Telegram Web Link
#یادداشت

کاتی یادداشت نووسینەوەم
خەریکە نزیک بێتەوە
وەختی گێڕانەوەی خەون و پەندەکانم
کاتی خۆ بەدەستەوەدانی نەهێنی و
گشت گوناهە جوانەکانم.
کاتی یادداشت نووسینەوەم
خەریکە نزیک بێتەوە
ئای خودایە! چەند ستەمە
بۆ قەڵەمێ
بەرەو دوا بگەڕێتەوە و
له بەرایی بەردەمیشدا
ئەوەی مابێ
ڕێگایەکی تەماوی بێ
بەرەو مردن!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#زنەی_شیعر
.
#هی_خۆم

ئاوێنەی هەتاوم هێناو
چووم بەرامبەری ڕاوەستام
ئاوێنەی بێگەرد و پاکی وام نەدیبوو.
بەڵام چونکە هی خۆم نەبوو.
هیچ دڵێکم پێی خۆش نەبوو.
کراسی باخچەیان دامێ و کردمە بەرم.
کراسی وا گوڵ گوڵی و جوان و نازدارم قەت نەدیبوو.
بەڵام چونکە هی خۆم نەبوو
هیچ دڵێکم پێی خۆش نەبوو.

لە دواییشدا
چووم بەرامبەری ئاوێنەی
دیواری ژوورەکەم وەستام
گەر چی لایەکی شکاو و ڕوخساریشی
کەمێ لێڵ بوو
بەڵام چونکە
تەنها هەر ئاوێنەی خۆم بوو.
دڵم هەر تەواو پێی خۆشبوو.

کراسێکی گرژومۆنی تەڵخم هەبوو
ئەوم هێناو کردمە بەرم
گەر چی تاریک و بێ شەوق و
خوێنی تاڵ بوو
بەڵام چونکە هەر هی خۆم بوو
وام ئەزانی "بەختیاری" هەموو دنیام لەبەردایەو.
دڵم هەر تەواو پێی خۆش بوو!.

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#هەست_و_نەست
.
#کورسی_تەنیایی

تەنیایی منی کردووە بە کورسیی خۆی
کورسییەکە کە تەخە و پووشووی
چاوەڕوانیی!

کورسییەک کە ئەوقبوونی کاتژمێری
بەردەم عومری سەرەولێژ و
یەک لە دوای یەک
خلبوونەوەی
چرکەکانی!

تەنیایی منی کردووە بە کورسیی خۆی
بەیانیان دەستم ئەداتێ و هەڵمئەگرێ و
بە دوای خۆیدا بە خشەخش
لەگەڵ مەراقیا ئەمگێڕێ
لە گۆشەیەکی شێداری یادگاردا و
لەناو ڕەنگێکی نسرما بەرامبەری
خەیاڵێکی پەرت دامئەنێ!

لە دووکەڵما
وەک بیرەوەری سووتاوی
سنەوبەرێ دائەنیشێ
چاو ئەبڕێتە خاڵێکی دوور
یەک دوو قاوە
لە فنجانی بێزاریدا ئەخواتەوە

ئیتر بۆ خۆی لە بێهوودەیی ناو ژوورما
درێژ ئەبێ و هێندە نابا
چون سێبەرێکی قەتیس بووی
ناو دەڕاڵێ
قووڵ قووڵ خەوی لێ ئەکەوێ!

تەنیایی مای کردووە بە کورسیی خۆی.
وەختێ لە سەرم هەڵئەسێ
چووینەتە ناو یەکترەوە!
تەنیایی بووە بە من و ئەو بە کورسیی و
ئەمجارەیان...
ئیتر من دەستی ئەدەمێ و
بەرامبەر خاڵی کۆتایی دایئەنێم و
بە لەرزەلەرز پیریم ئەچێ و
وەک دوا زەردە، لەسەر تەختەی لەقیوی ئەو
دائەنیشێ!

🎀 @Sherko_bekas
(سلێمانی- تەمووزی ۲۰۰۳)
شێرکۆ بێکەس
#ئێوە_بە_خۆشەویستیم_ئەسپێرن
.
لەم کەژەدا دار دوو دڵە
بڕوات؟ یاخود هەر وا ڕاوەستاو بێ؟...
لەم چەمەدا ئاو دوو دڵە
ببێ بە شەختە یان هەڵم و بوخار؟!
لەم ڕێیەدا قاچ دوو دڵە
بگەڕێتەوە یاخود هەر بەردەوام بێ؟!
لەم باخەدا مەل دوو دڵە
هەڵکورمێ یاخود هەر بفڕێ؟

لەم ساتەیشدا وشەکانی من دوو دڵن
ئەم قەسیدەیە تەواو کەن؟!
یاخود بۆ ئێوەی جێ بێڵن؟!
با جێی بێڵم؟...

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#زنەی_شیعر
.
Şêrko_bêkes
#مەرگی_کانییەکی_سەوز "پەخشانە شیعر" ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ بەشی"۵" 🎀 @Sherko_bekas ئەوە: زەمانە، ساڵ لە دوای ساڵ بە ڕەنگی بیرچوونەوە ڕەنگەکانی دی کاڵ ئەکاتەوە یان ئەسڕێتەوە. دایان ئەپۆشێ، ونیان ئەکات. بەڵام هاوڕێم تۆ ئەگەر بە دوو تابلۆیش…
#مەرگی_کانییەکی_سەوز
"پەخشانه شیعر"
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی"٦"
🎀 @Sherko_bekas

من ئەم ئێوارەیە لە تاودا زمانی کوردی ئەشڵەقێنم. زمانی کوردی شلوێ ئەکەم و سەراسیمەی ئەکەم و شێتی ئەکەم! وشەکان پەڕاگەندەی ناو کێڵگەی مین ئەکەم.

فەزای ڕستە ئارام بەخشەکان پڕ ئەکەم لەو چڕە دووکەڵانەی لە توونی ڕەنگی ڕەشەوە دێنە دەرێ....
بە تەواوی دەست لە وشە گەلی چەشنی وەک خۆشی و ئاسوودەیی بەرئەدەم.
ژنە شیعری زەرقیمە تەڵاق ئەدەم و لە هەواری خۆڵەمێشدا هەڵئەدەم.

من ئەمڕۆ وەک خۆم چۆنم ئەوێ زوبانیش بەو جۆرە: بحەپەسێ، بشڵەژێ، بژاکێ، بوەرێ!
حەپەسانی زمان، ئەوق بوونی ماناکانە لە بەردەمی فاریزەکاندا و دانیشتنی بێ دەسەڵاتانەی ئەوانە لەسەر بەردی نوختەکان.

شڵەژانی زمان، شپرزەیی ڕێزمانە وەختێ ناو و ئاوەڵناو و کردار و چاوگ و هەر هەموویان جێگۆڕکێ ئەکەن و لە یەکترەوە ئەئالۆزکێن.
زمانی ژاکاو ئەو ڕستە نیوەناچڵانەن کە لە چڵی قرتاو و گەڵای لاچاو قرنجاو ئەچن و نوختەی سەر و ژێریان تێکەڵ به یەکتر ئەبن.

وەرینی زمان، ئەو لاپەڕانەن کە لە دوای چەندین ڕەشنووسیش ناگەنە ئاکامێک و ونجڕونجڕ ئەکرێن!

من ئەمڕۆ ئابڵووقەی زمان ئەدەم. هەموو ڕێگەکانی چواردەوری ئەبەستم بۆ ئەوەی داڵدەی دڵنیایی و ڕەنگی ئارام نەدەن.
من ئەمەوێ ئەمڕۆ ڕەنگەکان سەرگەردان بکەم و لە نیشتمانی خۆیاندا ئاوارەیان بکەم!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#ئێوە_بە_خۆشەویستیم_ئەسپێرن
.
ئەگەر گوڵ بدەی لە سنگت
وشەکانم بۆنی ئەگرن
ئەگەر تەیرێکی لێبدەیت
پەنجەکانی دەسم ئەفڕن
ئەگەر شمشاڵێ لێبدەیت
خەمانیشم هەڵئەپەڕن
ئەگەر بەلەمت لێدابێ
منیش سەوڵم.

ئەگەر مامزی پێوە بێ
خۆم پێدەشتم
گەر هێشوە ترێی پێوەبێ
قاپە شەرابێکی مەستم
ئەگەر ئایەتت لێدابێ
خۆم منارەم و بانگدەرم

ئەوا من عیسای دووەمم
ئەگەر ئەستێرەی پێوەبێ
من هەر شەوم
ئەگەر خۆریشت لێدابێ
شەو نییە و بە خەبەرم

ئەگەر ئاڵای کوردستانیش
لە سنگ بدەی
ئەوا منیش پاسەوانتم و
لە دامێنی ئەو گردەدام
کە ئاڵای تیا هەڵئەکەی!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#لە_گوڵەوە_هەتا_سووتوو
.
#کتێب
بۆ "حسین مروە"

ئەو درەختەی
حەفتا و حەوت پەلی درێژی بووبۆوە
ئەمڕۆ وتی:
دوای تەقینەوەی ناپاڵم
گوێچکەی چەپم نابیسێت و
ئیسە کەڕە!.
تۆ پێـم بڵێ:
باوەڕ ناکەم تەقینەوەی لەو گەورەتر
لەو بە سامتر
هەرگیز هەبێ!.

ئەو ڕووبارەی
حەفتا و حەوت جۆگە لە جەستەی جۆی بووبۆوە
ئەمڕۆ وتی:
تەقینەوەی ئەو دینامێتەی کە ملی
حەفتا و حەوت شەپۆلی پەڕاند
تاڵە و گرمەی
لە گشت دەنگێ بەرزترە!

ئەو "موخەیەم" دی کە هەر خۆی
بەدەستی خۆی
لە حەقتا و حەوت سانیەدا!
حەفتا و حەوت کۆتری جگەری
خۆی ناشتبوو
ئەمڕۆ وتی:
ئەی زریکەی مەمکە بڕاوەکانی من لە گشت ناڵە و
دەنگێکی تر بەرزترە!

لەدواییدا کتێبخانەی "گەل"ێک وتی:
گەورەتر و گەورەتر زۆر بڵندتر
لەو دەنگانە هەمووی تێکڕا و هەمووی زیاتر
ناڵە و گرمە و تەقینەوەی
دەنگی دەمانچەیەکی بێدەنگ بوو
کە هەر دوێنێ
کتێبێکی لەبەرگی هەتاو گیراوی...

کتێبێکی تەمەن حەفتا و حەوت، لاپەڕە
سەوزی جوانی پڕشنگداری
منی کوشت و...
گوێی جیهانی هەموو کەڕ کرد!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#ئاوێنە_بچکۆلەکان
.
Şêrko_bêkes
#مەرگی_کانییەکی_سەوز "پەخشانه شیعر" ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ بەشی"٦" 🎀 @Sherko_bekas من ئەم ئێوارەیە لە تاودا زمانی کوردی ئەشڵەقێنم. زمانی کوردی شلوێ ئەکەم و سەراسیمەی ئەکەم و شێتی ئەکەم! وشەکان پەڕاگەندەی ناو کێڵگەی مین ئەکەم. فەزای ڕستە…
#مەرگی_کانییەکی_سەوز
"پەخشانه شیعر"
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی"۷"
🎀 @Sherko_bekas

ئەمڕۆ من چل گوڵەباخ ئەدەم لە قژ و ڕیشە سپییەکەت.
چل پەپوولەی وەنەوشەیش بەسەر جەستە ماندووەکەتدا بڵاو ئەکەمەوە.
لە چوار دەورت چل وشەی ڕەنگاوڕەنگ دائەگیرسێنم.

چل پەلکە گیا لە دەستەکانتەوە ئەئاڵێنم. چل ماچم بە چل دڵۆپەباراندا ڕەوانە ئەکەم و چل هەنیسکم بە چل خاڵخاڵۆکەدا ئەنێرم و چل هەناسەیشم ئەخەمە ناو شیعرێکەوە و بە بای وەشتدا بۆت ئەنێرم.

چلەتە و بەڵام ئێمە هەر لە یەکەم ڕۆژی فرمێسکداین. لە یەکەم ساتی ڕامان و بڕوا نەکردندا.
ئەڵێن چلەتە و بەڵام ئێمە هەموو ڕۆژێ هەر چاوت بۆ ئەگێڕین و ئەڵێین هەر دێت و ڕەنگە ڕووباری لەوحەیەک دوای خستبێ.
ڕەنگە خەریکی ڕامکردنی ڕەنگێ بێ.

ڕەنگە لەناو پەڵەیەک گوڵە هێرۆی سپیدا خەوی لێکەوتبێ.
ڕەنگە لەگەڵ کەوێکی سپیدا سەفەری کردبێ.
بەڵام هەر دێت.
ئەو ڕۆژە لە بەردەمی مۆزەخانەدا، دووراودوور پیاوێکی سەروڕیش سپیمان بینی و شتێکی لە بن هەنگڵدا بوو.

وتمان ئەوە خۆیەتی و ڕامانکرد.
کە چووینە پێشەوە پیاوەکە دیار نەما و بەڵام لەو شوێنەدا لەوحەیەکی تۆ دانرابوو!
ڕۆح شیرینم ناسیوە.
بەڵام بۆ ئەوەی وشەکانیان لە برساندا نەمرن؛ ناچار بوون ببنە بارهەڵگری تەم و مژ و یان حەسحەسی گریان.

لەم نیشتمانی ئاخ و داخەدا، چەندین تابلۆی ڕەند و مەردم ناسیوە،
بەڵام بۆ ئەوەی ڕەنگەکانیان لە سەرمادا ڕەق نەبنەوە،
ناچار بوون ئەستوورترین پەتووی ئازار و تاریکیی بدەن بە خۆیاندا!

ئەی باشە تۆ نەورەسێکی ئێسک سووکی ئەم ئاسمانە نەبوویت، بەڵام بۆ ئەوەی زەڕنەقووتەکانت بێ پەڵووڵە نەبن. نەئەچوویت و مینت هەڵنەئەگرتەوە؟
مردنی میقاتکراوت هەڵنەئەگرتەوە؟
قەزا و قەدەرت هەڵنەئەگرتەوە؟
دۆزەخە بچووکە خۆمەڵاسدەرەکانی ئەم ژیانەت هەڵنەئەگرتەوە؟

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#ئێوە_بە_خۆشەویستیم_ئەسپێرن
.
#شەکردان

پیاڵەیەکی پشتێن زەڕلی، هەر بە پێوە
لەناو سویزگیەکەدا پرسی:
ئەو شەکردانە لەبەر چی
فرمێسکی سپی ئەڕێژێ؟
چەندین ساڵە لەم ماڵەدا
دڵشاد... دڵشاد
دێت و ئەچێ.

گشت ڕۆژێکیش کەوچک... کەوچک
زەردەخەنەی شیرینمان پێ ئەبەخشێ!.
یەکەم جارە بگری و پەست بێ
بۆ؟ لەبەر چی؟
خوێدانە دەم هەراشەکەم هەڵیدایە:
چونکە ئەمڕۆ
شەکردانێکی دیکەیان بەسەرهێنا!
سەد مەخابن!
ئەی باشە ئەم چی لێ ئەکەین؟!
خۆ نایکوژن!
وا بڕیارە ئیتر بیکەن بە ئاڵەت دان!

🎀 @Sheko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#ئاوێنە_بچکۆلەکان
.
#پەیامی_باڕەشێک

لەو بنارەدا باڕەشێک
وتی: تەنها یەک ڕەنگ هەیە
وتی: تەنها هەر ڕەش هەیە
هەموو شتێ و بەفریش ئەبێ
هەر لەو ڕەنگەی من بپۆشێ
یان ئەوەتا ئەبێ سەری خۆی هەڵگرێ
یا خود بمرێ!

وتی: تەنها یەک ڕەنگ هەیە.
وەختێ باڕەش لەناو دۆڵێکدا هەڵیکرد
لەو ساتەدا بەفر خەوی لێکەوتبوو
چووە سەر باخ
گوڵان هەموو ڕەش هەڵگەڕان.

چووە سەر گرد...
هەرچی دار و
هەرچی بەردە ڕەش هەڵگەڕان.
چووە سەر دەشت
پەلکە گیاکان ڕەش هەڵگەڕان.

وەختێ باڕەش ئەمەی بینی؛
لە خۆشییاندا ئەوەندەی تر باڵی گرت و
پڕ بە زاری ئەو شاخ و
کێوە پێکەنی و
وتی: بەفر ئاوەها مرد!
شەو درەنگان بێ خەم بێ خەم
بۆ خۆی لێی نووست.

بۆ بەیانی کاتێ کە چاوی کردەوە
بەفری بینی
سێ ڕیز سێ ڕیز...
ئەمجارەیان
ڕەنگاوڕەنگیش
بەسەر دنیادا ئەبارێ!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#ئێوە_بە_خۆشەویستیم_ئەسپێرن
.
#ماڵ

ئەو پەنجەرەیە دامەخەن!
نەبادا گەر لێرە نەبووم
لە پڕێکدا ڕۆژێ.. شەوێ
لە سەردانێکی ناوەختا
"باد"ی خۆش مروری نالی
بە کەنەفتی
لەبەردەمی ژوورەکەمدا پەیدا بێت و
دابمێنێ و چاو بگێڕێ و ڕێگەی نەبێت بێتە ژوورێ!.

با ئەو قەڵەم و کاغەزە
ھەر لەسەر ئەم
مێزە بن و لایان مەبەن!
ئەمە دنیایە و نەبادا لێرە نەبووم
لە ناکاودا، خەیاڵێکی ئاونگاویی
"مەولەوی" بێتە ژوورەوە و
بییەوێ لەبەر چراوگی
گریاناویی مانگەشەوێ
بۆ چاوەکانی ھەڵەبجە
شیعرێکی تازە بنووسێ!

با ئەو شووشەی بادەیە ھەر
لە جێی خۆی بێ و ھەڵنەگیرێ
نەبادا گەر لێرە نەبووم
ئێوارەیەک، لە ناکاودا
"بێکەس" خۆی بکا بە ماڵدا.
با ھەر لەسەر ئەم کورسییە
دابنیشێ و بەدەم خوێندنەوەی شیعرەوە
قوم قوم خەمی سپی و خەستی
بێکەسییەکەی خۆی بنۆشێ!.

با ئەو گیتارەیش ھەر لەسەر
چرپاکەم بێ
ھیچ کەس دەستی تێوە نەدا
نەبادا گەر لێرە نەبووم
لە ناکاودا
"ئازاد ھەورامی" بێ بۆ لام
با بیبینێ و ھەڵی بگرێ و
تا دێمەوە ھەر خۆی تەنیا
ئاوازە زۆر غەمبارەکەی
"مراببوس"ی پێ لێدا!

با ئەو کتێبەی "حەللاج"یش
دیار بێ و ھەروا لەسەر ئەم تاقە بێ
نەبادا گەر لێرە نەبووم
لە ناکاودا
"عبدالخالق" بێتە ماڵێ
با بیبینێ و تا دێمەوە
تەماشایکا و چاوەکانی
لە دێڕی خوێندا نوقوم کا!

با وێنەی ئەو منداڵانەیش
کەروێشکە بێ لانەکانی شاری کەرکووک
لەم دیوارە نەکرێتەوە
نەبادا من لێرە نەبم و لە بەغداوە
لە پڕ "فەرەیدون عەلی ئەمین" بێتەوە و
نەیانبینێ و چیرۆکێکی
ئێسک سووکی منداڵانمان لە کیس بچێ!
با ئەم دوو سێ ڕۆژەیش دەرگای
حەوشەکەمان لەسەر پشت بێ

نەبادا گەر لێرە نەبووین
- لەم جەژنی ڕاپەڕینەدا-
لە شەھیدانی نەناسراو
لە شەھیدانی بێماڵ و بێ ناونیشان
گەڕانەوە و ڕێیان کەوتە ئەم کۆڵانە
با بیبینن و گیر نەخۆن و
دەم بە خەندە و
خوێن بە خەندە
یەکە یەکە بێنە ژوورێ!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#مێرگی_زام_مێرگی_هەتاو
.
Forwarded from اتچ بات
#دەربەندی_پەپوولە
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی "۱۹"
🎀 @Sherko_bekas

- ئەو وەرزە من تاجی گوڵ ھێرۆی
ھۆنراوەی سپیی خۆم،
کردە سەر چەند خوێنی بە شەوقی
ئەم شاخ و داخانە
«مەبەستم خوێنێکە
سەرچاوەی ئەوینمان یەک بووبێ»
ئەو وەرزە.. من ساتێ ھەڵمەتی ئەو خوێنەم بینیوە و ھیچی تر.

ئەو وەرزە.. من ساتێ سوور بوونی ئەم بەفری ناو دڵەم بینیوە و ھیچی تر
ئەو وەرزە.. من ساتێ ئەوینی ئەو خەڵکە و ئەو خوێنەم بینیوە ھیچی تر
وەک شاملوو بۆ ڕووزبە خولیامە
کە ڕۆژێ، ئیستاکە، سبەینێ، ھەتاوی حەقیقەت
گومانی تەماویی توانەوە
لەسەر کێو بۆی نووسین
«کە خوێنێ لەوانە پیاوکوژی خوێنێکی عاشقی تر بووە»

لەسەرم مەوەستن، دوودڵ نیم ئەوساکە
ئەو تاجەی داگرن و ھەر لەگەڵ ھەڵبەستما بینێژن!

- لە نێوان وشەی تۆ و کانیدا جودایی نەماوە.
لەنێوان قەڵەمت و لاسکدا جودایی نەماوە.
لەنێوان دەروونت و ئاگرا جودایی نەماوە.
لەنێوان نەفەست و ھەوادا جودایی نەماوە.

تۆ ئیستە، کەنیسمەی، سەر تاشەبەردێکی مێژوویت و
بە خوێندن بەژنی «با» سوور ئەکەیت. تۆ بە باڵ
ئەبینی و بە چاوت کیشوەری ئەم سۆزە تەی ئەکەیت
کە گەڵا بکوژرێ ناتوانی دەنووکت کلیل بەی.
تۆ ملت ژێی خاکە و دەستی ئاو ئەتژەنێ.
کە ئاوێک کوێر بکرێ ناتوانی پەنجەرەی شەتاوت
دابخەی. تۆ یاڵی ئەم ئەسپی کەژانەی. کە جوانووی
شەماڵێک سەربڕن ناتوانی قەت حیلەی سنجرت خەفەکەی.

دە ھەگبەی بارانی ھۆنراوەت بکە شان!
لە ڕێگەی گوڵەوە بچۆرە ناو خێڵی
ڕووناکی و دەست کەرە گەردنی دارستان.
دە ھەگبەی گۆرانی و گوڵاڵەت ھەڵگرە و
لە ڕێگەی ئاوەوە بچۆرە ناو دەنگی
خەڵکەوە و سەربدە لە وەرزی سووتان و ھەڵقرچان.

ھەموو جار بە خوڕڕەم داتئەکرد
سەرتاپای کەژاوەی ئەو ھەموو گوندانەت تەڕ ئەکرد!

- ھەنووکە شەو و ڕۆژ گوێ ئەگرم لە لاڵی
لەلاڵیی ئەستێرە و گوڵەباخ.
لەلاڵیی دەربەند و دارستان.
لە کپی و بێدەنگیی کاولاش و خۆڵەمێش.
ھەنووکە من لەگەڵ مێژووی کەڕ ئەدوێم و
زمانم غەریبی فەرھەنگی خۆیەتی و
دەنگیشم مەلێکی گرمۆڵەی بێ ئاسمان.

چۆڵ و ھۆڵ، پێدەشت و بناری ئەم لەشە دروێنە کراوە
چۆڵ و ھۆڵ، پایتەختی ئەم شیعرە خنکاوە.
چۆڵ و ھۆڵ، وڵاتی ئەم خەونە سووتاوە.

چۆڵ و ھۆڵ، چۆڵ و ھۆڵ
لەم سەری زامەوە ھەتاکوو ئەو سەری.
لەم پەڕی کۆستەوە ھەتاکوو ئەوپەڕی.
تۆ فریا نەکەوتی ئاوەکە بەیتە دەس مەولەوی.
تۆ فریا نەکەوتی کەوشەکان بۆ نالی دابنێی.
تۆ فریا نەکەوتی کەوچکێ دەرمان بەیت بە گۆران
تۆ فریا نەکەوتی و نەکەوتی و نەکەوتی.

لە جێی خۆت خەزان بووی، بێ ئەوەی ھەڵوەرێی.
لەجێی خۆت ھەڵقرچای. بێ ئەوەی بشێوێی.
لە جێی خۆت بووی بە مۆم. بێ ئەوەی بسوتێی.

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس

بە دەنگی پڕ سۆزی ئیمپراتۆری شیعری جیهان
"شێرکۆ بێکەس"
.
Şêrko_bêkes
#وەختێ_کۆتایی_ئەبێتە_سەرەتا ـــــــــــــــــــــــــــــــ بەشی "۱۸" 🎀 @Sherko_bekas مێژوویەک لە ڕەژووی ناو بەفر ئاگرێکە بەرپاکە و هەڵگیرسێ ئەی ڕەژوو! ڕۆمانێکە لە هاوار گەرداوێ هەڵبکا و تۆفانێ ئەی هاوار! جەستەیەک لە خەم و خانوویەک لە تەم و تەمەنێ لە هەڵم…
#وەختێ_کۆتایی_ئەبێتە_سەرەتا
ـــــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی "۱۹"
🎀 @Sherko_bekas

بەیانیان، ئاسکەکان کە ئەچنە سەر ئاوی خەواڵوو، ئەترسن نەبادا لەپەنابەردێکدا، تاپڕێ، لە توخمی نێرینەی لوولە ڕەش، لەوێبێ لە پڕێ ئاگرێ هەڵبکا و پریشێ بگرێتە جەستەیان!
ئێواران ئاسکەکان، کە ئەچنە ناو مێرگی خەونەوە ئەترسن، نەبادا، چەقەڵێ لە جۆری پیاوانی وڵاتی ئافرەت کوژ لەوێبێ و بە خەون و مێرگەوە بیانخوات.

ئاسکەکان بڕوایان بە دەشتێ نەماوە پەلکە گیای لەشی خۆی هەڵکێشێ و کانیی خۆی لیخن کات. ئاسکەکان، ئەترسن، دڕدۆنگن. ئاسکەکان بڕوایان بەو لوتکەی شاخانەیش نەماوە گابەردیان، تلاوتل ئەبەن و، تا بیدەن بەسەری نزار و گردۆڵکەی بناری خۆیاندا!

ئاسکەکان شەوانە هەر نانوون، ئەترسن نەبادا نێرینەی سەر خێڵی بێشەکان، لەناکاو، خۆی بکا بە لانە و کەوێڵدا ، دوور دوور بیانبات. ئاسکەکان، بێکەسن. زۆر تەنیا و غەمگین، نە ماڵی خواوەند و نە ماڵی قانون و نە ماڵی حزبەکان، هیچ کامیان نە داڵدەی حەرام و گوناهی جەستەیان ئەدەن و نە داڵدەی هاواریان.!

لەشت کفرێکە ئەبەدیی ، لەنێوانی هەردوو مەمکتا هەڵکەنراوە. حەرامی گەورەی گەردوونی وا لەناو لنگی تۆدایە! لەو جەستەیەدا پێکەوە. گومڕاهەکان و شەیتان و ئەبالەهەب کۆبۆتەوە. لەشت کفرێکە ئەبەدی و لەنێوانی هەردوو ڕانتا هەڵکەنراوە. تاوانێکە هەتاهەتا بە خاچەوە و "تۆببە"یەکە دوورخراوەی ئەودیو دەنگ و ئەودیو ڕەنگ و ئەودیو پەیامی ئاسمانی و ئەودیو هێڵی خەریتەی نێر.

تۆ باشیلی(۱) هەموو وەرز و سەردەمێکی، تۆ پەژۆمی(۲) و ناونیشانت تراویلکە و وەک قەلەباچکەی خوێناوی ڕاونراوی. لەم سەدەوە بۆ ئەو سەدە ڕاونراوی. سەرت دزراو. بوونت لە مشتی دۆزەخدا و بێ خواوەند و لە تەنیایی تەنیاتر و لە ئازاریش بە ئازارتر. ئەی قەلەباچکەی ڕاونراو!

--------------------------------
(۱). باشیل: ئاواره و دەربەدەر
(۲). پەژۆم: بێ چاره و بێ ماڵ و حاڵ.

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
کتێبی " #ملوانکە"
.
Şêrko_bêkes
🎀 @Sherko_bekas #ونبوون هەموو جارێ کە سەر ئەخەیتە سەر شانم وەختێ ئەچمە ناو قژتەوە لە ناو ئەودا ئەبم بە پەپوولەی وێڵ‌ و ون ئەبم ‌و نایەمەوە. هەموو جارێ کە دەست ئەخەیتە ناو دەستم ئیتر ئەو پێنج پەنجەی دەستە ئەبێ بە پێنج وردە ماسی ‌و ئەچنە گۆمی چاوانتەوە…
هر بار
که سر بر شانه ام می نهی
هنگام که غرق در طره ی موهایت می شوم
در بیشه ی گیسوانت
چونان پروانه ای سرگردان
گم می شوم و باز نمی آیم

هر بار که دست در دستانم می گذاری
پنج انگشتم
پنج ماهیِ کوچک می شوند
می روند در ژرفای دیدگانت،
گم می شوند و باز نمی آیند

و هنگام
که به پیکر خود باز می گردم
آن دَم است
که می بینم تنهایم وُ
تو
اینجا نیستی


#شیرکو_بیکس
ترجمه : #بابک_زمانی

دیوار/گزینه اشعار شیرکو بیکس/نشر فصل پنجم

🎀 @babak_zamanii
🎀 @Sherko_bekas
#سی_و_سێ
#پاییزه_میوانی_بچکۆلە!
ــــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی "۱۱"کۆتایی
🎀 @Sherko_bekas

۳۱.
ئەمە چیرۆکێکی کورته
ئەو کڵاوەی کڵاوکووڕە
لەسەریایە! هی خۆی نییە!
ئەوەی ڕوویدا زۆر دەمێکە..
لە ڕۆژێکی سەرماوسۆڵەی پاییزدا بوو..
ئەم هەر ئەفڕی و سەر تەزیوو
"با"یەکی تیژی سۆراحکەر بە دوایەوە..
دار بەڕوویەک بە فریای کەوت
بۆ چەند ڕۆژێ کڵاوێکی بە قەرز دایە..

بەڵام ئیتر کڵاوکووڕە
ئەو کڵاوەی کردیە سەری
داینەگرت و
ئیستا و ئەوسایش ئەو قەرزەی خۆی
بە داربەڕوو نەدایەوە!

۳۲.
گەڵایەک هەڵوەری.. پەنجەیەک بە دوایدا.
پەنجەیەک هەڵوەری.. شیعرێکیش بەدوایدا.
کە شیعریش هەڵوەری.. ئەوینێک بەدوایدا
ئەو وەختەی ئەوینێک وشکی کرد
وەرزێکیش لەگەڵیا.
ئەو ساڵەی وەرزێکم وشکی کرد
شارێکیش لەگەڵیا.

لە پرسەی شاریشدا..
گریانی وڵاتێک لەگەڵیا..
بۆ کۆستی وڵاتێک
زایەڵەی جیهانیش بە دوایدا.
ئەو وەختەی زایەڵەی جیهانیش
باڵی گرت بۆ سەرێ
بەدوایدا
ڕەهێڵەی گەردونێ داباری و
ئەمجارە خوایش گریا!

۳۳.
چنارێک بەیەک شەو کۆم بۆوە و لە قاچ کەوت
ئەو ڕۆژەی کە بینی باڵندەی عەشقەکەی کۆچی کرد!
بولبولێ بە یەک شەو وەک گەڵای خەزانێ
دەنگی کەوت..
ئەو وەختەی گوێی لێ بوو گوڵزاری عەشقەکەی
لە گێژی سێڵاودا خنکاوە..

ڕووبارێ بە یەک شەو توایەوە و لەبندا بزربوو
ئەو وەختەی پێیانووت مەزراکەی عاشقی سووتاوە.
شەماڵێ بەیەک شەو مووی سەری و کاکۆڵی سپی بوو..
ئەو وەختەی کە زانی کاوانی عەشقەکەی کوژراوە..

دوای یەک شەو لە هەمان وڵاتدا
شاعیرێ پیرەمێرد، باریکتر لە خەمی پاییز و
لە گەڵای خەزانیش چاو کزتر..
کۆماوەیش چون هیلال
لەپڕدا ڕاست بۆوە چون فوارە و
داری پیر.. مووی سپی ڕەش بۆوە و
هەوری پیر.. بە یەک شەو گەنج بۆوە
ئەو دەمەی جوانترین چوار شیعری تەمەنی
بۆ عەشقی چنار و بولبول و شەماڵ و ئاو نووسی!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
ــــــــــــــــــــــ
لە کتێبی " #پاییزه_میوان "
بە دەنگی پڕ سۆزی ئیمپراتۆری شیعری جیهان
"شێرکۆ بێکەس"
.
🎀 @Sherko_bekas

#دنیای_منداڵیی

ئەچمەوە ناو
قۆزاخەی سپیی منداڵیی
بە دەستێ خەون ئەچنم و
دەستەکەی تریش جێدێڵم
لەناو بەرۆکی دایکمدا
بۆ نسێیەکی خەماویی

ئەچمەوە ناو
بینینەکانی منداڵیی
بە چاوێ ڕەنگ ئەخوێنمەوە و
چاوەکەی تریش جێدێڵم
لەناو چاوانی دایکمدا
بۆ گریانێکی ئەسپایی.

ئەچمەوە ناو
گوێ بیستەکانی منداڵیی
بە گوێچکەیەک دەنگی قوربانیی ئەبیسم و
گوێکەی تریشم جێدێڵم
لەناو غوربەتی وڵاتدا
بۆ گوێگرتن لە تەنیایی!

ئەچمەوە ناو پرسیارەکانی منداڵیی
بە پرسیارێک دابوونەریت شێت ئەکەم و
پرسیاری دیکەیش جێدێڵم
لەناو ژوورەکەی باوکمدا
بۆ چەند شۆڕشێکی دوایی!

🎀 @Sherko_bekas
(کۆتایی ۲۰۰۳)
شێرکۆ بێکەس
#ئێوە_بە_خۆشەویستیم_ئەسپێرن
.
Şêrko_bêkes
🎀 @Sherko_bekas #ورتەورتێ ئێواره‌ بوو! "حه‌مه‌ بچکۆل"ی بۆیاخچی سه‌ری ماندووی داخستبوو! له‌ سووچێکی گۆڕه‌پانه‌ گه‌وره‌که‌دا له‌ناوه‌ندی دڵی "شام"دا له‌سه‌ر کورسیه‌ نزمه‌که‌ی خۆی دانیشتبوو په‌یتا.. په‌یتا وه‌کو فڵچه‌ی نێوان ده‌ستی جه‌سته‌ی له‌ڕی ڕائه‌ژه‌نی.…
🎀 @Sherko_bekas

دم دمای غروب بود
ممد کوچولوی واکسی
از فرط خستگی گردنش خم گشته بود
در گوشه‌ای از میدان بزرگ
در مرکز شهر شام
بر روی چهارپایه‌ی کوچک خود نشسته بود
و پی‌ در پی
مانند فرچه توی دستش
اندام نحیف و لاغر خود را تکان میداد
ممد کوچولوی آواره
با خود زمزمه کنان
این چنین می‌گفت:

تو ای بازرگان پایت را بگذار
تو ای استاد پایت را بگذار
تو ای وکیل پایت را بگذار
افسر، سرباز، جاسوس، جلاد
پسر خوب و آدم بی سر و پا
همگی یکی بعد از دیگری
پایتان را بگذارید

کسی نمانده
تنها خدا مانده
در آن دنیا هم مطمئنم
او هم سراغ کوردی را خواهد گرفت
تا کفشهایش را واکس بزند!
شاید آن کورد هم من باشم

آخ ... مادر جان
تو گویی که کفشهای خدا چقدر بزرگ است؟!
شماره چند می‌پوشد؟!
آخ مادر جان
راستی برای دستمزد
خدا چقدر می‌پردازد؟!
باید چقدر بدهد...؟!!!

#شیرکو_بیکس
🎀 @Sherko_bekas
#لە_وێنەیەکدا

لە شەوێکی کڕێوەدا
لە ژوورێکی بچکۆلەدا
منداڵێ وێنەی ئەکێشا:
خانەقینی کرد بە تەیرێ
شاباڵ ڕەش و بەرسنگ سپیی
وایکردبوو
لەنێو باڵدا نەوت هەڵقوڵێ و
لە سنگیشدا کانییەکانی خۆشەویستی.

منداڵەکە بەەسەر وێنەکەوە خەوی لێکەوت.
خوشکەکەی هات، خۆی دانەواند
خۆی کرد بەناو وێنەکەدا
لە قەراغی کانییەکەدا گوڵی چنی و لە نەوتەکەیش سەتڵۆکەیەکی هەڵهێنجا و
بردی بۆ ژووری شاعیرێ لەوبەرەوە.

لەو ساتەدا شاعیرەکە
وشەکانی لە جەهەننەمی ئەنفالدا ئەسووتان و کەچی بۆ خۆی لە سەرمادا هەڵئەلەرزی!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#ئێوە_بە_خۆشەویستیم_ئەسپێرن
#ئەوینی_سپی

من وامزانی تەوقەیەکە ڕاگوزاری و
ئیتر دەستم دەستەکانت بەجێ دێڵێ.
من وامزانی سەرنجێکە ڕێبوارانە و
ئیتر چاوت چاوەکانم بەجێ دیڵێ.
من نەمزانی و بەختەوەر بووم کە نەمزانی.
ئەوا ئێستەیش
دەستەکانت بوونە ھێلانەی ھۆنراوەم.
من نەمزانی و بەختەوەر بووم کە نەمزانی.

ئەوا ئێستەیش
چاوەکانت بوونە پرشنگی سەرچاوم
ئاھ.. گیانەکەم!
لە ڕێ و بانی ئەم ئەوینە سپییەدا
ئێمە ئێستە بووین بە دەستێک
ئێمە ئێستە بووین بە چاوێک
ئێمە ئێستە بووین بە دڵێک
ئاھ.. گیانەکەم!
دووکەس بووین و
لە جیهانی ئەم عەشقەدا
بووین بە کەسێک!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#مێرگی_زام_مێرگی_هەتاو
.
2024/09/24 23:21:43
Back to Top
HTML Embed Code: