Telegram Web Link
لەوساوە قینت کردووه
تەرکی ئەوینت کردووە
جوان دیاره شینت کردووە
بۆچی وڵام نادەیتەوە؟

ڕووگەی گلێنەم بوو دیەت
بەو دیدەوەم دادا نیــــەت
ڕووگەت لە دینت کردووە
بۆچی وڵام نادەیتەوە؟

من نەمدەزانی قین چییه
ئێستاکەش ئاگام لێی نییه
گیایێکە شینت کردووە
بۆچی وڵام نادەیتەوە؟

نەموت لە وێبدا کەم گەڕێ؟
نێت لاتئەدا ڕۆژێ لە ڕێ؟
لە کوێ کەمینت کردووە؟
بۆچی وڵام نادەیتەوە؟

هێندەم پەیام داناوە بۆت
خۆشـــم لە تام لاداوە بۆت
شەش ڕۆژه سینت کردووە
بۆچی وڵام نادەیتەوە

تا دەمرم هەر هۆگر بە تۆم
ڕۆژی هەزار جار سوێند ئەخۆم
بەو زۆڵفە چینت کردووە
بۆچی وڵام نادەیتەوە؟

هەر ڕێگە دێ، ئەیپشکنم
هەر ڕێ دەچێ و تەنیا، منم
ڕێگەت لە ژینت کردووە
بۆچی وڵام نادەیتەوە؟

گیانم بە چاوت بێژەوە
دیسان لە نۆی داڕێژەوە
گیانێک برینت کردووە
بۆچی وڵام نادەیتەوە؟

وەی واتە: قینت نەسرەوێ
دووپاتە سەروا داکەوێ
وەی وەی، کە قینت کردووە
بۆچی وڵام نادەیتەوە؟



#محەممەدسدیق_کەریمی



https://www.tg-me.com/Honrawey_Meriwan
"بۆ عەبە و عەبەییەکان..."


ئێوە شکۆتان بە کوێستانەوە نەهێشت. ئەژنۆتان بە داوێنەوە شکاند، شەپێکتان هەڵدا لە پێشمەرگە و ئەو چەمکە قورسەتان چەنێ سووک تل‌دایە کەمینەکانی پاسدار و حەرەسەکانی شەوەزەنگەوە.  "ئێمە" تا ئەم دەقە وشەی "ئێوە"مان  بە کڵاشینکۆفی شێعرەوە بۆ "ئەوان" دەسڕێژ ئەکرد. بەڵام ئێستە ئێمەی نیشتەجێی بنار ئەبێ پاساوی "ئێوە" بێنینەوە بۆ "ئەوان" و چەمەریی عومری بەفیڕۆی ئەو شاخە بەرزانە بلاوێنینەوە کە ڕۆژگارێ بوون بە مەتەرێزی هەیبەتی کوردبوونمان.
دەک داوەشێن!! چ سەختە ئەو پاساوە مژاری حاشاکردنەکەی ژارێ بێت، بمانەوێ و نەمانەوێ، چون کوردین ئەبێ بیچێژین و بینۆشین. ئەبێ بە شیعر و گۆرانییەوە پرسە بگێرین بۆ نیشتمان. پرسە بگێڕین بۆ ئەو دایک و باوکانەی، شەوێ خەوتن و بەیانیەکەی هەڵنەسانەوە مەگەر ئاگر بەربووبێ لە جەرگیان. ئاخ بۆ ئەو دایکانەی چ شەوانێ کوڕەخاسەکەی لاواندبێتەوە و چ ڕۆژانێ بەدەم هەواڵێکی زینووبوونیەوە نەمردبێ. ئاخ بۆ ئەو باوکانەی چ پیرییێک بەپیرییانەوە هاتبێ و چیدی شۆخەکچەکەی نەبووبێ و نازی بکێشێ و مانووبوونی لێ دەربکا.
ئێوە ڕێوی ئاسا، ئەونەی شەوێ هەڵتانخەڵتاندن و بە ژێستی خەمخۆرانەی وڵات، پیفووتان کرد لەو هەموو بۆسۆی جەرگ و دڵە.
لەدوای بیستنی مەرگی #سیروان، دایک و باوکی لەگەڵ ئێمە و هیچ ڕفیقێکی نادوێ، ئەڵێن: گوم بن لێرە کە ئێوە پڕتان کردبووەوە و ڕێگەی ماڵی باوکیتان لێ ون کرد. ئێوە گەڕتان لێ کردین و ئێمەی بێ‌خەبەریشتان هەڵخەڵەتاند و تووی لێکبوونتان لەنێوانمان چاند، بەڵام نیشتمان سەری تۆ سڵامەت کە بەسەرت سەری هەموومان بێ‌کڵاو مایەوە.
ئێوە سوێندی پەنجەی شادەی پێشمەرگە و کڵاشینکۆفتان شکاند، کارێکتان کرد قیبلەی نیشتمان داڕمێ و هەزاران خولیای پڕ #هیوا و  #سامانتان مراند و هەزاران دوعای سەربەخۆیی ئەو ڕووگەتان هەتیو کرد و داروبەردی کوێستانەکانی کوردستانی ئازیزتان لە بڕوا دەرکرد.
چیتر تفەنگەکانتان دانێن و لەو بەرزاییەوە بڕوانن لەم بنارەی ئێمە و فێری پێشمەرگایەتی بن. بڕواننە شۆڕشەکانی ناو شەقام و کوردایەتی و نیشتمانپەروەری و چۆن شەهیدبوونی لێ فێر ببن. ئێوە کێن و چین که بتانەوێ ببن بە سەرکردەی شۆڕشەکانی ئێمە، کاتێ خاوەنداریەتی بنەماڵەکەی خۆتانتان پێ‌ناکرێ. شۆڕش مەگەر ماستە، بە ئاوێ بیکەی بە ماستاوو بیخۆیتەوە؟ ئێوەی ماستاوچی بە کام پەروەردەی شۆڕشگێڕانەتانەوە دەم لە سەرکەوتن ئەدەن. ئێوە ناوێ گەورەن "بوون" و شارێ وێران و ڕەببی وێرانتر...
ئەوەی خولیای نیشتمانی بوو، سەری ئەچوو تاوەکوو گەلەکەی نەچێ!! ئەوان چوون و ناویان نەمرانە لەناو گەلدا مایەوە. ئێوە گەل پێشکەش، برا و ڕفێقی تەنگانەتان مەکوژن. ئێوە حەیای نیشتمان پێشکەش، وشەی پیرۆزی پێشمەرگە سووک مەکەن.
ئێوە!!! ئێوە ئەی خێڵی سەرەخۆر و شادۆست و هەرچی و پەرچی...

#جەمیل_محەممەدی



https://www.tg-me.com/Honrawey_Meriwan
پێم بڵێن کوانێ وڵامتان

بۆ شەقام و  دایکی شەهید

چۆن ئەبێ لوولەی تفەنگی هاوخەباتان

ڕووی لە خۆ بێ!!؟؟

دەنگی قلکەی خوێنمژان دێ،

داوەشێی سووکەسەرۆک

مەر لە خەودا نیشتمانم بەو خەریتەت سەربەخۆ بێ



#کامیل_داوەری




https://www.tg-me.com/Honrawey_Meriwan
هاوڕێیانی مەریوان شێعر و دۆستانی خۆشەویست، جێژنی قوربان لە ئێوەی ئازیز و سەرجەم موسڵمانانی ڕێزدار و بنەماڵەی هەموو شەهیدان و خەڵکی #کوردستان پیرۆز بێت

هیوادارم ئەم جێژنە ببێتە هۆ و هەوێنی ئاشتی و برایەتی و پاککردنەوەی دڵەکان لە ئاستی یەکدا

سپاس بۆ ئێوەی ئازیز کە هاوڕێمان بوون و بە ناردنی بابەتەکانتان بۆ ڕازاندنەوەی کاناڵ یاریدەرمان بوون

بە چاویی لێبوردەییەوە لە هەڵە و کەموکوڕییەکانمان خۆش بن و ئازاومان کەن



بەڕێوەبەرایەتی مەریوان‌شێعر🙏🌸🌸


https://www.tg-me.com/Honrawey_Meriwan
Xozga
Sohayb Ali
خۆزگە بۆ تەقەدەروازەی عەشق
‏درگای ئێمەت نەئەکوتا...


شێعر و خوێندنەوە: #سوهەیب_عەلی

تەنزیم و ڕێکخستن: #ئالان_عەزیزی


https://www.tg-me.com/Honrawey_Meriwan
"زەردەخەنەی قوربانی"

قوربانە و
چاوانم ڕشتووە بۆ قوربانیی
ئەی یار،
لە ژێر بریکەی دەمەزەردی ئەبرۆکانت
لە ژێر تێخی بیسمیللات
ملم ئەبەخشم
ئەو دەمەی کاروانی دڵۆپە خوێنەکان
ئەچنەوە تۆی گوڵی کاروانسەرای کراسەکەت.
لەم گیانەڵڵای دوا ساتە
چاوەڕێیی، تامەزرۆیەکە و
دڵم ئەڕوانێتە چاوانی بێ بەزەییت.
زەریانەکەم!
بەختەوەرم ئەو چرکەیەی گیانم لەسەر دەستی نیگایەکتە و
تۆ ئەڵڵاهوئەکبەری ماڵاواییم لێ ئەکەیت و
چەقۆت ئەبارێتە پەنجەرەی حەنجەرەمەوە
لێرە! لەم باخەڵی دڵەوە، هەناسەیەک ئەفڕێتە چاوەکانت و
ئەبێتە دیاریی بۆ ئەم پیرۆزباییە و
بەدەم گیاندانەوە
قوربانت دەبم و زەردەخەنەیەک...



#مامۆستا_جەمال_ڕەسووڵی (#ماتەم)



https://www.tg-me.com/Honrawey_Meriwan
ئەڕۆم...

وەک غەریبێکی نەهاتوو دێم و لەم ناوە ئەڕۆم
باجی خۆمم بەم ژیانە و ئەوپەڕی داوە ئەڕۆم

ڕێگە چارەم هەڵفڕینە و تا گەڵاڕێزان ئەژیم
هەڵوەرینم دەرفەتێکە و شل بە دەم باوە ئەڕۆم

با بـە ڕۆژا دەرکـەکانی دابـخا دەستی ژیان
شەو لە پەنجێرەی تەریکی تاڵی دنیاوە ئەڕۆم

من چرۆی هەستم بە لێزمەی خۆشەویستی شین بووە
لەو وڵاتەی غەش بە خوڕ دێ و، بەزەیی تاوە ئەڕوم

دیتبووم چاو و دەمێکی ئاشقی بووم و، ئەلان
هەر لەبەر شێوەی خەمینی ئەو دەموچاوە ئەڕۆم

نیـشتمانـێ پێـکەنینی گەل بە ساوایی بران
وەک وەفایەک بۆو بزانەی لێم بزرکاوە ئەڕۆم

"خەمڕەوێنێ لێرە من ناکەم بەدی" باوانەکەم
هێمنیم ڕۆحی گەییشتە عەڕشی ئەعلاوە، ئەڕۆم

تـاقـەتـی زاڵ و زەواڵ و هـاوەڵـی کـاڵم بڕا
وەک غەریبێکی نەهاتوو دێم و لەم ناوە ئەڕۆم

#ئومێد_مەریوان


https://www.tg-me.com/Honrawey_Meriwan
🔰 ئەنجومەنی فەرهەنگی_ئەدەبیی مەریوان بەڕێوەی دەبات:

   دووهەمین
ئێوارەشێعری ساڵانەی

«لە پەنجەرەی
نیوەتاکی
بوومەلێڵەوە»

🔸 تایبەت بە شاعێرانی مـەریوان و هەورامان

🔹 کات: چوارشەمە ۱٤ی
پووشپەڕی ۱٤۰۲

🔹کاتژمێر: ۵ تا ۷ی ئێوارە

🔹شوێن:
تالاری مامـۆستا قانــع
موجتەمەعی
فەرهەنگی_هونەریی
       ئیدارەی ئیرشاد

💠 هاتن بۆ هەموانە 💠

https://www.tg-me.com/Honrawey_Meriwan
هەر خەوێ سەربەی له شێعرم قووڵە وەک بێتاقەتیم
چۆن دڵم بێ پێی بڵێم هەرگیز بە تۆ ناگاتەوە


چەن دڵۆپێ تۆی ئەنووسی له گۆشەی چۆڵی خەیاڵ
چەندە شیرینە خەیاڵێ خۆی بە تۆ پڕ کاتەوە


بێ و شەوێ ئەستێره بژمێرین بە مەرجی پێگەیین
بردمەوە خۆت دەی بە من دامنا دڵت بمباتەوە



#ئیسماییل_ڕەمەزانی

https://www.tg-me.com/Honrawey_Meriwan
گەشتنی شیعرم بە هیوای نۆبەهارێ گەشتووە
پێم بڵێن ژن ئارەقی ئازادی بۆ خاک ڕشتووە

دەم ئەگەر تێکەڵ ئەکا بانگی لەگەل یادی سەحەر
تا لە خەو ڕابێ ئەوەی وا مێشکی  ژەنگاو گرتووە

ئەو سەرەی ئازادە ، دەرگانەی تەمەنای دادەخا
دەستی بڕوای بۆ ژیانی سەربەخۆ ڕاگرتووە

پێ کە هەنگاوی بەرەو خەزنەی ئومێد گوێزایەوە
نائومێدی کۆچ و باری لەو سەرا هەڵ بەستووە

تا لە ناڵەی کۆیلەتی ژن تێبگا ، ئازاد بژیی
پیاوێ پەلکەی پەرچەمی پرچی ئەوی هەڵکردووە

ئەم کچی دنیا ئەگەر زاوای لە ئازادی نەبێ
مانگی هەنگوێنی  لە پەردەی تاڵییا پێ چەشتووە

کوردم و بیرم  بەڕەوتی  قانعا تێپەڕ بووە
بۆیە کیژی نیشتمانم وەک دڵم  خۆش ویستووە


#ڕەحیم_جەوانڕوودی (#شکۆ)



https://www.tg-me.com/Honrawey_Meriwan
کارگای #چیرۆکنووسیی #ئارش_مێهرەبان

🔰تایبەت بە منداڵانی تەمەن ٩ ساڵ تا ١٧ ساڵ

ئەم کارگایەدا لەگەڵ منداڵان ڕێگاکانی نووسین دەپێوین و پێکەوە بیر دەکەینەوە. ڕێگاکانی گەیشتن بە خەیاڵە جوانەکان و تەواوی ئەو شتە جوانانەی کە دنیامان جوانتر دەکەن.
ئەم کارگایە دەکەینە هەوێنێک بۆ نووسینەوەی جوانییەکان، دڵەراوکێکانی منداڵان و فرین بەسەر باڵی خەیاڵدا.


بۆ ناونووسی پەیام بدەن بەم ئایدییە لە تلێگرامدا: 👇👇


دەسپێکی کارگاکە: سەرەتای مانگی گەلاوێژە

@Arash_mehraban
@Kargay_Chirok



https://www.tg-me.com/Honrawey_Meriwan
2024/09/29 05:18:38
Back to Top
HTML Embed Code: