Telegram Web Link
"دەنگی ئەم نوێژە هەر ناگات"

بسم‌اللهِ دووکەڵ و "با"
کە سۆی چاوم خەریکە ئەسووتێ و
زانیم
کە فی‌النارِ جەهەندەمی قووڵ نییە و بەرزە
ها بە بەرزترین شاخەکانی کوردستان و
بڵێسەی ئاگری خۆر ئەبرژێنێ،
بێ تاوان لاوی بەجەرگ ئەسووتێنێ...
بسم‌اللهِ هەژگ و
هەڵمەتێکی تیژ وەک زاگرۆس
لە ئەگەری سووتاندنی خۆم و داربەروویێک پشک ناخەم و
ئەبم بە بەرپەڵ
کە گوێم بە قرچەی مارومۆرەوە ئەزرینگێ
زیاتر ئەچم بە ناقی ئەم جەهەندەمە...
بسم‌اللهِ دوعا و
ئەم هەموو گریانە کە نایگری لێمان،
خۆرەمان تێرخۆر ئەبێ و
هەیبەتت
لە زمانێکی بەدەم زیکری "الم تر ان الله یسجد له"ـوو
لە دار و بەرد و کوللـە و مێروو
ئاگر ئەیسووتێنێ و
سەرێک سەر بە سوجدەی کەعبەتەوە ئەبرژێ و
دەنگی ئەم نوێژە هەر ناگات...

& 📷 #جەمیل_محەممەدی

وێنە: ئاگری دارستانەکانی دەرەوەران


https://www.tg-me.com/Honrawey_Meriwan
"هەناوی دارستان"


لە هەناوی دارستانڕا:
هەواڵی
مەرگی "باڵندە"!
بۆکڕووزی هەڵپڕووزانی پرچی دار!
ماتەم دەگێڕێ لێڕەوار!

لە هەناوی دارستانڕا:
ئەمما هەنگاو!
بێ ماندووبوون بەرەو هەتاو!
ئەو دەستانەی لێوانلێون لە ژیانەوە،
دەچن بەگژ  دێوی گڕا!

سەد ئەوندە شەو زاڵتر بێ و
سەد ئەوەندە تاریکتر بێ و
دێوەزمەی شەو، ڕووناکی ڕۆژ بخواتەوە!
هێشتا چاوی چیا و زنار،
خەونەفڕین دەیباتەوە!

لە هەناوی دارستانڕا:
هەر هیوایە دەڕوێتەوە
و
هەر بڕوایە دەژێتەوە!

لە هەناوی دارستانڕا:
لە ڕەگەزی "هەڵۆ" و "تەوار"!
پۆل پۆل "عەگید" و "شۆڕەسوار"!
  دەچن بەگژ دێوی گڕا!

#جەمال_مەریوانی_هەڵبەست


https://www.tg-me.com/Honrawey_Meriwan
#کورتە_چیرۆک


پیرەداربەڕوو ...

‍ ‍ سپێدە هێدی هێدی نوێنی خەوی کۆ دەکردەوە ،
کە سروەی هاوڕێیم  بانگی لە چاوەکانم کرد و
بە نیانی بەیانی باشێکی لێم کرد ، سازە ئارامەکەی کۆک کرد و بە  مەقامی ژین هەستی دارستانی بزواندەوە،
هەتاوی تازەهەڵاتوو بە تاڵە نەرمەکانی تیشکی زێڕینی هەنگاو هەنگاو خۆی گەیاندمێ و گەڵاکانمی یەکەیەکە لە خەوی خۆشی خەوناوی خەبەر دەکەردەوە،
باڵەندەکان
بۆ خوڵقاندنی تابلۆیەکی نوێتر لە سرووشت  بوون بە بەشێک لە ئاسمان و هەتاوی ڕێبواری ئاشنا ...
ئاژەڵە بێباڵەکان جووڵەیان کرد و وزەیان بەخشی بە هەردی سڕ ،
مام کیسەڵیش بەشی خۆی بەشداریی ئەو فستیواڵەی دەکرد !

لە دوور تارماییەکم بەدی کرد کە لەداوێنەوە لە هەڵکشان بوو بەرەو هەوراز ، چەند جار چاوەکانم سڕی
نە، نە ، هەرگیز سووچی پیری نەبوو !
گەڵاکانیشم هاوڕام بوون ،
بەڵێ ئەو تارماییە مرۆڤ بوو مرۆڤ ، بەڵام نەک لەو مرۆڤانەی کە دەمناسییەوە
لەخێڵی #شەریف نەدەچوو !

نامۆ بوو ، نە فرە نامۆیش
دڵم خەبەری دا ؛ لەوە ئەچێ  لەوانی تر بێت !نەختێ خۆم خڵەتاند و دڵخۆشی برینەکانی پێشووتری لەشم دایەوە بە دوودڵییەوە وتم : نە ئیشەڵا لەوان نییە !

هەنسکەهەنسک نزیک بوویەوە و خۆی گەیاندە بن پیرەدارقەزوانی دراوسێم، قاپێ ئاوی دەرهێناو و هەندێکی کرد بە گەرووی وشکیدا ، چیتان لێ بشارمەوە هێندە بە تامەزرۆییەوە دەیخواردەوە  حەزم لێ دەکرد،
بە ڕیشەکانم وت : دا بڕۆن نەختێ ئاو لە پاشەکەوەتەکەی پار بێننە سەرێ [ناشوکری نەبێت خۆ ئەمساڵ ئاسمانیش چاوی هیوای لێ نووقاندین] !

هێشتا ڕەگەکانم ئاوەکەیان نەهێنابوو بینیم هەستاو و بە جۆرێکی گوماناوی بڕێ سەیری ئەملاولای کرد،
شقارتەیەکی دەرهێنا ،
ئەوەی کە لێی تۆقابووم ڕووی دا ...

بەڵێ ئاگری نا بە ئەو پووشانەوە کە هەر ئەم بەهارە پێشووە لە نێویاندا بۆ گژ و گیای خواردەمەنی دەگەڕا و هەر لێرەشدا لە سێبەرمان ماندوویی لەشی دەردەکرد ،نان و چای دەخوارد و تاونەتاویش لە بەر تاوەباران دەبووین بە چەتر بۆی ...

پیرەقەزوان کەوتە قۆزە و قرچەی سووتانی پێستە نیوەوشکەکانی هۆشدارییان بە لەش و شاخ و بەرگی ئەدا ،
منیش پێش ئەوەی لە بیری خۆمدا بم خەمی ئاژەڵەکان تان و پۆی بوونمی داگرتبوو ؛
تۆ بڵێی مام کیسەڵ توانیبێتی بگاتە کانیەکەی خوارەوە ...!
ئاخ مرۆڤ ئاخ !
ئاخر بڵێ بۆ ؟!
تاکە یەک خراپی ئێمە بێژن ، بۆ نازانن ئێمەیش وەک ئێوە گیانلەبەرین ؟ بۆچی وەها بێ باوەڕن ؟
ئێمەیش هەست بە ئێش ئەکەین ...

بەڕوار !
لەگەل خۆی ئەدوا کە مازوار بە زار هات و گوتی:
ئاخ ، دەست مەدە لە دەردم ؛
کەم مازوویان لێم چنی ؟ کەم بە شنەی سێبەرم ماندوویانم حەسانەوە ؟
کێکف وتی:
لێمگەڕێن با دەردم هەڵڕێژم :
خۆم بە خۆمم کرد هاوڕێیان ،چەندە دەستەی تەور و تەشوێ  [قەزوان ؛ تا ناوی تەشوێی بیست داچڵەکا و بەچاوێ سەیری کوچەڵەکانی پڕ لە جاچکەی کرد و بە ڵاچاوێکیش سەیری کێکف ] و پاچ و بێڵم پێدان و تووڵی خۆم بۆ سازکردنی کەرەستەی پێویستیان بۆ بەرهەم هێنان ، ئەوەیش پاداشتەکەیان!
گۆییژ وتی:  بمبوورە کێکف گیان قسەکەت به گوڵ دەبڕم :
لپاولپمیان ئەشکاندەوە بۆ چنینی بەرهەمەکەم کۆڵێ ئازاریشم ئەچێشت ، بەڵام قەت بەڕووی خۆمدا نەدەهێنا...

نوێنەری گیا وردیلەکان هەرکە هات زاری کاتەوە و دەردەدڵ کات ، گڕی ئاگر ئەمانی نەدا و کردی بە بەرگڕ بۆ چوارتەنیشتی...!

پیرە قەزوان کە دووکەڵ قۆزەکەی لێ توندتر کردبوو وتی :
هاوڕێیانم !
خۆڕاگر بن ، ڕاستە بڕێ لە ئەوانە
بێئەمەک و سووک و بێ پۆن ، نە نمەکی بەرهەمەکانی منیان لە پێش چاوە و نە ئەوانەی ئێوەیش،
خۆ نافامن ئەوەی لە پێناو ئەم ئاگر خستنە ناو دارستانەدا وەری ئەگەرن لە بەرانبەر ئەوەی ئێمە بەوانی دەبخشین نرخی توورێکی تەڕیشی نییە ،
بەس خوویان بە خۆسووک‌کردن گرتووە،

لە بەرانبەریشیاندا زۆرن ئەو مرۆڤانەی
بەئەمەکن !
شێعرمان پێدا هەڵئەچنن و چیرۆکمان لێ درووست ئەکەن و جیل بە جیلیش ڕا ئەهێنن بۆ پاراستنمان ،
وەرەتان هەرگیز نەڕووخێ و هیوا و بڕواتان بە ڕەگی داچووتان هەبێ ،‌ ئەوەش بزانن خاتوو بەهار لەم نزیکانەیە ، بە زوویی دێ و وەکوو جاران زامەکانمان تیمار ئەکاتەوە ،
هەڤاڵان!
ڕێم دەن بەجێی خوێندنەوەی داستانی #دارە_پیرە ی #مەلەشکا  کە هەندێ درێژە و ئیستە کاتی نییە شێعری #هیوا ی #پەشێو تان بۆ بخوێنمەوە ،
داربەڕەوو وتی هاوڕێم،  قەزوان !
بۆچی  پێکەوە  نەیخوێنینەوە ؟
خۆ هەموومان لەبەرمانە ،
قەزوان دەستی پێکرد و ئەوانیش بە شوێنیدا :

"لە کاتێکدا
لە سەرەوە، لە لوتکەکان،
تۆف و زریان لە دەوەن و داران وەردێن،
خەمت نەبێ
لە بنەوە، لە دۆڵەکان،
گیای نەوخیزە و گۆپکە دەردێن"

دارێکی تازە سکوزاکردوو کە خەریکی پاراستنی خەڵفە ساواکەی بوو
بە بیستنی ئەو سروودە فرمێسکی خۆشی و هیوای تکاندە سەر لێوی خەڵفی و  لێوانی خۆی...

#مادێح_کۆنەپۆشی(زایەڵە)

https://www.tg-me.com/Honrawey_Meriwan
ئەنجوومەنی سەوز و ستراتیژی داهاتوو

#فەرید_پەروازە (نێ)

چالاکی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە دە رۆژی ڕابردوودا ئەوەندە بەربڵاو و چڕوپڕ بوو کە سەرنجی هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندنی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا بۆ لای خۆی ڕاکێشا و زۆر کەس و لایەن لە ناوخۆ و دەرەوەڕا سەبارەت بەو کارساتە ژینگەییە هاتنە سەرهێڵ.
ئەنجوومەنی سەوز و سەرجەم ئەنجوومەنەکانی دیکە لە کوردستاندا لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا بە پەروەردە و ڕاهێنانی لاوان و هەروەها پەرەدان بە ڕۆشنبیری ژینگەپارێزی ڕۆڵێکی گرنگیان لە بەرزکردنەوەی وێژمان و دیسکۆرسی ژینگەییدا هەبووە.
گەشەکردنی هەر بیرۆکە و هزرێک لە کۆمەڵگادا سنوور و کەوشەنی خۆی هەیە و بە پێی یاسای باو، کاتێک بیرۆکە و ڕەوتێکی کۆمەڵایەتی گەیشت بە لووتکە و جەماوەری بوویەوە ئیتر پێویستە پێ بنێتە قۆناخێکی دیکە و سیاسی ببێتەوە. سیاسی بوونەوەی وێژمانی ژینگەپارێزی یانێ لە چوارچێوەی رێخراو و njoوە تێپەڕبوون بۆ حیزبی سیاسی(سەوزەکان ) و لە ئاکامدا هەبوونی نوێنەر لە پارلەمان و  درووستکردن و گونجاندنی یاسا و ڕێسا لە چوارچێوەی گشتی وڵاتدا.
ئەنجوومەنی سەوزی چیا لە ڕەوتی ئاگرکەوتنەوەکەی مانگی گەلاوێژدا بەڕاستی ڕیفراندۆمی ئەنجام دا. لەو ڕیفراندۆمە ژینگەدۆستییەدا  کە هەرەوەزێک بوو لە بەشداری هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا وەکوو مامۆستایانی ئاینی، ڕۆشنبیران و قەڵەم بە دەستان، ژنان، هونەرمەندان، چینی کاسبکار و بازاری، هەروەها خەڵکی شارەکانی دیکەی هەرێمی زاگرۆس و شارەکانی دیکەی ئێران و باشووری کوردستان، بەڕاستی ئەوەی سەلماند کە هەم پرسی ژینگە لە کوردستاندا پرسێکی زاڵە و هەم رێخستنەکانیش لە ئاست کارەساتە ژینگەیەکاندا سەردەمیانە و جەماوەرییە.
پرسی ژینگە لە جیهاندا بە هۆی گەرمبوونی گۆی زەوی و قەیرانی ئاو و گۆرانکارییە هەرێمییەکان(تغییرات اقلیمی)و... هتد بووە بە پرسێکی رۆژەڤ و ئۆنلاین. گۆڕانکارییە ژینگەییەکان لە ئاستی جیهانی و ناوچەییدا بووە بە هۆی ئەوە کە وڵاتی کوردستانیش وەک باقی وڵاتان ببێتە بەربژێری گۆڕانکاری سرووشتی.
جا کەوایە ئێمەی کورد لەو قۆناخە هەستیارەی مێژوودا سەبارەت بە پرسی ژینگە پێویستە چالاکتر و زانستیتر ببینەوە. زانستی بوون بە مانای ئەوەیە کە ئێمەی کورد زانیارییە ژینگەیەکانمان بگەیەنینە ئاستێک کە هەم بە سەر بەشێک لە ڕووداوە سرووشتییەکاندا زاڵ ببین هەم پێشبینی ڕوودانی کارەساتەکان بکەین. کاتێک لە ژاپۆندا بوومەلەرزەیەکی ۷ریشتەری دێت منداڵانی دواین نهۆمی باڵاخانەکان دەڵێن ئەوە دایەگەورە بێشکەکەی راژەند. لە راستییدا ئەوە یانێ زاڵبوون بە سەر گرنگرترین ڕووداوی پێشبینی نەکراوی سرووشتییدا کە بوومەلەرزەیە. لە وڵاتانی جیهانی سێهەم و بە تایبەت کوردستاندا کە خەڵکی بە شێوەی خۆڕسک بەرامبەر بە ڕووداوە ژینگەییەکان بە بێ هیچ کەرەسەیکی سەردەم و  هیچ بەرامبەرێک ، هەڵوێست دەگرن، وەکوو دەسپێک نیشانەی ئامادەیی خەڵکە بۆ کاری گشتی و بەرژەوەندی هاوبەش.
لێرەدایە کە ئەنجوومەنە ژینگەیەکان پێوستە هەل و دەرەتانەکان بقۆزنەوە و بە ئاقارێکی ڕاستەقینە و تەندرووستدا رێنموونی خەڵک بکەن.
زمانی کوردی گەرچی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا نەبووە بە زمانی دەسەڵات و خوێندنگە بەڵام پۆتانسێل و توانستە زمانییەکانی ئەو زمانەی هەرێمی زاگرۆسە بە هۆی ئەوەیکە بە درێژایی مێژوو زمانی ژینگە و سرووشت بووە، شایانی ئەوەیە کە لە لایەن رێخراوە ژینگەییەکانەوە گرنگییەکی تایبەتی پێ بدرێت و بە بەرهەمهێنانی دەق و  نووسراوەی ژینگەپارێزی بە کوردی، ۰ئارشیو و کتێبخانەکەی دەوڵەمەند بکەین.
ستراتیژی رێخراوە ژینگەییەکان دەبێ فرە ڕەهەند و مۆدێڕن بێ
  کردنەوەی بنکەیەکی ڕۆشنبیری و زانستی بۆ نووسینی ئاینسکلۆپیدیایەکی ژینگەیی بە زمانی کوردی، هەنگاوێکی بەپەلە و پێویستە کە رێخراوە ژینگەییەکان دەتوانن لە قۆناخی یەکەمدا بە شێوەی دیجیتاڵی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەنگاوی بۆ هەڵبگرن.

نەبوونی بەرنامە و ستراتیژی درێژمەودا لە کاروباری رێخراوەییدا دەبێتە هۆی ئەوە کە پاش گەیشتن بە لووتکە بەرەبەرە بچووک بێتەوە و بپووکێتەوە، ئەنجوومەنی سەوز لە ڕاستییدا بۆ ئاگرکوژانەوە و هەندێک کاروبار نەخولقاوە، بەڵکوو بە پێی بەرنامە و پێڕەوی ناوخۆیی، کاری ڕۆشنبیری، ڕەخنەیی و سیمبۆلیکی لە ئەستۆیە، ئەوەیکە ئەنجوومەنی سەوز دڵسۆزانە دەرحەق بە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە ئەنجامی دەدات لە ڕاستییدا بە هۆی کەمایەسی و ناچارییەوەیە.

#بەشی_یەک (1)
درێژە 👇

https://www.tg-me.com/Honrawey_Meriwan
مەریوان‌شیعر
ئەنجوومەنی سەوز و ستراتیژی داهاتوو #فەرید_پەروازە (نێ) چالاکی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە دە رۆژی ڕابردوودا ئەوەندە بەربڵاو و چڕوپڕ بوو کە سەرنجی هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندنی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا بۆ لای خۆی ڕاکێشا و زۆر کەس و لایەن لە ناوخۆ و دەرەوەڕا…
درێژەی بەشی یەک (1)

کۆتا وتە ئەوەیە کە ئەنجوومەنی سەوز بەشێکە لە مێژووی مەریوان و لە داهاتوودا دەیان بڕوانامەی دوکتۆرا لە سەر ئەو رێخراوە سەوزتەوەرە دەنووسرێ، هەر بۆیە پێویستە ئەو ڕێخراوە بێجگە لە درووستکرنی ئارشیڤێکی دەوڵەمەند بۆ لێکۆڵەران، لە هێڵ و پێسپێردراوەکان( رسالت) خۆی لانەدا و سنووری چالاکییەکانی بۆ ناوچەکانیتر بڵاو بکاتەوە.لە دنیای نوێدا کە پرسی هۆشی دەستکرد پەرەی سەندووە رێخراو و ئەنجوومەنەکان دەبێ ئاگاداری لایەنە ئەرێنی و نەرینییەکان سەرهەڵدانی ئەو دیاردەیە بن و بە باشی لە بەرامبەرییدا هەڵسوکەوت بکەن چوونکا سەرهەڵدانی هەر دیاردەیەک بۆ خۆی کاردانەوەی لە سەر ژینگە هەیە.


#فەرید_پەروازە(نێ)

https://www.tg-me.com/Honrawey_Meriwan
کۆڕی پەردەلادان لەسەر کتێبی
            «بۆتیقای جیاواز»
 

نووسینی بەڕێز «#عادڵ_محەمەدپوور»  


📒 :چوارشەمە۱٤۰۲/۰۵/۲۵
کاتژمێر: ۱۷هەتا۱۹

📮 : فەرهەنگ و ئیرشادی مەریوان
            تالاری مامـۆستا قانــع


https://www.tg-me.com/Honrawey_Meriwan
🔆 کومێتەی تەنزی ئەنجومەنی فەرهەنگی- ئەدەبیی مەریوان بەڕێوەی دەبات:

📃 کۆڕێک بۆ لێکدانەوە و خوێندنەوەی تەنزی   
     کوردی
🌟 پەیڤکاتۆر و پەیڤێک


بە بەشداریی بەڕێزان:
🔹 دوکتۆرئەسعەد ئەردەڵان / تاران
🔹خاڵــۆ ڕەووف / مەریوان
🔹 دوکتۆر محەمەد زاکری‌نەسەب /   
      سەرپێڵ‌زەهاو
🔹 سەرکەوت کۆنەپۆشی/ مەریوان
🔹 سمایل عەزەمی / سنە
🔹 ڕەزا ڕۆستەمی / سەقز
🔹 حامید حیسامی / سنە

📢 خوێندنەوەی پەیڤکاتۆر لە لایەن ئەندامانی کۆڕی پەیڤکاتۆری کومێتەی تەنـزەوە.


ئێمە وتمان، هاتن بۆ هەموانە، هەرکەس نەهات گلەیی لە پێی خۆی!

🏢 موجتەمیعی فەرهەنگیی ئیرشاد
           هـۆڵی مامۆستا قانــع
📆 ڕۆژی سێشەمە ١٤٠٢/۰۵/٣١
                                                  ۱۷
 


https://www.tg-me.com/Honrawey_Meriwan
نیشتمانێک سەوزتر لە ئاو

تۆ سەرت ناوە بە تان و پۆی ڕیشی ماش و برنجیی چیاوە و تا فڕین چاوت بڕی کردووە. بە هێزی ئەو هەنگاوانەی کە یەکگرتن ئەڵێنەوە بە "وانە"ی یەکگرتوویی و هەناسە ئەگێڕن بە گیانی مردندا، بەردەوام لە ژیانەوەدای. لێرەوە و لەم خاکی ئاوەدانییەوە، ئەم ژیانە سەوزە هەڵئەکات و ئاڵای سروودێک ئەشەکێنێتەوە بۆ ئەو وڵاتەی کە بە نەمردن گۆج کراوە و بە تێکۆشانەوە هەموو ساڵێک، دەوەن دەوەن، هەڵئەداتەوە.
ئەمێستاکە، ئاگر لە هەرچی مەرگە باشتر، واتای پاشەکشێی پێ پات‌کراوەتەوە و ئەو کڵپە ناحەزە، تا دێ هەنگاوێک بەرەو سێبەری پەلێک بە لەترەوە بڕوات، دەستەکانی چیای لێ دەبنە مشتی دەم‌شکێن و دڵەکانی گەڵای لێ دەبنە قەڵای ورەڕووخێن.
لێرەی بانگەوازمان بە دواوە، ڕەنگێکی تر ئەگێڕین بە گیانی هەواڵدا و ئەو هاوارانەی لە وێستگەی ئێستاوە باڵ‌ئەگرن، دەپرژێنە تینی هاوین و پڕ بە بەری بەهارە نەهاتووەکان، گوڵ ئەگرن. بارانی داهاتوو، تۆی نیشتمان ڕائەژەنێت و گریانەکانی ڕوخسارت ئەشۆرێتەوە ئەی نیشتمانی جۆگەلە و زەنوێر، بمگرە بە باڵای ئاخێکتا و سینەکێش، دەستم پڕ بکە لە هەناسەی سمۆرە و هەنگاوی کیسەڵ؛ کۆترێکی فڕیوتم دیوە و گەڕانەوەی ئاسمان.
لە سای سەری تۆوە، ئەم وەرزە نوێیە، هەرچی دەنگی ناتەبایە واتای خۆیان داوە لە پەنجەمۆری یەکیەتی و ئاگربەزێنانە، چوونەتە حەماسەتێکی تری ئەم شان و ئەو شانی "دەرەوەران"ی دەلال و بە یاڵە نەنووستووەکانی "ڕەشەدێی" دێرینەوە قارەمانانە بوونەتە داستانی خۆڕاگری و بە لووتکە قووچەکەی سوڵتانەوە سۆلسۆلەی هیوایەکی نوێتریان داوە لە یەخەی چیا و بۆیە ئیتر، لەمڕۆوە هەرچی شێرەکوڕمانە سالارێکە بۆ خۆی و هەرچی پیاومانە "شەریفـ"ێکە بۆ نیشتمان. ئومێدی سەرهەڵدان لە هەرچی بەهارە ئاوەڵاترە بۆ چرۆی بەردەم تیشک و هەنگاوی ڕواو نوێترە بۆ هەناسەی تریفە. ئەم گیانەی ئەمڕۆمانی پێ ئاوەدان ئەکەینەوە، نییەتێکی تازەی بە نوێژەبارانەی هەرەوەزمان هێناوە و زام لە سەر زام کێوی سەرمان باڵای پێ دەکات و گڕ لە سەر گڕ، شێعری هەڵمەتمان پێی دەهۆنرێتەوە. تازە ئازار بووەتە بەشێکی دانەبڕاوی باڵاکردنی گەلێکی ئازارچێشتوو و چیتر واتای کسڵۆڵە کردن لە فەرهەنگی چاوەڕوانی، سڕدراوەتەوە.
ئەی نیشتمانە سەوزەکەی هەڕەتی پێکەنین، تا ئێمەی گیان لە سەر دەستت پێوە ماوە، سەرت بەرزترە بەو تان و پۆ کوێستانییەوە و گیانت ماش و برنجی‌ترە بە وەرزی سەرهەڵدانەوە. دڵنیا بە و با سەری تۆ خۆش بێت، تا دەستێکی ناپاک بە سووتاندن بتدوێنێ، ئێمەت لێ دەبینە هەزاران پەلی شین بوون و دیسان ئەتکەینەوە بە گۆرانی، تا زۆڵەقوڵنگێکی وڵات‌فرۆش لێت ببێتە پواز، دڵەکانمان گوڵدانی قەڵەمی بەڕووە تۆپزەکانتە و دەفتەری لانزارت لێ دەکەینەوە بە نووسینگەی سەرکەوتن، ئەم بەڵێیەمان، بەڵێنانەترین سوێندە، بە سەرت نا بە بەرپێتی دەخۆین و ئەبێ بتڵێینەوە بە کۆرپە نەهاتووەکانی فێرگەی سۆز و ئەوین و نیشتمان.


#محەممەدسدیق_کەریمی

https://www.tg-me.com/Honrawey_Meriwan
🔰 ئەنجومەنی فەرهەنگی_ئەدەبیی مەریوان،
بە هاوکاریی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی مەریوان بەڕێوە دەبات:

              «تا زرێبـار و دێـڕێک» 

    دووهەمین کۆڕەشێعری ساڵانـــــەی
                  کـــــــــوردی
(لوڕی، لەکی، فەیلی، کەڵهوڕی، هەورامی، گەڕووسی، کورمانجی، سۆرانی)

🔸ڕێکەوت: ڕۆژانی چـوارشەمە و پێنجشەمە،
            هەشت و نـۆی خەرمـانانی ۱٤۰۲
                    (۰۸ و ۱٤۰۲/۰٦/۰۹)
 

🔸کاتی دەسپێکردن: ۵ی پاشنیوەڕۆ

🔹شوێن: ئیدارەی فەرهەنگ‌ و ئیرشادی
                       مەریـوان
               هۆڵی مامۆستا قانـع



https://www.tg-me.com/Honrawey_Meriwan
بۆ تۆ نەبوو

زۆر دەمێکە چاوەڕێ بووم خۆ نەبوو
گیانەکەم چی بوو هەواڵت بۆ نەبوو؟

چۆن ئەڵێی ئەڕژێمە شێعرت وەک غەزەل
خۆ غەزەل خۆتی و لە خۆتا خۆ نەبوو

مەگرە زوڵفی قافیەی بەژنی شێعر
با نەڵێی پەلکەی ڕەدیفت بۆ نەبوو

عەقڵ ئەگەر بێ خۆی بناسێنێ خەتاس
ئەو کە قافی عێشقی دەستاژۆ نەبوو

تۆزی چاوەڕوانی چی لێکەم کە ئەو
خۆڵی جێ پێی هاتنی لێرۆ نەبوو

چۆن نەگریەم بۆ هەناسەی هەڵوەریو؟
وا کە زەریانم لە ژینی نۆ نەبوو

هەڵوەری باخی تەمەن زەرد هەڵگەڕا
باخەوان ساتێ بەدەم باخۆ نەبوو

من بە بۆنەی بۆنی بوونی بوو کە بووم
مامەوە وەک بووم و ئەو قەد کۆ نەبوو

قەد مەڵێن بوو، لەو بوە قەدقەد نەبوو
بوویێکی وا بۆ هەتا ئەمڕۆ نەبوو؟

چی دەڵێی ماتەم لە سەر چی؟ چی نەبوو؟
خۆ نەبوو بۆ تۆ نەبوو، بۆ تۆ نەبوو


#مامۆستا_جەمال_ڕەسووڵی "#ماتەم"


https://www.tg-me.com/Honrawey_Meriwan
زامەکانم هەڵئەگرم بۆت
وەک شۆفیری ماشینە سەنگینەکان
لەگەڵ خۆما ئەتبەم بۆ جنوب.
بۆنی لەنگەر و ئاوازێکی عەرەبی ئەدەی
کاتێ وشترەکان لە تۆدا
ئێواران لە بیابان ئەگەڕێنەوە...


#فەرشید_ڕۆستەمی


https://www.tg-me.com/Honrawey_Meriwan
"وێنەکان"

زاگرۆسە و هۆرە دەچڕێ چاو لە ڕێی ئاوێنەکان
پیت بە پیت بەڕوار دەنووسێ تیشکی تۆڵەی خوێنەکان

دڵ تریبوونی شەقامەو، کچ دەخوێنێ خۆرەتـاو
گوڵهەنار پەلکەی لە بیرەو دێنە دەنگ بزوێنەکان

گەر فلەشبەک بەی لە کانی دێتە بەرگوێت کارەسات
تەم دەهاوێ سرتەسرتی دڵتەزێنی وێنەکان

هاژە بەرخۆدانژەنێکە و تا بپرژێ پرژەیێک
تار دەبێ گوێتان بە لرفەی شەوکوژی بژوێنەکان

کورسی کورسی مل دەنێ گڕ، هەڵکراوین تا سکڵ
ئاە دەسووتێنێ قەنارە و قەفقەفی پشتوێنەکان

جێی ڕقی پیرۆزە هەردەم تەخت لە تۆی ئەندێشەما
کرمەڕێزە چارەنووسی زارە بێ بلوێنەکان

قشقەڕە مەحکوومە ڕۆژێ جێ بهێڵێ هەورەبان
با هەڵۆ دەرکا گڵاویی، بست بە بستی شوێنەکان

مەوجی دواڕۆژ بۆ بەرەی زامبی دەرک ناکاتەوە
گەر براکەم  ڕوونەکاتە پەنجەرەی هاوسوێنەکان



#کامیل_داوەری


https://www.tg-me.com/Honrawey_Meriwan
ئەی کچی بازاڕی جوانی خوایی ، نازداری ئەفەند
ئەی قەڵەم ڕێکی  بەژن بەرزی  بەڕۆژی دڵپەسەند

ئەی لەرە و لەنجەی هەناری دڵبەری ، شیرین زمان
گۆڵ بەدەم ، ئەی نۆبەرەی دڵ ، زوڵفەکەت ئەڵقەی کەمەند

کیژەکەی نەشمیلەکەی ئاژینەکەی بازاڕی ئەشق
شەونمەی ئاڵەی هەڵاڵەی دەم ڕووبار و تەخت و کەند

نازی چاوی مەستوو ، هەستیم پێ ئەنێتە پێتەوە
ئاسمان قاپی لە ئەستێرە بڕا ، ڕۆژت کە ژەند

ئەی بڵێسەو نووری خۆری خۆشەویستی  دەشتی خەم
کەوکەبی کۆی کاروانی بەربەیانی ، سینە قەند

واگڕی مەینەت چزەی حەسرەت لە دیدەم کەوتە جۆش
تاوێ هەڵبێ تاوەکانم چرکە چرکەی بێ بە پەند

پێم بڵێ ؟ شایەن بە کێشی گیانە یا ڕۆحی سپیم
ئەو شەمامە نۆخەتەی گرتوویە بێسانت بە چەند؟

قەرزی گیانی بۆ ئەکەم خۆت بمکوژەو زیندووم کەوە
ئەی نەمامی ئەرخەوانی ، تاسەباری گیانی تەند

#ڕەحیم_جەوانڕوودی(#شکۆ)


https://www.tg-me.com/Honrawey_Meriwan
کەس نازانێ
تەنیایی شاعرترە
یان من و بێتاقەتییەکانم بۆ تۆ

#سوهەیب_عەلی


https://www.tg-me.com/Honrawey_Meriwan
Taimur_Nmazi_2023_Muzic_Ata_Majid(128k)
<unknown>
🎤تەیموور نمازی

🎼ماڵەکەت ئەگەر بورجی...

#گۆرانی

https://www.tg-me.com/Honrawey_Meriwan
P_Pesew_Penaberi
Farshid Rostami
"پ" پێـسەو پەنابـەری

شیـعرە و دەنگ: فەرشید ڕۆستەمی

میکس و ڕیک وستەی: سەیوان فەتحی


https://www.tg-me.com/Honrawey_Meriwan
ئەپرسی:
"وشەی نیشتمان" واتای چییە؟

دەڵێن:
ماڵە و داری توو
هێلانەی پەلەوەرە و کەنووی هەنگ
بۆنی نانە و ئاسمانی بەرین...

ئەپرسی:
ئایا وشەیەک بە حەوت پیتەوە ئەوەندە بەربڵاوە ئەم هەموو واتایە لە خۆ بگرێت، ئەی بۆ وا لەسەرمان تەنگ هەڵاتووە؟


#مەحموود_دەروێش


https://www.tg-me.com/Honrawey_Meriwan
ئیلاهی ، کەس نەبیسێ زەنگی پیری ، ڕەنگی لاوی خۆش !
لە ترپەی دڵ هەناسە گوێی گرانە ، دەنگی لاوی خۆش

بەرامە و بۆنی ساباتی پڕی جوانی بە ئاڵۆزان
ئەبێ بۆ پیری هەڵکا پەرچەمی دڵتەنگی ، لاوی خۆش

بەڵێنی  وەک مەلێکی باڵ شکاو لانەی ئەپێکێتۆ
هەواری چۆڵ و خوانی ژوانی بێ ئاهەنگی  ، لاوێ خۆش

لە گردی دایەرەی گۆنا ، نیشانەی ون بوو ماچی شین
شپرز و بێ دیاری ، ڕووی هەناریی شەنگی لاوی خۆش

پەلەی هەنگاو بەرەو قووڵایی مەرگە و چارە خنکانە
لە ڕێگەی تا قیامەت بێ گوڵ و بار ، هەنگی لاوی خۆش

لە سێبەر سڵ ئەکا چاوێ کە تاریکی بە موو دۆزێ
لەسەر جێبوونی پێماوە تەمەن ، ئاوەنگی لاوی خۆش

منم بەرگی بەیستانم لە بەر کرد و شیعر دیدە
بە ئێستامۆ نەماوە وەزنی دیوان ، سەنگی لاوی خۆش

شکۆی ئاشق لەسەر دینەو کەچی ئەو بوت پەرەستێ بوو
بە کام سینە سەری تۆبەی شکاوە ، سینگی لاوی خۆش



#ڕحیم_جەوانڕوودی(شکۆ)


https://www.tg-me.com/Honrawey_Meriwan
2024/09/28 19:29:13
Back to Top
HTML Embed Code: