Telegram Web Link
[16]
زۆربا

خۆ دەزانم ژن ئاگرە.
ژن ئاگرە... خۆ دەزانم...
کەچی لەدوای هەر سووتانێک... دیسان گیانم
بۆ ناو ئاگر پەل دەکوتێ،
لەبیر دەکا بەرباترین پووشەڵانم!
***
خۆ دەزانم ژن دەریایە
ژن دەریایە... خۆ دەزانم ...
کەچێ سەیرە!
هەزار جاریش
شەپۆل ڕامدا و هەڵم لووشێ.. هێشتا گیانم
بۆ ناو دەریا فڕکە دەکا،
لەبیر دەکا گەمیم و بێ بایەوانم!

٢٠٠٦/٧/١٥-هێلسنكی
لاپەڕەی ٤٧'٤٨
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
#ڤیدۆ
[17]

پێ

گەر پێت نەبوایە
ئێستاش خەڵوەتگەم هەر بێ تۆ دەبوو،
ئێستاش دەبوایە.
بەم شەوە ساردە، چاوم لە ڕێت بێ.
کێ دەڵێ هەر لێو شایانی ماچە؟
توخوا لێم گەڕێ،
با یەکەم ماچم بۆ بەری پێت بێ!

٢٠٠٦/١١/٢٢-ئیستەنبووڵ
لاپەڕەی ٤٩
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
#ڤیدۆ
[18]
داڕشتنەوە

تۆ ھێندە پەرتی،
بەمن و دونیا و ئەو گەردوونەدا
پڕژاوی وەک مەی،
مەراقمە جارێک بەرجەستەت بکەم،
بتبینم وەک ھەی!
***

لە تاریکیدا باشتر دەبینم!
لە تاریکیدا
باشتر مەتەڵ و مامک ھەڵدێنم،
تۆش وەک شاپەڕی ئەستێرەکانی،
قەت بێ تاریکی
تیشکت ناگاتە ڕیشە و لکوپۆم.
بۆیە، کە ئەمشەو
دێیتە بن کەپری ڕەشەڕێحانم،
با ھیچ نەسووتێ:
نە چرا نە مۆم!
دەمەوێ ھەمووت ھەڵبوەشێنمەوە،
شانە بە شانە،
ئەتۆم بە ئەتۆم،
لە جەستەیەکدا داتبڕێژمەوە،
مشتوماڵت کەم بە ئارەزووی خۆم!

٢٠٠٧/٤/١٤-هێلسنكی
لاپەڕەی ٥٠'٥١'٥٢
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو
فەرهەنگۆک:
ئەتۆم بە ئەتۆم: گەردیلە بە گەردیلە، زەڕڕە

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
بۆ دوعا ئەسوەد خەلیل
دوعا، کچە کوردێکی دەڤەری بەحزانی سەر بە شێخان بوو، لە سۆنگەی دڵداری لە نیسانی ٢٠٠٧دا، بە شێوەیەکی دڕندانە، لەسەر جادە بە ئاشکرا، کەسوکاری خۆی شەهیدان کرد.
⬇️⬇️⬇️
#ڤیدۆ
[19]
بۆ دوعا¹
(١)
ئەوەی عاشق بێت پێی دەڵێم،
با بۆ تەواف هەر بەحزان و
بۆ مرازیش هەر گۆڕی تۆ هەڵبژێرێ...
چونکە تەنیا
سەر بە هۆزی پێغەمبەران
تۆ ئاسایی
لەبن کەڵبەی ئازیزانی گیان دەسپێرێ!
(٢)
زریکەیەک دەگاتە گوێم،
ئاسمان هەڵدڕ هەڵدڕ دەکا:
چ قەوماوە؟
چییە خوایە؟
قەولێکی مسحەفا رەشە پێخوست دەکرێ،
یا سوورەتەکەی حەڕڕایە؟ ²
سیپارەیەکی ئینجیلە رەجم دەکرێ،
یا گاتایە؟
چ قەوماوە
چییە، خوایە؟
شەبەیخوونی مەگۆلانە
بۆ سەر مەعبەدێکی بوودا،
یان زریکەی تەوارێکی باڵشکاوی بێنەوایە؟
@abdulla_pashew
(٣)
پارچەیەک نوور لەو ساکەگۆڕە کەوتووە...
هی دوعایە، یا مەفتەنە هەتک دەکرێ؟
ئەو پەڵاسەی دایپۆشیووە
پەڵاسی بەر کچی منە،
یا بەرماڵی خواناسانە
لەبەر تف و بەرد باڵدەگرێ؟
***
ئێستا گومان لە چی بکەم، لە چی نەکەم؟
ئێستا گومان لە کێ بکەم؟ لە کێی نەکەم؟
لە هەر چل هەزار پێغەمبەر؟
لە کتێبە پیرۆزەکان؟
لە کردگار؟
فیڕعەونەکان دنیایان خوارد،
بۆچی مووسا
دار عەساکەی هەڵنابڕێ و نایکا بە مار؟
ئەوا دیسان بەردبارانی مەجدەلییە،³
کەنگێ مەسیح دێتە هاوار؟
بۆ شێخ ئادی مەرقەدەکەی جێ ناهێڵێ؟⁴
بۆ گومبەتێک،
منارەیەک بە زەویدا ناچێتە خوار؟
ئەی من بۆچی ناتپارێزم؟
ئازیزەکەم،
جگەرگۆشەم،
نیشتمانی بن پێلەقە و بڵۆک و دار؟!
بۆ بڵێسەی قەلەمەکەم،
دەوراندەوری جەستەی پیرۆز،
هەڵنابەستێ شوورە و دیوار؟
دەک شەرمەزاربم... شەرمەزار!

نیسانی٢٠٠٧- هێلسنكی
لاپەڕەی ٥٣'٥٤'٥٥'٥٦'٥٧
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
-------------
¹دوعا، کچە کوردێکی دەڤەری بەحزانی سەر بە شێخان بوو، لە سۆنگەی دڵداری لە نیسانی ٢٠٠٧دا، بە شێوەیەکی دڕندانە، لەسەر جادە بە ئاشکرا، کەسوکاری خۆی شەهیدان کرد.
²حەڕڕا: مەبەست ئەو ئەشکەوتەیە، کە تێیدا پێغەمبەر دەچووە خەڵوەت و هەر لەو ئەشکەوتەش یەکەم سرووشی بۆ هات.
سوورەتەکەی حەڕڕا: إقرأ باسم ربك
³مەجدەلی: مەبەست ماریای خەڵکی مەجدەلە، کە حەزرەتی مەسیح نەیهێشت بە عادەتی جوولەکەکان ڕەجم بکرێ.
⁴شێخ ئادی: سۆفییەکی سەدەی یازدەمە، لە هەکارییەوە دێتە لالش، لای کوردانی ئێزەدی شوێنێکی تایبەتی هەیە،
مەرقەدەکەی لە لالشە و ڕووگەی باوەڕمەندای ئێزیدییە.

🆔 @abdulla_pashew
[20]
نەمامجاڕ

ئازیزانی من پەرت و بڵاون
بە سەرتاسەری نەخشەی دنیادا.
ساڵ دێ و ساڵ دەڕوا،
کەچی تای عەشق
وەک جاران گەرمە و هەر بەرم نادا.
ئێستاش، وەک جاران
تا ڕادەی شێتی سەوداسەریانم،
دووریش کەونەوە- هەر نێزیکن لێم،
خۆشیان ون بکەن- هەر لەبەر چاون،
هەموو ساتێکیش دنیا بگۆڕێ،
ئەوان ناگۆڕن، وەک خۆیان ماون،
هەر کچۆڵەکەی یەکەم دیدەنین،
لە نەمامجاڕما شلک و پاراون.

٢٠٠٧/٦/١٤- هێلسنكی
لاپەڕەی ٥٨'٥٩
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
[21]
گیانێکی ڕووت

ئەمشەو وەک هیچ شەوێک نییە.
تەنیاییی وا
کێ دەتوانێ لێی حاڵی بێ؟!
مەگەر چڵەبەیبوونێکی تەنیای بەربا،
قومرییەکی شاباڵشکاو،
توتکەیەکی دایکمردە،
یا پەیڤێکی ئەودیو شوورەی دەمی داخراو!
***

چاوەڕێت بووم،
وامزانی دێی!
هێشتا زوو بوو
کە سروشتم دەستەمۆ کرد:
هەر چوار وەرزم وەگیر هێنان،
گوێچکەکانم چەشنی بیستن،
زمانیانم فێری گۆ کرد -
بە شەوبۆم گوت،
ڕابێ و هەوا بۆنڕشێن کا.
بە هێرۆم گوت،
نەخشینترین کراسی خۆی بکاتە بەر،
هەڵکوتێنە
سەر دوا قەڵای سەرما و سەفەر.
هەر لە ماوەی
یەک ترووکەی پێڵووی چاودا
بە ناو شارا
ڕووبارێکم لە زیو تاودا،
لاشەقام و ڕێگەکانم
بە دار لیمۆ و نارنج خەمڵاند...
کە تاریکیش هەناسەی دا
گۆلمم پڕ کرد لە ئەستێرە و
بە ئاسماندا هەڵم پڕژاند!
*
**
ئەمشەو وەک هیچ شەوێک نییە،
عەرشی شیعر،
بە مرواری و یاقووتییەوە،
قاسەی تەمەن،
بە ئەڵماس و زمڕووتییەوە،
بە کۆشێکی گەرم دەدەم سەری پێ کەم.
بەری دەستێک ڕادەمووسم،
ببێتە پەنا، ڕووی تێ کەم.
ئەمشەو وەک هیچ شەوێک نییە!

٢٠٠٨/٤/١٦- هێلسنكی
لاپەڕەی ٦٠'٦١'٦٢'٦٣
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
[22]
گەمارۆ

تۆ زۆر لەمێژە
لەناو گەمارۆی ڕابردووی مندا
گیرت خواردووە، پرزەت بڕاوە.
دەستم داوێنت،
ئەو گەمارۆیە تەنگە هەڵگرە،
ئەوەی گومانە بیخەرە لاوە!
لەچێ دەپرسیت؟
لەو چۆمەڵانەی بێ خشەی دار و بێ خوڕەی ئاوە؟
لەو ڕوخسارانەی بوون بە تارمایی؟
لەو جێژوانانەی بوون بە کەلاوە؟

لەچی دەترسیت؟
لەخۆڵەمێشی ساباتی ماچێک
رۆژگار بەبای دا؟
لە جۆگەی باسێک سەرم پێی دەکرد؟
لە هەوری کۆشێک رەشەبا ڕای دا؟
ئاخر پێم ناڵێی، لەچێ دەترسیت؟
لەو زەمبەقانەی لافاو ڕایماڵین؟
لەو درەختانەی
ئێستا کۆتەرەی بێ پەڕ و باڵن؟
لەو چرایانەی خەفە و خامۆشن؟
لەو ئاوێنانەی نابینا و لاڵن؟
لەچی دەپرسیت؟
لەچی دەترسیت؟
***
چاوت لێک بنێ،
سەرت لار کەوە، بیخە سەرشانم.
هێندە مەترسە لەوانەی پێش خۆت،
هێندە مەپرسە:
چۆن بوو؟...
کێ بوو؟...
کەی؟...
خۆت ڕزگار بکە لەو گەمارۆیە،
کە ئەوان هەبوون، خۆ تۆ ئێستا هەی!

٢٠٠٨/٦/١- هێلسنكی
لاپەڕەی ٦٤'٦٥'٦٦'٦٧
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
#ڤیدۆ
[23]


قەت نازانیت چەند ئازیزت!

قەت نازانیت چەند ئازیزت!
ئەگەر باخ و بێستانێک بای،
هەموو ڕۆژێ،
پێش ئەوەی خۆر ئاسۆ هەڵکا و نێڵی بدات،
زوو ڕادەبووم،
باڵم دەگرت، دەهاتمە لات.
بەشێنەیی
بست بە بستی خاکەکەتم بیراز دەکرد،
بڕكە بڕکە،
گەڵا گەڵا،
ساتەکانتم پڕ لە تیشک و ئاواز دەکرد.
***

قەت نازانیت چەند ئازیزت!
هەر من دەریا و تۆش گردێک بای لە قەراخم،
لەشکرێکم لە نەرمەپێل تەیار دەکرد،
لەتێک هەوری بەربوم دەکرد بە بەیداخم،
لە گشت لاوە
غافڵگیرم دەکردیت و
وەک دووڕگەی خۆم بە دنیادا جاڕم دەدای!
هەموو شەوان،
بە ڕێژنەیەک ڕەشەڕیحان،
پێڵووی چاوم لە یەک دەنای.
سبەینانیش
گزنگڕشێنم دەکردی،
لە شنەبای ئاوریشمینم هەڵدەکێشای!
قەت نازانیت چەند ئازیزت!

٢٠٠٨/٦/٤-هێلسنکی
لاپەڕەی٦٨'٦٩'٧٠
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
[24]
شاعیر

با بلێسەش بم!
کە چارەنووسم هەر خۆڵەمێش بێ،
کە وەک دەنکێک جۆ،
بۆ گوڵکردنێک،
ڕێی بە خاکبوون و مەرگم لەپێش بێ-
دەمەوێ تا هەم
هەناسەم ڕێژنەی پەڕی بەیبوون بێ،
نیگام بۆ چەم و کانیی بێنەوا
سایە و پەنا بێ،
بنپێم تاجی شا و گەنجینەی قاروون،
ژوورسەرم تەنیا تیشکی ڕەها بێ!

٢٠٠٩/٤/١٤- هێلسنكی
لاپەڕەی٧١'٧٢
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
[25]
خەونێکی بەرەبەیان

کە سەیرم کرد، دیم... دووراودوور...
گەردەلوولێک بەرەو لام دێ،
سەرتاسەری بەژنی لە نوور.

فریشتەیەک بە هەواوە لەنگەری گرت،
ڕووی تێم کرد و بەکاوەخۆ
پەنجەی ڕاداشت بۆ ڕچەیەک،
گوتی:« مژدەم پێیە بۆ تۆ.
ئەم ڕەچەیە بۆ بەهەشتە،
لێی لانەدەی، بیگرە و بڕۆ!».

نە بۆ لایەک ڕووم وەرچەرخاند،
نە بەقەد مووش لە ڕێ لام دا...
لێ، گەردەلوول وا ئاوی سەند،
زۆر نەمابوو
بۆ خەرەندی دۆزەخ ڕامدا...

لە پڕێکا...
چنارێکی بەژنزڕاو
لەبەر دەممدا هەڵتۆقی!
ئامبازی بووم.
هەردوو باڵم لێی ئاڵاند و
گوشیم هەتا هێزم تیابوو...
کاتێ هەڵسام، چنارەکەم،
شەڵاڵی ناو ئارەقە بووم،
ئامێزم تێت وەرهێنابوو!

٢٠١٠/١/٢٥- هێلسنكی
لاپەڕەی٧٣'٧٤'٧٥
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶

#دەنگ_mp3
[26]
پێترۆدۆلار

هەر ببارە،
داکە سەریان،
جگەرگۆشەی سەوزی پەمۆ!
بێهوودەیە!
نە خوڕڕەی خوێن تێریان دەکا، نە ڕێژنەی تۆ.
ئەوان خەرەندی بێبن و
کەندولەندی شۆرەکاتن.
هەر تێیان کە...
پڕنابنەوە دەمیان بەشە
وەک چۆن بەشبوو هەر کە هاتن.
*
@abdulla_pashew

لەو ڕۆژەوە تۆ دەباریت،
میمبەر نەما، دەمی نەگری و ڵاڵی نەکەی.
سەنگەر نەما، خۆتی تێدا خاڵی نەکەی.
هەڵۆ نەما، لووتکەکانی پێ بەرنەدەی.
قەلەم نەما، ئاودەستخانەی پێ دەرنەدەی.

لەو ڕۆژەوە تۆ دەباریت،
دیواندڕی دەمهار نەما،
لە ئوتێلی پێنجئەستێرە نەیخارێنی.
چۆڕێک ئاوی ڕۆشن نەما، پێی نەوەڕی.
مژێک هەوای سازگار نەما، نەیتارێنی...
*

گوتم نەرمی، پەمۆزادەی،
کەچی هاتی،
شاخت بە خوێنی شاخ چەش کرد!
گوتم کەسکی، وەک گیا سادەی،
کەچی هاتی،
زەوی و ئاسمان،
سەر و بنی دنیات ڕەش کرد!
تۆ بالۆرە و
سیاچەمانە و
"دەی دەی زەردە" ی"باڵدار" ت کوشت.¹
بۆنی چرووی سەر قەرتاڵە و
گیزەگیزی سەماوەری
دەشتودەری
بەهارت کوشت.
تۆ فجووقی سوێسکە و پۆڕی قەلی چیا و
بازبازێنی کارمامزی بنارت کوشت.
تۆچیت نەکرد
تۆ مێگەل و
بەردەبێر و
گاڕانت برد بە گردەوە.
قاڕە و باڕەت لەبیر کۆز و
شیناوەردت لەبیر کێڵگە و
ترێت لەبیر رەز بردەوە.
تۆ چیت نەکرد؟!
تۆ غەزەبی ئاسمانان بووی،
داباریت و
دەمی تەووری خۆت گەیاندە بنج و بنیاد:
کۆت و بەندت کردە لینگی
شلکە چەمی زمانی ماد،
شاڵ و شەپکت
لەبەر بەژنی لاوک داکەند.
بۆ لاکخۆران، پارچە پارچە، تیکە تیکە،
هەڵتخستم لەسەر تەناف.
تۆ حەمرینت بۆ لم ڕاخست،
تۆ قەراجت بردە پشت قاف!
تۆ چیت نەکرد؟!
تۆ "دڵدار"ت گۆڕبەدەر کرد،²
تۆ چاوساغی شەیتانان بووی
بۆ وڵاتی شۆڕەسوار و پەریزادان،
هەی بێ شەڕەف،
تۆ شەڕەفت کرد بە "دەفتەر" ³
مەفتەنت کرد بە دۆشەگی بن گەوادان!

٢٠١٠/٢/٢- هێلسنکی
لاپەڕەی ٧٦'٧٧'٧٨'٧٩'٨٠'٨١
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
----------
¹-دەی دەی زەردە: هێمایە بۆ کتێبی فێرکردنی زمانی کوردی
کە برایم باڵدار بۆ زارۆیانی کوردستانی دانابوو.
باڵدار: ئیبراهیم باڵدار، دانەری کتێبی فێرکردنی زمانی کوردی
بۆ زارۆیانی کوردستان.
²-ئەم دێڕە هێمای تێکدانی کۆنترین گۆڕستانی هەولێرە، بە گۆڕی "دڵدار" ی شاعیریشەوە و دروستکردنی مارکێت لە جێی.
³-لە باشوور بە دەهەزار دۆلار دەڵێن "دەفتەر"!
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
#ڤیدۆ
[27]
گۆڕستان

لە گۆڕستان بۆ بترسم؟
خۆ هیچ نەبێ لەو وڵاتە،
لەو مەڵبەندە کشوماتە،
ماڵۆچکەیەکی خۆم دەبێ
لانەولانی دنیام لە بیر دەباتەوە،
ماڵۆچکەیەک،
نە مانگانە کرێی دەدەم،
نە کەس داوای کلیلەکەی دەکاتەوە!

٢٠١٠/٢/٩- هێلسنکی
لاپەڕەی ٨٢'٨٣
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
#ڤیدۆ
[27]
گۆڕستان

لە گۆڕستان بۆ بترسم؟
خۆ هیچ نەبێ لەو وڵاتە،
لەو مەڵبەندە کشوماتە،
ماڵۆچکەیەکی خۆم دەبێ
لانەولانی دنیام لە بیر دەباتەوە،
ماڵۆچکەیەک،
نە مانگانە کرێی دەدەم،
نە کەس داوای کلیلەکەی دەکاتەوە!

٢٠١٠/٢/٩- هێلسنکی
لاپەڕەی ٨٢'٨٣
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
#ڤیدۆ
[28]
خەونی شاعیران¹

(١)
من شاعیرێکی شێت ڕادەسپێرم
پاش ماڵئاوییم ئاگادارم کا،
لە دڕکەڵانی مێژووی گیانوەرێن
بە چی خەمڵیون زەمەند و بژوێن:
پەلکەزێڕینەی خەونی شاعیران،
یا گەندەخەونی قاچاخچییانی خوێن؟!

٢٠٠٢/٢/٢-ریگا
@abdulla_pashew
(٢)
هەرچی هەیە، هەمووی خەونە.
خەون دنیای داگرتووە:
ئەوهێلانە دنووکچنەی با بۆڕ دەدا،
وەختێک خەونی باڵدارێکی بێوار بووە.
ئەو درەختەی،
کە پایزان
بە زێڕ زمڕووت دەنەخشێنێ،
بە خەونۆکەی دەنکەتۆوێک قیت هەڵچووە.
لە هەر جێیەک،
لە هەر لایەک،
کە بینیتان وا ئاڵایەک
دەشنێتەوە بە هەواوە،
سوور بزانن،
نیوەشەوێک
یەکەم تەقەڵ شاعیرێکی شێت لێی داوە!

شووباتی ٢٠١٠- هێلسنکی - تالین
(٣)
هێندەم خەونی جوان بینیوە
ئێستا باڵام،
لە بنپێوە تا تۆقی سەر،
کانی و مێرگ و خەونستانە.
تۆش، وەتی هەی،
هەر جێگەیەک پێت بیسمێ
خوێن و قاتی فایلستانە!

----------
¹- پاش نیو سەدە کورد بە کوشتدان و خاپوورکردنی کوردستان،
سەرکردەیەک گوتی:"دەوڵەتی کوردی خەونی شاعیرانە"،
ڕاستیشی کرد، خەونی شاعیران، زوو یا درەنگ، هەر دێتە دی!

٢٠١٠/٤/١١ - ڕیگا
لاپەڕەی ٨٤'٨٥'٨٦'٨٧

📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
[29]
دوای ژوان

بە زەمزەمەی بەرامە و بۆن
چ قیامەتێکە لەم ناوە!
لەسەر بالیف
دەزوولەیەک، باریک باریک، داگیرساوە:
تیشکێک ورشەی ئەستێرانە داپەڕیوە،
یا تاڵێک مووی شیرینەکەم بەجێماوە؟!

٢٠١٠/٧/١٢-ڕیگا
لاپەڕەی ٨٨
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
[30]
ژنسالاری

کێ هێندەی من شێتی ژنە؟
کێ دەتوانێ،
هەموو عومر،
هەموو عومر... ئاوا... وەک من...
بۆ دنیای کەڕ سرتە ڕاو کا،
بۆ شەوەزەنگ خۆی بکاتە تریفەچن!
گومان دەکەم
کەسێک بووبێ،
کەسێک هەبێ
شتێک بڵێ بۆ عەشقی ژن،
بڵندتر و نەویتر بێ
سرکتر و کەویتر بێ
لە شیعری من!

٢٠١٠/٨/٢- ڕیگا
لاپەڕەی ٨٩'٩٠
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
[31]
خەیاڵم لەناو فڕۆکەدا

هەزار بریا من دەمزانی،
ئەم ئاسمانە،
ئەگەر چەترە،
هەتا کەیە هەڵدرکانی؟
ئەگەر دەریای هەڵواسراوی سەرنخوونە،
کەیە ڕۆژی قیامەتی هەڵڕژانی؟!
***

ئەم ئاسمانە،
گەر جامخانەی ئەستێرانە،
زۆر دەترسم ڕۆژێک، لەپڕ،
ئەستێرەک،
کەلـلەشەق و یاخی و لاسار،
سنووری خۆی پێ تەنگ بێت و
بە یەک پلار
جامخانەی داڕمێنێ و
ئەستێرەکان تووڕ داتە خوار!

٢٠١٠/١٠/١٤-ڕیگا-لەندەن
لاپەڕەی ٩١'٩٢
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
[32]
ئاوێنۆچکە

چما دەشێ
لەناو ئاوێنۆچکەیەکدا،
بە یەک چرکە،
هەموو گەردوون بەدی بکەی؟
چما دەشێ
بچێتە نێو مانگ و خۆری،
جێگۆڕکێ کەی بە ئەستێرەی،
ماسییەک بیت
لەناو دەریای کپی شینی؟
من لەو ساوە باوەڕم بە پەرجۆ هەیە،
کە دڵۆپە بارانێکم
بە بڕژانگی تۆوە بینی!
_______________________
📒فەرهنگۆک
🔸پەرجۆ: موعزیزه
🔸ئاوێنۆچکە: ئاوێنەی گچکە، نەینۆکی چووک، نەینکی بچکۆڵە.
________
٢٠١٠/٦/٢٩—هێلسنکی
لاپەڕەی ٩٣'٩٤
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
#ڤیدۆ
[33]
بازاڕ

هەڵەبجە بۆ "ئەوان" چەندی کرد؟
هەڵەبجە بۆ "ئەوان" چەند دەکا؟
چەند هەزار؟ چەند ملیۆن؟ چەند ملیار؟
خوادیە، هیج نەکا!
دەترسم دنیا گشت بکەنە هەڵەبجە ـ
بست بە بست، گوند بە گوند، شار بە شار.

٢٠١٠- هێلسنکی
لاپەڕەی ٩٥
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
2024/09/29 05:30:12
Back to Top
HTML Embed Code: