Telegram Web Link
6

لە پەراسووی شەهیدانی
هەر سی ساڵەی براکوژی،
جەنگەڵێکی چڕ و تژی
ڕاست کەنەوە لە بەردەمیان
با ڕۆندک بێ خواردنەوەیان
تۆزی خوێن بێ هەر سێ ژەمیان.
بە دووکەڵی ئاهی دایکان قانگیان بدەن
چاوی سووریان پڕ چقڵ کەن...
لێ نەگەڕێن
کوردکوژەکان
بگەنە سەدەی داهاتوو
نەوەک ئەویش ئاوەگڵ کەن!

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
#دیوانی_براکوژی
#عەبدوڵڵا_پەشێو

________
🍃🌹🍃 @Abdulla_Pashew 🌹🍃🌹
(8)

شەکرەشارە خامۆشەکەم،
چۆپیکێشە ڕەشپۆشەکەم
داگیرکراوە ئازادەکەم،
دایکەکەم، جگەرگۆشەکەم:
وریا بە! ئەوەی دەتدەنێ
ژەهراوە....ژەهراوە...ژەهراو
وریا بە! ئەوەی دەتدەنێ
ژەهراوە...ژەهراوێکی خەست
بادەکە هەمان بادەیە
چ ئەم دەست بیدا، چ ئەو دەست!


ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
#دیوانی_براکوژی
#عەبدوڵڵا_پەشێو

________

@Abdulla_Pashew
🍃🌹🍃🌹                                🌹🍃🌹🍃
(9)

ئەمڕۆ ڕۆژی شیعر نییە
بۆیە، من بۆتان دێمە گۆ
بە زمانێکی یەکجار سادە
پێتان دەڵێم:
ئەوەی کورد بێ و کوردێک بکوژێ،
زۆڵە، تەرەسە، گەوادە!

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
#دیوانی_براکوژی
#عەبدوڵڵا_پەشێو

________

@Abdulla_Pashew
🍃🌹🍃🌹 🌹🍃🌹🍃
10

زەنگ لێ دەدەم
کاستان دەکەم
پڕ بە گەروو دەقیژێنم
لە زۆنگاوان
شەپۆل دەخەمە سەر پاشوو
هەوای مەییو دەوڕووژێنم.

دڕک لە چاوتان ڕادەکەم
تا خەو لە چاوتان بتارێ
خوێ دەکەمە ناو برینتان
هەتا بێتە سوێ بە جارێ.

لێ ناگەڕێم....
لێ ناگەڕێم...
لێ ناگەڕێم ئەو زامانەش هەدا بدەن
کە ساڕێژن، یا بێئێشن.
هەستن...
مەنوون...
ئێمە لە ناو پەیتوونێکین
دوو هەسپی کوێر ڕایدەکێشن....

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
#دیوانی_براکوژی
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🎀 @Abdulla_Pashew
11
کە براکووژێک دەبینم
باوەڕ کەن ڕشانەوەم دێ..
تا بەیانی هەدا نادەم،
دایم ئەمدیو ئەودیو دەکەم.
سەد قۆناغیش دوور کەومەوە
بۆنی لاکی ماکەرێکی تۆپیو دەکەم!
#دیوانی_براکوژی
#عەبدوڵڵا_پەشێو
@abdulla_pashew
12
مژدە، ئیتر نامرین!
لە سای سەری بێسەران
هەر کوردێک نمرەیەکە
لە یادی کەمپیوتەری
بانکەکانی هەندەران!

🔶 @Abdulla_Pashew

#دیوانی_براکوژی
#عەبدوڵڵا_پەشێو
13
باشوور، نۆبەرەی مێژووە
پیرەداری سنەوبەرە
شەقەمشار بەدەستەکان
لە ناوقەدڕا دەیبڕنەوە
یەک لەم بەرە، یەک لەو بەرە!

🔶 @Abdulla_Pashew
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
#دیوانی_براکوژی
#عەبدوڵڵا_پەشێو
.
14
دوو تەرم کەوتوون، تەرمی دوو برا
دوو خەونی وەک یەک، دوو ڕەنگی جیا

دوو تەرم کەوتوون، تەرمی دوو برا
مەودای نێوانیان هاڵاوی جەرگی دایک و بابە
گەورەکانیشیان وا بسکەیان دێ،
مەودای نێوانیان
مێزی دوژمن و پیاڵەی شەرابە!

🔶 @Abdulla_Pashew
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
#دیوانی_براکوژی
#عەبدوڵڵا_پەشێو
15

ئادەم سمیت و مەندێلا
بێنە خاکی چارەڕەشان
یەکەم دەکەن بە چایچییەک
لە وەزارەتی ئابووری؛
ئەوەی دوەم،
لای پەرلەمان
بڕنۆیەکی دەکەنە شان!



ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
#دیوانی_براکوژی
#عەبدوڵڵا_پەشێو

ئادەم سمیت (1723_1790) ئابووریناس و ئەندازیاری ئابووری سەرمایەداری.
________

@Abdulla_Pashew
16
دەستت بڕزێ
چاوت کوێر بێ
ڕێگەی ڕاستت، کێوی قافی پڕ هەڵدێر بێ
هەی کرم لە گۆشتت بدا
شێرپەنجە بە خوێنت فێر بێ
تۆ دەزانی، ئەوەی کوشتت چ بوو؟ کێ بوو؟
پێشمەرگە بوو
پشت و پەنا، تێشووی ڕێ بوو...



ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
#دیوانی_براکوژی
#عەبدوڵڵا_پەشێو

مایسی 1994_ هەولێر

________

@Abdulla_Pashew
(17)

باڵندەیەک بووم شەکەت و تەنیا
باڵێکم کۆچ بوو، باڵێک ڕاپەڕین
نەمردم، جارێک گەیشتمە قۆناخ
دوای هەزاران جار کەوتن و فڕین.
باڵێکم دا بەم، باڵێکم دا بەو....
دوای سەفەری دوور بردمیەوە خەو
بەیانی هەڵسام،
دەست شەتەکدراو
پێ شەتەکدراو
دەم شەتەکدراو
بە زیندوویەتی، ئاوەڕووتکرا...
چەمی ئومێدم بوو بە ئاوەڕۆ
ئاڵای شەکاوەم بوو بە دوو پەڕۆ!



ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
#دیوانی_براکوژی
#عەبدوڵڵا_پەشێو

________

@Abdulla_Pashew
17
تێناگەم!
گەر تفەنگێک،
هەزار گوللەی تێدا بێ
بە دەست کوردێکەوە بێ و
ڕووی لە کوردێک کرابێ؛
چۆن دڵی دێ بیپێکێ،
با ئاگریش درابێ!



ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
#دیوانی_براکوژی
#عەبدوڵڵا_پەشێو

________

@Abdulla_Pashew
18
پێشمەرگە پێشمەرگە بێ،
لە پێناو سەردارێکی
گەوواد و دەم بێ دەرپێ؛
ڕووە و سەنگەری برای
چۆن چەک دەخاتە سەر پێ!

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
#دیوانی_براکوژی
#عەبدوڵڵا_پەشێو

________

@Abdulla_Pashew
ڕاستی؛
پەروانەیەکە...
گەر دەتەوێ پێی بگەی
داگیرسێنە چراکەت
خۆت دیلی، چۆن دیل دەکوژیت؟
هەی هەزار تف و لەعنەت
لە گەورەی تۆ و براکەت!

🔶 @Abdulla_Pashew

#دیوانی_براکوژی
#عەبدوڵڵا_پەشێو
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سێ کورتە پامفلێت
(1)

جووتێک پێڵاوی ڕەشم لە پێیە؛
پینەدار، هەرزان، گەمار، سووک، گڵاو
هەزار جار ئەم پێ و ئەو پێ پێکراو
چەند جاری کەوا سەرنجیان دەدەم،
بە دەست خۆم نییە، لمۆزی پێڵاو
قەپۆزی هەندێ
سەرکردەی کوردم دێنێتە بەرچاو

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
#دیوانی_براکوژی
#عەبدوڵڵا_پەشێو

1\5\1982 مۆسکۆ
________________________________________

🍃🌹🍃 @Abdulla_Pashew 🌹🍃🌹
Ébduĺĺa peşêw
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ سێ کورتە پامفلێت (1) جووتێک پێڵاوی ڕەشم لە پێیە؛ پینەدار، هەرزان، گەمار، سووک، گڵاو هەزار جار ئەم پێ و ئەو پێ پێکراو چەند جاری کەوا سەرنجیان دەدەم، بە دەست خۆم نییە، لمۆزی پێڵاو قەپۆزی هەندێ سەرکردەی…
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سێ کورتە پامفلێت
(2)

لە غەیبەوە هاتوومەوە
هاتوومەوە پێتان بڵێم؛
ئەم وڵاتە
قەت بێ خرمەخرمی ناڵ و
زرمەزرمی پۆستاڵ نابێ
تاکوو ئێوە ئەو پردە بن....
هەر دیل بوون و هەر دیل دەبن،
تا چەرچی و دز سەرکردە بن!

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
#دیوانی_براکوژی
#عەبدوڵڵا_پەشێو

23\6\1984 مۆسکۆ
________________________________________

🍃🌹🍃 @Abdulla_Pashew
Ébduĺĺa peşêw
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ سێ کورتە پامفلێت (2) لە غەیبەوە هاتوومەوە هاتوومەوە پێتان بڵێم؛ ئەم وڵاتە قەت بێ خرمەخرمی ناڵ و زرمەزرمی پۆستاڵ نابێ تاکوو ئێوە ئەو پردە بن.... هەر دیل بوون و هەر دیل دەبن، تا چەرچی و دز سەرکردە بن! …
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سێ کورتە پامفلێت
(3)

نەگبەتی بەرۆکی گرتووین
لەملاوە دێ
گێژەڵووکەی لمی ئاران
لەولاوە دێ
تەرزه و برووسک، بەفر و باران

دانەوەختێک باڕۆڤەیە...ڕەشەبایە
دانەوەختێک گەرداوی تەڕی دەریایە
کەچی ئێمەی سڕ هەتا ناخ
ئێمەی ڕووتتر لە تیشەشاخ
خوێنی یەکتر دەخۆینەوە
لەسەر کورتی و درێژی مووی کلکی وڵاخ

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
#دیوانی_براکوژی
#عەبدوڵڵا_پەشێو

30\6\1987 تەرابلۆس
یەکەمجار، ڕۆژی 13\4\1992 لە گۆڕەپانی گڵکەند، لە شاری هەولێر بۆ جەماوەر خوێندرانەوە.

________

🍃🌹🍃  @Abdulla_Pashew   🌹🍃🌹
21
زەنگ

بۆ بێدەنگی،
ئەی قەڵەمە دەنووکسوورە ئاتەشیەکەم؟!
ئامان! پەنام هێنا بەرت
قیژەیێ، تەکانێ، گوڕێ...
با زەردەشتمان لە خەو ڕابێ،
ئاهورامان سەر هەڵبڕێ...
ئەمانە چین لەسەر ملمان هەڵتۆقیون؟
سەری مرۆن؟
یا ملیۆنان گوێ بەر قاشۆی چەند سیخوڕێ؟!

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
#دیوانی_براکوژی
#عەبدوڵڵا_پەشێو

9\6\1997 ستۆکهۆڵم
________
🍃🌹🍃   @Abdulla_Pashew
22
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
شەوێک دوژمن...

شەوێک دوژمن، دەستێکی کرمنی کڕی
بۆ شنۆی برد
مەزاری شای هەڵۆیانی پێ هەڵدڕی.
ئەمەی کرد و وەک ڕێژسیۆر خۆی پەنا دا،
بە فیکەیەک پەردەی لەسەر شانۆ لادا...
ئیتر هەڵۆ لە هێلانەی شێواو دەربوون؛
دەم لە زمان،
دەست لە پەنجە،
چاوەکانیش لە گلێنەی خۆیان بەربوون.
لە گەورەم پرسی: چ باسە؟
گوتی: دوژمن گەلێک ژیرە،
فێڵ و دەهۆی هەزار ڕەنگە...

لە زارۆم پرسی: چ باسە؟
گوتی: دوژمن بەختی هەیە،
کە هەڵۆ هێندە دەبەنگە!

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
#دیوانی_براکوژی
#عەبدوڵڵا_پەشێو

19\3\1984

🍃🌹🍃 @Abdulla_Pashew 🌹🍃🌹
2024/09/27 23:24:58
Back to Top
HTML Embed Code: