Telegram Web Link
#خۆم.. #ئەو_وەختەی_باڵندەم
🎀 @Sherko_bekas

ئەو شمشاڵەی بە لێوی "با"وە ئەیبینن
ئەوە ئەندیشەی لوول خواردووی عەشقی منە
ژانێک کون کونی کردووە و لە جیاتی من
"چونکە بۆ خۆم نازانم شمشاڵی لێبدەم"
"با" ئەیزانێ و ئەو ئەیژەنێ!
ئەو باڵندە نارنجیەیش کە ئێواران دەرئەکەوێ و
لە خۆرنشیندا ئەیبینن،

تاق و تەنیا دێت و ئەچێ و
بە باڵەکانی ئەنووسێ
ئەوە باڵندەی تر نییە
"چونکە باڵندە ئەخوێنێ و هیچ نانووسێ"
ئەوە منم.. ئەوە خۆمم، لە وەختێکدا
یان "چیرۆک" ئەکەم بە باران
یان "پەخشان" ئەکەم بە زەردە
یاخود "شیعر" بە ئەستێرە و
کە شەو داهات
لە سەرتاندا دابگیرسێ!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
لە کتێبی #خۆم... #ئەو_وەختەی_باڵندەم
.
ئەمڕۆ لەبەر ئاوێنەدا
ڕووت و قووت بووم
مەمکم ئەیوت: ئەترسم زۆر،
زۆر ئەترسم چنگی عاشقم نەگاتێ و
نەملاوێنێ و نەمگڵۆفێ و
پێشتر بمرم!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#ملوانکە
Forwarded from اتچ بات
#بەسەر_لووتکەی_جەستەوە
ــــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی "۵"
🎀 @Sherko_bekas

با ئەوەیش بگێڕمەوە: گەلێ جاریش بە تایبەتی لە زستاندا، ئەو وەختەی شەهرام، خەریکی کێشانی تابلۆکانی ئەبوو، منی هەر لە سەرا بووم. بولبولەکەی سەر قەراغیشم بۆ خۆی کڕ ئەبوو. ئەتوانم بڵێم، من بەو بەرزییەوە، لە شەهرام خۆی باشتر، وردەکاری و فیگەر و هێڵە ڕەنگاوڕەنگەکانی سەر تابلۆکانیم ئەبینی.

شەهرام خوویەکی تایبەت بە خۆیشی هەبوو، هەر کاتێ بەشێکی وێنەکەی تەواو بکردایە، هەنگاوێ بۆ دواوە ئەگەڕایەوە.. دەستی ئەکرد بە گیرفانی بەرباخەڵیا و قوتویەکی تووتنی ڕەنگ زێڕینی بۆنخۆشی دەرئەهێنا و ئەیکردە ناو پایپەکەوە ئینجا بە سەری پەنجە گەورەی دەستی ڕاستی خێرا خێرا تووتنەکەی ئەپەستایەوە،

ئەوسا دەنکە شقارتەیەکی دائەگیرسان و بەرەوخوار ڕووی گڕەکەی ئەکردە تووتنەکە و لە هەمان کاتیشدا چەندجارێک لەسەر یەک مژی لە پایپەکەی ئەدا و لەگەڵیدا چڕە دووکەڵ بەرز ئەبۆوە و چاوی من و چاوی بولبولەکەی پڕ ئەبوون لە ئاو.

بەڵام بۆن و بەرامەیەکی خۆشی بەناو ژوورەکەدا بڵاو ئەکردەوە. دوا تابلۆی شەهرام کە بەداخەوە فریای تەواو کردنی نەکەوت، وێنەیەک بوو کە بیرۆکە و خەیاڵی ئەفراندنی لەو چوارینە شیعرەی "خەیام"ەوە وەرگرتبوو کە ئەڵێت:

ئەڵێن کە دۆزەخ گشتی بۆ مەستە
بەم واتە واتە قەت دڵ مەبەستە
گەر عاشق و مەست بچنە جەهەننەم
بەهەشت چۆڵ و هۆڵ وەک بەری دەستە!

لەم تابلۆیەدا دۆزەخ بریتی بوو:
لە چەندین کڵپە و بڵێشەی بەیەکداچوو. لەناو ئەو گڕ و کڵپانەیشەوە، بە دەیان دەست و سەری عاشقانی ژن و پیاو بە خۆیان و جامی شەرابی دەست و دیوانی شیعر و ساز و سەمتووری بەر سنگیانەوە، ڕوویان لە ئاسمان کردبوو.

لە بەری دەستەچەپی تابلۆکەیشدا، لە بەهەشتی بەریندا، جوانییەکی بێ ڕۆحی چۆڵ و هۆڵ و کپ و خامۆش و بەسەر درەختێکیشەوە دوو بایەقوشی چاو گەورە گەورە ئەبینران. لە بیرمە لەگەڵ شەهرامدا بە دەیان شەومان بە دیار ئەو تابلۆیانەوە تا بەیانی ڕۆژ کردۆتەوە.

ئەوەیشم لە بیرچووە بڵێم، شەهرام هەر لە ژوورەکەی خۆیدا پۆرتەرێتێکی سەروکەلـلەی "موسەدەق"ی هەڵواسیبوو کە ڕۆژێ لە ڕۆژان خۆی بە قەڵەمی ڕەساس کێشابووی!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
لە کتێبی " #ئەسپێک_لە_پەڕەی_گوڵاڵە "
بە دەنگی پڕ سۆزی ئیمپراتۆری شیعری جیهان
"شێرکۆ بێکەس"
.
"جەلیل قەیسی"
وەک پەڕی کۆترێکی سپی بەدەم باوە
ئەم لەو پەڕە سادەتر و هێواش تریش
جەلیل قەیسی
نوقم لە ئاوی کتێبدا و
بەفر ئەمبوو لە باریندا و
وشە ئەمبوو لە ناڵیندا و
خەیاڵیشی لە مانگەشەو جوانتر.

جەلیل قەیسی
شمشاڵی بەدەست "قەڵا"وە و
ئەوینێکی تێکەڵ لە شەفەق و خەزان
چیرۆکێکی کەڵەگەتی ماندوو، برسی.
لە "کەرکووک"یش بێ بەختتر
بەڵام بۆ تەنها ساتێکیش
هەتا دوایی
ئەو بێبەختییەی جێنەهێشت
جەلیل قەیسی..!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#حەفتا_پەنجەرەی_گەڕۆک
.
لەشت کفرێکە ئەبەدی و
لەنێوان هەردوو مەمکتا هەڵکەنراوە
حەرامی گەورەی گەردوونێ
وا لەناو لنگی تۆدایە!
لەو جەستەیەدا پێکەوە
گومڕاهەکان و شەیتان و
ئەبالەهەب کۆبۆتەوە.

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#ملوانکە
#قارەمان

ئێمە خۆرەتاومان دزی و
کردمان بە پەردە بۆ ژووری ژنی تازە!.
سەدان ئەستێرەمان دزی
بۆ چلچرای کۆشکی تازە...
مەمکی دایک و
شیری منداڵانمان دزی و
ڕەنگی باخچە و
خەونی گەنجەکانمان دزی و
گۆممان دزی و شاخمان دزی و
هەر تێر نەبووین
"چونکە ئێمە
قارەمان و کوردی زیندووی
میدیا و کەی خوسرەوین!!"

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#هەست_و_نەست
.
Forwarded from اتچ بات
🎀 @Sherko_bekas
#قوربانی

سێڵاوێ هات
تا گەیشتە پۆپە دارێ
بە پۆپەوە هێلانەیەک بەجێ مابوو
دووسێ زەڕنەقووتەی تیا بوو
درەخت بە سنگ
شەڕی لەگەڵ ئاودا ئەکرد
هەرخۆی ڕاگرت
هەتا ئێوارە داهات و
دایکی بێچوەکان هاتەوە
وەختێ خنکا
ئەو دوا بێچوی ئەگواستەوە!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
ــــــــــــــــــــــــــــ
لە کتێبی #ئاوێنە_بچکۆلەکان
.
مەستم بە گوناهـ
مەستم بە تۆبه
مەستم
کە نەمزانی
بۆچی گوناهـ و تۆبەم کرد!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#زنەی_شیعر
🎀 @Sherko_bekas

لەو سەفەرە نارنجییەدا
من بە تەمای ئەوە بووم
کە گەیشتمە یەکەم باخچە
زەردەخەنەکەی "مۆنالیزا"
بێت بە پیرمەوە
کەچی بزەی ڕەشی سمێڵە زلەکەی
"فەرهاد پیرباڵ" هاتبوو!

لەو سەفەرە شینەدا
من لە ژوورە پان و پۆڕەکەی
"فەرهاد پیرباڵ"دا، بە تەمای ئەوە بووم
شەوانە کۆترێ، قومرییەک "تەیرلحوبێ"
بێنە باخەڵی خۆم و شیعرەکانمەوە
کەچی هەر مشکی ڕەش ڕەشی
زەمانی "باستیل" بوون و تا بەیانی
خەریکی کڕانەوەی پەنجەکانی قاچم بوون!

لەو سەفەرە خۆڵەمێشییەدا
لەسەر ڕەفەی دیوارەکە و لەسەر کتێبەکان
تاکی چەپی قوندەرەیەکی پاژنە عانەی
لووت درێژی ژنانە هەڵکورما بوو
من بە تەما بووم
ئێوارەیەک تاکەکەی تری
خۆی بکا بە ژووردا و سڵاوێکم لێ بکات
کەچی ئەویش هەر نەهات!

ئەوەی لە ژوورە دەم زلەکەی
فەرهاددا بینیم
دوو ڕیز ددانی ڕەش و کەلی
سەدەکانی ناوەڕاست بوون.
بۆیە لە خەودا، تا لەوێ بووم
یان میقسەڵە و سەری بڕوای
شۆڕشەکەی فەڕەنسام ئەبینی
یان سمێڵی فەرهاد و یاخود
تاکە پێڵاوێکی ژنانەی جێماو
لەو سەفەرە قرتاوەدا!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#تۆ_ئەتوانی_بە_قومێ_ماچ
#بمخەیتەوە_هەڵقوڵین
.
#نوور

ئەوەندە تەماشای نوورم کرد
چاوانم نوور بردی
نووری تۆ چارشێو بوو، پەردە بوو
لەمپەر بوو
نەی ئەهێشت ڕۆچم و
قوڵایی نەهێنیت ببینم
من ئێستا بە ڕووکەش کوێرێکم
وا دەستم ئەگیرێ و
وەکی تر
بە چاوی "باطینم"
لە جاران جوانتر و چڕتر و
قوڵترت ئەبینم!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#زنەی_شیعر
.
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
دەسڕێژێک و
ڕیزێ کونیان کردە لەشی
بەلادا هات.
ئازادی هەڵیگرتەوە و
ئا بەو جۆرە
بۆ جەژنەکانی سەری ساڵ
شەهیدێکمان
بوو بە شمشاڵ!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#خێراکە_مردن_خەریکە_بگات
🎀 @Sherko_bekas

من ئەسپێک ئەناسم، ئەسپێک
ئەمێستاکە، نەخۆشە و "خانەنشین"ه
تا هەوراز و نشێو و شەڕگە و تاریکی و
تا هەڵەمووتەکان هەبوون
حیلەی ئەو و سروودەکان
یاڵی ئەو و بەیداخی کورد
بەقەدەر یەک خۆشەویست بوون!
بەڵام ئیتر کە چیا هاتە خوارەوە و
بوو بە شەقام.
ئەشکەوتەکان بوون بە بانق و
"ئەی ڕەقیب"یش بوو بە گیرفان!

ئەسپەکەیان لە "بیرچوونەوە" بەستەوە و
لە پرسگەی تفەنگێکدا
زینەکەیان کرد بە کورسی و
جڵەوەکەی بە قامچی و
دوا شت کە حیلەیشیان دزی
ئیستە بێدەنگی و برسێتی
لە ژوورێکی نابینادا
بە زیندوێتی بۆتە قەبری!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#حەفتا_پەنجەرەی_گەڕۆک
.
#بێ_وەڵام

لە شەڕگەدا
دوو چاوی زەق
ڕێک ئەڕواننە ئاسمان و
پرسیار ئەکەن لە چاوی خوا
بەڵام دواجار
چاوی خودایش بێ وەڵامە و
لە هەورێکدا خۆی ون ئەکا!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#هەست_و_نەست
Şêrko_bêkes
#تاڤگەی_زیندانی ــــــــــــــــــــــــــــــ بەشی "۱" 🎀 @Sherko_bekas وەک چۆن ئەستێرە ئەکشێ کەوانەیی تاج پرشنگدار، چاو ئاگرین، گەردن زیوین، تیژ وەکوو عەشق کوت و پڕیش وەک مەرگە سات. تۆیش بەو جۆرە لە شەوێکی مانگ کوژراودا لە شەوێکی بەژن و باڵا هەڵقرچاودا لە…
#تاڤگەی_زیندانی
ــــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی "۲" کۆتایی
🎀 @Sherko_bekas

هەر ئەبوایە سەری ئەو عەشقە هەڵگری.
تۆ ئەو سەرە هی خۆت نەبوو
سەری دار و سەری بەرد و سەری ئاو بوو.
هەر ئەبوایە بچیتەوە هەواری گوڵ و خۆڵەمێش
ئەو هەوارە هەر هی تۆ بوو.
هەر ئەبوایە بە ژیلەمۆی عەشقی خەزاڵ،
داپڵۆخایە پێستی ڕۆژگاری تەمەنت و
هەڵقرچایە، ئەوینی سەر ژیلەمۆکەی بەهاری ساڵ.
هەر ئەبوایە بۆ سێهەم جار کفنەکەت لەبەر کەیتەوە.

داوە ژانی چیاکانت بە تەشی دوند هەڵکەیتەوە.
وەکوو شەهید چاو ببڕیتە
گزنگی خوێن.
گورج بیتەوە
قیت بیتەوە
لاو بیتەوە
کاژی هەرەس فڕێ دەیت و بەدەم لاوکی سوورەوە،
بڕۆیتەوە لای تاشەبەرد، لای بەردە قارەمانەکان
لای "داس"ی دەس زەرد و ماهیی دەربەندەکان!

وا نەبوایە ئەوین ئەیبەست، سترانەکانت لاڵ ئەبوون.
کچی حەیران، سوارەی لاوک،
دەست بەرداری ژانت ئەبوون.
ئەی ئەوساکە تۆ چیت ئەکرد!؟
لە کام بنار و کام دەشتا؟
غارت ئەکرد؟ لەبەر دەمتا و لە پاشکۆتا
کێت هەڵئەگرت؟
چیت هەڵئەگرت؟

چ هۆبەیەک ئەیانکردی بە میوانی،
"سیامەند" و کام "خەج" چاوی نێرگزی خۆی
ئەدا لە بەرۆکی واڵای قەڵەمەکەت؟
لەگەڵ وشەی قوربانیتا
چۆن ڕووبەڕووی ئەبوویتەوە؟

مەچەکی بڕڕاوی "خانی"ت بۆ کۆێ ئەبرد؟
لە کام گۆڕستانی شیعرا ئەتشاردەوە؟
هەر ئەبوایە ببی بە گڤە و بە گەرداو.
هەر ئەبوایە مۆتەکەی ترس دەستەمۆکەیت
هەر ئەبوایە ملی ڕێی ئاگر و پشکۆی،
وەرزی عەشقی ترس و بیمت بگرتایە.
لە ئاوی ڕەشت بدایە.

یان ئەبوایە وەکوو بنچک گرمۆلە بیت
وەک ماری سڕ پەیکە بخۆی.
حیلەی ئەسپت، باڕژنی مامزی "خەج"ت
وەکوو سەرت
لەناو قەڵای ئەژدەهاکدا بەند کردایە
ئەی چیت ئەکرد؟!

لەبەر چاوت کەلەپچەیان کردە
بازووی هەور و هەتاو
ئاویان خنکان
پەنجەی شنەبایان قرتان.
لەبەردەمتا گۆشاوگۆش شیعریان سەربڕی.
ڕیشی "مەولەوی"یان سووتان!
من بۆ ئەوەی کۆت نەکرێتە پێی درەخت و
گوڵەگەنم لە بار کێڵگە و زەوی نەچێ!

من بۆ ئەوەی جۆگە نەبێ بە کۆیلە و
باران نەمرێ و گیا بگرێ!
خۆم لەناو تۆدا توانەوە گەیشتمە لات
ئەی ئەوینی شاخ و داخ و عەشقی فەرهاد
هەر ئەبوایە من بێمە لات!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#شایی_شەهید
.
لەبەر ڕووناکیی تاریکیم
خۆشەویستیت ئەخوێنمەوە.
لەبەر بارانی تینوێتیم
خۆشەویستیت ئەنووسمەوە.
لە سووتانی غەریبیشدا
خۆشەویستیت: نیشتمانی
گزنگ دان و هەڵهاتنمە!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#زنەی_شیعر
#توانەوە
🎀 @Sherko_bekas

سەعات دووی دوای نیوەشەوە
وەکوو هەورێکی ژان گرتوو
وەک ماینی حیلە کردووی
جوانوو ون بوو.
ئیسته ئاوا شڵەژاو و
وەکوو دایکم خەم لێ نیشتوو.
بەم ناوەختە
لە نسێی ژووری تەنیایی و غەریبیما
شیعرێ هاتووە بمنووسێ و
لەدواییدا بمخاته بەر باخەڵیەوە و
لەگەڵ خۆیدا دوور دوور بمبا.

سەعات دووی دوای نیوەشەوە
شیعری چاوڕەش، بەسەر سەرمەوە وەستاوە
ئەو هەر ئەڵێی ڕەشە ڕێحانەی هەڵچووە و
چاوی منیش، ئەڵێی کانی
گوندی تازە ڕاگوێزراوە.

سەعات دووی دوای نیوەشەوە
من خەوم دێ و ئەو ئەیەوێ هەر بمنووسێ
درێژ ئەبم و ئەو ئەیەوێ هەستمە سەرپێ
کاغەزێکم خۆم لوول داوە و ئەو ئەیەوێ بمکاتەوە
چاو لێک ئەنێم.. ئەو ئەیەوێ
بچمە ناو هەردوو چاوێوە.

من پێی ئەڵێم:
کولـلەی نامۆیی و غەریبی
بەم ڕۆژگارە
بەم شەوگارە
گوڵەگەنمی گیانم ئەخوا
وەختێکی تر سەر بەرەوە.
ئەو پێم ئەڵێ:
تا نەبارێم ناڕۆمەوە
هەتا قەد قەد نەتکەمەوە ناڕۆمەوە.

ئەو هەر ئەڵێ و من بێدەنگم
ئەو ئەڵێ دەی من ئەڵێم نا
ڕاما و ڕاما
وەکوو دووکەڵی جگەرەم
لە پەنجەرەوە چووە دەر
کە هاتەوە دەستی شۆخێکی گرتبوو
ئەتووت بەفر و گوڵەزەردە
لەسەر یەکەم کورسی بەرمبەرم داینا
وتی: ئێستا
هەر وتم نا

سەعات سێی دوای نیوەشەوە
وەک یەکەم جار چۆن هاتبوو
ئیسەیش ئاوا بەسەر سەرمەوە وەستاوە
نە ئەو ئەڕوی، نە من ئەمویست هەڵمسێنێ.

ئیتر خەو هێندەی نەمابوو وەکوو منداڵ بمفڕێنێ
لە پڕێکدا چریکانی
ئەو کاتەی پێڵوم هەڵبڕی
بینیم شیعری چـاوڕەشی شاخ
بەر ئاوێنەی خەیاڵی ژوورمی گرتووە
جامانەیەکی خوێناوی
دوا شەهیدمانی بەستووە.

وتی: ئیستا؟
ئیتر هەر ئەو هەستانە بوو
من سەنگەر و ئەو نمەی خوێن
من دەشت و ئەو دەنکە تەرزە
ئیتر هەر ئەو داچڵەکین و هەستانە بوو
قەد قەد گیانم بۆ کردەوە
هەر نووسیمی و هەر نووسیمی
باری و باری تا ڕۆژ بۆوە
من نەمزانی ئیتر دوایی
ئەو لەناو مندا توابۆوە
یان من لەودا توابوومەوە؟!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#شایی_شەهید
.
عەشق قەت ڕەوانبێژ نابێ
چونکە سۆزی گڕستانێ
لە هەناوی ئەو بەربووە
مەگەر تەنها
هەر بێدەنگی
باسی بکا و
هەر بێدەنگیش
دەنگەکانی ئەو دەربڕێ!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#زنەی_شیعر
#ئیرۆتیک

لەم ساتەدا
هەر وەکوو ئادەم و حەوا
ڕووت و قوتین.
کە دانیشتین
خاولییەکی پەمەیی ئەدەی بە خۆتدا.
لە خاولیدا.
دوو باڵندەی سپی تیایە
چاوم لێیە وا هەردووکیان
لەسەر گۆی مەم نیشتوونەوە
له پڕێکدا ئەجووڵێت و
تەیرێکیان دێتە خوارەوە
بە سەر کانیی بە گژوگیای
نزیک ناوک!

"تەماشام خەریکە شێت بێ و
دەم و لێوو پەنجەکانم دائەگیرسێن!"
ئیتر من خۆم بۆ ناگیرێ و
ویقار ئەخەمە سوچێکی ژوورەکەوە و
خاولیت لەسەر ئەکەمەوە و
فڕێی ئەدەمە سەر بۆفێ و
باڵندەکان لە پەنجەرەی
کراوەوە ئەچنە دەرێ و
لە جێی ئەوان ئەمجارەیان
دەم و دەستم
تینوو.. تینوو.. ئەنیشنەوە!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#هەست_و_نەست
.
Forwarded from اتچ بات
🎀 @Sherko_bekas
#دوا_مەنزڵ

تۆ هەر بڕۆ هەر بڕۆ
هەتاکوو ئەگەیتە "ئەستەموڵ"
لە کەنار "بسفۆر"دا ژنێکی سیحراوی
لە شێوەی شەهرەزاد ئەبینی.
کەمەندێ هەڵئەدا و خۆت لادە نەتگرێ و
نەتخاتە ناو داوی لەشیەوە.
دەرباز بەو هەر بڕۆ و هەر بڕۆ.
هەتاکوو ئەگەیتە ئەسیناو لە چەقی
سەنتەردا "ئەفرۆدیت" ئەبینی و ئەیەوێ
بتباتە ماڵەوە. بەهێز بەو لا مەدە.

هەر بڕۆ هەتاکوو ئەگەیتە "پاریس" و
لەم شارە شۆخەیشدا تۆ "ئەلیزا" ئەبینی و
ئەیەوێ بە شیعری ئاراگۆن مەستت کا و
لا بدەی. لا مەدە و هەر بڕۆ
هەتاکوو ئەگەیتە شاجوانی شارێکی
گوێ زەریا. پۆلێ کچی نیوە ڕووت،
دێنە سەر ڕێگاکەت. باوەشت پیا ئەکەن.
حەز ئەکەن بۆ شەوێ بتخەنە ناو سنگ و بەرۆکیانەوە. بەهێز بەو لامەدە و هەر بڕۆ.

ئەچیتە زەریاوە.
تۆ ئەبی بە ماسی و هەر بڕۆ.
هەفتەیەک و دوو هەفتە و زیاتریش
نە لەلای مرواری و نە لەلای مەرجان و
نە لەلای ئەستێرەی ناو بەحریش لامەدە.
هەتاکوو ئەگەیتە وشکانیەکان U.S.A،
هەر بڕۆ هەر بڕۆ و لامەدە تا "فێرفاکس"،
ئەچیتە بەردەمی خانوویەک دوو نهۆم.

لێرەدا لابدە و سەرکەوە،
خۆت ئەکەیت بە ماڵدا.
نە لە ژوور نە لە هۆڵ لامەدە.
ئەمجارە لابدە و ئەچیتە موبەقێ،
خۆیەتی ژنێکی لاوازی سەر لەرزۆک وەک پاییز
پێست چرچ و چاوکزی فەقیانە هەڵکراو ئەبینی.
"شەفیقە سەعید"ە و خۆیەتی و
ماچی کە و ماچی کە و
ئەمجارە دانیشە و هەڵمەسە و قەت مەڕۆ!

کۆتایی ۲۰۰۷
🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#زێ_و_زنه
.
2024/09/27 07:34:38
Back to Top
HTML Embed Code: