Telegram Web Link
📚ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ

لەسەر چۆمی ڕاین لە ڕۆژگارێ جارێ
تکا ئەشکی ئاوارە کوردێ، هەژارێ

بەسەریا خوڕی: کوێندەریی ئەی تکەی سوێر
ئەتۆ و ئێرە چی دەنکە فرمێسکی بێ خێر؟

وتی: ئاوی چاوی کوڕی کوردستانم
لە دەجلە و فوراتڕایە ناو و نیشانم

لە زێڕینەڕوود و تەتاهۆ سەلامێ
لە بەژنت لە چلچەشمە پێمە پەیامێ

لەسەرخۆ بە ئەی ڕاینی شۆخ و شیرین
شتێک بووین ئەمەش گەرچی ئێستا ئەسیرین

هەچەند دیل و بێچارەشە نیشتمانم
ببەخشە لە جێی تۆی بە خۆشتر دەزانم

چ کەڵوە و چ سیروان و ئاوێژەڕۆیە
بە دیمەن هەمووی شۆخ و شەنگتر لە تۆیە

ئەگەر لادەچێ ئەم تەمەی نەگبەتیمان
بە خاوەن دەبێ کێو و چۆم و زەویمان

لە دڕکی نەیاران بژارێکی دەکرێ
هەزارانی وەک تۆ لە شاباشی دەدرێ

بەڵێ ئاوی چاوم لە دڵ هەڵکزاوم
لەڕێی سەربەخۆبوونی کوردان ڕژاوم

وتی ڕاین: ئەی تیشک و هێزی دڵی من
وەرە باوەشم بتبەمە بەحری بێ بن

بە هاوار و دادت موحیت بشڵەژێنە
لە چەپگەردی گەردوون بەشی کورد بسێنە

🖋#مامۆستا_هەژار

📚@ShpolDarya
@ShpolDarya


📖#‌مـزگـێـنـی


وتی وەرە کوڕی شەوڕۆ پێناسەی خۆت بناسێنە
بە بزەی دەنگی وتەی خۆش، بێ دەنگی شەو ڕاشکێنە

وتم خەڵکی کوردستانم بەڵام قەت کوردی نازانم
فێرگەی من کوێستان و دەشت و پێنووسێکە چەکی شانم

وتم خەڵکی وڵاتێکم کە تێدا نرخی دڵداری
دەبێتە ئەبداڵی، کۆچ و شەو غەریبی و نوقمەساری

وتم تەنیاییە تەنیا سەرمایە و مافی ژیانم
دەوڵەمەندم چۆنکوو ئێستە خۆم بە خاوەن شەو دەزانم

وتم پەڕ و باڵی عەشقم لە خاکی خۆم بە جێ ناوە
چاوەڕێم بێمەوە جارێ گەر تەمەن دەرفەتی ماوە

وتم چاوی تاسەبارم مەبینە سیس و وشکاوە
له سای هەر پێدەشتی قووڵی، هەزاران تاڤگە خەمڵاوە

وتم هێشتا ڕەنگی غوربەت نەبووە خزمینەی ڕۆخسارم
بۆیە لە تاریکە شەودا، وێنەی ڕۆژی ڕوون دیارم

بەرماڵم ڕووپەڕێ شێعرە و تاشە بەردێکە پەناهم
دەسنوێژم بەفراوی سارد و چیای قەندیل قیبلەگاهم

وتم ئازیزم ببوورە گەر زمانم پڕ لە زامە
هەر قسەیکم پرسیارێکە و هەر وشەیکی سەد وڵامە

وتم ئێستە تۆ بفرموو خۆشەویستم کە ڕێبواری
لەم شەوەزەنگە غەریبە پێم وایە ئاشنا دیاری

وتی پەپوولەی خەباتم ئاسۆ پێم داویە بەڵێنی
کە سەربەستی نیشتمانت بهێنم بۆت بە مزگێنی


🖋#میلاد_کیانپوور
🎙#ئێلاهه_زادسه‌ر


@ShpolDarya
📚ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ

📖#مانگەشەو

بەڵێنی ڕاگەیاندێ ڕاسپاردە
گوتی: بۆت دێتە بن ئەم پاردە، غاردە

لە جێژوانێ لەمێژە چاوەڕێتم،
نەهاتی، کیژی جوانی هەڵبژاردە!

تەزووی گەرمم بەلەشدا دێ، ئەگەرچی
تەزاندی شان و پیلم بەردی پاردە

وەرە با ڕەنگ و ڕوخسارت ببینم
بەمن چی تیشکی داوێ مانگی چاردە

گڕی ئەم ڕوومەتەی تۆ گەرم و جوانە
تریفەی مانگەشەو، جوانیش بێ، ساردە

🖋#مامۆستا_هێمن

📚@ShpolDarya
📚ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ

📖#ئـاسـۆ

ڕێگای دوور لەبەر چاوی ڕاخراوە
بانگم ئەکا بەرەو ئاسۆ پێم وەستاوە

من هەروا بووم تا دێتە بیرم
تا ڕۆژی مردن شارەوشارم

ڕێبوارم بێ هەوارە
بەڵام ئەمڕۆ چاوێکی گەش

باڵای بەرزی بە داوی ڕەش
پێی پیاسەی لێ شل کردم

کۆتی دیلی لە مل کردم
ڕێبوارم بێ هەوارە

🖋#سوارە_ئیلخانیزادە

📚@ShpolDarya
📚ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ


"گوتم دایە"


گوتم دایە؛
دیوەخانی بەهەشتی من
باوەشەکەی گەرمی تۆیە،
گوڵەباخی ئاواتەکەم
زەردەخەنەی لێوی تۆیە،

بە قوربانی خۆشەویستیت
پەندێکم دە، وەک دوعا بێ
بە شەو و ڕۆژ لە بن باڵم
وەک دەوا بێ

بۆ ساڕێژی ژینی تاڵم.
گوتم دایە؛ پەندێکم دە
هاندەرم بێ بۆ سەرکەوتن،
ڕازی شیرین، سەرینی جوان
چیرۆکی باش لە بۆ خەوتن.

گوتی ڕۆڵە گوڵی سوور بە
لە نێو هەموو دڕکوداڵێک
شێوازی جوانت بنوێنە،
وەکوو ئاو بە، ئاگری تیژ
لە هەژاران بکوژرێنە،

وەکوو زریان کۆشکی ناحەز
بە هەڵمەتێک بڕووخێنە،
یەکجار دەڵێم وەکوو کێو بە
خۆڕاگر و دوژمن تەزێن،
بەرامبەر بە زوڵمی زاڵم
باڵای شۆخت مەلەرزێنە.


🖋#جەماڵ_مورادی_پاوە


📚@ShpolDary
📚ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ

ئەگەر حەزت لە بارانە
نابێ چەتری بۆ هەڵبگری

ئەگەر حەزت لە خەزانە
نابێ بۆ گەڵاکان بگری

ئەگەر حەزت لە ژیانە
نابێ لە ناو خۆتا بمری

دەبێ وەک مەلێ باڵ بگری
بۆ دوا ئاسۆی جوانی بفڕی

شاخ بکەیتە بازنەی قاچت
ئاسمان بە چاوت هەڵبگری

دارستان کۆرسی سترانت بێ
بە رووبار سەرچۆپییەکەت بگری

هەر چرکەیەکت ئازادیی بێ
مردیشی، بەس یەکجار بمری...

🖋#مامۆستا_شێرکۆ_بێکەس

📚@ShpolDarya
📚ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ

📖#عارەق_ئەخۆم

من عارەق ئەخۆم کە بێ کەدەر بم
کەمێ لە دنیای دوون بێ خەبەر بم

گەلێ سزام دی لە ڕووی عەقڵەوە
بادەی مەی بخۆم، بێ هۆش و کەر بم

عافێتی تۆ بێ بامێ و قوبووڵی
با من بەعارەق تووشی زەرەر بم

بەهەشت کە پڕ بێ لە وشکە سۆفی
ئاواتەخوازم کە لە سەقەر بم

نامەوێ بەرگی ڕیا و زاهیدی
ئەگەر بەو بەرگەش زۆر موعتەبەر بم

کورسیی مەیخانەم لەلا خۆشترە
لەوەی کە لەسەر تەختی قەیسەر بم

ساقی دەخیلە بمدەرێ جامێ
با لە عالەمی مادە بەدەر بم

ڕزگارم ببێ لە چەند و چۆنی
موددەتێ بۆخۆم بێ دەردی سەر بم

🖋#مامۆستا_فایەق_بێکەس

📚@ShpolDarya
📚ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ

📖#یانەی_دڵان

خۆزگەم بەشیعرەکانم کە هاودەمی یارانن
لەو جێیە خۆم ڕێم نییە ئەوان لەسەر لێوانن

منیش یادی ئەوانم ئاوا لە توێی دڵایە
ڕازی دڵ و دەروونیان هۆنراوەی سەر زوبانن

گەر ڕێی تێکەڵی نەبێ جوانی و شیعر ئاشنان
دڵ و زوبان و خامە نرخی یەکتر ئەزانن

ئەمەندە چوونە ناخی دڵم، خۆشم نەزانم
یان ئەوان شیعری منن یا شیعرەکەم ئەوانن

🖋#مامۆستا_مەدهۆش

📚@ShpolDarya
📚ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ


📖#نامەیەک_بۆ_دەرەوەی_وڵات


سنوور دەنگم دەخواتەوە،
ڕێی چاپخانە
بە ژێر قەڵەمێکی سووردا تێدەپەڕێ
جۆکەرەکان دەرگەکانیان داخستووە
فەرشی سووریان
بۆ بێدەنگیم ڕاخستووە

دوا هۆنراوەم،
لەوەتی لە دایک بووە
وەک سمۆرە
لەسەر چڵە درەختێکی
سەوزی زمانم نوستووە

بۆم نووسیوی
هەندێک شتی وردیلانەم بۆ نووسیوی...
هەندێک شیعری
وەک باڵداری بێهێلانەم بۆ نووسیوی...
بەڵام چبکەم!
پۆستەیەکی ئەم وڵاتە نادۆزمەوە
نامەکانم بۆ تۆ بێنێ
ڕۆژنامەیەک نادۆزمەوە
لە پێخەفی دێڕەکانیا
سبەینان ماچ چاو هەڵێنێ

بانگتان دەکەم!
ئەوینداران، بانگتان دەکەم:
ئامادە بن!
با کۆنگرەی خۆمان ببەستین،
بڕیار بدەین
پۆستەخانەیەک دروست کەین،
نامەکانمان ببا و بێنێ
چاپخانەیەک دامەزرێنین
لە پێخەفی دێڕەکانیا
سبەینان ماچ چاو هەڵێنێ!


🖋#مامۆستا_عەبدوڵڵا_پەشێو


📚@ShpolDarya
📚ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ


📖#ئەلبۆمی_ڕەش


لەگەڵ هەور و تاریکیدا، یادت ئەکەم
لەگەڵ خەم و هەژاریدا، یادت ئەکەم
لە کاتێکدا دەنگی بولبول ئەتۆرێنن
بەختەوەری ئەشەمزێنن
یادت ئەکەم...
بڕوا مەکە لە یادت کەم
هەتا هەور و خەم بمێنێ
هەتا بولبول سەری شێتی خۆی هەڵگرێ
گەردەلوولیش بیخنکێنێ
تا ئەو کاتەی بەختەوەری
بە شەرمەوە سەر هەڵبێنێ
بیرەوەریی تۆی بێوەفا
پێڵووی چاوی من تەڕ ئەکا
بڕوا مەکە لە یادت کەم
سنگم دەفتەرێکی ڕەش بووی
بیرەوەریی خەمناکییە
مەلی خەیاڵ، هەتا بەیان
لەناو سەرما ئەجریوێنێ
هەتا خەم و...
تا هەژاری هەر بمێنێ
وشەکانم لە باوەشما
مەمکەی هەستم، لە دەمیانا
هەتا هەتا هەر ئەمێنێ


🖋#مامۆستا_ژیلا_حسەینی


📚@ShpolDarya
ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ


📖#پەپوولەی_خەیاڵ


‌پەپوولەی خەیاڵ سەرمەست و هێمن
دەپێوێ سینگی ئاسمانی بێ بن

دەفتەری ژینم پەڕ ئەداتەوە
لاپەڕەی لاویم بیر ئەخاتەوە

ئەم هۆنراوانە، تۆم دێنێتە بیر
پێکەنینی تاڵ دەتباتەو لە بیر:

لە خاکی لاشەم بەیانی بەهار
گوڵاڵە سوورەیەکی ئاورین روخسار

بە جوانی گۆنات سەر دەرئەهێنێ
لە سەر مەزارم دێ خۆی بنوێنێ

ئەتۆش کە هاتووی لە بۆ گوڵچنین
جوان رادەبووری دەم بە پێکەنین

ئەو گوڵاڵە سوورە، دەچێنی لە رێت
ئاخۆ دەیزانی بۆنی کێی لێ دێت؟

ئەڵێی: چەن جوانە! چەن رەنگی گەشە
داخەکەم داخۆم بۆچ دڵی رەشە؟!

بەڵێ ئەو ساتە بزانە گوڵم!
گوڵی بەهەشتی ئاواتی دڵم!

ئەو گوڵە خاکی دڵداری خۆتە
ئێستاش بە هیوای روخساری خۆتە

بۆیە بەو چەشنە گەش و خۆشڕەنگە
بۆیە ئەوەندە مات و دڵتەنگە

بۆیە وەستاوە دڵتەنگ لە سەر رێت
دڵی داخورپێ دیسان لە بەر پێت

گیانە لەو گوڵەی چیت دێتە بەرچاو
لەو گوڵاڵە سوورە، گوڵی دڵ سووتاو

جوانی هەڵبگرە هەر چەن خۆت گوڵی
خۆشبۆتر لە بۆن یاس و سونبوڵی

خاکی دڵدارە ئەیهێنیتەوە
زامی دڵەکەی نەکولێنیتەوە

ئەم هۆنراوانە تۆم دێنێتە بیر
پێکەنینی تاڵ دەتباتەو لە بیر

پەپوولەی خەیاڵ ئەڕوا لە سەرخۆ
لە شوێن بیری تر ئاسۆ بە ئاسۆ

هەتاکوو خەو دێ، بیرم ئەمرێنێ
پەپوولەی خەیاڵ هەڵدەوەرێنێ


🖋#مامۆستا_شەریف


@ShpolDarya
📚ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ


📖#جوانی_ڕەشپۆش


گوتی: ئەی بلبلە سەرمەستەکە بۆ خامۆشی؟
گوتم: ئەی نۆگوڵە خۆڕسکەکە کوا دڵخۆشی؟

گوتی: ئەی شاعیرە گەشبینەکە بۆ ڕەشبینی؟
گوتم: ئەی ناسکە تەڕپۆشەکە بۆ ڕەشپۆشی؟


🖋#مامۆستا_هێمن


📚@ShpolDarya
‌‌ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ


📖#بانگی_شەڕ_لە_مارسەوە


هاوار کۆمەڵی سەرمایەداران
دەستەی خوێنمژان گەلی بەدکاران

ئەی خوێنمژانی فەقیر و هەژار
داگیرکەرانی گەلانی ڕزگار

ئەی جێ هومێدی خوداوەندی جەنگ
کە ئێوەم نەبێ بێکارم، دڵتەنگ

جارێکە و ئەم جار لە منتان کەوێ
هەرگیز وەک ئێستاو بۆ هەڵ ناکەوێ

ئەگەر دەخوازن دنیا وێران بێ
خەڵکی سەرزەوی ڕووت و بێ نان بێ؟

ئەکەر دەخوازن پڕ بێ گیرفانوو
لاشە دابنێن لە چینی خانوو

موستەشفا و مەکتەب بڕووخێن پاکی
بکرێنە دەشتی کاکی بەکاکی؟

لە شارستانی بەڵگە نەمێنێ
لە ئینسانیەت نەمێنێ شوێنێ

گیانی ملیۆنان لە ژن و منداڵ
دەرچێ و بۆ ئێوە ببێتە کووتاڵ

دەخوازن زۆربن: بێوەژن، هەتیو
ئەویش شک نەبەن دەرمان و بژیو

قیمەتی خوێنی پیر و جوانان
بدەن بە شەڕاب لە قومارخانان

گەر دەتانەوێ خوێنتان هەر شین بێ
نازیەتی باقی لەسەر زەمین بێ؟

دەستو دە کلکی ئامریکا گرن
هەتا ئەو ما بێ ئێوە نامرن

تا ئەو بێ، ماوە شەڕ و خوێنڕشتن
ئیستیعباد کردن، بێچارەکوشتن

مەڵێن نازی مرد کەس نەما بۆمان
هیتلەر ناوی خۆی ناوە «ترۆمان»

ئاچیسۆن کوڕمە، چەرچیل برامە
بێ ئەوان ژیان بۆ من بێتامە

بۆمی هیدرۆژێن یان بۆمبای ئاتۆم
ناومەتە دەستی ترۆمان بۆخۆم

دوژمنم ڕەنجبەر یان کرێکارە
هێزی بەکاری پڕۆلیتارە

ئەگەر من نەبم هەرزانی دەبێ
ژیان، دەرمان، زانت، هەموانی دەبێ

گەورەدوژمنی خوێن و شەڕ و شۆڕ
سۆڤیتستانە و هێزی سوپای سۆر

بە سندمی وان پێوەند کراوم
بانگی ئاشتی بۆتە لغاوم

ستالین دەستم وەبەر نەهێنێ
سەرزەوی دەکەم بە گۆمی خوێنێ


🖋#مامۆستا_هەژار


✮✮✮


دەوڵەتی سۆفیەتی
ئاڵای ئاشتیخوازیی هەڵکردبوو،
لە هەموو لایەکی دنیاشەوە فەقیر و هەژار
چووبوونە ژێر سێبەریەوە...
ئامریکاش شەڕی بە کۆریا فرۆشتبوو...
منیش لە زمان خوای شەڕەوە ئەمەم نوسیوە...


✮✮✮


@ShpolDarya
📚ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ


سەرگەشتە و شێواوە وەکوو سایە لە دووتە
گۆیا سەری زولفت وەکوو من عاشقی ڕووتە

زەنگی و فەڕەنگی سەفی کێشاوە بە قەتڵم
غەمزە و موژە دێن بۆ دڵی دێوانە بە جووتە

یاقووتی لەبانت بە کەرەم بێنە تەبەسسوم
بۆ تەن ئەوەیە قووەت و بۆ دڵ ئەوە قووتە

نوورانییە عالەم کە لە سایەی سەری زولفت
سایەی سەری تۆ سایەیی مولک و مەلەکووتە

هەرچی هەیە جەننەت بە گوڵ و نافە نەنازێ!
عەکسی ڕوخ و عەتری شکەن و تایەکی مووتە

غافڵ مەبە بۆ ڕابیتەیی گەردەن و چاوی
مەی بگرە وەفایی کە ئەمە جام و سەبووتە


🖋#مامۆستا_وەفایی


📚@ShpolDarya
◾️ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ


◾️#یەکسانی


هەموو هاودەنگ بە یەک ئاواز
ئازادی دەکەین بە ڕێباز
بۆ دادپەروەری بە نیاز
بۆ خەبات دەکەین بانگەواز

ئێمەین هەموو دەکەین نەفرەت
لە ژێردەستەبوونی ئافرەت
دەڵێین نا هەرگیز بۆ ستەم
نا بۆ ژینێکی بێبەرهەم

هەشتی مارسی شای ڕۆژەکانی
بۆ ژنانی گشت جیهانی
دەستپێکی نوێی بۆ هاوسانی
بۆ دادپەروەری و بۆ یەکسانی

دەبا بە هاوسەنگی بژین
ئاستەنگی پێشکەوتن نەبین
پیاو و ژن دوو بوونەوەرن
بۆ یەکتری گرنگ و سەروەرن

بەڵێ بۆ مرۆڤ سالاری
بۆ ئازادی و بۆ هۆشیاری
بۆ سەربەستی بە یەک بڕوا
بانگمان بە گشت دنیا دەگا


◾️#مامۆستا_مەهاباد_قەرەداغی


◾️◾️◾️

بە بۆنەی کۆچی دوایی
مامۆستای خۆشەویست، ڕووناکبیر
و چالاکی مافی ژنان #مەهاباد_قەرەداغی
سەرەخۆشی و ماتەمینی خۆمان ئاڕاستەی
بنەماڵە ئەو بەڕێزە و خەڵکی کوردستان ئەکەین.

◾️◾️◾️


◾️@ShpolDarya
📚ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ


📖#توانەوە


بە تۆ دەبینم
بە تۆ دەبیسم
بە تۆ دەپەیڤم
کەچی، مخابن!
ناوبانگ هی منە و ئەتۆش بزری
چەند لام ستەمە هەر وا دەزانن
کە تۆ، "من" نیت و کەسێکی تری!


🖋#مامۆستا_عەبدوڵڵا_پەشێو


📚@ShpolDarya
📚ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ


📖#ئەی_نازەنین


ئەی نازەنین
ڕەوای تەونجی نازەنین،
خۆ تازە نین

بیستم ئەڵێی کە بێوەفام
بێ شەرم و ڕەنگ و ڕوو وەلام

لەبانێکا هەزار هەوام
بەڵام ئەگەر بەم چەشنە بام

لەم سەنگەساریە چۆن ئەمام
بەڵێ لە لای ناحەز وەهام

بەڵام ... بەڵام

ئەمن گیرۆدەی داوی تۆم
گیرۆدەی زوڵفی خاوی تۆم

دەبەنگ و مەستی چاوی تۆم
مەلێکی باڵ شکاوی تۆم

بە شێتی ناوزڕاوی توم
خوداپەرستی ناوی تۆم

ئەی یاری خۆم

کە تیشکی تۆم لە ڕوو پژا
گوڵی ئومێدی پێ بوژا

زووخاوی پەستی لێ ڕژا
عالەم لە تاوا پێی هەژا

شێت بوو بە جارێ تێک قژا
هەمانەی پەندی هەڵرژا

چ هەڵڕژا؟

جا جاڕیدا کە سەرسەریم
لە ڕەوشتی چاک بێبەریم

ناوی زڕاندووە بەدفەڕیم
بێ عەقڵ و لاملی، کڕیم

دووڕوو و دووپشت و زۆر وەریم
نیشانەی چاکە و بێ بەریم

دەربەدەریم
ئەی نازەنین،
ڕەوای ئەم تازە نازەنین،
خۆتازەنین


🖋#مامۆستا_دڵدار


📚@ShpolDarya
📚ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ


📖#پەرێشانی


چاره‌ی خه‌می من مه‌ی نییه‌، مه‌یخانه‌‌ بڵێ چی؟
به‌و ده‌رده‌وه‌ مه‌ی نامگرێ، په‌یمانه‌ بڵێ چی؟

پێم وا نییه‌ له‌و غه‌دره‌ له‌ فریام بکه‌وێ که‌س
ئه‌و دۆست بوو وه‌فای بۆم نه‌بوو، بێگانه‌ بڵێ چی؟

بسکت بده‌ ده‌س شانه،‌ به‌ڵام چین مه‌خه‌ ئه‌برۆ
زولفی تۆ شنه‌ تێکی‌ده‌دا، شانه‌ بڵێ چی؟

هه‌ر عاشقه،‌ سووچیشی نه‌بێ، ده‌یخه‌نه‌ ئه‌ستۆی
شه‌م ئاگری کردۆته‌وه‌، په‌روانه‌ بڵێ چی؟

تاوانی منه‌ ده‌ربه‌ده‌ری و ده‌ردی‌سه‌ری من
مه‌ل خۆی سه‌ری خۆی هه‌ڵگرێ، هێلانه‌ بڵێ چی؟

شێتی قه‌دی تۆ شه‌رتی له‌گه‌ڵ چۆڵ و چیا بوو
زانا بێ به‌ زنجیره‌وه‌، دێوانه‌ بڵێ چی؟

خاڵی تۆ به ‌په‌رژین و خه‌یاڵ ناسک و ساده‌
بێچاره‌ لەناو ئه‌و هه‌موو پاوانه‌ بڵێ چی؟

چیرۆکی جوانی تۆ له‌ناو لاپه‌ڕ و دێڕا
ناگونجێ، ئیتر نووسه‌ری ئه‌فسانه‌ بڵێ چی؟

تاسه‌ی تۆ که‌ دامده‌گرێ، ده‌ڵێن: 'ئاخری خێر بێ!'
'هێدی' له‌گه‌ڵ ئه‌و کۆنه‌برینانه‌ بڵێ چی؟


🖋#مامۆستا_هێدی


📚@ShpolDarya
2024/09/28 03:19:38
Back to Top
HTML Embed Code: