Telegram Web Link
"باران"

هەر مەگەر باران بزانێ دڵ چەنێ گریاوە بۆت
چەند کەڕەت لەم سووچی شارا، خەڵوەتم خووساوە بۆت

دووکەڵی دووریت بە ڕوونی مل بە خنکانا ئەکا
پەنجەرەی خۆزگەم بە جارێ ژیلەمۆی تێزاوە بۆت

هەر شەوێ دەنگۆی هەناسەت گەشتبێتە کووچەمان
عاشقت تاکوو بەیانی بەرزەپێ وەستاوە بۆت

با شەرا نەیبا خەیاڵی پێکەوەبوونمان نەفەس
سروەیێک هەڵکەی دەبینی ڕۆحەکەم سووتاوە بۆت

ڕوو لە ڕووگەی خۆشەویستی وەر مەگێڕە لامەسەب
چارەنووس لەم قاتی عەشقا، دووشەشی هەڵداوە بۆت

من کە چاوساغی غەریبەی شارەکەم بووم سەردەمێ
ڕەنگی دەرکەی ماڵی خۆم لێ، سەد کەڕەت شێواوە بۆت

هەر شەڕانیت و دیالۆگ  زەرد ئەبێ و ناگا بە تۆ
بۆیە ئاڵای چارەنووسم تا سپی هەڵداوە بۆت

کەی لە خزمەت خاڵی تۆدا وسکەیێکم لێوە هات؟
چۆکی شاگردیم دەمێکە ئاشکرا داداوە بۆت

سەیری حەوشەی ماڵەباوان گۆڵ لە گوڵدان یاخییە و
ژاڵەکەش کەوتۆتە بەرچاو، وەچ بە وەچ ژاکاوە بۆت

گەر لە تەکسی تۆڕەییتدا دابەزیت و هاتیەوە
ئەدرەسی جێژوانی تازەم دێڕی پێش داناوە بۆت


#کامیل_داوەری


https://www.tg-me.com/Honrawey_Meriwan
ئەی هەنگاوە جێماوەکەم
کەڵکی نییه
مانەوەت لە پەرژینی ئەو هەرێمە بسڕەوە
لادێ لەو تەمەنە کۆنترە ڕچە بنووسێتەوە بە ڕێگەدا
"با" لە هۆرەی هەوارەوە کوناودەر بووە
هەنگاو بە ڕێگاوە بەند نابێت.

ئەی هەنگاوە جێماوەکەی
دەمەو عەسری بیرەوەریم
ئەوێی خەیاڵم جێ‌بێڵە
ئەوێی خەیاڵم لەجێ‌چووە
ئێشێک داویەتە ئەوسەری ماندووبوونم
دڵخۆشی بە حەسانەوەمەوە ڕاناوەستێ و
خۆمم بە تۆوە پێ ڕاناگیرێ
ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ نیشتمانی قاچم
ئاوەدانی لە بەری بیابانەوە ئەچێتە ڕۆیشتن،
مشتێک لەم گەڕۆکییە تازەیە
ئەچۆڕێنمە گلێنەی یادە کوێستانییەکانم و
جووتێک باڵ ئەکەمە بەری وێڵ‌بوون،
سەفەر ئەنووسم بە وەتەن
تازە باران دەرەقەتی ئاگر نایەت
گوێزانەوەی هەنگاو
ئاسانترە
تا
هەنگاو گوێزانەوە لەم دەوەنە سووتاوانە
.

ئەی هەنگاوە جێماوەکانی نیوەشەو
وەرن با مردن نەزانێت
چەنێک خەومان جێ‌هێشتووە
لە قەراخی بەیانیدا لەنگەر بگرن


مامۆستا محەممەدسدیق کەریمی



https://www.tg-me.com/Honrawey_Meriwan
کاڵ بووم کە چوومەحوجرە،تا قورئانم تەواو کرد
 دوایی کرام بە دەروێش حوجرە و مزگەوتم لابرد

ماوەیە چوومە مەکتەب نـــام بـــــە تـــــــاقۆ دەروێشی
کەوتمە شوێن تۆپ و فووتباڵ بە خۆشی و بە ناخۆشی

سەردەمێ لە دوای هونەر،بەینێ هەڵپەڕکێ و سەیران
بەینێ لە دوای فولکلۆر مووزە و گۆرانی و حــــەیران

دەورانێ زۆر بێ تەرەف خەریکی ئیش و کار بووم
فەلایی و کـــــار مەکینە بـــــاخەوان و چێوار بووم

درێژەم دا بە خوێندن لــە کاتــــی دێهیاریدا
شێعر و خەتم ئەنووسی لە وەختی بێکاریدا

سەرباری ئـــــــەم کارانە دەردی نیشتمانم بـــــــــوو
خەم و ئازاری وەتەن وەک نەجمەی سەر شانم بوو

نوێژ و عیبادەتم بوو وەکوو سۆفی و پیـاو خاسان
دووکەڵم نەکرد بۆ کەس ،کەسم نەکرد هـــــەراسان

پەنجا ساڵە وەک چۆپی هام بــە دەس مـەرامەوە
ئێش نەبێ، نۆشم نەدی، لــــە گشت هەڵگەڕامەوە

شەیتان گیری کردووە نازانێ کامــــە دینمە
بۆیە نەخڵەتاوم بۆی،قاچی ئەو لە کەمینمە

لەمەولا تەنیا خۆمم، نان و یـەک ڕەنگی ئـەخۆم
هێز نیە لە خشتەم با، لەسەر ڕێگەی خۆم ئەڕۆم

فاتێح ئەرژەنگی(تینوو)


https://www.tg-me.com/Honrawey_Meriwan
🔰 کومێتەی شێعری ئەنجومەنی فەرهەنگی_ئەدەبیی مەریوان بەڕێوە دەبات:

یەکەمین کۆڕی وەرزانەی « شێعر و ئەزموون »

                ‌   کـــرماشان
     و بانانی بەهارێ بۆ شێعری کوردی
             

شێعر و ئەزموون (۱)

             سەعید عبادەتیان "بانان"

کات: پێنجشەمە ۳۱ی جۆزەردانی ۱۴۰۳

کاتژمێر: ٤ تا ٦ی ئێوارە

شوێن: تالاری مامۆستا قانع
موجتەمەعی فەرهەنگی_هونەریی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشاد

هاتن بۆ هەمووانە


https://www.tg-me.com/Honrawey_Meriwan
سالم مێژوویەکی ئەفسوردە
سنوور ئەحمەدی
سالم؛ مێژوویەکی ئەفسوردە

🎙دووهەم پادکەستی چاندلاو

✓لەم پادکەستەدا کە باس و بابەتێکە لەسەر یەکێکی دیکە لە کۆڵەکەکانی ئەدەبیاتی کوردی، باس و بابەتێکی تایبەت ئەبیسن لەسەر سالم شاعرە خەمۆکەکەی کوردستان.

✓سالم شاعرێ بووە کە لە نێزیکەوە بەشێکە لە مێژووی ئاوارەیی و مەزڵوومییەتی میللەتی کورد.

✓سالم داڕمانی دەسەڵات و خاپووربوونی شارێکە. ئەگەر نالی غەریبی دوور وڵاتە، ئەوە سالم غەریبی ناو نیشتمانێکی داگیرکراوە.

✓بە شوهرەت سالمم ئەمما لە هیجرت پیری کەنعانم
دەبێ ڕۆشن بە وەسڵت، دیدەیی تارم وەلێ زەحمەت

هیوادارم بە دڵتان بێت و هاوڕێمان بن لە بڵاوکردنەوەیەدا.

https://www.tg-me.com/Honrawey_Meriwan
ئەی تەمەن تۆزێ وچان !

پێی بڕینی ڕێم بڕاوە، ئەی تەمەن تۆزێ وچان
کەوشی داهاتووم دڕاوە ، ئەی تەمەن تۆزێ وچان

بۆ ! سبەینێ چی لە جانتایە، کە هەنگاوت چڕە؟!
جێی نەمانی زگدڕاوە ، ئەی تەمەن تۆزێ وچان

ئاشکرایە ئارەزوو ئاوڕ لە دڵ ناداتەوە
ئەو لەمێژ لێی دابڕاوە ، ئەی تەمەن تۆزێ وچان

دەستی ئەمڕۆم بۆ دەنێیتە دەستی شایەت، هاکە دیت ؛
قاڵی ئاواتم بڕاوە، ئەی تەمەن تۆزێ وچان

ڕێگە دەگری بۆ کوڵۆڵی من بە کوڵ ، کافر بەسە !
  تاو لە ئەژنۆم هەڵچناوە، ئەی تەمەن ، تۆزێ وچان

کەم لە پەنجا پەنجە کێشە ، خۆ بە فووی  هەژدەت گڕی
مۆمی ئاواتی کوژاوە ، ئەی تەمەن تۆزێ وچان

ئەسپی پێخستووی جەوانیم  ڕێی ئەوین وێنا ئەکا
سەرسمێکی پێبڕاوە، ئەی تەمەن تۆزێ وچان

#مادێح_کۆنەپۆشی (زایەڵە)


https://www.tg-me.com/Honrawey_Meriwan
بەرەو ڕووناکی...!


بۆ هەڵۆ عەیبە نەوی بێت و لە زەلکاوا بژی
کوندەبوو ئاسا لە سووچی ماڵە ڕووخاوا بژی

هەر نەژی داڵێ بهاڵێتە کەلاکی کەیلە خوێن
بەربدا شاخ و لە ‌پێسەی سوورە لێڵاوا بژی

بمرێ ئەو گورگەی قەلادەی نان و ئاوی لێ کرێ
تەک پشیلەی کاسەلێس و کلکی بدناوا بژی

داوەشێ ئەسپێ لە ئاخوڕ بێتە هاوخوان گوێدرێژ
بەر بدا یاڵ و لەگەل جەمعێکی ئەسپاوا بژی

هەڵوەرێ دارێ کە سێبەر با بە تەور و لاپواز
لێیگەڕێن با هەر لە گۆڕی مەرگ و ناراوا بژی

هەڵوەرێ باڵ و پەڕی کۆتر بە ڕەنگی دێزەوە
گەر بە سەرشۆڕی لەگەل قاژوولکە قاڵاوا بژی

با بڕووخێ کۆشکی زێوینی بەفر بەو بەرزەوە
گەر ئەوینداری نسێ بێت و لەگەل تاوا بژی

کوێر دەکەم یارێ کە ڕووی هەڵبێ لە ڕووی مۆنی نەیار
با هەزار ساڵیش لە بێخی نووری ناو چاوا بژی

چۆن بە تێخی مەرگەوە شێری زەلیل هەڵنادڕم
بمرێ بۆ ڕێویلکە فێڵێک و لەگەل داوا بژی

هەڵپڕووکێ پەلکی تێراوی ئەوینی سوورەگوڵ
گەر بە خەمزەی پارە هەڵبێ، هەر لە گەنداوا بژی

تێگەییشتی بۆ (بەرەو ڕووناکی باڵم گرتووە)؟
بۆ هەڵۆ عەیبە نەوی بێت و لە زەلکاوا بژی


  #کەیوان_جام‌خانە



https://www.tg-me.com/Honrawey_Meriwan
بەسەرهاتێکی خۆش لە مامۆستا جەمالی ڕەسووڵی 😁:

پێنشەمە برادەرێ هات بۆ ناو مزگەوت و وتی:
مامۆستا تکایە داواکاریێکم هەیە
وتم: فەرموو!
وتی: لە پێش وتاری هەینیدا، بڵێ کەسێک هاتووە ئەڵێ:

بڕێ پارەم دۆزیوەتەوە لە ناوشار
هی هەرکەس هەیە، گەردنم ئازاد بکات.😂



https://www.tg-me.com/Honrawey_Meriwan
زانکۆی مێهرەبانی


چاوەڕێتم وەی لە بیـــری بـــێ خەمیــــــت
هێزی خەونی ئەرخەوانیی خەنـدەمیـــــت

وەک زمانی دایکی خۆم خۆشم ئەوێـــــــی
بانگەوازی گەرمی زەردەی سەر دەمیـــــــت

دەرفەتی ڕێگــــەم بە کـــوردی هەڵبـــژارد
چی لە هەستیدایـە  تۆ ئەو هەستەمیـــت

ڕازی بـــوونــت ڕێزمـــانـــــە دەرکــــــەوە
دڵنیایی، گـوڵ ئەکا بــــۆ هــــاودەمیـــــت

گۆخڵی ئــەم ئەشقەم و جێت نایەڵـــــــم
جوانترین ئاواتی بوونــی زەردەمیــــــــت

ڕوونە سەرچاوەی ئەوینم چوونکە تـــــــۆ
چاوی ڕوونی خۆم و شێعری سەردەمـیت

خۆ ئــەڵێــــن دیوانـــی شا شێعراوییـــــە
من (پەرۆش)ێ شاعـر و تــــۆ شاکەمیــت

خۆشەویستیم گوڵبژێرە خۆشەویســــت
لادە پەردە  زینی  شایانــی مـــەمــیـــت

چاوەکەم بڕوا چلــۆن بانگت ئـــەکــــەم
تێبگەی لێم سـەروەری ئـــەم شێعرەمیت

#پەرۆش_مەریوان



https://www.tg-me.com/Honrawey_Meriwan
دەی چۆن نەگیرێ دڵم...؟

بێ هیچ دوودڵییەک لەنێوان من و
ئەوانی تردا
بە ئەلۆیەک و بە دوو قسەی دەروونناسانەی مودێڕن
بە ئەفسانەت زانیوم و
وتووتە پارە لە زانست باشترە
پارە لە فشقیاتی مەم و زین خۆشترە
دەی چۆن نەگیرێ دڵم

#سوهەیب_عەلی


https://www.tg-me.com/Honrawey_Meriwan
2024/06/30 19:36:31
Back to Top
HTML Embed Code: