Telegram Web Link
[34]
کۆچی مۆنیکا بۆرگوارد

تەنیا جارێک وەرە خەونم!
زۆر لەمێژە بە عەزرەتی دیدارێکم.
هەر ساتێکی ئارەزووت کرد،
وەک باویلکەی بەربای پایز، من لەسەر پێم.
هەر جێیەکی خۆت بە دڵتە،
بەس پێم بڵێ وەکات لەوێم.
*
من نامەوێ کاتت بگرم...
خۆ دەزانم،
تۆ هەنووکە نە گلێنەکەی جارانی،
هەر دەمێکی مەیلم لێ بێ،
پڵەهەورێکم بۆ زین کەیت
لە پەڕی ناسکی بەیبوون،
بانگم بکەی
بۆ گەشتێکی ئەودیو گەردوون؛
نە باوەشەکەی جارانی
بۆم پەڕەکەی بۆنی مێرگ و مێرغوزاران؛
نە لێوەکەی جارانیشی،
مێژووی ماچم پێ بخوێنی
لەبەر تیشک و لێزمەی باران...
تۆ هەنووکە یەک گەردیلەی پیرۆزی وای
ئاشنای ڕێگەی عەرشی خودای،
سەرقەتارەی قورینگانی،
قیبلەنمای گیاندارنی بەژ و دەریای.
*

لەگەڵ مندا تۆ نهێنیت هەرگیز نەبوو-
بەیانییان،
هەرکە چاوم دەکردەوە،
دارستانێک کۆش و باوەش دەوری دەدام،
شنەیەکی "بەیانی باش"
کلیلدانی ئەستێرانی لە مست دەنام.
*

لەبیرتە چۆن
کۆترەکانی "سانسووسی" مان¹
بە وردکەنان تێرت دەکرد و
چۆن دڵیانمان دەبردەوە؟
لەبیرتە چۆن
بۆ نەورەس و سۆنەکانی دەریای بڵتیک
بەری دەستمان
وەک سفرەیەک دەکردەوە؟
ئێ... تۆ بڵێی،
هەر هیچ نەبێ،
لە پاداشتی ئەمانەدا
خودا مەودای دیدارێکی ترمان نەدا؟
*
**

مادام چیدی
دەرسی ماچم پێ ناخوێنی
لەبەر تیشک و لێزمەی باران؛
مادام جارێ
من ڕەها نیم لەم جەستەیە و
تۆش نامۆی بە جەستەی جاران-
وەرە خەونم!
گەر حەز دەکەی،
وەک قورینگێک،
دابەزە و چەند چرکەساتێک
لەژوور سەرم لەنگەر بگرە.
گەر حەز دەکەی،
چاوقووچانێک تێم بئاڵێ
وەکوو تەنکە تەمێکی ئاڵ،
هەر ئەوەندە و جێم بهێڵە،
لە بۆنی گیای بەهەشت شەڵاڵ.
***
من وەک جاران خەوم سووکە،
تا بکرێ زوو ڕەهات دەکەم...
بۆچی نایەی؟
خۆ تۆ ئێستا لە شنەی باش ڕەهاتری...
خۆ تۆ ئێستا قیبلەنمات نووری عەرشە و
بە ڕێی گیانم لە خوودی خۆم ئاشناتری!
***

تەنیا جارێک ورە خەونم!
زۆر لەمێژە بە عەزرەتی دیدارێکم.
هەر ساتێکی ئارەزووت کرد،
وەک باویلکەی بەربای پایز، من لەسەر پێم.
هەر جێیەکی خۆت بە دڵتە،
بەس پێم بڵێ، وەکات لەوێم.

٢٠٠٤/٩/٩-هێلسنکی
لاپەڕەی٩٦'٩٧'٩٨'٩٩'١٠٠'١٠١'١٠٢
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
-----------
¹سانسووسی: تەلار و باخ و باخاتێکی زۆر گەورەیە لە شاری پۆتسدامی نێزیک بەرلین.
[35]
من عاشقێکی زگماکم

کە یەکمجار زریکاندم
پشکەعەشقێک بوو بە هەوا و
تکایە ناو سییەکانم.
عەشق هات و ناوکی بڕیم،
عەشق هات و فرچکی دام،
یەکەم دەسرازەی بۆم چنی و
دنیای ڕەشی کرد بە دنیام.
***

من عاشقێکی زگماکم،
باوەڕ بکەن،
ئەگەر خڕکەبەردێکیش بام لە لاڕێیک
عەشقی بەردێک دڵمی دەسمی،
یا دەبوومە سەوداسەری دراوسێیەک:
کۆلکەدارێک،
گۆمیلکەیەک،
پەڵەتیشکێک یا نسێیەک!
من عاشقێکی زگماکم!

٢٠١٠/١٢/٢٩- ڕیگا
لاپەڕەی١٠٣'١٠٤
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
#ڤیدۆ
[36]
فایل¹

من چ لەو هەموو فایلانە بکەم؟
ڕوو لە هەر کوێ کەم هەر فایلستانە!
ئاخ، بۆ لەمپاکەی عەلائەدین، ئاخ،
دەرگەی داخراوی فایلگەکانی
شەشدەری دنیام بۆ بکاتەوە.
ئاخ، بۆ لەشکرێک دایانتەکێنێ و
پەڕ لەدوای پەڕیان هەڵبداتەوە!
*
هیچم ناوێ،
نە لەشکر و نە لەمپاکەی عەلائەدین.
دانیشتووم و
جامی جەمم بەرامبەرە!
سەیری شاشەی دنیا دەکەم،
دەبینم ڕۆژی مەحشەرە:
هەر فایلە و بە فایلدا هەڵدەمیزێ،
هەر فایلە و فایلۆکەیەک ڕادەژەنێ
فایل فایل دەرمان دەکا،
فایل بمرێ،
فایل پرسەی بۆ دادەنێ.
وا دەبینم،
فایلێک لەولا
قەڵەمەکەی تیژ دەکات و
گۆڕ بۆ فایلێک هەڵدەکەنێ؛
لەولا تریش،
فایلی جامڕەش،²
بە یەک ئۆردووی حیمایەوە،
بە دراوسێیە جامڕوونەکان پێدەکەنێ.
ئەمیان لێرە،
وەک مریشک کڕ کەوتووە،
پەیتا پەیتا
هێلکەفایل دەترووکێنێ،
ئەویان لەولا،
بەدیار سفرەی فایلێکەوە،
وەک گوجیلە
بۆ ئێسقانێک دەقرووسکێنێ.
فایل قۆڵی فایل دەبڕێ...
فایل ئەشکی فایل دەسڕێ...
*

هۆ لەولاوە
فایلە پۆپنەکانی(بەغدا)
دێن و دەتسن بە فایلەکانی (تاران) دا.
لە(ئەنقەرە) ش
فایلە پۆشتە و پەرداخەکان
چەتەر بۆ هی(شام) هەڵدەدەن
لە گەرمەی فایلباراندا.
***

دانیشتووم و
جامی جەمم بەرامبەرە!
دەیانبینم:
لەبن سەنگی فایلەکانی
موعاوییە و شاعەباس سوڵتان سەلیم
لاقیان گێڕە،
دەستیان گۆجە و ئەستۆیان خوار...
پێتان دەڵێم:
بێفایدەیە تیشک و سۆنەر
بێفایدەیە
ڕاچێتە و داودەرمان بە بار
ئەوان بە هیچ ڕاست نابنەوە،
مەگەر تابووت ئوتوویان کا و
ڕاست ببنەوە، وەک ئەسپیندار!


------------
¹-دوای داڕمانی دەسەڵاتی بەعس، هەزاران "فایل" ی خۆفرۆشانی ناوسەرکردایەتیی پارتخێڵەمان ئاشکرا بوو، کە ڕۆڵە بەجەرگ و جوامێرەکانی شاخ و شاریان بۆ داگیرکەران ڕاو دەکرد. زۆربەی فایلداران بە ئاگاداریی سەرکردەکانیان ئەمەیان دەکرد، هەر لەبەر ئەوەش ئاشکرابوونی "فایل" ـه کان
هیچ کاردانەوەیەکی لێ نەکەوتەوە.
²فایلی جامڕەش :هێمایە بۆ ئەو سەرکردە فایلدارانەی بە ئۆتۆ "سەیارە" ی جامڕەش هاتوچۆ دەکەنو بەمە لە خەڵکی سادەی جامڕووندار جێا دەکرێنەوە.

فەرهەنگۆک:
ئۆتۆ: ئاوتۆ، ئۆتۆمۆبیل

__

٢٠١١/٣/١٤- هێلسنکی
لاپەڕەی١٠٥'١٠٦'١٠٧'١٠٨'١٠٩'١١٠
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
[37]
لە ژوانگەدا

تۆ ئازادیکوژیت، گیانە،
لە سووچێکی ژوانگەیدا دیلت کردووم،
بێخەم لە چرکەچرکی کات،
بێئاگا لە بوون و نەبوون.
تۆ ئازادیبەخشیت، گیانە،
ژوانگەیەکی بچکۆلانەت
بۆم کردۆتە هەموو گەردوون!

٢٠١١/٤/٥- هێلسنكی
لاپەڕەی ١١١'١١٢
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
#ڤیدۆ
[38]

قوون و کورسی

کاتێ لە ماڵ بێزار دەبم
ناوماڵ و دیکۆڕ دەگۆڕم:
لە کۆمەد دۆڵابەوە
تا دەگاتە فەرشی بەرپێ.
کە لە خۆشم بێزار دەبم
دیسان هەندێک شت دەگۆڕم:
قەڵەم، قۆپچە، کراس، دەرپێ...
لێ نازانم،
چ لە شاشەی تیڤی بکەم؟
دەیان ساڵە، هەمان قوون و هەمان کورسی،
هەمان دەنگ و
هەمان چەنگ و
هەمان چەهرە و
هەمان چەنە و چاوی برسی...
شاشەیەکە، حوکمە دەبێ هەتا مردن لێی بنۆڕم.
دۆش داماوم،
قوون و کورسیی سەر شاشەکان چۆن بگۆڕم؟!

٢٠١١/٤/٥- هێلسنكی
لاپەڕەی ١١٣'١١٤
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
#ڤیدۆ
[39]

ڤیاگرا

ڕیکلامی ناوێ!
دنیا دەزانێ،
ڤیاگرای دیدەشین،
چ خزمەتێکی ڕاست و چەپ دەکا...
بەڵام پێم سەیرە،
پەرلەمانتاری ئێمە کە دەیخوا
هەمووی سست دەبێ، قڕوقەپ دەکا،
هەزاریش قوتدا
ڤیاگرای بەدعەمەل
تەنیا گیرفان و دەستی ڕەپ دەکا!

٢٠١١/٤/٢٥
لاپەڕەی ١١٥'١١٦
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
#ڤیدۆ
[40]
سەردەشت

"بۆ شەهید سەردەشت عوسمان"

لەو ساتەوە
کە هاتن و
دار چنارە شیکەکەیان لوول دا و ڕفاند،
لەو ساتەوە
کە هاتن و
گوڵەجۆیە گڕتێزاوەکەیان کرتاند،
کۆتری خەم
هەتا ئێستاش هەر گمەی دێ؛
کۆڕی پرسەی هەموان تەواو،
پرسەکەی من
بەردەوامە و هەر جمەی دێ!
*

داخی ئەوەم لە دڵدایە
نەیگەیشتمێ تا پێی بڵێم:
"ئاگادار بە!
لەم وڵاتە،
ئەوەی قەڵەم چۆڵەچرا و ئاورگی بێ،
دەبێ زمان چەقۆی تیژی سەر قورگی بێ!"
*
نە دەزانم،
نە دەشپرسم،
کێ بوون دابارینە سەری!
ئیدی بۆ من وەکوو یەکە-
بنیادەم بوون یان کەمتیار؛
بە چی هاتن:
بە جامڕەشێک یان بە جامڕوون؛
بێ نمرە بوو یا نمرەدار!
بەڵام پرسیم،
پرسیم و دیسان دەپرسم:
ئەو سبەینەی
نرکە و گۆڵەی ئەو هەورەیان مت و کڕ کرد،
ئەو سبەینەی
ئەو تەلارە نەخشینەیان خاشەبڕ کرد،
ئەوێ ڕۆژێ
یاسای سەروەر
بۆ کام بەرخی کەڕەواڵە چووبووە کەمین؟
گیرفانی کێی دەپشکنی؟
لە ئاسمان بوو یان لە زەمین؟!
هەر پرسیم و پرسیمەوە...
هەندێ دەڵێن:
"یاسای سەروەر
مایەسیری گیری دابوو، دوورەدەست بوو".
هەندێک دەڵێن:
"زۆر سەرقاڵ بوو،
شوورەی دەوری کۆشک و سەرای هەڵدەچنی،
خەمی خەست بوو".
هەندێک دەڵێن:
"لە چریکە و فڕکەی باڵی باڵدار پەست بوو"
هەندێ دەڵێن:
"نەخێر، بێشکەی
حکوومەتە ساوایەکەی ڕادەژەنی،
ناوەناوە دایبییەکی لەپێ دەکرد،
ناوە ناوە دایبییەکی دادەکەنی!"
هەندێک دەڵێن:
" نا، ئەو ڕۆژە
بە شەرابی زەماوەندی بە شوودانی کەرکووک مەست بوو".
هەندێ دەڵێن:
" لە بانکێکا پارەی دەژمارد،
لەبەر چاوی ڕژدی ئەغیار
سڵ و سرک و لەسەرهەست بوو".
منیش دەڵێم:
" کەس نەیزانی
یاسای سەروەر زگی دەچوو،
لە ئاودەست بوو!"

٢٠١١/٦/٢- هێلسنكی
لاپەڕەی ١١٧'١١٨'١١٩'١٢٠'١٢١'١٢٢
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶

#ڤیدۆ
[41]
پێچەقاندن

دەزانی بۆچی
قاچم لە مەیدان داچەقاندووە و
جارێ بە شیعر نالێم ماڵاوا؟!
چونکە چاوەڕێی شاعیرێک دەکەم
گفت و پەیمانی هاتنی داوە.
ئەو شاعیرەی دێ
پەرییەکانی ماد
لە ئاوی(وان) و خاکی چیای حەمرین
هەڵیانشێلاوە.
کاتێ هەڵدەکا،
لە گەردەلوول و با ڕەهاتر،
لە من مێرخاستر،
لە من گەڕناستر،
لە دوندی قەندیل بێپەرواترە.

ئەو شاعیرەی دێ
هەر نەفەسێکی
دەبێتە نەخشێک لەسەر زناران،
هەر نیگایەکی
مۆمێک پێ دەکا
لە تاریکستانی ماڵە هەژاران.

ئەو شاعیرەی دێ
لەکۆی من دەمم کڵێڵە بووبێ-
ئەو دەتریشقێنێ.
لە کوێ من پرتە و بۆڵەم کەردبێ-
لەوێ چاوی ئەو
چەخماخە دەدا و گڕ دادەچێنێ.
ئێستا زانیتان
بۆچی من قاچم داچەقاندووە و
جارێ بە شیعر ناڵێم ماڵاوا؟
من چاوەڕوانی شاعیرێک دەکەم
گفت و پەیمانی هاتنی داوە!

٢٠١١/٦/١٨- ڕیگا
لاپەڕەی ١٢٣'١٢٤'١٢٥
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
#ڤیدۆ
[42]

دەرگە و پەنجەرە

هەموو ڕۆژێ
پەنجەرەکان... یەک یەک... هەموو...
هەموو، یەک یەک پەنجەرەکان دەکەمەوە.
هەموو ڕۆژێ دەرگان گشت،
گشت دەرگاکان دەکەمەوە...
دەرگەکان گشت...
پێش کۆچکردن بۆ بۆ هەوارێک
نە پەنجەرەی دەکرێتەوە،
نە دەرگەی دەخرێتە سەر پشت!

٢٠١١/٦/٢١- ڕیگا
لاپەڕەی ١٢٦'١٢٧
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
#ڤیدۆ
[43]
چەقی گەردوون

کێ دەزانێ،
کوێیە چەقی ئەم گەردوونە؟
ئەم گەردوونە بێسنوور و میچ و بنە؟!
ئێوە هەر دەڵێن... بڵێن،
بەڵام، بۆ من،
چەقی گەردوون ناوکی ژنە!

٢٠١١/٦٢/٢٩-ڕیگاـ تالین
لاپەڕەی ١٢٨
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
[44]
بەدگومانی

چەند سەیری خۆت دەکەی بکە،
لە بنپێوە تا تۆقی سەر.
هەر چۆنی خۆت دەخەمڵێنی بخەمڵێنە،
سەرپشک بە و ئازادەسەر!
منیش لێرە،
بەدگومانی وەها دڵی کرمێ کردووم،
زۆر نەماوە بتوێتەوە.
بیرم هەروا
دەوراندەوری
ئەو ئاوێنە باڵابەرزە چاوباشقاڵە
دەخولێتەوە...
نازانم چۆن کوێری بکەم،
تا نەتوانێ
ئەوەندە لێت وردبێتەوە!

٢٠١١/٦/٢٩-ڕیگا-تالین
لاپەڕەی ١٢٩'١٣٠
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
#ڤیدۆ
[45]
تەزبێح

وەڕەس نابیت!
لە شاخ و شار
تەسبیحەکەت هەر بادەدەی.
دەنکەکانی دەگێڕیت و
ئەویان بەمدا دەماڵیت و
لەپڕ ئەمیش بەودا دەدەی!
هەزار بریا،
من دەمزانی بەو تەزبیحە چ دەژمێری:
ئەو سەرانەی
میرغەزەب و تەوروەشێن پەڕاندییان؟
ئەو ملانەی
ملەستوورە دابەستەکان شکاندییان؟
یا ئەو ڕنووە درۆیانەی کۆمایەک بوون،
هەر هەڵیان دا،
بوون بە گرد و ئێستا چیان؟!
***
چ دەژمێری و تەواو نابێ؟
ئەو تانکەرە ملحیزانەی
میزەڵدانیان نەوتی تیایە و
قەتار قەتار ئاودیو دەبن،
هەڵتەک هەڵتەک
هەر بەڕێوەن وەک تاژیی ڕاو؟
چ دەژمێری؟
شیش و شۆفڵ، یا سۆندەی ئاو؟
بورغی و بزمار،
یا قەللابە و گرێدەری بێخمەی خنکاو؟¹

چ دەژمێری؟
دەرگەوان و
پەردەوان و
ڕاپۆرتنووسە خوێنڕێژەکان،
یا باجگرە لە شاخ و شارە دەستنێژەکان؟
چ دەژمێری؟
ئەو پێتەخت و مێتخەختانەی
لەملا هەر خۆت تاڵانکەر و
لەولاش هەر خۆت سامانیان بووی؟
ئەو ئەنفالچی و وانەکانەی
لەمسەر دوژمن،
لەوسەر هەر خۆت مامانیان بووی؟!

چ دەژمێری ٥٨ لوغمەکەی گارنەر؟ ²
یا ١٤٠ قازووخەکەی پۆل برێمەر؟
ئەو دەستانەی
دەمت لەجێی دەست بۆ بردن؟
ئەو پێکانەی
بەسیححەتی جەللادان و قوربانییان
لە یەک کاتا نۆشت کردن؟

چ دەژمێری؟
ئەو سەتانەی
لە ماوەی چاوقوچانێکا دەبنە هەزار؟
یا سفرەی ئەو ملیۆنانەی
وەکوو بەراز،
دەترەکێن و دەبنە ملیار؟
چ دەژمێری و تەواو نابێ؟
ئەو ئاڕبیجیبەشانانەی
وەکوو حوشتر یخیان دەدەی،
یاخۆ سمێڵبابڕە گەسکەدەرەکان؟
هونەرمەندانی هونەرگەند؟
ڕۆشەنبیرانی فشنبیر،
یا نووسەرە گووسەرەکان؟!

چ دەژمێری؟
قوڕگی گیراو؟
حەرفی خساو؟
یا قەڵەمی لە بارەگا و دیوەخانان
ماسک و دەرپێ پێ داکەنراو؟
چ دەژمێری؟
ئەو کەسانەی هەڵتدێران
یا ئەوانەی
لە مەودوا هەڵیاندەدەێری؟
بریا سەت بریا دەمزانی
بەو تەسبێحەت دەنک وردە چ دەژمێری!

ناوەڕاستی ٢٠١١
لاپەڕەی ١٣١'١٣٢'١٣٣'١٣٤'١٣٥'١٣٦'١٣٧
____
¹بێخمە: پڕۆژەەیەکی ستراتیژی بوو لە زۆزانی بێخمە، کە دوای ڕاپەڕین سەرانی بەرەباب و پارتخێڵەکانی باشوور هەموو ئامێر و کەرستەکانیان فەرهوود و هەرزانفرۆش کرد.
²جەی گارنەر: ئەو ژەنەڕاڵە ئەمریکاییەی پاش سەددام بووە ئەندازیاری"عێراقی تازە" و بەشداریی سەرانی پارتخێڵەکانی کوردستان دانا و لە ماددەی ٥٨ی قانوونی دەوڵەتی عێراقیی بەرجەستەکرد، پاشتریش، هەر ئەم ماددەیە ترەکی و ژەهرماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقیی لێ کەوتەوە.
__
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
[46]
ئەگەر ئاسمان ژنێک بایە

ئەگەر ئاسمان ژنێک بایە
نزام دەکرد ببمە باڵدار،
هەڵدەفڕیم بزر دەبووم
لە باوەشی تاکە ژنی سەرتاپا شین.
بۆ چینەش نەدەنیشتمەوە،
با ژوانێكی کورتیلە با سەفەری ژین!

٢٠١١/٧/٢٣- ڕیگا - هێلسنكی
لاپەڕەی ١٣٨
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
[47]
گێوژچنین

گەر کۆچم کرد،
نەکەن بڵێن:
"ئەو منداڵە سەرسپیەمان
کۆچی دوا کۆچە، مردووە".
بڵێن چۆتە گێوژچنین لە بەندەنان،
ڕێی هاتنەوەی ون کردووە!

٢٠١١/٩/٢٥-ڕیگا
لاپەڕەی ١٣٩
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
#ڤیدۆ
[48]
قەفەزپەرەست

مەلێک هەیە سەیر و سۆبەت.
کێ ناوەکەی بۆم هەڵدێنێ؟
باڵدارێکە،
بێ قەفەز و قەفەزەوان
نە هیچ دەچێ بە قوڕگیدا، نە دەخوێنێ.
باڵدارێکە،
شووڵەکانی قەفەزیشی بۆ هەڵبڕیت،
ڕەهاشی کەی،
هێندە نابا، هەر خۆی... بەلەز...
فڕکە دەکا،
پێچێک دەدا و دەچێتەوە بۆ ناو قەفەز!
***

بیر لە هەموو باڵدارانی ئەم دنیایە بکەنەوە:
باڵداری دەشت،
باڵداری شاخ،
باڵداری ناو دەوەنجاڕ و مێشە و چوغورد...
هی بەرزەفڕ،
هی نەویفڕ،
هی گۆشتخۆرە،
هی دانخۆرە،
یەکە یەکە... درشت و ورد...
مەڵێن نییە!
من مەلێکی وا دەناسم،
کە پێی دەڵێن سەرکردەی کورد!

٢٠١١/٩/٢٥ - ڕیگا
لاپەڕەی ١٤٠'١٤١'١٤٢
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
#ڤیدۆ
[49]
زەرد و سەوز

من دەڤەرێک پێ دەزانم،
قەستەسەری هەر زەردێکە،
زێڕی بەرزەعەیار نەبێ.
من دەڤەرێک پێ دەزانم،
دوژمنی هەموو سەوزێکە، دۆلار نەبێ!

پایزی٢٠١١-هێلسنکی
لاپەڕەی ١٤٣
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
#ڤیدۆ
[50]
دوبەی

دووسێ باڵەخانەی تەژە،
چەند ئوتێلێكی بەرزەفڕ،
دووسێ مۆڵ و ماكەرسیتی،
چەند وەنەوشە و كەدیلاک و مۆنیكایەک،¹
چەند قومارگەی چراخان و
چەند مەساژگەی بنزگشێل و
چەند مەلهایەک،
دووسێ دەرزن فێستیڤال و
چەند زنجیرە كۆنفرانسێک،
چەند چاوەشێكی دەستیدوو،
گەڕێک شایی، سووكە دانسێک...
- چیتر ماوە؟
مووچە نەبڕێ لە بەغداوە!
- چیتر ماوە؟
هەر ئەمانە و
دوای هەڵدانی چەند پێكێک مەی،
كوردستانتان بۆ دەكەمە شاری دوبەی!

٢٢/١١/٢٠١١ تالین- ڕیگا
لاپەڕەی ١٤٤'١٤٥
__
¹-وەنەوشە و کەدیلاک و مۆنیکا: سێ مارکەی ئۆتۆی گرانبەهان، کە زۆربەیان مافیای بەرەبابەکانیان پێ دەناسرێتەوە.


--------
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
[51]
بۆ ڕەخنەگرێک

لەم و لەوت زۆر پرسیوە،
ئەم ئازادییەم لە کوێ بوو!
تۆ مەراقتە لەوە بگەی،
زمانێکی ڕووت و بێکەس،
گەڵاگۆشتێک...
نەرم و نیان، بێ فریاڕەس،
چۆن تا ئێستا
پەردەی کۆشکی فیرعەونانی ھەڵدڕیوە؛
چۆن، بێپەروا،
بە تەلبەند و دڕکەڵانی سنووراندا تێپەڕیوە؛
کام تەخت و تاج بۆی پشتەکە،
کام گیرفان ناوکی بڕیوە!
***
مەراق مەخۆ!
با پێت بڵێم:
کە من ھەردەم
قاسەی لاتیم پڕاوپڕ بێ،
کە من کۆشک و باڵەخانەی بێلانەییم
ھەوربڕ بێ،
کە ھەمیشە،
چوار وەرزی ساڵ،
ھەر ئاودار و بزمارکوت بن
ھێشووەکانی ڕەزی خەمم -
چۆن ئازادی ڕووم تێ ناکا،
نایێ و نابێ بە ھاودەمم ؟!

٢٥⁄١١⁄٢٠١١ - ھێلسنکی
لاپەڕەی ١٤٦'١٤٧'١٤٨
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
[52]
من و دنیا

ئەم جیهانە، چەند پیریش بێ،
هەموو ڕۆژێ
لە هەناویا
ماسی گەرا دادەنێن و
توولەنەمام پەلداوێن و
مەل هێلانەی نوێ چێ دەکەن؛
تەرزی ڕەزان، ناسک ناسک،
لەبەر هەتاو خۆ هەڵدەخەن.
منیش وەکوو ئەم دنیایەم:
بەتەمەندا سەریش کەوم،
هەموو ڕۆژێ
لە ماڵۆچکەی گیانی مندا
زارۆیەکی زیتەڵانە چاو هەڵدێنێ،
پێ هەڵدەگرێ و دەشنێتەوە.
وردەماسیی خزی خەیاڵ گەرا دەخەن،
کۆدێک دەشکێ و
گەنجینەیەک دەکرێتەوە!

٢٠١٢١/١/٥-ڕیگا
لاپەڕەی ١٤٩'١٥٠
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
#ڤیدۆ
[53]
ژین

ژینی پێش تۆم لە یاد نییە.
پێش ناسینت من نەبوون بووم.
لەگەڵ تۆدا
زمانم گرت
چاوم پشکووت
سەر پێ کەوتم دارە داره ...
چۆن باوەڕ کەم بەوەی دەڵێ
لە دایک بوون هەر یەک جارە؟!

٢٨١٢/١/١٣- ڕیگا
لاپەڕەی ١٥١
📚دیوانی #سەوڵم_پۆڵا_کەناریش_دوور
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶
2024/09/28 23:17:05
Back to Top
HTML Embed Code: