Telegram Web Link
#شنەی_ئەوین


تا دڵی شێتم بە غەمزەی چاوی تۆ ئەسپاردووە
یەک تەمەن عومرم بە تاسەی دیتنت ڕابواردووە

تا شنەی شێبای ئەوینی تۆم بە دڵدا تێپەڕی
سەدهەزاران ئافەرینم بۆ خوداکەت ناردووە

شاگوڵی ئاواتی ژین و شاتەواری گوڵشەنم
تۆ لەسەرچاوەی تەمەن  ئاوی ڤیانت خواردووە

چرکەکانی چاوەڕوانی خۆم بە کاتی بێکەسی
شەو لەگەڵ ئەسرین و ئاهم یەک بە یەک ئەژماردووە

بۆ سڵاو و مەرحەبا و پێشوازی کاتی هاتنت
شەونم وشەوبۆ و وەنەوشەو و شەشپەڕم ڕاسپاردووە

تا دڵی تینووم بە ئەشقت موبتەلا بوو چاوەکەم
خۆم لە ئەشق و خۆشەویستی عالەمی خوا بواردووە


#ئەیوب_ئەحمەدی
#تینوو_کۆکەیی
۲٦خ ۲٤


🍂🍃🍂🍃🍂🍃
@AuoobAhmadiTinoo
#نامێهرەبانی_کوشتمی

خاوەن دڵانی ئاشنا نامێهرەبانی کوشتمی
دەردی دڵم زۆرن بەڵام بێ هاوزمانی کوشتمی

لەم شارە بێئەنوایەدا لەو شۆرەکاتەی بێکەسی
دەستم لە خۆم شووردۆتەوە و ڕەنجی نەبانی کوشتمی

داخێک وەتەن داخێک ئەوین داخێک لەیەک حاڵی نەبوون
چەند داخی زۆر گەورەم هەیە و ئیشی نەزانی کوشتمی

ژانێک لە مێژووی مەوتەنم شێرپەنجەیە و ڕووحی تەنیم
تاکەی دەبێ ئاوارەبم؟ بێ نیشتمانی کوشتمی

کام دەرد گرانە وناعیلاج  تووشم بە تووشی بێ دەڵێم
ئەم دەردە دەرمانی هەیە و من پێنەزانی کوشتمی

مێهر و وەفا دابی نەما داخی لەسەر دڵ ما ئەوین
لەم ژینە سەرد و سەخڵەتەی ناکامەرانی کوشتمی

یەک عومرە هەر قەول و بەڵێن چبکەم  لەدەست پەیمانشکێن
هەر چاو لە ڕێیدا مامەوە و تا چاوەڕوانی کوشتمی

پشت و پەناهم بوو بەڵام زوو چوو لە دەستم داخەکەم
تینوو بە تەنیا ماوە تا بێپشتیوانی کوشتمی

خۆم  و دڵ و یار و ئەوین زۆر چاک دەسازاین پێکەوە
تا یار لە شاری من نەما و لێکدابڕانی کوشتمی


#ئەیوب_ئەحمەدی
#تینوو_کۆکەیی
۲۰ خ۲٤

🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂
@AuoobAhmadiTinoo
شێعری مامۆستا تینوو
تینوو
شەوانی بێقەراری

هۆنراوە
#تینوو_کۆکەیی

دیکلەمە
#کاوە_مەولانی

🍂🍃🍂🍃🍂🍃🍂
@auoobahmaditinoo


https://www.tg-me.com/kavehmolani
2024/10/01 13:25:21
Back to Top
HTML Embed Code: