Telegram Web Link
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۵]
ــــــــــــــــــــــ

"کرێکارین"

کرێکارین، کرێکارین
پەروەردەی ئێش و ئازارین
ئارەقڕێژین،
ژین دەنێژین
تاکوو بژین.

کرێکارین، کرێکارین
کۆڵەکەی ژینین، بەکارین
بە هەڵمەتی بازوو و شانمان،
بە تەمەنی پڕ مەینەتی تێکۆشانمان
شاخوداخی پڕ مەترسی
بنکۆڵ دەکەین، جەرگ دەدڕین،
لە کیسەی تەمەنی خۆمان
نرخێکی تازەی بۆ دەکڕین...

بەڵام تووشی سەرسوڕمانین
کە نازانین،
بۆ کێ دەچێ ڕەنجی بازوو
جگە لە نان، چەند لەتێک نان
-ماکی ژیان-
ئەمەش بۆچی؟

تا بێینە گەڕ وەکوو ئامراز،
بێ قڕەقڕ، نەمانبێ ڕاز
جگە لە ڕەنج، جگە لە کار،
بۆ گیرفانی سەرمایەدار!

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
📚فەرهەنگۆک:

🔸بنکۆڵ = هەڵکۆڵین

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓( ۱۹٦۵_هەولێر )
📚 #دیوانی_فرمێسک_و_زام
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[٦]
ــــــــــــــــــــــ

"دۆن ژوان"

ڕێک و جوانی، تۆ دۆن ژوانی
سنگ دەرپەڕیو، چاو قەترانی!

هەنگاو بنێ، سووک خۆت بادە،
لەم جادەوە بۆ ئەو جادە

سەر شانە کە لەناو کۆڵان،
ئازای ناو کۆڕی کیژۆڵان!

جل وەک بووکی ناو کەژاوەی
یەخە بە مێخەک ڕازاوەی!

کەوشی تازەت چەشنی شالوور
لێی هەڵدەستێ ئاواز لە دوور

بۆ هەر جێیەک بچیت، بێ دەنگ،
دەتپەرستن کچانی شەنگ

سا چیت لە من، چیت لە حەمە
کەوا دڵمان پڕ لە خەمە!

حاڵت باشە وا گڕەی دێ
گیرفانت گەرمە زڕەی دێ!

*

تف لەو بەژنە، لەو باڵایە،
لەو سەروملە واڵایە

تف لەو دڵە پڕ سستییە
کە هەر فێری ژێردەستییە

تف لە جوانیی ئەو دوو چاوە
کە بۆ چاوبازی خوڵقاوە-

نابینێ نیشتمانەکەی...
ئازاری خاکە جوانەکەی...

تف لەو گوێچکە، چەند سەگسارە
چەند مووچە بۆ دەنگی پارە!

بەڵام دوورە لە بیستنی
کوردایەتی و پەرستنی

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
📚فەرهەنگۆک:

🔸شالوور = جۆرە بولبولێکی دەنگخۆشە

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓( ۱۹٦۵_هەولێر )
📚 #دیوانی_فرمێسک_و_زام
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۷]
ــــــــــــــــــــــ

"ئاواتێک"


توخوا گیانەکەم، لەگەڵ بەیان زوو
بمگەینە کۆشکی بەرزی ئارەزوو

وەک پەیکەرێکی دەستکردی خوایی
بمخەرە ژینی پڕ دڵنیایی:

وەرە بەر دەرگە بە چاوی پڕ خەو
هەر بە پۆشاکی فریشتەییی شەو

هەناسەیەکی بۆنخۆشی لێوان
بپڕژێنە سەر پەڕەی گوڵی ژیان

با بە یەک خەندەی پاکی بێ گرێ
مووچڕک دڵم وەکوو دیل بگرێ،

تا کپ کا داخی شەوی درێژم
کە خورپەی دڵم بۆت هەڵدەڕێژم.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓( ۱/۹/۱۹٦۵_هەولێر )
📚 #دیوانی_فرمێسک_و_زام
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۸]
ــــــــــــــــــــــ
"تابلۆی ژیان"

منم_ژیانی پڕ لە ناسۆری ،
لە نیشتماندا نزیک و دووری،
کاری کردە سەر ناخی گیانم و
پەنجەی بردم بۆ خامەی جەسووری

منم_لایلایەی هەژاری و ڕۆژگار،
ناڵەی دەوروپشت، هەناسەی ئازار،
گوێچکەی تەمەنیان زرینکاندمەوە،
خستمیانە کار، بە هیوای بەهار.

منم_شەپۆلی ئازار و تاڵیم
خەندەی کوشت لەسەر لێوی منداڵیم،
بەڵام زۆر بیری بەرزی ژیانی
بەرەو دەماخی ساوا ڕاماڵیم.

منم_گەردانەی گەردنی خەیاڵ.
ساتێ فریشتەی جوانیم دێتە پاڵ،
تابلۆی هونەرم، بۆ ساز دەکاتن،
دەمخاتە بزە و خولیای گڕوگاڵ

منم_سروشت و هونەر و جوانی،
ئاواز و هەڵبەست، نووزە و گۆرانی،
یەکە بە یەکە لێویان ماچ کردم،
منیش بۆم گوتن هەرچەندم توانی.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓(۱۸/٦/۱۹٦٦_هەولێر )
📚 #دیوانی_فرمێسک_و_زام
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۹]
ــــــــــــــــــــــ
"هەر بە دراوم"#

هەر بە دراوم،
نەک بە گفتوگۆی نەرم و شەکراوم،
خوو و ڕەوشت بەرزیت سوپەری شکا،
ئەو ئاوە پاکەی پێت دەگوت ئابڕوو
بە جلی جوان و زێڕ و زیو تکا!

وەکوو کتکەکوێر،
هەوراز بە هەوراز،
هەڵدێر بە هەڵدێر،
بێ لێکدانەوە بە شوێنم کەوتی،
باوەڕت پێم کرد... هەرگیز نەسرەوتی.
دەزانی بە چی؟
هر بە دراوم،
نەک بە گفتوگۆی نەرم و شەکراوم!
***

ئەمەتا سنگی وا شۆرشگێر و لەخۆباییبووت
ئەمەتان هەردوو گوێ مەمکەکانت،
وا لە دەست پەنجەم دەناڵن بە جووت!
گەنجینەی خۆمن...
کوانێ، نابینم قەت بەربەستم کەی،
دەربەدەرم کەی، زویر و پەستم کەی!

بەڵێ، تۆ ئێستا
زۆر گوێدێرتری بۆ پەنجەکانم لە ئەنگوستیلە
ئەو لێوە ئاڵەی،
کە من سەردەمێک وەک خوا دەمپەرەست،
وا بە دەستمەوە ئێستاکە دیلە.

باوەڕم هێنا کە ئەم جوانییە
بۆ گشت کەسێکە، هەر بۆ من نییە.
بۆیە دەیشێلم،
بۆ کەسێکی تر شیلەی ناهێڵم...
دەزانی بە چی؟
هەر بە دراوم،
نەک بە گفتوگۆی نەرم و شەکراوم!
***

وا بە سەر هەموو ئەندامی لەشتا
هەڵدەڕێژم
قین،
قینێکی دێرین.
ئای هەژار، نەزان، چی لە دەست نایێ:
نە فیز، نە جنێو
نە کینە، نە ناز
یا خۆ هەرایێ!
هەر لەو ڕۆژەوە دیلم کردووە
هەر بە دراوم،
نەک بە گفتوگۆی نەرم و شەکراوم


# هەڵبەستێکی نیزار قەببانیە بە دەستکارییەوە کراوەتە کوردی

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓(۱۹٦٦_هەولێر  )
📚 #دیوانی_فرمێسک_و_زام
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۱۰]
ــــــــــــــــــــــ

"پێکەنە"

پێکەنە بە من، بە باڵاو ڕەوتم،
بە ساویلکەییم، بە پیری چەوتم،
بە درەختەکەی خەیاڵی لاویم،
کە ساڵەهای ساڵ لە سایەی خەوتم
بەو دڵە مەستەی چاوی تۆی پەرست،
ئەو چاوانەی قەت بۆیان نەسرەوتم.
***

پێکەنە بە من هەتا دەتوانی!
بەڵێ! پێکەنه بە من، بە ژینم،
بە لەشی بێهێز،
بە هەردوو چاڵی چاوی بێتینم.

بەڵێ! پێکەنە...
بەو پێکەنینە
بە هاوتات ناشێ هیچ نازەنینێ.
من زویر نابم!
چاو ڕاهاتووە هەروا بتبینێ

***
پێکەنە، گیانە!
بەو دەور و دەمە پڕ ئێش و خەمەی
بە قرچەی گەرما،
بە سۆڵەی سەرما،
زۆر بە تاسەوە دەهاتمە سەر ڕێت،
وشەی دڵداریم دەچرپاندە گوێت.

هۆنراوەی تەڕم دەهۆنینەوە
بۆ دڵداریی تۆ،
بۆ بەختیاریی تۆ،
بۆ ڕووی وەک مانگت،
بۆ چاوەکانت،
بۆ پێڵووی مەست و برۆ و برژانگت.

هونەرمەندێک بووم زۆر لەخۆبایی.
دەمویست تۆ بکەم
بە تابلۆیەکی ڕەنگینی خوایی،
لە دەوروپشتت دەسووڕامەوە بە دڵنیایی.
بە پەڕەمووچەی هەستی ناسکم
زۆر بە وردبینی نەخشم دەکردی،
سا بەرەو تەختی
فریشتەکانی بەهەشت دەمبردی!
***

بەڵێ، پێکەنە
کە هاتوچۆم کرد
له بەردەم کۆشکی خنجیلەی زاوا،
تەماشام کردی زۆر بە ترسەوە
هەر بە گۆشەی چاو، ناچار... لەتاوا...

بەڵێ، نازەنین!
دەنگی خڕخاڵ و قاقای پێکەنین،
زڕەی سێ ڕستە گەردانەی زێڕین
بکە مۆسیقا و
پەردەی گوێچکەمی پێ بێنە گرین!

پێکەنە، پێکەنە!
بەو ڕۆژە ڕەشەی کە تێیدا ڕوا
گوڵی دڵداریی زوو بابردوومان!
بە خەوی خۆشی ناو ئەو باوەشەی
دەگێڕێتەوە گشت ڕابردوومان

***
پێکەنە بە ناز، ئەی نیهاد مردوو،
بە خەونی دوێنێی من و تۆ هەردوو،
بە هۆنراوەم و تاریی بیناییم،
بە هەناسەی سارد، ژینی تەنیاییم،
بە چەند وشەیەک، هێلانە سەر لێو،
شیرین، ئاگرین، کەم و هەست بزێو:

"پەرستگەی ڕووخاو، ئەی بووکی تازە،
ژینی نێو کۆشکت سەدجار پیرۆز بێ.
ئەو گەنجینەی کە ناوی نازە،
با بۆت هەوێنی ئەندیشە و سۆز بێ!"

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
📚فەرهەنگۆک:

🔸ڕەوت = ڕویشتن
🔸پەڕەمووچە = پەڕی باڵندە(بۆ فڵچەی وێنەکردن بەکار هاتووە)

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓(۱۹٦٦_هەولێر  )
📚 #دیوانی_فرمێسک_و_زام
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۱۱]
ــــــــــــــــــــــ

"ئەی گوڵی زەرد"

ئەی گوڵی زەرد،
ئەی گوڵی زەرد!
ئەگەرچی ڕەشەبای نامەرد
پەیتاپەیتا هەڵمەت دێنێ
لە چڵی ژین بتقرتێنێ،
لە ژێر پێیان تێر بتشێلێ،
بتئەنجنێ و هەر نەتهێڵێ،

تا ناکام بی و نەگەی بە کام
ساڕێژ نەبێ لە دڵتا زام.
بەڵام، گیانە،
ئەی گوڵی زەرد،
بەرزهەڵچووی گەڵا بێگەرد:
تۆ هەر دەژیت...
ڕەگت هەیە لە دوورەشوێن.
گڕت هەیە
لەناو هەموو تنۆکێک خوێن.

***

ئەی گوڵی زەرد،
ئەی گوڵی زەرد!
وا هەزاران لاوی نەبەرد
دڵداری تۆن.
چاوەنواڕی بەهاری تۆن.
باوەڕی بەهێزیان پێتە
ژینیان دادەنێن لە ڕێتا.
پۆڵایین،
زۆر بەهێزن،
بە هەر نرخێک دەتپارێزن.

***

ئەی گوڵی زەرد!
تاکو شەوە با ڕەشەبا
لابەلا بتهێنێ و بتبا
بەڵام سبەی،
تیشکی بەیان
کە دەتبینێ
پەیامی پیرۆزت گەیاند،
هەڵتدەمژێ... ماچت دەکات...
باست بۆ هەر لایێک دەبات.

ئەوسا شالوور
بەجێدەهێڵێ ئاسۆی دوور.
بۆ لای تۆ دێ،
تا مەستانە بچریکێنێ،
ڕازەکانی مەردایەتیت بدرکێنێ،
گۆرانی خۆش بڵێ بۆ تۆ، بۆ هەموو باخ،
بلەرزێنێ داوێنی شاخ
"تۆ هەر دەژیت، ئەی گوڵی زەرد،
بەرز هەڵچووی گەڵا بێگەرد"

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓(۱۹٦٦_هەولێر  )
📚 #دیوانی_فرمێسک_و_زام
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۱۲]
ــــــــــــــــــــــ
"بمگرە باوەش"


بمگرە باوەش، هیوام، ئاواتم،
ئەو باوەشەی بۆم بێشکەی ئاواتە.
بملاوێنەوە تاکوو له لاتم،
کە مەبەستی ڕاستیم تەنیا ئەو ساتە!

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
📚 #دیوانی_فرمێسک_و_زام
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۱۳]
ــــــــــــــــــــــ
"خاڵە پیرۆت"

خاڵە پیرۆت، خاڵە پیرۆت!
بەسە، مەگری، بۆ بەختی خۆت،

کاروانەکەمان نەبەزە،
کۆڵەکەی پشتی ڕەگەزە،

زڕەی زەنگی پێشکەوتنە،
پەیامبەری سەرکەوتنە،

قەت ناچەمێ و نەچەمیوە،
لە کۆڕی ژین زۆری دیوە،

وەکوو گوڵی وەرزی بەهار
ڕوا لەسەر زبڵی ئازار،

ڕەگی داکوتا زۆر بەتین،
هەڵچوو بەرەو ئاسمانی شین،

***
خاڵە، باوەڕمان شەپۆلە،
شەپۆلی پڕ قین و تۆڵە،

پەیامی ڕاستیی ژیانە
دژی فرمێسکی گریانە،

لە سەرچاوەی ئازارەوە،
لە هیوای لادێ و شارەوە،

له قوڵپی خوێنی زامەوە،
لە حیبری نووکی خامەوە

پەیتاپەیتا هەڵقوڵاوە،
لەگەڵ ژیان تێکەڵاوە.

جموجۆڵی ئەو شەپۆلە
تێر ئاو دەکا هەردی تۆڵە

هێزی زۆردار با گەورەش بێ،
جڵەوگری ئەم دەورەش بێ،

بڕوای ئێمە تێی دەئاڵێ،
بەرەو نەمان ڕایدەماڵێ!

چونکە هێزی مێژووی دوورە
شۆرشە، دژی سنوورە!

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓( ۱۹٦٦_هەولێر )
📚 #دیوانی_فرمێسک_و_زام
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۱۴]
ــــــــــــــــــــــ

"وشەی پەرده"

ئاغا گوتی:
من پەیکەری خوام کتومت،
دەبێ گشت لا
بمپەرستن هەر وەکوو بت!
ڕاستبوونەوە مۆسۆلینی و هیتلەر لە گۆڕ،
گوتیان: ڕاستە!
ئێمەش دوێنێ وامان دەگوت!

***
"بچێنە دەدووریەوە"
جاران پەندی وا هەبوو.
منیش لە زۆر هەردم چاند،
بە زبڵم بڕوا هەبوو
کەچی ئێستاش، داخەکەم،
قەت هیچم نەدووریەوە،
نە کەس گوتی ئافەرین،
نە پاداشت لای خوا هەبوو

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓( ۱۹٦٦ _ هەولێر )
📚 #دیوانی_فرمێسک_و_زام
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
كەركووک ڕەگە و دانابڕێ،
خۆتان لە ڕەگ دابڕاون،
لک بە لک و چڵ بە چڵتان.

درێژەی شیعر
https://www.tg-me.com/Abdulla_Pashew/3529
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۱۵]
ــــــــــــــــــــــ

"شەوەزەنگ"

گیانە، وا شەو درەنگە
زەمین کپ و بێدەنگە
بەرپەنجەرەی ڕووناکت
بەرنادەم، شەوەزەنگە

تاکوو نەتگرمە باوەش،
ئەی گوڵی ئاواتی گەش!
                    * * *
زۆر بە ئازارم ئەمشەو
لە چاوانم دوورە خەو
بۆ خەوی باوەش هاتووم
بۆیە، گرەو بێ... گرەو

واز نەهێنم، دیدەگەش،
تا تێر نەتگرمە باوەش!
                    * * *
وەرە دڵ پڕ نەوا بین،
لەژێر پەردەی شەوا بین،
لە چۆڵی خەم هەڵفڕین،
مەستی جوانیی دنیا بین

تەنیا دەمێ، دیدەگەش،
یەکتر بگرینە باوەش!
                     * * *
ڤینۆسم، خواوەندەکەم،
بژیێنەوە خەندەکەم!
ژینم فیدای ئەو ساتەی
دەشکێنی پێوەندەکەم

بە سکاڵای دیدەی گەش،
بە چرپەچرپی باوەش!
                    * * *
شەوقی نزمی ئەستێرە
سەما دەکا بۆ ئێرە،
بە خەندەی پڕ بەزەیی
چاو هەڵناگرێ لێرە

تا من و تۆی دیدەگەش،
یەکتر نەگرینە باوەش!

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🔸نەوا = ئاواز، پەنا، داڵدە، ئارامگە، جێی حەوانەوە
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓(۱۹٦٦ - هەولێر)
📚 #دیوانی_فرمێسک_و_زام
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
[۱٦]
گیانە، گەر جارجار، ناچار، لەتاوا
ئەسرم قەتیس ما لە گۆشەی چاوا
بملاوێنەوە سەر لەسەر ڕانت،
کپ دەبمەوە بۆت وەک کۆرپەی ساوا!

📚 #دیوانی_فرمێسک_و_زام
#عەبدوڵڵا_پەشێو
🆔 @abdulla_pashew
🔶🔹🔶🔹
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۱۷]
ــــــــــــــــــــــ

"دڵداریی بێدەنگ"

دوو دڵدارین کپ و بێدەنگ
دوو زامدارین، ژین شەوەزەنگ
لە ئاسمانی خەیاڵی تەڕ دێینە فڕین
بێ سکاڵا، بێ ڕاز و نیاز دەربڕین
بەڵام خۆشە!

ئەو دڵە چۆڵەی خامۆش بوو،
دوور لە جۆش بوو،
ئێستا پڕە لە ئاوازی
دەنگی سازی
خۆشەویستی،
خۆشەویستیی کەس نەبیستی،
کە لە ئەسری شەوگاری چاو
پێشکەشم کرد، هەرچەند ویستی!

بەڵێ خۆشە!
با ڕامماڵێ
لێشاوی ئەندێشەی بێبن،
هەڵمگرێ و بمباتە لای
ئەو خواوەندەی جوان و شەرمن،
کە دەمێکە ڕادەبوێرین بێ گفتوگۆ،
قووتمان دەدا گەرووی تەنگی
ژینی ژانی شەوەزەنگی،
بە بێدەنگی!

* * *

لە چوارچێوەی دڵی لاودا
شێوەی جوانی یەکتریمان هەڵواسیوە
لە ئاوێنەی ڕوونی چاودا
دڵی یەکمان چاک ناسیوە
چۆن نەیناسم؟ چۆن نەمناسێ؟

هەموو جارێ کە پێک دەگەین
زمان لە زاردا دەتاسێ
لەگەڵ دڵەکوتەی گەرم،
لە ڕوومەتمان تک تک دەتکێ
ئارەقەی بێگەردی شەرم

ختووکەی پەنجەی ئارەزوو
دەمانخاتە بەر لێشاوی سیحری تەزوو
بیناییمان، کە فرمێسک دەیدوێنێ،
دەستێکی خواییی نهێنی
پەردەی بە سەردا دەکشێنێ،
هیچ نابینێ

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🔸ئەسر = ئەسرین، فرمێسک، ئەشک، ڕۆنتک
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓(۱۹٦٦ - هەولێر)
📚 #دیوانی_فرمێسک_و_زام
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۱۸]
ــــــــــــــــــــــ

"بمبووره"

بمبوورە ئەی کچ، بمبوورە،
ئەو ڕێگایەی
ویستم بە ئاهەنگ بیبڕم
یەکجار دوورە،
بێسنوورە

بمبوورە، هێشتا مناڵ بووم،
کرچوکاڵ بووم،
بە لاڵانەوەی ڕەنگاوڕەنگ
دنیام بۆ تۆ کردە ئاهەنگ
بەڵێ، بمبوورە خۆشەویست
ئەوەی ڕووی دا من وام نەویست

بێگوناهم،
وایان پێم گوت دەوروپشتم...
هەستپاکییان لە دڵ کوشتم
گوتیان وایە،
خۆشەویستی بەس سەمایە!
ماچکردنی لێوی ئاڵە،

یا گوشینی سینەی کاڵە،
مووچڕکی دەست لە ملانە،
ڕابواردنی ناو گوڵانە،
دڵگیربوونە، ڕۆیشتنە،
ئاشتبوونەوە و گەیشتنە،
خۆکوشتنە، خوێنڕشتنە،
تەوەزەلی و پاڵکەوتنە،
نەخەوتنە

ئێستاش، گیانە،
چەند ئازار و خەم دەچێژم
چەند ئەسری بەکوڵ دەڕێژم
کە پێم دەڵێی:
"کوا، هیوامان نەهاتە جێ؟"
بەڵام چبکەم، چیم لە دەست دێ؟!

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓(۱۹٦٦ - هەولێر)
📚 #دیوانی_فرمێسک_و_زام
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۱۹]
ــــــــــــــــــــــ

"جوانیی ئەفسووناوی"

هەموو شتێک جوانە لە تۆ:
نازکردن، تاسە، گفتوگۆ،
بەڵێندان، سەردان، هاتوچۆ

چەندە جوانە
شەپۆلی پێکەنینی ناز،
کە ختووکەی گیانم دەدا بە سەد ئاواز،
لایلایەیە بۆ خەوتنم
لە باوەشی گەرمی مراز

ئای، چەند جوانە
ڕەوتت بەرەو قوتابخانە
بە هەنگاوی وردیلەی سووک،
وەک پەپوولە لەنجە بکات
بۆ ماچێکی لێوی گوڵووک
                     * * *

هەموو شتێک جوانە لە تۆ؛
سۆزی گەرم،
بزەی نەرم،
دڵتەڕیت و چێژی ناسک،
جارجار چرپەی تێکەڵ شەرم

چەندە جوانە:
پەنجەی لەخۆوە نەرم و شل،
تاڤگەی کەزیی ئارمووشینی
پەخش و خاوی سەر شان و مل

چەندە جوانە:
قژی تەنکی سەر ناوچەوان،
کە وەکوو تەم سەما دەکا
لەسەر بەفر و گوڵ ئەرخەوان
                    * * *

هەموو شتێک جوانە لە تۆ:
وردە نیگا،
چاو و برۆ،
گێڕانەوەی بیرەوەریت،
باسی خۆشی و دەردەسەریت،

باسی دەستەخوشکانی خۆت،
باسی شیعری بێتام و بۆت،
باسی دواڕۆژ،
باسی ناوماڵ،
باسی ناوی یەکەم مناڵ!

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🔸گوڵووک = گوڵی کێوی
🔸ئارمووشین = ئاوریشمین
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓(۱۹٦٦ - هەولێر)
📚 #دیوانی_فرمێسک_و_زام
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۲۰]
ــــــــــــــــــــــ

"بڕیار"

بڕیار بوو پێشێل بکەم دڵداریت
بپچڕێنم ژێی سۆزی یادگاریت

تا تێکەڵ گیانی یەزدان نەبمەوە
بۆ نێو پەرستگەی چاوت نەچمەوە

بڕیار بوو کەوا ئاگرێکی خۆش
پەیامەکانت گشت بگرێتە کۆش

بەڵام تنۆکە فرمێسکی ئەمڕۆت
وای کرد گۆرانی بڵێمەوە بۆت

لە جاران پتر بەندەی جوانیت بم
شاعیری بزەی کامەرانیت بم

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓(۱۹٦٦ - هەولێر)
📚 #دیوانی_فرمێسک_و_زام
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
🆔 @abdulla_pashew

[۲۱]
ــــــــــــــــــــــ

"یاری دڵسۆزم"

گیانە، هەژاری، دۆستی دڵسۆزم
تەونی تەنینی بیری پڕ سۆزم

ئەی ئەو نازدارەی ساڵەهای ساڵە
تەنیا و دەست لەمل دەژین لەم ماڵە

زۆر تۆم خۆشدەوێ، قەت جێم مەهێڵە
ژینم بە پەنجەی ناسک بشێلە

چونکە کام هەڤاڵ، کام دڵداری تاک
کام دایک و باوک، کام برای شیرپاک

هێندە وەکوو تۆ دڵسۆزە بۆ من
دەم لەناو دەمە و دەست لەسەر گەردن!

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🗓(۱۹٦۷ - هەولێر)
📚 #دیوانی_فرمێسک_و_زام
#عەبدوڵڵا_پەشێو

🆔 @abdulla_pashew
🔹🔶🔹🔶🔹🔶
2024/09/27 23:27:33
Back to Top
HTML Embed Code: