Telegram Web Link
نا مەڕو


نا مەڕۆ نازێ مەڕۆ ئەم شارە بێ تۆ چۆڵ ئەبێ
هەستی شێعرم لێ دەتارێ پەنجەکانم کۆڵ ئەبێ

سەر لە هەش دەگرێ غەزەل بۆ کۆچی ناوادەت گوڵم
ناوەڕۆکی شێعری بێ نازی منیش کرمۆڵ ئەبێ

گەر بڕۆی وێرانەیە و خاپوور دەبێ شاری دڵم
کۆشکی ئاواتم دەڕووخێ بنکەکەم بنکۆڵ ئەبێ

گەر بڕۆی هەودای خەیاڵم لۆپس و لەتلەت دەبێ
ڕۆح دەشێوێ جەستەشم تێکەڵ بە خاک و خۆڵ ئەبێ

گەر بەجێم بێڵی دەزانی چی بە سەردێ شێتەکەت؟
وەک ڕەجاڵی بێ جل و بێ بەرگ و بێ تیتۆڵ ئەبێ

خۆت دەزانی تۆ نەبی ئاگر له هەستم بەردەبێ
شێت دەبێ تینوو,پەڕیوەی شاخ و دەشت و دۆڵ ئەبێ


#ئەیوب_ئەحمەدی_تینووکۆکەیی



🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃
@AuoobAhmadiTinoo
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
نامەڕۆ

هۆنراوە و خوێندنەوە

#ئەیوب_ئەحمەدی_تینوو



🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃
@AuoobAhmadiTinoo
مەڕۆ با خۆم بە قوربانی لەشت کەم
دڵم قوربانی دوو چاوی گەشت کەم

لە ئاسۆگی تەماوی دوورە دەستێک
هەتا کەنگێ خەیاڵی باوەشت کەم



#ئەیوب_ئەحمەدی_تینوو



🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂
@AuoobAhmadiTinoo
🍂🍃


گرێ نادەم زمانی گڕ هەتا دوژمن نەسووتێنێ
فڕێ نادەم چەکی پێنووس هەتا باوەڕ نەخوڵقێنێ

هەتا مافم نەبێ مافی هەدادانم مەدەن لالۆ
وەلا نانێم دنەی باوەڕ هەتا گەل خۆی نەسەلمێنێ


#ئەیوب_ئەحمەدی_تینوو


🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃
@AuoobAhmadiTinoo
شەهید


شەهید سەنگەر لە سینگی دادەڕێژێ
شەهید وانەی ئەوینداری دەبێژێ

دەکا گیانی فیدای ئامانج و هیوا
شەهید چێژی وشەی هەرمان دەچێژێ

لەبۆ عالەم گزینگی خۆرەتاوە
دژی زوڵمە و لەشی زوڵمەت دەنێژێ

لە بۆ گۆڕی دژی زۆرداری بێعار
بە هیممەت خشتی گۆڕی دژ دەپێژێ

دەکا پاراو دڵی #تینووی وڵاتم
شەهید هەورە و نمەی باران دەڕێژێ



#ئەیوب_ئەحمەدی_تینوو




🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃
@AuoobAhmadiTinoo
🍃🍂


گەلۆ ئازیز لە من پاییزە دیسان
عەزیز و خۆشەویستم زیزە دیسان

لە سەر کۆڵم خەمی ئەم شارە بارە
دڵم کوشتەی جەفای ئازیزە دیسان


#ئەیوب_ئەحمەدی_تینوو


🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂
@AuoobAhmadiTinoo
Media is too big
VIEW IN TELEGRAM
لە خزمەت خۆشەویستانی خۆم مامۆستا حەسەن کاکەیی و کاک حەسەن فەرهەنگ و کاک حوسێنی فەرهەنگ

کورتە ژین بە دەنگی مامۆستا حەسەن کاکەیی




🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍃🍂
@auoobahmaditinoo
گەرمە سڵاو


تا بڵێی دەردم هەبوو لەم شارە باوی تۆ نەبوو
تۆ نەبووی مەرگم دەدی گەرمەی سڵاوی تۆ نەبوو

دەستی پێنووسم شکێ بۆ کێی دەنووسی ڕازی دڵ
چی دنەی هەستی دەدام ئەودەم کە ناوی تۆ نەبوو

سەختە بیری ئەو ژیانەی گەر بەبێ تۆ تێپەڕی
چۆن نەمردم ئەودەمەی چاوم لە چاوی تۆ نەبوو

سووچی جێژوانێ نەبوو تا دڵ لەوێدا بسرەوێ
چۆن نەسووتام سێبەری پرچی بڵاوی تۆ نەبوو

بۆنی مەرگم لێ دەکرد یەگجاری خاپوور بوو زەمەن
هیچ گوڵێ بوونی نەبوو بۆنی گوڵاوی تۆ نەبوو

نەتدەزانی حاڵی تینوو چۆنه لەو شەوگارەدا
خۆر لە دیدەی من بزر بوو تیشکی تاوی تۆ نەبوو



#ئەیوب_ئەحمەدی_تینوو




🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂
@auoobahmaditinoo
🍂🍂


دەترسم بێتە کۆتا ژینی پەستم
نەگەم هەرگیز بە ئاوات و مەبەستم

ئەگەرچی بێهەواڵم لێی دەمێکە
هەتا مابێ نەفەس هەر دەیپەرەستم


#ئەیوب_ئەحمەدی تینوو



🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂
@auoobahmaditinoo
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
گەرمە سڵاو

هۆنراوە و دیکلەمە
#ئەیوب_ئەحمەدی_تینوو


🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃
@auoobahmaditinoo
ڕەنجووری هیجران



ئەی بە ڕەنجم ئاشنا ڕەنجووری هیجرانم مەڕۆ
ئەی نەوا بۆ بێنەوا بێ تۆ پەرێشانم مەڕۆ

داغی عەشقی تۆ لە سەر دڵ ماوە زامارم گەلێ
پێم لە زنجیری وەفا پابەندی پەیمانم مەڕۆ

بۆیە ڕێگەی شاعیریم گرتۆتەبەر وەک سووتە دڵ
چەشنی مۆمم تۆ نەبی مەحکووم بە سووتانم مەڕۆ

هات و هووتم لێ دەکەن کاتێ بە کۆڵان دا دەڕۆم
خۆشەویست ئاخر له تاوت شێتی کۆڵانم مەڕۆ

با نەشێوێ دەرکی بابانم لە تاوت بێرەوە
ئەی کە شێوەت وەک پەری شێواوی دەورانم مەڕۆ

گوڵچرۆی هەستم لە تاوت لارەمل کەوتۆ لە دوور
دەشتی #تینووی ویشکەڕۆم موحتاجی بارانم مەڕۆ

ڕۆدەچم هەر شەو له تاریکی خەمێکی ئاشنا
با بە خەم پەڕپەڕ نەبم دەی بێرە باوانم مەڕۆ


🖊#ئەیوب_ئەحمەدی_تینووکۆکەیی



🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃
@auoobahmaditinoo
تۆم نەبێ لەم چۆڵەوارەی نامورادی چی دەکەم؟
کفرە گەر بێتوو دڵی تۆم لێ بڕەنجێ دیدەکەم

بەو خودایەی تۆی بە نازی عالەمێ پەروەردە کرد
تۆم له بیر ناچێ گوڵم هەرچەند دەکەم هەرچی دەکەم


#ئەیوب_ئەحمەدی_تینوو




🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃
@auoobahmaditinoo
Media is too big
VIEW IN TELEGRAM
ئاویلکە


چاوڕەشی ناسک لەشی دڵ بێغەشم,چم لێدەکەی؟
بۆ دیدارت هەڵوەشا بەندی لەشم,چم لێدەکەی؟

چارەنووسی نادیاری دڵ شکاویمت نەدی
سەد گرێ کەوتۆتە نێو بەختی ڕەشم چم لێدەکەی؟

هێندە ئازاری بە ژانی ئینتزارم چێشتووە
بۆتە بارانی بەهار ئەسری گەشم,چم لێدەکەی؟

زاڵە تاری شەو لە سەر زێدی دڵم بێتۆ گوڵم
تا لە خۆری نیونیگاهت بێبەشم,چم لێدەکەی؟

ژینی تینوو چەشنی ئاویلکەی خەیاڵە,تۆ نەبی
خۆش نیگاری دڵ فگاری دڵکەشم ,چم لێدەکەی؟

ئەسپی سەرکێشی خەیاڵم هەردی تۆی گرتۆتە بەر
شاعیری یاغی وتاری سەرکەشم ,چم لێدەکەی؟




🖊#ئەیوب_ئەحمەدی(تینوو)

🔵بە دەنگی #ناسر_فەڕشادیان



🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃
@AuoobAhmadiTinoo
شەو نەما نەگریم بە فرمێسکی گەشی خۆم تەڕ نەبم
ڕۆژ نەبوو دەستێ بە ناحەق نەمکوژێ و پەڕپەڕ نەبم

چونکە کوردم ماڵی خۆشم لێ حەرام بوو چی بکەم
ساڵ نەبوو وەیلانی هەرد و کۆچەری سەرپەڕ نەبم



#ئەیوب_ئەحمەدی( تینوو)



🍂🍃🍂🍃🍂🍃
@auoobahmaditinoo
سەنگەر



لاوی کوردم لانەواز و بێکەس و کۆچەر منم
ئۆف و ژانم پڕ لە زامم دڵ بە سۆی خەنجەر منم


سینگه قەڵغانی بەڵایە و سەرمە سەرگەردی وەتەن
هێزی تۆڵەی شاخ و هەردی پڕ ورەی سەنگەر منم

تا ورەی شاخم هەبێ چەشنی قەڵا خۆڕاگرم
بۆ وشەی خوێن و خەڵات و بەرگری دەفتەر منم

وەک فریزووم ڕیشەکەم ناخی لە خاکی هیممەتە
بۆ بەقای دوا ڕۆژی هەرمان ئاوی ئەسکەندەر منم

دڵ بە قوربانی وڵاتی زەرد و بێ نەشئەت دەکەم
بۆ وڵاتم من غولامم شاعیری ڕەنجبەر منم

ژیلەمۆی نەورۆزی سووری مەوتەنی بێنازی خۆم
بۆ دڵی داگیرکەری دڵ پڕ له قین نەشتەر منم

خۆم دەسەلمێنم بە دونیا گەر چەکی زانست هەبێ
با بزانن خاکی خۆمە و خاوەن و سەروەر منم

چەندە #تینووی ئاوەدانی نیشتمانم ئەی خودا
ڕۆڵە کوردی بێ غەشی سەردارەکەی بێ سەر منم

من کوڕی شێرم لە زوححاکی زەمان باکم نیە
پووتکی پۆڵایینی کاوەم کاکی ئاسنگەر منم



#ئەیوب_ئەحمەدی
#تینووکۆکەیی



🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂
@AuoobAhmadiTinoo
قەت بووە پێخەفەکەت
تەڕبێ بە ئەسرینی دوو دیدە؟؟

عومرێکە بە ئەم دەردە
گرفتارم گرفتار !!!


#ئەیوب_ئەحمەدی_تینوو

🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃
https://www.tg-me.com/auoobahmaditinoo
لە ژێر بارانی نیگاهت تەڕم کە
بە پەنجەی مێهرەوانت پەڕپەڕم کە

ئەگەر بیکەی خودا خێرت دەنووسێ
دەمێ میوانی سینگی مەڕمەڕم کە


#ئەیوب_ئەحمەدی_تینوو


🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂
@AuoobAhmadiTinoo
🍂🍂


گوڵم ,ڕووحم ,دڵم ,هێزی هەناوم
درەنگ هاتی و چ زوو ون بووی لە چاوم

دەزانی چی دەکەم کاتی نەبوونت؟
لە باتی تۆ لە گەڵ وێنەت دواوم


#ئەیوب_ئەحمەدی (تینوو)




🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃
@AuoobAhmadiTinoo
بەجێماۆم


لە جێ پێی سووری تاوانێک بەجێماوم
لە خێڵی سەوزی باوانێک بەجێماوم

خەڵووزێکم بە دەستی باوە گیرۆدەم
لە شوعلەی بەرزی سووتمانێک بەجێماوم

وشەی حەققم لە قوڕگێک دا نەدرکاوم
لە یاسای ڕوونی ئاڕمانێک بەجێماوم

قەرارێکم کە وادەی قەت بەدی نایە
لە دەرکی عەهد و پەیمانێک بەجێماوم

وتارێکی نەخوێنراوەم له گۆڤارا
بە هیوای چاوی ڕامانێک بەجێماوم

گەرووی #تینووی گوڵێکی سووری بێ نازم
بە تاسەی ڕێژنە بارانێک بەجێماوم

لە کووچەی بێهەواڵی دا دەنێم هەنگاو
بە تامەزرۆی ژەمی ژوانێک بەجێماوم



#ئەیوب_ئەحمەدی_تینوو





🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂
@AuoobAhmadiTinoo
2024/09/29 11:20:46
Back to Top
HTML Embed Code: