Telegram Web Link
Şêrko_bêkes
#مەولەوی بەشی"۱" دڵۆپه نووری تەوێڵی هەورامان و داڕژانی مرواری ناو زمانەکەم وەختێ برووسکەی خەیاڵ و هەوری وێنە لەیەک ئەدەن. لە خەڵوەتێکی نەقشیدا ئاوێتەبوون لەگەڵ خوادا و لەم لایشەوه لەدایک بوونەوەی سروشتی تر! ڕیشی قۆزاخە بۆ کرمی ئاوریشمین و سەری گوڵدان بۆ…
#مەولەوی
بەشی"۲"

تۆ ڕەنگت ئەکرد بە دەنگ و
دەنگت ئەکرد بە بینین و
خۆت لە بۆنی (ئەهلی مەعنا) و نزاکانی (تصوف) و عەشقی گەورەی (سراج الدین) هەڵئەکێشا.
تۆ وردبوونەوەی ئازار بوویت لە ساتە وەختی پشکوتن
شەونخونی دڵۆپەکانی شەونم بووی بە دیار وەنەوزی گەڵاوە
ڕەنگدانەوەی ژێیەکانی ئاواز بوویت و
لەناو یەکێتی وجوودا سەرسام بوونت
لەسەر باڵی پەپوولەیەک...

لەناو زاری خونچەیەکدا و
لە خاڵی خاڵخاڵۆکەدا و
لە نیگای عەنبەر خاتووندا و
لە باڕژنی ئاسکێکدا و
لە کڵاوی بەڕوویەکدا...ئەبوون بە شەوی تەماشا و لێکیان ئەدا.

تۆ ئەوەندە دیقەتتدا لە ڕووناکیی نامەکانی (ضیاالدین)
تا ڕووناکیت شەیدای گلێنەی خۆت کرد و
ئەویش ئیتر هەردوو بیلبیلەی چاوانتی
لە هەوری ڕۆحدا هەڵگرت و
بڕدنی بۆ مەولانەکەی شارەزووریی.

لەدوای کۆچی ئەو دوو چاوەیش
تۆ بیناییت گواستبۆوە بۆ دەروون و بۆ هەناوت
لە دە پەنجەدا دە چاو و
لە جێی دوو چرای ناو سەرت
ئیتر شیعر...شیعر
یەک لە دوای یەک ئەهاتن و
ئەبوون بە چاو و هەتاوت
ئەی حەزرەتی هەژارانی تاوەگۆزێ!

🎀 @Sherko_bekas
#شێرکۆ_بێکەس
#ژن_و_باران
#لە_بیرەوەرییەکانی_دار_مێوێکەوە

لەناو دەفتەری ڕەزێکدا
دار مێوێ ئەم یادداشتانەی نووسیبۆوە:
_وا هەڵ ئەدەم!
ئەمڕۆ من بووم بەر لە ئێستە
بە دزەدزەوە ماتەمات
دوو منداڵی چەتون هاتن
دایانمە بەر گڵمتک و بەرد.

ئاخ، چەندم لێ هەڵوەرییە عەرد
منداڵەکان، بە خۆیی سەر لەپی دەستەوە
بە مڵچە مڵچ لێیان خواردم
هەتاکوو دانیان ئاڵ بۆوە.
بەڵام ئاخر خۆ من ناهەقیشیان ناگرم!
من ترشم و ئاو زانە دەم،
لەو دوورەوە
سوێ ئەکاتەوە ناو دڵەوە
عافێتیان بم!

_ئیستە من قژم پڕترەو بووم بە ترێ
ئەمڕۆ لە نزیک منەوە
بوو بە شەڕێ نەبێتەوە!
لە عەسرەوە تا ئێوارێ، شەڕ خایاندی
لە دوای شەڕیش پێشمەرگەیەکی زامدارم
لەژێر گەڵامدا شاردەوە.
لە ژێریشەوە دەستم برد
یەک دوو هێشووم لە سنگی خۆم بۆ کردەوە و
دامە دەستی!

_ڕنیویانم، بەڵام لەناو کونەبەردا
چەندین هێشووی فلیقاوەم
بوون بە بادە.
دوێ ئێوارە، شاهۆیەک بوو بە میوان
لە ئاوی ئاڵی خواردمەوە
هێندەی نەبرد شاهۆ مەست بوو
سەرخۆش...سەرخۆش
نە لەسەر قاچ، نە لەسەر کلک خۆی نەئەگرت!

ئیتر بەدەم خواردنەوەوە، تا درەنگان
هەتاکوو نوسیت
شاهۆ هەر شیعری بێکەس ی
بۆ من و ڕەز ئەخوێندەوە!

_بەفر ئەبارێ و بووم بە مێوژ
کراومەتە ناو قاپەوە و
لە بەردەمدا دانراوم.
داپیرەیەکی قژ سپی
زارۆکانیش بە چوار دەورا.
وەک تامی من
حیکایەتی ئەمشەو خۆشە.

کە داپیرەیش گەیشتە سەر:
هاتمەوە هیچیان نەدامێ
لەناو بنی توورەکەدا
منیش هیچی وام نەمابوو
هەتا بخورێ!

(1988)
🎀 @Sherko_bekas

#شێرکۆ_بێکەس
#ئاوێنە_بچکۆلەکان
Forwarded from اتچ بات
#دەربەندی_پەپوولە
ــــــــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی "۲۱"
🎀 @Sherko_bekas

چەندین جار بەو کاجی دەستانەت
تاریکیت شێلاوە و
کردووتە بە نانی ڕووناکی
چەندین جار تینویەتیی چاوانت کردووە بە کانی.
چەندین جار لە پشتی مەحاڵ و خەونەوە
تۆ مانگ و ئەستێرەت بە پێرو(۱) بۆ خەزاڵ ھێناوە.
چەندین وەرز لە قوڕی شەوەزەنگ
تۆ خشتی ھەتاوت بڕیوە و سەر لەنوێ
لە زەویی لە تینوان کوێربوودا
بنیاتی پرشنگی دوو چاوی خۆت ناوە.

لە عومری شاخەوە مشاری زەمانێ نەماوە
سەرنەکا بە خوێنی مێژووتا
لە عومری شاخەوە پەیکانی سوڵتانێ نەماوە
بە نووکی خۆیەوە ئەم سەرە یاخییەت بانەدا
سوڵتان مرد.. بەرد نەمرد!
شمشێر مرد.. با نەمرد!

"منیش نیازمە، ئەم گۆزەیەی سەروملم تێک بەمەوە.
جارێکی دی بیشێلمەوە، لەبەر ئەوەی ماوەیەکە،
ئاوی خەیاڵی لێ ئەچێ. شیعرەکانم فێنک ناکا و
وشەیشی پێوە ناوەستێ. منیش نیازمە، گردۆڵکەیەکی
چەپەکی ناو دەروونم، بکەم بە گۆڕستانی ھەموو
بەرھەمە مردووەکانم.

نیازم نییە گۆڕەکانیان
بۆ ھەڵبەستم. یاخود لەسەر کێلەکانیان ھیچ
بنووسم. نیازم وایە ئیتر ئەستێرەی یادگار، لە کلۆری
ھیچ دارێکی زڕی خەڵکا نەشارمەوە. نیازم وایە،
من لە ساکۆی ئەم مەڕمەڕی ڕەشی شەوە، پەیژەی
ھەتاو دابتاشم.

نیازم وایە بۆ ئەم فڕینە تازانە،
ئاسمانی نوێ، شەقژنی نوێ، بدۆزمەوە.
نیازم وایە، ھەرچی ھەڵمی دەربەدەر و ئاوارەیە
لە شەوێکی ئێجگار ساردا، لە ئاسمانی کوردستاندا
کۆکەمەوە. دواتر کوورەی ھەناوی شیعری
"نالی"یان بۆ دابخەم. ھەتا ئەبن بە شەستەباران و تۆف و
تێکەڵ بە دایکمان ئەبنەوە.

نیازم وایە خانوویەک بۆ
شیعری سبەینێ و دواڕۆژم دروست بکەم. وێنەی نەبێ.
"بریتۆن"(۲) بە خەو نەیدیبێ. خانوویەک بێ:
لەقەدپاڵی شەماڵێکی سەوز و سووردا.
بەسەر پێدەشتی ھەورێکی ئەرخەوانیدا بڕوانێ.
دیوارەکانی مەڕمەڕی تەم و مژ بن.
دەرگاکانی لە دار ئەبەنووسی شەو بن.
ھەموو پەنجەرەکانی لە
ئەلەمنیۆمی ھەتاو بن.
بە کۆنکرێتی ساماڵیش بنمیچەکەی داڕێژرابێ.

من ئەگەر بێ و لە خانوویەکی وادا بنووسم
بە زمانی خوایی پەتی شیعر ئەنووسم
پیتەکانم کلووی بەفر و تەرزە ئەبن.
وشەکانم گڤەی زریان.
قەڵەمم باڵی فریشتە و دەفتەریشم شەپۆل ئەبن.

من نیازم نییە لە ژێر ئەم ڕەشماڵی
شیعرانەدا خەیاڵ پیر کەم.
یان ھەر لەژێر یەک سایەدا
گوڵەکانم پرچی سپی بهۆننەوە.
ڕەنگە دوای یەک چرکەی تر من
بگوێزمەوە و بڕۆم بچمە وڵاتێکی دیکەی جوانی.
ڕەنگە بچمە ئەپارتمانی "ڕۆمان"ەوە
یان ناو کەشتیی شانۆیەک و
یاخود ئەستێرەی تابلۆیەک
یان ھەر ببم، بە "ئاخ"ێکی ناو گۆرانی و
لە جۆلانەی ئەودا بمرم!"

----------------------------------------
(۱). پێرو: چەند ئەستێرەیەک، هێشووە ئەستێرە
(۲). بریتۆن: "ئەندرەیە بریتۆن" شاعیری سریالی بەناوبانگی فەڕەنسا

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس

بە دەنگی پڕ سۆزی ئیمپراتۆری شیعری جیهان
"شێرکۆ بێکەس"
.
Forwarded from اتچ بات
#دەربەندی_پەپوولە
ــــــــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی "۲۲"
🎀 @Sherko_bekas

ڕشتەیەک پەند و بەردنووس و قسەی نەستەقی ئەمڕۆ کە
سەرچاوەیان لە شاخ و خوێن و دووکەڵ و ھەرەسەوە ھەڵقوڵیوە:

یەکەم:
کە ڕەشەبا ڕێی پێ گرتی
ببە بە شاخ.
کە شەماڵ ھات بە پیرتەوە
ببە بە باخ!
«ئەم قسەیەم لەڕۆژنامەی
دار بەڕوویەکدا خوێندەوە»

دووەم:
لە ئەشکەوتدا
بەیانییەک کزەبایەکیان زنجیر کرد
بۆ ئێوارە لە دەربەندا
کزە با بووبوو بە زریان!
«ئەم قسەیە لە تەوێڵی
کێوێکی ڕەش ھەڵکەنرابوو»

سێیەم:
ئەوە.. پەڕەسێلکەیە وا ئەفڕێ؟
یاخود قیژەی،
ڕەش و سپیی دایکم؟!
«ئەمەیش قسەی منداڵێکی ھەڵەبجەیە
بە نیو دەقیقە پێش ئەوەی
کەڕ و کوێر بێ»

چوارەم:
ئاخ خوایە ئاخ!
کەی سەرێکیش لە کوردستان ئەدەی؟
«ئەمەیش قسەی ھەموو ڕۆژێکی دایکمە»

پێنجەم:
کە عاشق شێت ئەبێ
بە شیعرەوە ئەیگرێ.
کە شیعریش شێت ئەبێ
بە خواوە ئەیگرێ،
من عاشقم و من شیعریشم!
«ئەمە قسەی ڕووبارێکی سەر ھەڵگرتووی ھەندەران بوو»

شەشەم:
- چۆن ئەنوێ و
ئەو ھەموو خەونانەی کوشتووە؟!
- ئەو ئەنوێ و قەت خەون نابێنی!
«ئەمەیش گفتوگۆی نەھێنیی
نێوان دوو مەلی شارێکی کوردستان بوو»

حەوتەم:
کورد و خوا لێک ئەچن
ھەردووکیان، بێ‌شەریک، بێکەسن!
«ئەمەیش قسەی ھەڵکۆڵراوی
سەر دیواری مزگەوتێ بوو»

ھەشتەم:
کە میوانداریی بەفرت کرد
مەھێڵە گەرمای بێ
نەبادا ماڵەکەت ئاو بیبا!
«ئەم قسەیەم
لە ئاگرێکی پیرەمێرد بیست»

نۆیەم:
⅓ی ڕووبەری ھۆنراوەکانم
لە دارستانی سێدارە و
پەت پێکهاتوون.
«ئەمەیش قسەی شاعیرێ بوو
زۆر کەم ژیا»

دەیەم:
من بۆ خۆم پاچێکم دا لە شاخ
تووڕە بوو، زریکەی گەیشتە عەرشی خوا
کەچی «ئەو» بۆ «سەنگەر»
بە بەرزیی باڵای چەک ھەڵیکەند
گەش بۆوە و پێکەنین لە گیانیا ھەڵقوڵا.
«ئەمەیش قسەی
شایەتێکی ڕاستگۆی وەختی
شەڕی نێوان مەزدەکان و ئەھریمەن بوو»

یانزەھەم:
ئەوەرێم یان ئەڕوێم؟
لە نێوان وەرین و ڕواندا
وەرزێکی دیکەی نوێم.
نە ھەتاو نە سێبەر ھیچیان نیم
خاکێکم تا ئیستە
بۆ شێوە و ڕەنگ و ڕووم ئەگەڕێم!
«ئەم قسەیە لەسەر دیواری ئەشکەوتی
جاسەنە بوو ھەڵکەنرابوو»

دوانزەھەم:
من ھەرگیز ناھێڵم «قەناعەت»
سەر بکا بە ھەوری شیعرمدا
بۆ ئەوەی گەر ھەزار کەڕەتیش ببارێم
وا بزانم جارێکە باریوم!
«ئەم پەندە، قەڵەمێ پێی وتم
تا مردن بارانی خەیاڵی لێ نەبڕا»

سیانزەھەم:
نەیاران!
نازانن من گۆمم؟
نازانن ھەر بەردێ تێم ئەگرن
ئەوانیش لە بنما ئەبنەوە بە ژووری
پڕ گەرا بۆ شیعرم؟!
«ئەم قسەیەش تەنها وەرامێکە کە من
بیدەمەوە و پێشکەشی ئەو بەردانەی کەم»

چواردەھەم:
ئەی نامۆکان!
ئێمە لە تەختەی سەر ئاوی ئاموون ئەچین
نوقم نابین و نایشخنکێین!
بەڵام مشاری شەپۆل و ئەم بڕبەندی کەنارانە
ھێدی.. ھێدی وردمان ئەکەن
ئەماندەنە دەس تاریکیی «ئۆقیانووس» و
تیا ون ئەبین.
«ئەم قسانەش لەسەر کێلی گۆڕغەریبێ
ھەڵکەندرابوون».

1991/01
ستۆکهۆڵم

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس

بە دەنگی پڕ سۆزی ئیمپراتۆری شیعری جیهان
"شێرکۆ بێکەس"
.
Şêrko_bêkes
#مەولەوی بەشی"۲" تۆ ڕەنگت ئەکرد بە دەنگ و دەنگت ئەکرد بە بینین و خۆت لە بۆنی (ئەهلی مەعنا) و نزاکانی (تصوف) و عەشقی گەورەی (سراج الدین) هەڵئەکێشا. تۆ وردبوونەوەی ئازار بوویت لە ساتە وەختی پشکوتن شەونخونی دڵۆپەکانی شەونم بووی بە دیار وەنەوزی گەڵاوە ڕەنگدانەوەی…
#مەولەوی
بەشی"۳"

لە هەورامانی شیعرتا
بەفراوی زمان قەڵبەزەی ناو غەزەل و
خەمت کەف چڕینی ئەو و
لە بناری بەیتەکانتا
کارێزی مانا هەڵئەقووڵێ.
لە هەورامانی ڕوانینتا
سەرنجەکان مانگەشەو و
مەجاز هەور و
وشەت ماڵی پلەپلەی سەر کێوان و
وێنەت هەتاو و سێبەری ناو تەلان و
نوختەت فرمێسکی درەختی هەر دێڕێک و
لە پایزی کۆستەکانتا هەڵئەوەرێ.

ئەتخوێنمەوە و ئیتر خەیاڵم پڕ ئەبێ لە وەنەوشە
تەماشام ئەبێ بە لاولاو
ئەتخوێنمەوە و هەردوو چاوم
ئەبن بە دوو پەپولەی قەترانی و
ئەمبەنەوە بۆ ناو ڕۆحی میوانی تۆ
لای پیرەمێرد
ئەمبەنەوە بۆ سەرشاتە
ئەتخوێنمەوە و دەنگم پڕ ئەبێ لە چنوور
شیعری فێنک لێم ئەدات و
قژم گوڵ ئەستێرە ئەگرێ و
ئەبم بە گەڵای جۆلانە...

🎀 @Sherko_bekas
#شێرکۆ_بێکەس
#ژن_و_باران
#بوخچە

ڕۆژێ هەنگ بوو بە هاوڕێم.
شەوێ قەڵەمەکەم نەنووست
هەتا شیلەی شیعرێکی تازەی نەدامێ.
ڕۆژێ کرمی ئاوریشمێکم بوو بە ئاشنا
شەوێ ئاوریشمی خەیاڵم
قەد...قەد
خۆی لە وشەمەوە پێچا.

ڕۆژێ کۆترێ بوو بە دۆستم
شەوێ ئەوینێکی سپی
هاتە لام و
چەپکێ تیشکی دایە دەستم.

ڕۆژێکی تر گوڵەگەنم بوو بە ئاشنام
شەوێ تیرۆکی قەڵەمم ناسکه نانی
وشەی ئاڵی بۆ کردمەوە و هەتا دوایی
لەسەر سەبەتەی دەفتەرم هەڵمچنی.
بەڵام وەختێ کە هەژارانی کوردستان
بوونە هاوڕێم
شیلە و ئاوریشم و تیشک و نانم هەر هەموو
خستە بوخچەی دەروونەوە و
ئەو بوخچەیەشم دا بەوان!

(1988)
🎀 @Sherko_bekas

#شێرکۆ_بێکەس
#ئاوێنە_بچکۆلەکان
#ماڵەکەمان

ماڵەکەمان، چ ماڵێکی مڕومۆچ و
پەستمان هەیە. ماڵەکەمان!
حەسارەکان...ڕووناکییان دەرکردووە.
دەرگای حەوشە...ڕووخۆشیی کڵۆم کردووە.
نە ڕۆژێ هەتاو ئەبێتە میوانمان و
نە شەوێک مانگ سەرێک ئەدا لە پەنجەرەی سەر ژوورمان و نە جارێک با لە هەیواندا
گۆرانییەکمان بۆ ئەڵێ و
نە باڵدارێک لەلای هەوا و
بارانەوە دێ بۆ لامان.

ماڵەکەمان چ ماڵێکی گرژ و مۆن و
پەستمان هەیە. ماڵەکەمان!
باوکم. باوکم. ڕیشی باوکم
بووە بە پەردەی پەنجەرە و
بووە بە عەبای درەخت و
بووە بە پەچەی گوڵەکان.

ڕیشی باوکم بەر دەرکی خەونی گرتووین و هەوەبان و سەر سەربان و چیمەنمانی داپۆشیوە...
ڕیشی باوکم.
باوکم. باوکم. دەنگی باوکم
لەناو ژووری خوشکەکەمدا،
مقەستێکە ڕائەکشێ و هەڵئەسێت و
لە کەنتۆردا
کراسێکی ئاودامانی تا بەرپێیە.

هەموو ڕۆژێ پەنا و پەسیری ناوسەرمان ئەپشکنێ و بۆ مۆسیقای کراسی کورت و
بۆ لێوی سووری گۆڤار و بۆ دەنووکی ئاوازێک و
بۆ خەیاڵێکی تەنک و بۆ نوکتەی قاچاغ ئەگەڕێ!

ماڵەکەمان، چ ماڵێکی مڕومۆچ و پەستمان هەیە.
ماڵەکەمان دارەمەیتی ماڵەکەمان!

🎀 @Sherko_bekas
#شێرکۆ_بێکەس
#ژن_و_باران
Forwarded from اتچ بات
#بەسەر_لووتکەی_جەستەوە
ــــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی "۸"
🎀 @Sherko_bekas

سەفەرێ بوو، هەرگیز بیرم ناچێتەوە، سەفەرێ بوو، ڕێگایەکی درێژ درێژ، بەڵام بۆ خەونی عاشقان ئێجگار کورت بوو. سەفەرێ بوو، منی کڵاو، دنیای ڕەنگاڵەم تیا بینی، بە یەکەوە جوانی و خۆشەویستیم بینی. منی کڵاو بۆ یەکەمجار ئا بەوجۆرە گەیشتمە ناو سلێمانی!

منی بە تەمەن بەرەو ژوورتر لە گەنجێتی هەڵکشاوم و منی کڵاو، گەلێ چەرمە سەریم دیوە. هەر باشیشە هەتا ئێستاکە من ماوم، خۆشاردنەوە و ڕاکەڕاکەی ئێرە و ئەوێ و چوونە شاخ و بۆردمان و تۆپباران و.. دیسانەوە گەڕانەوە بۆ ناو شار و جارێکی تر هەڵاتنەوە بۆ ئێران و.. بەرپابوونی شەڕی خودە و قەمەکان و بەرپابوونی شەڕی کڵاو و جامانەی براکان و قاچ شکان و سەرشکان و چەند جارێکیش منی کڵاو "با" بردوومی و کەوتوومەتە ناو ئاگرەوە و کەوتوومەتە سەر دڕکەزی و زامدار بووم و بە کورتی من کڵاوێکی نەگبەت بووم و تەنیا بووم و بەڵام تەنها شتێ کە من دڵخۆش ئەکا، هەر ئەوەیە، کڵاوێکم زۆر سەر بەرزانە ژیاوم..!

لە ڕاستیدا لێرە ئازار و ئەشکەنجە و خەمەکانی ئەم میلـلەتە، سەرلەنوێ منیان هەڵشێلایەوە و لە کڵاوێکی بەبنەچە خەڵکی "وارشۆ"وە بە تەواوی بووم بە کڵاوێکی کوردی خەڵکی سلێمانی و سەری پڕی مامۆستا "ف"یش وایلێکردم کە هەمیشە ڕووناک ڕووناکبێ بەرچاوم.

ئەمڕۆ منی کڵاو هاتوومە دەرێ، بەسەر لووتکەی جەستەیەکی لاوازەوە چاو ئەگێڕم، لە شەقام و گۆڕەپاندا، تاک و تەرا کڵاوی وەک خۆم ئەبینم، ئەوەی بەربڵاو ئەمبینی لێرە و لەوێ، دوو دوو سێ سێ، هەر تفەنگ و هەر قەمە بوو. ئەمڕۆیش وەکوو هەموو ڕۆژێکی تر، شار مامزێکی غەمگینە، لە ڕاستیدا ئەو چیرۆکەی لە منەوە دەست پێئەکا تەنها بە خۆم تەواو ناکرێ، ئەگەر لە خوارووی منەوە، برادەران: چاویلکە و ملپێچو پاڵتۆ و چاکەت و پانتۆڵ و پێڵاو یەک لەدوای یەک ئەوانیش سەربوردەی خۆیان کەم بێ یان زۆر، ئەگێڕنەوە.

لە ڕاستیدا ئێمە هەموومان پێکەوە، لە چەند دەرگای جیاوازەوە، ئەچینە ماڵە گەورەکەی کتێبەوە، ئێمە هەموومان بە کۆمەڵ ڕەنگ ئەڕێژین، دیوارەکانیش پێکەوە تا بنمیچ بەرزئەکەینەوە. ئیستەیش هەموومان پێکەوە واین لە دەرێ.

سەر هەڵئەبڕم بۆ نهۆمی بەرزی تەلار، لە پڕێکدا دوو دڵۆپی ساردی باران بەر دەموچاوم ئەکەون و دائەچڵەکم، ئینجا سەر شۆڕئەکەمەوە. بۆ لای مام چاویلکەی خوارێ، سووک پێی ئەڵێم
- ڕۆژباش! چۆنی مام چاویلکە؟
+سوپاس.. سوپاس ئەی تۆ چۆنی مام کلێتە؟
- من خراپ نیم، ئەمڕۆ "با"کەی گەلێ ساردە و وا خەریکیشە ببارێ!
+ تۆ ئەزانی ما دوێنێ شەو هەر نەنووستم!
- چۆن نازانم! هەر خەریکی خوێندنەوە بووی!
+ ڕاستە! یادەوەریەکانی "پاڵتۆیەکی جەنگاوەر"م ئەخوێندەوە، کتێبەکە حەوت سەد لاپەڕە زیاترە. ئەوەی زۆر بەلامەو سەیربوو، ئا ئەم پاڵتۆ جەنگاوەرە باسی هەرچی شت ئەیکات، کەچی به دێڕیش چییه باسی هاوسەرەکەی ناکات!
+ ئەیەوێ دنیایش ڕزگار بکات، بەڵام ژنیشی تیا نەبێت!

- ئینجا باشە ژیانی کلێتەی نێر و پاڵتۆی نێر و چاکەتی نێر و پێڵاوی نێر.. بێ شەپقەی مێ و پاڵتۆی مێ و چاکەتی مێ و کراسی مێ و پێڵاوی مێ.. ئەبێ چی بێ؟!
+ ئەوە مام پاڵتۆ ئەیزانێ!
- ببووره قسەکەیشت پێ نەبڕم.. ئەرێ بە ڕاست ئەچین بۆ کوێ؟!
+ من بزانم هەر بۆ چایخانەکەی خوارێ!

شەقامێکی ترمان بڕی. بەسەر دەمی گوێزانێکی ترا ڕۆیشتین. لەوبەرەوە، تووشی کلێتەیەی ڕەشپۆشی ناسیاوم بووم. ڕاوەستام و تەوقەیەکم لەگەڵدا کرد مامۆستا تەواو گۆڕابوو. ڕەنگی ئاگرێکی کوژاوەی لێ نیشتبوو. چنگەکانی کۆست گوشیبووی، پێشتر دیبووم، دیسانەوە گەلێ دڵنەواییم کرد و دوو سێ جاریش ئەملاو ئەولام ماچ کردەوە. پێم وتەوە.

ئەوە هەر کوڕی تۆ نەبوو، ئەوە هەر مانگی تۆ نەبوو، لە داریان دا، دڵنیابە ئەوە مانگی هەموومانە. ئەوە کوڕی هەموومانە، کوڕی هەموو ماڵێکمانە بەڵام ئەو خۆی ڕانەگرت و بە کوڵ گریا. وەختێ لەیەک جیابووینەوە، کە تێپەڕی، منیش وەکوو زستان گریام، فرمێسک و باران تێکەڵ بوون، تەنیا نەبووم، وەختێ تەماشای خوارێم کرد، مام چاویلکەیش تەڕتەڕ بووبوو، لە دوای منیش هەر ئەگریا..!

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
لە کتێبی " #ئەسپێک_لە_پەڕەی_گوڵاڵە "
بە دەنگی پڕ سۆزی ئیمپراتۆری شیعری جیهان
"شێرکۆ بێکەس"
.
#هەتاو_و_گۆرانی_و_بۆن...

لە ئۆسلۆ دیم.
لە ئاسۆی ڕۆژهەڵاتەوە گەڕابۆوە و
لەگەڵ خۆیدا
پڕ باوەشێ خۆرەتاوی هێنابۆوە،
تۆزێکم لێ سەند بۆ چاوم،
تا هەفتەیەک هەر دوو چاوم
ڕووناکییان تیا هەڵئەقوڵی.

لە لەندەن دیم
لە گەرووی ڕۆژهەڵاتەوە گەڕابۆوە و
چەند گۆرانی زەرد و سووری لەگەڵ خۆیدا
هێنابۆوە و
دووانم لێ وەرگرت بۆ ڕێگام.
تا مانگێکیش ئاوارەییم
لە وێستگەکانی سەفەردا سەرچۆپی کێش،
هەڵئەپەڕی.

لە بەرلین دیم
لە باخچەی ڕۆژهەڵاتەوە گەڕابۆوە و
لەگەڵ خۆیدا، مشتێ بۆنی هێنابۆوە و
تۆزێکم لێ سەند بۆ شیعرم
تا ئەو وەختەی خۆشم گەڕامەوە لاتان
تەنیایی من هەر لەو بۆنەی هەڵئەمژی!
خۆرەتاو... کۆیی بوو
گۆرانی... سابڵاخی و
بۆنەکەیش... دهۆکی!

(مارتی_2000)

🎀 @Sherko_bekas
#شێرکۆ_بێکەس
#ژن_و_باران
#دایکم

دایکم لە شۆڕەبی پایز ڕووتەڵە تر...
لە تاق تاقکەرە تەنیاتر...
لە پەڕەسێلکە هەژارتر...دایکی منە.
دایکم تاریکە شەو کراسێکی دایە و
گەڵاڕێزان لەبەری کرد.
دار هەنارێکی بێوەژن
جووتێ "پانی بەرزی" دایە و
باڕێزەەکیش لە پێی کرد.
کۆڵوانەی تەم داوێتێ و
گێژەڵووکەیش ڕستی بازن.

ئەو وەختەی دایکی من ئەدوێ
لە مەراقدا
ئاوی وشە شلوێ ئەبێ.
ئەو وەختەی دایکم ئەڕوانێ
لە چاویەوە...
وردە پەپوولەی قەترانیی باڵ ئەگرن و دێنە دەرێ.

ئەوەی هیچی بە دایکی من نەبەخشیوە،
هەر بە تەنها ڕووناکییە
دایکم ئەڵێ:
من نازانم ئەو لە کوێیە و
من نەمدیوە!
🎀 @Sherko_bekas

#شێرکۆ_بێکەس
#ژن_و_باران
#عوسمان_عوزێری

کەس نەیزانی ئەو چۆن کوژرا؟
شایەتی ئێمە بە تەنها
کۆترە شینکەکەی شاخ و
پەڵەهەورێکی کۆچەری و
گەڵای شیعرێ بوو با بردی!
کەس نەیبینی لە کوێش نێژرا؟

ئەو چاوانەی لەو شەوەدا
لەگەڵ چاوی دواڕۆژدا بوون و
بینیان لە کوێ نێژرا؟
چاوی درەختێکی تەنیا و
چاوی بەردێکی سەرەڕێ و
چاوی لێڵی کانییەک بوون.
لەو دۆڵەدا ئیتر مێژوویان قفڵدا و
لەو چاڵەیشدا ئەویان تیا کوشت.

هەر لەوێشدا پرسیاریان کوشت
نەهێنیشیان هەر بە جلی خۆیەوە ناشت.
بەڵام ئێستا
یەک کۆترە شینکە...هەزارە
فرمێسکی یەک پەڵە هەور، چەند ڕووبارە.
گەڵا شیعرێ، چەندین پەنجەرەی ناوشارە
مێژوویش بوومەلەرزە لێی داوە
قفڵ شکا و نەهێنی هەر بەو جلانەوە گەڕایەوە و

ئەوەتا وا پرسیار زیندوو ئەبێتەوە و
پرسیار زاووزێ ئەکات و
هەموو ساڵێ سەردانەوەی برینەکانی
عوزێریش لەسەر هەڵگورد
زەردەخەنەی دەم گوڵجاڕە!

(29\3\2000)
🎀 @Sherko_bekas
#شێرکۆ_بێکەس
#ژن_و_باران
#خەم

مانگی نەورۆز سکی پڕ بوو بە ئاگرێ
کە ئاگر بوو "با" ڕای ژەند و
کە گەورە بوو "چیا" خواستی و
"شەو"یان لێبوو.
وەختێ شەویش باڵای کرد و
بوو بە شانزە
"گریان" خواستی و هەر ئەو ڕۆژە
سەعات یانزە
یانزە...یانزە
خەمێکیان بوو
قژ ڕەش، چاو ڕەش.
گەورە...گەورە
ئەوەندەی شاری هەڵەبجە!
(1988)
🎀 @Sherko_bekas

#شێرکۆ_بێکەس
#ئاوێنە_بچکۆلەکان
#پاڵتۆ

ئەم پاڵتۆ کۆنە گیرفانی بەر باخەڵی و
ئەملا و ئەولای
چەندین ساڵی گرمۆڵە بوو.
چەندین یادی هەڵوەریویان لەناودایە.
هەرکە دەستیان پیا ئەگێڕم،
وا هەست ئەکەم
دەستم بەردەستی خاوەنی پێشووتری
پەنجەم بەر پەنجەی ڕابوردووی تر ئەکەوێ!

کێ ئەزانێ؟!
دیسان کە من فرۆشتمەوە
کام دەستی تر بەر دەستەکانم ئەکەون؟!
کام پەنجەی تر پەنجەی یادی هەڵوەریوم
لەو گیرفانە کۆنانەدا
ئەدۆزنەوە؟!

(1987)
🎀 @Sherko_bekas

#شێرکۆ_بێکەس
#ئاوێنە_بچکۆلەکان
لەوێ لە #عەفرین شەڕی ئیدۆلۆژیا و بیر و بڕوا و شەری تیرۆریست نییە

لەوێ لە #عەفرین شەڕی نەتەوەیە وسەرھەڵدان و شەڕ لە گەل بەرخۆدانە

لەوێ لە #عەفرین شەڕی داگیرکردنەوەی خاکە


ھەمووان #دڵمان لە #عەفرینە
🎀 @Sherko_bekas

من نیشتمانێکم هەیە
لە هیچ نیشتمانێکی تر ناچێ.
لە هیچ گریانێکی تر ناچێ.
لە هیچ سووتانێکی دی ناچێ..

هەموو جارێ ئەیهاڕن و
پووش و پەڵاش و
پاشەڕۆی ئازارەکانی ئەدەن بە دەم
"با"ی شمشێر و "با"ی زرێپۆش و فڕۆکەوە و
کەچی لەوسەر ئەم نیشتمانە ئەفسانەیە دێتەوە و..

کەچی لەوسەر ئەم کۆتەرەیە ئەبێتەوە
بە سنەوبەر و ئەڕوێتەوە و
کەچی دیسان ئێسک و پروسکی
ناو سوتماک یەک ئەگرێتەوە و
کوتەکوتەی ئەم جەستەیەیش
هەڵئەستێتەوە سەرپێیان و
ڕوو ئەکاتەوە دنیا و
ئەڵێ منم کوردستان!

من نیشتمانێکم هەیە..
تەلیسمی گەردوونە
لە قەڵادزێدا ئەیکوژن و
بەڵام لە ئامەددا زیندوو ئەبێتەوە.
لە هەڵەبجەدا سەری ئەبڕن و
بەڵام لە کەرکووکدا ئەژێتەوە.
لە هەولێردا لە قەنارەی ئەدەن و
لە ورمێدا بەرزەوپێ ڕاست ئەبێتەوە.

🎀 @Sherko_bekas
شێرکۆ بێکەس
#چراکانی_سەر_هەڵەمووت
.
Forwarded from اتچ بات
#گۆڕستانی_چراکان
ــــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی "۲۰"
🎀 @Sherko_bekas

بیست و پێنج:
ئەگەر لە سەحرای خوارەوە
لە شەوێکدا چاوتان کەوت بە:
ڕیزه بریسکە و ترووسکەی گوڵ ئەستێره ڕوو له چپا.
دڵنیا بن
ئەوە هەموو زارۆکەکانی ئێمەن و
ئەگەڕێنەوە بۆ ئێرە.

ئەگەر ڕۆژێ لەسەر فورات یاخود دیجله
پۆله نەورەستان چاوپێکەوت
بە پێچەوانەی ئاوەوە
سپیی سپیی بەرەو گۆێژه باڵ لێکئەدەن
دڵنیا بن ئەوە کیژەکانی ئێمەن
بە دەم بەستەی "هەی بەلار و بەلارە"وە
ئەگەڕێنەوە بۆ ئێرە

ئەگەر جارێ ڕێتان کەوتە ئەو کەنداوە و
لە بازاڕی نەختینەد
دانەی گەوهەر و مرواری و دوڕتان بینی
ئەوە چاو و ئەوە لێو و
ئەوە گۆی مەمک و سەرپەنجەی فرۆشراوی کچی ئێمەن شەرم ئەکەن و
سەیر ئەکەن و ناجوڵێن و جارێکی دێ
ناگەڕێنەوە بۆ ئێرە!

بیست و شەش:
یەکەم شەو بوو
لەناو لمی عەرعەرەوە
دەستێک هاتبووە دەرەوە
هێشتا بازن لە مەچەکدا زڕەی ئەهات.
هێشتا خەنە لەناو دەستا پێئەکەنی و
موستیلەیەک لە قامکدا ئەیجریوان.

یەکەم شەو بوو
لە لمەوە دەستێک هاتبووە دەرەوە
لەو شەوەدا
ناو لەپی دەست
بووبوو بە دەم
ئەویش بۆ تەنها هاوارێ
کە هەر لە ڕێگە ئەمرد و
نەئەگەیشتە گوێچکەی سەرێ
خودایە بۆ؟!!

بیست و حەوت:
لەوێ بای سەحرا هەڵیکرد
لە گۆڕیچەی منداڵەوە
- وەکوو تۆوی گوڵی دەم با -
با برژانگ و
با خەنینەوە و گریان
با پەڕەی گوێ و
با تاڵه مووی قژی هێنا و
لە سینەمدا گیرسانەوە و
ورد ورد لەناو دەنگما ڕووان

ئەی نابیبنن
وەختێ شیعر ئەخوێنمەوە
جار بە جارێ
کە ئەکۆکم یاخود هەناسەم سوار ئەبێ
وەک قەڵەمەکەم پێم ئەڵێ
لەبەر عومر و یان جگەرە و
سەهۆڵاو و سەرما نییە کە واملێدێ

ئەوە پەنجەی خرپنۆک و
ئەوە بیلبیلەی بزێو و
ئەوە گوڵم و ئەوە سەری بوکەشووشە و
ئاوە نوقڵ و ئەوە مەساسەی ئەوانە
لەبەر بینم ئەگیرێن و
ئەیانەوێ بێنە دەرێ!

🎀 @Sherko_bekas
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
#گورستان_چراغان
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
قسمت "۲۰"

بیست و پنج:
به کویرِ فرو دست
شبانگاهی اگر
صفِ سوسوی شبتاب‌ها
رویاروی چکاد به رؤیت آیند
بی گمان اینان کودکان مای اند و
بدینجا باز می‌ آیند

روزی اگر برفراز "دجله" یا "فرات"
گروه نورسان در نظر آیند
که در آن سوی جریان آب
سپیدِ سپید
به سوی "گویژه"° پر می‌گشایند
اینان بی گمان دختران مای اند
که با ترنم ترانه بدینجا باز می‌آیند

روزی اگر در گذر از بازار گنجینه های خلیج
گوهر دیدید و مرجان و مروارید؛
بی گمان اینان
لبان و دیده‌گان و نیشِ پستان و
سر انگشتان دختران مای اند
که شرم می‌دارند و می‌نگرند
اما نمی‌جنبند و دیگر بار
بدینجا بر نمی‌گردند!

بیست و ششم:
نخستین شب بود
کز میان ماسه‌ی "عرعر"
دستی بر آمده بود
هنوز هم:
النگوهای آن در چکاچاک بود
حنا درونِ دست لبخنده می‌کاشت
انگشتری به انگشت نغمه سر می‌داد

نخستین شب بود
کز میان ماسه دستی بر افراشته بود
کف دست آن شب
دهانی گشته بود از برای فریادی
که در راه جان می‌باخت و
به پرده‌ی گوشی حنا ره ‌نمی‌یافت
خدایا چرا؟!

بیست و هفت:
باد بیابان وزیدن گرفت و
- چنان چون گرده‌ی گل‌های مسیرِ باد -
بر آورد از گورِ کودکان
مژگان را و
گریه و لبخند را و
پره‌ی گوش را و
تارِ گیسوان را و
فرود آورد بر سینه‌ی من
آنها را
تا کە آرام آرام
درون آوای من سربرداشتند.

و اینک
به گاهِ تلاوت شعر
در جای جای آن
که می‌سرفم و به شماره می‌افتند
نفس‌های من
از پیری و سیگار و سرما نیست
- آن سان که خامه‌ی من می‌گوید-
این دستان لطیف و نی نی بی تاب و
رخساره‌های عروسک‌های بلورین و
نُقل و نبات آنها‌ست
که می‌گیرند راه نفس را و
آهنگِ بر آمدن دارند!

°گویژه: کوهی در نزدیکی سلیمانیه

🎀 @Sherko_bekas

شعر: #شێرکۆ_بێکەس
ترجمه: #رضا_کریم_مجاور
با صدای دلنیشن امپراتور شعر جهان
"شێرکۆ بێکەس"
ادامه دارد...
Şêrko_bêkes
#مەولەوی بەشی"۳" لە هەورامانی شیعرتا بەفراوی زمان قەڵبەزەی ناو غەزەل و خەمت کەف چڕینی ئەو و لە بناری بەیتەکانتا کارێزی مانا هەڵئەقووڵێ. لە هەورامانی ڕوانینتا سەرنجەکان مانگەشەو و مەجاز هەور و وشەت ماڵی پلەپلەی سەر کێوان و وێنەت هەتاو و سێبەری ناو تەلان…
#مەولەوی
بەشی"۴"

وەختێکیش دێمە ناو هۆدەی ئازارتەوە
لەو سەر کێلە سەرێک ئەدەم
لە دووکەڵی کتێبخانە سووتاوەکەت
ئەوسا ئیتر دڵم تەنگ تەنگ تەنگ تەنگ ئەبێتەوە و
ئەبمە ئاسمانی تەوێڵە
لەسەرشاتەیش بەردێک هەیە
هەتا ئێستەیش ساڵی جارێ
لەجێی خۆیەوە هەڵئەسێ و
پێئەکەنێ و ئەیکا بە قریوە لێدان

ئەوە ئەو بەردەیە کە مەولەوی کردی
بە مێزی بەردەمی و لە ئێوارەی پایزێکدا
شیعرێکی خۆی لەسەر نووسی....
لەو دەڤەرەیش دارێک هەیە
هەتا ئێستەیش هەموو ساڵێ
بە دەستی خۆی لقێکی خۆی
ئەسووتێنێ و ڕەجمی ئەکا و
ئەیکا بە پەنگی نێو داران
ئەویش ئەو لقە شومەیە
کە مەولەوی خستە خوارێ.

لەم ساتەیشدا بە خۆم ئەڵێم
نەکەی لقی بەژنی شیعری ئەم هەورامانی ئیشراقە
لەوە زیاتر ڕاوەشێنی
نەبادا خەونی گەڵایەک لە ناوەختا بزڕێنێ و
مەولەویمان لێ زویر بێ.
نەکەی هێندە خۆت نوقم کەیت
لەم دەریاچەی خەڵوەتەدا
نەبادا تەندووری شیعرێ
لە پڕێکدا ڕاپێچیکا و
بە مەولەویش نەیەیتە دەر!

ئەی مەولەوی، وەلی شیعرستانی کورد و
ئەی تریفەی نامەی ڕۆح و
ئەی بەندەنی بەفر گرتووی شەوی وشە زیوینەکان
دە ڕەنگم کە بە مانگەشەوی خەیاڵت و
هەندێ جریوەتم بەرێ و
هەندێ گزنگ ڕۆ کەرە ناو تاریکیم و
چەند پەپولەیەکی ناو ڕیشت بنێرە بۆ
باخچەکانی تەنیاییم و
بمکە بە زێوانی شیعرت.

تا هیچ نەبێ دەسم بگاتە دامێنی
نوورێک لە نوورەکانی باڵات و
بۆ دواجاریش لە پلوسکی
پڕشنگێکت بخۆمەوە و
سەر بنێمە سەر خەمێکی پەمەییت و
ئینجا بمرم!

🎀 @Sherko_bekas
#شێرکۆ_بێکەس
#ژن_و_باران
#نەنکم

ئەم درەختانە، هەندێکیان، ڕەگەکانیان
درێژدرێژ بوونەتەوە، تیایاندایە
لە عەردەوە دەرپەڕیون و بوون بە ڕێگا و
بوون بە سەکۆ.
نازانم بۆ؟
هەموو جارێ وەختێ هەنگاوی تەماشام
ئەیانگاتێ و بەسەریاندا ئەپەڕنەوە:
ئەو ڕەگانە، بۆ؟، نازانم...
دەماری شین و درێژی دەرپەڕیوی
پشتی دەستی نەنکمم بیر ئەخەنەوە
نازانم بۆ؟

(1988)
🎀 @Sherko_bekas

#شێرکۆ_بێکەس
#ئاوێنە_بچکۆلەکان
#بۆن

مەلێ دەنکە تۆوێکی برد
دای بە بەردێ
بەردیش داوای بارانی کرد
باران هات و ماچێکی کرد

لە شوێن ماچدا، گوڵێ پشکووت
لەو بەرەوە دڵدارێ هات، بەڕێوە بوو بۆ جێژوان
گوڵەی لە لاسک کردەوە و
دایە دەست یار
یار دای لە قژ
هێندەی نەبرد
مۆردی قژیش شەماڵێکی بزێو بردی و
شار بۆنی خۆشەویستی گرت!

🎀 @Sherko_bekas

#شێرکۆ_بێکەس
#ژن_و_باران
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
نە ئاسمان گوێ ئەگرێ لەخوێنم و
نە دنیاو
نە دادو
نە یاساو
نە زەنگی کلێسەو
نە قووبە و منارەی مزگەوت و
نازانم من بە کێ و بە چی
سوێند بخۆم؟
کێ پەناو
کێ داڵدەو
کێ کەسمە؟
نازانم
🎀 @Sherko_bekas
2024/09/24 09:12:13
Back to Top
HTML Embed Code: