Telegram Web Link
[112]
بۆ شاعیرێکی عەڕەب¹
"بۆ سەعدی یووسف"

بانگت دەکەم
لە سەد ساڵەی داهاتوودا میوانم بیت.
ئەوسا ئێمە،
تۆش و منیش،
لە هەڕەتی لاوی دەبین،
چاومان وەکوو گلارەترێی
شەونەمگرتووی خۆشناوەتی بریسکەدار،
قژمان چڕ و ڕەنگسوورمەیی،
هەناسەمان وەکوو قاەوی یەمەن بۆندار.
ئەوسا ئێمە
تۆش و منیش،
لە هەڕەتی لاوت دەبین،
هۆنراوەمان
وەکوو ئاوی دیجلە و فورات دەگوڕێنێ،
هەر پەیڤێکمان
پێلێک دەدا و
قەتارەیەک قاز و قورینگ هەڵدەفڕێنێ.
ئەو ڕۆژەی دێی،
لە دوورەوە
گوێم لە حیلە و هانکەهانکی
هەسپە حودوودەکەت دەبێ،
چڵێک نێرگز بە دەستەوە،
بە پیرتەوە دێم و دەچین...
لەبن دارێک چوارەمێردەکی دادەنیشین،
بۆ تینوێتی شکاندمان
لوێچێک ئاوی کانی بەسە،
ئاوی کانیی ڕوونتر لە نوور.
بۆ تێربوونیش
هەر لە جێوە دەست هەڵدەبڕین
بۆ هەنارێک، یا سێوێکی مزر و لاسوور.
ئیدی نە تۆ،
وەک شەوەکەی ترابلۆسمان،
بە ناو دەریای پێکێک مەیدا،
بەرەو بەسەرە دەکەوینە سەوڵژەنین،
نە من لەناو پێچ و خول دووی سیگاردا
پرزەم دەبڕێ دەبڕێ خەیاڵاتی ئاڵاچنین.
ئەوسا ئێمە،
تۆش و منیش،
لە هەڕەتی لاوی دەبین،
بۆ هەر لایەک سەر هەڵبڕین
بەهەشتێکمان دێتە بەر چاو
بە قریوەی زارۆیان و
ئاسمانێکی
بە وەنەوشە و گوڵەهێرۆی سپی خەمڵیو
هەرگیز چاومان لێی تێر نابێ،
پەلە ناکەین
بچینەوە بەهەشتەکەی دنیای ئەو دیو!

2018
_____
¹ئـەم هۆنراوەیە لە سەرتادا چەند دێڕێک بوو، لە ترابلوس نووسرا و لە بەهاری 1992 دا لە کۆڕی هەولێر خوێندرایەوە، بەڵام هێندێک هزر و ڕامان، هەروا، تەوژمی دڵەکوتێ دەربارەی پاشەڕۆژی کوردستان وازیان لێم نەهێنا، تا لە زستانی 2018دا سەرلەنوێ دامڕشتەوە و بڕیارم دا ئازادی بکەم!

لاپەڕەی ٢٧١'٢٧٢'٢٧٣'٢٧٤'٢٧٥
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
[113]
عەفرینگراد

هاڕەی ئێف شازدەم دەگاتە بەر گوێ،
لرفەی ئاگری زارکی دۆزەخ و
بۆنی دووکەڵ دێ.
هەشتا ملیۆن چاو ڕووەو ڕۆژاوان،
چاوەڕێی خۆرن، لەوێوە هەڵدێ.
هیوای جارانم
بە مەزادخانەی مافی مرۆڤ بوو،
دەناورامەوە بێتە هیمدادم.
دەمگوت: "چیای من بوو پەنای نووحی دا،
من قەد و چڵی داربەڕووی مادم..."
بەڵام، لەمەوالا،
ئەگەر بپرسن لە ڕەچەڵەک و بنج و بنیادم
سەر بڵند دەکەم،
دەڵێم: " هاوخوێنی پڵنگەکانی عەفرینگرادم".

٢٠١٨/٢/١٠ - ڕیگا
لاپەڕەی ٢٧٦'٢٧٧
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو
بەستەری دەنگ
www.tg-me.com/Abdulla_Pashew/2267

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
[114]
تابلۆی سەنگەرێکی عەفرین

کچۆڵەیەک،
نەرمەونیانتر لە کارژۆڵە،
شلکتر لە قەدی ڕێواس،
شانبەشانی لاویژەیەک،
دەکرا مەم بێ،
سیامەند بێ،
یا کاکەلاس...
لەڕووی لەهی و چونامیی گڕ
داچەقیون،
وەک دوو زناری لە ئەڵماس.

شوباتی2018
لاپەڕەی ٢٧٨'٢٧٩
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
[115]
شەوێکی ئۆدێسە

کەسی تر نا،
هەر زەریا و شەو گوێیان لێ بوو،
هەر زەریا و شەو...
کەنار بۆ پێل لەسەر پشت بوو،
سنگی منیش بێ سەری ئەو...
گوتم:"هەر تۆ هەیڤی منی"
گوتی:"زەریام لەمڕۆوە تۆی"
دوای چەند ڕۆژێک جیابووینەوە،
نە من هەیڤم دابەزاند و
نە ئەو زەریای برد لەگەڵ خۆی.

٢٠١٨/٣/٦ _هێلسنکی
لاپەڕەی ٢٨٠'٢٨١
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
[116]

ژاکان


کە ڕووخسارت دەخوێنمەوە
لەوە دەگەم
شیعرەکانن چەند مردەڵە و دەستەپاچەن،
چەند بێهێزن...
هەر چییان کرد نەیانتوانی
تۆ لە ژاکان بپارێزن.

٢٠١٨/٣/١٠_ هێلسنکی
لاپەڕەی٢٨٢
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
[117]
چارەنووس

هەر ڕێژنەیەک لەوێ داکا،
من لێرانە هەدا نادەم.
چارەنووسمە،
بانی زنجی هەژاران بم،
دڵۆپە بکەم، نم دادەم.

لە ساماڵما
برووسکە خۆی مەڵاس داوە،
بۆ تۆفان و بوومەلەرزە شانشینم
لە هەر کوێ بم،
گوێم لەزیڕەی زنارانە،
فیچقەی خوێنی خۆم دەبینم.

2018
لاپەڕەی ٢٨٣،٢٨٤
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
[118]
جەمسەر

ڕووت جەمسەری هەردوو قوتبە،
نیگات مەكۆی ئـەستـێرانە...
ئـێستا، پرسێک سەرانسەرمی داگرتووە:
نازانم چۆن
گەردنێكی ناسكۆڵانە
ئەم گەردوونەی ڕاگرتووە!

_________
جەمسەر: شوێنی پێکەوەلکان و یەکگرتنەوەی دوو شت.
مەکۆ: کۆگا. حەشارگە. جێ و مەڵبەندی خڕبوونەوەی گیانەوەران.

٢٠١٧ هێلسنکی
لاپەڕەی ٢٨٥
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
[119]

دیوان
هەر سرتەیەک لە سککە دەم
پشکێک خوێنی شەونشینیمی پێوەیە.
کە دەچێتە ناو خەزنەشم،
چەند هی منە،
هەزا هێندە هی ئێوەیە.

٢٠١٠/٩/١٣ هێلسنکی
لاپەڕەی 286
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
[120]
مـاندوویەتی


من چیم داوە
لە بیلێت و جەنتا و سەفەر؟
هەتا كەنگێ، وەكوو پەلیک،
لە بەندەر و وێستگە و فڕگان
دەكەوم و هەڵدەقۆزمەوە؟
خۆ لە هەر كوێی دنیا بم من،
هەر كوردستان دەبـینم و
تەنیا ئەویش دەدۆزمەوە!

١٠/٢٢/ ٢٠١٨ - هێلسنکی- پاریس
لاپەڕەی 287
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
[121]
مژدە

گوێم لێ بگرن!
مژدەم پێیە، بۆ هەمووتان:
کەفەڵپان و ڕیوەڵەتان،
زڕتەبۆز و بوودەڵەتان،
سیخوڕ و بەچکەسیخوڕتان،
سکرتێر و تڕژمێر و میراخوڕتان،
یەک یەک وەزیر و گزیرتان
قونکی پیاز و سەری سیرتان
دەیڵێمەوە،
مژدەم پێیە بۆ هەمووتان:
سەر و سەکوت بەبۆیاخ و بێبۆیاختان،
فایلسووک و فایلقورسی شار و شاختان
ملیۆنێر و ملیاردێرتان
یەکژنداری بەردکونکەرە و
دەژنداری بنزگتێرتان،
گوێم لێ بگرن،
چونکە ئێوە لەم دنیایە،
کۆبوونەوەی شەووڕۆژتان دوایی نایە،
چونکە ئێوە،
هەموو عومر
ئەم بۆ لای ئەو،
ئەو بۆ لای ئەم،
هەر خەریکی ڕاکەڕاکەن
چونکە ئێوە لە گۆڕیشدا
بێ یەکتری قەت هەڵناکەن،
خەونم دیوە
مژدەم پێیە بۆ هەمووتان:
کە دەشمرن،
خەمتان نەبێ، دڵنیا بن...
لە دۆزەخدا کۆ دەبنەوە،
کۆ دەبنەوە و هاوێر نابن!

٢٠١٩/٢/٢—ڕیگا
لاپەڕەی٢٨٨'٢٨٩'٢٩٠'٢٩١
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
#هەشتخشتەکی
لە دیوانی سەوڵم پۆڵا کەناریش دوور

(هزرۆکەکەکانی ئەم هەشتخشتەکییانە لە شاعیری داغستانی ڕەسووڵ هەمزەتۆف وەرگیراون و بە چەک خشڵی زمانی کوردی ئارایش دراون)
⬇️⬇️⬇️
#هەشتخشتەکی
📚لە دیوانی: #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور

(1)

کاتێ دووراودوور سەیری کێو دەکەی،
نێزیک دەنوێنی لووتکەی بڵندی.
کە بە ناو بەفرا پێیدا هەڵدەزنێی،
دەڕۆی و دەڕۆی، ناگەیتە دوندی.

کە هۆنراوەیەک دەخوێنیتەوە،
دەڵێی چەند سووک و زەلال و ڕوونە!

بەڵام کە دێڕێک لێت بوو بە گێژاو
دەڵێی ڕەقترین کاری گەردوونه!

لاپەڕەی ٢٩٥
___
(2)
تافەی جۆگەلە و هاڕەی تاڤگە دێ،
گوێم لە زەمزەمەی چەم و ڕووبارە.
هەروا مل دەنێن، گوڕ دەبەستن و
بەجێ دەهێڵن ئەم جێ و هەوارە

ئەرێ کاتێ ئاو مەفتەن جێ دێڵێ
بۆ قریوەی دێ و هەر پێدەکەنێ؟
ئەی بۆچی کە من بارگە تێک دەنێم،
خەفەت سەراپای گیانم دەتەنێ؟!

لاپەڕەی ٢٩٦
______
(3)
ئەرێ خەڵکینە! بۆ هێندە خاون؟
مەڵێن کیسەڵیش سست و تەمبەڵە!
چما نازانن، ئەگەر هیچ نەبێ،
سەد ساڵی ڕەبەق عومری کیسەڵە؟!

ئەرێ خەڵکینە! بۆ وا بە پەلەن؟
مەڵێن کەروێشکی دەشتیش ڕا دەکا
ئاخر کەروێشکی بەدبەخت و کڵۆڵ
ژینی زۆر کورتە، بۆیە وا دەکا!

لاپەڕەی ٢٩٧
______
(4)

خەڵکی هیندستان پێیان وایە مار
یەکەم گیانداری سەر ڕووی زەمینە.
شاخنشینەکان سوورن لەسەر وەی
هەڵۆ کۆنترین زەوینشینە!

کەچی من دەڵێم: نەخێر، یەکەمجار
ئادەمیزاد بوو پێی نایە جیهان
پاشان هێندێکیان وەکوو مار خزین،
هێندێک وەک هەڵۆ فڕین بۆ ئاسمان!

لاپەڕەی ٢٩٨
_______
(5)
کە جاران دوو سوار دەبوو بە شەڕیان،
ژنێک دەسماڵی دەخستە بەر پێ.
بە دەستووری شاخ چەک فڕێ دەدرا،
ئاشت دەبوونەوە هەردووک دەسبەجێ.

هاوار، ئافرەتان، بگەنە هیمداد!
ئەوا دوو برا خەنجەر لێک دەسوون،
دە دەسماڵێکیان باوێنە بەر پێ،
تا دنیا نەبووە هەپروون بە هەپروون!

لاپەڕەی ٢٩٩
________
(6)
گەر بووم بە کانزا لە سککەم مەدەن
با نەبمە پارە و نەچمە باخەڵان...
هەرگیز نامەوێ زرینگانەوەم
ببێتە مایەی گەڕ و گێچەڵان


دەستم داوێنتان، گەر بووم بە کانزا،
بمکەن بە چەک و بە هیچی دی نا
با نووکی ڕەمب و دەمکی خەنجەر بم
لە جەنگەی شەڕی مردن و ژینا!

لاپەڕەی ٣٠٠
_
(7)
گەر شاخنشینێک لە دەرگەی درا
با خۆی ملکەچی نەریتی چیا کا
نیوەشەویش بێ، با لە خەو ڕابێ،
بۆ ڕێبوارەکە دەرگە واڵا کا.

هەر کە بەستەیەک لە دەرگەتی دا
گەر تۆ شاعیری واز لە خەو بێنە.
دەرگەی دڵی خۆت بخە سەر پشت و
نیوەشەویش بێ تێچریکێنە!

لاپەڕەی ٣٠١
_
(8)
هێندە نان و ئاو هەڵگرە بۆ ڕێ،
کە هەم بۆ خۆت بێ، هەم بۆ ڕێبوارێ.
خەنجەرێکیشت لەبەر کەمەر بێ،
نەوەک تێت ئاڵێ گەڕی بەدکارێ.

خۆشم دەمێکە کەوتوومەتە ڕێ،
شیعرم کردووە بە تۆشەبەرە.
بۆ ئەوەی دۆستە خۆراک و ئاوە،
بۆ ناحەزانیش چەشنی خەنجەرە!

لاپەڕەی٣٠٢
_
(9)
"هەڵۆیانی شاخ، هەر بێزار نەبوون
لە بەفر و سەهۆڵ، نەهاتی و تێمان؟"
+"ئێمە نەهاتووین بۆ گەرمی و خۆشی،
ئازادی لووتکەی بەخشیوە پێمان"

-"هاونیشتمانان، چ خۆشییەکتان
لەم شاخە ڕەق و ڕووتانە دیوە؟"
+"ئێمە نەهاتووین بۆ گەشتوگوزار،
لووتکەی ئازادی پێمان بەخشیوە!"

لاپەڕەی ٣٠٣
_
(10)
گوتمە جۆگەیەک:" تۆ کۆنەساڵی و
چەندان فەرسەخیش ڕێگەت بڕیوە،
ئاخۆ لە هەموو شتێک دڵکێشتر
لەم جیهانەدا تۆ چیت بینیوە؟"

جۆگەکە گوتی:" ڕاستیت گەرەکە؟
نە هەنووکانە، نە ڕۆژگاری زوو،
نەمدیوە جوانتر لە گاشەبەردێک
کە لای سەرچاوەی دایکم کەوتبوو!"

لاپەڕەی ٣٠٤
_
(11)
ڕۆژێک کالانی خەنجەرێکم دی،
هەمووی بە زێڕ و زیو ڕووکەشکراو،
کە خەنجەرەکەم هەڵکێشا، بینیم،
گشت ژەنگاوی بوو، کول و ناتەواو.

دیوانێک شیعرم وە بیر هاتەوە،
ناوەڕۆکەکەی پووچ و لەنگ و لار،
بەرگیش، چ بەرگ! هەر شاکارێک بوو،
سەرانسەری تژی لە نەخش و نیگار!

لاپەڕەی ٣٠٥
_
(12)
سێ بەستەی پیرۆز لە دنیادا هەن،
وەک هەنگوین شیرین، وەک کوژاڵک تاڵ.
ئەوەی یەکەمیان پیرۆزترینە
لایلایەی دایکە لای بێشکەی مناڵ.

بەستەی دووەمیش هەر هی دایکانە،
شینە بۆ تەرمی زارۆی مردوویان.
ئەگەر لە بەستەی سێیەم دەپرسن،
ئەوانی دیکەن... هەموو... هەموویان...

لاپەڕەی ٣٠٧
_
(13)

ئێوارە و بەیان، شەوەزەنگ و خۆر،
دوو ماسیگرن: یەک ڕەش، یەک چەرموو.
دنیا دەریایە و ئێمەش وەک ماسین
بە دوای چەشکدا سەرقاڵ و ماندوو

هەمیشە تۆڕ و چەنگاڵ هەڵداوێن
جووتە ڕاوکەری بێسرەوت و خەو.
ئاخۆ کامەیان وەگیرم دێنێ:
چەنگاڵەکەی ڕۆژ، یا تۆڕەکەی شەو؟!

لاپەڕەی ٣٠٨
___
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
کۆتا پەخشانە شیعر لە دیوانی_سەوڵم_پۆڵا_و_کەناریش_دوور

مانیفێستی کۆبانێ
⬇️
مانیفێستی کۆبانێ

برینی شنگال شەو و ڕۆژ دەتریوێنێ.¹
دەشێ ڕۆژێک لە ڕۆژان،
ژانەکەی لە زیڕە بکەوێ،
بەڵام قەت ناشێ ساڕێژ بێ.
وێنەی سەر شاشەکان مێردەزمەن،
شەوان لێت وەژوور دەکەون،
سواری سەر سنگت دەبن و
چەمۆڵەت لێ دەنێن.
ئێستاش، دوای شنگال،
جەستەمان شەبەقی برینێکی نوێی تێ بووە:
برینی کۆبانێ.
شیروەشێن، هەمان شیروەشێنە،
جەستە هەمان جەستەیە و
خوێنەکەش هەر هەمانە،
بەڵام ئێشەکەیان جودایە.
ناتوانم باسی ئەو جیاوازییە
بە زمانی سەربازی، زانستی
یا لێکدانەوەی لۆژیکی بکەم،
هەر ئەوەندە دەڵێم،
شنگال خاڵێکی لەو جێیە دانا،
کە ئەخلاقسزیی سیاسی گەیشتە لووتکە و کۆبانێش
یەکەم ڕستەی بۆ مێژوویەکی تازە تۆمار کرد و
بووە کاراترین کارگەی نەتەوەسازی.
لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا،
چاخێک تێپەڕی و
بەراییی چاخێکی نوێ پشکووت.


*
هەموو ڕۆژێ دەمەوێ
داستانێک بنووسم...
سارد دەبمەوە.
چما داستان لەسەر داستان دەنووسرێ؟
دەمەوێ، بۆ چەند پەیڤێک،
پەنا ببەمە بەر ئەفسانە،
چەند پەیڤێک،
کە شایانی بەژنی کۆبانێ بن،
بەڵام کۆبانێ خۆی بووە بە ئەفسانە و پێویستی بە ئەفسانەنووس نییە!

*
سەدان ساڵ شۆڕەسوارانی ڕۆژهەڵات
ببوونە کۆنە مەرەکەبی سەر کاغەز و
تەنیا بە خەیاڵی ڕۆژهەڵاتناساندا دەهاتن، کەچی ئەوەتا،
نەوەی میدییەکان
هەسپی مێژوویەکی تازەیان زین کردووە و بەرەو ئاسۆیەکی هەزارڕەنگی لینگ دەدەن.
ئەو سوارانەی من باسیان دەکەم
لە ڕەگەزێکی دیکە و لە تیرەیەکی دیکەن.
پێشتر نەمانبینیون، نەمانناسیون.
ئاخر، ئەوانەی پێشتر
یا لەناو تۆز و غوماری سەرپەڕێنەکانی سەدەی حەفتەمدا ون بوون،
یا شاعەباسێک ڕایپێچان
سەرحەدەکانی بۆ بپارێزن،
یا لووسکەیەکی جەنگیزخان
بە مەیتەر لە ئاستانە دایمەزراندن،
یا بوونە فشەحیزبی خۆخۆری بێ پڕۆژە و ستراتیژ،
حیزبی سایکسبیکۆپەرست و
لۆزاندۆست و
بتەوان و
موفاوەزاتچیی کورسی مووچه.

*
ئەوانەی من باسیان دەکەم
لە ڕەگەزێکی دیکە و تیرەیەکی دیکەن: کیژگەل و کوڕگەلی کۆبانێن،
ئەوانەن،
کە چاویان بریسکەی ئاتەشگەکانی بابوباپیرانی تێدایە،
ئادگاریان
پڕاوپڕە لە گزنگی گاتاکانی زەردەشت.
ئەمانە
کۆتاییان بە مێژووی هەڵاتهەڵات و ڕاکەڕاکە و نووزانەوە و شەڕەپەڕۆ و ئاڕئاڕ و قاچاخچییاتیی سنووران هێنا.
ئەمانە
لە ڕەگەزێکی دیکە و تیرەیەکی دیکەن.
ئەمانە
سەرەتای قڕبوونی سەرکردەی بندیوار و سکرتێری بندیوار و
وەزیری بندیوار و ڕاوێژکاری بندیوار و جەنەراڵی بندیوار و
هەموو شتێکی بندیوارن.
ئەوانە،
ئەو جگەرگۆشانەی من،
بە زگی قۆپاو و رەنگی پەڕیو و کلاشینکۆفی سەدەی ڕابردوو،
بەرامبەر تانک و زرێپۆش،
بەرامبەر تاعوونی ڕەش و
قاسەی پڕی نەوتفرۆشان چەقیون و بە دنیادا جاڕ دەدەن،
دەڵێن:
نا، ئێمە لە قەڵای دمدم داناگەڕێین،
بە فتوایەک پایتەختی سۆران جێناهێڵین و ناچینە خزمەت سوڵتان.
هەزار گفتولفتی شیرینی شای ئێران تەفرەمان نادا و
نامانباتە بەر سێدارەی چوارچرا.
ئێمە هەزار پەیمانی جەزایر
بە قرۆشێک ناکڕین.
ئێمە لە ڕەگەزێکی دیکە و تیرەیەکی دیکەین.

*
تەماشایان دەکەم،
جارێک و دووجار و دە جار...
لە پڕمەی گریان دەدەم.
نازانم گریانەکەم هی خۆشییە،
یا نیشانەی پێشبینییەکی تاڵ،
یا هی هەردووکیانە؟
ئەوان بە زەردەخەنەیەک دڵم دەدەنەوە، حاڵیم دەکەن، کە ڕۆژی سایکسبیکۆپەرستان و پیرەجامبازانی موفاوەزاتچی تەواو.
لەمەولا، کێ زات دەکا
ئەو سنوورە حەرامزادانە بە سنوور بزانێ؟ کێ زات دەکا بڵێ:
"کوردستانی عێراق" ، "کوردستانی ئێران" ، "کوردستانی تورکیا" ، "کوردستانی سووریا"،
کوردستانی جیبۆتی و
جڕتاوە؟ کێ... ؟
مەگەر هەتیوچەکانی کڵاوڕەش و کڵاوسوور،
مەگەر ئەوانەی، لە سەدەی بیستویەکەمدا، بە ئەقڵییەتی موختاری گوند،
دەوڵەت بەڕێوە دەبەن،
ئەوانەی
بە دووربین تەماشای ئەوپەڕی دنیا دەکەن،
کەچی بە زەڕەبینیش بنپێی خۆیان نابینن!

*
جەیلان،
ئەو تەوارەی
لە توخمی هەڵۆیانی زاگرۆس بوو،
ئەوەی لەگەڵ گوللە ژوانی دانا،
چما هەر جەستەی گوڵبەدەمی خۆی پێکا؟
نا، ڕابردوویەکی پڕ لە شەرمەزاری و سنووری حەرامزادەی سیمالکەشی پێکا.
*

ئارین،
ئەو پڵنگەکیژەی، لەباتی دەستی یار، ئاگربەندی لە کەمەری خۆی ئاڵاند،
چما هەر بۆ ئەوە
جەستەی پیرۆزی خۆی ئاگر دا ڕەوەئەسپێخۆرێک بۆ دۆزەخ ڕادا؟
نا، ئەو لەگەڵ خۆیدا
خەندەقی براکوژان و
شەڕەپەڕۆی بەرەبابان و
تانکەری قاچاخچییانیشی ئاگر دا.
ئەمانە، گەلۆ،
لە ڕەگەزێکی دیکە و لە تیرەیەکی دیکەن!


هێلسنكی- ٢٠١٤/١٠/١٢
لاپەڕەکانی ٣١١تا ٣٢٣
____

¹شنگال: شارێکی ئێزدنشینی کوردستانە، ڕۆژی ٢٠١٤/٨/٤ لەشکری پارتخێڵەکانی باشوور ڕادەستی داعشیان کرد بوو بە جەرگبڕتین ژینۆساید لە مێژووی کوردستاندا.

__
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
کۆتایی دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
قڕمان دەکەن؟
پەشێو
دەنگmp3
خوێندنەوە: شەماڵ تەرغیبی

قڕمان دەکەن؟
قوڕتان بە سەر!
دوای مردنیش
لێ ناگەڕێین
نیشتمانمان بکەن بە ماڵ
لێ ناگەڕێین
گۆشتمان بخۆن وەک قەل و داڵ

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
خۆشەویستم !
کە رۆژێک هات
وەڵامی خۆمان دایەوە
خوێنی تووڕەی ئاگرینمان
لە دەمارا جوڵایەوە
ئەو ڕۆژە خۆت مەشارەوە
تاکوو پێکڕا
یەک دەنگ ، یەک ڕا
لەناو شریخەی تفەنگا
لەژێر چەتری شەوەزەنگا
کوردستانی ملیۆنەها لەناحەزان
بکەین بە کێڵگەی کارەبا
بە گۆرستانێکی هەرزان
لەپاڵ تاوێرە بەردێکا سەنگەر بگرین
یا دێینەوە دەست لە گەردن
یا دەست لەسەر تفەنگ دەمرین

#عەبدوڵڵا_پەشێو
پەیامی پشتیوانی لە ئازیزان

وەک چۆن لە ساڵی ٢٠١٠ دا "محەمەد" ێک، لە شاری ”سیدی بوزید"ی توونس، لە داخی هەژاری و بێچارەیی ئاگری لە خۆی بەردا، بە بڵێسەی بەدەنی خۆی هەموو وڵاتی خرۆشاند و رژێمی"بنعەلی"ی ژێروژوور کرد، هەرواش، خۆبەختکردنی"ژینا" ڕۆژهەڵاتی کوردستانی یەکپارچە جۆش دا، ڕق و کینەی ٤٣ ساڵ خەفەکراوی هەموو ئێرانی تەقاندەوە، بەرامبەر "ویلایەتی فەساد" گشت زمان و دیالێکت و نەژاد و مەزەبەکانی خستە ناو سەنگەرێکەوە.
(ژن، ژیان، ئازادی) دروشمێکی مژدەبەخشە، نیشانەی ڕۆلی پێشڕەوانەی ژنانە، پڕە لە ئومێدی دواڕۆژێکی جوانتر و درەوشاوەتر بۆ مرۆڤ. ئەوانەی ئەم دروشمە بەرز دەکەنەوە و دەیچڕن سەوداسەری ژیان و ئازادین، پەیامی ڕێنیسانس و خۆخوێندنەوەی سەرتاپێیان هەڵگرتووە. ژینا، بە مەرگی پێشوەختی خۆی، بە هەموو دنیای گوت کە سەپاندنی یەک دین، یەک مەزەب، یەک دروشم، یەک زمان، یەک پۆشاک و یەک ڕەهبەر تونێلێکی تاریکی بێ دەرچەیە، مایەی شەرمەزارییە، دابڕانە لە گیانی سەردەم.
ڕابوونی رۆژهەڵاتی کوردستان و دواتر تێکڕای گەلانی ئێران، نەک هەر بۆ ئێران خۆی، بەڵکو بۆ گشت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش گرنگە، بۆیە پێویستە بێ دوودڵی، بێ چەندوچۆن، پشتیوانیی لێ بکرێ.
بەڵێ، ڕابوونی جوگرافیایەکی فرەڕەنگی پانوپۆڕ کاریگەرە، بەڵام کاریگەرتر و چارەنووسسازتر پایتەختی دەسەڵات و دەوروبەرەکەیەتی، چونکە پێگەکانی ڕژێمی تێدایە، هەروا، چونکە ئەو زەبروزەنگ و کوشتارەی ڕژێمی ئاخوندان لە کوردستان و بەلوجستان و پەراوێزەکان بەکاریان دێنێ، ناتوانێ بە هەمان شێوە لە پایتەخت پیادەیان بکا، نەک هەر لەبەر ئەوەی لە تەنینەوەی ئاگری نێزیک دەترسێ، بەڵکو لەبەر ئەوەش کە سێنتەری بڕیار پتر چاوی کامیراکانی جیهانی لەسەرە.
بۆ ئەوەی چنینی بەری ئەو ڕابوونە مسۆگەرتر و پشتگیریی نێونەتەویی کردەکیتر و یەکڕووانەتر بێ، پێویستە هەوڵی سازکردنی پڵاتفۆرمێکی سیاسی بدرێ و بکرێتە نەخشەڕێی سەرکەوتن. دەبێ هەمووان لەوە دڵنیا بکرێنەوە کە لە داهاتوودا مۆدێلی فەرمانڕەوایی لەسەر بنەمای ئازادی و یەکسانی و مافی چارەنووس بنیات دەنرێ، هەر لەم ڕێگەیەشەوە، ئێران دەتوانێ ئەو دێوەزمەیەی چۆکی لەسەر سنگی خۆی و مرۆڤایەتی داداوە لاببا و تاریکستانی سەدەکانی ناوەڕاست جێ بهێڵێ.
نەمری بۆ ژینا.
سەرکەوتن بۆ ئازادیخوازان.


عەبدوڵڵا پەشێو05.10.2022

--------------------------------
Ébduĺĺa peşêw pinned «‍ پەیامی پشتیوانی لە ئازیزان وەک چۆن لە ساڵی ٢٠١٠ دا "محەمەد" ێک، لە شاری ”سیدی بوزید"ی توونس، لە داخی هەژاری و بێچارەیی ئاگری لە خۆی بەردا، بە بڵێسەی بەدەنی خۆی هەموو وڵاتی خرۆشاند و رژێمی"بنعەلی"ی ژێروژوور کرد، هەرواش، خۆبەختکردنی"ژینا" ڕۆژهەڵاتی کوردستانی…»
لەمڕۆ بەدواەوە بەردەوام دەبین بە پێشکەشکردنی هۆنراوەکانی دیوانی #شەو_نییە_خەونتان_پێوە_نەبینم و #ڕۆژ_نییە_لێتان_تووڕە_نەبم لە کتێبی #پشت_لە_نەوا_و_ڕوو_لە_کڕێوە بە ئێوەی ئازیز، تکایە هاوڕێمان بن.

"لێژنەی بەڕێوبەرایەتیی کەناڵی مامۆستا پەشێو"

هەر شاد و بەختەوەر بن.🌹🌺💐
2024/09/28 15:27:17
Back to Top
HTML Embed Code: