Telegram Web Link
تەمەن ڕۆیی و ئەمن هەر مام بە هیوات
نە هیواکەم وەدی هات و نە ئاوات
هەموو هەر دێن دەڵێن «هێدی» سەبر کە
لە سەر ئەو سەبرە بوو ئاوام بە سەر هات


#هێدی
سه‌یره له‌م قه‌ره‌باڵغیه‌ی دونیا
که‌ست نه‌بێ ده‌ردە دڵی بۆ بکه‌ی.


#دیوار
ئەگەر هاتی لەگەڵ خۆتا
چەند هێشوەئەستێرەیەک بهێنە
لێرە شەوە.. ئاسمان هەمیشە تاریکە.



#جەلال_مەلەکشا
بەھارێ بوو جوانی، بوو بە سوخرەی پاییزی پیری

بە سەر چوو باغ و باقی ماوەوەی مشتێ چڵ و چێوە

#مەحوی
شیرین گیان من ئەگەر خودا بایەم
تەنیا تۆم دەخوڵقاند.


#جەلال_مەلەکشا
ئەگەر ڕەنجیدە بووی قوربان، لە وێرانەی دڵی تەنگم

وەرە سەر مەنزەرەی چاوم، تەماشای مەوجی دەریا که

#وەفایی
کە بێ لێوی لەسەر لێوم بنێ، ڕۆحم لەسەر لێوە

کە لێوی لابەرێ، ئەڵبەتتە ڕۆحم دەردەچێ پێوە


#مەحوی

وێنەکەش خۆم کێشاومە پێش دەساڵ
ئەو نەھاتن؛ دەردە، داغی ئەو نەھاتن؛ دەردەھا
کەس بە دەردی من نەچێ، وەک من نەبێ تووشی نەھات


#مەحوی
تاڵی بێیار و دیار و تار و مار
عەلقەمی چی؟ ئەرقەمی چی؟ سەم دەخۆم!


#نالی

عەلقەم: کاڵەکە مارانە
ئەرقەم: ماری شل(جۆرە مارێکی کوشندەیە)

#واتا: من تاڵی و ناخۆشییەک دەخۆم
کاڵەکە مارانە و ژاری ماری شل لە چاویدا هیچ نین. من تاڵی غەریبی و بێکەسی و دەربەدەری دەخۆم..واتا ژەهری ڕاستەقینە دەخۆم.
ڕۆیی دڵی مەحزوونم داخم ئەوە نەمزانی
دوو چاوی ڕەشت بردی یا زولفی پەرێشانت

باکم نییە مورغی دڵ بیکەی بە کەباب ئەمما
بیدە بە سەگ و مەیدە دەرخوردی ڕەقیبانت


#کوردی
باکم نییە ئەم چەرخە بڕووخێ کە بەسەرما
دنیا هەموو بێ بایەخ و قەدرە لە نەزەرما

هیوای نییە هەرگیز نە بە دنیا و نە بە عوقبا
کەی عاشقی شەیدا بەتەمای سوود و زەرەر ما

تۆ ڕۆحمی بۆیە کە ئەڕۆی دەسبەجێ ئەمرم
گەر بێیتەوە ڕۆح دێتەوە دووبارە بەبەرما

دائیم لە سەری ڕێگەکەتا کەوتووم ئێستا
بەم هۆیە کە ڕەحمت بێ بنێی پێیە بەسەرما

جەرگ و دڵی خۆم کردووە بە شاباشی بەری پێت
بۆ وەی کە فیدای تۆ ببێ هەر نووری بەسەر ما

تۆی مایەیی ئیلهامی قەسیدە و غەزەلی من
بێ تۆ نە قەسیدە نە غەزەل ما نە هونەر ما

#کەمالی
بڵێ بەو ئاشنایە: بێ چرایە شامی من بێ ڕووت

#مەحوی
من د باغێ گولفرۆشان دی ڕەسمەک غەریب
خارتەبعان گول د دەستن گولپەرستان خار بەس!


#مەلای_جزیری

لە باغی گوڵفرۆشاندا ئەوەی بینیم شتێکی غەریب و سەیر بوو، ئەو کەسانەی وەک دڕک وان دەستەگوڵیان بە دەستەوە. ئەوانەش کە گوڵپەرستن ھەر دڕکیان بە نسیب دەبێت!
لە خزمەت شەوقی تۆدا شەوچرا چین؟!

#نالی
دڵبەر پێی وتم: بۆچی غەمگینی؟
گرفتاری کام شۆخی شیرینی؟

هەستام ئاوێنەم بۆ هێنا وتم:
لە ئاوێنەدا تۆ کێ دەبینی؟


#عەونی
هەریەکەمان بەسەدان شێوە بەخەیاڵ ژیاوین.
من بەخەیاڵ ماوەیەک دراوسێت بووم، شەوان درەنگ کە ئاوی گەڕەک دەهاتەوە، تانکی سەربانی ئێوەشم پڕ دەکرد.
ماوەیەک هاوڕێت بووم، بەناوی دەرسەوە، بەناوی جل کڕین و پیاسەوە، بەناوی قەرەباڵغییەوە لە چێشتخانەکاندا دەمبردیە شوێنی تایبەت بەخێزان.
ماوەیەک هاوسەر بووین، وردە شەڕی شیرینمان هەبوو، تۆ دەتگوت شت بۆ ماڵەوە مەکڕە نایزانی، منیش دەمگوت بۆچی قەت سابوون لەسەر مەغسەلەکەدا نیە؟
لەگەڵ یەکتردا بەخەیاڵ سەدان کەس بووین، سەدان..
ئێستا هەر یەکەمان تەنها خۆی ماوەتەوە و دەرگای داخستووە، نەک بۆ بەڕەڵانەبوونی تەنیایی، بەڵکو بۆ ئەوەی خەون نەیەتە ژوورەوە..
سەدان خۆمان، بەدەستی خۆمان ناشت.
قەینا ئازیزم، لە ژیانی ڕاستیماندا خۆ ئێمە لەگۆڕی بەکۆمەڵ ڕاهاتووین !

#تەڵعەت تاهیر
هەیهات چ بێ میهر و وەفا دەرچوو نیگارم
حاڵی بە گەرم پرسش ئەکەم، ساردە جەوابم..


#گۆران
پەی کەسێ جەرگت جە داخان کەیل بۆ
تۆ مەجنوون خەیاڵ ئەو وێنەی لەیل بۆ


#وەلی_دێوانە
خەستەی خاری خەم خەم خەیاڵی وێم
وەکزەی دەروون تەن زوخاڵی وێم

بێ ئەبرۆی هیلال نەو نیهاڵی وێم
نییەت نادروست عید بەتاڵی وێم..


#مەولەوی
لە دنیادا دڵ ئارامێک و ئارامی دڵێکم بوو
بە جارێ ماڵی وێرانم، ئەمیشم چوو، ئەویشم چوو

خوێنی دڵ لە بەر چاوم نەبێ تا کەی ڕەوان ئاخر!
ئەوا ڕۆیی لە بەر چاوم ئەوی ڕۆحی ڕەوانم بوو

چ حاڵە! قوڕبەسەر حەتتا بە حاڵم پێکەنینی دێ
بە دەست ئەتواری تۆوە قوڕبەسەر خۆم، ئەی دڵەی بەدخوو

دڵ و دڵبەر لە یەک بەدخووترن، سا من خودا چ بکەم؟

#مەحوی
2024/12/27 08:26:04
Back to Top
HTML Embed Code: