Telegram Web Link
Şêrko_bêkes
#لە_شەممەیەکدا "بەشی2" بێدەنگیی ئەدوێ بێدەنگی پەیڤی متم وەکوو ئەستێرک لە بنەوە هێدی هێدی زیاد ئەکات و پەنگ ئەخواتەوە نەهێنیی! نایدرکێنم! هاژە سڕڕی شەپۆلەکان سڕڕی بەحر بەتاڵ ئەکاتەوە وەختێ بزریکێنێ و وەختێ بە دەنگی بەرز بدوێ. چەخماخە سڕی باران و باهۆز سڕی…
#لە_شەممەیەکدا
"بەشی3"کۆتایی

بێحەد جوانە پرچی تازە هەڵفڕیوی سەری ئازاد
بێحەد جوانە تەنیاییت و گەردنی نیوە ڕووناکت و
گڕی نارنجیی فەندەکی
نێوان لێو و جگەرەت و
خەنینەوەی سەفەرێ شاد.
لەسەر ئەو مێزە دڵشادە
من ئەو شەوە، بووبووم، بە قەڵبەزەی قسە
گەڵاوگوڵێ، لاسکە گیایە، بن دەوەنێ و،
جێ ژوانێ و بەردێ نەما
بە چواردەوری جوانیی و ژندا
بە پرژەی ڕۆح تەڕی نەکەم!

لەسەر ئەو مێزە ئازادە
من ئەو شەوە بووبووم بە ژێی کەمانچەیەک
یادگار و خەوم لێدا و
گۆرانیم کردە بەر بەرد و
دام ژەنی و
لەناو گوندی پەپوولەوە
گوڵ ئەستێرەی نۆتەم هانی!

من ئەو شەوە لەسەر ئەو مێزە ئازاده
ئەدوام، ئەدوام، هەورم هێنایە سەر کورسی و
وشەم ئەکرد بە مێخەک و
ڕستەم ئەکرد بە شەقام و
دەستەواژە بە کۆڵان و
وێنەیش بە نەخشی دەروازە!

ئەدوام، ئەدوام، گێڕانەوەم لە ڕۆیشتندا لە بەردەباز
هەڵ ئەنووتاو، لەبەر شەوارەی بینینی هەزار ڕەنگدا
چاو ئەشڵەژا و گێڕانەوەم دائەنیشت و گێڕانەوەم
بازی ئەدا و من هەر ئەدوام:

باسی دیرۆکی دووکەڵ و خۆڵەمێشی جەستەی شیعر و
قەقنەسەکەی خۆمم بۆ کرد. باسی جۆگەم که لە
تنیووێتیدا ئەمرێ و ئینجا باسی تەڵەکانی سیاسەتی
نێو دەوڵەتی ئەو وەختەی شاخ و کێو ئەگرێ و "وچانێک و
باس ئەگۆڕم" باسی بزەی مۆنالیزا و گوێی ڤان کوخ و
شۆرتە کورتەکەی بیکاسۆ و شێت بوونەکەی " خالید سەعی" و
"بازێکی تر" ئەچوومە بەحری ئیجەوە و ئەتاسام و من
هەر ئەدوام، باسی... باسی.. هەڵاتنی
درەختەکانی کوردستان
بۆ هەندەران، باسی شیعری بێ باوک و "ئەگەڕامەوە
بۆ دواوە" باسی ئەو غەدرەی کە نالیی لە مەستوورەی
ژن شیعری کرد!
باسی ئێستا و پلەی گەرما و
جبەی بەری "ئەحمەد ئاوا" و!

دوا هەواڵی کۆبوونەوەی حەفتامینی لیژنەی ئاشتی و
باسی دیواری پیرەری نموونەیی و!
باسی کچی لووە بڕراو و! باسی باسی باسی..
بەڵام ئەوەی کە نەهاتە سەر ئەم مێزە
وشەیەک بوو "بە هەڵکورماوی مایەوە لەناو ناخما"
پەپوولەیەک "باڵی جووت و نەکراەوە"
پەڵە هەورێ "کە ئێستا و ئەوسایش نەباری"
من ئەمشەو لەسەر ئەم مێزە ڕووبارێ وشەم ڕشتووە
بەڵام کانیەکی عاسیی لەناو قوڵایی مندایە و
هەر هەڵئەقولێ!.

پۆڵێ باڵندەم هێنایە سەر ئەم مێزە
تاقە باڵندەیەک نەبێ کە هەر نەهات و
هەر نەهات..!
"ئەوە تەیری ئەو خەونە بوو
کە هەڵنەفڕی و هەر هەڵنەفڕی"
نایدرکێنم
خۆشەویستی گەورە وایە
زەریایەکە و نەهێنی ئەو لە بێندەنگیی و
لە تەنیایی و لەناو قوڵایی ناخدایە!

سلێمانی
ئابی/2001
🎀 @Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#خۆم... #ئەو_وەختەی_باڵندەم
#دوو_پیاو

ژێرزەمینێک و دوو پیاو
پانکەیەک و ئەسکەملێ
یەکەم پیاویان:
پێشتروو زوو
ژێرزەمینەکە و پانکەکە و کورسییەکەیشی
بەدەستی خۆی خوڵقاندبوو.
ژێرزەمین بۆ عەمباری نارد.
پانکە بۆ فێنک کردنەوەی ڕەنجی هاوین.
کورسیەکەیش بۆ پشوودانی وشەی هیلاک.
دووەم پیاویان:
هەر بە پەلە
ژێرزەمینەکەی بەتاڵ کرد
ئەسکەملی کرد بە پلە
یەکەم پیاوی لە هۆش خۆچوو
خستە سەروو
لەوێشەوە
ملی کرد بە پانکەکەوە!

۱۹۸۸

🎀 @Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#ئاوێنە_بچکۆلەکان
ئەوە کراسە لەبەرتا
یان ئاوریشمێکی مانگەشەو؟!
ئەوە گوارەیە لە گوێتا
یان تیلماسکێکی زەردەپەڕ؟!
ئەوە بازنە لە دەستتا
یان شیعرێکی بازنەییم؟!
ئەوە تەیرە داوتە لە سنگ
یان ئاخێکی هەڵفڕیوی
پاییزەی من؟!
تۆ ئەزانی
شیعر کە پرسیاری نەبوو
لە چی ئەچێ؟!
باوکم وتی:
لە ئاوێکی ڕاوەستاو و
لە زەنگێکی بێ زرنگە و
لە بڵێسەی خامۆشکراو!

🎀 @Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
لە کتێبی #تەون "بەشێک لە شیعری #ئەلبووم"
Forwarded from ژینووس ئاکادمی
🌷سڵاو و ڕێز
هاوڕێیانی خۆشەویست و وریای کورد,
ژینووس ئاکادمی بۆ یەکەم جار لە کوردستاندا هەوڵی داوە وەکوو ئەرکێک بۆ سەرکەوتن و پەرەسەندنی زیاتری هەموو لاوان و خەڵکی کوردستان,هەنگاوێکی جوان هەڵگرێت.

وەرن با یارمەتیدەری یەکتر بین.ژینووس
وەکوو سەرچاوەیک لە هەموو بوارەکانی دەرووناسی و بیر و هزرە سەرکەوتووەکانی جیهان هەوڵی ئەوەی داوە کە بتوانێ ڕێنوێن و یارمەتیدەری تاکی کورد بێت بۆ سەرکەوتن و سەربەرزی. تا گەلی کورد دەرفەت و کەرەستەیکی زیاتر لە بەر دەستیدا بێت بۆ ئەوەی بتوانێ گەشە بکات و لێهاتووییەکانی خۆی باشتر بناسێت و کەڵکی لێ وەرگرێت بەڵکوو سەرکەوتنی زۆرتر بە دەست بێنێت.

ئەم کارەمان بە زمانی دایکی خۆمان کردووە تا هەم بتوانین زیاتر زمانمان بێنینە نێو کارێکی زانستی و هەم رابین زۆرتر بە زمانی خۆمان بخوێنینەو.

🔴تکایە بە هاوڕێیەتیتان پاڵپشتی ئەم هەنگاوەمان بن بۆ گەیشتن به نیشتمانێکی سەرکەوتوو.

🍂ئاواته خوازی ژیانێکی پڕ لە هیوا و سەربەرزین بۆتان🍂

https://www.tg-me.com/ZHiNOSAcademy
#جوانترین_دیاری

لەو کەژەدا
لەو کازیوەی بەیانەدا
یادی جەژنی لەدایک بوونی نێرگز بوو
دیاریی هاتوو
لە ئاسمان و لە عەردەوە
لەبەردەم کچی قژ زەرددا
تا ئێوارە
هەر ڕیز ئەکرا.
ئەوەی نێرگز هەتا ئیستە بیری مابێ
لەبەر دڵی
سێ دیارییان جوانترین بوو:
کڵاوە قوچەکەی بەڕوو.
ملوانکەکەی خاڵ خاڵۆکە.
پۆپەشمینێکیش کە پێشتر
کرمی ئاوریشمێکی عاشق
بە چوار زستان بۆی چنیبوو
لەناو ژووری "ئینفیرادی" زیندانەوە
بۆی ناردبوو!

1988

🎀 @Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#ئاوێنە_بچکۆلەکان
Şêrko_bêkes
#وەختێ_کۆتایی_ئەبێتە_سەرەتا بەشی "۲۱" 🎀 @Sherko_bekas دە دەقیقە درەنگتر گەیشتینەوە ماڵەوە. لەبەردەمی درەگای حەوشەدا، گوێزان و فڵچەی ڕیش تاشین و پشتوێنی قایش و زنجیر و پۆستاڵ و ڕانک و چۆغە و هەر هەموو بنەماڵەی نێرینە، ڕاوەستابوون و چاویان سوور سوور و غەزەبیان…
#وەختێ_کۆتایی_ئەبێتە_سەرەتا
بەشی "۲۲"
🎀 @Sherko_bekas

ئاسکی تەنیا لە دڵی خۆیدا ئەیوت "من پێشتر ڕێکەوتی پێدەشتی لەم جۆرەم نەکردووە، ئەوانیدی ئاسایی بوون. بەڵام ئەم پێدەشتەیان لە مافوورێکی سیحراوی ئەچێ، لەوانەیە خودا لەم دەڤەرەدا ژیان بباتە سەر". ئەو کاتەی لە دڵی خۆیدا ئەم قسانەی ئەکرد گوێی لە فیشکە فیشکی مارێ بوو کە لەناو بنچکێکی تەنیشتیەوە ئەیویست ئامبازی بێ. بەڵام ئەم بەقەڵەمبازێکی بەرز و خێرا، خوی لەو مەترسییە ڕزگار کرد و ئەمجارەیان چووە سەر بەرزاییەک کە بەسەر گۆمێکی سووردا ئەیڕوانی.

لەناو گۆمەکەدا، بەلەمێکی بەدیکرد، کە کۆمەڵێ پیاو لەشێوەی باوکی، هەر هەموویان بەڕیز لەسەر قەراغی بەلەمەکە دانیشتبوون و خەریکی ڕاوە ماسی بوون و قولاپەکانیان بۆ قوڵایی شوڕکردبۆوە. وەختێکیش قولاپەکانیان هەڵئەکێشایەوە لە باتی ماسی سەری ئەو کچانەیان پێوەبوو کە ئەوانیش هەر بە شێوە لەم ئەچوون. کوت و مت لەم ئەچوون. ئەم ترسا و شوێنەکەی گۆڕی و بەلای دەستە چەپدا وەرچەرخا لەم ساتەدا، هەستیکرد، لەناوکیەوە بۆ بەرە ژوور ژنە و خۆیەتی و نیوەکەی تریشی ئاسکە.

خۆی بە خۆی وت "ئەگەر سبەینێ ملوانکە ژنەکان بەمجۆرە بمبینن. ئەبێ چب بڵێن؟! چاکتر وایە خۆمیان نیشان نەدەم" کە سەری دانەواند. هەر لە بەردەمی خۆیدڵ شارە مێروولەیەکی گەورەی بەدیکرد. بەڵام مێروولەکان لە شێوەی پیاوی بچووک بچووکدا بوون و نیوەکەی تریشیان لە شێوەی ژنی بچووک بچووکدا. سەرنجیدا، هەرچی مێروولە ژنەکانە خزمەتی مێرووله پیاوەکان ئەکەن. ڕێگاکانیان بۆ پاک ئەکەنەوە، دانەوێڵەیان ئەخەنە بەردەم. قاچە قوڕاویەکانیان ئەسڕن و ئەیانشێلن. مێروولە پیاوەکانیش بەشی زۆریان پاڵیانداوە بە پشقلەکانەوە و پێئەکەنن و فەرمان دەرئەکەن.

چاوی لێبوو: لەبەر دەروازەی شارەکەدا ژنە مێروولەیەکیان گەمارۆ دابوو هەر پەلێکی بەدەست دە مێروولەی پیاوەوە بوو. ئەم گوێی لێبوو مێروولەیەکی جاڕچی ئەدا و ئەیوت: "لەوەختی کاری ناشەرعیدا و لە پەنا دەنکە چەوێکدا دوو مێروولەی نێرومێمان گرتووە و دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت گوناهـ گوناهی مێروولە سۆرانییەکەیە کە مێروولە زوگورتیەکەی تەفرەداوە. ئیستا ئەمیان ڕەجم ئەکرێ و ئەویشیان، تا زستانی داهاتوو زیندانی ئەکەین!" کە خانمەکەم لە خەو داچڵەکەی سەعات سێی دوای نیوەشەو بوو. بەڵام سەیر ئەوەبوو کە باش لێی وردبوومەوە نیوەی ژن و نیوەکەی تری ئاسک بوو!..

لە شەوێکی کووڕبووی دەست و پل تەزیودا، ئاوێنە بچکۆلەکە وتی: بەڕاستی ئێمە لەبەر ئەوەی لەم ژوورە گەرم و گوڕ و خۆشەدا ئەژین، ئاگامان لەشت و مەکە مێینە هەژار و برسییەکانی دەرەوەی خۆمان و ئەم شارە نییە. چۆن ئەژین..! ئێمە ئەگەر بەپێی خۆمان نەگەڕێین و بەچاوی خۆمان نەیانبینین ناتوانین لەو دنیایە بگەین!" منیش پرسیم: ڕاستە... بەڵام ئێمە ئەتوانین چیبکەین؟!

قەڵەمەکت دووجار لەسەر یەک پژمی و لەدواییدا وتی: ئینجا چی لەوە ئاسانترە، ئەتوانین هەموو شەوێ دوای ئەوەی خانم نووست.. هەر جارە و یەکێکمان بە درزی پەنچەرەکەدا بێت یان بەبن دەرگاکەدا بچینە دەرەوە و بەدزییەوە خۆمان بکەین بەو ماڵانەدا کە دەرگا و پەنجەرەیان هەر لە دوورەوە ئەناڵێنن کە چەند کڵۆڵ و برسی و ڕووت و ڕەجاڵن. ڕەنگە لە هەموومان خێراتر بۆ ئەم گەڕان و سۆراخانە، ئەم بولبولە خۆشەویستە بێ کە ناوبەناو خانم ئەیدا لەبەرۆکی.

بولبولەکە وتی: من ئامادەم هەر ئەمشەو خۆم لە مەدالیاکەم بکەمەوە و بەبن دەرگاکەدا بچمە ئەودیو و تا ئەگەمە حەوشە و ئیتر لەوێوە لەشەقەی باڵبدەم و چ ماڵێکم ویست سەردانی بکەم. هەروایشیکرد. دوای ئەوەی خانم نووست، بولبولەکە خۆی لە مەدالێکە کردەوە و، لە پێشدا بەسکەخشێ ڕۆیشت هەتا گەیشتە بن دەرگاکە و لەوێوە چووە دەرەوەی ژوورەکە و ئەوسا جووکەیەکی کرد و لەچاوان ونبوو. بەڵام ئێمە تا چەند چرکەیەکیش دەستمان هەر لە سەردڵمان بوو، ئەترساین لەوەی بەر لەوەی بگاتە حەوشەکە فڵچەی ڕیش تاشین و گوێزانەکان بیبینن و بیگرن و بەپەڕوباڵی خوێناویەوە بیهێننەوە ژوورەوە. تا وەخت بەسەرچوایە ئێمە دڵنیاتر ئەبووین کە هیچ ڕووینەداوە. لەدواییدا خەو زۆری بۆ هێناین و ئێمەیش نووستین.

کازیوەی بەرەبەیان بوو من لە دەنگی خشەخشێ خەبەرم بۆوە کە ڕوانیم بولبولەکە هەر لەبن دەرگاکەوە خۆی کردەوە بە ژووردا و بەڵام سەرتاپای ئاوی لێ ئەچۆڕایەوە. خەریکبوو قسە بکەم، بەڵام ئەو خێرا باڵی خسە سەر دەمم و بەچرپە پێی وتم: وسبە! بچۆرەوە بنوو سبەی شەو ئەوەس دیومە بۆتان ئەگێڕمەوە..!

🎀 @Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#ملوانکە"
لە نیو سەدە زیاتری سروودەوە.. لەمەبەر
لە نیو سەدە زیاتری شەهیدەوە.. لەمەبەر
لە ڕۆژێکی سپی پۆش سوورەگوڵ بە ئەگریجەدا
مەهابادمان کرد بە کۆترێکی سپی
پەڕ لە پێی مل بە شەفەقی ئازادی و
عەشقمان کرد بە بازی خۆمان و
بەرەو هەتاوی سوور و
بەرەو لای خودا و
بەرەو ئایندە هەڵمان دا.
لە ڕۆژێکی بە ڕۆژمێر وەک ئەمڕۆ و
بەڵام بە سەرفرازیی وەک ئەمڕۆ نا!
لە ڕۆژهەڵاتی چاوماندا
لە ڕۆژهەڵاتی خوێنماندا
مژدەیەک لە شێوەی پەپوولەی وشەدا
مژدەیەک لە شێوەی سێوی بۆکاندا
مزگێنییەکی درێژ لە شێوەی پرچی درێژی
کچە جوانەکانی سەقزدا
مژدەیەکی بازنەیی لە شێوەی پشتێنەکانی ئەواندا
لەگەڵ "با"یەکی نارنجیدا
هات و نەهات بە گوێی دڵماندا!
سەر لە نوێ وڵاتێ لە دایک بۆوە
سەر لە نوێ بەرد پێکەنی و
سەر لە نوێ درەخت کەوتە سەما و
بۆ یەکەمجار لەوێ ژیان لە خۆشیاندا گریا!
لە ڕۆژێکی بە ڕۆژمێر وەک ئەمڕۆ و
بەڵام بە سەربەستی وەک ئەمڕۆ نا!
پیاوێکی وەک بڕوا کەڵەگەت
پیاوێکی وەک هیوا چاوگەش
پیاوێک لە دارهەنار
وەختی گوڵ کردن.
پیاوێک لە حیلە
وەختی غار کردن
مرۆڤێک لە ڕوونی و سادەیی
وەکوو کانیی و گوڵەگەنم.
بوو بە پێشەوای عەشق و
بوو بە سەرکردە.

🎀 @Sherko_bakes
شێرکۆ بێکەس
#زێ_و_زنە
Forwarded from اتچ بات
🎀 @Sherko_bekas
#کوڕی_بابە_گوڕگوڕ

ڕێگە چۆڵکەن.. هەستنە سەرپێ!
وا ئەسپێکی سپی یاڵ سوور
لە پێدەشتی کەرکووکەوە
ئەحیلێنێ و بۆ ئێرە دێ!
ئەی ئەسپەکەی تەوێڵ مارۆی گەرمیانم!
ئەوەی بەفر و
گڕ و شەپۆلی ناسیبێ،
ئەوەی شمشێری برووسکە و
با و بۆرانی کێوی دیبێ
تۆ ئەناسێ!

ئەی ڕەشەبای لە پاشکۆدا خۆر سوار کردوو!
ئەوەی جارێ
گوڵاڵە سوورەی چاو ڕەشی
"ڕەحیم ئاوا" و
منداڵانی سەر قۆچکەتاشی "لەیلان" و
کێڵگەی برس "دوز"ی دیبێ
تۆ ئەناسێ!

کۆبنەوە و هەستنە سەرپێ
سەر هەڵبڕن!
بازێک شەڵاڵی خوێناوە و
تۆزێکی تر
بەم ناوەدا تێ ئەپەڕێ!

ڕوەو قەندیل
بەسەر هەورازی شەختەدا
نزم ئەفڕێ
هەتا ئەگاتە سەر لووتکە و
ئەچێ لەوێ
لە پەڵە خوێنی "نازم"دا
بە هێواشی ڕائەکشێ!

ڕێگە چۆڵکەن.. هەستنە سەرپێ!
زریان گڤەی ون کردوە و بۆی ئەگەڕێ.
گەرمیان کوورەی کاوەیە و جۆشدراوە
تەماشاکەن
هەرچی گردۆڵکەی پێدەشتی لەش جنراوە
وەکوو دایکانی وڵاتم
بنچکی قژ و ئەگریجەی گژو گیایان
لە ملیاندا ئاڵۆزکاوە!

مامە ڕیشە!
ئەی پڵنگی چنگ بەگڕی گەرمیانم!
بەیتی تازەی توحفەی ئەمڕۆی کوردستانم
لە ماڵانی گوند بە گوندی هەڵقرچاوا
تۆ قوتیلەکەی بەر هەیوانی.
داسی دروێنە و هەتاوی
سەربانیژەی زستانانی.
مانگەشەوی. هێشوی ڕەزی
هاژەی چەم و
وژە وژی دارستانی.

ئاگری شوانی
وەکوو باران
وەکوو کانی
وەکوو دەغڵ و دان
خۆشەویستی
تۆ کوڕی بابە گوڕگوڕی
داستانێکی سەدەی بیستی!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#کەشکۆڵی_پێشمەرگە
دەنگ: #فەرهاد_سەنگاوی
.
مانگەشەو لەسەر بەفرەکە
یاریی لەگەڵ شیعرا ئەکرد
لە پڕێکدا
مانگ خلیسکا و
کەوتە دۆڵێکی قووڵەوە.
بە ڕاکردن گەیشتمە دۆڵ
وەختێ بینیم
دۆڵ پڕ بووبوو لە مرواری و
لە ئاوێنە و
شیعریش لەبەر ئاوێنەدا
پرچی درێژی ڕستەی خۆی
شانە ئەکرد.!

تەمووزو ئابێ 2008
سلێمانی

🎀 @Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
لە کتێبی #تەون "بەشێک لە شیعری #ئەلبووم"
Şêrko_bêkes
#بۆننامە ـــــــــــــــــــــــــــــــــــ بەشی "۲۳" 🎀 @Sherko_bekas "لەشەڕی بەردە و بەردەوە، کامێرای شاراوە نەما. ئەم دیمەنەی خوارەوە، ساتە وەختێکی "میران" ئەخاتە ڕوو، کە شەڕی جەستەی خۆی، گەورەی کرد و پۆشتەی کردەوە و بە پلیکانەی شەڕدا بەرەو ژوور هەڵکشاو،…
#بۆننامە
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی "۲۴"
🎀 @Sherko_bekas

بیرەیەک و دووان و سیان و چوار و..
دیسانەوە کەفەکانیان ئەکەی بە کڵاوی خەیاڵ.
ئیستە سەرت وەک هۆڵی شەوی زستان پڕ دووکەڵ و ژاوەژاوی یانەی کۆنی مامۆستایان قورس بووە.
چاوت گەڵای شۆڕەبییە و داتخستووە. ئەڕوانیتە وێنەکانی نەخشاوی سەر قوماشی مێز. وێنەی سەرمێز. تابلۆیەکی هەڕەمەکیی، پەرش و بڵاو. سەرت بە وردە قوڕقوشمی شەڕی ناوخۆ قورس بووە. چاوت گەڵای شۆڕەبییە و داتخستووە. پەڕۆی سەرمێز گەورە ئەبێ و وێنەکان ئەجوڵێنەوە و باڕ ون ئەبێ و کچ ون ئەبێ و وێنەکان دێنە چاوتەوە، تۆیش ئەچیتە ناو وێنەوە..

لەسەرەوە ئاسمانێکی بێ دەربەست و گەواڵە هەورێکی تووڕە و فڕۆکەیەک دوو پەروانە. لەولایشەوە پەڕەشووتێکی نارنجیی. لە خوارەوە ڕووبارێکی بێ تاقەت و بەلەمێکی زنجیرکراو. لەوبەر ڕووباریش باخچەیەک. وەک باخچەی پاشای "گۆران"، بەڵام ئەمیان نە هیچ خێڵێ لە دوژمنان دەوریان داوە و نە ڕێگەکانی گیراوە.

سەرت قورسە و کەفی بیرە ئەکەی بە کڵاوی خەیاڵ
ئەچیتە ناو وێنەکانی قوماشەوە:
ئێستا موتاڵای کتێبی ئاو ئەکەیت و باخچەکە ئەنووسیتەوە. ئێستا لە کەنار ئاوەکەی، کەس ناتبینێ. جلەکانت دائەکەنی و ئەچیتە ناو ڕووبارەوە. ڕووبار کەمێ دائەچڵەکێ. تا ناوکی شیعرت تەڕ ئەبێ. چەند هەنگاوێک و ئەگەیتە بەلەمەکە. بەلەمەکە ئازاد ئەکەیت. بەلەمەکە پێ ئەکەنێ. بەرەو لای خۆت ڕایئەکێشی. ئەسپی تەختە بەناو ئاودا ئەئاژوێت و ئەگەیتە لای گوڵزارەکە. ئەچیتە ناو باخچەی پاشای بێ گاردەوە.

لەبەر گوڵ شیعر نابینی. لەبەر عەتر سەرت ناپەرژێ بنووسیت. بووی بە نوقڵێکی کەڵەگەت. گوڵەکانیش بوون بە منداڵی زەرد و سوور. لە سەد لاوە باوەش بە ئەژنۆتا ئەکەن. گوڵ ئابڵووقەی بۆنی ناخۆشی خستۆتە سەر ئەم گەشتەت. چ ئابڵووقەیەکی جوانە. دائەنەوی سێ چەپک بۆنی ڕەنگاوڕنگ ئەچنیت و دێیتەوە ناو بەلەمەکە.

دەستەیەک ماسیی هاتوون و بەڕێت ئەکەن. ئەگەیتەوە کەنار ئاو و، ماسییەکان ئەگەڕێنەوە و بەر لەوەی کە تۆیش دابەزیی، دوو سێ داری کورتە باڵای دەمی بەستێن، چەپکەکانت لێ وەرئەگرن. چەپکەکان وەرئەگریتەوە. بە چەپکەوە لەگەڵ بۆندا باڵ لێک ئەدەی بەرەو ئاسمان. دەستت ئەگاتە کەمەری پەڵە هەور و توند ئەیگری. خۆتی پێوە هەڵئەواسی. تیژ تیژ ئەفڕی. فڕۆکەکە ئەگریتەوە.

ئەمجارەیان باریک باریک ئەبیتەوە، ئەبی بە تیشکێ و لە شووشەی پەنجەرەوە، ئەچیتە ناو فڕۆکەوە. لەجێی جگەرەکێشاندا دائەنیشی. شیعر و قاوە بەیەکەوە ئەخۆیتەوە، فڕۆکەیش زەمان کون ئەکا و پەردەی هەورەکان دائەدڕێ و تیژ تیژ ئەفڕێ. چەپکەکانت وەکو خۆزگە لە باوەشدان. تەماشایەکی سەعاتی دەستت ئەکەیت. لە دوای ئەوەی بۆنێک ئەکەیت، لووتت بزەیەک ئەیگرێ. بۆن دێ، بۆن دێ، بۆن دێ، بۆنی گۆیژە و وێڵەدەر دێت. بۆنی ژان و بۆنی گردی شەهیدان و بۆنی قژی شیعرەکانی شارەکەت دێ. چەپکەکانت لە باوەشدان. تۆ ئەبێ لێرە دابەزی. دیسانەوە باریک باریک ئەبیتەوە. وەکو تیشکێ بەناو شووشەی پەنجەرەدا بۆی دەرئەچی. چەپکەکان هەر لەباوەشتان. بە هەورا خل ئەبیتەوە. ئەگەیتە پەڕەشووتەکە. بە دەستێکت پەتی پەڕەشووت ئەگریت و بە دەستەکەی تر بۆنەکان. گوڵەکان گۆرانیی ئەڵێن. دڵیان خۆشە و لەسەر سینگت سەما ئەکەن. بە هەورا خل ئەبیتەوە ئەگەیتە کیشوەری باران، لەدایکبوونی باران ئەبینیت.

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#بۆننامە
Şêrko_bêkes
#بۆننامە ـــــــــــــــــــــــــــــــــــ بەشی "۲۴" 🎀 @Sherko_bekas بیرەیەک و دووان و سیان و چوار و.. دیسانەوە کەفەکانیان ئەکەی بە کڵاوی خەیاڵ. ئیستە سەرت وەک هۆڵی شەوی زستان پڕ دووکەڵ و ژاوەژاوی یانەی کۆنی مامۆستایان قورس بووە. چاوت گەڵای شۆڕەبییە…
#بۆننامە
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی "۲۵"
🎀 @Sherko_bekas

ئەگەیتە هەرێمی تەرزە و مەملەکەتی تۆف و زریان.
لە نزیکەوە مردنی، بوخار و هەڵم ئەبینی. شاژنی پرشنگ ئەبینی. یەکە یەکە بەناویاندا تێ ئەپەڕێ. بەناویاندا ئەخولێیتەوە. وردە وردە دائەکشێی بۆ بەرەوخوار.
زەوی بەرەو پیرت دێت و ئەگەیتە ئاسۆی سەرچنار.
هەزار مەتر و پێنج سەد مەتر و پەنجا مەتر و لەپڕیش لەناو باوەشی چناردا ئەنیشیتەوە. نیوەشەوێکی درەنگە و کەس دیار نییە. گوڵەکان لەناو باوەشتا وەنەوز ئەدەن -ماندووی ڕێگان- تۆ ئەبێ ئیستە بگەڕێی لەم شارەدا سێ ناونیشان، سێ ئەوین بدۆزیتەوە: ناونیشانی تازەترین بۆنی تووڕەی شیعر و تازەترین بۆنی یاخی بوونی شانۆ و تازەترین بۆنی ڕەشەبای ناو گەرووی کورتە چیرۆک. ئەبێ بیاندۆزیتەوە. بیانگەیتێ. تا هەرسێ چەپکی باوەشی ئەم سەفەرەی خۆتیان بەیتێ.

لە پڕێکدا تەقەیەک دێ و پەرداخێکی سەر مێز ئەشکێ سەر هەڵئەبڕم. خەو ون ئەبێ. باڕ دێتەوە جێگەی خۆی و کچی سەر باڕ وەک بزانێ من لە کام گۆمدا نوقم بووم، لەو دوورەوە سەیرم ئەکا و پێ ئەکەنێ. هەڵئەسم و باڕ جێدێڵم و درەختێکی سەرخۆشم و ئەچمە دەرێ.
لە دەرەوە کڵاوی کەف بائەیبات و
من هەست ئەکەم لەسەر جادەی شەوێکی تەڕ
قەسیدەیەکم ئاوارە و.. بۆنی گۆڕ غەریبیم لێدێ و
وشە وشە وا ئەوەرێم..

ئەوسا ئیتر گۆرانییەک.. بەدەم بای وەشتی ئێرەوە بۆ خۆم ئەڵێم:
(ئەم کۆشکانە هیچیان نەهاتنە خەومەوە
ئەم وەرزانە هیچیان نەهاتنە ساڵمەوە
ئەم ژنانە هیچیان نەهاتنە چاومەوە
ئەم بۆنانەیش بۆنی وشەیەکیان خۆش نەکردم!
ئەوەی کە دێتە خەومەوە
هەر کۆڵانە قوڕاویەکەی کانێسکانە و
ئەوەی کە دێتە ساڵمەوە
گوڵ و سووتووی نیشتمانە و
ئەوەی کە دێتە چاومەوە
چاوی کچێکی کۆیی یە و
ئەو ڕووبارەی ئەڕژێتە ناو ڕۆحمەوه
هەر سیروانی لێڵ و پێڵە و
تەنها بۆنیش کە بۆنی وشەم خۆش بکات
سەروقژی ساواکانی شارەکەمە!)

هەموو زەریاکانی ئێرە ئەیانەوێ زنەیەکی بچووکی شاخ و داخ لەناو ڕۆحما قوت بدەن و بۆیان ناکرێ. هەموو شارە جوانەکانی ئێرە ئەیانەوێ کاولاشکەی قەڵادزێ لەناو مندا بسڕنەوە و بۆیان ناکرێ. هەموو لەش و لارە ڕووتەکانی ئێرە ئەنانەوێ تیلەی چاوی کچە هەولێرییەک لەیاد بکەم بۆیان ناکرێ. هەموو دوکان و بازاڕە بە بریق و باقەکانی ئێرە ئەیانەوێ بەردەمی حەوزە وشکەکە و ژێر پردەکە لەیاد بکەم بۆیان ناکرێ.. هەموو شووشە عەتەرەکانی ناو ئەوروپایش ئەیانەوێ بۆنی مێخەکبەندەکەی ملی تۆم بیر بەرنەوە بۆیان ناکرێ.

من لەو زنە بچوکەوە فوارەی وشەم
هەڵئەدەمە ناو زەریاکانی دنیاوە.
من ئەو وێرانە و کاولاشە ئەبەمە ناو
هەناو و جەستەی دنیاوە.
ئەو تیلەی چاوە ئەبەمە ناو چاوەکانی دنیاوە
ئەو ملوانکەی مێخەکبەندەیش
ئەکەمە گەردنی جیهان!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#بۆننامە
خوا هەوێنی خەمی دنیای
کرد بە تۆپێ و
تۆپی دایە دەست ڕەشەبا
ڕەشەبایش دایە دەست زەریا
زەریایش بردی تا بەر قاچی دارستان و
دارستان بردی بۆ دەشت و
دەشتیش دایە دەست شاخەکان
لە دواییدا
شاخیش گوڕی لێبەستەوە و
بەرەو ئاسمان
یەک شەقی توندی تێهەڵدا و
بەرزبۆوە و.. خولایەوە و
ئەو وەختەی کەوتە خوارەوە
کە کوردستان گیرسایەوە!

🎀 @Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#تەون
#سیحرباز

نە بووزیم و نە هیندۆسی و نە سیحرباز
نە ئارد ئەکەم بە کۆتر و
نە کۆتریش ئەکەم بە ئارد
نە ئەتوانم چەوەندەریش..
ئا لەم عەردەدا دەربێنم
نە چاویشتان تەفرە ئەدەم
نە کەسیشتان بە خەوتنی موگناتیسیی ئەخەوێنم!
ئەوە سەرم خۆ ئەیبینن!؟
هەموو ڕۆژێ وەک سەلکەتوور نایپەڕێنن!؟
ئەوە دەستم خۆ ئەیبینن
هەموو ڕۆژێ وەکوو قامیش نایقرتێنن!؟
هەموو ڕۆژێ... کوت کوت... پل پل
نام کەن بە شیشی سوڵتان و خەلیفەوە!؟
خۆ ئەشبینن!؟
ئەوە سەرم ئەڵێی قەڵاکەی هەولێرە و
وا لە جێی خۆی
خۆ ئەشبینن!؟ دەستەکانم
دوو ڕیانی کفری و دووزن
هەر لە جێی خۆن
سیحرباز نیم و بەڵام من ڕۆژێ چەند جارێ
چاوی کۆڵراوم هەڵئەگرم ئەیچێنمەوە
قاچی پەڕیوم هەڵئەگرم ئەیڕوێنمەوە
سیحرباز نیم جەللادەکەم سیحربازە
ئەو جادووگەرەی یەک جارە و
هەر کە سەریم دایە دەستتان
ئەوسا ئیتر.. ببڕای ببڕ
نە خۆی و سیحر، نە سەری
جارێکی دی نایەنەوە!

🎀 @Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#ئاوێنە_بچکۆلەکان
شێرکۆ بێکەس "ڤالانتاین"
√@Sherko_bekas
#ڤالانتاین...

واتە ڕۆژی خۆشەویستی
ڕۆژی عەشق و شیعر و ژن و ئازادی
ڕۆژی یەکتر ناسین بۆ دەست پێ کردنێکی نوێ
لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی و شارستانیدا
لێرە بێ یان لەوێ
ڤالانتاین گوڵێکی سوور بۆ خۆشەویست و باوەشێک لە هەتاو و ماچێک لە کانیاوی ناو دەمی ئازیز ژیان بە بێ خۆشەویستی قاقڕە و بیابان نەک هەر ئەوەندە
بەلای منەوە ئەوە هەر خۆشەویستییە
کە مرۆڤایەتی جوان کردووە
هەر هێزی گەورەی خۆشەویستیە
کە تاریکی و نادادپەروەری و غەدر ڕائەماڵێ و لە جێی ڕق و کینە باخچەی گوڵ لە لێبوردەیی و ئاشتی گونجاندن لە ڕۆحمانا ئەڕوێنێ
لەم ڕۆژەدا سەرلەنوێ لەدڵماندا کانیاوی خۆشەویستی ئەتەقێتەوە و سەرلەنوێ سەرزەمین، بە ماچی دڵداران ئەبووژێتەوە

🎀 @Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#گورگە_بۆرەکان

ئێوە ئیستاکە خواوەندی ئاسنینی
هەرە گەورەی ئەم ئاسمانەن.
دۆزەخ لەگەڵتاندا ئەفڕێ و
لەسەر زەویش
مردن خۆی.. قوماندانتانە و
سەرلەشکرە و پێش تاعوون و
پێش ئافات و
پێش زرێپۆشتان ئەکەوێ!

کێ نایزانێ؟
ئێوە ئەتوانن هەمیشە
ئاو بکوژن.
دارستان و باخچە کوێر کەن!
شەقام کۆتکەن.
ستران بەندکەن.
ئاوێنەی هەتاو بشکێنن.
پەلکەڕەنگینە زامدارکەن.

لێرە و لەوێ
هەموو ڕۆژێ.. هەموو شەوێ
وەکو جەستەی "فەرخ و ستێ"
جەستەی گوند و مەزراکانمان دابێژنەوە.
ئێوە ئەتوانن نەهڵێن
نان پێکەنێ و
ئازار بنوێ!

ئەتوانن ڕق
وا هەڵچنن
بیکەن بە شوورەی دەوری شار
خوێن بە ڕووبار!
لە "خۆباییبوون" بەرنە سەر کەپکەکانی
"نەجم و هیلال"!

ئێوە ئەتوانن ناومان و ناونیشانی
"مەم و زین" و ڕەنگی جادە و کۆڵانەکان
بگۆڕن و بزرکەن و ناسنامەمان
لەناو چەکمەی ئەفسەرێکدا بشارنەوە!
دەموچاوی زۆر وشەمان
بە کڵاوی ژەندرمەیەک بسڕنەوە.

ئێوە ئەتوانن شیعرمان دەربەدەر کەن.
ماڵەکانمان بدەن بە کۆڵی دووکەڵ و
دەبابەدا و بە کۆمەڵ بیانگوێزنەوە!
ئێوە ئەتوانن ئازارمان
لە پێکەنینی خۆتاندا بتوێننەوە!
ئەتوانن و ئەتوانن و ئەتوانن و..

بەڵام ئەوەی لە خەونی گورگە بۆرەکەی
یەکەمەوە، نەهاتە دی و نایشیەتە دی
ئەوەی هەرگیز پێتان ناکرێ،
سڕینەوەی ئازادییە لە ڕۆحماندا.

کوشتنی عەشقی ئەبەدیی داروبەردە
لە دڵماندا و ڕاماڵینی خۆشەویستی
ئەم گەلەیە لە ناخماندا و
ئەوەی هەرگیز بۆتان ناکرێ،
گواستنەوەی "قەندیل"ەکانە و
شاردنەوەی باڵای شەهیدە و
کوژاندنەوەی ئایندەیە
لە چاوی یەک بە یەکماندا!

سلێمانی ۲۰۰۸/۲/۲۳

🎀 @Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#تەون
hevpeyvîn legell ŕanc sengawî
√ @Sherko_bekas
هەڤپەیڤینی ڕەنج سەنگاوی لەگەڵ مامۆستا شێرکۆ بێکەس سەبارەت بە زمانی کوردی.

🎀 @Sherko_bekas

ڕۆژی جیهانی
زمانی دایکی
پیرۆز بێ💐

کوردین و به کوردی دەنووسین✌️
#تەنیایی

تەنیایییەک
ساردتر، لە کڕێوە خوێنی ئێوارانی
ئێستەی وڵات
دەوری داوم..
تەنیاییەک جارێک ئەمکا
بەو گەڵایەی، چڵەکەی خۆی:
فڕێی بداتە بەر قاچی گەردەلوول و
جارێکی تر بەو باڵدارەی
لە شەوێکی بەفرانباردا
ھێلانەکەی خۆی دەری کا!

1995

🎀 @Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#زنەی_شیعر
#محێدین_زەنگەنە

ژوورەکەم پڕە لە دیاریی
لە گۆمێکی "زوریخ"ەوە
چاکەتێکی شینی کاڵم بۆ هاتووەو..!
لەتەمێکی لەندەنەوە
کراسێکی خۆڵەمێشیی و
لە شەقامێکی زەیتوونیی پاریسەوە
پانتۆڵێک و
لە باخچەیەکی ئۆسلۆوە
بۆینباخێکی گوڵ گوڵیی..

ژوورەکەم پڕە لە دیاریی
خۆرنشینێکی هاوڕێم، ڤیەننایی.
قاپێ شەرابی بۆ ناردووم.
لە مۆسکۆوە کڕێوە بەفرێکی دۆستم،
جووتێ گۆرەوی ئەستوورو و..
زریانێکی قوتبی ژوورو و
جووتێ دەستکێش و کلێته و..
شەپۆلێکی دەریای سپیش
پەرداخێکی کریستاڵیی.

ژوورەکەم پڕبوو لە دیاریی
بەڵام ئەمڕۆ زۆریم بەخشین
وەختێ لەناو باخی لیمۆ و پرتەقاڵی باقووبەوە
"با"یەکی نارنجیی هات و
دەست بە خەنە، لەگەڵ خۆیدا
پڕ بە هۆڵەکانی شانۆ
بۆن و بەرامەی "پرسیار"ی بۆ هێنام و
عەتری قژی چیرۆکێکی کورتەباڵا و
عەتری گەردنی ڕۆمان و
عەتری قەڵەمی زەنگەنە!

سلێمانی 2000/4/19

🎀 @Sherko_bekas
instagram.com/_u/Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#خۆم... #ئەو_وەختەی_باڵندەم
۸ی مارس

تۆ یەک ڕۆژ نیت
هەموو ساڵیت!.
تۆ یەک وشە و یەک کتێب و
یەک گڵۆپ و یەک نیگار و
یەک تابلۆ نیت!.

گەر دەقیقەیەک دیار نەبی
سەعات دڵی ئەوەستێت و
ماڵ کوێر ئەبێ و
پەلکەگیای ساوا ئەمرێت و
شەقام ئەگری و
باڵندەکان ڕەش ئەپۆشن و
شیعریش بۆ خۆی هەڵئەوەرێ!.

تۆ بە تەنها بای بارانی
هەشتی مارس نیت.
ئەی قوڵپی خوێنی هاوین و
پرچی شەوانی پاییز و
کلووی بەفری خۆشەویستیی
گەر تۆ نەبی؟
ئەبێ کێ بێ؟!
ژن. ژن. ژن
تۆ ژیانی!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#هەست_و_نەست
..................

به مناسبت هشتم مارس، روز جهانی زن

تو یک روز نیستی
تمامِ سالی.
تو یک شب
یا یک کتاب و یک قطره نیستی
تو یک نقاشی یا تابلویی بر دیوار نیستی.

اگر دقیقه ای نباشی
ساعت ها از کار می افتند
خانه ها برهوت می شوند
کوچه ها اشک می ریزند
پرندگان، سیَه پوش می شوند
و شعرها هم نیست می شوند.

تو فقط باد و باران هشتمِ ماه مارس نیستی
تو ای دل انگیزِ شب های تابستانی
گیسوان شب های پاییزی
تو ای سوز بوران عشق
تو نباشی
چه کسی باشد؟!
زن، زن، زن، زن
تو زندگی هستی..

🎀 @Sherko_bekas
🎀 @babak_zamanii

#شیرکو_بیکس
ترجمه: #بابک_زمانی
.
Forwarded from Şêrko_bêkes
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
پەخشان
هەڵکۆڵین لە ڕەنگەوە تا ڕەگ
من ئەمڕۆ ڕەنگی 8ی مارس ئەگۆڕم
لە ڕەنگی خۆڵەمێشی و پەژوەردەییەوە
بۆ ڕەنگی ئارگۆنی و ڕەنگی ڕاچڵەکین

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس

8ی مارس ڕۆژی جیهانی ژن پیرۆز بێت🌹
2024/09/23 07:19:42
Back to Top
HTML Embed Code: