لای من میوانێکە
لە بنمچی ژوورەکەمدا ڕاکشاوە

بە ئەنگوستە لاوازەکان
ئەستێرەکان دەسڕێتەوە
بەری کڵاوڕۆژنەی گرتووم
لێ ناگەڕێ
بۆ بسکۆڵەی کراوەی مانگ بکرێتەوە
* * *

ئەی میوانە بچکۆلەکەم!
بۆ مان دەگریت؟
چیت لێم دەوێ؟
وەرە خوارێ!
بەیانی زوو
کڵافەی ڕێ دەکەمەوە،
قاسەی ئاسۆت بۆ دەشکێنم،
کولێرەی زێڕ دەردەهێنم

وەرە خوارێ!
سەری ئەستێرەکان مەبڕە
بەری کڵاوڕۆژنە مەگرە
لێفەی ئەییووب بە خۆتدا دە،
تا دروشمی سەر تاقەکان دەسووتێنم،
چیلکەی پەنجەی ترسنۆکی شاعیرەکان،
کورسی و مێزی
ژووری کۆشکە سامناکەکان دەسووتێنم

بەیانیش زوو
لە بیر ناکەم،
کڵافەی ڕێ دەکەمەوە،
قاسەی ئاسۆت بۆ دەشکێنم،
کولێرەی زێڕ دەردەهێنم

وەرە خوارێ!
سەری ئەستێرەکان مەبڕە،
بەری کڵاوڕۆژنە مەگرە،
ئەی مێوانە بچکۆلەکەم،
وەرە خوارێ!
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓(۱۹۷۲/۱۱/۹ - گوندی گەلیاوە)
📚 #ڕۆژ_نییە_لێتان_تووڕە_نەبم
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۲]
ــــــــــــــــــــــ

"نامەیەک بۆ دەرەوەی وڵات"

سنوور دەنگم دەخواتەوە،
ڕێی چاپخانە
بە ژێر قەڵەمێکی سووردا تێدەپەڕێ
جۆکەرەکان دەرگەکانیان داخستووە
فەرشی سووریان
بۆ بێدەنگیم ڕاخستووە

دوا هۆنراوەم،
لەوەتی لە دایک بووە
وەک سمۆرە
لەسەر چڵە درەختێکی
سەوزی زمانم نوستووە
* * *

بۆم نووسیوی
هەندێک شتی وردیلانەم بۆ نووسیوی...
هەندێک شیعری
وەک باڵداری بێهێلانەم بۆ نووسیوی...
بەڵام چبکەم!
پۆستەیەکی ئەم وڵاتە نادۆزمەوە
نامەکانم بۆ تۆ بێنێ
ڕۆژنامەیەک نادۆزمەوە
لە پێخەفی دێڕەکانیا
سبەینان ماچ چاو هەڵێنێ

بانگتان دەکەم!
ئەوینداران، بانگتان دەکەم:
ئامادە بن!
با کۆنگرەی خۆمان ببەستین،
بڕیار بدەین
پۆستەخانەیەک دروست کەین،
نامەکانمان ببا و بێنێ
چاپخانەیەک دامەزرێنین
لە پێخەفی دێڕەکانیا
سبەینان ماچ چاو هەڵێنێ!
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓(۱۹۷۲/۱۲/۳۰ - هەولێر)
📚 #ڕۆژ_نییە_لێتان_تووڕە_نەبم
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۳]
ــــــــــــــــــــــ

"دوو پێشەکی"
بۆ هۆنراوەیەک کە هێشتا نەمنووسیوه

(۱)
تووڕە مەبن لە دووکەڵی وشەکانم
دووکەڵی من:
پەڕەسێلکەیەکە ماندوو...
لە هێلانەی ئاگرەوە بۆ دوور دەفڕێ

تووڕە مەبن لە گەرداوی وشەکانم
گەرداوی من شوانکارەیە
ڕانەهەورێکی مانگرتوو
بۆ قەدپاڵەکان لێ دەخوڕێ
(۲)
- بووکیان دزی
+ زوڕنامان خۆش
- بووکیان کڕی
+ دەهۆڵمان خۆش
- بووک ئێوە خۆش
+ هەڵپەڕکێی ناو سەهۆڵمان خۆش!

زاوا، هەڵسە
هەڵسه، ڕابە!
زوڕناکانیان وردوخاش کە
زمانەکانیان لە ئاش کە.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓(۱۹۷۳/۱/۲۰ - هەولێر)
📚 #ڕۆژ_نییە_لێتان_تووڕە_نەبم
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۴]
ــــــــــــــــــــــ

"کۆسە"

هاتن، هاتن، کۆسە هاتن
هاتن، هاتن
دەرگە داخەن، کۆسە هاتن:
"هەیاران و مەیاران
یا خوا داکاتە باران
بۆ فەقیر و هەژاران"
* * *

کەسێک دەرگە لە ڕووی کۆسە نەکاتەوە!
ساڵەهایە
تەونی درۆ هەڵدەبەستن
کۆسەکانی ئەم دنیایە
ساڵەهایە
دەروازەی ئاسمان داخراوە،
چاومان وەک پوول
بە زەرفی ڕەشی ڕوخساری
کۆسەکانەوە نووساوە
* * *

ساڵەهایە، ساڵەهایە
بەقەد ئەسپێی نیفۆکانمان
بەقەد ڕشکی تووکەسەرمان
هەوری بەڵێن بەم خاکەدا تێدەپەڕێ و
دڵۆپە بارانێک نایە
ساڵەهایە
ساڵەهایە
نازانین کلیلی ئاسمان
لە گیرفانی خۆماندایه!
* * *

هاتن، هاتن، کۆسە هاتن
بن زمانیان
هەزار و یەک زوڕنای تیایە
گوێتان بگرن، تێ نەکەون
پەیژەکەیان
دەندەی ڕووتی برسییەکان
ئاگاداری سەربانان بن، سەرنەکەون!
* * *

هاتن، هاتن، کۆسە هاتن
ئەگەر دەرگەیان ڕاهەژاند
مناڵەکان فێرکەن بڵێن:
بۆن دێ... بۆنی بێگانان دێ...
بۆن دێ... لە عەرد و بانان دێ!
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🔸نیفۆ: پزووی دەرپێ
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
(۱۹۷۳ - هەولێر)
📚 #ڕۆژ_نییە_لێتان_تووڕە_نەبم
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۵]
ــــــــــــــــــــــ

"ئەوپەڕی تینوێتی"

ماچت دەکەم
ئەی گیانی خۆم، ماچت دەکەم
قۆرتی چەناگەت ماچ دەکەم
نەرمانی گوێت
گۆی مەمکەکانت ماچ دەکەم...
* * *

زۆر تینووتم
لەگەڵ ئەوەی چاک دەزانم
مەمکەکانت، وەک تۆپەخوێ
تا ماچیان کەم
نەمامی زەردی تینوێتی
لە ئێسکمدا پتر دەڕوێ!
* * *

ئەی گیانی خۆم!
لە یەکەم کۆرسی ئەڤیندا
مەمکەکانت فێریان کردم
ڕێزی بەفری کۆسار بگرم
چاوەکانت فێریان کردم
ڕێزی کانیی بنار بگرم
* * *

دەمەوێ بگەڕێمەوە
بۆ سەر تەختەی قوتابخانە
چاوەڕێت کەم
لە دووەم کۆرسی ئەڤیندا
فێرم بکەی مەمکەکانت بپارێزم
فێرم بکەی چاوەکانت بپارێزم
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓(۱۹۷۳ - هەولێر)
📚 #ڕۆژ_نییە_لێتان_تووڕە_نەبم
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[٦]
ــــــــــــــــــــــ

"بۆم نانووسرێ"

بۆم نانووسرێ
بە خوێن نەبێ بۆم نانووسرێ
نووکی ڕمەکانتان تیژکەن
خەنجەرتان سواری هەسان کەن
سەرانسەرم با ببێته کێڵگەی برین...
من ڕاهاتووم
خوێن بکەمە مەرەکەبی شیعر نووسین
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓(۱/٦/۱۹۷۳ - خاڵس)
📚 #ڕۆژ_نییە_لێتان_تووڕە_نەبم
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۷]
ــــــــــــــــــــــ

"دەنگی ڕادیۆ و ڕەنگی شۆسە"

ڕۆژێک لە ڕۆژان مانم گرت
شەقامەکان زۆر تاسەیان دەکردم و بە دوای هەنگاوما دەگەڕان!
* * *

دوگمەی ڕادیۆم بادا و ڕامگرت:
لەگەڵ (کورتەی دەنگوباس)دا،
خەیاڵم ئەستێرەکانی
وەک گوڵ چنین

کە درێژەی بە (کورتە) دا،
دەمی هەژاران گەیشتە
شانەی هەنگوین

کە ژوورەکەی خۆم بەجێهێشت،
سەگ و مرۆڤ
شۆسەکەیان ڕاخستبوو،
کەوتبوونەوە خەوبینین!
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓(۱۹۷۳ - هەولێر)
📚 #ڕۆژ_نییە_لێتان_تووڕە_نەبم
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۸]
ــــــــــــــــــــــ

"بۆ بازرگانان"

بە شەوانی ڕەسپوتین و
گەنجینەکەی قاروونەوە خەو ببینن،
بە کورسییەکەی ناپلیۆن و
پاداشتەکەی خوێنڕشتنی
ئەوینداری بێستوونەوە خەو ببینن

منیش، لێرە،
لەناو دڵی زنجەکەمدا
بە مناڵە قژزەردەکەی دەم ئاسۆوە
خەو دەبینم
بە ئاگردان و پشکۆوە
بە درەخت و بە چرۆوە
بە قوژبنی ئەشکەوتێکی سەربەخۆوە
خەو دەبینم
* * *

دوا دەنگوباسم ئەمەیە:
من شێت دەبم!
کە شێتیش بووم
لەناو گرمەی ئاهەنگێکدا
شرینقەیەک لە تەرمی ڕاستی دەدەم و
لەسەر پشتی تاتەشۆری چەپڵەکانتان
زیت و زیندووی دەکەمەوە!

دوا دەنگوباسم ئەمەیە:
من شێت دەبم!
کە شێتیش بووم
لە گۆڕەپانێکی شاردا،
وەک مناڵێک
بە زەنگیانەی درۆکانتان یاری دەکەم!
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓(۱۹۷۳ - هەولێر)
📚 #ڕۆژ_نییە_لێتان_تووڕە_نەبم
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۹]
ــــــــــــــــــــــ

"بۆ شاعیران"

هەر وشەیێ،
وەک گوللـەیێ،
بۆ تفەنگی ئازدیخواز بەکار نەیێ،
هەر وشەیێ،
وەک دێمکەیەک ئاوی باڵدار
وەک نووردییەک نانی باڵدار
نەفڕێ لە بنکەیەکەوە بۆ بنکەیێ
چاکتر وایە،
ئەو وشەیە
چەکمەی دوژمن بسڕێتەوە، وەک فڵچەیێ
* * *

من خۆشەویستێکم هەیە
کە زمانی خێو و جنۆکە نازانێ
وەک مناڵێک نامەی سادەم بۆ دەنووسێ
وەک مناڵێک تێم دەڕوانێ
* * *

ناهێڵم تەم
گەمارۆی شارەکەم بدات
تا هیچ نەبێ
خۆشەویستی خۆم تێم بگات!
* * *

سادەم
بەڵێ، سادەم!
سادەم و هەر سادەش دەبم
وەکوو ناوی نیشتمانم:
ئەو عەبایەی
دوێنێ لەبەر خۆشەویستی خۆم کردەوە
نایکەمە بەر شیعرەکانم!
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓(۱۹۷۳/۷/۱۸ - کوردستان)
📚 #ڕۆژ_نییە_لێتان_تووڕە_نەبم
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۱۰]
ــــــــــــــــــــــ

"کێ بێ لە من ماندووتر بێ؟!"

کێ بێ لە من ماندووتر بێ؟!
من خۆشەویستێکم هەبوو،
وەکوو دڵۆپە فرمێسکێک
لە گلێنەی چاوەکانما قەتیس مابوو
لە ڕۆژێکی بەهاری ساڵی حەفتادا
لە چاوەکانم جیا بۆوە

لەو ڕۆژەوە تاکوو ئەمڕۆ
من دێوانەی
ئەو دڵۆپە فرمێسکە بێ سەروشوێنەم
هەرچەند دەکەم، جارێکی دی
بۆم ناکرێ بیگێڕمەوە ناو گلێنەم
* * *

کێ بێ لە من ماندووتر بێ؟
من خۆشەویستێکم هەبوو،
وەکوو هەناسەیەکی پاک
لە سینگمدا
هێلانەی خۆی چێ کردبوو...
لە ڕۆژێکی بەهاری ساڵی حەفتادا،
وەک باڵندە
تۆرا و سییەکانمی بەجێهێشت...

لەو ڕۆژەوە تاکوو ئەمڕۆ
هەرچەند دەکەم، ئاخ، ناتوانم
ئەو هەناسە ئاوارەیە
بدۆزمەوە...
کۆی کەمەوە...
بیگێڕمەوە ناو سییەکانم!
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓(۱۹۷۳ - کوردستان)
📚 #ڕۆژ_نییە_لێتان_تووڕە_نەبم
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۱۱]
ــــــــــــــــــــــ

"ئەگەر هاتی تەنیا وەرە"

ئەگەر هاتی تەنیا وەرە!
ئەو بارانە پەستم دەکا
کە ڕەشەبای لەگەڵدا بێ
پەست دەبم بەو گوڵەگەنمەی
لەگەڵ ژەنگا
پەنجەیان تێک هەڵشکابێ!
* * *

ئەی بارانی ساڵی نەهات:
ئەگەر هاتی تەنیا وەرە!
بێ ڕەشەبا و بێ دەنگ وەرە
ئەی گوڵەگەنمی زێڕکفتم:
ئەگەر هاتی بێ ژەنگ وەرە
* * *

ئەگەر هاتی تەنیا وەرە!
هەروەک لەناو دڵما تەنیای
سەرینەکەم بۆ دوو کەسە
دوو کورسیی تامەزرۆم هەیە
دوو پیاڵەشم هەیە بۆ چای!
* * *

کاتێ بە تەنیا دێیتە لام،
مەمکی دایکم
سواری پشتی چیاکان دەبێ،
چیاکانیش دێن
دەرگەی ژوورە خەمگینەکەم دەکەنەوە،
ناوچەوانی دەرکراوم
ماچ دەکەن و دەیسڕنەوە

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓(۱۹۷۳/۹/۱۱ - ڤەڕۆنێژ)
📚 #شەو_نییە_خەونتان_پێوە_نەبینم
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۱۲]
ــــــــــــــــــــــ

"بۆ نێرگزێکی کێویلکە"

درەختەکانی ڤەڕۆنێژ*
وەکوو کیژە کوردی لادێ،
شەرم دەکەن ڕووت ببنەوە
هەرچەند هەوای پایزیشیان بەسەردا دێ
* * *

ئەی نێرگزە کێویلکەکە!
تۆ شارەزای جادەکانی
ئەم شارە غەریبەت کردم
بۆ بەر تیشکی چرای کزی
هەموو باخە پڕ نهێنییەکانت بردم

کۆڵان کۆڵان،
داڵان داڵان،
هەمووی گەڕاین
کۆگا کۆگا
ڕێگا ڕێگا
هەمووی گەڕاین
کام سووچ تاریک و نووتەکە،
لەوێ... خۆمان کرد بە چرا و
تیا داگیرساین!
* * *

ئەی نێرگزە کێویلکەکە!
سوپاس بۆ تۆ!
کە شارەزای جادەکانی
ئەم شارە غەریبەت کردم
سوپاس بۆ تۆ!
بۆ بەر تیشکی چرای کزی
هەموو باخە پڕ نهێنییەکانت بردم
بەڵام، توخوا، لێم ببوورە
ئەگەر بڵێم ڕێگەی دڵت پێ نازانم،
کە چوار پەنجە لە من دوورە!
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

* ڤەڕۆنێژ: شارێکە، دەکەوێتە سەر ڕووباری ڤەڕۆنێژ، لە خوارووی ڕووسیا. شاعیر ساڵی خوێندنی ۱۹۷۳ - ۱۹۷۴/ی لەوێ بەسەر بردووە.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓(۱۹۷۳/۹/۲۱ - ڤەڕۆنێژ)
📚 #شەو_نییە_خەونتان_پێوە_نەبینم
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۱۳]
ــــــــــــــــــــــ

"کودەتا"

پێش تۆ ناسین
مناڵێکی خۆپەرست بووم
وام دەزانی،
ئاسمانی پان دەوارێکە،
تەنیا بۆ من هەڵدراوە
زەوی دوڕگەی دوای تۆفانە،
جگە لە من، هیچ کەسێکی تیا نەماوە

ئەوینی تۆ لەپڕ هات و
شوورە و قەڵامی خاپوور کرد،
ڕەنگەکانی هەموو گۆڕین
یاساکانی ژێروژوور کرد
وای کرد دنیا
بۆ تەنیاییم وەک قەفەس بێ
فێری کردم
شەوان نیو سەرینم بەس بێ!
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓(۱۹۷۳/۱۲/۱ - ڤەڕۆنێژ)
📚 #شەو_نییە_خەونتان_پێوە_نەبینم
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۱۴]
ــــــــــــــــــــــ

"دەریان کردم"

دەریان کردم،
چونکە شیعرم
مناڵێکی چەتوون ئاسا،
پلووکەبەردی هاوێشتە
ماڵی شووشەبەندی گەوران!

دەریان کردم
چونکە شیعرم هێڵی بەزاند،
لە ڕووی گەنجینەی دزراو
گڵۆپێکی
دە هەزار ڤۆڵتی داگیرساند!
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓(۱۹۷۳/۱۲/۸ - ڤەڕۆنێژ)
📚 #شەو_نییە_خەونتان_پێوە_نەبینم
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۱۵]
ــــــــــــــــــــــ

"لێت نەگۆڕێ"

کەزیت چەپکە ئاگرێکە،
هەموو ڕۆژێ دەڕژێتە ناو ژووری تارم
وا هەست دەکەم،
ڕۆژێک دادێ... لافاوی ئاگر هەڵدەستێ
زەردەخەنەت کەشتییەکە،
هەموو ڕۆژێ ڕێ ون دەکا
وا هەست دەکەم، ڕۆژێک دادێ
لە بەندەری دڵی مندا ڕادەوەستێ!
* * *

نهێنیی خۆم
تا ئێستا بە کەس نەگوتوە
بە تۆی دەڵێم:
من چیاییم،
خەڵکی شاری "ئەستی"* کوژەم
هەموو ڕۆژێ
خوێنی زینێک لە خەنجەرم دادەچۆڕێ
گەر دێیته لام، وریای خۆت بە،
خۆشت نەوێم، لێت نەگۆڕێ!
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

*ئەستی (ستی) کچە کرمانجێکی دەشتی هەولێرە. لە چلەکاندا لەگەڵ کەریمی ئەوینداریدا سەری خۆیان هەڵدەگرن. گەلێک ئەم گوند و ئەو گوند، ئەم ماڵ و ئەو ماڵ دەکەن، کەس خۆیان لێ بە خاوەن ناکا، تا لە نێزیک گوندی حەسارۆکان هەردووکیان، بە دەستی بابی ئەستی و ئاغاکەی، شەهید دەکرێن. گەلێک لاوک و حەیرانیان پێدا هەڵگوتراوە.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓(۱۹۷۴/۹/۱۳ - مۆسکۆ)
📚 #شەو_نییە_خەونتان_پێوە_نەبینم
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۱٦]
ــــــــــــــــــــــ

"خەو"

سندمیان کردە هەردوو پێم،
کەلەپچەیان کردە دەستم،
خەنجەر نیشتە سەر گەردنم،
لێیان پرسیم:
ناوی چییە خۆشەویستم
بێدەنگ وەستام وەک سەنگی مت
دامە قاقای پێکەنین و هیچم نەگوت!
* * *

چاویان کۆڵیم،
سەریان بڕیم
بە خەنجەر دڵیان شەق کردم
خوێنم وەکوو هەورەتریشقە
شریخاندی و هەر نەمردم
* * *

کاتێ خوێنم فڕکەی کرد و
وەکوو چەپکەگڕێک پژا
بەسەر عەردا
جەلـلادەکان
هاتن... پەنجەیان تێوەردا
هاتن... چیلکەیان تێوەردا

پیتی ناوێکی سەربڕاو،
نەخشەی وڵاتێکی دزراو،
تێکەڵاو بوون وەک تانوپۆ
یەکاڵایان نەکردەوە،
هەرچەند پەنجەیان تێوەردا
هەرچه چیلکەیان تێوەردا!
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓(۱۹۷۴/۱۰/۱۷ - مۆسکۆ)
📚 #شەو_نییە_خەونتان_پێوە_نەبینم
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
مناڵەکان
ئێوە زەلکاو دەشڵەقێنن
ئێوەن ئەو بوومەلەرزانەی
سبەی کانی دەتەقێنن.
ئێوەن سبەی
سنووری دەستکرد دەشکێنن
قەفی زنجیری لێکپچڕاو
بە یەکترەوە دەلکێنن.

ئێوەن سبەی
لە قامیشلی
لە دیاربەکری شێخ سەعیدا
لە سلێمانیی بریندارا
لە مەهابادی "قازی" دا
بە یەک فەلسەفە پێدەگەن:
گشت تێدەگەن
ئەوەی کورد بێ، نەوەی نوێ بێ
دەبێ تێشووی،
ڕێی یەکیەتیی کوردی پێ بێ!

#عەبدوڵڵا_پەشێو
2024/09/28 13:22:57
Back to Top
HTML Embed Code: