Telegram Web Link
ئاش بە تاڵ


لە قاڵاو وایە دونیا پەین و پاڵە
سەرانگوێلکێکە,پەرژینی تەپاڵە

لە چینەی پەین و پاڵ دا مەست و سەرخۆش
بە تەنیا شاتەواری بەرزی یاڵە

ئەوەی فێرە بە پەستی ڕایببێرێت
لە بۆ نانێک لە دەرڪی شا گەماڵە

سەری شۆڕە و خەریکی کلکە سووتە
شەڕەف قاتە و ژیانی ئاش بە تاڵە

دەبێ چڵکاوی دوژمن هەڵقوڕێنێ
لە لای وی ژین به سەربەستی مەحاڵە

لە خاک و نیشتمانی بۆتە دوژمن
لە ئازایی و لە وێژدان بێ هەواڵە

لە دەرکوبانی دوژمن پاسەوانە
لە لای وی نانی سەرشۆڕی حەڵاڵە


#ئەیوب_ئەحمەدی_تینوو



🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃
@AuoobAhmadiTinoo
تیری دووری

هێند درێژە پرچی خاوت وەڪ شەوی یەڵدا دەچێ
گا خسووفی مانگی ڕووتەو جاربەجارێ لادەچێ

وا هەناسەی پڕ لە تاسەم بۆکڕووزی لێوەدێ
کەی قژی ئاڵۆزی پڕچین بەو هەناسەم لادەچێ؟

باغی حوسنت پڕ له جەزبەی جوانیە باوانەڪەم
دڵ دەبا عاشق دەکووژێ و سەر لەوێ تێدادەچێ

نەو گوڵم بووکی خەیاڵم,بێی بەرەو ئامێزی دڵ
بابڵێن تارای لەسەر ناوەو بەرەو زاوا دەچێ

جلوەیی جوانی جەماڵی تۆ گوڵم بێ وێنەیە
وەک فریشتەی بێ میسالی جەننەتی مەئوا دەچێ

تۆ دەزانی کوڵمی سوور و لێوی ئاڵی تۆ گوڵم
هەر لە مێلاقی بناری کێوی ئاڕبابا دەچێ؟

خاڵی سەر سینەی بەرینت وەک سنووری دوو ڪەژە
وەک تڪەی ئاوەنگی سەرڕووی سوورگوڵی شەیدا دەچێ

خۆت لە من دووری بەڵام یادت بڵێسەی ئاگرە
تیری دووریت سەد کەڕەت ڕۆژێ له جەرگم ڕادەچێ

تا بە شێوەت ئاشنا بووم هەر لەبەر چاوی دڵی
کەی تەمی حوزنت لەسەر هەڵبەستی #تینوو لادەچێ


#ئەیوب_ئەحمەدی(تینوو)


🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂
@AuoobAhmadiTinoo
نازەنینی بەرزە باڵام خۆش دەوێ
چاوڪەژاڵی ئاڵ و واڵام خۆش دەوێ

گەر بە ئاڵای ئەم گەلەم شاد ببمەوه
مەرگی بەرزی ژێری ئاڵام خۆش دەوێ

#ئەیوب ئەحمەدی(تینوو)


بەستەری ڪاناڵ👇👇👇
🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃
@AuoobAhmadiTinoo
🌕کاریگەری موسیقا و شێعر و ڕەنگ دانەوەی له ژیانی ڕابردووی کوردەواری بەتایبەت لە لادێ


🌑ژیانی کورد و زمانی کورد هەمیشە تێکەڵاوی موسیقا و ئاهەنگ و شێعر و وتار بووە گەرچی هیچ کات بە هۆی نالەباری بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی فێرگە و زانستگا و میدیای نەبووە بەڵام زۆربەی ئەو بابەتە فۆلکلۆرانە لە ڕێی گۆرانی بێژەکان و بەیت بێژ و حەیران بێژەکان و یا بۆتە وێردی سەر زاری باب و باپیران و دایکانی ئێمە و زار به زار و سینه بە سینە ئەو گەنجینە بە نرخه بە دەستی ئێمە گەیشتووە و هەر جۆرێک بێت پارێزراوە
هەر چەند لە زۆر جێدا شایەد تووشی هەڵە ببێ و خوار و خێچی تێکەوتبێ و پێویستی بە پێداچوونە و ڕاست کردنەوه ببێ

لێرەدا پێم خۆشه ئاماژه بە چەند بابەت لەو بابەتانە بکەم

🌑ئەوەی دەمهەوێ ئاماژەی پێ بکەم زۆرتر لە لادێ و گوندەکان دا بووە و زۆربەی ئێستا یا کەمڕەنگ بووە یا هەر خەریکە نەمێنێ ,,بەداخەوە

🌑مانگا دۆشین
کاتێک کابانی ماڵ دەویست مانگا بدۆشێ بە بالوێرە و بەیت بەسەری دا هەڵدەگوت و بەو جۆرە هەم مانگای دەلاواندەوە وهەم شوکرانە بژێری ڕزقێکی دەکرد که خودا پێی داوە و هەم ڕازی دەروونی خۆی دەر دەبڕێ کە جاری وایە ئەو ڕازی دەروونه دەتوانێ گلەیی و گازەندە بێت جاری وا بوو ڕاز و نیازێک بوو له گەڵ خودای خۆی

بۆ نموونە

🌷توێ توێ دایە,توێ توێ دایە
بە دووربی لە دەردێ,له بەڵایە
ڕەبی بەخێر بێیەوه له دانە مانگایە
مانگا بەڵەکێ
ڕەبی پێتەو نەدا ماری کەڵەکێ
مانگا ڕیحانی
ڕەبی بەخێربێتەوە له تیلەکۆڵەی دەکوێستانی
ڕەبی نەدڕێی بە بۆڕێ بە بێژانێ

🌑مەشکەژاندن
مەشکه ژاندن بوو کە چەند ساڵ لەمەوبەر مەشکەی چرم بوو یا مەشکەی تەنەکە کە بە هێزی شان و پیلی کابان دەژا و وەک ئەلحان مەشکەی برقی نەبوو کابان به سەر مەشکەکەی دا هەڵدەگوت

بۆ نموونە

مەشکێ مەشکێی مانگایە و
لۆلەپ لە دار خورمایە و
لە بەر ڕۆن دەنگی نایە و
دەیژێنم له بێڵایە و
هەی ماڵە بابم مەشکێ

🌑لایە لایە بۆ منداڵ
منداڵ خەواندن و لانکە ڕاژاندن بوو
کە دایک بەو پەڕی دڵسۆزی و خۆشەویستێوە لایە لایە بۆ منداڵەکەی دەکرد و ڕایدەژاند تا کۆرپەکەی خەوی لێ بکەوێ

بۆ نموونە

هەی لایه لایه
ڕۆڵەم لای لایە
نیشتمان بۆ تۆ
دەستەو دوعایە
بنوو کۆرپەکەم بۆ خەوت نایە

🌑خرمان پێوان
خرمان پێوان و خرمان هەڵگرتن که بەداخەوە ئەویان زۆر بە کەمی ماوە
کاتێک خرمان سوور دەبوو بۆوەی بزانن کە خەلە و خرمانی ئەو ساڵەیان چەند تەغار بووە خرمانیان بە کیله دەپێوا که هەر کیلە پووتێک بوو واتە شازدە کیلۆ و نیو و هەر چوار کیلە تەغارێک بوو
کە بۆ پێوانی خرمان بۆوەی حیسابیان لە دەست دابێ بەسەر خرمانیان دا هەڵدەگوت

🌸نموونە

🌻یەک یەک خودایە و دوونیە
ئەو لە ڕەنگی کەس نیە
کەس لە ڕەنگی ئەو نیە

🌻دوو
دەیکەین به توو
پاییزێ زوو

🌻سێ
بەرەکەتی حەدیسێ
لەو جێخوونەی بڕخسێ

🌻چوار
چوار یاری نەبی
ئەبووبەکر و عومەر و عوسمان و عەلی

🌻پێنج
بە عەشقی هەر پێنج فەڕزان
گەنم و جۆ بکەی هەرزان

🌻شەش
بە شەشەکانی حاجیان بە هیمەتی غازیان

🌻حەوت
مەلەکەالموت
بەرەکەت لەو جێخوونەی کەوت

🌻هەشت
هەشت ومەشت قافی بەهەشت
نووری ئیلاهی هاتە گەشت

🌻نۆ
نۆ نوونە ماست و ڕوونە بەرەکەت بێ بۆو جێخوونە

🌻دە
دە هەزار سڵاوات له دیداری پێغەمبەر

🌻یازدە
یازدە پسرانی یەعقوب پێغەمبەر
بە غەیری حەزرەتی یۆسف

دوازدە
بەرەکەتی دوازدە ئیمامی له دەشتی بەغدایەت بۆ بێ

🌻سێزدە
زیادە زیاد بێ دینی موحەممەد

🌻چاردە
چاردە مەقسوودی پاکە
لە لای خودای بێ باکە

🌻پازدە
پازدە نیوەی سێوێ
خودا فەرمووی پێغەمبەر نووسی

بەم جۆرە خرمان دەپێورا که تا چل کیلە دەبوو بە 10تەغار و دیسان لە سەرەتاوه دەستیان پێ دەکردەوە


براتان

#ئەیوب_ئەحمەدی_تینوو


🌷بە سپاس لە کاک سەلاح پایانیانی بۆ ناردنی بابەتی مانگا دۆشین



🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃
@AuoobAhmadiTinoo
باسی سەر



ملی ڕێگەی خەفەتم گرتووە بەم ژانەوە دێم
لە سەدەی بیست ویەکا من بە خەمی نانەوە دێم


بە خەمی نانەوە پشتی دەچەمێ بابی نەدار
له برینێک له دڵی بابی هەراسانەوه دێم

ملی مەردانی وەتەن بوو بە پەتی دارەوە دیم
لە قەڵای بەرزی ورەی هیممەتی مەردانەوە دێم

قوڕوقاپێکه, لە ئازادی بڵێی باسی سەرە
دیلە سەربەستی له شار, دێم و لە زیندانەوە دێم

مەلی ئازادی له ناو تۆڕی قەفەس باڵی دەکەن
بەچەکی تۆڵه لەناو قامەتی ڕاسانەوە دێم

کە کزەی جەرگی لەبن داری مەرگ گیانی دەدا
بە تەمای تۆڵە لەلای دایکی شەهیدانەوە دێم

وزەیەک دێ لە گەرووی شاخ و دەمەن پێمی دەڵێ
بە درووشمی نەبەزم ,دێم و لە هەرمانەوە دێم

لە دژم چەندە پڕم, قین و گڕ و داخ و کوڵم
لە گڕی سووری بە تینی گەلی کوردانەوە دێم


بووکی ئازادی ئەگەر بێتەوه ماڵم چ دەبێ؟
بە هەوای دیتنی ئەو یارە لە سەیرانەوه دێم

لەدڵی تینوو ئەگەر خوێن بدەڵێ, باکی نیە
بە تەمای دیتنی سەربەستی لە قەبرانەوە دێم

کەژ و کێوی وەتەنم باغە لە گوڵزای بەهەشت
لە چرۆی وەرزی بەهاری, ڕووحی بارانەوه دێم



#ئەیوب_ئەحمەدی_تینوو



🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂
@AuoobAhmadiTinoo
Bo Kechiki Kal
Saber Kordestani
لە دوورەوە ناوت بیستووم
ناشارەزا خۆشت ویستوم

سابیر کوردستانی
دەنگێکی نەمر🌹🌹🌹🌹


🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍃
@AuoobAhmadiTinoo
دەنێژن تەرمی لاوانی گەلی ڪورد
دەسووتێنن پەڕوباڵی مەلی ڪورد

بڵێی ڕۆژێ نەبێ بێته هەلی ڪورد
ڪە خۆر هەڵ بێ لە دەم ئاسۆی ڪەلی ڪورد



#ئەیوب_ئەحمەدی(تینوو)



🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂
@AuoobAhmadiTinoo
بیلبیلەی چاوی ڕەشی تۆ چاوەکەم دونیای منە
چرکە ساتێک باوەشی تۆ ئارەزوو و ڕوئیای منە

#ئەیوب_ئەحمەدی
#تینوو

@ResulQadri



🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃
@AuoobAhmadiTinoo
دەبا بمرم



بە تەنیایی لە ئامێزی سڕی شەودا دەبا بمرم
لە تەندووری جەفای زۆری خەمی ئەودا دەبا بمرم

بە حەسرەت تێپەڕی عومرم بە ناکامی تەمەن ڕۆیی
گڕی ئەشقی لە کۆڵانی دڵم بەردا دەبا بمرم

کە حازر بووم هەموو ژینم خەڵاتی کەم بە لوتفێکی
ئەگەر بێتوو لە گەڵ من دا نەکا سەودا دەبا بمرم

گەلێ کۆشکی مەحاڵاتی خەیاڵ و ئارەزووم سازکرد
لە بەستێنی خەیاڵاتی حەز و بریا دەبا بمرم

لە ژێر پێگەی پەڕی هەڵبەست خوناوکەی سووری گریانە
کە فرمێسکم خزا ناو باوەشی دەریا دەبا بمرم

سەهۆڵ بەندان و باڕندێکی سازداوە بەبێ ڕۆحمی
بە دڵ سەردی و هەناسەی سارد منی شەیدا دەبا بمرم

دەبارێ ئاگری حەسرەت چ گڕکانێکە ئەو ناوە
بە گڕکانت لەشی زامار هەموو سووتا دەبا بمرم

مەخابن وا لە زێدی من (هونەر ) زۆر ڕێزی پێ نادەن
لە وەرزی سەردی بێڕێزی لە بەر سەرما دەبا بمرم

هونەر شێعرت وەکوو گەوهەر مەزەندەی قەت تەواو نابێ
منت بۆچێ لە بۆ چیتم ببم یانا؟ دەبا بمرم

بە ئاواتی دڵی کەیلم دەمێ ئاسوودە نەژیاوم
کە باری کرد لە شاری من مەلی هیوا,دەبا بمرم

لە پێنووسم بە لێشاو دێ وشەی دڵ ساردی بێتۆیی
هەتا #تینوو لە گەڵ هەڵبەست نەبۆ ڕسوا دەبا بمرم






هۆنراوە #ئەیوب_ئەحمەدی
#تینووکۆکەیی



🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃
@AuoobAhmadiTinoo
Media is too big
VIEW IN TELEGRAM
دەبا بمرم

هۆنراوە #ئەیوب_ئەحمەدی_تینوو

ڕادیۆ مەهاباد بەرنامەی دڵاژۆ

خوێندنەوه #مامۆستا_خالید_ئیمامی


کلیپ #چ_ئەڤین



🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃
@AuoobAhmadiTinoo
نان و نەمان

منداڵێکی ڕووتی هەژار
بە دڵێکی مات و خەمبار

وتی دایە
لەمێژ ساڵە
پرسیارێکم لەسەر دایه
دەپێم بڵێ
نیوەشەوێ
کاتێک خەڵک لە خەو دایە
بۆچی بابم لە سەحرایه؟

بە دڵێکی پڕ لە خەفەت
بە هەناسەی ساردی حەسرەت
وتی ڕۆڵە
لەبرسانه
بابت وێڵی لەتێک نانە
باری مەینەتی لەشانە
بۆ بژێوی ژینی مەحاڵ
لەڕێی نان دا شاخەوانە

وتی دایە
وەکوو دەڵێن
بابی ئاوات
مامی هیوا
کاکی ئازاد
خاڵی خەبات
لەم ڕێیەدا گیانی خۆیان کرد بە خەڵات

وتی ڕۆڵە
گەرچی ڕێگا بڕین سەخته
ئەو ڕێیە پڕ مەترسیە
کات و ساتی زۆر ناوەختە
زۆر وا هەیە گیان بەخت کا
گەڕانەوەی شانس و بەخته
بەڵام ڕۆڵه ئازیزەکەم
نان پەیدا کردن خەباتە
بە پێی یاسای ئەم وڵاتە
نرخی نان زیاتر لە گیانە
ژینی هەژار پڕ لە ژانە
ئەوەی بێ مانایە, مانە
بابی ئەتۆ قارەمانە



هۆنراوە #ئەیوب_ئەحمەدی
#تینووکۆکەیی



🍂🍂🍂🍂🍂🍂🍂
@AuoobAhmadiTinoo
🗓لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا (٦ی خەرمانانی ۱۳۲٤ی هەتاوی) شاعیری گەل، مەلا مارف کۆکەیی چاوی بۆ هەمیشە لێکنا و لە گۆڕستانی مەلاجامی مەهاباد نێژرا.


🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂
@AuoobAhmadiTinoo
هەرمان

هەرمانی هەر نەتەوەیەڪ
بەدوو ڪۆڵەڪە وێستاوە
یەڪیان لەسەر شانی ژنە
یەڪیان لەسەر ڪۆڵی پیاوە
ئەو میلــلەتەی بەربەستی ڪرد
بۆ ئافرەتان
لە تێڪۆشان
ڪۆشڪی ئامانجی ڕووخاوه



#ئەیوب_ئەحمەدی_تینوو



🍃🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂
@AuoobAhmadiTinoo
2024/10/01 04:16:42
Back to Top
HTML Embed Code: