Telegram Web Link
☀️@ShpolDarya


ڕەنگی شەوم له قژم دا،
ڕۆژ سڕییەوه
ڕەنگی بەهارم له خۆم دا
کاتێ پاییز هات سڕییەوه
خۆشی ڕەنگی خۆی پیا کردم و
نائومێدی هات سڕییەوه
دڵنیایی له ڕەنگی خۆی هەڵکێشام و
کەچی ترس هات سڕییەوه
تەنیا ڕەنگی کاڵ نەبووەوە و
قەت نەچووەوە،
هەر ڕەنگی خۆشەویستیت بوو...


🖋#مامۆستا_شێرکۆ_بێکەس


☀️@ShpolDarya
☀️@ShpolDarya


📚#بەیتی_مام_ڕێوی
📖#بەشی_دوهەم


تەواوی مەلان فریو دەخۆن بۆم
ئەمجار دەتوانم یەک یەک بیانخۆم.

مام‌ ڕێوی فکری هێنا سەر ئەوە
کەرێک پەیدا بکا بەم نیوەشەوە

هەستا لە ڕێوە کەری پەیدا کرد
کەشیدەی زەردی بۆ سەری ساز کرد

لێی سواری کەر بوو بە کەشیدەوە
کەڵەبابێک دیی، واقی بردەوە!

وتی: عەجایب، باوەڕ ناکرێ!
دەبێ بۆ کوێ بچێ بە سواری کەرێ!

کە لێی خورد بۆوە و زانی ڕێوییە
قاتڵی ئەوە و دەعبای کێوییە

کەڵەشێر کوتی: چاکت دەناسم
گەرچی قاتڵمی و من لێت هەراسم

لە بۆ کوێ دەچی بەم کەشم و نەشمە
تۆ و مامە ڕێوی، ئەم ڕیش و پەشمە؟!

بەم کەشیدەوە، بەرماڵ و تەسبیح
بەم زیکر و ویردەی دەیفەرمووی فەسیح

لە بۆ کوێ دەچی و مەقسوودت کوێیە؟
ئەم کەشیدەیەت لەبەرچی پێیە؟

وتی خۆ ئەتۆ قورئان دەزانی
بە لای خۆت مەلا و ساحێب ئیمانی

چۆن تۆ عالم بی و شەرع بزانی
قەتت نەچووبێ نوێژی بەیانی

نازانی ئەمن دەچم بۆ حەجێ؟
چۆن پیاوی عالم بە سەهوو دەچێ؟!

تۆ ئەهلی عیلمی بۆ حەجێک ناکەی؟
خێر و سەوابێک بۆخۆت پەیدا کەی؟!

ئاخری و ئاقیبەت مەلای هیچ نەزان
بە بارەقەڵڵا و تەعریفاتی جوان


🖋#مامۆستا_بێبەش


☀️@ShpolDarya
☀️@ShpolDarya


📖#براکوژی


کە براکوژێک دەبینم،
باوەڕکەن ڕشانەوەم دێ...
تا بەیانی هەدا نادەم،
دایم ئەمدیو ئەودیو دەکەم.
سەد قۆناغیش دوور کەومەوە،
بۆنی لاکی ماکەرێکی تۆپیو دەکەم!


🖋#مامۆستا_عەبدوڵڵا_پەشێو


☀️@ShpolDarya
☀️@ShpolDarya


📚#غەزەل


ئەرێ ئەی کیژە کوردەی چاوکەژاڵە
ئەرێ ئەی شۆخ و شەنگەی چاردەساڵە

ئەتۆ خۆت کورد و خوێنی لاوی کوردان
بە تورکی چاوی مەستت کرد حەواڵە

بە خوێنی مەی دەدەی ئاوی مژۆڵت
بژانگت بۆچی سەر نێزەی کەماڵە؟

ڕنووی سەر ئاگرین لاجانگ و کوڵمت
لە خوێنی نەوجەوانان دا شەڵاڵە

بڵێی ئێران و عاڕەب بێ، دڵی تۆ
کە لێی تەئسیرێ ناکا ئاه و ناڵە

مەگەر چاڵی چەنەت زیندانی قەسرە؟
کە ڕزگار بوونی ئێمەی لێ مەحاڵە

تەنافی زوڵفت ئاوێزانی باڵات
نەمانی هاونەژادانت خەیاڵە

ڕوحت بردم بە قەندی لێوەکانت
دەزانی کورد بە قەند وێرانەماڵە

قەباڵەی ئاشقیم زۆر موعتەبەر بوو
چ قەوما چاوم ئەمڕۆ پێت بەتاڵە

لە ئاه و ئەشکی بێچاران حەزەرکە
وەئەستۆ مەگرە چیدی ئەو وەباڵە

مەگەر ترست نییە دەستی زەمانە
وەڕێت بێنێتەوە ئەم ژینە تاڵە

کوڕی شێران و ئەفسەح بووم بە دەس تۆ
هەژارێکم زمانم لەنگ و لاڵە


🖋#مامۆستا_هەژار


☀️@ShpolDarya
☀️@ShpolDarya


📚#شیعری_ئاودار


بێینە سەرباسی نیگاری گوڵعوزار
شۆخ و شەنگ و لالەڕەنگ و چاوخومار

چاوی مەخمووری کە هەڵبێنێ بەناز
دڵ لەلای نامێنێ ئارام و قەرار

پەرچەم و کاکۆڵی داوی دین و دڵ
گۆشەیی چاوی فریوی ڕۆژگار

دڵبەر و خورسەند و شیرین و لەتیف
نیم نیگاهی شیبهی ئاهوویی تەتار

لێوی لەعلی وا دڵی خستوومە خوێن
جۆگەلەی خوێنین لە دیدەم دێتە خوار

ڕۆژ و شەو هەردوو مونافین پێکەوە
یاری من جەمعە لە لای لەیل و نەهار

سینە پڕسۆزە بەڕووی نارینی نار
وەک تەنووری پڕ لە سۆز و پڕ شەرار

تەرفی ئەم شارە چ خۆشە بۆ بەهار
لایێ گوڵغونچە لەلایێ لالەزار

بێوەفایی هەر لەبۆ یار مایەوە
ئاخری هەر بێوەفایی کردە کار

کەس وەکوو من بێبەش و مەئیووس نییە
باغ وەکوو من زەرد نییە وا بێژومار

ئافەرین بۆ تەبعی سافت ئەی #حەریق
بێ غەلوغەش ئێژی شیعری ئاودار


🖋#مامۆستا_حەریق


☀️@ShpolDarya
☀️@ShpolDarya


📚#بەیتی_مام_ڕێوی
📖#بەشی_سێیەم


بێ وەی هیچ بڵێ، فریوی خوارد بۆی
چوو لە پشتەوە سوار بوو وەکوو خۆی.

ئەمجار مام ‌ڕێوی، زاڵمی دەرەبەگ
وەندە نەڕۆیی، گەیشتە لەگلەگ

بانگی کرد لەگلەگ: ڕێبوار لە بۆ کوێ؟
لە بۆ چ لایەک تەشریفو دەچێ؟

ڕێوی بانگی کرد: باوکەکەم! حاجین!
دەڕۆین بۆ مەککە و بە حەج موحتاجین!

با کەر ماندوو بێ و جێگاش بگری
چونکی ئیسلامی و ئاخری دەمری

کە بۆم ڕێگایە بێی بە دڵی کەباب
مەجبوورم دەتبەم وەکوو کەڵەباب

وتی: مام‌ ڕێوی! تۆ زیددی منی
کوا جێی باوەڕی؟ بە من دوژمنی

کە بیانوو نەگری و قەسەم بخۆی بۆم
منیش دێم بۆ حەج، ڕەفیقی ئەتۆم

وتی: هەزار جار بەم حەجەی دەیکەم
هەتا بمێنم خەیانەت ناکەم

بابم بە قورئان تۆبەم کردووە
شوکر، بۆو لانەی، دڵم مردووە

من بۆیەت دەبەم بۆ ئەم ڕێگایە
یا سوارم کردووە ئەئەو مەلایە

من ئەو ڕێگایەم دوو جار بڕیوە
زۆر دەردی مار و بێ ئاویم دیوە.

تۆ بۆ شەڕی مار سەرنێزەت پێیە
حاجی و غازی ڕێی، بەهەشتت جێیە.

ئەمجار کەڵەباب، کە ئەو عالمە
بۆیەم هێناوە بەم دەرد و غەمە

من لە خۆفی مەرگ یەکجار دڵتەنگم
بۆیە بە دایم کز و بێدەنگم


🖋#مامۆستا_بێبەش


☀️@ShpolDarya
☀️@ShpolDarya


📖#مناڵ_و_ژینگە


من مناڵی کوردانم
عاشق بە نیشتمان

وڵاتم وەک بەهەشتە
جێگای سەیران و گەشتە

هەینییان دەڕۆینە دەر
ناچین بۆ جێگای خەتەر

لە بنەماڵە دوور نابین
چۆنێک باشە با وابین

سەر شاخ و دم چۆم و ئاو
سەر دار و هەڵدێر ،تەواو

گشتیان خەتەرن کاکە
شوێنی وا نەچین چاکە

لقی داران ناشکێنین
پەلەوەر ناپەڕێنین

ناشێوێنین هێللانە
سرووشت ، بە ئەوان جوانە

ئێمە ئەشغاڵ ناڕێژین
با خاوێن بێ جێگای ژین

لە هەر کات و هەر زەمان
دەپارێزین ژینگەمان

ئەو شێعرەم پێشکێش
بە مناڵە خنجیلانەکانی وڵاتم


🖋#مامۆستا_خۆشناو


✮✮✮

ئەمڕۆ ۱۳ی خاکەلێوە،" #ڕۆژی_سروشتە "
ژینگەمان خاوێن ڕابگرین و ژینگەپارێزبین.

✮✮✮


☀️@ShpolDarya
☀️@ShpolDarya


دەرمانێ زامان دەردەکەی کاری
هەمڕازێ ناڵەی شەوان بێداری

ڕاحەتی جەسەی مەینەت بارەکەم
تەسکینی دڵەی پڕ جه خارەکەم

نه ساڵ و نه مانگ نه ڕۆژ و نه شەو
نه ساتێ ئارام نه دەقێقەی خەو

ناسک تەدارەک فەسڵی بەهارەن
شیرین ئارایەش هەرد و کۆسارەن

بۆ کەسێ خاسه هەوار سەیرێ باخ
له دووری ئازیز نەیبێ ئاخ و داخ

هەر سەر سەراوێ بۆی تۆی لێ نایێ
سەرچاوکەی وشک بێ ئاو تێ نەزایێ

شەوێ به یادی ژینی ڕابردوو
به یادی گوڵی عومری با بردوو

سەرێ بکێشه هەوارگەی وێران
که تاریکتره له دیدەی کوێران

بزا یارەکەی کۆنه هاو دەمت
چون بوۆسه یاری پیری مەیخانەت

بۆ جارێ کردت مەیلی جیایی
نەتدا فرسەتی گەردەن ئازایی

دەرکەوته مەحشەر مەیلی جەماڵت
بەر نادەم له دەس داوێن خەیاڵت

حەسرەتان یەک یەک وە دڵ مانده خۆم
نامەی سەر به مۆر کەس نەخانده خۆم


🖋#مامۆستا_عەباس_کەمەندی


☀️@ShpolDarya
☀️@ShpolDarya


📖#ڕەمەزان


وا ڕەمەزان دێ ئەبێ بە کوێخا
پەکی کەشکەک و گیپەکەم ئەخا

ئەگەر من بڵێم: ڕەمەزان نییە
کێ لێم دەپرسێ جەزاکەم چییە؟

چونکو گوناهی لەوە گەورەتر
ئەمەندە زۆرە بە باری حوشتر

باقڵ دەچینە پەردەی ئیعتیکاف
جنۆکە دەبەن بۆ پشت کێوی قاف

نەوەڵڵا ڕەست و داو هێند گرانە
بە قەد ڕکاتی تەراویحمانە

تاریکە شەوە و ئەحزاب لە ناوە
"ڕەمەزان" بە جەنگ"، "سەفەر" بەدناوە

لە ئەفریقادا بووە بە گەردەش
دونیا شێواوە وەک مووی قولەڕەش

جاران جوولەکە خومی ئەشێوا
ئەکەوتە درۆ و قوڕی دەپێوا

ئێستا بێ‌ئەوەی کە خوم بشێوێ
درۆی وا دەکەین بەقەدەر کێوێ

ئەڵێن: بۆ مەئموور مەنشوور دراوە
خاتر و خۆتر بۆ کەس نەماوە

کەچی پێکوڕە داشی دامەیە
نازانین تەقی و شەقی کامەیە*


🖋#مامۆستا_پیرەمێرد


✮✮✮

* #پیره‌مێرد
له سه‌ر ئه‌م دێڕه‌په‌نده‌ نووسیویه‌تی:
کولله که بێچوو هه‌ڵدێنێ و هیشتا ته‌واو
باڵ ناگرێ، ئه‌و ورده کولله‌یه‌ پێکوڕه‌یه‌.
ورده‌ مه‌ئمووریش پێکوڕه‌ن وه‌کوو
داشی دامه‌ له‌م خان بۆ ئه‌و خان ئه‌یانگوێزنه‌وه‌.

✮✮✮


☀️@ShpolDarya
☀️@ShpolDarya


📚#بەیتی_مام_ڕێوی
📖#بەشی_چوارەم


دەڵێم مەبادا بکەم وەفاتێ
لە کاتی گیاندان مەلام نەگاتێ

با ببێ عالم لە پشت سەرینم
تاکوو ئینشەڵڵا مەحفووز بێ دینم

مەبادا شەیتان زەلـلە بکا پێم
ئاوری جەهەننەم بکا ماڵ و جێم

بە ئەم قورئانە مەنزوورم وایە
کە خوێندی مەلا و لە سینگی دایە

جا گەر دێی بۆ حەج، فەرموو وەرە پێش
کە ئیمانداری و ئەهلی ڕۆژوو و نوێژ.

کە لەگلەگ بیستی مەوعیزەی تەواو
لە حاندی ڕێوی دڵی بوو بە ئاو

ئیدی خۆی نەگرت، یەکجار بە گشتی
لێی سواری کەر بوو، خۆی خستە پشتی.

ڕێوی لەگلەگی کە دی لە دواوە
زەردێکی بۆ گرت و ئاوڕێکی داوە

وتی: لەخۆڕا کردم بە ڕەفیق
تا کەوڵی دەکەم پێوەی دەکەم دیق!

گۆشتی لە کوێ بوو ئەو دار و بەردە؟!
سەممی قاتڵە و سەبەبی دەردە!

وتی: ڕازی ‌بە بە بەشی خودا
چی لەگەڵ دەکرێ کە ئەوەش نەدا؟

ڕێوی ئەو سەفەر ڕووی کردە لەگلەگ
بە پۆزێکەوە عەینەن وەکوو بەگ:

وا چاکە بڕۆین بۆ ماڵی مەکە
خودا! لەو ڕێیە کۆمەکمان بکە!

وەندە نەڕۆیین لە شاخ و بەردێ
کەوێک بانگی کرد لە پەنا زەردێ

وتی: فێڵەباز! پیری زەمانە!
باڵندەت نەهێشت پار ئەودەمانە


🖋#مامۆستا_بێبەش


☀️@ShpolDarya
☀️@ShpolDarya


📚#ئێوارەی_غەمگین


خۆرنشینی ئاسۆی بەهار
لەخوێناویی ئاوابوونا
وردە وردە ئەچێتە خوار
کڵپەی دوایی لەدەروونا
ئەسوتێنێ بۆ شەوی تار.
ئەڵی: بوونی ئەم دنیایە
وەکوو تیشکم ئەتوێتەوە
کام شەوقی جوانی رووی دنیایە
وەک هەناسەم ئەبڕێتەوە.

کام بەهار زۆر شۆخ و شەنگ
کام ئاواتی دڵ قەشەنگە
کام دنیا پڕ لەخۆشییە
دوور لەڕەنگی ڕەش پۆشییە
ئەبڕێتەوە، ئاوا ئەبێ
رۆژی لەناو شەوا ئەبێ
ئێوارەیە دنیای جوانیی
وەکوو ساوایەکی دڵ پاک
بزەی مژدەی سەر لێوانی
ئارامە بۆ گیانی رووناک.

منیش تەنیام لە قەدپاڵێ
سەرنجم ونی ئاسۆیە
دڵی پڕم... وەک مناڵێ
خەیاڵی وا لەشوێن تۆیە.
دەروون بەئاخی ناکامیی
پەستە وەک سەیوانی ماتەم
سروشت باوەشی ئارامی
گرتۆتەوە بۆ ئەم کاتەم.

ئەرخەوانی گیانی پەستم
دڵنیایی دڵم بیرو هەستم
هۆنراوە بۆ تۆ رێک ئەخا.
هەزاران یادی رابردوو
لەناو بیرما یەن‌و ئەچن
وەک ئەستێرەی رێی ون کردوو
لەهەوری خەمما ون ئەبن.
دە ئەی ئێوارەی خۆرنشین!
مەڵبەندی تاسەی تەنیایی
ئەی جێ‌نزرکەی ماتەمین


🖋#مامۆستا_شێرکۆ_بێکەس


☀️@ShpolDarya
☀️@ShpolDarya


"هێڵی سوور"


خۆشەویستی شەرحی‌‌حاڵی ئەشقە تاوانی هەیە
سوورەسکڵی دڵ پڕیشکەی داخە سووتانی هەیە

قەقنەسی نێو شۆڵەکانی پڕ گڕ و سووری ئەوین
سووتن و سـازینە پیشەی، سینگی گڕکانی هەیە

چەرخی گەردوون نێڵی دڵداری دەگێڕێتو دەڵێ:
هەردەگێڵەی خێڵی کۆچەر، تایمی گێڵانی هەیە

ڕۆژ و شەوگارانی ئاسۆی ڕوون دەبێتو بێدەوام
کاتێ سۆمای ساوە، ساتێک هەور و بارانی هەیە

وەرز و ساڵی دڵ‌ تەنایی و دڵ ‌پەرێشی دێتە ڕێ
لێک - بڕان و پێک + بڕان، ئاران و زۆزانی هەیە

هەر گراوی پای ئەوینە و دێ وەجاغێک هەڵدەکا
تۆزی دڵ دەڕوا بەمشکی، کوورە هەر مانی هەیە

خۆڵەمێشی دڵبزووتی مەم بە یای زینی دەگوت:
خۆشەویستی هێڵی سووری ئەشقە تاوانی هەیە


🖋#سەلاح_کوردی


☀️@ShpolDarya
‌‌‌☀️@ShpolDarya


📚#سەدان_ساڵە


سەدان ساڵە لە وێرانە ماڵی خۆمدا
كتكە كۆرەی گۆشەی مەتبەقی سوڵتانم
سەدان ساڵە
حەوشوبەرەی خۆم واڵایە و
لەبەر دەرگەی دزانی خۆم پاسەوانم.

سەدان ساڵە رۆژێك دەبم
بە مەیتەری والیی بەغدا
رۆژێك لە تاران كوتاڵم
رۆژێك لیفكەم
پشتی ژنی سوڵتان دەشۆم ،
رۆژێك گەسكم شام دەماڵم!

سەدان ساڵە
وەكو چنگێك دانەوێڵە،
ئاشی مێژوو فڕێی داوم.
هەر چوار دەورم شارۆچكەیە و
مێروولە دەمیان تێ‌ ناوم.

سەدان ساڵە
كاسە سەرم منارەیە
كێ‌ بێ‌، دەنگی تیا هەڵدەبڕێ‌.
سەدان ساڵە
نیشتمانم نێرگەلەیە،
كێ‌ بێ‌، بە دەمیەوەی دەگرێ‌.

سەدان ساڵە
لە بەر دەرگەی تەكیەی جیهان
جووتێك سۆلی پینە پینەم،
كێ‌ لە پێم كا بۆ ئەو دەشێم،
سەدان ساڵە،
دوا تڵیشێك فڕێ‌ دەدرێم.
سەدان ساڵە،
دوای پینەیەك لە پێ‌ دەكرێم.
من پشتێكی بریندارم،
لە قامچیی خۆم ڕاپەڕیوم.
من لافاوێكی لاسارم،
لەو كەنارانە هەڵساوم
كە تەنگیان پێ‌ هەڵچنیوم.
نانیشمەوە…نانوومەوە…

بێئارامم.
ئارامی من، چرایەك بوو
ڕەشەبای دەورم خوێنی ڕشت.
بێ بەزەییم….
بەزەیی من زەریایەك بوو
بینیان پێوەنا و هەڵیانمشت.

نانیشمەوە…نانوومەوە…
كە من دان بم، كوا دەرفەت؟
یا من، یا مێروو.
كە من خوێن بم، كوا دەرفەت؟
یا من، یا زێروو.

قەحپەن ئەوانەی پێم دەڵێن:
دان و مێروو برای یەكن.
قەحپەن ئەوانەی پێم دەڵێن:
خوێن و زێروو برای یەكن.

قەحپەن ئەوانەی پێم دەڵێن:
ماسی و چەنگاڵ،
مشك و جەواڵ،
دەست و چزوو برای یەكن.
قەحپەن ئەوانەی پێم دەڵێن:
پەت و گەردەن،
گوێزان و موو برای یەكن.

وەرن خەڵكە!
لە نێچیر و زام بپرسن،
بڵێن، توخوا،
خەنجەر هەیە زام تیمار كا؟
ڕاوچی هەیە نێچیر نەخوا؟
دە خەڵكە، لە كا بپرسن،
قەت ئاگری ساردی دیوە؟
لە هێلانەی مەل بپرسن،
بە نیازی ماچ،
قەت مار دەمی تێ‌ ژەنیوە؟!
دە لەدار بەڕوو بپرسن،
تەوری دیوە داربڕ نەبێ‌؟
دە لە كەرێكیش بپرسن،
گورگی دیوە كەر دڕ نەبێ‌؟!

قەحپەن ئەوانەی پێم دەڵێن:
ماری شیرین ژاریش هەیە.
قەحپەن ئەوانەی پێم دەڵێن:
تەوری برای داریش هەیە.
من پشتێكی بریندارم،
لە قامچیی خۆم ڕاپەریوم.
من لافاوێكی لاسارم،
لەو كەنارانە هەڵساوم
كە تەنگیان پێ‌ هەڵچنیوم.
نانیشمەوە…نانوومەوە…

بێئارامم.
ئارامی من چرایەك بوو
ڕەشەبای دەورم خوێنی ڕشت.
بێ بەزەییم….
بەزەیی من زەریایەك بوو
بینیان پێوەنا و هەڵیانمشت...


🖋#مامۆستا_عەبدوڵڵا_پەشێو


☀️@ShpolDarya
☀️@ShpolDarya


گەر باغێکی خەیاڵی لەسەرماندا نەبێت
ناتوانین باغێکی ڕاستەقینە دروست بکەین،
هندێک هەن دەیانەوێت
باغێکی ڕاستەقینە دروستبکەن،
بەڵام لەبەر ئەوەی باغێکی خەیاڵی
لەسەریاندا نیە ناتوانن دروستی بکەن.
مرۆڤ سەرەتا بە خەیاڵ خانوو دروست دەکات،
بە خەیاڵ ئامێرەکان دادەهێنێت،
زانست سەرەتا خەیاڵە،
هەتا جەنگ سەرەتا خەیاڵە،
خۆشەویستی سەرەتا خەیاڵە،
هیچ شتێک نیە سەرەتا خەیاڵ نەبێت،
هەتا بەر لەوەی وشە هەبێت خەیاڵ هەیە...


🖋#مامۆستا_بەختیار_عەلی


☀️@ShpolDarya
☀️@ShpolDarya


📖#بوون_و_نەبوون


کوتم کەی وایه یاسای پێکەوە بوون ؟
کوتت چ پکەم دەترسم پێم بزانن
کوتم کێیه دەلەرزێنێ دڵی تۆ ؟
کوتت خەڵکانی ئەم شاره نەزانن

کوتم چیدی مەیه ژوانم دەسا دەی
کوتت دێم و کەچی هەرگیز نەهاتی
لە بێ تۆیی و لەتەنیایی وەڕەز بووم
" نەهاتی هەر نەهاتی هەر نەهاتی "

دەزانی گەر دڵی شاعیرێ بشکێ
هەموو واژەی دەمی دڵداری دەگرین؟
هەموو گوڵ دەبنه دڕک و گشت بزەی لێو
دەتۆرێن و هەموویان دەبنه ئەسرین ؟

دەزانی تازە قەت وەک جاری جاران
پەپوولەی شێعرەکانم ناگرن باڵ ؟
بەهیوا بوون لەسەر گۆنات وەنیشن
وەکوو هیوای ڕەهایی کەوتنە نێو چاڵ

دەمی ئێوارە بوو جارێ کوتت پێم
" بە گیانی تۆ قەسەم قەت قەت نەگۆڕێم "
نەتۆرای و نەدۆڕای و نەگۆڕای
کەچی ئەمشەو چریکەت ناگەنە گوێم

دەسم نەگری بەرەو پیری وەریووم
هەموو ئاواتەکانم دەچنه گۆڕێ
دڵت دێ ئەم دڵه‌ی پڕ پڕ لە هیوام
لە گۆڕیچەی حەز و هیوای بنۆڕێ ؟


🖋#کاوه_شەمسی


☀️@ShpolDarya
☀️@ShpolDarya


📖#کەسێکیترم_خۆشدەوێ!


کەسێکیترم خۆشدەوێ! چۆن پێت بڵێم؟

ئەو لە درزی ئەو پەرژین و دیوارانەی
کە جارجارە دەت ڕووخاندن گەیشتە لام!

ئەو لەو ڕێچکە و نێوانەوە سەری هەڵدا
کە تۆ پێیدا دەڕۆیشتی کاتی تۆران!

ئەو لەو شەوە دڵتەنگانە
پێی نایە ناو جیهانی من
کە بە تەنیا جێت دەهێشتم!

ئەو لەو باخ و بەرامانە هاتە لای من
کە تۆ دەمامکت پێ بەستن!

ئەو لە چێژی ئەو شێعرانە سەری هەڵدا
کە تۆ دەت کردنە ئاوردووی گڕی کینە!

کەسێکیترم خۆشدەوێ!
کە لەمەولا چیای بەرزی خۆشەویستیم
دەکاتە سەنگەر و پەنا!


🖋#ک_د_ئازاد


☀️@ShpolDarya
☀️@ShpolDarya


📚#بەیتی_مام_ڕێوی
📖#بەشی_پێنجەم


ئەلعان بۆ شێخی، چت لێ ‌بەسەر هات؟
ئەو باڵندانە بۆ هاتوونە لات؟!

وا چاکە بڕۆی لە پێشیان لاچی
من کەوی ڕاو بووم لە لای قەرەچی

تۆ چەتە و دز بووی لە پشت چادرەکان
بۆ سیرمە کۆنێ ملی خۆت دەشکان!

ئەمما کەشیدە یێکجار هەرزانە
لە بۆ ئیعتیبار فێڵێکی جوانە.

ئەرێ مام حاجی کەشیدە پۆشی!
لە کوێیان دەخۆی وا کەیف خۆشی؟!

ڕێوی هاتە جواب، وتی: مامە کەو!
ئازا و بەکاری فڕین و بدەو

توخودا نەسووحیش خراپ نەبوو زوو؟
بێ ئیمان نەبوو وەک ئەرمەنی و جوو؟

بۆچی لە پاشان کە ڕجووع بۆوە
خواش لێی قەبووڵ کرد مسوڵمان بۆوە؟!

خودا فەرموویە: هەر گا مسوڵمان
لە پێش مردنی بخوازێ ئەمان

دەیبەخشم، فەوری ڕوحمی پێدەکەم
گوناهی پێشووی بۆ حیساب ناکەم.

من تۆبەم کردووە، بە لای خۆی حاجیم
شاهیدی خەتمە، تەسبیحی ناجیم.

نابینی حاجیم، کەشیدەی سەرم؟
پێتوایە بۆ گۆشت ئیمانم بەرم؟!

کەسێک دەست بگرێ بە قوفڵی مەکە
نەعووزوبیللا، کاری وا دەکا؟!

تۆ بۆیە ئەلعان لە من زەنینی
ئیشی ئەوەیە بۆخۆت بێ دینی.

من لەبەر بابت کە دۆست بوو بە من
دڵسۆزی تۆشم، نابم بە دوژمن


🖋#مامۆستا_بێبەش


☀️@ShpolDarya
☀️@ShpolDarya


کە منداڵ بووم، لای دایکم دەخەوتم
هەموو شەوێ ئاواتێکم دەخواست.

دەموت: دایە! ماشێنم بۆ دەکڕی؟
دەیوت: بە چاوان، بەڵام بەو مەرجەی بنوی.

دەموت: دایە!
دەمبەی بۆ گەورەترین پارکی دنیا، جۆلانێ بکەم؟
دەیوت: ئەیچۆن دڵەکەم، بە چاوان،
بەڵام بەو مەرجەی بنوی.

شەوێک لێم پرسی:
دایە! ئەگەر گەورە ببم، دەگەمە ئاواتەکانم؟
وتی: دڵنیا بە دەگەی، بەڵام بەو مەرجەی بنوی.

هەموو شەوێ
بەخۆشیەکی بێکۆتاییەوە دەخەوتم.
ئەوەندە خەوتم، هەتا خۆم گەورە بووم
و ئاواتەکانم چکۆلە بوونەوە.

ساڵانێک تێپەڕ بوو
دوێنێ شەو دایکم هاتە خەوم،

وتی: جەرگەکەم!
ئێستاش شەوانە پێش ئەوەی بخەوی،
بیر لە ئاواتەکانت دەکەیتەوە؟
وتم: شەوانە ناخەوم دایە!
وتی: بۆ بەقوربان! مەگەر ئاواتی چیت هەیە؟
وتم: ئاواتم ئەوەیە تۆم لەلا بی و ئیتر
هیچ ئاواتێکم نییە دایەگیان.
وتی: باش دڵەکەم باش ئەمشەو دێمە خەوت
بەڵام بەو مەرجەی بنوی رۆڵەی شیرینم.


🖋#چارلی_چاپڵین


☀️@ShpolDarya
2024/09/27 15:25:39
Back to Top
HTML Embed Code: