Telegram Web Link
من گوتم: وا تیری نازی چاوی تۆ پێکای دڵم
پێکەنی فەرمووی: بەڕێک کەوت بوو
نیشانم لێیی نەگرت..


#عەونی
وتم: تەنها منم پابەندی عیشقی تۆ، وتی: گوم بە!

ھەزارێکی وەکوو تۆ کوشتەیی شەمشێری ئەبروومە

#سالم
بیمارە دڵم تەنگە وەکوو غونچەیی زارت
بوو باعیسی مەخمووریی من، چاوی خومارت

جارێکی لە عوششاقی نەپرسی چییە حاڵی
دووری تۆ دەچێژێ بەسە ژەهر و خەم و تاڵی


#ئەدیب
ئەم ڕۆژانە لەم شیعرەی #خاڵە_قازی جوانترم نەخوێندۆتەوە:


گەر هەموو عالەم بکەن لۆمەم بە تیر و تانەیە
هەر ئەوەستم بێ وچان و لێرە ناڕۆم تا نەیه

چەشنی یەعقوب چاوەکانم چوو لە ڕێگەی دیتنت
بۆی کراسی یوسف ئاسا نووری ئەو چاوانەیە

قەلبی من ڕووخابوو ئەمما تۆ دروستت کردەوە
بۆ چی نایەی تا ببینی ئێستە چەند وێرانەیە

ڕۆژێ فەرمووت تا دەمێنم ئاشنای دوو چاوی تۆم
بەو ئومێدەی مامەوە و ئێستا نیگات بێگانەیە

هاتە بیرم پێت گوتم دێوانە و عاشق مەبە
خۆت دەزانی هەر کەسێ عاشق نەبێ دێوانەیە
لە خزمەت شەوقی تۆدا شەوچرا چین

#نالی
گەردی ڕێت تا کەی لە بێخود مەنع ئەکەی
ئەی ماهی میسر..

چاوی ئەم یەعقووبە موحتاجی
جەواهیر سورمەیە..


#بێخود
بڵێ بەو ئاشنایە: بێ چرایە شامی من بێ ڕووت

#مەحوی
گوتم خۆ کەعبه کەج نابێ به ماچێ
گوتی زیاتر لەوه پێ هەڵمەهێنە!


#وەفایی
ڕۆحم بە نیساری قەدەمت! بۆچی دەڕەنجێی؟
ڕۆحم کە بە من بایە، وەکوو دڵ، چییە؟ دەمدا!


#وەفایی
ئەگەر غەم بێت بەجارێ ھۆش و فامم یەک کەڕەت لابا
بە چاوی تۆ قەسەم مەیلت لە دڵما زەڕڕە لانابا


بەجارێ ڕۆژی ڕووناکم لەبەر چاو بوو بە شەو ئەمڕۆ
کە دەستی ئەو نیگارەم دی لە دەس بەدکاری سەگبابا


#کەمالی
جێی نابێ لە کولبەی دڵما خەڵوەتی دووڕوو

#سالم
لە ھەر لا ڕوویی دڵدارە لەوێدا بەختی من یارە


#سالم
وەکوو ئاونگی سەر گوڵ داڕژا سەر من خەمێکی ورد...

#عەونی
دەردی من با کەس نەزانێ
تۆ لەگەڵ خەڵکی جودای


#دیوار
کە دوێنێ شەمعی مەجلیس بوو
چریسکەی ڕوومەتی ئاڵی

ئەوا ئەمڕۆ ئەڵێی داغە
لە جەرگا فیرقەتی خاڵی

بەڵێ عاشق ئەگەر سەد بار
بنۆشێ بادەیی عوشرەت

ئەبێ هەر ئاخری بخوا
بەسەر شیرینییا تاڵی..



#ئەخۆل
سەرەکەم فیدات عەزیزم، وەرە زیز مەبە لەسەر دڵ

سەرە پایەبەندی تۆیە، دڵە ماڵی خۆتە تا بم


#وەفایی
دوژمنی خوێنیی خەوە، دیدەیی بێداری من


#نالی
قوربان.. قوربانەن جەژنەن شادییەن
دەس نە گەردەنەن ڕۆی ئازادییەن

ھەرکەس گیان وە کەف پەی نیگارێوەن
ھەریەک قوربانیی وەفادارێوەن

قوربانی مشیۆ جە عەیب بەری بۆ
فیدایی پەسەند ڕای دڵبەری بۆ


#مەولەوی
من ساڵهایە،
بەس لەگەڵ خۆمدا و
هەر بە تەنیا جەژن ئەکەم...

من دەمەوێ ئەمساڵ،
لەگەڵ ژینگە و دار جەژن بکەم
لەگەڵ دێهات و ناوچە و شار جەژن بکەم
لەگەڵ گوڵ و ماچ و دڵدار جەژن بکەم
لەگەڵ هەوار، لەگەڵ دیار، لەگەڵ هەژار جەژن بکەم

#ئارام_مەلەکشا
2024/06/18 11:27:12
Back to Top
HTML Embed Code: