Telegram Web Link
📚خەیاڵ لە شیعری نوێدا

پێناسەی ئەرستوو بۆ شێعر تا ئێستاش
یەکێکە لە پێناسە وردەکان،
لە هەموو کتێبە لۆژیکیەکاندا، شێعر بە وشەیەکی خەیاڵی دادەنرێت و بناغەی شێعر خەیاڵە.
شێعر سێ شت لاسایی دەکاتەوە: 1- تۆن و مێلۆدی 2- کێش 3- ڕۆحی  شاعیر.

بۆیە ئەرستوو بە نهێنی چێژ وەرگرتن لە شێعر لە دوو شتدا زانیوە:
یەکەم: ۱-بەهرەی لێکچوون
۲-تەمسیل لە سروشتی شاعیردا.
خەیاڵ لە بواری ڕیتۆریکدا کۆترە و زانایانی ڕیتۆریک لە چوار بابەتدا باس لە زانستی دەربڕین دەکەن
دوو لەوانە ناوەکین، واتە ڕێگەپێدراو و کنایە و دووەکەی تریش هاوشێوەیی و مێتافۆرن.
هەرچەندە ئەم دابەشبوونە بووەتە هۆی پێناسە کردنی جۆرە ڕێگە پێدراوەکان و خەیاڵی شێعری و هونەری،
بەڵام بووەتە هۆی سنووردار کردنی فیکری و پەیوەندی نێوان سروشت و ژیانی مرۆڤ و ڕێڕەوی فڕینی خەیاڵی شاعیر سنووردار دەکات.

ئەم هەوڵ و دابەشبوونانە کە نووسەران بۆ خەیاڵی شاعیر و فۆرمە ڕێگەپێدراوەکان دیارییان کردبوو، بووە هۆی ئەوەی هەستی شاعیر چەند سەدە سنووردار ببێت و نەتوانن بەو فۆرمانە خەیاڵی بفڕێ و  مەبەستی خۆی دەرببڕێ.
لە شێعری؛  ئەمڕۆدا خەیاڵی شاعیر سنوورەکان تێدەپەڕێنێت و هاوکات لەگەڵ لێکچوون و مێتافۆردا، کۆمەڵگا و کولتوور و ڕووداوەکانی سەردەمی خۆی دەگێڕێتەوە.
ئەگەر خەیاڵی شاعیر  لە شێعری نوێدا تێکەڵ بە واقیعی کۆمەڵگاکەی و مەسەلە گرنگەکان و ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بێت، دەتوانێ گەورەترین کاریگەری هەبێت.

بۆ نموونە:
لە شێعری دارە پیرەی  مامۆستا جەلال مەلەکشادا خەیاڵی شاعیر تێکەڵ بە دارێکی کۆن دەبێت و لە بەردەم حاکمدا دەمی دەکاتەوە.
لەم شێعرەدا ژیان و تەمثیل ڕۆحێکی وا بە چیرۆکەکە دەبەخشێت و وێنەیەکی ناوازە دروست دەکات کە  خوێنەر لە دنیای بیر  و ئەندێشە دا نوقم دەبێ.
ئەگەر جەلال خەیاڵێکی شێعری لە دەرەوەی فۆرمی شێعری و بیری ئازادی خۆی نەبووایە؟ ئایا شاکارێکی لەو شێوەیە دروست دەبوو؟
ناسینی هونەری ڕیتۆریک و بەکارهێنانیان بە شێوەیەکی دروست، شاعیر دەخاتە لوتکە و بەرهەمەکانی بۆ هەمیشە دەمێننەوە.
شێعری جەلال دەربڕینێکی تەواو و بێ کەم وکوڕی خەیاڵێکی درێژ و بێ سنوورە کە وشەکان بە یەکەوە دەبەستێتەوە چۆن  دونیا بە شێوازێکی دیکە دەبینێت.
خەیاڵی شاعیر بۆتە دارێک کە زمانی بۆ ئامۆژگاری دەکاتەوە،
لقی وشک وەکوو نەیارێ ناپیاو، نیشان دەدات کە پشتی بەستووە بە دوژمن.
جریوەی باڵندەكان دەکاتە هەواڵ و دارستانی شێعر پڕ دەکات لە هەستی مانوەو و دڵخۆشی.


"شێعر دەتوانێ جیهان ئاگا بکاتەوە لە
ڕووداوە خۆش و ناخۆشەکان، ئەگەر دەمکوتی نەکەن."



پ.ڕ.سایدا



@Henaristani_Bedengi
ڪاتی دڵتەنگی
دەبمە دارستانێڪی پەتی
نە پاییز سەرم لێ ئەدا
نە بەهار...


پ.ڕ.سایدا

نیگارە: نگین وەکێڵی


@Henaristani_Bedengi
📘

#بیرت_دەکەم


ئەی یاری پڕ متمانەم !
لە ژووری تەنیایی
تا دوورترین "هەنارستانی بێدەنگی"
کە سەهۆڵی هەڵمەکان
لە لەولاوی یاد دەپێچن
بیرت دەکەم!
ئەی ئەوینی بێ شێوەم!
لە ڕۆژژمێری پڕ پەرێشانی
تا پاسوورانی جیهان
کە هەر ڕۆژ قەڵەمێک لێئەدا
بیرت دەکەم !
ئەی پەیکەرەی بێگومان!
لە وەرزی پڕ نیگەرانی
تا هەزارەی بەڵێنی دیدار
کە چاوەڕوانی خۆی واژۆ دەکا
بیرت دەکەم !
***
بیرت دەکەم !
هەرچەند دەزانم
تۆ خەوە
بێ ڕاژەکەی منی
کە ساڵهایە لە مندا، ونی!

پ . ڕ (#سایدا)

@Henaristani_Bedengi
بێ هیوا چۆن بژیم | ڕەفیق سابیر
#Poet | @Art_Heja
"بێ هیوا چۆن بژیم"

شیعری #ڕەفیق_سابیر
خوێندنه‌وه‌ی #یاسین_عومەر



نە بە کوشتن!
چ کوشتنی ڕۆح
چ کوشتنی جەستە


@Henaristani_Bedengi
📘

#بەخشین

لە نێو تەنیایی و
کڵپەیەک بێ دەنگ
لەگەڵ ئاوێنەی خەونەکانم،
دوور لە
چاوی لۆمەی جیهان
خۆم لە ئامێز گرت !
پاشماوەی دڵم
نایە نێو دەستی!
باڵی ڕزگاریم
نایە سەر شانی !
تەمی خەمەکانییم
دا بە دەستی با !
بەڵکوو!
لە نێو ئەم خەونە !
لەم دیدارە بێ پەرژینە!
لەم لە کووی بێدەنگە !
بمبەخشێ!
بمبەخشێ!
کە لەم شارە یاخییە و
هەرزە وێژانی ناکەسدا
لێوم تەقەڵدا
تا ببێتە بێکەس
بمبەخشێ !
کە لە زیندانی بڕواکانی بەتاڵ و
ڕووبەندەکانی فیتنەدا
حوکمی ئەبەدم‌دا
تا لە ژیانی سێحراوی و
هەستی خوداییدا
هیچ کات، خۆی نەبێ
هیچ کات!

پ . ڕ (#سایدا)

@Henaristani_Bedengi
📘

#مەرگ

ئێوارانێک!
کە خەمی ژوورەکان
دووپات ئەبوون!
شاری دڵەکان
ئەبەستران !
ژنێک بە ساڵاچوو
ئەژنۆی ماڵاوایی ڕاکێشا
ڕێگای بیرەوەری گرتە بەر
نیگای هەڵپەسێراوی
لە چاوەڕوانی بەست!
دڵی ڕاهاتوو بەبێ کەسی
لە باوەش گرت و
خەمەکانی کرد بە ڕێبوار و
هەموو بەسەرهاتەکانی دووبارە پێوا
سینگی پڕ زام و بزەی تاڵی
بە دواهەمین ئاخ
لە دەرگای لێوی داخرا !
ئەوین و
خۆشەویستی و
هەستی ژنانەی
ڕێگای مەرگیان گرتە بەر
بوون بە باڵندەی ئاسمان
چرۆی سەرپەنجەی شاخان
ڕووبارێک بە پانای زەریاکان
بوون بە ئەفسانە و
مێژوو مێژوو
ژینیان بەزاند !
بوون بە ڕووناکی و
قەڵای لەشیان شکاند!


پ . ڕ (#سایدا)

@Henaristani_Bedengi
بەشێ لە شێعری " ناوەکان"  بە زاراوەی سنەیی،چاپکرا لە گۆڤاری ژمارە یەکی
"داکار" لە وڵاتی #ئاڵمان

ناوەکانم پێ بێژەرەو
من، هیچم لە بیر نەماگە
نازانم؛ کام کووچە بوو
ڕاپۆرتی شەقامەکانی دا و
دەستمانی نیا ناو کەڵەبچە
نازانم لە کوێ ترسم ڕژیاو
شانم پڕ بوو لە کۆتری  ئازادی ...
هەر ئەوەی لێ ئەزانم
لەو وەختەوە
چل مەردەی شێخان و
هاجەرە خاتوون و پیروومەر ،
لە تەک دایکما
خەوی هاتنەوەم بۆ ئەچنن و
لە  وەختی خەفەتا
        هەڵی ئەتەکێننەوە
                  ٭٭٭
ناوەکانم پێ بێژەرەو
با کەنینی مناڵی لە بیرم نەچێت و
دڵخوەش بم بە ڕاستییەکان،
من؛لەو وەختەوە کە ناوەکانم لە بیر نەماگە
نە بارانم خوەش گەرەگ و
نە وەرینی گەڵا و
نە  ئەرخەوان و
نە  جێژوان...
ئاخر هیچکەس نازانێ
من و تۆ و ئەو
لەم شارە چەمان بە سەر هات؟!
تۆ ڕێگەی غوربەتت گرتە بەر و
لە ناو سنوورەکانی خوەت و
یاسا دوورەکانا گوم بووی
ئەو، بۆ نانی شەو،  تەواو بنەڕەتی
فرۆشت و بوو بە داهۆڵی نەیارو
هەر شەو وەهم ئەپێوێ
من، من چە!
من تەنیا ماگمەسەو
ڕۆژێ هەڵم ئەواسن و
ڕۆژێ دیلم ئەکەن و
ڕۆژێ جەرگم ئەبڕن و
ڕۆژێ ناوم  ئەگۆڕن..
             پ.ڕ.(#سایدا)




@Henaristani_Bedengi
Forwarded from هەیڤ‌ی روون (Goran)
🌲
خۆزگە منداڵەکان نەمردنایە...
خۆزگە بۆ ماوەیەکی کورت ئەڕۆیشتنە ئاسمان
و کە شەڕ کۆتایی ئەهات سڵامەت ئەهاتنەوە بۆ ماڵ
و کاتێ دایک و باوکیان ئەیانپرسی لە کوێ بوون؟
ئەیانوت ڕۆیشتبووین لە گەل هەورەکان یاری کەین...


#غسان_کنفانی

#کەیومەرس_یووسفی

@haivy_run
پڕ دەبم
لە باران و گەڕانەوە
ڪاتێ کە تۆ دەستم دەگری
       لە خەوێڪی غەریبدا
ڪە خەمەڪان
دەمبەن بەرەو نادیار...


پ،ڕ،(#سایدا)




@Henaristani_Bedengi
📘

#ئاکام

لە کۆنە وڵاتی باوکیمان
من و تۆ
هەنگاومان بە یەکەو هەڵگرت !
وشەمان لە زمانی یەک گرت !
قامکمان لە یەک تینی گرت !
هەستمان بە یەکەو خۆشەویستیی
لە ئامێز گرت!
لە کۆنە وڵاتی باوکیمان
من و تۆ
چەند ئازارمان
بە یەکەوە نەکێشا !
چەند ڕێگای بێ هەتایی ژینمان
بە یەکەوە نەپێوا !
چەند ئاخ و ئاواتمان بە یەکەوە هەڵنەکێشا
چەند زامی تەنیاییمان
بە لەشی پێناسە نەکێشا !
تا ڕێگای ژینمان
لە یەک نەبڕێ و
دوو دڵی بە سەرماندا زاڵ نەبێ !
دوو بەش نەبێت چارەنووس و
ماڵاواییش دوا قسە !
بەڵام !
ژیاننامەیان بەر لە مێژوو
نووسی بوو بۆمان...
چۆن دوای ئەمە هەموو بەسەرهاتە
تۆ بووی بە دووپاتی باوک و
منیش هاوتای دایک !
تۆ "کۆنترین وڵاتی باوکی و
بەربەیانی ئەوینداری! "
من "دایکی نیشتمان و ئێوارەی برینداری ! "

پ . ڕ (#سایدا)

@Henaristani_Bedengi
📘

#غەریبە

بێ بڕوام
خۆم ناناسم
پەنجەی هەستی دەروونم
ئەمباتە بەر ئاوێنە
تا خۆم ببینم
هەناسە و
دەرد و
ژانی ونبوونم
لە دڵ وەرێنم !
بەڵام !
لە ئاوێنە خۆم نابینم !
غەریبەیەک لە ڕواڵەتم
کە بەیاخی تاسەی
لە خزنی دڵی بەستووە
دێتە بەرانبەرم
چاو، لە چاوی من دەبڕێت و
تارمایی لە وێنەی ئاوێنە دەڕژێت
ئەم غەریبە
من نیم !
شەرمەزارێکە !
شەرمەزارێک لە وێنەی من!
کە پەنای هێناوە بە من
تا لەم بەر ئاوێنە دەستی بگرم
فرمێسکەکانی بسڕم
بەیاخی تۆبەی
لە دڵم هەڵواسم
بەڵکوو بیناسم !

***

غەریبەی ئەو بەر ئاوێنە:
" هەموو جار لە بەینی
ئەم کازیوە خولیایی
دێتە بەرانبەرم و
سەیرم دەکا
بە گومانی، من غەریبەم !
من شەرمەزارم!
من دەستەمۆی پڕە ئازارم
بەڵام،
بڕوا ناکات
کە من خودی ئەوم
ڕۆحی پڕ ئاوات و
هەستی زەبوون
زامەکانی بێ ساڕێژی دەروون 
ئاشنایەک
مردوو لە دڵی ئەو!
کە چاوم
پڕە لە ئەو !!
لە ئەم بەری ئاوێنەی،
بەرانبەری ئەو!! "

پ . ڕ (#سایدا)


@Henaristani_Bedengi
📝 من لە وڵاتی خۆمدا
گیرفانەکانم پڕە لە بێکەسی...


🖊: پ.ڕ.سایدا
: @NNKurdistan

درێژەی بابەت👇
Forwarded from کوردستان بات
📝 من لە وڵاتی خۆمدا
گیرفانەکانم پڕە لە بێکەسی...

🖊: پ.ڕ.سایدا


ماوەیکە وێنەی شاعێرێکی سنەیی لە لاپەڕە تێلێگرامی و بڕێک لە لاپەڕە ئینستاگرامییەکانیش بڵاو بووەتەوە و لە سەر ئەم جیاوازییە باس کراوە.

یەکێک نووسیبووی: "حەقیەتی خۆی کتێبەکەی بفرۆشێت، چۆن بە زمانی فارسییە و کەس لای لێ ناکاتەوە."

یەکێکی تر وێنەکەی ستۆریی کردبوو و نووسیبووی: "ئەمەی شاری کەلتوور و هۆنەر؟!" و...

زۆر پێم خۆش بوو لە نزیکەوە بیبینم و لەگەڵیدا وتووێژم هەبێت تاکوو بزانم سەبکی شێعر و هەستی شاعێرانەی چییە. لەم ڕۆژانەدا ڕۆیشتم و لەبەر پاساژی "بانتا" چەند کتێبێکی لەسەر مێزێک بچووک دانابوو و خەریکی نووسین شێعرێک بوو لەناو دەفتەرەکەیدا.
یەکەم پرسیارم ئەمە بوو: "بۆ خۆت کتێبەکەت ئەفرۆشی؟"
وڵامی داوە: "بێژم چە! بۆ هەموو جێگایەک ڕۆیشتم بەڵکوو کارم دەست کەوێت، بەڵام کار نییە، ئیتر خۆم کتێبەکانم دەفرۆشم، ئەمەش کتێبی شەشەممە".

کتێبێکم هەڵگرد و چاوێکم خشاند بە شێعرێکیدا.
وتی: "وەرە گوێ بدە بەم شێعرە تازەم"
شێعرێکی خوێندەوە و ...
پرسیارێکی ترم بوو کە وڵامەکەی زۆر گرینگ بوو بۆم.
- بۆ بە زمانی کوردی نانووسی؟!
- "مۆهم نییە، نووسینم پێ خۆشە بە هەر زمانێک بێت."
من خۆمیش ئەم قسەم قەبووڵە، بەڵام زمانی دایکی جیاوازەو و نزیک بە دڵە...

کتێبەکەم وەرگرت و ماڵاواییم لێ کرد. من لە کوێ ڕاوستاوم؟ لە کام دەیە و سەدە؟ ناوی ئەم شارە چییە؟ چەند شاعێر و ئەنجومەن لە کۆڵان و شەقامەکاندا نووستوون؟ بۆ تاکوو ئێستا یەکێکیان نەهاتووە لەسەر شێعری باس بکات و بزانێت چی ئەنووسێت؟ بۆ کتێبفرۆشییەکان کتێبەکەی وەرناگرن؟
ئەم ڕووداوە بۆ سێهەم جارە لە شاری سنە دەیبینم.

یەکەمجار کچێک بوو کە بەسەرهاتی خۆی وەکوو ڕۆمانێک نووسیبوو. قوتابخانەکان دەگەڕا و کتێبەکەی دەفرۆشت.

دووهەمجار لە پێشانگای کتێبی ساڵی ۹۷ بەر لە کۆرۆنا هەمدیسان یەکێک لە ژنانی نووسەری کەمەندام کە چەندین ڕۆمانی هەیە، لە پێش دەرگای چوونە ژوورەوەی غۆرفەکاندا لەسەر ویلچرەکەی دانیشتبوو و کتێبەکانی دەفرۆشت، ئەویش لە گەورەترین پێشانگای کتێبی ڕۆژهەڵات و باشووردا...!

من لەم شارەدا
هەتاو و ئەستێرەم ناسی
ناوی خۆم و باب و باپیرم فێر بۆم
بۆنی باوەشی دایکم
کردە شووشە بۆ کاتی دڵتەنگیم
بەڵام نازانم بۆ کەس نامناسێت و
ڕێگای ماڵم لێ ون دەبێت.

: @NNKurdistan
Forwarded from ژنانی پێشەنگ (rozhin rozhin)
دەت گوت
لە بێدەنگی بۆ نایتەوە؟
تا کەی ڕێبواری
سترانی خولیایی و
هەستی بێ ناسنامەی!؟
ژیان چاوەڕوانی کەس نییە و
کۆشکی دڵتەنگی
بۆ کەس نارووخێ...!
تۆ قەت نەتزانی
من هەموو ساتێ دێمەوە
وەکوو تارمایی شەماڵی بەیانی و
دەستی ماندووی هەتاوی ئێواران
بەڵام هیچ دەرگایەک نامناسێ!
سووچ بە سووچی
تەنیشتم پڕە لە فەرامۆشی
بۆنی بێکەسی ئەدەم
سەری خەونەکانم
ژێرخانی دونیایە...!




.ڕ.سایدا


#ژنانی_پێشەنگ_ڕژنانی_نووسەر
#ژنانی_پێشەنگ_ڕژنانی_نووسەر_شێعر
#ژنانی_پێشەنگ_ڕژنانی_نووسەر_شێعر_پ_ڕ_سایدا


@jnanipesheng
Forwarded from اتچ بات
📘


#نەجاتدەر

ماندووم!
ماندووم لە خۆم!
ماندووم لە هەموو
بەرژەوەندییەکانی کۆن
لە بیرەوەرییەکانی گرێدراو
لە حەسارەکانی تەنراو !

***

وا دیارە من، گابەردی
سەر جێژوانی تاوانم
کە لە هەزارەی کۆچ
لە خەونێکی بێ‌هێز
بە‌جێماوم !
بۆ کەسێ نایەت؟!
دەستم بگرێ
بۆ کەسێ نایەت؟!
بمبات بۆ سەرهەڵدانی نوور
لە مەڵبەندی بەڵێن !
دەستی ماندوو لە خۆم
بداتەوە بە خۆم

***

چۆن ئێوە تێناگەن
من هەستێ داگیرکراوم
لە نێو گۆماوی بیر !
هەر ڕۆژ لە نێو خۆم
دووبارە دێمەوە
هەر شەو لە دەلاقەی دوعا
دەڕوانم بۆ
ژووری تۆبەکانتان
وا ناکرێ !
وا نابێ !
ڕەنگە لە ئاواتی ئەم خەونە و
عەزرەتی هاتنی نەجاتدەرێ
خۆم ببم بە کەس
لە دواهەمین خێڵ و
هێزە مردووەکانی
ئەفسانەی باپیرم...
ڕەنگە خۆم نەجاتدەرم !
کەس، چی دەزانێت؟!
ڕەنگە ببم بە
هەتاوی گوڵەبەڕۆژەکان
زەریای ڕووبارەکان
ڕێگای ڕێبوارەکان
یان، نەجاتدەری ماندووەکان!

***

بیر، لە خۆم دەکەمەوە
لە دڵۆپی خوێنی سەر مێژوو
لە پەنجەکانی خودا
ئەو کاتەی کە
خاک و ئاوی تێکەڵ کرد و
لە بوخچەی نهێنی
ڕۆحی بەخشی
من لە گەڵ ئادەم بووم
لە دڵی!
لە هەستی !
لە ڕۆحی !
لە خەونێک دوور کە پێکەوە
چارەنوسمان دەستەمۆ دەکرد
بیر لە خۆم دەکەمەوە
وا لە ڕووبەندی
لە نێو چاوانی
ناوەکانم لە بەر کرد و
کڕنۆش و
نافەرمانیم بینی...
لە پەنای ئادەم
خۆمم ئەوەندە لەبەر کرد
کە پێست و ڕۆح و هەستی
پڕ بوو لە من و
سەرڕێژ بووم لە خۆم

***

بیر لە خۆم دەکەمەوە
کاتێ لە دەنی چەپی
سەرم هێنایە جیهانی ڕاستی !
ئای لەو ڕۆژەی...
وا خۆم بینی لە ئاوێنەی خودا !
خۆم بووم و
لەشێک و ڕۆحێک جیاواز
خۆم بووم و
هەزار هەست و یەک ئادەم!
وایە، خۆم نەجاتدەرم
بۆ کەسێ بێت و دەستم بگرێ!!

پ . ڕ (#سایدا)

@Henaristani_Bedengi
📘

#موعجیزە

ئەمجار کە هاتی
لە دەرکەی پشتی مێژوو بێ
لەوێ کە،
موعجیزە پێشگۆیەک لێهاتووە و
چارەنووس دەنووسێتەوە !
لەوێ کە،
نە دووری هەیە و
نە دەلاقەیەک روو بە خەمخانە!
چاوەکان لە کاسەی دڵ دەڕوانن و
دەستەکان لە حەڵقەی ڕزگاری
هاوپەیمانی، بێ‌مایە نین !
لەوێ کە،
چیرۆکی "مەم و زین" نییە
تا پیاوێ دڵ زیندوو
ببێتە شاعیر و
چیرۆکێک ئەفسانە!
لەوێ کە،
تەنانەت یەک پەیامهێنەر نییە
تا لە ڕووناکی لاببات سنووری بچووکی!
لەوێ هەموو پەیامهێنەرن و
هێمای ڕاستی!

***

ئەگەر ئەمجار هاتی
لە دەرکەی پشتی مێژوو بێ
تا من و هەموو بیرەوەرییەکان
هەست بارانت کەین و
ماچی سەر لێوی خەم
بە کانیاوی هاتنت
زەریا زەریا
ساڕێژ کەین !
تا تۆ لەم دەرکەوە
هەرگیز نەڕۆیتەوە و
شانی سەفەرت،
ببێتە جێژوانی نیشتمان و
هێلانەی هەموو ئاواتەکانم!

پ .ڕ (#سایدا)

@Henaristani_Bedengi
2024/09/23 04:33:19
Back to Top
HTML Embed Code: