Telegram Web Link
@ShpolDarya


📖#ئەگەر_ئەمجارە_بێمەوە


ئەگەر ئەمجارە بێمەوە:
بەیانییان،
وەک بەرخۆڵەیەکی ساوا،
لە ناو قەسیلی پاراوا
تل دەخۆم و گیایەکی تفت... تێر تێر دەجووم،
تا کفت دەبم،
پێ و بەلەکم
لە شەونمی سارد هەڵدەستووم!

ئەگەر ئەمجارە بێمەوە:
وەک سمۆرە،
بە دار گوێزە بەرزەکانا هەڵدەگەڕێم،
وەک پەڵەیەک هەوری نەوی
بەسەر کێڵگە سەوزەکانا دەخولێمەوە،
وەک شەنگەبی
بەسەر چەما،
بەسەر گشت زنارەکانی
کەنارا... دەچەمێمەوە،
ئاخ، بەس ئەمجارە بێمەوە!

ئەگەر ئەمجارە بێمەوە:
سەرنج دەدەم
گوڵەگەنم چۆن زەرد دەبێ،
هەنار و سێو چۆن پێ دەگەن،
قەتێیەکان
هێلانەیان چۆن چێ دەکەن!

سەرنج دەدەم،
زەڕنەقووتە چۆن باڵ دەگرێ،
پەڕەسێلکە کۆچەرەکان،
لەسەر تێلی کارەبای ڕێ،
چۆن ڕیز دەبن،
جۆگەلەکان لە کوێوە دێن،
بۆ کوێ دەچن!

ئەگەر ئەمجارە بێمەوە:
لە گۆی مەمکی هەر کانییەک
قومەئاوێک دەخۆمەوە؛
گشتیان دەکەم بە دایکی خۆم.
لە هەر ئەشکەوتێکا، شەوێک
سەر بە گاشەبەردێک دەکەم،
گشتیان دەکەم بە لانکی خۆم.

ئەگەر ئەمجارە بێمەوە:
زمانی گڕ دەهێنمەوە بۆ لاڵەکان.
شاپەڕی گڕ دەهێنمەوە
بۆ فڕندە بێباڵەکان!

ئەگەر ئەمجارە بێمەوە:
ناهێڵم لاوان گوڵ بچنن
بۆ گوڵدانی مردووی سەر مێز.
فێریان دەکەم،
کە چوونە ژوان،
لە بەرۆکی کچانی دەن،
ئەوسا بیانکەنە ئامێز!

ئەگەر ئەمجارە بێمەوە
مناڵانی مۆسکۆی چاوشین فێریان کردووم
بێ شیرینی
سەر ناکەم بە هیچ ماڵێکا،
زۆر جۆلانەی نەرم و سادە
بۆ مناڵان هەڵدەبەستم.
لە جەژنی لە دایکبوونیانا
-کە نییانە -
بەشدار دەبم...
لە باتی مۆم دادەگیرسێنم ئەنگوستم.
گڕ بەردەدەم
لە گلێنەی چاوەکانم،
لە ساواترین هەڵبەستم.

ئەگەر ئەمجارە بێمەوە:
هەر بێشکەیێک بێتە ڕێگەم،
بە شێنەیی بە سەریا دەنووشتێمەوە.
ئاخ مناڵان!
ئاخ، بەس ئەمجارە بێمەوە.


🖋#مامۆستا_عەبدوڵڵا_پەشێو


@ShpolDarya
@ShpolDarya


📖#بۆ_پەری


من بە عیشقی چاوی تۆ زستان و پاییز وەک بەهار
بۆ شکۆفەی ڕوومەتت شێعرم دەخوێنێ وەک هەزار

خەندەیێ لەو لێوە تادەشنێتەوە دڵ دێتەوە
سەردەمانی لاوەتی و لای تۆ نەبێ،ناگرێ قەرار

ڕاستە پێشینیان ئەوەی دەیڵێن هەمووی جوانە بەڵام
منکە ئەمساڵ تۆم هەیە حاشا لە خۆشی ساڵی پار

دار ئەگەر ڕیشەی لە ئاودا بێ وشک نابێ لقی
دڵ کە تەڕ بوو، با سەر و ڕیش بێتە بەفری کۆهسار

تا لە تۆ دوورم تەمەن ساڵی لەشەستیش زۆرترە
دێمە لات هەر، دەچمەوە دورانی عومری بیست و چوار

پەرچەمت ئاڵام وە بیردێنێتەوە و دوو کوڵم و چاو
چوارچرایێکن بە ئەشعارم دەدەن سەد ئیفتیخار

چۆلەکەی دڵ هەر تەپەی دێ تا دەبینێ چاوی تۆ
چاوەکەم،چاوت دەڵێی بازە و بزەت چنگی تەوار

تۆ لە زانکۆی نیشتمان دەرسی ئەوینت پێکوتووم
ئیدی حاشابێ لە تەورێز و لە ورمێ و سەبزەوار

خۆم فیدای ئەو حەوزە گەورەی تۆ لەوێ پەروەردە بووی
چون لەوێ سەرداری زۆرمان چوونە ژێر داری نەیار

لادە چارشێوت کە شەو چارشێوی شەرمی سۆفیە
دایدەپۆشێ ڕازی ئێمە و فەلسەفەی بووس وکەنار

من خەیاڵی تۆم دەوێ حاشا لە پیری و لاوەتی
من کە برسی عیشقی تۆم فەرقی چیە شام و نەهار؟

کێت وەکوو #ئاسۆ بەحەڵقەی زولفەکەت خستۆتە بەند
ئافەرین بۆ تۆ کە سەوزت هەڵگەڕاندوون پیرەدار


🖋#مامۆستا_ئاسۆ


@ShpolDarya
@ShpolDarya


📖#قوتابخانە


پاش ئەوەی کە خۆر هەڵدێ
پڕشنگ ئەخاتە سەر دێ

خوێندەواران دێنە دەر
رێی مەکتەب دەگرنە بەر

لە نێو کۆمەڵی ماڵان
بۆ خوێندنی منداڵان

ماڵێکی زۆر وێرانە
کراوەتە قوتابخانە

کاکی مودیر بەیانی
بەر لە خوێندەوارانی

ئەڕوات و لەو بەر درگا
ماوەیێ هاتوچۆ دەکا

رەوشتی کاکی مودیر
لاوی ژیر و رۆشنبیر

لە نێو دڵی خەڵکی دێ
بە جوانی گرتوویە جێ

یاری هەژارەکانە
هیوای نەدارەکانە

لاوێکی چاک و رووخۆش
کوردی وێژ و کوردی پۆش

ماوەی تر مەکتەبی دێ
گەرم ئەبێ بە سروودێ

لە پەنجەرەی پورتوکاو
تیشکی خۆر ئەداتە ناو

مامۆستا وەکوو جاران
ئەڵێ بە خوێندەواران:

دیسان رۆژی شەممەیە
کاتی پرسینەوەیە

( وریا تۆ هەستە سەر پێ
دەرسی پێشووم بۆ بڵێ

(ئا) وێنەی چی؟ (ب) وەک چی؟
(ت) وێنەی چی؟ (پ) وەک چی؟

لە ئەلفەوە تاکوو یێ
هەرچی دەیزانی بیڵێ.)

وریا بیر ئەکاتەوە
وەڵامی ئەداتەوە:

( ئا وێنەی ئازادی
ئاڵای ئاوات و شادی

ب وەکوو برسییەتی
پ وێنەی پێ پەتی

ت وەکوو تاڵی ژین
تاریکی و تێکۆشین)

کاتێ شتێ نازانێ
بۆ منداڵان ئەڕوانێ

(نون بە وێنەی نەدار
هـ بە چەشنی هەژار)

کاکی مودیر هەڵدەستێ
بەرامبەریان دەوەستێ

ئەڵێ: (بەسیەتی ئیتر
دەس کەینە باسێکی تر

هەتا من لە بیرم بێ
ئەم وشانە ئەگوترێ

تاکەی دەرسی دڵتەنگی؟
تاکەی دەرد و بێدەنگی؟

ئیتر لایان بەین لە بیر
روو کەینە را و تەگبیر)

منداڵەکان مات ئەبن
دەرسی تازە گوێ دەگرن

بێدەنگی قوتابخانە
پڕ دەبێ لەم وشانە:

(ئا وێنەی ئازادی
ئاڵای ئاوات و شادی

ب وەکوو بیرەوەر
ت وێنەی تێکۆشەر

س وەکوو سەربەستی
سەر و سێدارە و سستی)

منداڵ بە یەک دەنگەوە
دەڵێن بە ئاهەنگەوە:

(خ بە وێنەی خەبات
خوێندن و خوێن و خەڵات

کاف وێنەی کوردستان
کورد و کۆمەڵ و کوێستان)

ماوەی بەر لە نیوەڕۆ
دوایی دێ دەرسی ئەمڕۆ

ئێوارە منداڵەکان
لە نێو باخ و لە سەربان

دەرسی تازە دخوێنن
بە خەڵکی رادەگەیێنن:

(ی وەکوو یەکیەتی
یەکگرتن و یارمەتی)

ڕۆژی شەممەی داهاتوو
ئەم دەرسەیان لەبەر بوو

بەڵام تاکوو خۆراوا
بەو گەرمای خۆرەتاوا

لە رێی شارا وەستابوون
چاوەڕێی مامۆستا بوون

تینی خۆر و خەمباری
پرسین و چاوەنواڕی:

(مامۆستامان وا لە کوێ؟
بۆچی نایەتەوە دێ؟)

پێش ئەوەی تاریک دابێ
هەواڵێ کەوتە نێو دێ:

(مامۆستای قوتابخانە
کەوتووەتە بەندیخانە

مامۆستای قوتابخانە
کەوتووەتە بەندیخانە)

ماوەی حەفتەیێ دەگوزەرێ
نابێ لەوی خەبەرێ

بەڵام خوێندەوارەکان
هەر لە قوتابخانەدان

دەنگی بەرزی دەرسی جوان
ئەڕوا بەرەو ئاسمان:

(ب وێنەی بێگانە
برین و بەندیخانە...)

چاویان وا بە رێەوە
مامۆستایان بێتەوە

رۆژی هەوەڵی زستان
کە سەرما هاتە کوێستان

کەسێ هەواڵێ دێنێ
دڵی دێ ئەلەرزێنێ:

(چەن لاوێکی رۆشنبیر
بە هاوڕێی کاکی مودیر

ئەو رۆژە تاریک و روون
لە سێدارە درابوون)

ئیتر ئەو منداڵانە
جێ دێڵن قوتابخانە

کاتێ ئەڕۆن بە دڵتەنگ
چاو بە فرمێسک و بێدەنگ

خوێندەوارێ کش و مات
سەرنجی دیوار ئەدات

فرمێسکی پڕ لە گرێ
دێت و بەر چاوی دەگرێ

لە بان تەختەی سەر دیوار
خەتێ مابوو بە یادگار

دڵی نەدەهات کەسێ
شتی لە سەر بنووسێ:

(ی وەکوو یەکیەتی
یەکگرتن و یارمەتی

ئا وێنەی ئازادی
ئاڵای ئاوات و شادی)


🖋#مامۆستا_شەریف


@ShpolDarya
@ShpolDarya


‌[ #عیشق و #ئازادی ]


ئەگەرچی شەو درەنگە ساقی بۆم تێکە کەمێکی تر
کەوا ئەمشەو سەری هەڵدا لە ناخمدا خەمێکی تر

لەبادە ئەم ژەمە تێرکە منی تینووی جگەرسووتاو
بەچی دیارە کە دەیبینم شەوێکی تر، ژەمێکی تر!

ئەوەندە دەردەدار و بێ پەرستارم کە پێم وایە:
لەسەر کێکی تەمەن هەڵناکرێ تازە شەمێکی تر

گەلێکم ڕۆژگاری تاڵ و شیرین ڕابوارد، ئاخۆ
مەرگ مەودا دەدا دیسان ببینم سەردەمێکی تر!

گەیشتمە سەر ترۆپکی ئارەزوو ڕۆژێ، کەچی ڕوانیم:
لە پێشمدایە زەرد و ماه و سەخت و ئەستەمێکی تر

هەتا چارشێو بەسەر تۆوە دەبینم نازەنینی کورد
بەسەر بیبیلەکەی چاوی منا دەکشێ تەمێکی تر

نەما «خانی» هەتا چیڕۆکی عیشقی ئێمە داڕێژێ
دەنا هێشتا لە کوردستان دەژین «زین و مەم»ێکی تر

پەپوولەی خۆشەویستیی من لە شوێنێ ناگرێ ئارام
دەنیشێ و باڵی دەبزێوێ لەسەر سینە و مەمێکی تر

هەزار هێندە پەرێشان و سیاچارە بژیم هێشتا
لەنێو دڵدا هەمە ئاواتی خاڵ و پەرچەمێکی تر

هەتاکوو دواپشوو ڕێبواری ڕێگای عیشق و ئازادیم
ئەگەر بێجگە لە ناکامیش نەبینم بەرهەمێکی تر

کە فرمێسکم لەسەر ڕوخساری کیژی دڵشکاو بینی،
گوتم: یاخوا لەسەر سوور گوڵ نەبینم شەونمێکی تر

شەوێکی چاوەنواڕت بووم، نەهاتی گیانەکەم، ویستت
منی دڵ ناسکی شاعیر بگێڕم ماتەمێکی تر

خدر نیم بۆ تەمەن شێت بم بەکانیی ژینێ دانووسێم
ئەوەندەم ژین دەوێ تا دەم دەنێمە نێو دەمێکی تر

بەتۆ چارەی چلۆن دەکرێ دەروونی پڕ لە ناسۆرم
خەساری بۆ دەکەی دوکتۆری زانا مەرهەمێکی تر

بەهار و گوڵ، کچ و مانگەشەو، شێعری تەڕ و بادە
لەوەی زیاتر جەنابی شێخ گەرەکتە عالەمێکی تر


🖋#مامۆستا_هێمن


@ShpolDarya
‌‌‌‌‌‌‌‌@ShpolDarya


📖#گوڵاڵەی_مەریوان


هەوای سەر شاخ و کوێستانم
پزیشکی دەرد و عیللەتمە
خوا ئاوا بێ ئەم خاکە،
کە مایەی ژین و سیححەتمە
دە ڕەببی کوێری کەی هەرکەس،
لەسەر فەوتانی جەننەتمە
نیشانەی تیری زیللەت بێ،
ئەوی بەدخواهی میللەتمە
دە غەرقی گێژی نەگبەت بێ،
ئەوی دوژمن سەعادەتمە

✮✮✮

بە دەستی خۆم نییە وەڵڵا،
لە دیوانی خوا کوردم
لە ناو شێخ و بەگ و میر و
مەلا و شاهـ و گەدا کوردم
تەماشای جەوهەری من کەی،
ئەزانی ئاشکرا کوردم
بە کوردی بووم و خولقاوم،
هەتا ڕۆژی جەزا کوردم
لەسەر ئەم بیرەمە ژینم،
ژیانێکی حەقیقەتمە

✮✮✮

فیدات بم، کوردە بۆ خاکت،
چ بێ عەیبە و چەنێ دڵگیر!
ئەگەر خاکت نەسوتێنن،
بەناری حیلە وو تەزویر
بەهەشتێکە کە ئیحتیاجی نییە
هەرگیز بە جۆگەی شیر
وەتەن زۆر خۆشە قەدری بێ
نیهایەت نایەتە تەقریر
لەلای عالەم کە دۆزەخ بێ،
بڵندتر لە سەد جەننەتمە

✮✮✮

تەماشای پیرەمەگرون کە
دەماخی چەندە سەربەرزە
لە باخاتی تەبیعەت دا
گوڵاڵەی سەد هەزار تەرزە
تەماشای ئایەتی خوا کەن
لە ئەوسافی وەتەن ڕەمزە
بە بورهانی کەلامی حەق،
بە دڵ حوببی وەتەن فەرزە
کەسێ مونکیر بێ بەم قەولە
نەزانینی لە سەر خەتمە

✮✮✮

وەتەن!
دێوانەکەی خۆتم،
بەڵاگەردانی بەرپێتم
ئەگەر بێتوو قبوڵم کەی
بەدڵ سەربازی سەر ڕێتم
جگەرسووتاوی لاوانی
بەبێ‌ ماڵ و بەبێ جێتم
لە باخی عیشقی میللەتدا
فیداکاری نەکەم شێتم
فیداکاری لەسەر ڕێی
هێرشی سەیلی موحەببەتمە

✮✮✮

چ خۆشە زەحمەتی زۆر زۆر،
لە پاشان ڕەحمەتی تیا بێ!
چ شیرینە دەوای تاڵی،
بە شەرتێ سیححەتی تیا بێ؟
نەبوونی خۆم و ئەولادم
قبووڵە عیززەتی تیا بێ
بە ڕۆح کێشانی خۆم ڕازیم
ژیانی میللەتی تیابێ
بە بێ ژینی وەتەن،
ژینم ژیانێکی مەزەللەتمە

✮✮✮

خوا!
بۆ خاتری جەمعی
وەتەن‌خواهانی دڵپاکان
بە خوێنی ناحەقی کوژراوی
ئەشکەوتان و بن بەردان
بە حەققی حەزرەتی پێغەمبەر
و سیی جزمەیی قورئان
بژی کورد و بمێنێ تا
قیامەت خاکی کوردستان
بە عەونی ئەو خوایە
خالقی فیکر و تەبیعەتمە


🖋#مامۆستا_قانع
🎙#مەهنازی_رەحمانی


@ShpolDarya
‌‌‌‌‌‌‌‌‌@ShpolDarya


📖#بۆ_کوردستان


مزگێنی دا بە سروە بای بەهاری
وا هاتەوە نەورۆزی کوردەواری

بە تیشکە تێک‌شکا سوپای کڕێوە
هەواری ڕۆژ گەییشتە خاکەلێوە

فەرمان درا بە سەوزە سەر هەڵێنێ
چیدی لە بەندی خاکی ڕەش نەمێنێ

با دەرکەون، کوڵ و کەسەر بنێژن
با ڕۆژی ڕزگاری بکەن بە جێژن

شەماڵ، گەواڵ گەواڵ هەور بنێرێ
ئاهەنگ و بەزمی جەژنی پێ بسپێرێ

حیلکانەوە لەو موژدە ئاودڕ و خڕ
ڕەش بوونەوە، ڕیشی سپی چیای چڕ

چڵوو گەشایەوە و بزەی لە سەر لێو
پۆتڕاکی خۆی ڕازاندەوە بە گوێ زێو

هەور لە دەشت و شیو و پۆپەشاخان
کردی بە تۆپ تەقاندن و چراخان

مراری بێ ژماری دادەباراند
لە دار و دەر ڕووتی نەداریی تاراند

شەماڵە، گاڵە گاڵیەتی و لە کارە
هەڵگرنەو! شاباشی شای بەهارە

شینکە بە گەل، لە گڵ سەری دەرێنا
هەر یەکە چەند قل و پەلێ بە شوێنا

خڕی بەرۆک پڕن لە دەنکە باران
تازە و تەڕن بۆ کۆڕی بەزمی یاران

نەورۆزە، مشتی پڕ گەڵای تەڵایە
هەر کارگە - بێ‌بەڵا بێ - بێ‌گەڵایە

ئەگەر چی ساوایە بەهارو باشە
لە چاوی بەد بەدوور بێ، گیا هەراشە

بە یەک یەکە و بە کۆ، لە دەشت و دەردا
وەک کیژەکورد هەمووی گوڵی لەسەردا

شالوور و بولبول سەرەڕۆی ئەوینن
هەر چاوەچاویانە گوڵان ببینن

هەر مەلە بۆ گوڵی دڵی ئەخوێنێ
هەر گوڵە بۆ دڵداری خۆی ئەنوێنێ

نەرگسی مەست لە زەردەزیڕە زیزە
بە جوانی خۆی دەنازێ، زۆر بە فیزە

وەنەوشە ملکەچە لە حاند پەپوولە
ڕێی داوە، بێ وتەی مەلا و پسوولە

وا کیژ و لاویش دەچنە دەر لە دێوە
لە ڕێوە تێکدەگەن ژوانگە کێوە

گۆرمزە، مام ڕێواس و هەندرێشن
بۆ دڵتەڕان بەهانەن و لە جێشن

گۆوەند لە کەوشە، دوور لە وشکە سۆفین
دەرفەتە مەم گوشین و هەڵگڵۆفین

شادن بە یەک مەل و گوڵ و دڵ و دڵ
بە یەک ئەگەن لە بن دەوەن، لەسەر چڵ

هەر من لە دووری تۆ: هەژار و داماو
دەڕوانمە ڕێگەکەت بە چاوی پڕئاو

بەشم هەتا لەشم لە تۆوە دوورە
هەنیسک و هەڵمژینی ئەشکی سوورە

خشڵی گوڵان! بەژن نەمامی چاوکاڵ!
وەرە دەرمخە لەو ژیانی وا تاڵ

من بولبولم لە ناڵەدا بەزاندن
گەرم و گوڕیی دڵم، دڵی تەزاندن

بمگەیە! خۆ بنوێنە! دڵ بستێنە!
بازاڕی گەرمی نازی گوڵ بشکێنە!


🖋#مامۆستا_هەژار


@ShpolDarya
📚ˢʰᵖᵒˡ-ᵈᵃʳʸᵃ


📖#گۆڕستانی_خامۆش


تەم و مژێکی خەس وخۆڵ
باڵی بەسەر گۆرستانا ڕاکێشا
ئیتر چاو چاوی نەئەبینی
شەوەزەنگ کەیف خۆش بوو
بێ دەنگی بوو بوو بە کەیخواو
خۆی هەڵئەکێشا
جاربە جارێ قوڵپەی گریان
داوێنی بێ دەنگی ڕائەکێشا
چەن مرۆڤێک پەلە پەل وهەڵمە هەڵم
پەلی تەرمێکیان ڕاکێشا
ئیتر خۆیان خزانە داوێنی شەوەزەنگ
تەپ و تۆز بوو بە شاباشی گژەبا
بەرەو ئاسمان خۆی هەڵکێشا


🖋#خەمخۆر_مەجیدی


📚@ShpolDarya
‌‌‌‌‌‌‌‌‌✮ @ShpolDarya


📖#خۆشم_ئەوێیت


خۆشم ئەوێیت
خۆشەویستی تینوو بۆ ئاو
خۆشەویستی خونچەی بەهار
بۆ تیشکی زێڕینی هەتاو
خۆشم ئەوێیت
خۆشەویستی نەمام بۆ خۆر

خۆشم ئەوێیت
خۆشەویستی‌یەکی یەکجار زۆر
خۆشم ئەوێیت
خۆشەویستی کوردێکی مەرد
بۆ سەر بڵندی کوردستان
خۆشم ئەوێیت
خۆشەویستی‌یەکی بێ‌سنوور

خۆشم ئەوێیت
خۆشەویستی ڕۆشنبیرێک
بۆ شاگوڵی ئازادی سوور
بە مشتێک خۆڵت سوێند دەخۆم
زۆر لە گیانم شیرین‌تری
لە بەهەشتی ناو پەڕاوی پێغەممبەران
گەلێ گەلێ ڕەنگین‌تری

ئەتپەرستم!
بە ملەی شاخ و چیاوە
بە گۆم و کانی و دەریاوە
بە کێوو و دۆڵ و هەردەوە
بە سەرچاوەی بێ‌گەردەوە
بە بارێژەو لافاوتەوە
بە دێرینەی جێ‌ماوتەوە
بە شەختەو ڕەهێڵەتەوە

بە چیای تەوێڵەتەوە
بە ڕیزە لووتکەی شاختەوە
بە کێڵگەو ڕەزو باختەوە
بە نشێوو بە دۆڵتەوە
بە دیوەخانی چۆڵتەوە
بە زمزەمەی سەیرانتەوە

بە پرد و ڕێگاو بانتەوە
بە گەرمیان و کوێستانتەوە
بە زۆزان و ئاڕانتەوە
بە ئەشکەوت و بنارتەوە
بە ڕەوەز و ڕووبارتەوە
بەلیتاوی زستانتەوە
بە شینایی بێستانتەوە
بە کارێز و گۆلاوتەوە

بە سازگاری ئاوتەوە
بە لاووک و سترانتەوە
بە گۆرانی و حەیرانتەوە
بە لای لایە و هۆرەتەوە
بە بەیت و بالۆرەتەوە
بە مێژووی ڕازاوەتەوە

بە چینی چەوساوەتەوە
بە وەرزێر و جووتیارتەوە
بە ڕەنجی کرێکارتەوە
بە قەڵای دێرینەتەوە
بە گوندی میژینەتەوە
بە ڕەنگاڵە و سوێسکەتەوە
بە پۆلە چۆلەکەتەوە
بە ڕەوتی ڕەوەکەوتەوە

بە جوانی مانگەشەوتەوە
بە مەتینا و گاراتەوە
بە کۆسرەت و ساراتەوە
بەتەندرۆن و وان تەوە
بە گردەکەی سەیرانتەوە
بە گۆلچک و نەوێ تەوە

بە گۆمەکەی وورمێتەوە
بە پاوان و سەپانتەوە
بە لەیلاخ و زۆزانتەوە
بە گەلی جێ‌ماوتەوە
بە پێناسەی بێ‌ناوتەوە
ئەمانەم گشتیان خۆش دەوێ
بەڵایان لە گیانم کەوێ

نەڵێی دڵی زۆر بچووکە
جێی منی تیا نابێتەوە
بە زامەکانت سوێند دەخۆم
جێی گشتیانی تیا بۆتەوە


🖋#لەیلانی_قازی
🎙#مەهنازی_ڕەحمانی


@ShpolDarya
📚@ShpolDarya


📖#دڵی_گەشاوە


خونچەی دڵداریم گیانە ژاکابوو
تاکوو هەناسەی تۆ گەشانێوە

زۆر چقڵ هەر وا دڵمی پێکابوو
تا دڵ نەرمێکەی تۆ بوژانێوە

بە پەجەکانت زامی پڕلە سوێم
ساڕێژ بوو، دڵم کەوتە شنەشن

بۆیە، پەپوولەی هەستی ژینی نوێم
بیری چۆتەوە، سزا و خەم چەشتن

لە ئاسمانێکا، ڕەنگ پیرۆزەیی
گیانی دڵداری من لە گەشتایە

لە خۆشی گۆنای گەشی پەمەیی
هەمیشە ئەڵێی لە بەهەشتایە


🖋#مامۆستا_کامەران_موکری


📚@ShpolDarya
📚@ShpolDarya


📖#عیشقی_پیرۆز


لە چی ترسای؟
لە چی تۆرای؟
بۆچی ڕووی خۆتت وەرگێڕا؟
وات ئەزانی
دارستانی بەژنی جوانت ئەسووتێنم؟
کۆشکی بەرزی خۆشەویستت ئەڕووخێنم؟
ڕاستە گیانە، پشکۆ و بڵێسەی ئاگرم
هەرەسی بەفری تاسەم و چاوەڕوانی
هاوار و گرم و هۆڕ ئەکەم...
ڕاستە گیانە، هاوارێکی زۆر بەرزم و
ملە و زریان و لافاویش چاک ئەناسم!
بەڵام، بەڵام
خۆ تۆی ئازیز، ئێجگار لەوە باڵاتری
دەستی زریانت پێ بگات...
هەرەس بتکا بە ژێرەوە...
خۆر بتوانێ بتسووتێنێ...
شەپۆڵ یاریت لەگەڵ بکات...
تۆ سروودێکی تازەیت و لەسەر لێوی ئەم وڵاتە
ڕۆژی بە هەزاران کەڕەت ئەتخوێننەوە
تۆ ئەو عەشقە پیرۆزەی وا
شەو تا بەیان، بەیان تا شەو
لە باوەشی گوڵجاڕێکا،
پرچی جوانی دائەهێنی و خۆشەویستی،
لەناو کوورەی دڵی پاکتا ئەتوێتەوە...
لە چی ترسای
هەرچی دەماری ناو دڵمە،
هەڵیکێشن ناتوانن... نا...
خۆشەویستیت
لە بیر و مێشکم دەرکێشن!


🖋#مامۆستا_ژیلا_حسەینی


📚@ShpolDarya
@ShpolDarya


📖#شەو_و_شەیتان


ئەستێرە یەک یەک ڕاخوشین
ڕەش هەڵگەڕا ئاسمانی شین

هەورێک شۆڕابەی بەرداوە
دەڵێی لە قیڕیان وەرداوە

تاریکانە، شەوەزەنگە
وڵات بێ هەست و بێ دەنگە

گۆڕستانی خامۆشە شار
تێیدا نەماوە زیندەوار

نە ڕادەژێ گەڵای دارێک
نە دێ هەستی پێی ڕێبوارێک

هەرچی کۆڵان و شەقامە
دەڵێی کاولاشی بەسامە

دنیا دەریای بێ شەپۆلە
لاو داماوە، جێژوان چۆلە

پەردەی کۆشکان دادراوە
ڕۆچنەی کۆختانیش گیراوە

لە تالار و سەر سەرایان
بڕا ترووسکەی چرایان

شەمی سەرچاکیان لابردن
مردووش هێندەی دیکە مردن

دامرکا، بوو بە ژیلەمۆ
لە ناو ئاورگاندا پشکۆ

ژیان ڕووگرژە و مچ و مۆڕ
دێ بۆنی کفن و تات و گۆڕ

شەو زرینگاوە، ڕاشکا
شەیتان سامی لە خوا شکا

کەڵپی خوێناوی گڕ کردن
فریشتەی پشووبڕ کردن

خەم و خەفەت دادەبێژێ
شادی و ئازادی دەنێژێ

داسی مەرگ و نەمان دەسوێ
هەوەڵ گەوزی داوێتە کوێ؟

دێن و دەچن بە ئەسپایی
لە چوارچرا چەند تارمایی

خێوی شەو و خودای شەڕن
بێچووە شەیتانی بەدفەڕن

ئاخ، دیسان سێدارە چەقی
کوردی چۆ بن لەسەر هەقی

لەپڕ دەنگێکی نێرانە
نرکەی کوڕانە و شێرانە

پەردەی بێدەنگی دادڕاند
خەواڵووی لە خەو ڕاپەڕاند

خەڵک هەمووی ئەو دەنگەی بیست
دەیگوت «پێشەوای» خۆشەویست:

کە من مردم کورد نامرێ
دەس لە خەبات هەڵناگرێ

هارووژا وەکوو پوورەی هەنگ
«مەهاباد» گۆڕخانەی بێ دەنگ

لە دەوروبەری چوارچرا
هەزاران سەر لە قوڕ نرا

کام نازداری شۆخ و جوانە
دای لە خم لکی کۆڵوانە

لە چاوی کیژی مل بەکوێن
بەخوڕ دەهات فرمێسکی خوێن

شۆڕەلاو هاتە کۆڕی شین
ئەویش سۆرانی کردن شین

پیرەپیاو بانگ دەکا ڕۆڵە
لەبیر نەکەن تۆڵە، تۆڵە

تێکڕا دەڵێن درشت و ورد:
کورد نەمرد، پێشەواش نەمرد

با تەرمیشی بخرێتە گڵ
چۆن یادی دەردەچێ لە دڵ؟

شادبە ئەی پێشەوای نەمر
هەتن ڕۆڵەی ئازا و خوێنگر

بۆ فیداکاری ئامادەن
ڕێگای ڕاستی تۆ بەرنادەن

پەڕکووری ڕق ئەستوورە کورد
لەسەر تۆڵەی تۆ سوورە کورد

کچ و کوڕ و ژن و پیاوی
دەکا خەباتی خوێناوی

تا مافی ڕەوای دەستێنێ
ئاواتی تۆ وەدی دێنێ


🖋#مامۆستا_هێمن
🎙#مەهنازی_ڕەحمانی


@ShpolDarya
📚@ShpolDarya


📖#ژووان


کچە شوانێ
ئەچوو بۆ جێگەی ژوانێ
لە ڕێگە چڵە نێرگزێ وتی: جوانێ
تکا ناکەی لە مەمانێ!
دەستم بگرێ و
بمبات بۆ لای کوڕە شوانێ؟
مەمکی قوتی تورت و سپی
سەری لە باخی کراسی کرێشەوە
بردە دەرێ وتی: وەرە
بەڵام با گوند پێ نەزانێ
ڕۆژی دوایی نێرگزە جار
خۆشەویستی کچە شوانی
کرد بە چەپک و لەگەڵ دنگی
[ #ماملێ ] دا ناردی بۆ شار


🖋#مامۆستا_شێرکۆ_بێکەس


✮✮✮

کوێر بێ ئەو چاوەی بە تۆ هەڵنایە

✮✮✮


📚@ShpolDarya
📚@ShpolDarya


📖#گەوهەر_فرۆش


ئاشقی سەروی قەدت قومری سیفەت زاری دەکا
ڕووی گوڵی تۆ بولبولی دڵ فێری غەمخواری دەکا

خۆت وەکوو سوڵتان و چاوت حاکم و ئەبرۆتە شیر
تیری موژگانت وەزیرە مەشقی خونخواری دەکا

کەوتە نێو زوڵماتی زوڵفانت دڵی ئەسکەندەرم
خدری زیندەی ماچی لێوت، کەی دێ ڕزگاری دەکا

من بە میزانی تەبیعەت گەوهەر ئەفرۆشم، دڵم
وا لە شامی زوڵفی تۆدا کەسبی عەتتاری دەکا

مەیخەرە ژێرپێتەوە گەر حەز دەکەی ژیر بێتەوە
دڵ کە منداڵە شەکەرخەندەی لەبت چاری دەکا

مورغی دڵ برژا لەبەر قرچەی هەتاوی فیرقەتت
تابەکەی داوی سەری زولفت گرفتاری دەکا

توتیی دووکانی حوسنت بولبولی تەبعی منی
خستە نێو بەندی تەماع و فێری بازاڕی دەکا

مەستی بادەی چاوی تۆم و پێم دەڵێ مەستی مەیە
سەیری کەن بوختانی ناحەق چۆن بە لەب جاری دەکا

بێرە مەیدانی فەساحەت ئەسپی خۆت لینگ دە #حەریق
تا بزانم کێ بە شێعرت سوحبەت و یاری دەکا


🖋#مامۆستا_حەریق


📚@ShpolDarya
📚@ShpolDarya


📖#هەوێ


با بە تاقی تەنیا بم...
نە سیڕەی دەرگەم دەوێ
نە ترپەی هەنگاوی تۆ،
لێم دوور کەوە، ئازیزم،
من شەڵاڵی شێعرێکم
لەسەر سێحری چاوی تۆ!


🖋#مامۆستا_عەبدوڵڵا_پەشێو


📚@ShpolDarya
@ShpolDarya


📖#ئاڵای_کوردان


لەسەر هەموو چوارڕێیانی ئەم جیهانە
سێ ڕەنگ دیارن کە شێوەیان
لە شێوەی ئاڵای کوردانە

کە دەگەمە هەر چوارڕێیە ڕادەوستم
بەحورمەتی ئەو ڕەنگانە

لەسەر هەموو چوارڕێیانی ئەم جیهانە
دێتە بیرم بە خۆ ئەڵێم ئاخۆ بڵێی
ڕۆژێ دابێ چوار پارچەکەی
وڵاتی من بگاتە یەک

بەچەشنی ئەم چوارڕێیانە
لێی هەڵبکرێ ئاڵایەکی
لەشێوەی ئەو چرایانە

لەسەر هەموو چوارڕێیانی ئەم جیهانە
بیرم تەنیا نیشتمانە و ئاواتیشم
یەکبوونەوەی کوردستانە


🖋#خاڵە_قازی
🎙#مەهنازی_ڕەحمانی


@ShpolDarya
📚@ShpolDarya


کوڕەکانی هۆلاکۆخان
کاتێ بە سەر شێعرەکانما نەوتیان پژان
بوو بە جێژنی وشە کوژان!
ماری قامچی دەمی نابووە کانیی خوێنم
کەڵبەی کەلەبچە وەک چەقەڵ
دەستی هونەرمی، ئەکرۆژا
شقارتەیان داگیرساند و
بوو بە قاقا و چەپڵەڕێزان

هاوارم کرد:
من شاعیری چەوساوانم
هەزار کوانووی پڕ لە ئاگر
شێعرەکانم ناسووتێنێ
گۆمی گەندەڵ کەی ئەتوانێ
چیای هاوار لە ناو خۆیا بخنکێنێ
هەر لەو کاتا شێعرەکانم
لەناو گڕدا هەڵئەقرچان
دەستی مێشکم، لە ناو هێڵی تووڕەی دڵما
وشەی شێعری تازەی ئەچان...


🖋#مامۆستا_جەلال_مەلەکشا


📚@ShpolDarya
‌‌@ShpolDarya


📖#دەردی_دووری


هێند نەخۆشی دەردی دووریم
وەختە گیان و دڵ دەرێ
ئاخ نەسیمی سوبحدەم کوا
عەرز و حاڵی من بەرێ؟!

دەردەدارم، بێزبانم،
بێدڵم، سەوداسەرم
ئاخ لە بۆ دڵ میهرەبانێ،
هەم زبان و هەم سەرێ

کەس لە حاڵی سۆز و
گریانی من ئاگادار نییە
ئاخ لە بۆ یەک حاڵزانێ
دڵ پڕ ئاو و ئاورێ

لەحزەیەک یادی خودا ناکا
لەبەر عەیشی جیهان
نەفسی کافر وا دەزانێ
قەت جیهان ڕانابرێ

من بە دڵ، زولفت بەسەر،
کەوتووینە بەر پێی ڕەحمەتت
ئەی ئومێدی موئمین و
کافر بە حاڵم نەززەرێ

بێشەکەرخەندەی دەمت
وەسڵی ڕوخت مومکین نییە
جەننەتم نابێ هەتا
نەمشۆن بە ئاوی کەوسەرێ

پێم بڵێ وەجهی چییە
زولفت موقیمی ڕوومەتە؟
خۆ بە شەرعی موستەفا
جەننەت بە کافر نادرێ!

با ئەدی بەس بێ جەفا
بەو چاوە بیمارەت بڵێ
یا دەوای دەردم کەرەم کا،
یا لە دەردم هەڵگرێ؟

کردمێ مەجنوونی دەر و
دەشتان و فەرهادی زەمان
شۆخ و سەلماڕەنگ،
لەیلادەنگ و شیرین شەککەرێ

کردمیە ئەفسانەی هەموو
بازاڕ و شاران عاقیبەت
ڕوو بە خاڵ، گەردەن مەراڵ،
چاو کاڵ و گێسوو عەنبەرێ

مەنعی ناڵینم مەکەن
یاران لە دەست موژگانی یار
زۆر بە ئێش و دەردە
ڕێشی جێگە نێشی نەشتەرێ

زەحمەتی بێهوودە تاکەی؟
ئەی تەبیبی میهرەبان
دەردی من دەردێکە
بێدەرمانە چارەی ناکرێ

سۆزی جەرگی من بە گریان
وا بە باڵای هەڵچووە
گەر هەزار تۆفانی نووح بێ
ئاوری من دانامرێ

دەست و دامان بووم،
گوڵێکی مەزهەری تۆم بوو کوتی:
عیززەتی حوسن و جەماڵم
شەوکەتێ هەڵناگرێ

دوودی ئاهم سۆزی جەرگم
وا کە هەر باڵا دەچێ
شەو نییە ئاسمان کە نەگرێ
چاکە ئاور ناگرێ

ڕووی وەدەرنا تا بە تا
زولفی دڵاوێزی بزووت
ئاه و ناڵەی عاشقان هات
بوو بە ڕۆژی مەحشەرێ

ماچی سەر تاپای کە دای فەرمووی:
#وەفایی من دەڕۆم
ئەو دەمەت ماوە لە عومرت
هەستە با خۆش ڕابرێ


🖋#مامۆستا_وەفایی
🎙#لوقمان_کەریمی


@ShpolDarya
📚@ShpolDarya


هەموو عاشقی گەورە و شۆڕشگێڕی گەورەین،
ئەوە دەردی ئەم میللەتەیە.
شتەکە له دیانەتەوە ماوەتەوە بۆمان.
دەزانی بۆ هەرچی دینی دنیایە لەم
مەملەکەتە وێرانانەی ئێمەدا سەریانهەڵداوە؟
چونکە خۆشەویستیمان زۆره
عاتیفەمان سنووری نییه.
وەک ئاگر له دەروونمادندا هەڵدەقوڵێت،
ئەوە ڕقی زۆریش دروستدەکات،
دینیش پێویستی بەو دووانەیە
[ #مەحەبەت و #تووڕەیی ]
ئەم هەموو مەیتەی دەیبینیت
هەمووی بەرهەمی خۆشەویستییه،
ئەمانە هەموو عاشقی عەقیدەیەک
یان کەسێک بوون،
بکوژەکانیشیان هەر عاشقن،
ئەوانیش هەر عاشقی عەقیدەیەک
یان کەسێک بوون...


🖋#مامۆستا_بەختیار_عەلی
📖#دەریاس_و_لاشەکان


📚@ShpolDarya
2024/09/27 21:32:54
Back to Top
HTML Embed Code: