Telegram Web Link
🎀 @Sherko_bekas

من نیشتمانێکم هەیە
لە هیچ نیشتمانێکی تر ناچێ.
لە هیچ گریانێکی تر ناچێ.
لە هیچ سووتانێکی دی ناچێ..

هەموو جارێ ئەیهاڕن و
پووش و پەڵاش و
پاشەڕۆی ئازارەکانی ئەدەن بە دەم
"با"ی شمشێر و "با"ی زرێپۆش و فڕۆکەوە و
کەچی لەوسەر ئەم نیشتمانە ئەفسانەیە دێتەوە و..

کەچی لەوسەر ئەم کۆتەرەیە ئەبێتەوە
بە سنەوبەر و ئەڕوێتەوە و
کەچی دیسان ئێسک و پروسکی
ناو سوتماک یەک ئەگرێتەوە و
کوتەکوتەی ئەم جەستەیەیش
هەڵئەستێتەوە سەرپێیان و
ڕوو ئەکاتەوە دنیا و
ئەڵێ منم کوردستان!

من نیشتمانێکم هەیە..
تەلیسمی گەردوونە
لە قەڵادزێدا ئەیکوژن و
بەڵام لە ئامەددا زیندوو ئەبێتەوە.
لە هەڵەبجەدا سەری ئەبڕن و
بەڵام لە کەرکووکدا ئەژێتەوە.
لە هەولێردا لە قەنارەی ئەدەن و
لە ورمێدا بەرزەوپێ ڕاست ئەبێتەوە.

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#چراکانی_سەر_هەڵەمووت
.
🎀 @Sherko_bekas

سەبەتەیەک لە گۆرانی و لە پەپوولە
باوەشێ خەم و مانگەشەو
پۆلێک ماچی ترسا و ترسا و
یەک ژووری سیخناخ لە ڕەخنە
هەموویانم خستە بەر دەست ئەم ڕۆژگارە
ئەویش یەکەمیانی دا بە منداڵان و
دووهەمیان بە ئافرەتان و
سێهەمیان بە عاشقان و
چوارەمیش بە سیاسیەکان!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#حەفتا_پەنجەرەی_گەڕۆک
.
#حەمام
"شیعرێکی ڕۆمانسی و ئیرۆتیکییە"
ــــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی "۱"
🎀 @Sherko_bekas

ژماردوومە، پانزدە ڕۆژە دەزگیرانی و
ئەڵقەی پەنجەی دەستی ڕاستمان
دوو ئەستێرەی زێڕینن و
جریوەیان زۆر تازەیە،
ئاوێنەی پێکەنینیشمان

چون ڕووت و چاوی گەشمان
بۆ یەکتر ئەبریسکێنەوە!
لە ناوەوەش ماخۆلان و
هەوەسێ جنس، ژیلەمۆیە و
بای گەنجێتی لێی ئەدات و
گڕ ئەگرێت و لرفەی دێت و
بەردەوامیش کوورەیەکی داگیرساوی
شەوانەیە و ڕۆژنامەیە!

هەموو ڕۆژێ دوو سێ جارێ
بە بیانووی جۆراوجۆرەوە،
کە کەس بڕوایان پێناکا
دێمە ماڵتان!

ئەوە ئیسەیش خۆم گۆڕیوە و
بەر ئاوێنەی دیوارەکە بەرنادەم و
لاجنگ درێژ.. لە پەڕەی گوێش بەرەو خوارتر.
جارێک لەسەر لا تەماشای خۆم ئەکەم و
جارێکی تر، ڕێک بەرامبەر ئەوەستم
ئەچمە پێشێ و دێمە دواوە و
دەست ئەخەمە سەر کەمەر و

ئەمجارەیان بە تەنها هەر دەم و چاوم
لە ئاوێنەکە زۆر نزیک ئەخەمەوە
لەو لای لێومەوە زیپکەیەک، بەدی ئەکەم
زۆر بچووکە، بەڵام ئەبێ بە مەراق و
خۆم لە دڵما گەورەی ئەکەم.
لە پڕ بە بیرم دێتەوە: نیو قولانجێ
پاژنەی پێمی بۆ هەڵئەبڕم.

لەسەر ڕفەی گەچینی ژوور،
شووشەبۆنی سەر نەکراوەی
مارکەی "پاریس"دائەگرم و کڵاوەکەی با ئەدەم و
ئەکرێتەوە و ئەمسەر ئەوسەر،
دوو کەڕەت ڕایئەوەشێنم و دەمی ئەکەمە ڕۆخسارم و چوار پێنج جار

پرژ.. پرژ.. پرژ..
لە ڕوومەت و لە سمێڵ و
لە لاجانگ و لە لامل و
ملیوانی کراسەکەی ئەپرژێنم،
"هەندێ شوێنی ڕیشی تاشراو
بۆ ساتێ ئەچوزێتەوە و
چوزانەوەیان زۆر تیژە و
چاوێکم پێ ئەنوقێن!"

ئەوسا ئیتر ئەچمە دواوە و
قۆپچەی چاکەت دائەخەم و
ئێجگار دڵم بە خۆم خۆشە و
هەر خۆیشم خۆم هەڵئەکێشم:
بەڕاستی تەواو گۆڕاوم و
بووم بە "ئازاد"ێکی تر و
بە قەد "ڕۆک هدسن" قۆزم و
تۆش "جنیڤەر جۆنز"ی خۆمیت، ئەوەتا وا

"کافی"یەکەم حەرفی ناوە جوانەکەشتم
خستۆتە ناو دڵێکەوە و
داومە لە یەخەی چاکەتم!

وا ئەمجارەیش قاچ لەسەر قاچ
لە هۆڵەکەدا دانیشتووم
"قۆندەرەی باتای قاوەیی
پێش هاتنم، بۆیاخکراو
گەردێ چییە پێوەی نییە و
لەسەر تاکی هەڵبڕڕاویان
کە لە چەرمی بە بریسکەی ورد ئەبمەوە،
نیوەی دەم و چاوم دیارە و ئاوێنەیە!"

قژی ڕەش و پڕی چەند جار شانە شکێن،
هێشتا کزرە و بۆ پشتەوە داهاتووە،
"لەم ساتەدا تەپڵی سەرم
خوروویەکی زۆر نەگریسی تێئەکەوێ،
هەر چۆنێک بێ، خۆم ڕائەگرم، نایخورێنم
بۆ ئەوەی قژم تێک نەچێ!"

کراس تازە ئوتووکراو
بەحاڵ بۆنی دوای ئۆتووەکەی هێشتا لێدێ
خەتی پانتۆڵ دەمی تیژە و بە شاقولی،
تا پشتی پێ، ڕێک ڕاوەستاو
دەرەلنگی لە خوارەوه پان و پۆڕە و
دوو ئەوەندەی سەر و پوز و لای ڕان ئەبێ،

چاکەتی قات، دوو قڵیشە و
هەندێ جاریش لەسەر کورسی چایخانەکان
چمکیان لە درزی گیرئەبێ،
لە خۆمەوە
زوو زوو دەست ئەبەم بۆ ملم،
بێ ئەوەی شل بووبێتەوە،
بۆینباخ توند ئەکەمەوە!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#خێراکە_مردن_خەریکە_بگات
.
#پاییز

ئەمڕۆ پاییز باری کردوو
ئێرەی جێهێشت
کە چوومە شوێن هەواری چۆڵ
"ئاخ"ێکی لێ بەجێ مابوو!.
ناخم هێنایە ماڵەوە.
ئەم"ئاخ"ە وەک بە تایبەتی
پایز بۆ منی دورووبێ
پڕ بە بەری شیعرێکم بوو!.

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#ئاوێنە_بچکۆلەکان
.
لەم وڵاتە عەقڵ قفڵ و
بێ کلیلەی مندا گەر پیاو،
لەم نیشتمانە ڕیشنەی مندا گەر پیاو،
ڕەنگ کوێریش بێ و
بگاتە نوختەی مزمەعیل
لەناو پێخەفی مەرگا بێ و
گیانیش بدا
ئەوسایش گۆچانێکی پێیە
لە ژن بدا.

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#ڕەنگدانە
،
🎀 @Sherko_bekas

من ئەگەر خۆیشم پێمنەکرا
بۆ لای هەر خەم و خولیایەک،
وشەیەکم ئەنێرم تا بیانبینێ
وشەی "تەڕ" بۆ لای ئەو هەورەی
کە بێتاقەتە و نابارێ
وشەی "کەسک" بۆ لای درەختێ
کە دارستان خانەنشینی کردووە.
وشەی "ورە" بۆ لای هێلانەیەک
کە "با" تەواو بێزاری کردووە.
وشەی "هەتاو" بۆ لای نسێ‌یەک
کە سەرما دانەچۆقەی پێخستووە.
وشەی "نوێ" بۆ لای ئەو شیعرەی
گوڵ و گەڵای تازە ناگرێ!

بەڵام من خۆم پیاوێکی
زۆر دڵ پیسم
هەر چەند ئەکەم لە جیاتی خۆم
من ناتوانم وشەی "ماچ" و
وشەی "سەما" و "پاڵکەوتن" و
یان چەند وشەیەکی تریش..
هەرگیز.. هەرگیز..
بنێرم بۆ لای یارەکەم
ئەترسم لەوەی ئەترسم..
بۆیە ئەبێ هەر خۆم بچم..!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#حەفتا_پەنجەرەی_گەڕۆک
.
#ئەفسەرێکی_ئاسایی

کە یەکەم ئەستێرەی وەرگرت
ئەستێرەیەکی کوشتبوو
کە بوون بە دووان،
هەردوو دەستی بوون
بە پەتی سێدارەکان
کە بوون بە سیان بە تاج و
بەرەو ژوورتر
بەیانییەک
وەختێ مێژوو لە خەو هەستا
وڵات بووبوو بە وڵاتی بێوەژنان!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#زنەی_شیعر
.
#ئەو_ڕۆژەی_لە_سەهۆڵبەنداندا
#مەهاباد_پاڵتۆکەی_فڕێدا!
"پەخشانە شیعر"
ـــــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی "۱"
🎀 @Sherko_bakes

لە شەست ساڵ زیاتری مژدەوە.. لەمەبەر.
لە شەست ساڵ زیاتری سێدارەوە.. لەمەبەر.
ئێمە لەوێ لە بەستەڵەکدا گەرممان بۆوە
لە بەفرانباردا چووین بە پیر گوڵەباخەوە و
لە سەهۆڵبەنداندا پاڵتۆکانی زستانمان فڕێ دا.
گۆرانییەکانی نێرگزمان لە زوقمدا چنی و
لە زەمهەریردا هەڵاڵەمان دا لە قژی سابڵاخ و
هەر ئەو ڕۆژەیش شەبەنگی لەرزیوی سەر شەختەمان
لەسەر "زاوا، بووک"دا کرد بە ئاڵا!

لە نیو سەدە زیاتری سروودەوە.. لەمەبەر
لە نیو سەدە زیاتری شەهیدەوە.. لەمەبەر
لە ڕۆژێکی سپی پۆش سوورەگوڵ بە ئەگریجەدا
مەهابادمان کرد بە کۆترێکی سپی
پەڕ لە پێی مل بە شەفەقی ئازادی و
عەشقمان کرد بە بازی خۆمان و
بەرەو هەتاوی سوور و
بەرەو لای خودا و
بەرەو ئایندە هەڵمان دا.

لە ڕۆژێکی بە ڕۆژمێر وەک ئەمڕۆ و
بەڵام بە سەرفرازیی وەک ئەمڕۆ نا!
لە ڕۆژهەڵاتی چاوماندا
لە ڕۆژهەڵاتی خوێنماندا

مژدەیەک لە شێوەی پەپوولەی وشەدا
مژدەیەک لە شێوەی سێوی بۆکاندا
مزگێنییەکی درێژ لە شێوەی پرچی درێژی
کچە جوانەکانی سەقزدا
مژدەیەکی بازنەیی لە شێوەی پشتێنەکانی ئەواندا
لەگەڵ "با"یەکی نارنجیدا
هات و نەهات بە گوێی دڵماندا!

سەر لە نوێ وڵاتێ لە دایک بۆوە
سەر لە نوێ بەرد پێکەنی و
سەر لە نوێ درەخت کەوتە سەما و
بۆ یەکەمجار لەوێ ژیان لە خۆشیاندا گریا!
لە ڕۆژێکی بە ڕۆژمێر وەک ئەمڕۆ و
بەڵام بە سەربەستی وەک ئەمڕۆ نا!

پیاوێکی وەک بڕوا کەڵەگەت
پیاوێکی وەک هیوا چاوگەش
پیاوێک لە دارهەنار
وەختی گوڵ کردن.
پیاوێک لە حیلە
وەختی غار کردن
مرۆڤێک لە ڕوونی و سادەیی
وەکوو کانیی و گوڵەگەنم.
بوو بە پێشەوای عەشق و
بوو بە سەرکردە.

سەرکردە چون هەتاوێ کە پێش شەوگار بکەوێ
سەرکردە وەکوو ئاو کە ڕووەو تینوێتی بڕوا
سەرکردە وەکوو نان کە بۆ لای برسێتی بچێ.
لە ڕۆژێکی بە ڕۆژمێر وەک ئەمڕۆ و
بەڵام بە دڵخۆشی وەک ئەمڕۆ نا!

بە شەقامەکانی سابڵاخدا گوڵاڵە ئەگەڕا
باران ئەگەڕا، شمشاڵ ئەگەڕا و گزنگ ئەگەڕا
وەک ئەمڕۆ نا، کە پێوەند ئەگەڕێ و
کە گولـلە ئەگەڕێ و کە شمشێر پیاسەی تیا ئەکا.

🎀 @Sherko_bakes
شێرکۆ بێکەس
#زێ_و_زنه
.
#پەڕۆ

ئازادییان کرد بە کورسی و
لەسەر کورسیش تفەنگ دانیشت!
بۆ تەرازووی دادپەروەریش
"تا"یەکیان پڕ کرد لە خشڵ و
"تا"یەکەی تر "کا"ی وڵاتی خەمیان تێکرد.!

هەر بەو جۆرە
کەرکووکیشیان کرد بە پەڕۆ و
بەو پەڕۆیەیش، بۆ سەروەریی
نەخشەی درۆ
پێڵاوی پێی برا گەورەی
ئەم عێراقەیان پێسڕی.!

سلێمانی۲۰۰۹

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#هەست_و_نەست
.
Forwarded from اتچ بات
🎀 @Sherko_bekas
#کوڕی_بابە_گوڕگوڕ

ڕێگە چۆڵکەن.. هەستنە سەرپێ!
وا ئەسپێکی سپی یاڵ سوور
لە پێدەشتی کەرکووکەوە
ئەحیلێنێ و بۆ ئێرە دێ!
ئەی ئەسپەکەی تەوێڵ مارۆی گەرمیانم!
ئەوەی بەفر و
گڕ و شەپۆلی ناسیبێ،
ئەوەی شمشێری برووسکە و
با و بۆرانی کێوی دیبێ
تۆ ئەناسێ!

ئەی ڕەشەبای لە پاشکۆدا خۆر سوار کردوو!
ئەوەی جارێ
گوڵاڵە سوورەی چاو ڕەشی
"ڕەحیم ئاوا" و
منداڵانی سەر قۆچکەتاشی "لەیلان" و
کێڵگەی برس "دوز"ی دیبێ
تۆ ئەناسێ!

کۆبنەوە و هەستنە سەرپێ
سەر هەڵبڕن!
بازێک شەڵاڵی خوێناوە و
تۆزێکی تر
بەم ناوەدا تێ ئەپەڕێ!

ڕوەو قەندیل
بەسەر هەورازی شەختەدا
نزم ئەفڕێ
هەتا ئەگاتە سەر لووتکە و
ئەچێ لەوێ
لە پەڵە خوێنی "نازم"دا
بە هێواشی ڕائەکشێ!

ڕێگە چۆڵکەن.. هەستنە سەرپێ!
زریان گڤەی ون کردوە و بۆی ئەگەڕێ.
گەرمیان کوورەی کاوەیە و جۆشدراوە
تەماشاکەن
هەرچی گردۆڵکەی پێدەشتی لەش جنراوە
وەکوو دایکانی وڵاتم
بنچکی قژ و ئەگریجەی گژو گیایان
لە ملیاندا ئاڵۆزکاوە!

مامە ڕیشە!
ئەی پڵنگی چنگ بەگڕی گەرمیانم!
بەیتی تازەی توحفەی ئەمڕۆی کوردستانم
لە ماڵانی گوند بە گوندی هەڵقرچاوا
تۆ قوتیلەکەی بەر هەیوانی.
داسی دروێنە و هەتاوی
سەربانیژەی زستانانی.
مانگەشەوی. هێشوی ڕەزی
هاژەی چەم و
وژە وژی دارستانی.

ئاگری شوانی
وەکوو باران
وەکوو کانی
وەکوو دەغڵ و دان
خۆشەویستی
تۆ کوڕی بابە گوڕگوڕی
داستانێکی سەدەی بیستی!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#کەشکۆڵی_پێشمەرگە
دەنگ: #فەرهاد_سەنگاوی
.
۵ی ڕێبه‌ندانی ۲۷۱٦ی کوردی
ساڵڕۆژی شه‌هیدکردنی نه‌جمه‌دین شوکر ڕەئوف ناسراوه به #مامه_ڕیشه

یادیان بەرز و ڕێگایان پڕ ڕێبوار🌹

🎀 @sherko_bekas

ژیاننامەی مامە ڕیشە:
👉 www.tg-me.com/tapuynusrawe/6866
ئەگەر ئێوارەیەک ڕێکەوت
ئەسپێکتان بینی تەوێڵی کڵپەدار و
یاڵ نارنجی و کەلـلە بچووک
ھیچ دەنگ مەکەن، دڵتان خۆش بێ
ئەوە "مامە ڕیشە"کەی خۆمانە و
بە سەردانێ ھاتۆتەوە بۆ لای کەرکووک

@Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
Şêrko_bêkes
#حەمام "شیعرێکی ڕۆمانسی و ئیرۆتیکییە" ــــــــــــــــــــــــــــــ بەشی "۱" 🎀 @Sherko_bekas ژماردوومە، پانزدە ڕۆژە دەزگیرانی و ئەڵقەی پەنجەی دەستی ڕاستمان دوو ئەستێرەی زێڕینن و جریوەیان زۆر تازەیە، ئاوێنەی پێکەنینیشمان چون ڕووت و چاوی گەشمان بۆ یەکتر ئەبریسکێنەوە!…
#حەمام
"شیعرێکی ڕۆمانسی و ئیرۆتیکییە"
ــــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی "۲"
🎀 @Sherko_bekas

هیچ نەبووە و لە خۆمەوە شەڵەژاوم
پاکەتی درێژی "سۆمەر"، لە گیرفانم دەرئەهێنم
"قیسارە"کەی لە ناو خەیاڵدا ئەژەنم،
لەو ساتەدا
دەمم لە لای دەمی ئەوە و
پێی نازانم جگەرەیەک
سەروقنگ دائەگیرسێنم،

تووتن ئەچێتە دەممەوە و
بە زمانمەوە ئەنووسێ،
تۆزێ تیژە و بە دەستەسڕ لای ئەدەم و
ئەوسا سەرێک با ئەدەم و
خۆشم بە خۆم پێ ئەکەنم!

لەسەر تەپڵەکی تەنیشتم
دەست ئەدەمە گۆڤارێک و ئەیکەمەوە،
"مارلین مۆنرو" دەرئەکەوێ
"با"یەک کراسە سپییەکەی
بەرەو ژوور هەڵداوەتەوە و
ئەویش ئەیەوێ بە دوو دەست
کراسی هەڵفریو بگرێ،

گۆڤار لە چاوم نزیکتر ئەخەمەوە
بەشۆو سەرووتر ببینم!
ئەوسا تفێک قووت ئەدەم و
لە جێی خۆی دایئەنێمەوە!

لە ڕادیۆی ماڵێکی دووری گەڕەکەوە
لەسەر باسکەکانی هەوا
وەک هەوراز و نشێو بکا،
جارێ بەرز و جارێ نزم
دەنگی سۆزی شەماڵ سائیب
"ئەرێ لەیلێ"
سەربانە و سەربان ڕێ ئەکا و
لەگەڵ حەزێکی فێنکدا
ئەگاتە گوێ،

لەملایشەوە
بۆنی ئاوڕشێنی نزیک
لەسەر گـڵە سووری حەوشە،
تێکەڵ بە گۆرانی ئەبێ و
کونە لووتم
مشە مشی بۆنی خۆشی تێ ئەکەوێ
لەم ساتەدا من دەنگ و بۆنی دڵداری
بە یەکەوە هەڵئەمژم!

لە پەنجەرەوە تیلماسکێ
لە هەتاوی گەنج هاتۆتە
باوەشمەوە و
لەبەر ئەودا، ڕەنگی شینی پانتۆڵەکەم
گەلێ جوانتر دەرئەکەوێ!
کە دەست ئەدەم لە ناوچەوان و ڕوومەتم
گەرم گەرم وا هەست ئەکەم
گڕی مۆمێ لە ناو خوێنما
بە هێواشی دەسووتێت و
بەرەبەرە پلەی گەرمام سەرئەکەوێ!

من ئێستاکە دڵم بەقەد دڵی سێوی
سەر لقی باخەکە خۆشە
ئەڵێی شەربەیەکی تازەم،
قاقام پڕو پێکەنینم لێ ئەڕژێ!
حەز و ئارەزوو غوبابە و
کەڵەشێری ئەم تەمەنەم
وەخت و ناوەختی بۆ نییە و
هەر ئەخوێنێ،

خێرا خێرایش
ئەڵقەی پەنجە با ئەدەم و
دەست بە سمێڵما دێنم و
قاچی سەر قاچ، ئەلەرزێنم
دایکیشت وا بەرامبەرمە و
لەسەر بەڕەی نەخش و نیگار
درشت و زەق،
بەڕەیەکی زیاد لە پێویست درێژکۆڵە،

بە چوارمشقی دانیشتووە و
کراسێکی گوڵ باتمانی لەبەرایە و
قۆڵەکانی هەڵکردووە و
جلی شۆراو قەد ئەکات و
بە دەنگێکی تۆزێ بەرزیش،

وەک بۆ یەکێکی گوێگران قسە بکا
باسی گوڵزاری کچێنی
خوێم، بۆ ئەگێڕێتەوە و
چاویشی هەر لەسەر جلە.
"بەسزمانە وا ئەزانێ گوێم گرتووە،
بەڵام نە سەر و نە دڵ نە گوێچکەیشم
لای ئەو نییە و خەیاڵم هەر لەلای تۆیە!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#خێراکە_مردن_خەریکە_بگات
.
لەو شەوەدا
لەو کەژەدا
هەرچی کرمی ئاوریشمینە
لە قۆزاخە هاتنە دەرێ و
بە چوار دەورا
بوون بە چرا
لە ئاهەنگی ڕێزلێنانی ئەو بەردەدا
کە ئەستێرە برینێکی سلێمانی
لە گیانی خۆیدا
حەشاردا!

🎀 @Sherko_bekas
بێکەس
#جریوە

نیوە شەوی هاوینێ بوو
لەسەر سەرم، دوو ئەستێرەی
سەر هەڵەمووت
بۆ یەکتر ئەخنینەوە و
چەپک... چەپک
جریوەیان ئەگرتە یەک.
ئەوەی ژوورتر
چاوم لێبوو، دەستی کەمێ تەتەڵەی کرد
جریوەیەکی کەوتە سەر جێگەکەم و
چاوی شیعرێکی من پشکووت!.

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#ئاوێنە_بچکۆلەکان
.
🎀 @Sherko_bekas

زەرد و گزنگ
بە یەکەوە لەسەر ئەم مێزە دانیشتووین
بەیانیی دەستی وا لەناو
دەستەکانی ئێوارەدا.
لە یەک کاتدا کازیوەیە و خۆرنشینە
بۆیە نە ڕۆژ کۆتایی دێ و
نە شەو دادێ
"زەمان" چۆتە ناو "شوێن"ەوە.
بۆچی هەستین؟
خۆشەویستی بۆتە سەعات
بۆیە هەر ساتێ.. سەیری کەم
هەر ئەو ساتەیە کە هاتین!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#لە_گوڵەوە_هەتا_سووتوو
.
Forwarded from اتچ بات
#بەسەر_لووتکەی_جەستەوە
ــــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی "٦"
🎀 @Sherko_bekas

ئیتر دوای ئەوەی چوومە لای کۆنەفرۆش، هەستم کرد من ئەو کڵاوەی ڕابردوو نیم. دنیام لەبەر چاو تاریک بوو، زۆر تاتێل٭ و بێتاقەت و مەیلی هیچ شتێکم نەبوو. لە گۆشەیەکی دووکاندا و لە لای پیرە جبەیەکی قرخنەوە لێی کەوتبووم.

تاران خۆیشی جبەیەکی گەورەی ڕەش بوو، هەموو ڕۆژێ لە جێی خۆمەوە ئەمبینی، ژیان لە تاراندا وەکوو عەبای سەر ژنەکان ئەویش ڕەشە، باخچە ڕەشە، ئاسمان ڕەشە، نان هەر ڕەش و ئاو هەر ڕەشە.

لە جێی خۆمەوە ئەمبینی، بێدەنگ بێدەنگ، شەقام ئەگری، کڵاو ئەگری، چاویلکەکان هەموو ئەگرین. ئەوەی ناگری و پێئەکەنێ تەنها جەنگە. لە جێی خۆمەوە ئەمبینی، خۆشەویستی ئەم مێژووە تەنها مەرگە، لە جێی خۆمەوە ئەمبینی، ئەم نەخشەیە لە سەرەوە تاکوو خوارێ تەنها کفنە و تاتەشۆرە و دارەمەیتە..!

ئیتر دوو هەفتە نەخایاند، بۆ سەفەرێکی زۆر درێژ، هەر شەوەکی ئامادە بووین، چەندین شلیفی پان و پۆڕ دانرابوون، لەولایشەوە لۆریەکی درێژکۆڵەی جۆری ڤۆڵڤۆ ڕاگیرابوو. منی کڵاو و بە دەیان پۆشاکی نێر، پۆشاکی مێی چووینە یەکێک لەو شلیفە سپی و گەورانەوە.

وەختێ ئەچووینە ژوورەوە، کردیان بە یەک پاڵەپەستۆ نەبێتەوە. لە ڕاستیدا ئەویش خەتای ئەو قەمسەڵە سەربازییە ملهوڕە بوو کە بێشەرمانە پاڵی بە هەموومانەوە ئەنا بۆ ئەوەی بڕواتە پێشێ و جێگە بگرێ. لەو کاتەدا گوێمان لە هاواری کراسێکی ژنانە بوو، بە دەنگێکی بەرز و بە کوردی، چەند جارێک لەسەر یەک وتی: ئەم دڕندانە لێرەشدا لە کوڵ ئەم خەڵکە نابنەوە!

پاڵێکی توندی تریان پێوەناین. ئەمجارەیان تەماشام کرد کڵاوە کەشییەکی "حاجی" ڕەنگ سپی زەڕکەفتی، کەتە، هەناسەبڕکێی و خێرا خێرایش لەبەر خۆیەوە ئایەتەلکورسی ئەخوێنێت و لە دواییدا فوویەکیش ئەکرد.

-----------------------------------
٭تاتێل: پەشێوی، نیگەرانی

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
لە کتێبی " #ئەسپێک_لە_پەڕەی_گوڵاڵە "
بە دەنگی پڕ سۆزی ئیمپراتۆری شیعری جیهان
"شێرکۆ بێکەس"
.
#خۆشەویستیت

خۆشەویستیت لە "با" ئەچێ
وەختێ بمەوێ داگیرسێم
دێت و ئەمکوژێنێتەوە.
خۆشەویستیت لە "با" ئەچێ
کە دایشگیرسام
دێت و ئەمگەشێنێتەوە.

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#ئاوێنە_بچکۆلەکان
🎀 @Sherko_bekas

زریان گەڕایەوە ئەشکەوت.
ئەو ئێستاکە
شەکەتە و ڕەنگە زوو بنوێ.
بەڵام دەربەند
دەوری چۆڵە و سەری سووکە و
خەریکی چیرۆک نووسینە

لە گەرد و گوڵی بەیاندا
سوارێک خۆی کرد بە گەروومدا
سوارێکی ڕەش.. لە پاشکۆیدا
پەرییەکی هەڵگرتبوو
تیژ ئەهاتن
سوارە و پەری گەیشتنە ناو ڕووبارەکەم

لە پڕێکدا لە پشتەوە
تەنها شریخەیەک بیسترا
پەری کەوتە ناو ئاوەوە و
بۆ چەند ساتێک
وەکوو ڕووبار دڵنیاییم
سوور هەڵگەڕا.!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#زنەی_شیعر
.
2024/09/26 21:56:01
Back to Top
HTML Embed Code: