Telegram Web Link
#تەتەر

وەختێ تەتەرەکە کوژرا
هەموو نامەکانی ئێمەی گەیاندبوو
تاقە نامەیەک پێی مابوو
تاقە نامەیەک نەگەیشت
نامەیەک بوو کە تەتەر خۆی
بۆ دڵخوازەکەی نووسیبوو!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#هەست_و_نەست
#خۆزگە

هەموو شەوێ
بە قەڵەمەکەی خۆم ئەڵێم
ئەگەر گڵۆپی شیعری تۆ
هەر بە خوێنی شەهیدی نوێ
دابگیرسێ
دەبا ئەوسا
ئەو خۆزگەیەم بۆ بێتە دی
دەست بشکێ و
تەمەن کورت بێ
دەبا ئەوسا
چش لە تۆ بێ
خەڵک بژی و
شیعر بمرێ!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#ئاوێنە_بچکۆلەکان
#ئەلیزابیت_وای_وت

پەردەیەک هەیە لە نێوان
من و تۆدا
نە لە بەرد درووست کراوە و
نە لە خشت درووست کراوە و
نە لە قوماش
نە لە ئاسن
پەردەیەک ئێجگار تەنک
بەڵام نە بە دەست ئەبڕدرێ و
نە بە پاچ و
نە بە گولـلە
پەردەی نێوان دوو ئاوەزە
کە سەدان ساڵ دوورن لە یەک!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#زنەی_شیعر
.
Forwarded from Şêrko_bêkes
Şêrko bêkes bo qasimlû
Telegram ☞ @Sherko_bekas

قاسملوو... تاڤگەیەک لە گوڵاڵە و
دڵێ لە پەمو...

شێرکۆ بێکەس بۆ ڕێبەری ئەوین و ئازادی " دوکتۆر قاسملوو"
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
دوایین چاوپێکەوتنی دوکتۆر قاسملوو و مامۆستا شێرکۆ بێکەس و قسە و باسی مامۆستا شێرکۆ بێکەس سەبارەت بە پێغەمبەری ئاشتی "دوکتۆر قاسملوو"

🎀 @Sherko_bekas
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
مامۆستا شێرکۆ بێکەس بۆ پێغەمبەری ئاشتی "دوکتۆر قاسملوو"

🎀 @Sherko_bekas
#مەودا

شیعری تۆ هەر تاقە ژوورێ
جێژوانی ئەوینێتی
شیعری تۆ هەر پەنجەرەیەک
ئاسۆی هەموو تێڕوانینێتی
شیعری تۆ هەر کورسی و مێزێ
هەموو گێتی و گەردونێتی
بۆیە شیعرت تەنگەنەفەسی
کورتە بنە و
هەرچەند مەترێ
مەودای هەموو فڕینێتی!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#ئاوێنە_بچکۆلەکان
.
#پرچ

بۆ چەند ساتێ
پرچی ئاڵان لە ملمەوە
کە پرچ ڕۆیشت و
خۆم مامەوە
وەختێ کە دەستم هەڵبڕی
بۆ گەردنم
گوڵی لاولاو
نووسان بە پەنجەکانمەوە!

🎀 @Sherko_bekas

شێرکۆ بێکەس
#هەست_و_نەست
Şêrko_bêkes
#ئەسپێکی_سوور بۆ شەهید د. جەعفەری شەفیعی ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ بەشی "۲" 🎀 @Sherko_bekas تەم و مژ بوو، ئەم دەست ئەو دەستی نەئەدی تاریک.. تاریک وکوو گلێنەی نابینا لە گوێی کێودا ترس و بیم ئەزرنگانەوە ژەنگ و ژاری دوای هەرەس بوو خم خۆرکی لینجی…
#ئەسپێکی_سوور
بۆ شەهید د. جەعفەری شەفیعی
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی "۳"
🎀 @Sherko_bekas

ئەو کاتەی شیعریشم وەک خۆم
بەن کاڵەی کاڵە و پێتاوی عەشقی بەست و
شاخی هەڵۆکانی کردە قیبلە و ڕووگە
لەوێ لە یەکەم سەفەری پەڵکە ڕەنگینەی شیعردا
بە ژێر ڕێژنە و لێزمە و شەوی گۆپاڵە باراندا
کە بە خۆم و هەگبەی بە شیعر ئاوسی
بە شان تەکەی تەککەرمەوە
ڕوومان کردە هۆبەی دەوارە شێدارە،
لە نایلۆن گیراوەکانی ئێوەی عاشقی ئازدای.

بەر لەوەی کە پەنجەکانمان یەک بناسن
ناوەکەت وەک گیزەگیزی شڵخەی
هەنگی دەم بە شیلەی
لە شانەکانی نێو سەرما گڕی ئەخوارد
"د. حەعفەر... د. جەعفەر"
چاوەکانم بنەبانی دەوارەکەت بۆ ئەگەڕا
کەچی تۆ وەک بەورێ بێدەنگ
لەلا پانکێکی نەپندی خوارەوەدا
هێور.. تروشکەت کردبوو.

دەرلنگی شەڕواڵ تا ئەژنۆ قوڕاویی
یەخەی کراسێ چرچ و لۆچ
ڕەنگ پێ نەما و دوو نیگای ژێر
چاویلکەیەک زەڕەبیندار
ئەتوت ڕەشە ڕێحانەی مل
بە لارەوە گرتووی دوای شەستە بارانی.
لە وەرزێرێکی لای سنە و سەقز ئەچوویت.
هەر وەکوو ڕاستی ساکار و
وەکوو منداڵانی بۆکان تۆ سادە بووی.

تۆ هەر لەو گوڵانەت ئەکرد
کە لە هەناوی بەردەوە سەر دەردێنن
بە بێ گوڵدان و شووشەبەند
بێ بانگەشە، لە ژێی دەزوولەی گیان ئەدەن
لەویشەوە بۆ هەورەبانی ڕەشێنەی
گلێنەمان پێ هەڵئەگرن.
وەختێ هاتیتە لامەوە و
دەستت لەسەر شانم دانا.

ڕووی بەخەندە هەڵگەڕاوی
وەک هێرۆ ئاڵت.. تێ کردم
منیش گوێم نا بە گوێچکەی وشەی دانار و ڕەوانتەوە
قسەکانت وەک گەنمی قەندەهاری،
بە پێزو وەک گوڵەمێخەک بۆن خۆش بۆن خۆش.

وەکوو دڵی هەژارانیش بێ گرێ و گۆڵ
کە وەختێکیش، دواتر، دەرگای
قەفەزی سنگم کردەوە
پۆلە شیعرێکم بەرەڵڵای ژێر دەوار کرد
ئەوساکە تۆیش بە گیانێکی
قوڵپ دەری سەر ڕێژەوە
بووی بە مزگێنی باڵ گرتوو
باوەشی سۆزت پیاکردم
گەرم... گەرم... ماچت کردم.

ئەی کڵاوە قوچەکەی بەڕووی هەژاران
ئەو باوەشەت کوانووی بەکەڵە پشکۆیە و
لە ڕۆحما سارد نابێتەوە
ماچەکانیش چڵە کاجی هەمیشە
سەوزی چوار وەرزەی ڕواوی ناو یادگارمن
وەکوو بەهار بیرناچنەوە.

دەلالۆ.. لالۆ.. لالۆ.. وەرەوە
سەربەرەوە.. وا وەرەوە
سواری ئەسپە شێکەت بەوە
هۆ بە هۆیە و زایەڵەیە
ڕێبەندان و بەفرانبارە
شیعر چلوورە فرمێسکی بۆکانە نازدارەکەت
تا "ئازادی"ش وەک بۆکانە نازدارەکەت
شۆڕەژنێکی غەمبارە!
دە لالۆ.. لالۆ.. هەستەوە
سواری ئەسپە شێکەت بەوە.

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#شایی_شەهید
.
سڵاو ئەی هێلانەی شیعر!
ئەی ئەو ژوورە بچکۆلانەیەی
هەموو شەوێ
ئازادی ئەهاتە ناوت و
نیشتمان ئەهاتە ناوت و
شەهیدان ئەهاتنە ناوت و
جێگەی هەموویشیان نەبۆوە
سڵاو ئەی هێلانەی شێعر!

@Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
Forwarded from اتچ بات
#هێلانە
🎀 @Sherko_bekas

سەرگەڵووە!
کەڵێک بەسەر شاخانەوە
قۆچی مێژووی لەبەرد دایە و
جەستەی لە ئاوێنەی خۆرە و
ڕۆحی لە مانگەشەو دایە و
بازرەقەکەی باڕژنیشی
چەخماخەیە و لە هەورایە و
ئەگاتە خوا!

لەو قۆچەوە دائەبەزم
سەربەرەوخوار، لەگەڵ جۆگەی
خاڵ خاڵ بە سێبەر و هەتاو
نیوەی دیار و
نیوەی ونی ناو گەڵای دار
سەربەرەوخوار لەگەڵ ئاودا دائەگەڕێم
لەگەڵ خەیاڵێکی سەوزا
وەکوو ئێستا و

لەگەڵ خەونێکی پەرت پەرتی شپرزەدا
وەکوو ئەوسا دائەگەڕێم
چون داگەڕانی زووی سێبەر
کە نیوەڕوانی ناو دەربەند
لە پڕێکدا
ئەکا بەزەردی ئێوارە

ئەمجارەیان من تەماشای
بێباکانەم لە جۆگەی ئاو
بێباکترە و دائەگەڕێم.

چون باڵندەی بێ دەربەستی
ئاسمانێکی بێ تەیارە.
چون سەیرانکەری پاڵکەوتوو
لە ژێر کەپرا ترسم نییە و
دائەگەڕێم بۆ بەرگەڵوو
ئەچمەوە بۆ ژوورەکەی خۆم
ئەچمەوە ناو خەونەکانی ئەوسا و
یادگار ئەدەم بەخۆمدا.

سڵاو ئەی هێلانەی شیعر!
سڵاو ئەی ژووری بێ ژن و
ژووری برسی و
ژووری سیخناخ لە تەنیایی و
ژووری پڕپڕ
لە وردە ئەستێرەی شکاو
لە بیەوەری بەجێماو.

سڵاو ئەی هێلانەی شیعر
خۆ لە بیرتە سەردەمانێ لە باوەشتا
جاری جاران
من شیعرم ئەکرد بەنانی
کۆڵەپشت و، بە مەتارە و،
بە فیشەک و، شیعرم ئەکرد

بە گوڵاو و ئەمدایە دەست
ئەم دەربەندە و
ئەویش لەزامی شەهید و
قژی خۆڵاوی دێهات و
ئەم درەختانەی ئەپرژان.

سڵاو ئەی ژووری مامانی
ئەو کچ و کوڕانەی شیعرانەی
ئەگەر ئەوان نەبوونایە
من سەری وشەم وا بەرز و
ناوچەوانم وەک ئاوێنەی
بەفری سەر دوند
ئاوا ڕووناک
لەبەر دەمتا ڕانەئەگرت!

سڵاو ئەی بەرگەڵووی داڵدەی
مێژووی برینداری ئێمە وەختی نەهات!
ئەی باوەشی واڵای سپی خۆشەویستی
بۆ چیرۆک و بۆ هۆنراوە و
بۆ قەڵەمی

ورە سەوزی ناو مەرگەسات
ئەی ئەو کڵاوە بەردینەی
سەری ئێمەت لە ڕێژنەی کارەسات و
لە وەیشوومەی
بەعس پاراست.

لە هەرکوێ بم وەکوو دەستەکانی دایکم
دەستی دەربەندتم لە بیرە...
وەکوو قژی کچەکانم
دەوەندەکانتم لەبیرە.
وەکوو شیعرە گەچکەکانم
منداڵەکانتم لەبیرە.
وەکوو شیعری درێژیشم
ئەم جۆگەیەی تۆم لەبیرە.
سڵاو! ئەی بەرگەڵووی داڵدەی
خامەی برینداری ئێمە وەختی نەهات.

سڵاو ئەی هێلانەی شیعر!
ئەی ئەو ژوورە بچکۆلانەیەی
هەموو شەوێ
ئازادیی ئەهاتە ناوت و
نیشتمان ئەهاتە ناوت و
شەهیدان ئەهاتنە ناوت و
جێگەی هەموویشیان نەبۆوە
سڵاو ئەی هێلانەی شێعر!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
لە کتێبی " #زێ_و_زنە "
بە دەنگی پڕسۆزی ئیمپراتۆری شیعری جیهان
"شێرکۆ بێکەس"
.
#قەسیدەی_باران

لە کەناری
گۆمی "وان" بووم
پەڕە هەورێکی تەنکی
سەر دەریاچەم
کرد بە کاغەز!.
تیز ماڵکێ خۆرنشینم کرد بە قەڵەم
"ئیسه ئامادەم شیعرێکی جوان بنووسم"
بەڵام لە پڕ "با"یەک هات و
پەڕەی هەوری پێچایەوە و
قەڵەمی لە دەست فڕانم و
ئەو شیعرەی ئەمویست بینووسم
ئیتر نەمتوانی بینووسم!

بەڵام خودا لە خۆرئاوای دەریاچەوە
لە ئاسۆیەکی شینباودا
قەسیدەیەکی بارانی
ئێجگار شۆخ و شەنگی نووسی!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#هەست_و_نەست
.
#ڕووبار
🎀 @Sherko_bekas

دڵنیابن! شیعر خوێنمە
ڕەنگە بۆ پەستیی شاژنێک
بۆ دڵتەنگی پادشایەک
بۆ ترسی دوای خەو زڕانی
کچە میر و شازادەیەک
بە دڵۆپێ چەند دڵۆپێ
زەردەخەنەی خوێنی شیعرم
وەکوو ساماڵ دڵی پاشا ڕوون کەمەوە.
وەکوو هەتاو پەستیی شاژن ڕابماڵم
وەک گوڵە باخ ترسی شازادەی نەنووستوو
گەش کەمەوە...

بەڵام هەر ئەوەندەی جارێ
چووم و خوێنی شیعرم دانێ
دڵنیابن لەو ساتەوە
وشەم.. ئەمرێ
ڕستەم.. ئەمرێ
بەستەم.. ئەمرێ
کەچی هەمان خوێنی شیعرم
بەم ڕۆژگارە ڕووبارێکە و هەژاری کورد
برینی لەشی پێشمەرگە
کیژی پێ پەتی ناو کێڵگە
یەکە.. یەکە هەر جۆگەیە و لێی هەڵئەگرن.

کەچی تا بێت
مێوی بیرم هێشووی وشەی زیاتر ئەگرێ.
باڵی بەستەم، بڵند و بەرز ئەفڕێ و ئەفڕێ.
دڵنیا بن ئەو ڕووبارە
مادەم سەرچاوەکەی "سەر"ی
ئەم گەلەیە
نە کەم ئەکا و
نە وشک ئەکا و
نە ئەشمرێ!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#کەشکۆڵی_پێشمەرگە
.
#دەست

دەستێکم لەسەر مێزەکە و
دەستەکەی ترم لە ملتا.
لە پاش تۆزێ
ئەویان ئەبێ
بە هێشووە ترێی سەر مێز و
ئەوی تریان
لە هێلانەی دوو کۆتردا
خەو ئەبینێ لە باخەڵتا!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#هەست_و_نەست
Forwarded from اتچ بات
#من_لەوێ_ئاوێکی_خنکاوم!
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی "۲" کۆتایی
🎀 @Sherko_bekas

من لەوێ، درەختی شیعرێکی وەڕسم.
ئێواران ناوبەناو ئەچمە نێو دارستان.
دارستان یەک پەلکی خەفەتم ناناسێ.
هەست ئەکەم پێی وایە دارێکم گول بووم و
هەڵاتووم بۆ ئەوێ!
هەست ئەکەم کورسیەکان
حەز ناکەن دانیشم لە سەریان!

بەفرەکەی ئەمبینێ و تەماشای ڕەش ڕەشە!
ڕۆژنامەی دڕاوی ناو میترۆ...
ڕوخساری لە ڕووی من گەشترە...
ناوبەناو من لەوێ کە ئەچمە سەر زەریا
ئەو زەریا گەورەیە ناتوانێ..
پوشێکی بێزارم ڕابدا و..
ئەو زەریا گەورەیە ناتوانێ.
تەنیایی یەک ڕۆژم بخاتە سەرپشتی و
ناتوانێ یەک دڵۆپ فرمێسکم
لە خۆیدا بزرکا!

هەندێ جار، من لەوێ تەنیاییم هێند چڕە
هەموو جار، خۆرەکەی، مۆسیقای،
سەماگەی تا نیوەی ڕێگا دێن ئەشکێن و
ناگەنە ناو ڕۆحم...
من لەوێ تەنیاییم ئەوەندە تەنیایە..
گەر جارێ بە سەردان.. بیابان
قاقڕیش بێ بۆ لای..
هەست ئەکا ئەو جارە. کۆتایی دنیایە!

هەر لەوێ جادەکان ڕووناک و ماڵەکان ڕووناک و بن ئەرزیش ڕووناک و وەلێ من هەورێکی زۆر تاریک. هەر لەوێ بەرەو دوا کافتیریا و باڕەکان ئاپوورە و بە ژاوە و جماون لە خەڵکا.. وەلێ من شیعرێکی زۆر چۆڵ و زۆر تەنیا.. هەر لەوێ گوڵفرۆش زۆر زۆرن و ژنە گوڵ زۆر زۆرن و وەلێ من پەلکێکی ناو پاییز.

بەهار دێ و هاوین دێ و وەلێ من یەک فەسڵ و هەی پاییز. وەلێ من ڕوانینم لیخن و وەلێ من دەقیقە و سەعاتم ژاکاو و پێکەنین چرچ و لۆچ هەر لەوێ. جار و بار، هەر لەوێ فڕۆکە ئەمباتە ژوور هەور و خەریکە دەست بدەم لە چوکڵە ئەستێرە..
وەلێ من لەوێ نیم.. لە خوارێم
لای ئێوەم... پاییزە ئازیزان
هەر لێرە..!!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
ــــــــــــــــــــــ
لە کتێبی " #پاییزه_میوان "
بە دەنگی پڕ سۆزی ئیمپراتۆری شیعری جیهان
"شێرکۆ بێکەس"
.
بەردی چی ئەگریتە زریان
ئەو هەر بەردێکی تێ بگری
لوولی ئەدا و
بەرەو دۆڵی بیرچوونەوە ئەیبا!
سەگوەڕەکەی دەوری منیش
با بەم "مانگ"ی سەر و ملەم
تا ئەتوانێ
لە خوارەوە
هەر بوەڕێ!
🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
🎀 @Sherko_bekas

چنارێک ئەیپرسی و
گوڵەکان پەنجەیان هەڵئەبڕی!
ـ هۆی چییە
ئەم گۆمەی تەنیشتمان
هەمیشە وا ماتە؟!

گوڵ هەنار وەڵامی دایەوە
ـ هۆیەکەی ئەوەیە زۆر بیری
سەرچاوەی دایکی خۆی ئەکات و
نایشتوانێ وەرگەڕێ بۆ دواوە.!
ـ نەتزانی!

هێرۆیەک: پێئەچێ
ڕاوچیەکان بۆ ماسی
بێزاریان کردبێ!
ـ نەتزانی!

گوڵ لیمۆ: پێئەچێ و وادیارە
ڕەشەبا نەهێڵێ شەو بنوێ.
ـ نەتزانی.
ـ ئەی چییە خۆت بیڵێ؟!

ـ گوێ بگرن، شەوێکیان، من بینیم
کە مانگ نووست، سەری خۆی داپۆشی.
خێڵی خوێن هاتن و
کێچکی عاشقیان تیا خنکان..!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
ـــــــــــــــــــــــــــــ
لە کتێبی #حەفتا_پەنجەرەی_گەڕۆک
.
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
#چیرۆکی_پیاوێ

فەرش چنێ
هەتاکوو مرد
فەرشی چنی و گوڵی چنی.
بەڵام ئاکام:
نە فەرشێکی هەبوو بۆ خۆی
نە کەسێکیش
گوڵێکی خستە سەر قەبری!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#زنەی_شیعر
کەناڵەکانی سەر بە لێژنەی تاپوی نووسراوە، خۆشحاڵ ئەبین بۆ چێژ و کەڵک بردن لە گوڵبژێرێ جوانترین بابەتە کوردیەکان هاوڕێمان بن🌹

تاپوی نووسراوە
@tapuynusrawe

فێرگەی زمانی کوردی(کوردی، فارسی)
@F_z_kurd

شێرکۆ بێکەس
@sherko_bekas

فێرگەی زمانی ئینگلیزی(کوردی، فارسی)
@English_for_kurdistan

عەبدووڵڵا پەشێو
@abdulla_pashew

بەختیار عەلی
@bextiyar_eli

🍃🌺
#یەک_وشە

کاتێ وتت "خۆشم ئەوێی"
ئیتر وشەی "خۆشم ئەوێی"
لە بەر چاوم
جارێک ئەبوو بە پەپوولە و
لەسەر دەستم ئەنیشتەوە و
جارێکی تر ئەبوو بە پرژەی قەڵبەزە و
تنۆک تنۆک لێ ئەدام و
جارێکی دی ئەبوو بە پەنجەرەی هەور و
من بە مانگ و هەڵئەهاتم و
لە پڕێکدا ئەبوو بە شەقامی بەفر و
من بە چرایەکی سوور و

ئیتر وشەی خۆشم ئەوێی
هەتا ئەهات گەورە ئەبوو
تا وای لێ هات
ئێوارەیەک
بوو بە خەرمەنی هەڵاڵە و
ئێوارەیەک
بە ژوور و ماڵ و شیعرەوە
دای پۆشیم و تیا نوقم بووم!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#هەست_و_نەست
.
2024/11/15 18:02:52
Back to Top
HTML Embed Code: