Telegram Web Link
[74]

ئاسمان و چاو

ئاسمان هەردەمەو ڕەنگێکە:
شەوێک تارە، شەوێک ڕەخشان...
سبەینەیەک تەم گرتوویە،
ئێوارەکەی
دادەکاتە خشڵباران
بێنێک هەوری خۆڵەمێشە،
بێنێکی دی
پێلی کەف و زیوی قاڵە -
کەچی چاوی ئازیزی من
وەتی دیومە هەر ساماڵە!

هێلسنكی ٢٠١٢/٥/٦
لاپەڕەی ١٩٠'١٩١
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
[75]
کاریکاتێر

لەسەر کورسی دانیشتوون
دانیشتوون و نازانن
کورسیی بنیان بەڵایە
کە دەڕۆن خل دەبنەوە،
زگ لە پێش و قوون لە پاش،
وەک پاسکلی سێتایە!

٢٠١٣/٧/١٩ڕیگا
لاپەڕەی ١٩٢
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
[76]
بۆ ڕەسووڵ گەردی


جامانەکەی فڕێ مەدەن!
چاوەڕێ کەن،
تا ئەو ڕۆژەی دەبێ بە تاج.
پشتێنەکەی بپارێزن!
با نەڕەنجێ
کەسکوسۆری پاش بارانی دەشتی قەراج.
***

چەک و خشڵی
کامە کۆگای شانزێلیزێی جوان و بەدەو¹
دڵڕفێنە
وەک بازن و گوارە و خەزێم،
وەک لاسەرەی نازداری ئەو؟

کۆشک و سەرای کام چاری ڕووس،
شانشینی کام خانی چین
گوشادترە لە کەپرەکەی سەری سەفین؟

کامە وەستای دەستڕەنگین و وریای فەڕەنگ
ژوانگەیەکم بۆ چێ دەکا
لە سوورەگوڵ و سۆتکە و ڕێحان، لە خاسەڕەنگ؟
دوای چەتیمە حەیرانی ئەو،
بۆ برینی ئەوینداران،
کام دەرمانساز، کام جادووکار،
دێ هەتوانێک بگرێتەوە
لە ئارەقەی زەردمەمکان و تۆزی هیزار؟

کام دیدەنیی ژوانگەیی بەرخۆر،
کام راز و نیاز، کام تێکئاڵان...
خوێن گڕ دەدا
وەکوو سرتەی پەنا چیغ و ناو ڕەشماڵان!
شنەشنی لەش و لاری کام مۆدێلیار،
کام گوڵبەدەم،
تەمی بەرچاو ڕادەماڵێ و
لەسەر دڵان هەڵدەگرێ خەم،
وەکو ڕەوتی ئەو قورینگەی
چاوی ڕەشی بڵند نابن لە بەر پەرچەم!

٢٠١٢/٢٠١٢-کوردستان-فینلاند
لاپەڕەی ١٩٣'١٩٤'١٩٥'١٩٦
________&
¹-ئەم هۆنراوەیە چەند هێمایەکی حەیرانەکانی ڕەسووڵ گەردیی تێدایە و حەیراندۆست یەکسەر هستیان پێ دەکا.
شانزەلیزێ: بولڤارێکی هەرە جوانی پاریسە.
______
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
ڕەسووڵ گەردی
@abdulla_pashew
دەنگ #mp3
حەیرانبێژ، هونەرمەند: ڕەسووڵ گەردی

حەزم لێیە، حەزم لێیە، ببیە یارم


@abdulla_pashew
[77]
ئاڵوودەیی

چەند جار خۆم تاقی کردەوە
بێ تۆ بژیم،
سەرهەڵگرم تەنیا و سووکبار،
نیشتمانێک بدۆزمەوە
بێ پەرژین بێ،
بێ دەمبێن و دەرگە و دیوار...
کەچی، هێندە دەستەمۆتم،
وا بە دیلی چەشت کردووم،
هەرکە بێ تۆم،
باڵدارێکی سەراسیمەی بێ پەڕوپۆم،
ئۆقرەم نییە،
لە قەفەزێک ڕەها دەبم،
بۆ ئەوی دی بەلەز دەڕۆم!

٢٠١٣/٨/١٣-ریگا
لاپەڕەی ١٩٧'١٩٨
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
[78]
خۆزگەیەکی درەنگوەخت

نێوان عەشق و نەیاریمان هەودایەک بوو.
نە پێکەوە هەڵمان دەکرد،
نە بێ یەکتر دەمانتوانی،
بە ئاورینگێک هەڵدەگیرساین،
دادەمرکاین بە تنۆکێک دلۆڤانی!
هەندێ جاران،
وەک دوو زارۆ،
لەسەر هیچ و هەر لەخۆڕا،
وا لە یەکتر دەهری دەبووین،
چاومان گڕ و
لالێومان کەفی دەردەدا.
دەستبەردانمان هەر جارێک و یەکجاری بوو،
خۆزگە دەستمان هەموو ڕۆژێ لێک بەردەدا!

٢٠١٢/٨/١٦-ڕیگا
لاپەڕەی ١٩٩'٢٠٠
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
[79]
تۆفان

دە دابەزە،
مایەسیریت هەڵتۆقیوە،
کورسیی بنت کرم و کەڕووی هەڵهێناوە...
داگەڕێ لەو شانشینەی بە هەواوە
وەک ئەژدیهای سەر خزێنە
لە بۆسەیە و هەرچاوێکی هەزار چاوە.

*
دە دابەزە!
تەماشا کە،
چۆن کەمتیارە دەرپێدڕ و
قاسەبڕ و
بە گۆشتی خاک مڕەکانت تێم ئاڵاون؛
ببینە چۆن
چنگ و کەڵبەی سیم و تەلبەند
بەژنی دەشت و
شانی شاخ و
دەمی دۆڵیان هەڵدڕیوە؛
دە بپرسە،
گوڵەگەنم بۆ تۆراە،
کێ ساماڵی زەردەخەنەی هەڵبڕیوە!

دە دابەزە!
دە چاویلکەی ڕەش وەلانێ،
دەست لە ملی کورسی کەوە،
بۆڕی و تانکەر لە یاد بکە چاوقوچانێ!
دڕ بە ئاڵقەی زوڕناژەن و لێپۆکان دە،
دە لڤینێ،
دە تەکانێ...
بەس گوێ هەڵخە بۆ ئەوانەی
چیا بە بای زگ تەخت دەکەن،
بۆق دەکەنە قارەمانێ.
زۆر نا، جارێک
کاروانی جامڕەشەکانت جێ بهێڵە و
پێی پیرۆزت لەسەر زەویی جلشڕ دانێ.
بە جادەیەکدا گوزەر کە تاسەی تیا بێ،
بادەرەوە بۆ گەڕەکێ، بۆ کۆڵانێ.
گوێ ڕادێرە بۆ وەڕینی موەللیدان،¹
بڕۆ سەیری قژڕنین و لەخۆدانێ.
دە لڤینێ،
دە تەکانێ...
زۆر نا، جارێک،
دێڕێک شیعر بورینگێنە،
دەست درێژ کە بۆ داستانێ...
پێمەڕەیەک لە خاک گیر کە،
خشتێک لەسەر خشتێک دانێ.
*
دە دابەزە،
دە چاویلکەی ڕەش وەلانێ.
وا تۆفانێک بەڕێوەیە، چ تۆفانێ!
تۆفانی هەزارەزیلەی
گەدەی برسی و
مستەکۆڵەی ڕوو لە کورسی و
ڕووی وەک خەزەڵی خەزانە

تۆفانی کۆتەرەی دار و
پەردووی زنج و
پەڕ و باڵی هەڵوەریوی ڕەوەزانە؛

تۆفانی کراسی ڕەش و
گرمەی هەرەسی بێدەنگی و
قرمەی دەرگەی قەفەزانە؛

ئەو تۆفانەی من دەیبینم
گوێچکەی نییە بۆی بخوێنی،
لینگی نییە سندمی کەی،
قاسەی نییە تێی بئاخنی،
ملی نییە لە داری دەی!
چی لێ دەکەی؟
دە پێم بڵێ چی لێ دەکەی؟
تۆفانێکە و هەر مل دەنێ:
دەمی نییە،
تا بە پارووی بەرماوەی خۆت قەپاتی کەی!
قوونی نییە،
تا بە کورسیی کاغەزینت خەڵاتی کەی!
دە دابەزە،
دە داگەڕێ،
دە چاویلکەی ڕەش وەلانێ
وا تۆفانێک بەڕێوەیە،
من دەیبینم، چ تۆفانێ!

٢٨/٩/٢٠١٣ هێلسنکی
لاپەڕەی ٢٠١تا ٢٠٧

---------
*مووەللیدە: گەنەراتۆر، ژێنێراتۆر، دینەمۆ، وزەساز، کارەباساز، وشەیەکی عەرەبییە و لە باشوور بەکار دێ.


📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
[80]
کە یەکەم جار من ئاشق بووم...

کە یەکم جار من ئاشق بووم
دڵی سپیم، سپی سپیم،
لە پێک بەفری یەکشەوە بوو.
کە یەکمجار من ئاشق بووم،
دڵی گەرمم، گەرم گەرمم،
پەندێکی ڕووتی گەش بوو.
کە یەکەم جار من ئاشق بووم
لەش هەمووی گیان، بیانیش لەش بوو.
دنیا تازە سەرپێ دەکەوت،
پشکۆ بەفر و
بەفر پشکۆی لە باوەش بوو!

٢٠١٣/١٠/٢٩- هێلسنکی
لاپەڕەی ٢٠٨'٢٠٩
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
[81]
شینبوونی ماچ

شەوێک جەستەی ئافرەتێکم بە ماچ داچاند:
دەشتی ئەنی،
نەرمانی مەچەک و بەلەک،
لەپی کەژۆک،
دەوراندەوری بەراوی لێو،
گرد و نواڵەی سنگ و بەرۆک،
خەت خەت وەردی هەر بیست پەنجە،
قوڵگە و زوورگی ڕەفیسک و چۆک...
***
نیوەشەوێک لەم شەوانە
بۆ قاڵچیەک شیعرێکی نوێ تەونم دانا،
کە دڵیژگەم ئۆخژنی هات،
کە تەواوبووم لە چنینی،
سەرم سوڕما،
لەسەر کاغەز ماچ شین ببوون،
نەخشینترین ڕەز و باخی دنیام بینی!

٢٠١٣/١١/٩-هێلسنکی
لاپەڕەی ٢١٠'٢١١
فەرهەنگۆک:
ئوخژن: سوکنایی، دڵداکەوتن، ئۆقرە، ئارام
__
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
[82]
دکتاتۆر
سەد مەخابن،
لە مەڵبەندی پەریزدان
پیاو ئەوەندە گیانمردەڵە و دڵپەڕپووت بێ:
بمرێ و جارێک نەچێتە ژوان،
هەر ئاشقی کورسییەکی ڕەقوڕووت بێ!

___________
📒فەرهنگۆک
🔸دڵپەڕپووت:
پەڕپووت، شڕوو، نابووت، لەبەریەکهەڵوەشاوە و بێوەج و لە کەلککەتوو/دەڵپەڕپووت: دڵپەرێشان
__
2014/3/20_هێلسنکی
لاپەڕەی 212
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
[83]
گوللە و شیعر

ئەرێ بەڕاست،
کە شیعری من دەخوێنەوە،
لێرە و لەوێ، هەوار دەخەن؟
چەخماخەی چاوم دەبینن؟
هەست بە شواری دەنگم دەکەن؟
بە گوڕترە لە گورپەی دڵ،
لە فڕکەفڕکی لێدانی...
بەڵام چبکەم،
کە ڕۆژ ڕۆژی گوللە و نەوتە،
نەک چنینی شیعر و جوانی!

٢٠١٢/٦/٢٦- هێلسنکی
لاپەڕەی ٢١٣'٢١٤
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
[84]
یەکەم

دووەم و سێیەم و چەندەم...
وەک بیی بەر با شڵەژاوان،
بە خیشەخیش،
بە خنەخن
لەوەی یەکەم ورووکاون.
هی یەکەمیش
ئەم پێی، ڕەگڕەگ، بە زاگرۆسا
ئەوەی دیکە،
دەماردەمار،
بە تورووسا ڕۆچۆتە خوار.
خوا دەیناسێ،
خۆر دەیناسێ،
خاک دەیناسێ و گرتوویەتی.
نە با دەیخا،
نە ئاو دەیبا،
نە دەشسووتێ لە ئاگرا،
جوودی دڵێ:
"کە کەشتیی نووح گیرسایەوە و
لووتکەی منی بۆ ڕاخرا
ئەوەی یەکەم لە دایک بوو،
هەر لە داری کەشتیی نووحیش
بێشکەی ژینی بۆ چێ کرا."

٢٠١٤/٦/٢٧ - ڕیگا
لاپەڕەی ٢١٥'٢١٦'٢١٧
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
[85]

دووڕیان

شێتم، شێتی کەشتی و شەپۆل،
شێتی تەم گراڤ و گۆل،
شێتی نەوڕەس، شێتی دەریا...
نازانم چۆن بیانبەم و
هەڵێانڕێژمە داوێنی چیا!
***

شێتم شێتی چیای مەفتەن،
شێتی نسێ و دوند و یاڵی.
شێتی شەو وڕۆژی ئەوێم،
شێتی هەرچوار وەرزی ساڵی...
هەر چاوڕێم
بەڵکوو ڕۆژێک
پەرجۆیەک، هێزێکی دادڕەس،
بیانهێنێ،
بیانکاتە
هاوسێی دەریا و تەم نەوڕەس!

٢٠١٤/٦/٢٨-هێلسنکی
لاپەڕەی ٢١٨'٢١٩
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
[86]

پۆستەچی

لە ڕێی نێوان پەنجەکانتا
لێوم لە هاتوچۆدایە.
پەیامی ئەوە بۆ ئەو دەبەم،
هەواڵی ئەو بۆ ئەم دێنم،
بەسەریاندا
پردێک لە ماچ هەڵدەبەستم،
بە یکتریان دەناسێنم

٢٠١٤/٧/٢٨-هێلسنکی
لاپەڕەی ٢٢٠
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
[87]
خەیاڵدان

شیعر چنین هیچی ناوێ،
نە سێبەری عەرشی سەر لم،
نە تەلار و پووڵ و پایە.
هێندەم لۆكەی خاوی خەیاڵ هەڵچنیوە
سەد ساڵی دیش بنی نایە!

١٤/١١/٢٠١٤ – ڕیگا
لاپەڕەی ٢٢١
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
Forwarded from Ébduĺĺa peşêw
[88]

تەلەفۆن

کاتێ دەنگت،
وەک مێرگۆڵەی بەر شنەبا،
بۆنپۆش دەکا سەرانسەرم،
گیان باڵ دەگرێ و
جێ دەهێڵێ تۆڕی جەستەی تەنگەبەرم
وای، سیحری دەنگ چی لێ کردووم،
بە دەرچوونی گیان لە جەستە بەختەوەرم!

٢٠١٤/١٢/٢٥ - هێلسنکی
لاپەڕەی٢٢٢
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
شاعیر و ئاسمان ¹
[89]
دەنگێک هات لە ئاسمانەوە،
شریخاندی دەنگدانەوە.

"هەڵسەن لە خەوە، گەلۆ، وەرن،
زەوی و سامان هەمووی بەرن.
برابەش بن، مرۆی ڕەند بن،
لە خێروبێر بەهەرەمەند بن."

*
حەشەمات هات لە گشت لاوە،
لافاوی نووحە و هەڵساوە!


ئەمیان زەوی بە پیت و فەڕ،
ئەویان شوێنی باش بۆ لەوەڕ،

ئەم ڕەزێکی برد، ئەو باخێ،
ئەم جەنگەڵێ، ئەو وڵاخێ...
گەورە بچووکی سەرکوت کرد،
سمێڵ کزی و بسکی مت کرد.

ئەوەی هەبوو، پێدا پێدا،
زەبربەدەست گەسکیان لێدا.

*
@abdulla_pashew

درەنگانێ شاعیرێک هات،
بزگوڕ لەبەر، بنێس و مات،

دیتی ستەم ڕەگ دەردەکا،
ماسوولکە حوکمی سەر دەکا
دیمەنەکە هێند کاری بوو
دنیای لەبەر چاو تاری بوو،

ئیتر گڕی سەرەڕۆیی
سەرتاسەری گرت و ڕۆیی
***

لەودیو مۆڵگەی هەورانەوە
هاتن دەنگ و دەنگدانەوە:

"ئەی شاعیری یاخی کڵۆڵ،
تاکەی تووڕەیی و بوڵەبۆڵ؟
سووچی خۆتە بێ دەسکەوەتی
بۆ تا زوو بوو دەرنەکەوتی؟!

بۆ بەو هەموو سوێ و دەردەوە
بیرت لە خۆت نەکردوە؟!

ئیستاش مادام و چاوتێری
هێندە مێرخاس و جوامێری

مادام شیدای ڕیی هونەری،
ترکەدنیا و دادپەروەری،
بڕیارم دا خەڵاتت کەم،
بێ کێشە و شاتەشاتت کەم:

ئەستێرە و مانگ، هەور و هەوا،
گشتیان بۆ تۆ دەبنە نەوا،

قید و گۆچان واژۆ دەکەم،
لەسەر تۆیان تاپۆ دەکەم

بەیەک داڵغە، یەک شەقەی باڵ،
ببڕە ڕێگەی هەزاران ساڵ،
چیت داوە لە زەویی وێران،
بئ خۆت بڕۆ ناو ئەستێران! "

_______
📚 فەرهەنگۆک:
🟧بزگوڕ: جل و جینکوڕ، پاتاڵ، سیپاڵ، ڕینگۆڵ، تیتۆڵ
٢٠١٤/١٤/٢٧- هێلسنکی
لاپەڕەی ٢٢٣'٢٢٤'٢٢٥'٢٢٦'٢٢٧'٢٢٨'٢٢٩

____________
¹_ئەم هۆنراوەیە، وەرگێڕان نییە، بەڵام کرۆک و بیرۆکەی خزمایەتی لەگەڵ" دابەشکردنی گۆی زەوی" ی شاعیری ئاڵمان شیللەر(1759_1805)هەیە:
"die teilung der erde"
_____
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
[90]
شادەمەرگبوون

كە لـێم ون بـووی
بەرگەم گرت و خـۆم ڕاهـێـنا،
لێ تۆ بـڵـێی،
ئـەگـەر ڕۆژێک بـتدۆزمەوە، بەرگە بگـرم؟
تـرسم هـەیـە، گەر بـتبینم،
شـادەمەرگی بكـرتێـنێ دەزووی عـومرم!

٢٠١٥/١/٤ ڕیگا
لاپەڕەی ٢٣٠


📚فەرهەنگۆک:
شادەمەرگبوون: مردنی کتوپڕ لە خۆشییان


📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو
__

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
[91]

دەریا

تێ ناگەم بۆ،
کە تەماشای دەریا دەکەم،
هەموو جارێ،
وا دەزانم
ئاسمان خۆی ڕووت کردۆتەوە و
کراسی کەوتۆتە خوارێ!

٢٠١٥/١/٨ - ڕیگا
لاپەڕەی ٢٣١
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
[92]

بۆ سیگمۆند فرۆید

بۆ ئافراندن -
شاعیرێک داو داو
دەزووی خەیاڵ ڕایەڵ دەکا،
موزیکژەن ژێ دەخرۆشێنێ،
نیگارکێشیش ڕەنگ هەڵدەکا...
ئەی ئەو خەونە لاملانەی
هەموو شەوێک تێم دەورووکێن؟
لە تۆرمەی کام هەسارەن؟
لە کوێوە دێن؟
کام شاقەڵەم دەیانچێنێ؟
کێ مۆنتاژی لە ئەستۆیە؟
بە دیکۆری کام جادووکار وا دەنەخشێن؟

٢٠١٥/١/٨ _ڕیگا
لاپەڕەی ٢٣٢'٢٣٣
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
2024/09/28 19:32:26
Back to Top
HTML Embed Code: